دەربارەی نرخی گومانگەرایی – بەشی دوەم

تکام وایە ئەگەر بەشی یەکەمت بیر نەماوە، یان نەخوێندۆتەوە تەشریف ببەیتە ئەوێ یەکەمجار.

درێژ نیە، هەوڵم داوە وەرگێڕانەکە ڕەوان بۆت قوت بدرێت، کەس ناتوانێ وەک خۆی بنوسێت لەوە دڵنیام. کەوانە چوارگۆشەکان زیادەی وەرگێڕانن.

800px-bertrand_russell_transparent_bg

کاریگەری بڵاوبوونەوەی گومانگەرایی ژیرانە چی ئەبێت؟ بەسەرهاتەکانی مرۆڤ لە “سۆز”ەوە سەرچاوە ئەگرێت، کە وا ئەکات بە موعەمما (نەزانراو)ەوە خەریک بن. دەروونشیکارکاران دیراسەی دەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەیان لەسەر ئەو تاکانە کردوە کە شێتن، شێتی تەشخیس کراو و نەکراویش. پیاوێک کە توشی ڕەزالەتێک بووبێ بیردۆزێک دروست ئەکات کەوا ئەو پاشای ئینگلتەرایە، وە زۆرێک ڕوونکردنەوەی لای خۆی بلیمەتانە دروست ئەکات کەوا ئەو ئەو ڕێزەی لێ ناگیرێت وەک ئەوەی کە پێویستە وەک پاشا. لەم حاڵەتەدا، خەووخەیاڵەکەی بەلای دراوسێکانیەوە جێگای بەزەیی نیە، بۆیە ئەڵێن ئەمە شێتە و حەپسی ئەکەن. بەڵام ئەگەر لەجیاتی ئەوەی خۆی بە گەورە بزانێت، باسی گەورەیی نەتەوەکەی یان چینەکەی یان ڕەگەزەکەی بکات، خەڵکێکی زۆر پشتی ئەگرن، وە ئەبێتە پێشەوایەکی دینی یان سیاسی، هەتا ئەگەر بیروبۆچوونەکانی بەلای کەسێکی بێ لایەنەوە هەمان شێوەی بۆچوونی خۆ بەزل زانینەکەی بێتام و بێ مەعناش بێت. بەم شێوەیە، بێ ئەقڵیەکی دەستەجەمعی گەشە ئەکات، کەوا یاساکانی هەمان یاسای بێ ئەقڵی تاکێکە. هەموو کەس ئەزانێت کەوا مەترسیدارە ئەگەر کارێک بسپێری بەکەسێک کە خۆی با پاشای ئینگلتەرا بزانێت، بەڵام لەبەر ئەوەی خۆی جیاکردۆتەوە، ئەکرێ خەڵک بەسەریدا زاڵ بن. کاتێک تەواوی نەتەوەیەک بەیەکەوە خەووخەیاڵ ببینن، توڕەبوون لێی هەمان جۆری ئەوەیە لە شێتێکی تاک ئەکرێت ئەگەر ئاماژەکانیان بەهەمان شێوە ئینکاری بکرێت، بەڵام شتێک نیە کەمتر لە شەڕ بتوانێت ئەو نەتەوەیە بهێنێتە ژێر باری ژیریەوە.

ئەو دەورەی هۆکارە ژیریەکان ئەیبینن لە هەڵسوکەوتی مرۆڤدا مەسەلەیەکە کە زۆر جێگای ڕێک نەکەوتنە لە ناو دەرونناساندا. دوو پرسیاری جیا لە یەک هەن ١) کاریگەری بیروباوەڕ چەندە وەک هۆکاری کرداری مرۆڤ؟ ٢) چەندە بیروباوەڕ دەرهێنراوە لە بەڵگەی دروستی ژیرانەوە، یان توانای ئەوەیان هەیە دەربهێنرێن؟ بۆ هەردوو پرسیارەکە، دەروونناسان هاوڕان لەسەر ئەوەی بەشێکی بچووک ببەخشن بە “هۆکارە ژیریەکان” لەوەی کە کابرایەکی سادە بۆی دا ئەنێت، بەڵام لەم هاوڕابوونەشدا بوارێکی گەورە هەیە بۆ جیاوازیەکی بەرچاو لە پلەی هاوڕابوونەکەدا. با دوو پرسیارەکە یەک لە دوای یەک وەرگرین.

