فێرکاریی کورتی ویکیپیدیا

زانستنامەی کراوەی ویکیپیدیا بێگومان ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی کراوە و باوەڕپێکراوەی زانیاریە. چەندین ساڵ وا باو بوو گوایە زانیاری ویکیپیدیا جێگای باوەڕ. نیە بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە و ئەکرێ بڵێین زۆر زەحمەتە هیچ دەوڵەتێک، دامەزراوەیەک یان ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیش بتوانێ ئەو توانایەی لە ویکیپیدیا کۆبۆتەوە دووبارە بکاتەوە.

لە هەموو حاڵەتێکدا ئاگادارم کەوا فێرکاریەکی کەم هەیە و ویکیپدیا خۆشی لە گۆڕانکاریدایە. ساڵانی پێشتر زەحمەت بوو بەڕاستی دەستکاری کردنی ویکیپیدیا و فێربوونی تەنها بۆ کەسانێک بوو کە حەزێکی تایبەت و کاتی باشیشیان هەبوایە بۆ دەستکاری کردن. ئەمڕۆ، بە پێچەوانەوە یەکجار ئاسانە دەستکاری کردنی ویکیپیدیا.

ئەم بابەتە تەنها دەربارەی دەستکاریکردنی خێرای بابەتێکە لە ویکیپیدیا.

وای دا ئەنێین تۆ ئەتەوێ دەستکاری بابەتی هەڵەبجە بکەیت و یەکەمجاریشە بێیتە ویکیپدییا بەنیازی دەستکاری کردن. باشتر وایە لەسەر کۆمپیوتەرێکەوە دەست پێ بکەی دەنا دوایی بە دڵنیاییەوە ئەتوانی لە مۆبایلەکەشتەوە دەستکاری ویکیپیدیا بکەیت. ئەم فێرکاریە کورتە بۆ کوردزمان نوسراوە و مەبەستیش هەر ویکی سۆرانیە وەک لە کرمانجی.

١. تکایە خۆت تۆمار بکە لە https://ckb.wikipedia.org/wiki/ بە کرتە کردن لەسەر “بچۆ ژورەوە” و دواتریش “ببە بە ئەندامی ویکیپیدیا” ئەکرێ خۆت تۆمار نەکەی بەڵام ئەکرێ بەڕێوەبەران دەستکاریەکانت بە گومانەوە تەماشا بکەن. بۆیە تکایە خۆت تۆمار بکە.

٢. بچۆ ژورەوە دوای خۆتۆمار کردن.

٣. بابەتی خوازراو بدۆزەرەوە بە گەڕانە زیرەکەکەی ویکیپیدیا و کرتە بکە لەسەر “دەستکاری”

هەر جێگایەکی بابەتەکەت ویست دەستکاری بکەی، دەستکاری بکە. نوسین لە ویکیپیدیا ئاڵۆز نیە، بەڵام بێسەروبەریش نیە. ڕێکخستنێکی پێویستە. ئەمەش جێگای ئەم فێرکاریە نیە.

٤. کە تەواو بوی لە دەستکاریەکەت ئەگەر یەک وشەش بێت کرتە بکە لەسەر “بڵاوکردنەوەی گۆڕانکاریەکان”

هەڵگرتنی دەستکاریەکانت

٥. کورتەیەک بنوسە کە چیت گۆڕیوە تا کەسێکی تر کە تەماشای دەستکاریەکەتی کرد بەخێرایی بزانێ چیت گۆڕیوە، دەنا ویکی خۆی ئامرازی هەیە کە بە وردی بزانرێ چیت گۆڕیوە، ئیتر کرتە بکە لەسەر “پاشکەوتکردنی گۆڕانکاریەکان”. ئەتوانی نیشانەی ڕاست بدەی لە “ئەمە دەستکاریەکی بچوکە” تا بزانرێ (سەیری ٦ بکە) و هەروە پەڕەکەش بخەیتە ژێر چاودێریەوە تا بە ئاسانی بچیەوە سەری.

٦. کرتە بکە لەسەر مێژووی بابەتەکە تا بزانی چی کراوە، سوپاسی دەستکاریەکانی بەشدار بوانی تر بکەیت و هتد.

٧. دانانی سەرچاوە: گریمان لە (٣)دا پێت خۆشە سەرچاوەیەک دابنێی، سەرچاوەکەش ئەم بەستەرەیە: https://gov.krd/the-governments-mission/good-governance/

٧.١ بڕۆ دوای خاڵی کۆتایی ڕستە، یاخود لەناو ڕستەدا ڕێک دوای وشەکە بێ بۆشایی، ئەنجا کرتە بکە لەسەر “ئاماژە”

٧.٢ بەستەرەکە لەناو بۆشایی “ئۆتۆماتیک” دابنێ

٧.٣ کرتە لە “دروستکردن” بکە و ئەنجامی ئۆتۆماتیک ببینە، ئەگەر بەدڵت نەبوو ئەبێ بە “دەستی” خانەکان پڕکەیەوە کە جێگای ئەم فێرکاریە نیە بەڵام یەکجار ئاسانە بۆیە باسی ناکەم.

٧.٤ ئەگەر وەک ئەم نمونەیە سەرکەوتوو بوو، واتە زانیاری تەواوی دابوو دەربارەی لینکەکەت، ئەوا دوودڵ مەبە و “تێخستن” داگرە.

٧.٥ ئەگەر هیچ کێشەیەک نەبوو ئەوا لێگەڕێ و بڕۆ لەخوارەوە تەماشای سەرچاوە یان پێڕست بکە بزانە ئەو ژمارەیەی دانرا بۆ سەرچاوەکەت لەوێ هەیە؟

چونکە بابەتەکە پێشتر سەرچاوەی هەبوە پێویست ناکا هیچی تر بکەین بڕۆ بۆ ٨ و کۆتایی!

٧.٦ ئەگەر لیستی سەرچاوەکان نەبوو، واتە بەتاڵ بوو لە کۆتایی بابەتەکە ماوسەکەت دانێ یان کرتە بکە، ئەنجا لە ئامرازەکانی سەرەوە “تێخستن” داگرە و “پێڕستی سەرچاوەکان” داگرە تا ئۆتۆماتیک هەموو سەرچاوەکانت لەو جێگایی دیاریت کردوە ڕیز بکات بۆت کە لە ویکیپیدیا هەمووی وایە لە کۆتایی بابەت دا ئەنرێت.

٨. دەست و چاوت خۆش زانیاری خۆت بەخشی بە مرۆڤایەتی.

