شیوعیەت یان سۆشیالیزم چیە ئەگەر تەکنۆلۆجیا نەبێت؟

نوسەری “مرۆڤەخودا” – هۆمۆ دیوس – ئەڵێ هۆکاری ئەوەی مەهدیەکەی سودان سەرکەوتو نەبوو وەک کارل مارکس، تەبیعی ئەو ناوی نورسی نازانێ، من ئەڵێم کەسێکی وەک سەعیدی نورسیش، ئەوەیە کەوا کارل مارکس و جەماعەت زیاتر دیراسەی تەکنۆلۆجیای سەردەمیان کردبوو.

یەکەم جارە ئەبیستم نوسەرێک بڵێ شیوعیەت یان ئەوەی لە هەڵەبجە کردبویان بە جڕوجانەوەر لێمان “کۆمۆنیزم” هیچ نیە ڕەنگدانەوەی تەکنۆلۆجیای سەردەم نەبێت. کە وردیش ئەبینەوە بێ ئەوەی پێویست بە بەڵگەی زیاتر بکات ئەبینین ڕاستەکات، شیوعیەت چیە ئەگەر تەکنۆلۆجیا نەبێ‌ بۆ دابەشکردنی “ئامرازەکانی بەرهەم هێنان”؟ کە بنەمای سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمی مارکس و ئەنگلسە. یان شیوعیەت چیە “کارەبای ڕەئیسی” نەبێت؟ ئەگەر وەزارەتی تەندروستی بۆ هەموان نەبێت؟ واتە ئەگەر کات بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانیە کۆنەکان کە گوایە بناغەی کۆمەڵگەرایی/کۆلێکتیڤیزم لەوێوە هاتوە، چۆن ئەتوانی دەرەبەگێک ناچار بکەی لە داهاتەکەی بەشی کەسی تر بدات؟ لە ڕاستیدا ئەوە بازدانێکە دەنا دەرەبەگەکەش ئەگەر”تەکنۆلۆجیا”ی کشتوکاڵ نەبێت، کەسێکە ئەبێ‌ بەدوای نێچیرێک یان دار هەنجیرێکدا ڕا بکات تا بتوانێت نان بۆخۆی پەیدا بکات. ئیتر کۆمەڵگەرایی لە کوێیە؟

کام سۆشیالیزم ئەتوانێ باسی ئەوە بکات کە با فڵان شتی هاوبەشمان هەبێ ئەگەر تاکێک داهاتی زیادەی نەبێت؟ ئەبێ تەکنۆلۆجیا/ئامرازی بەرهەم هێنان گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتبێت تا بتوانین باسی خوێندنی گشتی، تەندروستی گشتی، خزمەتگوزاری گشتی و هەروەها دەسەڵاتێکیش چاودێری ئەوە بکات بکەین. بە دەستەواژەی قەبە و ڕیزکردنی چەندین کتێب و ڕۆژنامە کە نوسەرەکەی مەبەستی خۆدەرخستن زیاترە وەک زانیاری دەربڕین بەدڵنیایەوە کەس ناتوانێت هەڵەنجاندنێکی زانستی بکات وەک نوسەری کتێبەکە، نمونەی خراپیش زۆرن لەوانە بابەتی شیوعیەتە لە ویکیپیدیا.

وەک خۆشی ئەڵێت و بە وردبوونەوەی زیاتر لە ڕاکەی نوسەر هەردو کارل مارکس ودواتریش لینین کە خۆی کوڕە ئەریستۆکرات بوە، ئەبوایە چارەکێکی نورسی سەرکەوتوو نەبونایە، کەچی بە پێچەوانەوە لە ناو جەرگەی سەرمایەداریدا بەریتانیا سیستمی تەندروستی خۆڕایی و دواتریش سۆشیال دا ئەمەزرێنێت و گۆڕەکەی مارکسیش لەخۆ ئەگرێت. بۆچی؟ چونکە ئەوان تەرکیزیان لەسەر تەکنۆلۆجیا بوە خەڵکی وەک نورسیش تەرکیزیان لەسەر دەقە هەنوکەیی و کۆنەکان بووە. بناغەی قسەکردن لەسەر شیوعیەت بریتیە لە “ئامرازی بەرهەم هێنان” یان “نرخی بەرهەمهێنان” کە هەردوک ئابورین و ئابوریش تەکنۆلۆجیا هێناویەتیە بوون. ئیتر جیاکردنەوەی مرۆڤ لەسەر ئاستی “بۆرژواز و پرۆلیتار” و قسەی پوچی لەو شێوەیە ئەتوانی لای بێرتراند ڕەسڵ زیاتر لەسەری بخوێنیتەوە (کە خەریکی وەرگێڕانیم) چونکە مرۆڤ هەر مرۆڤە، چ ژن چ پیاو، چ سپی چ ڕەش – یان بگەڕێوە بۆ کتێبی یەکەمی نوسەر “هۆمۆ ساپیەنز” بۆ زیاتر لەسەر ئەمە.