١)کاریگەری بیروباوەڕ چەندە وەک هۆکاری کرداری مرۆڤ؟ با پرسیارەکە نەزەری باس نەکەین، با باسی ڕۆژێکی ئاسایی مرۆڤێکی ئاسایی بکەین. کابرایەک بەیانی لەخەو هەڵئەستێ، لەوەیە بە فشاری عادەت، بەبێ هیچ تەداخولێکی بیروباوەڕ. نانی بەیانی ئەخوات، سواری قیتارەکەی ئەبێت، ڕۆژنامەکەی ئەخوێنێتەوە، وە ئەڕوات بۆ نوسینگەکەی، هەموی بە فشاری عادەت. کاتێک هەبوە لە ڕابردوودا کەوا ئەم عادەتانەی دروست کردوە، وە نوسینگەکەی هەڵبژاردوە، لانی کەم، لەوێدا بیروباوەڕ دەورێکیان هەبوە. لەوەیە باوەڕی وابووبێت، لەو کاتەدا، ئەو ئیشەی پێشنیازکراوە باشترین بوە کە لەو کاتەدا دەستی بکەوێت. لە زۆربەی پیاواندا، بیروباوەڕ دەورێک ئەبینێت لە هەڵبژاردنی جۆری کاردا، وە لەبەر ئەوەیە، بە داتاشین، هەموو ئەوانەش کە ئەم بژاردەیە بەدوای خۆیدا ئەیهێنێت.

لە نوسینگە، ئەگەر کەسێکی گوێڕایەڵ بێت، لەوەیە بەردەوام بێت لە کاروبارەکانی دیسان بە فشاری عادەت، بەبێ هیچ ویستێکی چالاک، بەبێ تەداخولێکی ئاشکرای بیرو باوەڕ. ئەکرێ وابیرکرێتەوە کەوا، ئەگەر ئەو ستونی ژمارە کۆ بکاتەوە، ئەوا لانی کەم باوەڕی بە یاساکانی کۆکردنەوە و لێدەرکردن هەیە. بەڵام ئەوە هەڵەیە، ئەمانە تەنها عادەتی جەستەی ئەون، وەک ئەوانەی کەسێکی یاریزانی تێنس. شتانێکن بە گەنجی بە دەست خراون، نەک لە بیروباوەڕێکی ژیرانەوە کەوا بەرامبەر ڕاستیەک بووبن، بەڵکوو بۆ ڕازیکردنی مودیری مەکتەبەکەی کردویەتی، هەر وەک ئەو سەگەی کەوا لەسەر دەست دا ئەنیشێت و بۆ خواردنەکەی پاڕانەوە ئەکات. من ناڵێم هەموو پەروەردەیەک بەم جۆرەیە، بەڵکوو زۆربەی فێربوونی (خوێندنەوە، نوسین و ژمارەکردن) هەر ئەوەیە.

بەڵام ئەگەر ئەم هاوڕێیەمان، ئەگەر شەریک بێ لە کۆمپانیایەک یان بەڕێوەبەرێک بێت، ئەکرێ بانگ بکرێت بۆ ئەوەی بڕیاری سەخت دەربارەی کاروبار بدات. لەم بڕیارانەدا ئەکرێ بیروباوەڕ دەورێک ببینێت. باوەڕی وایە هەندێ شت بەرز ئەبێتەوە و هەندێکی تر دا ئەبەزێ، وە ئەوەی کەوا فڵانە کەس کەسێکی باوەڕپێکراوە، وە فڵانەکەسی تر خەریکە ئیفلاس ئەکات. لەسەر ئەم بیروباوەڕانە کردار ئەکات. لەبەر ئەمەیە کە داوای لێ ئەکرێ بڕیار بدات لەسەر  بیروباوەڕەکانی کە وا ئەکات ئەم پیاوێکی زۆر گەورەتر بێت لە کابرایەکی کاتب، وە توانای هەیە کەوا پارەیەکی زۆرتر پەیدا بکات — تەبیعی ئەگەر بیروباوەڕەکانی ڕاست بن.