خێر بۆ خۆت ئەکەیت

مزگەوت بەناوی دەوڵەمەندێکەوەیە خوا ئەزانێ چەن درۆی کردوە تا پارەکەی کۆکردۆتەوە. مەکتەب ئەوە هەر مەپرسە، زانکۆ ئەوە ئیتر ناوی داهێنەرەکە دیار نەبێ دنیا وێران ئەبێت. هەڵبەت ئەمە بۆ وڵاتێکی وەک بەریتانیا لە ئاستی مەکتەبدا ڕاست نیە، بەڵکو مەکتەبەکانیان لەبەر ئەوەی سەرەتا کەنیسە و ئێستاش خاوەن زۆرێکیانن ناوەکانیان بەناوی سەید و قەشە گەورەکانەوەیە. قوتابخانەی یەکەمی من ناوی شیرین بوو، دوایی شاهۆ، دواتر ئەحمەد موختار و دواترینیشی خواجە فەتحوڵا خۆی و خوای خۆی ناوی نابوو “ئیشق” واتە تیشک یان ڕووناکی.

ئەوەی باشە درۆیان بۆ ناکەم، سەروەتێک نیە بتوانی خۆت بە تەنها کۆی بکەیتەوە، ئیلا ئارەقی کرێکاری داماوە لای تۆیە. ئەمەش تێزی فەلسەفی و هەروەها بنەمای ئابووری سەردەمە هەم فەیلەسوفەکان باسیان کردوە هەم بنەمای سەرمایەداریە هەتا سەرمایەداریە پاکەکەش.

ئەوەندەی خوێندومەتەوە و خێرخوازیم بیستوە لەم کابرا ئێرلەندیە ڕاستگۆترم نەدیوە کە یەکەمجار بە ویسکی فرۆشتن دەست پێ ئەکات. کە ئەگەر نەتوانی بابەتەکەی ویکیپیدیا بخوێنیتەوە بە کورتی کابرایەکە کە تەواوی سەروەتەکەی کە لە بازاڕی بێ باجی ناو فڕۆکەخانەکان دروست کردوە ئەبەخشێت بە پرۆژەی زانستی و پێگەیاندنی خەڵک زیاد لە ٢٠ ساڵ بە نهێنی بێ ئەوەی بهێڵێ ناوی بزانرێت.

مورتاحەفەنیش لە جێگایەکدا ئەڵێ: تۆ خێر ناکەیت بۆ کەسی خێرپێکراو، خێر بۆ خۆت ئەکەیت. هەربۆیە ٩٩٪ی خێرکەران کە بەرامبەرەکەیان گۆڕانکاری لە ژیانیاندا ناکەن بێتاقەت ئەبن. بۆ نمونە ئەڵێ کە تۆ بە کابرا ئەڵێی جگەرە مەکێشە مەرج نیە خەمی ئەوت بێ، بەڵکو پێت ناخۆشە ئەو ئەو تامە ئەچێژێ و تۆش ناوێری دەمی لێ بدەیت!

جا نەتەوەی نەدیوبدی وەک ئێمە، لەبەر ئەوەی چاومان کردۆتەوە چاوەڕێی خێرێکی شا فیڵان و سەرۆک فیسار بووین، کە کەسێک خێرێک بکات ناوێرین پێی بڵێین کاکە مەیکە و فشە مەکە بەسەر ماڵ و مناڵماندا. بۆ ناوێرین؟ چونکە نەدیوبدین یان خراپتر، هەموو مردوین بۆ دینارێکی دەوڵەمەندێک کە هی کرێکارێکی قوڕبەسەرە خواردویەتی. لەم دوو ڕوونکردنەوەیە زیاتر نابینم. دەنا ناکرێ کەسێک یان کەسانێک، بە تایبەتی حیزب، دەزگا دامەزرێنن و وەک کورد ئەڵێ ڕۆنی خۆت بدەن لە سمێڵی خۆت کەچی خەڵک دەستخۆشیان لێ بکات و وابزانرێ کابرا خێرخوازە.

هەروا بە گشتی کاتی ئەوەیە کە بپرسین لە خێرخوازانی کورد، چ کەسێک کە خۆی کردۆتە قارەمانێکی دیجیتاڵ و گوایە خزمەت ئەکات، چ شارێکی وەک هەڵەبجە کە ناوی چەندین دەوڵەمەند قوت کراونەتەوە لەسەر بینا و باڵەخانەکانی: خێر مەکەن و لە کاتی کاسبیکردندا دەستان کراوە بێ بۆ کڕیار و کرێکارەکانتان خۆی گەورەترین خێرە. لەم نمونەیەش چەندین کەس هەن کە بەڕاستی خەریکی خێرکردنن.

ژیری ئەوان و سادەیی ئێمە

سەردەمی خۆحازرکردن بۆ لێدانی ئێراق لە ٢٠٠٣، ٨٠٪ی کورد بەتایبەتی ئەم دزانەی ئێستا، خۆیان حازر کردبوو بۆ تاڵانچێتی و دزیکردن.
ئەو سەردەمە، مانگی شوباتی ٢٠٠٣، خانمە ٢٩ ساڵێکی ئینگلیز کە شوی کردبوو بە کوردێکی تورکیا ئیش بۆ GCHQ ئەکات وەک وەرگێڕ، بەڵگەیەکی سیخوڕی ئەگەیەنێتە ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەر. ئەو سەردەمە وەک ئێستا پسپۆڕانی کورد تەنها ئەوەی لە فەیسبوک ئەیبیننن، بۆ نمونە بابەتی ترەمپ، هەر ئەوەندە تێگەیشتنمان هەبوو/هەیە بۆ ڕووداوەکان.
جا بە کورتی، من لای خۆمەوە تێر شەرم دایگرتم کە فلیمەکەم بینی، تێریش گریانم هات بۆ ئەو کاتەی وەک مێردەکەی ئەو خواخوامان بوو “جواب”ەکەمان لێ نەسەننەوە و سوار تەیارەیەک نەکرێین بنێردرێینەوە بۆ ژێردەستی ئا ئەم دز و جەردانەی جێگرەوەی سەدام حوسێن. ئەمیش لەسەر ئەوەی حکومەتەکەی درۆی لەگەڵ کردوە ژیانی مێردەکەشی ئەخاتە خەتەرەوە و نهێنی حکومەتە فیلەکەی تۆنی بلێر کەشف ئەکات و بە تەنها تەحەدایان ئەکات. دواتریش لە ٢٠٠٤ کە دەرکەوت چ درۆیەکی گەورەیان کرد لەگەڵ خەڵکی خۆیان، ئەم کە دانیشی ناوە بە دزەپێکردنەکەدا لە دادگا کەیسەکەی لەسەر لا ئەبەن تا زیاتر درۆکانیان کەشف نەبێت.
لە ویکیپدیای بەوبەختی سۆرانی دوو پەرەگرافیم وەرگێڕا. جا ئێوە، خوێنەرە خۆشەویستەکانی من نەکەن بێنە ویکیپیدیا و دوو وشە زیادکەن بۆ مناڵەکانتان یان خوانەخواستە چەن دەفتەر دۆلاریکی بۆ وەرگرن لەو دەوڵەتە چەتەیە. لە جێگایەک نوسیبووم: هەر بۆچونێکتان هەیە مورتاح مورتاح مەیگۆڕن ئیشڵا بۆتان ڕێک کەوێ ئەبن بە ترەمپ
فیلمە دۆکومێنتاریەکە ناوی official secretsو کیرا نایتلی کەشخە دەوری کاسرین ئەبینێ.