کەوابێت، بە قسەی نوسەر، ئەکرێت چۆن لەناو جەرگەی مەسیحیەتێکی توندڕەودا شۆڕشی ئەقڵاندن و ژیری دروست بوو، ئاواش لەناو کۆمەڵێک موسوڵمانی ڕاستگۆدا جارێکی تر وەک عەباسیەکان خەریکی تەکنۆلۆجیای زانیاری و ژیری دەستکرد بن. هەر نوسەر خۆی لە کتێبەکەیدا ئەڵێت، ئەبوایە ئەستەنبوڵ گالیلۆی دروست کردایە نەک ڕۆما، چونکە ئەستەنبوڵ ئەوکاتە پاریسی ئەوروپا بوو. بۆیە ئازادی مەرج نیە داهێنان لەگەڵ خۆی بهێنێت کە زۆرمان ئەیزانین و هەندێکیش وەک نەعامە سەرمان کردوە بە لمدا. بە کورتی وەک خۆی نوسیویەتی: گرنگ نیە چەن ملیار کەس ئەزانن فڵانە شت بکەن، گرنگ ئەوەیە چەن کەسێک هەبن خەریکی شتانێ بن کەسی تر نەیزانێت.

لە کۆتاییدا، نوسەر لە ڕاستیدا نەک تەنها شیوعیەت، تەواوی فیکری مرۆڤ ئەباتەوە سەر تەکنۆلۆجیا و لە کتێبەکەیدا بە وردی باسی ئەو گۆڕانکاریانە ئەکات کە بەسەر مرۆڤدا هاتوون و وردەکاری ئاینی سەردەم “مرۆڤایەتی” ئەکات کە هیوادارم بابەتێکی تری لەسەر بنوسم، بۆیە شیوعیەت تەنها یەکێکە لە کاریگەریە گەورەکانی تەکنۆلۆجیا لەسەر مرۆڤ. ئەمڕۆش بە ئاشکرا هەموومان ئەبینین کە چۆن تەکنۆلۆجیای زانیاری (نوێترین جۆری تەکنۆلۆجیا) چ گۆڕانکاریەکی بەسەر تەواوی جومگەکانی ژیاندا هێناوە و چیتر دەوڵەتێک دروست نابێ‌ بەبێ ئەوەی “چیرۆکێک”ی تەکنۆلۆجیای لەگەڵدا نەبێت یان بە پشتی تەکنۆلۆجیایەک نەهاتبێتە سەر حوکم.

ئایدیاڵ چیە؟

ئایدیاڵ چیە؟

وشەی ئایدیاڵ ئەکاتە نمونەیی، خەیاڵی. لە فیکر و فەلسەفەدا بابەتێکی ئەبوایە سادە بوایە، بەڵام جاروبارە هەست ئەکەی زۆر قوڵە. لێرە ناتبەم بۆ ئەو دۆڵ و نشێوە و هیوادارم سادەی بکەمەوە بۆت. چونکە خۆشم بە ناچاری هەندێ شت دیراسە ئەکەم ئەگینا چاک ئەزانم تەنها کات کوشتنە و خەڵکانێک کە شتێکی باشتر نیە بیکەن خەریکی ئەو هەندێ بابەت ئەبن. ئێ بێرتراند ڕەسڵیش، ئەوەندەی من ئەیپەڕێنم لە کاتی خوێندنەوەدا، کەمتر بەڕاستی خۆی بە شتانێکەوە خەریک ئەکات کە کات کوشتن بێت.

