دەربارەی نرخی گومانگەرایی

800px-bertrand_russell_transparent_bg
سەرچاوە، ویکیپیدیا

بێرتراند ڕەسڵ – بەشێک لە “خواستی گومانکردن”

حەزەکەم پێشنیاری پرەنسیپێک بکەم، کە ئەکرێ، بە داخەوە، وادیار بێت زۆر دژیەک و بێتاقەتکەر بێت. پرەنسیپەکە ئەمەیە: باش نیە باوەڕ بە پێشنیارێک بکەی کە هیچ بنەمایەک نەبێ بۆ باوەڕکردن بە دروستی پێشنیارەکە. پێویستە لەسەرم، بە دڵنیایەوە، دانی پیا بنێم کە ئەگەر ئەم بۆچونە ببێت بە شتێکی گشتی ئەوا تەواو ژیانی کۆمەڵایەتیمان ئەگۆڕێت وە هەروەها سیستمی سیاسیشمان؛ لەبەر ئەوەی هەردوکیان لە ئێستادا بێ کەموکورتین، ئەمە ئەبێ بەرامبەر ئەوە هەڵسەنگێنرێت. هەروەها ئاگادارم (ئەوەی جدیترە) ئەم بۆچوونە داهاتی قاوەگرەوە، قومارخانەکان، نوشتەنوسەکان و زۆریتریش ببڕێت کە ژیانیان لەسەر هیوای نا ژیربێژیانەی ئەو کەسانەیە کە لە ژیانیاندا کارێکی بەسودیان نەکردوە تا بەختیان لەم دنیا یان ئەویتر باش بێت.

یەکەمجار، ئەبێ خۆم پەنا بدەم لەوەی کە پێم بوترێت جێگایەکی پەڕم گرتوە. من خۆم کابرایەکی بەریتانی ئەندامی لیبراڵەکانم، بە حەزێکی بەریتانی نوێخواز و میانڕەو. چیرۆکێک هەیە دەربارەی پیرۆ، دامەزرێنەری پیرۆییزم (کە وشەیەکی کۆنە بۆ “سکێپتیزیزم” [بە کوردی گومانگەرایی]). ئەو هەمیشە دامەزراو بووە لەسەر ئەوەی وتویەتی هیچ کاتێک نازانین کام لە دوو کردار ژیرانەترە لە ئەویتریان. لە لاوێتیدا، دوای نیوەڕۆیەکی ئاسایی، مامۆستاکەی بینیبوو بۆ وانەیەکی فەلسەفە (کە خۆی ئەو بنەمایەی فێکردبوو) بینیوبوی کەوا مامۆستاکەی سەری گیری خواردوە لە چاڵێکدا و نەیتوانیبوو بێتە دەرەوە. دوای ئەوەی کە پیرۆ بیریکردبوەوە، دابووی بە لایداو ڕۆشتبوو، بە خۆی وتبوو کەوا ئەگەر ئەو کابرایە لە چاڵەکە دەربهێنێت هیچ بنەمایەک نیە باوەڕی پێ بکات کە ئەوە کارێکی باشی کردوە. خەڵکانێکی تر کە کەمتر بە گومان بوون لەم، کابرایان نەجات دابوو، وە گلەییان لە پیرۆ کردبوو کەوا زۆر دڵڕەقە. بەڵام مامۆستاکەی، کە لەسەر پرەنسیپەکەی خۆی وەستابوو، وتبوی ئافەرم مادام دامەزراوبوویت لەسەر پرەنسیپەکە. من هیچ پاڵەوانێتیەکی گومانگەرایی لەو شێوە بڵاوناکەمەوە. ئامادەم باوەڕ بکەم بە شتی گشتی، بە عەمەلی ئەگەر بە تیۆریش نەبێت. ئامادەم هەر ئەنجامێکی تەواو دامەزراوی زانستی قەبوڵ بکەم، نەک وەک ڕاستی تەواو، بەڵکوو تا ڕادەیەکی باش بکرێ کە وابێت. پیرۆ ڕای جیاوازی ئەبوو لەمەی من. لەسەر ئەم بنەمایە، هەست ئەکەم کە مبرری تەواوم هەیە کەوا ڕاکەم ڕایەکی ناوەندیە نەک پەڕ.