کاسرین لای ڕاستە

خۆشەویستی، زانین و بەزەیی

سێ سۆز، سادە و یەکجار بەهێز حوکمی ژیانمی کردوە: حەسرەتی خۆشەویستی، گەڕان بەدوای زانین، و دەردەسەری تەحەمولنەکراوی مرۆڤایەتی. ئەم سۆزانە، وەک ڕەشەبای بەهێز، هەڵیگرتوم و بردومی، بە ئاراستەی نەگۆڕدا، بەسەر دەریایەک لە چەرمەسەری، تا گەشتوم بە کەناری بێهیوایی.

 وێنەیەکی گوگڵ بۆ گەڕانی “موچەی خانەنشینی” ڕۆژی ٩-١٢-٢٠٢٠ گیراوە

بەدوای خۆشەویستیدا گەڕاوم، چونکە، یەکەم شت مەستی ئەهێنێ – مەستیەک ئەوەنە گەورەیە کە زۆر جار ئەکرا تەواوی ژیانم بکەم بە قوربانی چەن سەعاتێک لەم لەزەتە، عەوداڵی بوم، دوەم شت چونکە تەنهایی ئەڕەوێنێتەوە — ئەو هەستە تەنهاییە پیسەی کە تیایدا کەسێک بەدەم لەرزینی هۆشیاریەوە لەسەر لێواری ژیانەوە تەماشای تاریکییەکی بێژیانی بێمەعنا بکات. ئەنجا سێیەم و کۆتا هۆی ئەوەی عەوداڵی بووم، چونکە ئەو یەکگرتنەی بینیومە لە ئەنجام خۆشەویستیدا دروست بوە، بە شێوەیەکی بچوکی ئەفسوناوی، ئەو خەیاڵە پێشوەختەیە کە سەید و شاعیران خەیاڵیان کردوە. بەدوای ئەمەدا گەراوم، هەرچەندە وا دیارە ئەمە ڕاست نەبێ بۆ ژیانی مرۆڤ چونکە ئەوەندە چاکە، ئەمە بوو –ئۆخەی ئەخیرەن–دۆزیمەوە.

بەهەمان سۆزەوە بەدوای زانیندا گەڕاوم. ویستومە لە دڵی مرۆڤ تێ بگەم. ویستومە بزانم کە ئەستێرەکان بۆچی ئەگەشێنەوە. هەروەها هەوڵم داوە هێزە فیساغۆرسیەکان تێ بگەم کە تەنها بەو ژمارانە ئەتوانی نەگۆڕیەکت دەستکەوێ لەم هەموو شەپۆلەی ژیاندا. کەمێک لەمە، بەڵام نەک زۆر، بەدەستم هێناوە.

خۆشەویستی و زانین، ئەوەندەی کە قابیلی بەدەست هێنان بوون، بەرز بەرەو بەهەشت ئاراستەیان کردم. بەڵام هەمیشە بەزەیی هێناومیەتیەوە سەر زەوی. دەنگدانەوەی هاوارکردن لەتاو ئازار لەدڵمدا ئەزرنگایەوە. منداڵانی ناو قاتوقڕی، لێقەوماوانی ئەشکەنجەدراو لەلایەن چەوسێنەرانەوە، خەڵکانێکی پیری بێدەسەڵات کە بونە بە بار بەسەر کوڕەکانیانەوە، هەروەها تەواوی دنیای تەنهایی، فەقیری، و ئازار ئەوەی بەژیان دا ئەنرێ ئەکاتە گاڵتەبازاڕ.

ئەمە ژیانی من بوو. بە شایەنی ژیانم زانیوە، و پڕبەدڵ جارێکی تریش ئامادەم دوبارە هەمان ژیان بژیمەوە ئەگەر ئەو فرسەتە بخرێتە بەردەستم.

نوسینی بێرتراند رەسڵ

بۆچی بەزەییمان بەیەکتردا نایەتەوە؟

وەڵام: چونکە هەموومان خۆمان بە جێگای بەزەیی ئەزانین.

ئاشکرایە لەناومان کەلتوری “لێقەوماو”/”چەوساوە” دامەزراوە و زیاد لە نەوەیەکیش پێوەی گۆش کراوە. مەبەست لە کەلتوری لێقەوماو، یان خراپتریش “شێتێتی چەوساندنەوە”، هەر لەم بڵاگە بابەتێکی مورتاحەفەنیم کردۆتە کوردی لەسەری، ئەوەیە کە “ئەها من چەن گوناحم”ە. هەرکەس ئەبینی ئەڵێ “من کەسم نیە” وەک ئەوە وابێ ئەردۆغان باوکی کردبێتی بە سەرۆکی تورکیا.


جا ئەوەیان بابەتێکی ترە، ئەوەی مەبەستم بیڵێم ئەمەیە: کابرا ئەڵێ خۆم ئەکوژم یان خۆشی کوشت، کەس “بەزەیی” پیا نایەتەوە و “لەو خراپتر هەیە” وەڵامەکەیەتی ئەگەر لە مەجلیسێک یان تەلەفۆنێکدا بڵێی وەڵا فڵانکەس گوناحە. ئەنجا من ئەڵێم هۆکاری ئەمە ئەو بەزمەی سەرەوەیە، لەبەر ئەوەی هەمومان خۆمان بە لێقەوماو ئەزانین و کەسمان نیە، ئیتر کابرا خۆی ئەکوژێ یان نە کەی کێشەی ئێمەیە چونکە “خۆمان جارێ قوڕ کراوە بەسەرمانا.”