لە ژیانی ماڵەوەشیدا بەهەمان ڕێژە بڕی کارەکانی بریتیە لە هەندێ جار کە بیروباوەڕ هۆکاری کردارەکانیەتی. لە کاتی ئاساییدا، هەڵس و کەوتی لەگەڵ ژن و منداڵەکانی لە لایەن عادەتەوە بەڕێوە ئەبرێت، وەیان بۆ هاتنێک کە دەستکاری کراوە لەلایەن عادەتەوە. لە کاتە گرنگەکاندا — کاتێ داوای ژن ئەکات، کە بڕیار ئەدات کوڕەکەی بۆ کامە مەکتەب بنێرێت، وەیان کاتێ هۆکارێکی دەست ئەکەوێت کە گومان بکات لە وەفاداری ژنەکەی — ناکرێ تەنها لەلایەن عادەتەوە ڕێنمایی بکرێت. لە کاتی داواکردنی ژندا، ئەکرێ زیاتر لەلایەن بۆ هاتنەوە ڕێنمایی بکرێت، وەیان کاریگەری ئەوەی لەسەر بێت کەوا خانمەکە دەوڵەمەندە. ئەگەر ڕێنمایی کرا لە لایەن بۆ هاتنەوە، هیچ گومانی تیا نیە ئەوکاتە باوەڕی تەواوی وایە کە خانمەکە تەواوی بەهاکانی تیایە، وە ئەکرێ ئەوکاتە ئەمە وا دەرکەوێت کە هۆکاری کردارەکەی ئەو بێت، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها کاریگەریەکی تری بۆهاتنەکەیە کە بە تەنها بەسە بۆ ئەوەی بڵێ بۆچی ئەوکارەی کردوە. لە مەسەلەی هەڵبژاردنی مەکتەبێکدا بۆ کوڕەکەی، ئەکرێ بەو شێوەیە بێت کە بڕیاری سەختی کاروباری ئیشەکەی خۆی پێ ئەنجام ئەدات، دیسان لێرەدا بیروباوەڕ ڕۆڵێکی زۆر گرنگتر ئەبینێت. ئەگەر بەڵگەی هاتە بەردەست کە نیشانی بدا خێزانەکەی وەفادار نەبوە ئەکرێ هەڵسوکەوتەکەی تەنها لە “بۆهاتن/غەریزە”ەوە سەرچاوە بگرێ، بەڵام بۆ هاتنەکە خراوەتە جوڵە بە بیروباوەڕێک، کە یەکەم هۆکاری هەموو شتەکانی ترە کە بەدوای خۆیدا هێناویەتی.

هەربۆیە، هەرچەندە بیروباوەڕ ڕاستەوخۆ بەرپرسیارن لە بەشێکی زۆر بچوکی کردارەکانمان، ئەو کردارانەی بروباوەڕ لێی بەرپرسیارن لە هەرەگرنگەکانن، وە بە زۆری شێوازی گشتی ژیانمان دیاری ئەکەن. بە تایبەت، بیروباوەڕە دینی و سیاسیەکانمان پەیوەندیدارن بە بیروباوەڕەوە.

٢) ئێستا دێینە سەر پرسیاری دوەم، کە بۆخۆی دوو بەشە: ا)   چەندە بیروباوەڕ دەرهاویشتەن لە بەڵگەی دروستی ژیرانەوە؟ ب) چەندە ئەکرێ وەیان خوازراوە کە هەقە وابن؟

ا) چەندە بیروباوەڕ دامەزراون لەسەر بەڵگە زۆر کەمترە لەوەی باوەڕداران وای دا ئەنێن. ئەو کردارە وەرگرە کە نزیکترینە لە ژیریەوە: سەرمایەگوزاری پارە لە لایەن کابرایەکی دەوڵەمەندی بواری ئابوری. زۆر جار ئەبینی کەوا بیروبۆچوونی (بابڵێین) لەسەر مەسەلەی ئەوەی کە ئایا فرانکی فەرەنسی دا ئەبەزێ یان سەر ئەکەوێ پەیوەستە بە سۆزی سیاسیەوە، کەچی ئەوەندە بیروباوەڕی قایمە پێی ئامادەیە پارەی لەسەر بخاتە مەترسیەوە. لە کاتی ئیفلاسکردندا زۆرجار وا دەر ئەکەوێت کەوا هەندێ فاکتەری عاتفی بونەتە هۆکاری یەکەمی ڕوخانەکە.

