جێگای داخە لەبەر قازانجی شەخسی خەریکی زڕاندنی ناوی سەرچاوەەکراوە بن. ئەمە گەندەڵیە لە ئاست دزینی داهاتی خەڵک. بەندە بە شانازیەوە پێشنیاری سیستمی سەرچاوە کراوە ئەکەم بۆ هەرکەسێک داوای چارەسەرێک لە ئێمە بکات. ئەوە بێتوانایی نیە، ئەوە مەنتیقی ئیشکردنە. کەسێکیش وابزانێ چ ئەوەی نەتوانین کۆد بنوسین چ ئەوەی کە تەنها باسی سەرچاوە کراوەمان کردبێ و خۆمان شتێکمان نەنوسیبێ، ئەتوانێ ئەو ڕەخنەیە بگرێ سەرباری ئەو چەن پرۆژەیەی لە گیتهەب بڵاومان کردۆتەوە، بەخۆشحاڵیەوە ئەو ڕەخنەیە وەرەگرم.
زانکۆکان ژێربەژێر چیان بوێ بەکاری ئەهێنن لە سیستمی بەڕێوەبردنی قوتابخانەە کە بۆ زانکۆ دروستنەکراوە تا خودی لینوکس لە ئاندرۆیدەکانی دەستیانەوە تا زۆر سیستمی بنچینەیی. بەڵام نابینین بە زەقی شانازی پێوە بکەن.
هەرچی حکومەتیشە، لە ٢٠٠٦ نوسیمان کە زلهێزەکانی دنیا کردویانە بە سیاسەت. ئەبوایە ئەوان دامودەزگاکانیان ناچار بکەن سەرچاوە کراوە یەکەم هەنگاویان بێت. ئەوەتا تەواوی دامودەزگاکانی وڵاتە پێشکەوتوەکان پێشەنگن لە بڵاوکردنەوەی کۆدەکانیان و لە حاڵەتێکی وەک ئاپی شوێنپێهەڵگرتنی کۆڤید١٩دا تەنها سەرچاوە کراوەیە بتوانێ وا لە خەڵک بکات متمانەی تەواویان بە ئاپەکە هەبێت.
کە دێتە سەر ئەوەی کە کۆدێکی وێران ئەنوسن لەسەر بنکەدراوەیەکی سەرچاوە کراوە، بە خاوەن پرۆژەکە ئەوترێ: سەرچاوە کراوە کێشەی “سێکیوریتی” هەیە. دواییش دائەنیشن گلەیی لەم و لەو ئەکەن کە گوایە گەندەڵن. ئەی ئەمەی ئێوەی ئەندازیار ئەیکەن چیە؟ ئەگەر وایە بۆ بنکە دراوەکە بەکار ئەهێنی؟ چیە وا ئەکات MySQL کێشەی پاراستنی نەبێ بەڵام هەر نەرمەکاڵایەکی تری ناوەند یان پێشەوە کێشەی هەبێ؟ کەواتە دەست مەبە بۆ زۆر شتی تریش و بچۆ لە دام و دەزگایەک شتێک بکڕە کۆدەکەی سەرچاوە داخراو بێت. ئەوەش ناکەی کراکردنی ویندۆز لەپای چی؟ ئەمە چەتەگەری و دزیکردن نیە؟ هەروا فۆنت دزین و هتد.
بەڕاستی گەندەڵیە لەسەر مانووبوونی خەڵک بژیت بەڵام ئامادە نەبی دەستخۆشیان لێ بکەیت. دیارە ئەم جۆرە لە قسەکردن لە قسەکانی وێز مەکینی نوسەری یەکێ لە پرۆژە گرنگەکانی پایسن ئەچێت، بەڵام مەبەستم ئەوە نیە بکڕوزێمەوە بۆ کەسانێ کە خۆیان پێویستیان بە کڕوزانەوە نیە، مەبەستم ڕاستەوخۆ وەڵام دانەوەی ڕاستەوخۆی هەر کەسێکە ڕەخنە لە کۆدێک بگرێت کە بە ملیۆنەها تاقیکردەوەدا تێپەڕێبێ بەرامبەر کۆدێک کە تەنها خۆی لێی تێ ئەگات و تەنها لەسەر سیستمێکیش ئیش ئەکات.
زانستی سەردەم نەک هەر سەرچاوەکەی پێویستە، چیتر ئەوەش قەبوڵ نیە کە تەنها لەسەر کۆمپیوتەرەکەی خۆت ئیش بکات، ئەبێ کۆدەکەت وا نوسیبێ، هەر کەسێک بیەوێ تاقیکردنەوەکەت دووبارە بکاتەوە، ئەگەر بابەتێکی زانستیت نوسیبێ بۆ نمونە، ئەوا ناکرێ نەتوانێ کۆدەکەت بخاتە گەڕ.
چآک ئەزانم کۆمەڵگا و ئەندازیاری ئێمە ساڵەها لە دوای وڵاتانی ترەوەین، ئەوە پاساو نیە بۆ قسە نەکردن. مادام ئەوان غیرەتیان هەیە لەبەر نەزانی خەڵکی ئێمە هەوڵی ئەوە بدەن وێردپرێس ناشیرین بکەن کە زیاد لە ٣٠٪ی سایتەکانی دنیا بەڕێوە ئەبات گوایە کێشەی “سێکوریتی” هەبێت، هەقە لەبەرامبەردا پێیان بڵێین: ئەگەر وایە تکایە هیچ شتێکی سەرچاوە کراوە بەکار مەهێنن بە تایبەتی ئاندرۆید.
ڕۆژێکیش ڕای بەندە وەرگیرێت لەسەر سیاسەتێک بۆ دامودەزگای دەوڵەت، بێگومان هەر ئەوەی ١٤ ساڵ پێش ئێستا نوسیومە بە ١٤ جار تۆختر ئەیڵێم کە چارەسەر تەنها بەخشینەوەی کۆد و داتایە بە هاوڵاتیان چونکە ئەوان خاوەنی ڕاستەقینەی حکومەتن نەک بە پێچەوانەوە.