ئەم کەلتورە سەقەت، وێرانکەر، متمانەبەخۆبوون-شکێنە یەکێک لە ئەنجامەکانی ئەوەیە. ئەگینا وەک کچە گەنجە سویدیەکە ئەبێ تەیارەکە ڕاگیرێت بۆ ئەوەی کابرای پەنابەر نەبرێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی. چۆن ئەبێ ئەو خەڵکە لە برسان بمرێ کەچی تۆ بە خەیاڵتا نەیەت و “لەو خراپتر هەیە” جوابەکەت بێت؟


کەلتوری خێرکردن لای ئێمە بڵاویش بێت تەنها ڕووکەشە. کاتێک بەڕاستی ئێمە خێرخواز ئەبین کە جیاوازی داهات نزیک سفر بێت یان بەتەواوی ئەوە ڕوونکرابێتەوە کە چۆن ئەبێ کابرایەک لەم دۆخەدا بتوانێ فڵان و فیسار پرۆژەی گەورەی “خێرخوازی” جێبەجێ بکات. بۆیە نەک هەر بڵاو نیە، تەنها ڕوکەش و ڕیاییە ئەگەر هەشبێت.


خۆزگە ڕوونکردنەوەی تری هەیە؟

تێبینی: سی و ئەوەندە هەزار “لایک” یان کاردانەوەی ناو فەیسبوک مانای ئەوە نیە “کەس بە خەیاڵیدا نایەت” هەڵە بێ، ئەوە کاتێ هەڵە ئەبێ کە لایەنێک یان لانی کەم دە پیاوی گەڕەک بچنە سەردانی ئەو بەڕێزە و بڵێن نابێ خۆت بکوژیت لەبەر نەداری/ناعەدالەتی نەهێڵن ڕوو بدات، لانی تەواویش ئەوەیە کە دامەزراوە هەبێ نەهێڵێ دزی و پیاوکوژی دەسەڵاتداران بگاتە ئەو ئاستە.

شیوعیەت یان سۆشیالیزم چیە ئەگەر تەکنۆلۆجیا نەبێت؟

نوسەری “مرۆڤەخودا” – هۆمۆ دیوس – ئەڵێ هۆکاری ئەوەی مەهدیەکەی سودان سەرکەوتو نەبوو وەک کارل مارکس، تەبیعی ئەو ناوی نورسی نازانێ، من ئەڵێم کەسێکی وەک سەعیدی نورسیش، ئەوەیە کەوا کارل مارکس و جەماعەت زیاتر دیراسەی تەکنۆلۆجیای سەردەمیان کردبوو.

یەکەم جارە ئەبیستم نوسەرێک بڵێ شیوعیەت یان ئەوەی لە هەڵەبجە کردبویان بە جڕوجانەوەر لێمان “کۆمۆنیزم” هیچ نیە ڕەنگدانەوەی تەکنۆلۆجیای سەردەم نەبێت. کە وردیش ئەبینەوە بێ ئەوەی پێویست بە بەڵگەی زیاتر بکات ئەبینین ڕاستەکات، شیوعیەت چیە ئەگەر تەکنۆلۆجیا نەبێ‌ بۆ دابەشکردنی “ئامرازەکانی بەرهەم هێنان”؟ کە بنەمای سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمی مارکس و ئەنگلسە. یان شیوعیەت چیە “کارەبای ڕەئیسی” نەبێت؟ ئەگەر وەزارەتی تەندروستی بۆ هەموان نەبێت؟ واتە ئەگەر کات بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانیە کۆنەکان کە گوایە بناغەی کۆمەڵگەرایی/کۆلێکتیڤیزم لەوێوە هاتوە، چۆن ئەتوانی دەرەبەگێک ناچار بکەی لە داهاتەکەی بەشی کەسی تر بدات؟ لە ڕاستیدا ئەوە بازدانێکە دەنا دەرەبەگەکەش ئەگەر”تەکنۆلۆجیا”ی کشتوکاڵ نەبێت، کەسێکە ئەبێ‌ بەدوای نێچیرێک یان دار هەنجیرێکدا ڕا بکات تا بتوانێت نان بۆخۆی پەیدا بکات. ئیتر کۆمەڵگەرایی لە کوێیە؟

کام سۆشیالیزم ئەتوانێ باسی ئەوە بکات کە با فڵان شتی هاوبەشمان هەبێ ئەگەر تاکێک داهاتی زیادەی نەبێت؟ ئەبێ تەکنۆلۆجیا/ئامرازی بەرهەم هێنان گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتبێت تا بتوانین باسی خوێندنی گشتی، تەندروستی گشتی، خزمەتگوزاری گشتی و هەروەها دەسەڵاتێکیش چاودێری ئەوە بکات بکەین. بە دەستەواژەی قەبە و ڕیزکردنی چەندین کتێب و ڕۆژنامە کە نوسەرەکەی مەبەستی خۆدەرخستن زیاترە وەک زانیاری دەربڕین بەدڵنیایەوە کەس ناتوانێت هەڵەنجاندنێکی زانستی بکات وەک نوسەری کتێبەکە، نمونەی خراپیش زۆرن لەوانە بابەتی شیوعیەتە لە ویکیپیدیا.

وەک خۆشی ئەڵێت و بە وردبوونەوەی زیاتر لە ڕاکەی نوسەر هەردو کارل مارکس ودواتریش لینین کە خۆی کوڕە ئەریستۆکرات بوە، ئەبوایە چارەکێکی نورسی سەرکەوتوو نەبونایە، کەچی بە پێچەوانەوە لە ناو جەرگەی سەرمایەداریدا بەریتانیا سیستمی تەندروستی خۆڕایی و دواتریش سۆشیال دا ئەمەزرێنێت و گۆڕەکەی مارکسیش لەخۆ ئەگرێت. بۆچی؟ چونکە ئەوان تەرکیزیان لەسەر تەکنۆلۆجیا بوە خەڵکی وەک نورسیش تەرکیزیان لەسەر دەقە هەنوکەیی و کۆنەکان بووە. بناغەی قسەکردن لەسەر شیوعیەت بریتیە لە “ئامرازی بەرهەم هێنان” یان “نرخی بەرهەمهێنان” کە هەردوک ئابورین و ئابوریش تەکنۆلۆجیا هێناویەتیە بوون. ئیتر جیاکردنەوەی مرۆڤ لەسەر ئاستی “بۆرژواز و پرۆلیتار” و قسەی پوچی لەو شێوەیە ئەتوانی لای بێرتراند ڕەسڵ زیاتر لەسەری بخوێنیتەوە (کە خەریکی وەرگێڕانیم) چونکە مرۆڤ هەر مرۆڤە، چ ژن چ پیاو، چ سپی چ ڕەش – یان بگەڕێوە بۆ کتێبی یەکەمی نوسەر “هۆمۆ ساپیەنز” بۆ زیاتر لەسەر ئەمە.