بەڵام ئەمە گرنگە، وە لە کوێشدا بابەتەکە ئەوروژێنێ، کاتێ یوتۆپیا (مەدینە فازیلە)ی ئەفلاتوون ڕەخنەکاری ئەکات. لێرەوە دەست پێئەکات: “یوتۆپیا – مەدینە فازیلەیەک – ئەگەر بە جددی وەرگیرابێ، ئەبێ شتە نموونەییەکانی دروستکەرەکەی تیا بەدی هاتبێ” واتە ئەگەر تۆش خاوەن کۆمەڵێ ئەفکاری نموونەیی بی و لەناکاو کۆیان بکەیتەوە ئەکاتە مەدینە فازیلەیەک. ئەمە لایەنی ئەوەی کە بۆچی شتێکە لە مەدینە فازیلەوە هاتوە.

کەواتە، ڕەسڵ وتەنی با دەقەیەک بزانین “نموونەیی” یان ئایدیالێک چیە؟ شتێکە گوایە بۆ هەموو کەسێک ڕاستە/باشە. بۆ نمونە هەقە هەموو کەسێک دڵی خۆش بێت. هەمان نمونەی ڕەسڵم هێنایەوە، با لەسەری بەردەوام بین. بۆچی باشە هەموومان دڵمان خۆش بێت؟ چونکە من و تۆی خوێنەریش وا ئەزانین. باشە، چی تریش؟ من و تۆی خوێنەر حەزمان لەو شتەیە، حەزەکەین دڵمان خۆش بێت. کەواتە نموونەیی یان ئایدیال شتێکە جارێ خاوەنەکەی خۆی حەزی لێیەتی. بەڵێ وەک شتە زۆر تایبەتەکانی تر نیە و خۆی ئەزانێ هەموو کەسێکی تر حەزیان بۆ نمونە لە سەروپێ نیە، بەڵام هەست ئەکا هەموو کەسێک پێی خۆشە دڵی خۆش بێت.

ئا لێرەیە بێرتراند ڕەسڵ نموونەیی، ئایدیال هەڵئەوەشێنێ و دەست ئەخاتە سەر ئەوەی کە نموونەییش بۆخۆی هی کەسێکە. حەزی کەسێکی ترە وا ئەزانێ خەڵکانی تریش پێیان خۆشە. ئیتر ئەتوانی بڕۆی تەواوی نموونەکانی ناو ڕیپەبڵیک/مەدینە فازیلەی ئەفلاتوون یان هەرکەسێکی تر، هەر پیاوێکی تری دینی بهێنی و بەهەمان شێوە ئەگەیتە ئەو ئەنجامەی لە بنەمادا کەسێک وتوویەتی. ئیتر ئەوی تری خۆت ئەیزانی، کە شتێک کەسێک وتی ئەکرێ وانەبێ بۆ هەموو کەسێکی تر.

ڕوونتر، بێرتراند ڕەسڵیش ئەڵێ نموونەیی کاتێ ڕوون ئەبێتەوە کە حەزی کەسێکە، بۆ نموونە شەهیدی ڕێگای کوردستان، کە لەگەڵ تورکێک باسی بکەی، ئەو یەکسەر ئەڵێ نەخێر شەهیدی ڕێگای کوردستان تیرۆریزمە، واتە ئیشکال دێتە پێشەوە. کە ئیشکالێک هاتە پێشەوە ئیتر دەرئەکەوێ نموونەییەکە/ئایدیالەکە بۆ هەموو کەسێک نابێت.

لە کۆتاییدا، دوو شت: یەک خۆت ئەتوانی بزانی کاتێ خەڵک وشەی قەبەی وەک “ئایدیالیست” و “ئایدیالیزم” بەکار ئەبا ئەتوانی بیهێنیتەوە سەر هەمان مانا و تێگەشتن. دووەمیش: گشتگیری ئەم بابەتە هەرچەن بیری لێ ئەکەمەوە گەورەترە لە کۆی نموونەکانی. مەسەلەکەش بچووککردنەوەی نموونەکان نیە، نموونەکان یەکجار گەورەن. بەڵام بۆخۆی هەست ئەکەم ئەبەسترێتەوە بە قسەکەی پرۆفیسۆر حەراریەوە کە بەڵێ تەواوی فیکری بەشەر ئەفسانەیە

هۆش چیە؟

فەلاسیفە وای قوڵ ئەکەنەوە زۆرجار سەر بەرز ئەکەیتەوە و هیچ حاڵی نەبویت.