بیروباوەڕی سیاسی نزیک ئەستەمە کەوا دامەزرابن لەسەر بەڵگە، جگە لە حاڵەتی کەسانی خزمەتگوزاری گشتیدا نەبێ، کە یاساغ کراون لەوەی بەدەمیاندا بێت [لەوەیە بۆ خوێنەری کورد ڕوون نەبێ، لە بەریتانیا کارمەندانی دەوڵەت بە خزمەتگوزاری گشتی کردومە بە کوردی، وە یاسایە لە بەریتانیا کە بۆیان نیە باسی سیاسەت بکەن یان لایەنگری لایەک بکەن بە ئاشکرا، بۆیە ڕەسڵ  لێرەدا ئەڵێ بیروباوەڕی سیاسی ئەوان لەسەر بەڵگە دامەزراوە].

ئاشکرایە کەوا ئەمە ئیستیسنای تیایە. لە مشتومڕی ڕیفۆرمی باجدا [وشەکە خۆی تاریفە، بە گەڕانێکی خێرا ناتوانم بە جوانی ئەمە وەگێڕم، بەڵام پەیوەندیدار بە مەسەلەی هاوردە و بەرهەمی خۆماڵیەوە] کە پێش چەن ساڵێک دەستی پێکرد،  زۆرێک لە خاوەن کارگەکان، ئەو لایەنەیان گرت کەوا بکات داهاتی خۆیان زیاد بکات، کە وادیار بوو بیروباوەڕەکەیان بەڕاستی دامەزراوبوو لەسەر بەڵگە، کەچی زۆرکەم لەو قسانەی ئەهات بە دەمیاندا وای نیشان ئەدا کە بەڕاستی وابێت. لێرەدا ئاڵۆزیەک دێتە پێشەوە. فرۆیدیەکان وایان ڕاهێناوین کەوا ئێمە “ئەقڵانی کردن”، واتە پرۆسەی داهێنانی ئەوەی کە لای خۆمان وا دیارە ئاقڵانەیە لە ڕاستیدا نائاقڵانەیە. بەڵام لەوێدا، بە تایبەتی لە وڵآتانی ئینگلیزی زماندا، پرۆسەیەکی پێچەوانە هەیە کە ئەکرێ ناوی بنێین “نائەقڵانی کردن”. کابرایەکی زرنگ، کۆی قسەکان، زۆر تا کەم بە لاشعوریانە، باشی و خراپەکانی مەسەلەیەک لە دیدێکی خۆپەرستانەوە. (لەبەرچاوگرتنی خۆنەپەرستانە دەگمەن بە لاشعوری ئەنجام ئەدرێت مەگەر کاتێ بێت مەسەلەکە پەیوەست بێ بە مناڵەکانی کەسەکەوە). کاتێ ئەگاتە بڕیارێکی دامەزراوی خۆویستانەوە بە یارمەتی لاشعور، پیاو دەست ئەکات بە داهێنان، یان خواستن لە خەڵکی ترەوە، کۆمەڵێ دەستەواژەی دەنگ بەرز کە پیشانی بدات جەنابی بە دوای باشەی کۆمەڵگاوەیە لەسەر قوربانیدانێکی گەورەی شەخسی خۆی. هەرکەسێک کەوا باوەڕ بکات ئەم دەستەواژانە هۆکارە ڕاستیەکان نیشان ئەدەن ئەبێ باوەڕیان وابێت کەوا ئەو توانای هەڵسەنگاندنی بەڵگەی نیە، لەبەر ئەو گوایە باشەی خەڵکە نایەتە دی لە ئەنجامی کردارەکانیەوە. لێرەدا ئەم پیاوە وا دەر ئەکەوێت کەوا کەمتر ئەقڵانیە لە ڕاستیەکەی، بەڵام ئەوەی زۆتر سەرنج ڕاکێشە، لایەنە نائەقڵانیەکەی شعوریە و لایەنە ئەقڵانیەکانی لاشعورین. ئا ئەم خەسڵەتەیە لە کەسایەتی ئێمەدا کەوای کردوە ئینگلیزەکان و ئەمەریکیەکان ئەوەندە سەرکەوتوو بن.