کەوابێت، بە قسەی نوسەر، ئەکرێت چۆن لەناو جەرگەی مەسیحیەتێکی توندڕەودا شۆڕشی ئەقڵاندن و ژیری دروست بوو، ئاواش لەناو کۆمەڵێک موسوڵمانی ڕاستگۆدا جارێکی تر وەک عەباسیەکان خەریکی تەکنۆلۆجیای زانیاری و ژیری دەستکرد بن. هەر نوسەر خۆی لە کتێبەکەیدا ئەڵێت، ئەبوایە ئەستەنبوڵ گالیلۆی دروست کردایە نەک ڕۆما، چونکە ئەستەنبوڵ ئەوکاتە پاریسی ئەوروپا بوو. بۆیە ئازادی مەرج نیە داهێنان لەگەڵ خۆی بهێنێت کە زۆرمان ئەیزانین و هەندێکیش وەک نەعامە سەرمان کردوە بە لمدا. بە کورتی وەک خۆی نوسیویەتی: گرنگ نیە چەن ملیار کەس ئەزانن فڵانە شت بکەن، گرنگ ئەوەیە چەن کەسێک هەبن خەریکی شتانێ بن کەسی تر نەیزانێت.

لە کۆتاییدا، نوسەر لە ڕاستیدا نەک تەنها شیوعیەت، تەواوی فیکری مرۆڤ ئەباتەوە سەر تەکنۆلۆجیا و لە کتێبەکەیدا بە وردی باسی ئەو گۆڕانکاریانە ئەکات کە بەسەر مرۆڤدا هاتوون و وردەکاری ئاینی سەردەم “مرۆڤایەتی” ئەکات کە هیوادارم بابەتێکی تری لەسەر بنوسم، بۆیە شیوعیەت تەنها یەکێکە لە کاریگەریە گەورەکانی تەکنۆلۆجیا لەسەر مرۆڤ. ئەمڕۆش بە ئاشکرا هەموومان ئەبینین کە چۆن تەکنۆلۆجیای زانیاری (نوێترین جۆری تەکنۆلۆجیا) چ گۆڕانکاریەکی بەسەر تەواوی جومگەکانی ژیاندا هێناوە و چیتر دەوڵەتێک دروست نابێ‌ بەبێ ئەوەی “چیرۆکێک”ی تەکنۆلۆجیای لەگەڵدا نەبێت یان بە پشتی تەکنۆلۆجیایەک نەهاتبێتە سەر حوکم.

پاڵەوانمان ناوێ کاولی مەکەن

یەکەمجار کە بیستم ئینسان بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوان پێویستی بەوەیە پێشان کاولکاریەک بکات ئەو کاتە بوو کە بەدوای پەیوەندیە سیخوڕی و سیاسیەکانی خواجە فەتحوڵادا ئەگەڕام. ئەڵبەت لە دوای سەرکوتکردنیان لەلایەن ئەردۆغانی تاغوتەوە هیچ مەبەستێکم نیە چیتر لەسەر ئەو پیاوە بخوێنمەوە. بەڵام وەک وتم لەوێوە لە نوسینی کەسێکی شارەزادا بینیم.

دواتریش کە لەگەڵ زینێ”ی کچم زۆر جار سەری کارتۆنی ئەکرد دیقەتم دا، وابزانم لە جێگایەکی تریشدا نوسیومە، لە کارتۆنی “تری فو تۆم “دا تۆم دایم خۆی شتێکی خراپی ئەکرد و دوایی چاکی ئەکردەوە. ئیتر مەپرسە ئەبوە چ هەرایەک تا ئەمە بکرایە و دنیای تێ ئەگەیاند چیە وەڵا ئەوەی تێکی داوە چاکی ئەکاتەوە.

ئەم ڕۆژانەش چیرۆکی پەیوەست بە ژینگە و ڕاگرتنی هەوای پاکدا ئەنیمەیشن/جوڵاوی “ذە لۆراکس“مان سەیرکرد. لەویشدا کاکم کە خۆی لە خێزانێکی وێراندا گەورە بوو بوو تەنها خەمی دەوڵەمەند بوونە و بۆیە کە بە سوتفە بۆی ڕێ ئەکەوێ لە گەڵای دار جلوبەرگ دروست بکا، دنیا ئەکات بە وێرانە. لەوناوەشدا کرێکارێکی کارگەکەی خۆی کە ئەزانێ هەوای پاک نەماوە دەست ئەکا بە فرۆشتنی هەوای پاک و ئیتر چیرۆکەکە دەست پێ ئەکات. دەی با پاڵەوانێک بێت ئەو دارانەی کاکم بڕینی و خۆشی یەک تۆوی هەڵگرتوە کە “باشترین” کەس بێت بیچێنێت تا دڵنیابێ لە سەرگرتنی، تەواوی چیرۆکەکەیە. کچە هەشت ساڵانەکەم وتی، “تێد” کوڕەکە نا بەڵکو کچە قژ پرتەقاڵیەکە (لە ڕۆژاوا لە کۆندا و ئێستاش گاڵتە بە قژی سور و پرتەقاڵی ئەکرێ) کە ناوی ئۆدریە پاڵەوانە ڕاستەقینەکەیە، کە بەڕاستی خەمی خەڵک ئەخوات و خەو و خەیاڵەکانی خۆی لە دیواری ماڵەکەی ئەکێشێت کە دیسان پێویستی نەئەکرد ببێتە پاڵەوان ئەگەر یەکەمجار دارەکان نەبڕانایەتەوە بۆ پارە.

ئەمە دنیای ئێمەیە لە دو وێنەی جیاوازدا. عەدنان و لیناش هەمان شتن، نەبا وابزانی شتی عەنتیکەم هێناوەتە ناو کوردی و کەلتوری ئێمە. دەی کەمێ زیاتریش بڕۆم ئەڵێم دنیای ئێمە خۆی هیچ نیە ئاوێنەیەکی ئەو چیرۆکانە نەبێ کە یۆنانیەکان و ئێستاش “هۆڵیود” بۆمانی ئەکێشن. بەڵام هەر لە عەدنان و لیناشدا، کە یابانیە چیرۆکەکە، کەسێک پێشتر “جەنگی جیهانی سێیەم”ی دەستپێکردوە بۆیە عەدنانە فەنی ئەبێتە پاڵەوانی ڕزگارکردنی فیلان و فیسار.

