نوسین چیە؟

نوسین کۆنترین نمونەی تەکنۆلۆجیای زانیاریە.

فەرهەنگی ئۆکسفۆرد لە پێناسەی “نوسین”دا دەڵێت “ڕیزکردنی پیت، وشە یان هێما لەسەر ڕوویەک”. لە ویکیپیدیاش ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی بڵێن: نوسین شێوازێکی ئاخاوتنە کە بەرهەمەکەی پێی ئەوترێت دەق. هەروەها فەرهەنگی تریش هەن کە ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی کە بەرهەمی نوسین پێی بوترێت دەق. کەوابێ دەق چیە؟ ئۆکسفۆرد پێناسەی تری کردوە بەڵام من ئەمەیان هەڵ دەبژێرم “داتای ڕێکخراو لە وشە یان کارەکتەری ئەلفبێ”.

کەوامان پێناسە کرد، ئیتر ئاسان دەبێت قسەی لەسەر بکەین. نوسین شێوازێکی تایبەتی دەربڕینی مرۆڤە کە هەندێ یاسا و ڕێسای هەیە. لای بێرتراند ڕەسڵ سەرچاوەی نوسین لە قسەکردنەوە نەهاتوە بەڵکو لە وێنەکردنەوە هاتوە. بەڵگەی ئەوەش لای ئەو ئەوەیە کەوا هەندێک زمان تا ئێستاش پیت و کارەکتەری نوسینیان هەر بە وێنەیی ماوەتەوە. چونکە بیرگە (حافزە)ی مرۆڤ لای ئەو یان وێنەییە یان ئەبستراکت (مەعنەوی)یە و ناچمە ناو ئەوەیان. بەڵام گرنگ ئەوەیە سەرچاوەی نوسین ئەگەڕێنێتەوە بۆ سەرچاوەی جیاواز لە وشە کە دەکرێت بە دەم بوترێت و دەکرێت بنوسرێت. ئەوترێ نوسین لە شارستانیەتەی سۆمەریەکان لە ئێراق دۆزرایەوە.

دەکرێت چەن شتێکی خێرا بنوسین لەسەر ئەم یاسا و ڕێسایانە. بۆ نمونە واباوە کەوا نوسینێک پێک بێت لە چەن پەرەگرافێک. وە هەر پەرەگرافێک پێک بێت لە چەن ڕستەیەک. هەموو ڕستەیەکیش پێناسەی خۆی لە ڕێزماندا کراوە و تا ڕادەیەک جیهانیە و ئەبێت مانایەکی تەواوی هەبێت ڕستەکە. هەروەها نوسین دەبێت لە سەرەتاوە تا کۆتایی ڕێڕەوێکی هەبێت و بازدانی تێدا نەبێت تا مرۆڤ بتوانێت حاڵی ببێت لە نوسینەکە. هەروەک چۆن لە قسەکردندا نابێت لە بابەتێکەوە بازبدەین بۆ بابەتێکی تر. هەروا چۆن ئەبێت هەناسە هەڵمژین و ڕستەی دوای ئەوە بڵێین.

وەک هێمام بۆ کرد، قسەکردنیش یاسای هەیە بەڵام نوسین یاساکانی دیاریکراون، ئەکرێت ئاماژەیان پێ بکرێت. قسەکەریش بۆخۆی دواتر ئەتوانێت تەماشای شێوازی قسەکانی خۆی بکاتەوە. سەردەمانێک کە تۆماری دەنگ و وێنە نەبوو، دەکرا لە یەکێک تری بپرسیبایە کە قسەکانی چەندە پەیڕەوی فڵانە یاسای کردبوو. لە نوسیندا ئەمە بە ڕێزمان و خاڵبەندی دەست پێ ئەکات. ئەمەش بۆخۆی وا دەکات کە لەسەرەوە بڵێین “کۆنترین نمونەی تەکنۆلۆجیای زانیاریە”. لە بابەتی تردا پێناسەی تەکنۆلۆجیای زانیاریمان کرد بەوەی کە داتای پێویستە، وە شێوازێکی هونەری و سیستەماتیکی پێویستە. ئەگەر بڕیار بێت دەق بریتی بێت لە “داتای ڕێکخراو لە وشە یان کارەکتەری ئەلفبێ”، هەروەها لە پێناسەی نوسینیشدا ڕیزکردنی تێدابێ، ئیتر ئاسانە بڵێن ڕستەکە ڕاستە و نوسین جۆرێکە لە تەکنۆلۆجیای زانیاری.