زرنگی، کاتێک ڕاستەقینە بێت، زۆرتر هی بەشە لاشعوریەکەمانە وەک لە بەشە شعوریەکەی سروشتمان. هەست ئەکەم، سەرەکیترین خەسڵەتی پێویستە بۆ سەرکەوتن لە کاروباردا. لە دیدی ئەخلاقیەوە، خەسڵەتێکی موتەوازیعانەیە، لەبەر ئەوەی هەمیشە خۆپەرستە، کەچی بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤ بپارێزێ لە زۆربەی تاوانەکان. ئەگەر بهاتایەو ئەڵمانەکان هەیان بوایە، نە ئەبوایە هەڵمەتی ژێرئاوی بێسنوریان بگرتایەتەبەر [پێویستی بە پاشخانی زانیاری هەیە، جێگای نیە]. ئەگەر فەرەنسیەکان هەیان بوایە، نەئەبوایە بەو شێوەیە هەڵس و کەوتیان بکردایە لە ناوچەی ڕور (غوە)[دیسان، پێویستی بە پاشخانی زانیاری هەیە، جێگای نیە]. ئەگەر ناپلۆیان هەیبوایە، لە دوای ڕێکەوتننامەی ئامیانەوە نە ئەبوایە بچوایە بۆ شەڕ[پێویستی بە پاشخانی زانیاری هەیە، جێگای نیە].

ئەکرێ بکرێتە یاسایەکی گشتی کە لادان لێی چەن دانەیەک بێت، کاتێ خەڵک سەریان لێ تێک ئەچێ چی لە قازانجی ئەوانە، ئەو ڕێگایەی لایان وایە حەکیمانەیە زۆرتر لە خەڵکانی تر زەرەر ئەدا تا ئەو ڕێگایەی کە لەڕاستیدا حەکیمانەیە. لەبەرئەوە هەر شتێک فێری خەڵک بکات دادوەرێکی باشتر بن بۆ قازانجی خۆیان چاک ئەکات. نمونە لە ژمارە نایەن بۆ ئەوەی کە پیاوان سەروەتیان دەست کەوتەوە لەبەر ئەوەی، لەسەر بنەما ئەخلاقیەکان، کە کارێکیان ئەنجام داوە کەوا باوەڕیان وابوە پێچەوانەی قازانجی خۆیان بووبێت. بۆ نمونە، هەندێ دوکانداری “کوەیکەر” [گروپێکی مەسیحی بوون لە ئینگلتەرا] هەبوون کەوا ڕێکەوتبوون کە داوای پارەی زیاتر لەوەی خۆیان ئامادەی وەرگرتنین نەکەن [واتە ئاخر نرخ دانێن لەسەر شتەکان]، لە بری ئەوەی لەگەڵ هەموو مشتەریەک موعامەلە بکەن، کە خەڵک هەمو وایان ئەکرد. لەبەر ئەوە ئەم عادەتەیان وەرگرتبوو باوەڕیان وابوو کەوا ئەکاتە درۆ ئەگەر داوای زیاتر بکەن لەوەی کە خۆیان ئامادەن وەریگرن. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوە بۆ خەڵکی ئاسانتر بوو، وای کرد خەڵک بڕێژتە ناو دوکانەکانیان و دەوڵەمەند بوون. (بیرم نیە ئەمەم لە کوێ خوێندۆتەوە، بەڵام ئەگەر هەڵە نەبم لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراودا بوو) هەمان سیاسەت کە ئەکرا لە لایەنی زرنگیەوە وەربگیرایە، بەڵام لە ڕاستیدا کەسیان بەپێی پێویست زرنگ نەبوون.