پێناسەکەی سادەیە لە قاموس، ئەوەی بە عەرەبی پێی ئەوتری “وعی” و ئەوەی ئێمەی کوردی ئێراق هەر بەو کەلیمەیە ناسیومانە، تازە هەڵکەوتوە کوردەکان دار و بەردی وشەی کوردیان شێواندوە. لە ئۆکسفۆرد هەر ئەوەیە کە بۆ دژی “بێهۆش”ی جەستەیی بەکاردێ، واتە کەسێک کە بێ ئاگا ئەبێ لە دەوروبەرەکەی، وشە پزیشکیەکە گەر هەبێ نایزانم، بەڵام ئەو دۆخەی ئاگات لە خۆت نیە و دوایی دێیتەوە “هۆش”. بۆ نمونە شتێک کەوتوە بەسەرتا و لەهۆش خۆت چووی تا خەستەخانە.

هەمان دۆخ بۆ ئەقڵی بەشەر “هۆش”ە، واتە کەسێک کە ئاگای لە خۆیەتی و هەڵئەسێ و دا ئەنیشێ و ئەخوات و ئەخەوێ بەڵام ئاگای لە کار و کردارەکانی نیە، کەسێکی بێهۆشە. جا ئەمە یەک ئاست خوارتر/سەرتری هەیە کە مەبەستی ئەم بابەتەی منە، پرۆفیسۆر حەراری لەو کتێبەی پێشتر ناوم هێناوە لەم بابەتە، باسی ئەوە ئەکات کەوا 30 هەزار ساڵێ لەمەوبەر بەشەر “شۆڕشی بەهۆش هاتنەوە”ی بەسەردا هاتوە، من زۆر بەینم لەگەڵ وشەی “شۆڕش”دا نیە، بەڵام قسەی ئەوە، وە ئەڵێ هۆکارەکەشی نەزانراوە. تیایدا گوایە بەشەر بۆ یەکەمجار بۆ نمونە زانیویەتی کەوا خۆی جیاوازە لە دەوروبەرەکەی. زانیویەتی کە دار نەرمترە لە بەرد بۆ نمونە. تەبیعی نە ئەو نە کەسی تر نازانن 30 هەزار ساڵ لەمەوپێش بەشەر چی لە مێشکیدا بوە چونکە ئەوەندە هۆشی نەبوە تا بتوانێ چ دەری ببڕێ چ بۆ نەوەکانی دوای خۆی بەجێ بهێڵێت.

نمونەیەکی زەقتر تەمەنی مناڵیە، هەموو کار و چالاکیەک ئەنجام ئەدەی، بگرە خۆشترین یادگاریت هەیە بەڵام ئاگات لە خۆت نیە و سوکە بێهۆشێکیت، بەڵی ئەزانی دار و بەرد لەیەک جیا بکەیتەوە بەڵام ئاگات لێ نیە کە بۆ نمونە، بەردانەوەی ئاوی زۆر کرێی ئاوەکە زیاتر ئەکات یان بەهەدەردانیەتی. جا ئەکرێ هەمان نمونە بەکار بهێنین بۆ ئەوەی بڵێین ئەکرێ هۆشیش وەک پرۆگرامی کۆمپیوتەر چەن ئاستێکی هەبێت. ئەمەیان کەمێ ئاڵۆزە، نامەوێ وەک لەسەرەوە وتم وەک هەندێ بەناو فەیلەسوف قسە بکەم، ئەمەوێ نمونەی ڕوون بهێنمەوە، بەڵام نمونەی پرۆگرامی کۆمپیوتەر بۆ هەموو کەسێک ڕوون نیە. بەداخەوە لای من باشترین نمونە ئەوەیە چونکە ئیشەکەم ئەوەیە.