بۆیەش ئەتوانین بە خۆمان و ئەوانەی دوای خۆمان بڵێین: تکایە کاولی مەکەن با پێویست نەکا کەس ببێتە پاڵەوان لێمان.

تێبینی: وشەی “هیرۆ”ی ئینگلیزی لە یۆنانیەوە هاتوە و مانای “پارێزەر” یان پشتیوان و لەوبابەتەی هەبوە. ئێ خۆی لە کوردیشدا کەسێک پاڵەوانە چونکە شتێکی کردوە کەسانی تر پێیان ناکرێت.

چەن تێبینیەک دەربارەی سۆشیال میدیا و ژیری باڵا (نەک دەستکرد)

لە بەڵگەنامەییەکدا بەناوی “دوڕیانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان” (وشەی دایلێما بەکار هاتوە کە لە بنەمادا واتە دوڕیانێک، بەڵام مەتەڵ یان کێشەیەکی بێچارەسەریش پڕمانایە لە کوردیدا بۆی، لە ویکیش کراوە بە کێشه) دەربارەی کاریگەری سۆشیال میدیا زۆر لایەنی گرنگی باس کراوە و یەکێکیش لەوانە بابەتی ئالودەبوونی گەنجان و گەورەکانیشە بە شاشەکانەوە. بەردەوام حەزی ئەوەی بزانین چی ڕوی داوە و هەروەها دروستکردنی شورایەک بەدەوری خۆماندا بەو شتانەی بەدڵمانە و دورخستنەوەی هەر شتێک کە لەگەڵ حەز و باوەڕەکانماندا نەگونجێ. هەروا توانای کۆمپانیاکان بۆ بەکارهێنانی تەواوی توانای زانستی و بەتایبەتیش دەرونناسی مرۆڤ بۆ کارتێکردنی بەکارهێنەر و فرۆشتنی کاڵا و “بەکارهێنان”ی بەکارهێنەر تا ئەگاتە ئاستی بەڕۆبۆتکردنی ئینسان.

دەرس وەرگرتن لەم بەڵگەنامەییە، وە کۆمەڵێ کتێب و توێژینەوەی جددی کە لەسەر ئەم بابەتە گرنگە ئەکرێن و ئەنوسرێن لەگەڵ ئەوەی خۆمان بەچاوی خۆمان ئەیبینین زۆرن. لەم کورتە نوسینەدا چەن دانەیەکیان زەق ئەکەمەوە:


١. من گلەیی لە کەس ناکەم نەتوانێ دەست لەم “سۆشیال میدیا”یانە هەڵگرێ. چونکە کەمێکیش بێ وەک کەسەکانی ناو بەڵگەنامەییەکە ئەزانم چ هێزێک لە پشتیانەوەیە کە وا ئەکات نەک کەسێکی ئاسایی، خۆشیان نەتوانن دەرمانەکەی خۆیان نەکێشن.
٢. بۆ خەڵک و دەوڵەتی ئێمە ئەم قسانە وەک هەواڵەکانی تەلەفزیۆنە کوردیەکان وایە. بۆ نمونە لە گەرمەی قات و قڕی لەناکاو هەواڵخوێنەکە ئەیوت: پۆلیسی بەریتانیا پشیلەیەکیان لە مردن نەجات دا. چی سودێکی هەیە تەواوی ئێمەی کورد ببینە پسپۆڕ لە ئالودە بوونی ئینسان بە ئینستاگرم؟ ئەتوانین چی بگۆڕین؟ بەداخەوە هیچ.
٣. تەکنۆلۆجیا وەک خۆیان لە کۆتایی بەڵگەنامەییەکە ئەڵێن، بە یەک دوگمە سەیارەک لەبەردەرگا حازر ئەکات و دەقیق ئەتبا بۆ جێگای مەبەست. کە ئینسان خۆی دانیشتوە بۆ گاڵتەکردن بە گوێچگەی مناڵێکی ١١ ساڵ بەکاری بهێنێ، گوناحی “ڤینت سێرف” (دروستکەری تۆڕی ئینتەرنێت نەک www) یان ئەنیشتاین چیە؟
٤. پێشتر لە بابەتێکدا نوسیبوم کە ناوچەکانی ئێمە ئەبنە ئۆردۆگای داتا. تازە لەوە تێپەڕیوین بزانین خەریکی چین. ئەوان ئەوەتا هەڕەشەی کشاندنەوەی سەرباز ئەکەن نەک ناردنی، ئەو ناوچەیە ئەبێ شەڕی ئەوە بکەن خەڵک داتاکەشیان ببات. ئەوەتا ئیمزا کۆ ئەکەنەوە دەی تخوا با زمانی کوردی بچێتە فڵان سیستم.
٥. بەڕای کەمەشارەزاییەکەی من تا بتوانی باوەش بکە بە تەکنۆلۆجیادا. ئیختیاری ترمان نیە مەگەر حەزت لەوە بێت ماڵی خۆت وێران بکەیت یان خۆت چەواشە بکەیت. کۆمەڵێ ئینسانی باش هەن لە ڕۆژاوا، بەتایبەتی ئەوانەی ناو بەڵگەنامەییەکە پڕهیوان و بە هەموو تواناشیان شەڕی ئەوە ئەکەن ئەم تەکنۆلۆجیا گەورەیە بخرێتە خزمەتی ئینسان نەک دژی.
٦. ئەوەی پێی ئەڵێن “ژیری باڵا” (نەک ژیری دەستکرد) مەترسیدارە و بەڕاستیش توانای لەناوبردنی مرۆڤایەتی هەیە. هەرچەن من گەشتومەتە بڕوایەک کە ئەگەر مرۆڤایەتیش لەناو ببات، هەر سروشت خۆی بڕیاری داوە و دیارە نەمانی ئێمەش هەنگاوێکە لە گەشەسەندن/وێرانبوون کە بە هۆشکردنەوەی مرۆڤدا تێپەڕیوە و وا ڕێکەوتوە/پێویست بوە. بۆ ئەمەیان هیچ‌ بەڵگەیەک شک نابەم و تەنها بیرکردنەوەی خۆمە. یان بە بارێکی تردا، وەک چەکی ئەتۆمی سەیری ئەکەم کە ئەکرێ بەڕاستی مرۆڤایەتی لەناو ببات بەڵام لەوانە نیە کەس بەکاری بهێنێت. یان لانی کەم ئەوە ٥٠ ساڵێکە هەیە و بەکار نەهاتوە.