هەندێ بابەت هەن کەوا ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردوە قایلن لەسەری، نمونەیەکی دیار ئەکرێ بەروارەکانی خۆرگیران بێت. هەندێ بابەتی تر هەن کەوا پسپۆڕان هاوڕا نین لەسەریان. هەتا کاتێ هەموو پسپۆڕانیش قایل بن، ئەکرێ هەموویان هەڵە بن. ڕآی ئاینشتاین لەسەر بڕی شکانەوەی ڕووناکی بە هێزی ڕاکێشانی زەوی ئەکرێ پسپۆڕان هاوڕا بکات لەسەری تا بە پێچەوانەوە. ئەو گومانگەراییەی من پشتیوانی لێ ئەکەم تەنها ئەمەیە :

(١) کاتێ پسپۆڕان هاوڕابن، ڕای پێچەوانە ناکرێ بە “دڵنیا – تەئکید” قەبوڵ بکرێت، (٢) ئەگەر پسپۆڕآن هاوڕا نەبوون، هیچ ڕایەک لە لایەن کەسێکی نا پسپۆڕەوە ناکرێ بە “دڵنیا – تەئکید” وەربگیرێ وە (٣) کاتێ پسپۆڕان ڕایان وابێت بنەمایەکی پێویست نەبێ بۆ ڕایەکی موسبەت (ئەرێنی)، کابرایەکی ئاسایی کارێکی باش ئەکات ئەگەر هیچ بڕیارێک نەدات.

ئەم پێشنیارانە ئەکرێ وادیار بن نەرمبن، هەرچەن، ئەگەر قەبوڵکرێن، بە تەواوی ژیانی مرۆڤایەتی ئەگۆڕێت.

ئەو ڕآیانەی کەوا خەڵک ئامادەن شەڕبکەن لەسەری و بچەوسێننەوە هەموو هی ئەو سێ پۆلە خەڵکەن کەوا ئەم گومانگەراییە ئیدانەیان ئەکات. کاتێک بنەمای ژیرانە هەبێت بۆ ڕایەک، خەڵک ئامادەیە بیانخاتە ڕوو وە چاوەڕێ بکات بکەونە گەڕ. لەو کاتانەدا، خەڵک ڕاکانی خۆیان بە حەماسەتەوە هەڵناگرن، بە ئارامی هەڵیان ئەگرن، وە بە بێ دەنگی هۆکارەکانیان باس ئەکەن. ئەو بۆچوونانەی بە حەماسەتەوە هەڵ ئەگیرێن هەمیشە ئەوانەن کە هیچ بنەمایەکی باشیان نیە؛ لە ڕاستیدا حەماسەت خۆی پێوەرێکە بۆ ئەوەی بزانین هەڵگری بۆچوونێک چەندە هۆگری ژیریە. هەڵگرانی بیروبۆچوونی سیاسی و دینی نزیک-هەمیشە بە حەماسن. تەنها لە چین نەبێت، کە پیاو بە مەخلوقێکی فەقیر دا ئەنرێ مەگەر فیکری قایمی هەبێت لەسەر ئەو بابەتانە، خەڵک ڕقی لە بەگومانەکانە زیاتر لەوانەی بیروبۆچوونی دوژمنی ڕاکەی خۆشیان هەیە. وا ئەزانرێ کەوا پێداویستی ژیانی عەمەلی داخوازی ئەو جۆرە بیروبۆچونانە ئەکات لەسەر ئەو جۆرە پرسانە، وە ئەوەش کەوا، ئەگەر زیاتر ژیرانە بیربکەینەوە، ژیانی کۆمەڵایەتی مەحاڵ ئەبێت. من باوەڕم بە پێچەوانەی ئەمە هەیە، وە هەوڵ ئەدەم کەوا ڕوونی بکەمەوە کە بۆچی ئەم باوەڕەم هەیە.