بە کورتی، بۆ ئەوەی بەهۆش بیت، پێویست ئەکا زانیاریەکی یەکجار زۆرت هەبێ دەربارەی خۆت، دەوروبەرەکەت، ڕابردوو و هەروەها هەندێ زانیاری نەگۆڕیش دەربارەی داهاتوو. تا جێگای خۆت هەم لە چوارچێوەیەکی بچوکی جوگرافی و مێژووییدا ببینیت هەم لە چوارچێوەیەکی یەکجار گەورەی جوگرافی و مێژوویدا. کە ئەڵێم جوگرافی مەبەستم فیزیاییە واتە شتانێک کە مادەن و ئەکرێ بە هەستەکانمان هەستی پێ بکەین. کە ئەڵێم مێژوویی مەبەستم کاتە کە لێرەدا ڕوونم کردۆتەوە کە ئەکرێ تەواو دروست نەبێ چونکە چەن سەد ساڵێک کۆنە ئەو ڕوونکردنەوەی جۆن لۆک.

گرنگ ئەوەیە بزانین کە مرۆڤ هەمیشە ئاوا “ئەقڵ”/هۆشی نەبوە بزانێ نوسینی ئەم چەندێڕە ئەکرێ تەنها کات بەسەر بردن بێت. شتەکە لەچاو تەمەنی 200 هەزار ساڵەی بەشەردا تەنها 30 هەزار ساڵە نیشانەکانی ئەوترێ کە پەیا بوە.

ئەمە ئەو هۆشەیە کە ویستم بە دوو پەرەگرافی کورت بیناسێنم بێ ئەوەی هیچی تر باس بکەین.

تەواوی فیکری بەشەر ئەفسانەیە

پێش هەموو شتێ:

١. ئەوە بزانە کە خوێنەری بەڕێز تۆ جۆرێکی لە مرۆڤ بەناوی “هۆمۆ ساپیەن“، جۆرەکانی تری مرۆڤ وەک “نیاندەرتاڵ” کە ئێمە هەموو لە مەکتەبەکانمان خوێندومانە، وابزانم بە هەڵە، لەناوچوون. تەنها ساپیەن ماون چونکە “هۆمۆ” واتە مرۆڤ و ساپیەن واتە “ژیر“/ئاقڵ لەبەر ئەوەی ژیرتر بوون لە جۆرەکانی تری مرۆڤ. مەڕۆ بۆ بەزمی مەیمون و شت، با نەکەوینە چەلەحانێوە. بەڵام گرنگە بزانی کە زۆربەی زانایانی زیندەوەرزانی کۆکن لەسەر ئەوەی هۆش/دەرکی بەشەر تازەیە و هەمیشە وا نەبوە. بۆ کەسێکی باوەڕدار، ئەمە قسەی پوچە. ئەوە بابەتێکی ترە کە دیسان با نەچینە ناوی.

٢. پێشتر نوسیومە کە لانی کەم لای جۆن لۆک سەرچاوەکانی فیکر لە کوێوە دێن.

پێشتر وشەی خورافەم بەکارهێنابوو بەڵام پڕ بە پێستێتی نەبوو نا، وشەی ئەفسانە بەرامبەر بە عەرەبی و فارسی وشەی اسطورە بەرامبەر mythی ئینگلیزیەکەیەتی. نوسەر حەراری لە کتێبەکەی کە پێشتر باسم کرد، تەواوی فیکری بەشەر بە خورافیات، بە داستان ناو ئەبات. لە ئاینە ئاسمانیەکانەوە بۆ مرۆڤدۆستی/مرۆڤایەتی، نەتەوایەتی، سەرمایەداری و هتد.