کە وابێت یاساکانی نوسین بۆخۆی وا دەکات نوسینەکە چەندە پڕ بایەخ بێت نەک وەک کاکە بەختیار عەلی ئەڵێت “مانا”. مانا شتێکی ترە و ئەکرێت لە قسەکردن، لە وێنە یاخوود وێنەی جوڵاودا بگەیەنرێت. کە مادام دەستت دایە نوسین دەبێت یاساکان ڕەچاو بکرێن. دڵنیام ئەگەر جەنابی کتێبەکانی وەرگێڕدرێنە سەر ئینگلیزی/ئەڵمانی، وە لەخۆڕا “!”نیشانەیەکی سەرسوڕمان دانرابێت، چاپخانەیەکی خاوەن ناوبانگ ئامادە نابن چاپی بکەن. ئەو چەندین کاتژمێر وەرگێڕانەی ئەنجامم داوە پێم دەڵێت کە یەکێک لە کارەکانی وەرگێڕ ئەوە نیە یاساکانی نوسین وەرگێڕێت وەک خۆی بەڵکە نوسینەکە بەو شێوازەی زمانی ئامانج هەیەتی بنوسێیتەوە. واتە ئەگەر نوسینێکی کوردی خراپ هەبوو، لە کاتێکدا ئەکرێت بە ئینگلیزی ناچار نین خاڵبەندی وەک خۆی دانێینەوە بەڵکوو ئەبێ ماناکە بگەیەنرێت. بۆیە بێ سەروبەری لە نوسینی زمانێکدا لە کاتی وەرگێڕاندا دەکرێت ڕاست بکرێتەوە و هەڵەی وەرگێڕانیش ڕوو نادات مەگەر داواکرابێت کەوا ئەو کارە بکرێت.

لێرەوە ئەگەمە سەر مەبەستە سەرەکیەکەم ئەویش ئەمەیە. لە دونیای بڵاوکردنەوەی بابەتی زانستیدا کە نزیک چوار ساڵە خەریکی فێربوونم تیایدا، نوسین پێوەری زانستەکەیە نەک “پرێزێنتەیشن/پیشاندان” یاخوود “وتار”ی ناو کۆنفرانسێکی زانستی. هۆکارەکەشی ئەو دوو پێناسەیەیە کە لەسەرەوە باسمان کردن.لەوەیە هۆکاری گرنگی نوسین “ئاماژە”/ڕێفرێنس کردنی بێت کە ئاسانترە وەک لەوەی ئاماژە بە ڤیدیۆیەک یان کاسێتێکی دەنگی بکرێت.

ئەمەش خۆی وای کردوە کە لە ئینگلتەرا، کە ئەوترێت زۆرێک لە داهێنانەکانی نوسینی تێدا کراوە لەوانە “وشەی یەکتر بڕ”، توانای نوسین پێوەری توانای کەسێک بێت. ئەمەش هەر لە منداڵیەوە و لە قوتابخانەوە گرنگی پێ ئەدرێت، وە بەشێکیشە لە کەلتورەکەیان. وشەی “خوێندەواری” لای ئێمە بەرامەبەر بە “نەخوێندەواری” بەکاردێ، لە ئینلگتەرا (لە ویکیپیدیاش) literacy بەمانای توانای نوسین و خوێندنەوە کەسێک دێت. بۆیە ئەتوانم بڵێم کەسێک نە خوێنێتەوە یان نەتوانێ نامەیەک بنوسێت، بەخوێندەوار دانانرێت ئەگەر دکتۆراشی هەبێت.

هەر بۆیە گرنگی توانای نوسین لە دنیای سیاسەتدا ئەکرێت وەک چەکی ڕەخنەگرتن بەکار بهێنرێت. بۆ نمونە کاتێ ببینرێت سەرۆک وەزیران کێشەی لە سپێڵ/ئیملای وشەیەکدا هەیە ئیتر گومان لە توانای ئەنجامدانی کارەکەی ئەکرێ. وە لەم ڕۆژانەدا لە ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵ، کە بۆخۆی ڕۆژنامەیەکی تابلۆیدی تا حەزکەی ناقۆڵایە، ڕەخنەی نوسین لەلایەن مامۆستایەکە لەسەر لیفلێت/بڵاوکراوەی پارتێکی بەریتانی کەخۆیان بە نیشتیمان پەروەر ئەزانن بڵاوکردەوە و سەرنجی زۆرێک لە خەڵکی ڕاکێشا. نمونەی تری لەم جۆرە هەن، وە چەن جارێک لەملاولا باسم کردوە کەوا جار و بارە ئەوەی وەک “جمێن/جنێو” بەکاردێ لە ئینگلتەرا ئەوەیە بەکەسێک بڵێی “موفرەداتی کەمە”، واتە هێشتا فێری زمان نەبوە. ئەمەش بۆخۆی ئەمان باتەوە سەر تێزی کاریگەری زمان لەسەر مێشک کە ناچار بووم لێرە ناوی بهێنم چوونکە بابەتێکی یەکجار گرنگە بەڵام ئەم نوسینە تەنها پێناسەکردنی “نوسین”ە.

ئەمەش لە کاتێکدایە لەلای گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەی “نوسەر”ان جیای ناکەنەوە ئەم تێگەشتن و بایەخەی “دەق”ە. حاڵی زمانی کوردی چۆنە زۆر بەکورتی؟ حاڵی زمانی کوردی ئەم نوسینەی منە. شارەزایەکی زمانی کوردی تەماشای بکات جۆرەها هەڵەی زمانەوانی، ڕێزمانی و هەتا ئیملاییشی تێدایە. بۆچی؟ چونکە سەرچاوەیەکی یەکگرتوی ستاندارد شک نابەم تا یەک بەیەکی یاسا و ڕێساکانی پیادە بکەم. بۆخۆی لە ئینگلیزیشدا هەموو ڕێک نەکەوتوون لەسەر ئەوەی کەی “فاریزە” بەکاربێت، بەڵام گەشتوونەتە ئەو ئاستەی یاساکانی ئەوەندە ڕوون بێ کە لە پرۆگرامێکی وەک “وێرد” بە ئاسانی کۆدبکرێت.

سەرنجێک بنوسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s