با باسی ڕێژەی بێ کاری بکەین دوای ساڵانی ١٩٢٠. لایەنێک باوەڕیان وابوو کەوا هۆکارەکەی خراپی یەکێتی پیشەکاران بوو، لایەنێک لایان وابوو کە هۆکارەکەی سەرلێشێوان بوو لە ئەوروپا. لایەنی سێیەم، هەرچەن دانیان ئەنا بەوەی ئەم هۆکارانە کاریگەریان هەبوو، زۆربەی کێشەکەیان ئەگەڕاندەوە بۆ سیاسەتەکانی بانکی ئینلگتەرا کە ویستبوی نرخی پاوەنی بەریتانی زیاد بکات. ئەم لایەنە، کە پێم ئەوترێ باوەڕیان پێ بکەم، زۆربەی پسپۆڕەکانیان لەناودابوو، بەڵام کەسی تریان لەگەڵ نەبوو. سیاسەتمەداران ڕایەکیان لا سەرنج ڕاکێش نیە ئەگەر نەبێت بە بەشێک لە گوتاری حزب، وە خەڵکی ئاساییش ڕایەکیان لا باشە کە نەهامەتیەکان بداتە پاڵ بە مەکینە کردنی دوژمنەکانیان. سەرەنجام خەڵک دەست ئەکەن بەشەڕ لەسەر شتانێک کە پەیوەندیان بە بابەتەکەوە نیە، لە کاتێکدا کە ئەو چەن کەسەی کەوا ڕآی ژیربێژانەیان هەیە گوێیان لێ ناگیرێت چونکە خۆیان ناخەنە ژێر کاریگەری حەماسەتی کەسەوە. بۆ ئەوەی ئەم پسپۆڕانە خەڵک باوەڕ پێ بێنن ئەبوایە باوەڕیان بە خەڵک بهێنایە کە بەڵێ بانکی ئینگلتەرا خراپەکارن. بۆ ئەوەی حیزبی کرێکاران (لەیبەر) باوەڕپێهێنن، پێویست ئەبوو قەناعەتیان پێ بکەن کە بەڵێ ئاراستی بانکی ئینگلتەرا دژی یەکێتیەکانی پیشەگەرانە (نەقابەکان)، بۆ ئەوەی قەشەی لەندەنیش باوەڕپێبهێنن، پێویست بوو نیشانی بدەن کەوا ئەوان [بانکی ئینگلتەرا] نا ئەخلاقیانە هەڵسوکەوتیان کردوە.

با وێنەیەکی تر وەرگرین، کە خەڵک بە لایانەوە سەختە بەبێ حەماسەت هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەن، مەبەستم کەلتوری زەواجە. زۆرێک لە دانیشتوان لە هەموو وڵاتێک باوەڕیان وایە کە کەلتورەکانی زەواجی غەیری خۆیان نا ئەخلاقیانەیە، وە هەرکەسێکیش دژی ئەو باوەڕە بجەنگێت ئەوا بۆ ئەوەیە کە موبەریر بۆ ژیانە شلگیرەکەی خۆی بهێنتێتەوە. لە هیندیستان، هاوسەرگیری لەگەڵ بێوەژن شتێکە ناتوانی ئەسڵەن بیری لێ بکەیتەوە. لە وڵاتانی کاسۆلیکی، جیابوونەوە هەر زۆر خراپە، بەڵام ئەگەر مەسەلەکە نەزۆکی بوو ئەکرێ لێخۆشبوون هەبێت، لانی کەم بۆ پیاو. لە ئەمەریکا جیابوونەوە ئاسانە، بەڵام عيلاقاتی دەروەی جوتەکە ئیتر زۆر ترسناکە. شوێنکەوتوانی موحەمەد باوەڕیان بە فرەژنی هەیە، لای ئێمە بە سوکایەتی دا ئەنرێت. ئەم بیرو بۆچوونە جیاوازانە بە تەواوی حەماسەتەوە هەڵ ئەگیرێن، وە چەوساندەنەوەی زۆر دڕندانە توشی کەسانێک ئەکرێ کە پێشێلیان بکات. کەچی یەک کەس لە ناو ئەو هەموو وڵاتە جیاوازە کەمترین هەوڵ نادات پیشانی بدات کە کەلتوری وڵاتەکەی خۆی مرۆڤ زیاتر خۆشحاڵ ئەکات تا کەلتوری وڵاتەکانی تر.