چۆن؟

ئەو کە مێژوونوسە لە ١٠٠هەزار ساڵ پێش ئێستاوە دەست پێ ئەکات، کە وەک کەسێک بە باوەڕی بە بیردۆزی گەشەسەندنی داروین هەیە، ئەڵێ لە نێوان ٧٠ هەزار ساڵ تا ٣٠ هەزار ساڵ پێش ئێستادا گۆڕانکاریەکی نەزانراو لە مێشکی ئەم جۆرەی ئێمە لە مرۆڤ (هۆمۆ ساپیەن)ەکاندا ڕوویدا کە بوە هۆی ئەوەی ئەو ناوی ئەنێ “شۆڕشی دەرککردن”. لە بەشی “درەختی زانیاریدا” بە درێژی باسی ئەوە ئەکات کە چۆن تەواوی ئاین، فەلسەفە و ئایدۆلۆجیاکانی بەشەر بەرهەمی فیکری بەشەرن و گەورەترین کاریشیان “پێکەوە کارکردنە”. واتە، بۆ نمونە نەتەوایەتی، ئیشی ئەوەیە نەتەوەیەک، بۆ نمونە ئەڵمان، بتوانن هەموویان بێ ئەوەی کەسی بەرامبەر بناسن، ڕێکەوتبن لەسەر ئەوەی چۆن هەڵس و کەوت لەگەڵ یەکتر بکەن، کە بەڕای من، کە ئەو ناوی ناهێنێ سیستمی پەرلەمانی و کتبێەکەی (بەستەری عەرەبی) جان جاک ڕۆسۆش هەمان کار ئەکات.

کەواتە تەواوی فیکری بەشەر لە خزمەت ئەوەدایە کە کۆمەڵگایەک ڕێک بخەن پێکەوە هەڵس و کەوت بکەن. کە دیسان ئەمەش لەگەڵ قسەیەکی ئاینیشتاین یەک ئەگرێتەوە کە مرۆڤ بە جینات پێشنەکەوتوە، بەڵام لە ڕێکخستنی ژیاندا یەکجار پێشکەوتوە. ئەو لەمە زیاتریش ئەچێتە پێشەوە و ئەڵێ تەواوی پێشکەوتنی بەشەر مرۆڤایەتی لە یەکتر نزیکتر کردۆتەوە و کارێکی کردوە کە چیتر کەس ناتوانێ دەوڵەتێ، ئاینێ، سیستمێکی بۆ خۆی هەبێ و دابڕێ لە خەڵکی تر، کە باشترین نمونەش کۆریای باکورە کە حاڵیان چۆنە. کەوابێ دیسان مەنتیقیە قسەکەی چونکە ئەبێ گەر بۆ کۆمەڵێ “هۆمۆ ساپیەن” ڕاستبێ ئەبێ بۆ هەموومان ڕاست بێت.

بەو شێوەیەش ئەڵێ کە بۆ نمونە سەرمایەداری، وا لە مرۆڤەکان ئەکات دوای ئەوەی چەن قسەیەک کرا و ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی مرۆڤی یەک کار بۆ مرۆڤی دوو بکات، ئیتر بەیانیان کاتژمێر ٨ی بەیانی تا ٥ی ئێوارە مرۆڤی یەک ئەزانێ چی ئەکات و چی ناکات. بەرامبەر ئەوەش چاوەڕوانە مرۆڤی دوو سەری هەفتە/مانگ مەعاشەکەی بۆ بنێرێت. هەروا سیستمێکی فەرمانڕەوایی بۆ نمونە پاشایەتی، هەموو زانیویانە تا ڕادەیەکی باش کە کێ ئیشی چیە و چۆن چۆنی هەڵس و کەوت بکات لەگەڵ کەسێکی تر. لە ئاینی ئیسلامیشدا ئاشکرایە کە پێویست ناکا کەسانی تر لە مزگەوت بناسی و تەنها بەوەی هەردوولا لەسەر ئاینی ئیسلام بن، ئەوا خوشک و برای دینین. خوشک و برایەتیش بۆخۆی، کە بە سیستمی خێزانیی “ناوک”/ئەتۆمی ئەزانرێ، لە هەردوو نمونەکە ڕوونتر و جوانتر دەری ئەخات کە لە خێزانێکدا هەڵس و کەوت لەگەڵ یەکتر ئەبێ چۆن چۆنی بێت.

لە کۆتایشدا دوو شتی تر بڵێم: یەک ئەو ئەڵێ کە گرنگترین شتی ئەم “ئەفسانانە” ئەوەیە کە نابێ بوترێ ئەفسانەن، وە دوەم شتیش ئەوەیە کە زۆر لە یەکتر ئەچن. ئیتر سەلماندنی ئەوەی کە بۆ نمونە چۆن ئەکرێ نەتەوایەتی، سەرمایەداری، کۆمۆنیزم، ئیسلام، مەسیحیەت و هتد هەر یەکەیان ئەفسانەیەک/داستانێک بن بۆ بەڕێوەبردنی مرۆڤ، ئەوەیان باوەڕ ناکەم بتوانم لەسەری بنوسم، چونکە باشترین ئیش ئەوەیە کە کتێبەکە وەرگێڕدرێت. بەڵام جێگای ئەوەیە کە لە داهاتوو بەسەریدا بچمەوە و زیاتر بیری لێ بکەمەوە و بزانم چ توێژینەوەی تر لەم بوارەدا لەلایەن خەڵکی ترەوە کراوە.