لاشعورمان زۆر نیەت خراپترە لەوەی کە پێمان ئەڵێ، لەبەرئەوە خەڵکانێک کەوا ئەو کارانە ئەنجام ئەدەن تاڕادەیەکی تەواو لە قازانجیانە ئەوانەن کە بە ئەنقەست، لەسەر بنەمای ئەخلاقی، کارێک ئەکەن کەوا بەڕاستی باوەڕیان وایە زەرەری بۆ خۆیان هەیە. دوای ئەوان کەسانێک دێن کە ئەقڵانیانە و بەئاگایانە بیر ئەکەنەوە لەوەی چی بە قازانجیانە، تا ئەوەندەی بتوانن بەبێ کاریگەری عاتفیەکانی. سێیەم ئەو خەڵکانەن کە بۆ هاتنی زرنگانەیان هەیە. لە ئاخری هەموانیشەوە ئەو خەڵکانەن کە نیەت خراپیان قورسترە لە زرنگیان، وایان لێ ئەکات کە بەدوای داڕمانی خەڵکی ترەوە بن کە ڕێنماییان ئەکات بۆ داڕمانی خۆیان. ئەم چینەی دواییان نزیک لەسەدا ٩٠ی خەڵکی ئەوروپا پێک ئەهێنێت.

لەوە ئەچێ لامدابێت لەبابەت تۆزێک، بەڵام پێویست بوو کەوا هۆکاری لاشعورانە جیا بکەمەوە، کە بە زرنگی ناوزەدم کرد، لە بەشی شعور (بەئاگایی). مێتۆدە ئاساییەکانی فێرکردن هیچ کاریگەریەکیان نیە لەسەر لایەنی لاشعور، لەبەر ئەوەیە کەوا زرنگی فێرناکرێ بەو تەکنیکەی ئێستامان. ئەخلاقیەت، هەروەها، جگە لەو کاتانەی کە تەواو بریتین لە عادەت، وادیارە ناکرێ فێر بکرێ بە ئوسلوبەکانی ئێستا؛

بە هەر حاڵ من هیچ کات تێبینیم نەکردوە هیچ جۆرە کاریگەریەک هەبێ لەسەر ئەوانەی بەردەوام ڕووبەڕووی ئامۆژگاری کراونەتەوە.

لەبەر ئەوە لەسەر هێڵەکانی ئێستامان هەر چاکسازیەکی ئەنقەست ئەبێ بە ڕێگای ڕۆشنبیرانە بهێنرێتە دی. ئێمە نازانین چۆن خەڵک فێرکەین زرنگ بن یان خاوەن بەها، بەڵام ئەزانین، بە سنورداری، چۆن خەڵک فێرکەین ئاقڵانە بن، تەنها پێویستمان بەوەیە کەوا چۆنێتی دەسەڵاتی پەروەردەیی هەڵگێڕینەوە بۆ هەموو حاڵەتێک. دوای ئەوە بۆی هەیە فێربین بەها دروست بکەین بە سودوەرگرتن لە ڕژێنی ناوەکی وە بزواندن یان ڕێگرتن لە ڕژانیان. بەڵام لە ئێستا ئاسانتر ئەوەیە کەوا ئەقڵانیەت دروست بکەین تا بها — مەبەست لە ئەقڵانیەت ئەوەیە عادەتێکی زانستی مێشک بۆ پێشبینی کردنی کاریگەریەکانی کردارەکانمان.

ب) ئەمە ئەمهێنێتە سەر پرسیاری: چەندە ئەبێ کردارەکانی پیاو ئەقڵانی بێت؟ با یەکەمجار “ئەبێ” وەرگرین. هەندێ سنوری تەواو دیاریکراو هەن، لە مێشکی مندا، کە تیایدا ئەقڵانیەت ئەکرێ تیایدا بەبەسترێتەوە، زۆرێک لە بەشەکانی ژیان تێک ئەچێت بە داگیرکاری لەلایەن ژیریەوە. لایبنیز [فەیلەسوف] لەو چاخە کۆنەی خۆیدا بۆ کەسیکی نوسیبوو کەوا یەکجار داوای لە خانمێ کردوە شوی پێ بکات، وە ئەوەش کاتێ بوە کە تەمەنی ٥٠ ساڵ بوە. “خۆشبەختانە”، ئەنوسێت، “خانمەکە داوای کرد کە کاتی بدەمێ بیرکاتەوە. ئەمە کاتی دا بە منیش بیرکەمەوە، بۆیە پێشنیارەکەم کێشایەوە”. گومانی تیا نیە کەوا کردارەکەی ئەم ئاقڵانە بوە، بەڵام ناتوانم بڵێم بەلامەوە جێگای بایەخە.