کاتێک هەر ڕێگایەکی زانستی ئەگرینە بەر لەسەر بابەتەکان، بۆ نمونە لەسەر کتێبەکەی وێستەرمارک  بەناوی ‘مێژوی هاوسەرگیری مرۆڤایەتی’، ئەبینین کەوا کەش و هەواکە زۆر جیاوازە لەو حوکمە پێشوەختیەی ئەدرێ لەلایەن خەڵکەوە. ئەبینین کەوا جۆرەها کەلتور هەبوون، زۆرێکیان لای ئێمە بە شتێکی زۆر ناشیرین دا ئەنرێن بۆسروشتی  مرۆڤ. وا ئەزانین کەوا تێ ئەگەین لە فرەژنی، وەک کەلتورێکی فەرزکراو لەسەر ژن لە لایەن پیاوانی چەوسێنەرەوەوە. ئەی باشە چی بڵێین بە کەلتوری وڵاتی تیبت (تبت)، کە بەپێی ئەو کەلتورە ژنێک ئەتوانێ چەن پیاوێکی هەبێت؟ کەچی گەشتیارانی تیبت دڵنیامان ئەکەنەوە ژیان لەوێ هەمان هاوسەنگی هەیە کە لەئەوروپا هەیە. خوێندنەوەیەکی کەم لەو ڕوەوە ئەبێ کەسێکی هۆشدار بخاتە تەواو گومانەوە، لەبەر ئەوەی داتایەک لەبەردەست نیە کە بڵێین بە پێی ئەمە ئەوەیان باشترە تا ئەمەی تریان. نزیکەی هەمویان چەوساندنەوەیان تێدایە بەرامبەر پێشێلکارانی کەلتوری ناوچەیی، کەچی جگە لەوە هیچی تری هاوبەشیان نیە. وادیارە ‘گوناهـ’ جوگرافیە. لەم ئەنجامگیریەوە، هەنگاوێکی بچوک پێویستە تا بگەینە ئەو ئەنجامەی ‘گوناهـ’ بۆخۆی خەیاڵیە، وە ئەو سزادانەی لەسەر عادەت ئەدرێ پێویست ناکا. تەنها ئەم سەرەنجامەیە کەوا ئەوەندە ڕەتکراوەیە لە لایەن زۆرێک مێشکەوە، چونکە بە سزادانە دڕندانەکە بە ویژدانێکی چاکەوە ئارامبەخشە بۆ ئەخلاچیەکان. لەبەر ئەوەی ‘دۆزەخ’یان داهێناوە.

نیشتیمانپەروەری بە دڵنیایەوە نمونەیەکی گڕدارە دەربارەی شتانی گوماناوی. وابزانم ئەکرێ بێکێشە بڵێین کەوا هەر مێژوونوسێکی زانستی، کە مێژووی جەنگە گەورەکە [جیهانی یەکەم]، ئەکرێ دەستەواژانێک بەکاربهێنێ کەوا، ئەگەر لە کاتی جەنگدا بەکار بهێنرانایە،  لەسەر ئەوە دەستەواژانە خاوەنەکەی لە هەریەک لە وڵاتە دژیەکەکانی جەنگدا بخرایەتە زیندانەوە. دیسانەوە جگە لە چین، هیچ وڵاتێک نیە کەوا خەڵکەکەی لە ڕآستی دەربارەی خۆیان ببورن. لە کاتە ئاساییەکاندا ڕآستی تەنها بە نیازخراپی وەر ئەگیرێت، بەڵام لە کاتی جەنگدا، بە تاوانکاری. سیستمی دژیەکی توندووتیژ بەرەبەرە دروست ئەبێ، هەڵەبوونەکەی لەو ڕاستیەوە دەر ئەکەوێ کەوا تەنها لە لایەن کەسانێک مەیلی هەمان نەتەوەیان هەبێ باوەڕیان پێ ئەکرێت. بەڵام تەتبیق کردنی ژیربێژی لەسەر ئەم سیستمی بیروبۆچوونانە بە هەمان شێوەی تەتبیقکردنی ژیربێژی لەسەر مەزهەبە کۆنەکان بە خراپەکاری دا ئەنرێت. کاتێک کە ڕووبەڕوویان ئەبیتەوە کە بۆچی بەگومان ڕوانین لەم شتانە خراپە، تەنها وەڵام ئەوەیە کە خورافە یارمەتی بردنەوەی شەڕ ئەدات، بۆیە نەتەوەیەک لەسەر ژیربێژی ئەکوژرێ نەک بکوژێ. ئەو بۆچوونەی بڵێ بەڕآستی شەرمە پیاو خۆی قورتار بکات بەوەی کە یەک تەنەکە بوختان بکات بۆ غەیرەکان، ئەوەندەی من ئاگادار بم، لە ناو پسپۆڕە ئەخلاچیەکاندا لە ئاستی نزیمترین زیاتر هیچ لانگرێکی بۆ دروست نەبوە. ئەگەر پێشنیار بکرێ کەوا نەتەوەیەک کە پشت بە ژیربێژی ببەستێ ئەکرێ دور بێت لە ئاگری شەڕ، وەڵامەکەی تەنها جنێوە.

کۆتایی بەشی یەکەمی وەرگێڕانەکە.

بەشی دوەم

سەرنجێک بنوسە