سەرمایەداری چیە؟

بۆ من کە کاتێکی وا شک نابەم بۆ زۆرێک لەم بابەتانەی لەسەریان ئەنوسم، ڕای کەسێک یان بیردۆزێک بەسە پەسەند بێ لەلام تا ئەوکاتەی شتێکی باشتر یان ڕاست ئەکرێتەوە بۆم. لەگەڵ وتنی ئەمەشدا ڕاستیەکەی تا ئێستا دانەنیشتووم خوێندنەوەیەکی قوڵ بۆ سەرمایەداری بکەم. بەڵام هەمیشە بناغەی سەرمایەداری یان کەپیتاڵیزمم بە پێناسەکەی خۆی وەرگرتوە کە لە ئۆکسفۆردیش ئەمەیە: خاوەنێتی موڵک و سەرمایە لەلایەن تاکەوە نەک دەوڵەت، بەڵام لە ویکیپیدا ئەم پێناسەیە دانراوە و سەرچاوەکانی لەوێ ڕیزکراون:

خاوەنێتی موڵک و سەرمایە لەلایەن تاکەوە و بەکارهێنانی بۆ قازانجی زیاتر.

پرۆفیسۆر حەراری لە کتێبەکەیدا شتێکی تر ئەڵێ کە من نەمبیستبوو دەربارەی سەرمایەداری. دیسان لە چوارچێوەی شێوازی پێشکەوتنی ڕۆژاواییەکان کە لەبابەتی پێشوو وتمان جیاواز تەماشای زانست و زانینیان کردوە. بەوە دەست پێ ئەکات کە فەیلەسوفی سکۆتلەندی ئادەم سمیث و دامەزرێنەری ئابووری نوێ، پێناسەی کەپیتالیزمی جیاواز کردوە.

گوایە سمیث وتویەتی کە سەرمایەداری بریتیە لە بەکارهێنانەوەی تەواوی سەرمایەکە دوای ئەوەی زیادەیە لە بەخێوکردنی خێزان و پێداویستیەکانی خاوەن سەرمایەکە بۆ دروستکردنی کار و بەرهەمی تر بە خەڵکی دەوروبەر. ئەمەش مەعنای وایە، تا کەسێک دەوڵەمەنتر بێ، کەسەکانی چواردەوری یان کرێکارەکانی زیاتر سودی لێ وەرئەگرن، کە باشترین نمونە لە مێشکی مندا کەسابەتەکەی خاوەن ماستی چۆبانیە کە کوردە و زۆرێکیش لەم کوردانەی لە دەرەوە کار و کەسابەت ئەکەن. وە ئەمەشم لەگەڵ دۆستانی نزیک زۆرجار باسکردوە بەڵام نەمزانیوە کە ئادەم سمیس پێش ٣٠٠ ساڵ باسی کردوە و بەبیردۆز خستویەتیە ڕوو.

پرۆفیسۆر حەراری ئەوەش ڕوون ئەکاتەوە کە لەسەر ئەو بنەمایە، گەر کەسێک یان کۆمپانیایەک، سەرمایە کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی لە خەڵکی دابڕێ ئەوا ئەوە سەرمایەداری پێ ناوترێ. چەندین بەڵگەش ئەهێنێتەوە کە بوونی ئەم جۆرە لە سەرمایەداری ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دادگایەکی سەربەخۆوە. لە کاتی نەبوونی دادگای سەربەخۆدا، ئەو ئەڵێ کەوا هەر جۆرە قەرز و کرێدیت بەخشینێک (کرێدییش خۆی بابەتێکی پێویستە)، سەرناگرێ و سەرەنجام وەک پرۆژەکەی شا لویی‘ی شانزەیەمی فەڕەنسی ئەکرێ ببێتە هۆی ئیفلاسکردنی حکومەتەکە و دواتریش ڕووخانی پاشایەتی لە فەرەنسا و بەرپابوونی شۆڕشی فەڕەنسی.