٧. ئامۆژگاری من بۆ دایک و باوکان ئەمەیە: یەکەمجار خۆت دوور بە، واتە خۆت شتێکی باشتر لەوە بدۆزەرەوە کە بتوانی نمونە بیت بۆ مناڵەکانت. دواییش مەترسیەکانی بگەیەنە بە مناڵەکانت. ئەگەر بتوانی هەر بەکاری نەهێنی ئەوە باشتر (دەنا خاڵی ١ بەکارە) و ئەگەر نەشتوانی گرنگ ئەوەیە زیاتر و زیاتر شارەزای ببی، بزانی کە هەواڵێک یان زانیاریەک ئەبینی چۆن بتوانی پشتڕاستی بکەیتەوە. ئەمە لەوەتەی مرۆڤ هەیە هەر هەبوە هەر وایە، مامۆستا فڵان کەس ئەرێ فیسار کەس وتی فڵان شت وایە، ڕاستە؟ ئێستا مامۆستا فڵان بوە بە گوگڵ، فیسار کەسیش‌ پەڕە و کەسانی دۆست و خزمانتن لە فەیسبوک یان سەرۆکی ئەمریکایە خەریک بڵاوکردنەوەی درۆن.

٨. چارەی بنەڕەتی سەرقاڵیە بە شتی ترەوە چونکە هەموو ئەزانین ئەمانە تەنها کات کوشتنن. ئەمە هەم بۆ خۆت ڕاستە هەم بۆ گەنجێک کە تازە تامی کردوە و چاوەچاوی کوڕ یان کچێکیەتی قسەی لەگەڵ بکات و ڕەسمی ببینێت. ئەگەر کەسەکە خۆی سەرقاڵی وەرزش، هونەر، کار، پیشه یان هەر شتێکی تر بێت ئەوا نەک لە تۆڕەکان زەرەر ئەکات، بگرە قازانجی گەورەتریش‌ ئەکات.

لە کۆتاییدا، ئەوە بزانە کە نەک تۆ ناتوانی جەنگی زەبەلاحێکی وەک فەیسبوک بکەیت، بگرە ناشتوانی بە نەبوون و سەردان نەکردنی خۆت بپارێزی مەگەر بچیت لە ئەشکەوتێکدا بژیت دەنا لانی کەم نزیک ٣٠٪ی مرۆڤایەتی لەناو هەمان دووڕیانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندان.

ڕەتکردنەوەی قسەی پوچ لە سەردەمی کۆرۆنادا

کۆمەڵێ قسەی پوچ هەن، بێ ئەوەی سەرچاوەکەی باس کەم چونکە خێری لێ ئەبینێت، ئەبێ بخرێتەوە ناو ئەقڵە پوچەکەیان.


١. مەرج نیە هەموومان ئەم ڤایرۆسە بگرین. خەڵک وا ٢٠ ساڵە لە سجنە و سوکە ئینفیرادیەکیشە، کەس حەددی نیە بە کەسێکی تر بڵێ “زیڕە بکەی” و “هەر ئەیگری” و ئەم قسانە. هەموو دنیا بیگرێ هەوڵ ئەدەن ئۆجەلان نەیگرێت بۆ نمونە. شاژنی بەریتانیاش خۆی شاردۆتەوە و بەنیاز نیە بیگرێت. بۆیە ئەگەر بڕیارە جەنابت بیگری و ئێمەش وەک تۆ بیگرین، ئەوە ڕای تۆیە نەک زانست.


کەللەپوتەکانی ترەمپ و گوایە پلانێک هەیە و هەندێ لە دینداران بردویانەتەوە بۆ قەوانە شکاوەکەی خۆیان کە گوایە هەندێ پلانی شاراوە هەن:
٢. بابەتی ماسک، هیچ پەیوەندی نیە بە زانستی و نازانستی شتەکانەوە، ئەگەر بڕیارە شتێک هەبێ دژی کردارێک یان ڕێکارێک بۆ نمونە بەستنی ماسک یەکەم کەسێک قسەی هەبێ لەمەدا تاقیکردنەوە و بەڵگەی زانستیە، یان لانی ڕای زۆرینەی پزیشکانە نەک دانە و دوان. ئای ماسک هەوای هەڵمژراو پیس ئەکات و ئۆکسجین کەم ئەکاتەوە تەنها قسەی پوچە تا بەڵگەیەک. ئەبێت. وا ئەزانی سەیارە ٨ بستۆنەکەی جەنابت هەوا پاک ئەکاتەوە؟

٣. ئای وەڵا تەکنۆلۆجیا فڵان و فیسار شت ئەکات. بە تایبەتی بابەتی نەوەی پێنجەمی مۆبایل، خۆزگە مامۆستایەکی فیزیای شارەزا قسەی ئەکرد. خۆ مەتەڵ نیە، دیسان بابەتەکە زانستیە. تیشک لەرەی بەرزترە لە ڕادیۆ بۆیە ئەبینرێ. بە گشتیش لەرە ئەوەیە کە لە وێنەکەی خوارەوە نیشاندراوە بە خێراییەکەی. ئەگەر لەرەکە لە ڕێژەی ڕەنگەکان بەرزتر بوو هەر نابینرێت وەک لە ڕەسمەکە هەیە. لەبەر ئەوەی لەرەش وزەیە ئەکرێ ئەو وزەیە کار بکاتە سەر نەک مرۆڤ هەموو شتێک. لە ئاستی سەرو بنەوشەیی و تەبیعی ئەشیعەی پزیشکی ئیتر کار ئەکاتە سەر خانەکان، لە خوار ئەوەوە مەگەر ترەمپ دروستی بکات و کەم ئەقڵ یان خەڵەفاو بڕوای پێ بکات. ئەوەش بزانە پێویست ناکا ئامێرێکت پێ بێ تا بەرت بکەوێ، تاوەر (قولە)کان زۆربەی دنیایان تەنیوە. مەگەر بڕۆی جێگایەک پەیا بکەی کە شەپۆلی تێدا نەبێ وەک ساڵی ١٥٠٠.