شکسپیر “شێت و ئاشق و شاعیر” پێکەوە کۆ ئەکاتەوە، بە “کۆکراوەی خەیاڵ”.

کێشەکە لەوەیە چی بکەین ئاشق و شاعیرەکە بە جیا لە شێتەکە ڕاگرین. نمونەیەک ئەهێنمەوە. لە ١٩١٩ بیرمە چوم بۆ سەیری “The Trojan Woman” (ژنە ترۆجانەکە) لە سەر شانۆی “ئۆڵد ڤیک” [هۆڵێکی شانۆیە لە لەندەن]. یەکێک لە دیمەنەکانی یەکجار بێتامە کە تیایدا ئاستیاناکس [کارەکتەر] لە لایەن یۆنانیەکانەوە بەرەو مەرگ ئەبرێ لە ترسی ئەوەی نەبادا گەورەبوو ببێت بە هەرقلی دوەم. لە ناو هۆڵەکەدا ئەستەم بوو چاوێکی وشک ببینیت، وە ئامادەبوان زۆر سەخت بوو باوەڕ بکەن کەوا یۆنانیەکان ئەوەندە دڕندە بووبن.

کەچی هەمان ئەو خەڵکەی لەوێ گریان، وە لە هەمان سات و وەختدا، خەریکی ئەنجامدانی دڕندەییەک بوون لەسەر ئاستێک کە خەیاڵی هیچ ئەوروپیادێک [تراژیدینوسی یۆنانی وەک سۆفۆکلیس، یان با بڵێین ئەحمەدی خانی کورد] هەرگیز توانای بیر لێکردنەوەی نەئەبوو. بەو دواییە دەنگیان دابوو (زۆربەیان) بە حکومەتێک کەوا گەمارۆی سەر ئەڵمانیای دوای ڕاگرتنی شەڕ [دوای جەنگی جیهانی یەکەم لێرە زیاتر بخوێنەوە] درێژکردبوەوە، وە هەروەها گەمارۆی خستبوە سەر ڕوسیا. زانرابوو کەوا ئەو گەمارۆیانەی خرابوە سەر ئەو خەڵکە ببوە هۆی مردنی ژمارەیەکی زۆر منداڵ، بەڵام ئەوە بەلای خەڵکەوە خوازراو بوو بۆ ئەوەی دانیشتوانی دەوڵەتی دوژمن کەم کرێتەوە: منداڵەکان، وەک ئاستیاناکس، ئەکرا گەورە ببن و لاسایی باوکیان بکەنەوە. ئەوروپیادی شاعیر ئاشقەکەی ناو خەیاڵی تەماشاکەرانی خەبەرکردەوە، بەڵام ئاشق و شاعیر لەگەڵ چوونە دەرەوە لە هۆڵەکە لەبیرکرابوون، وە شێتەکە (لە شێوەی شێتێکی بکوژ) کۆنترۆڵی کردارە سیاسیەکانی ئەو ژن و پیاوانەی ئەکرد کە خۆیان بە نەرم و خاوەن بەها ئەزانی.