بە کورتی ئەو ئەڵێ ئەم سەرمایەداریەی ئادەم سمیث ناساندویەتی، لەگەڵ دیکتاتۆر و گەندەڵدا نایکرێ، بەڵکوو لە جێگایەکدا گەشە ئەکات کەوا دادگا تیایدا سەربەخۆبێ و لە کاتێکدا خاوەن مافێک مافەکەی خورا، بکرێ مافی بۆ بگەڕێندرێتەوە.

بە بڕوای پرۆفیسۆر حەراری، ئەم بیرکردنەوەیە، ئەوەی کە تا خاوەن سەرمایەکە بازرگانیەکەی گەورەتر و بەرهەمی زیاتر بێ، کرێکارەکانی خۆشتر ئەژین، وای کردوە کەوا ڕۆژاواییەکان بەم شێوەیە پێشکەون. نمونەی دامەزراندنی بۆرسەری ئەمستردامیش ئەهێنێتەوە وەک یەکەم شوێنی سەرمایەگوزاری بەکۆ، کە ئەو ئەڵێ لە سایەی دادگا سەربەخۆکانی هۆڵەندیەکاندا بوە. هەر لەم ڕوەوە ئەو ئەڵێ ئەم جۆرە لە سەرمایەگوزاری و سەربەخۆیی دادگا وای کرد کە هۆڵەندیەکان نەک ئیسپانیەکان دەربکەن لە وڵاتەکەیان، بەڵکوو ئەو ئەزموونە گەورەیەی دەریاوانی ئیمپراتۆریەتی ئیسپانی لەوان باشتر ئەنجام بدەن و ئەمڕۆ هۆڵەندیەکان بە پێشکەوتووترین ئەندازیاری ئاو و ئاوەڕۆ ناسراون.

پرسیارە گرنگەکەش کە پرۆفیسۆر حەراری ڕووبەڕوی ئەبێتەوە، ئەوەی کە چۆن ئەکرێ بەردەوام قازانج بکەیت و بەکاری بهێنیتەوە، چی ڕوو ئەدا کاتێ ئیتر کڕیار نامێنێ، بۆ نمونە خواردن ئەوەنە زۆر بوە کە خەڵک ئیتر قەڵەوبوون، دوو وەڵامی بۆ دا ئەنێ کە کاتێکی تر باسی ئەکەم. بەڵام گرنگ ئەوەیە بەشێک لە وەڵامەکە لە پێناسەکە نزیکەو و ڕاستی ئەمڕۆی ڕۆژاواییەکانە، ئەویش ئەم دیاردەیەیە: فەقیرەکان خواردن وا زۆر بوە لایان کە زۆرێکیان قەڵەون، دەوڵەمەندەکانیش وەک فەقیرەکانی جاران، ناتوانن تێر نان بخۆن و هەمیشە خەریکی ئەوەن ئەوەی لێیان زیادە دووبارە سەرمایە گوزاری پێ بکەن کە پێناسەکەی ئادەم سمیث دەقاودەق ئەپێکێت.

چەن ئەم جۆرە سەرمایەداریە ئەگونجێ لەگەڵ دین، وە چەندە شێوازەکانی تری سەرمایەداری یاخوود تیۆرە ئابووریەکانی تر ئەکرێ بەسەر ئەم جۆرە لە سەرمایەداریدا زاڵ ببن، نە پرۆفیسۆر تەواو باسی ئەکات نە منیش زانیاریەکی وام هەیە یارمەتیت بدەم. بەڵام بە کورتی ئەکرێ تۆش و منیش هاوڕابین لەسەر ئەوەی کەوا گەر ئەم جۆرە لە سەرمایەداری بەسترابێتەوە بە دادگای سەربەخۆوە، ئەوا ناکرێ شتیکی خراپ بێت. ئەو ڕاستیەش کەوا سیستمێکی تر لە ٣٠٠ ساڵی ڕابردوودا زاڵ نەبوە بەسەریدا ئەکرێ دیسان بەڵگەبێ بۆ خراپ نەبوونی سیستمەکەی ئادەم سمیث.