بەربڵاوی جەهالەت لەناو ئێمەدا:

٤. ئەمەیان ڕای منە و زانستی نیە: لە دۆڵی بێهیوایی ئەژیت ئەگەر لە ڕۆژاوا بژیت و بابەتی سەرچاوەی کوردی بڵاو بکەیتەوە، هەر هیچ نەبێ فێری زمانی وڵاتەکەت ببە و بە زمانەکەی خۆیان بڵاوی کەرەوە، خۆ کوردیەکە هەر وەرگێڕدراوی ئەوانە. ئەمەش بە تایبەتی کاتێ چەن بنەماڵەیەکی دز و پیاوکوژ تەواوی خەڵکەکەیان برسی کردبێ و ڤایرۆسەکەشیان بەردابێتە گیانیان تۆش بچی ئەوەی ئەوان کردویانە بە ئەمری واقیع بەوەی یاسای دارستان بەکارە تیایدا و نەک هەر بۆ ڤایرۆس، بۆ کڕینی کیلۆیەک تەماتەش کێ بەهێزتر بێ زووتر ئەیکڕێت.


٥. دیسان ڕای منە و زانستی نیە: ئینسانی خوێنەواری ئێمە تەنها عەبدوڵا پەشێو بەجوانی ئەتوانێ تەعبیر لە مێشک پوچیان بکات.
ئاگات لە دایک و باوکە پیرەکەت بێ. نە “ولا تقل لهما اف” و نە ڤایرۆسیشیان تێ بەردە. واتە نە ئەمپەڕ بگرە و نە ئەوپەڕیش. هەمیشە خیر الامور بەڕاستی ناوەڕاستەکەیەتی.

سەرچاوەکەی ئەم بابەتە بی بی سیە کە بە زمانی ئاسایی نوسراوە، سەرچاوەی دوەم گرنگ نیە چونکە ئەو گەرمیانە هەمووی پێویستی بە دڵنیابونەوە هەیە.

داهێنان بکە با دڵت خۆش بێ

“ئەکرێ دوو جۆر شتی چاک جیا کەینەوە، لەگەڵ دوو بۆهاتن (غەریزە). شتی چاک هەن کە ئەکرێ کەسانێک ببنە خاوەنیان و بیبەن بۆ خۆیان، شتانی چاکی تریش هەن کە ئەکرێ هەموان وەک یەک خاوەنیان بین. خواردن و جلوبەرگی پیاوێک هی کەسێکی تر نیە، ئەگەر هاتو دابینکردنیان کەموکوڕی تیابوو، ئەوا ئەوەی کەسێک هەیەتی لەسەر حیسابی کەسێکی تر پەیدای کردوە. ئەم یاسایە بەسەر شتە مادیەکاندا ئەچەسپێ بەگشتی، و بەشی هەرە گەورەی ئابووری ئێستای جیهانیشە. بەڵام لەولاوە، شتی چاکی ئەقڵی و ڕۆحی هی یەک کەس نین بێ ئەوەی هی کەسێکی تر بن. ئەگەر کەسێک خاوەن زانستێک بێت، ئەوە ڕێگر نیە لەوەی کەسانی تریش بیزانن، بە پێچەوانەوە، یارمەتیشیان ئەدات ئەوانیش فێری ببن. ئەگەر کەسێک هونەرمەند یان شاعیر بێت، ئەوە ڕێگر نیە لەوەی کەسانی تریش وێنە بکێشن یان شیعر بنوسن، بەڵکو هاوکاری ئەوە ئەکات کە کەشوهەوایەک دروست ببێ کە شتی وا تێدا بکرێت. ئەگەر کەسێک پڕ بێ لە نیەتی-باش بەرامبەر کەسانی تر، ئەوە مانای ئەوە نیە کە ئیتر نیەتی باش کەمبۆتەوە تا بەشی هەموان بکات، تا کەسێک نیەتی-باشەی زۆرتر بێ، ئەگەری بەخشینەوەی بە خەڵکانی تر زیاتر ئەبێت. لەو بابەتانەدا شتێک نیە بەناوی ‘خاوەندارێتی’، لەبەر ئەوەی بڕێکی دیاری کراو نیە کە بەش بکرێت، هەر زیادبوونێک لە هەر جێگایەک ئەبێتە هۆی زیادبونی لە جێگاکانی تر.

دوو بۆهاتنیش هەن لە مرۆڤدا، کە بەرامبەرن بەو دوو جۆرە لە شتی چاک. هەستی ‘بۆهاتنی خاوەندارێتی’ کە ئامانجی ئەوەیە شتی چاک پەیدا بکات یان بهێڵێتەوە لای کەسەکە کە ناکرێ بەش بکرێن، ئەمە بریتیە لە چەقی هەستی ‘خاوەندارێتی’. هەروەها هەستی ‘داهێنان’ یان دروستکردن هەیە کە ئامانجی ئەوەیە جۆرێکی تر لە شتی چاک بهێنێتە دنیاوە یان بەردەستی بکات بۆ بەکارهێنان کە تیایدا نە خاوەندارێتی لەگەڵە نە شاردنەوە.

باشترین ژیان ئەو ژیانەیە کە هەستی داهێنان زۆرترین ڕۆڵی هەبێت و هەستی خاوەندارێتیش کەمترین. ئەمە داهێنانێکی تازە نیە، ئینجیل ئەڵێ “بیر لەوە مەکەرەوە کە چی بخۆین؟ چی بخۆینەوە؟ یان چی لەبەر بکەین؟” ئەو بیرکردنەوەیەش کە ئەیدەین بەم شتانە لابراون لەسەر شتانێک کە بایەخیان زیاترە. لەوەش خراپتر، ئەو خوەی وات لێ بکات بیر لەم شتانە بکەیتەوە خویەکی خراپە، چونکە ئەتبا بەرەوە کێبڕکێ، حەسودی، زاڵبوون، دڕندایەتی و نزیک هەموو ڕەوشتێکی خراپ کە دنیای پیس کردوە. بە تایبەتیش، ئەڕوات بەرەو بەکار هێنانی هێز بۆ ڕاوکردن. شتانی ماددی ئەکرێ ببرێن بەهێز و دزێک لەزەتیان لێ ببینێت. شتانی ڕۆحی بەم شێوەیە نادزرێن. ئەکرێ هونەرمەندێک یان بیرمەندێک بکوژی، بەڵام ناتوانی هونەرەکەی یان بیرکردنەوەکەی ببەی بۆخۆت. ….”

بێرتراند ڕەسڵ، کتێبی ‘ئایدیالە سیاسیەکان’. ١٩١٧