کەواتە ئایا ئەکرێ ئاشق و شاعیرەکە بهێڵینەوە بەبێ شێتەکە؟ لە ناو هەمووماندا، بە پلەی جیاواز هەرسێکیان بوونیان هەیە. ئایا وا نوساون بەیەکەوە کاتێ یەکێکیان کۆنترۆڵ بکرێ ئەوانی دی لەناو بچن؟ من باوەڕم وانیە. من باوەڕم وایە لە هەریەکێکماندا بڕە وزەیەک هەیە کە لەڕێگای هونەر، ئەشقێکی بەهێز یان ڕقێکی بەهێزەوە ئەبێ ڕێگای هاتنە دەرەوە بدزۆێتەوە بەپێی هەل و مەرج. ڕێزلێگیران، دووبارەبوونەوە و ڕۆتین — قاڵبە ئاسنینەکەی ڕێکخەری کۆمەڵگای مۆدێرنی پیشەسازی — پاڵنەرە هونەریەکەی پوکاندۆتەوە، وە عەشق (خۆشەویستی)یەکەی وا زیندانی کردوە کە چیتر ناتوانێ ئازاد و داهێنەر بێت، وای لێکردوە قەتیس بێت یان شاراوە. کۆنترۆڵ خراوەتە سەر ئەو شتەی کە خۆی ئەبێ ئازاد بێت، کەچی بەخالەت، دڕندایەتی و ڕق بڵاوبۆتەوە بە هەموولایەکدا بە تەقدیسی هەتا زۆربەی قەشە ئامادەکان [مەبەست ئەوەیە دینیش بێ دەنگە]. ئامرازە غەریزەییەکانی ئێمە بریتیە لە دووبەش — ئەوەیان کە خەمی ژیانی خۆمان و وەچەکانی خۆمانیەتی و ئەوەشیان کە خەریکی کۆتایی هێنانە بەژیانی ڕکابەرەکانمان. یەکەمیان چێژی ژیان لەخۆی ئەگرێ، خۆشەویستی، وە هونەر کە خۆی پەلێکی سایکۆلۆجی خۆشەویستیە. دوەمیان بریتیە لە کێبڕکێ، نیشتیمانپەروەری و شەڕ. ئەخلاقی تەقلیدی کاری ئەوەیە یەکەم بخنکێنێ و هانی دوەمیان بدات. ئەخلاقی ڕاستەقینە تەواو پێچەوانەکەی ئەنجام ئەدات.

هەڵسوکەوتمان لەگەڵ ئەوانەی خۆشمان ئەوێن ئەکرێ واز لێ بهێنرێت بۆ “بۆهاتن”مان، لە ڕاستیدا هەڵسوکەوتمان لەگەڵ ئەوانەی کەوا ڕقمان لێیانە ئەبێ بهێنرێنە ژێر حوکمی ئەقڵ.

لە دنیای مۆدێرندا، ئەوانەی کەوا ڕقمان لێیانە گروپە خەڵکێکی دورن، بە تایبەتی نەتەوە بیانیەکان. ئەوان لای ئێمە “مەعنەویانە” لێیان تێ ئەگەین، وە خۆمان ئەخەڵەتێنین بەو باوەڕەی کەوا هەندێ کردار کە لەڕاستیدا بەرجەستەکراوی ڕقن دەکرێن لە خۆشەویستی عەدالەت یاخود هەر نیەتێکی تری زلی لەو جۆرە. تەنها بڕێکی زۆر گومانگەراییە ئەتوانێ ئەو پەردەیە بدڕێنێ و ڕاستیە شاراوەکەمان نیشان بدات. کە گەشتینە ئەوە، ئەو کات دەست ئەکەین بە بونیادنانی ئەخلاقیەتێکی نوێ، دانەمەزراو لەسەر بەخالەت و سنوردارکردن، بەڵکوو لەسەر خواستی ژیانێکی پڕ وە پەیبردن بەوەی کەوا مرۆڤەکانی تر یارمەتیدەرن نەک ڕێگرتن کاتێک کە شێتێتی بەخالەت چاک بێتەوە. ئەمە هیوایەکی یۆتۆپی [دنیایەکی نمونەیی] نیە؛ ئەمە لە ئینگلتەرای ئەلیزابێسیدا بەشێکی هاتە دی. ئەکرێ بەیانی بهێنرێتە دی ئەگەر پیاوان فێربن شوێن خۆشبەختی خۆیان بکەون نەک بەدبەختی خەڵکانی تر. ئەمە ئەوەندە ئەخلاقیەتێکی سەختی ئەستم نیە، کەچی پەیڕەوکردنیشی ژیانی سەر زەویمان بۆ ئەکاتە بەهەشت.

سەرنجێک بنوسە