مەرجەکانی دنیا تازەکەی فەتحوڵا گولەن چین؟

ئەم نوسراوە پێنج مانگ دوای نوسینی بڵاوکراوەتەوە (بڵاو نەکرایەوە تا ٢-١٢-٢٠١٩).

ماوەیەکی زۆرە لەسەر تایبەتمەندێتیەکانی بزوتنەوەکەی بەڕێز فەتحوڵا گولەن ئەخوێنمەوە و بیریش ئەکەمەوە. ئەبێ چوار ساڵ ژیان لەگەڵ ئەواندا بەس نەبێ بۆ ئەوەی بزانی چ بزوتنەوەیەکن؟ بڕوام وایە بەس بێت. هەقە لە هەموو بابەتێک لەسەر ئەوان کە ئەنوسم لە ژێریدا بنوسرێت (تکام وایە ئەو کەسە باشانەی لە ناو خزمەتدا هەن جیا بکەینەوە لەوانەی لەسەریان ئەنوسم، چونکە ئاشکرایە لە ناویاندا خەڵکی زۆر دڵ ساف و پاک هەن و کارە قورسەکانیش هەمیشە لەسەرشانی ئەوانە، چونکە ئەوان جەنگاوەرەکانی بەرەی پێشەوەی جەنگەکەن).

یەکێ لەو کەسانەی کە لەسەریان ئەنوسێت، بەڵام نازانم تا چەن ئەبم بابەتەی لەسەر ئەوان نوسیوە. بەڵام بۆ من کۆکراوەی تەواوی ئەو شتانەیە لەسەر بزوتنەوەکەی بەڕێز گولەن نوسیومە. زۆر نوسەر، ڕوناکبیر، فەیلەسوف و خەڵکی ئاساییش دنیایەک هەیە بۆی هەوڵ ئەدەن، ئەنوسن، بیری لێ ئەکەنەوە یان خەریکی بەدی هێنانین. جەنابی گولەنیش بۆ دنیایەک هەوڵ ئەدات کە ئاشکرا شیعری بۆ نوسیوە و منداڵی کورد لە هەولێر و سلێمانی ئاوازەکەیان وتۆتەوە و (کە زۆریان نازانن باسی چی ئەکەن)، مەبەستم ئەو جۆرە دنیایە کە جەنابی ئەیەوێ بیهێنێتە.

بەڕای بەندە مەرجەکانی دنیاکەی بەڕێز گولەن، پێچەوانەی ئەوانەیە کە باوەڕیان وایە بزوتنەوەکەی گویلەن لەگەڵ هەل ومەرج خۆیان ئەگونجێنن، تەنها چوار مەرجە:

١. ئەبێ هەموومان تورک بین. لێرەوە دەستم کرد بە نوسین لەسەر ئەم بابەتە.

٢.ئەبێ هەموومان موسوڵمان بین. پێویست ناکا لەسەر ئەمەیان بڕۆم چونکە ئەو تەقدیرەم بۆ داناوە کە بەڵێ گولەن کابرایەکی موسوڵمانە.

٣.ئەبێ هەموومان پیاو بین (ژن ئەبێ بتوێتەوە لە ناو پیاوەکاندا). جارێ هیچم لەسەر نەنوسیوە.

٤.ئەبێ هەموومان دەوڵەمەندیش بین. لێرە لەسەر ئەمە ڕۆشتووم کەمێک.

خۆ ئەگەر هەریەک لەو مەرجانە لە تۆدا نیە، ئەوا ئەبێ لات ڕوون بێ کەوا ناکۆکیەکی مەنتقی هەیە لەوەی لەگەڵ ئەواندا بمێنیتەوە. مەگەر مانەوەکەی تۆش “وەسیلەکەی وەک ئامانجەکە دادپەروەرانە بێت”، ئەوەیان قایم هەڵگرە با لێت نەکەوێت.

بۆیە باشتر وایە تا بەدەستخستنی زانیاری و بەڵگەی زیاتر لەو چوار گۆشە نیگایەوە لەسەر بزوتنەوەکەی جەنابی گویلەن بنوسم، ئەگە ر نوسیم.

لە شەڕی فەتحوڵا گویلەن و تەیب ئەردۆگاندا کوردستانی ئێراق پشتی کامیان بگرێت؟

2014/12/18 نوسراوە  بڵاو نەکرابوەوە تا ۲۹/۷/٠۱٦.

ئەگەر بڕیار بێت لایەنی هەق بگرین ئەوا ئەبێ بڵێین تا ڕادەیەک بەڕێز گویلەن لەسەر حەقە. حەق بەو مانایەی ئەردۆگان خەوەکانی گەورەتر بوون و خۆی بە جێگرەوەی ئەتاتورک نەزانێت، هەروەها خۆی لەوە گەورەتر ئەزانێت کە بە هێز و بازوی گویلەن هاتبێتە جێگاکەی ئێستای. کاتێکیش تەماشای ژمارەکان ئەکەین (بۆ نمونە قەرزی تورکیا لە کاتی هاتنە سەر حوکمی ئەردۆغان تا ئێستا)(۱) — ئەم خوێندنەوە ئابوریە جێگای متمانە نیە، قسەکەی بەرنادشۆ بەکارە کە ئەکرێ ئابوریناسانی تر کەلێنی گەورە لەو ژمارانە بدۆزنەوە– سەرباری ئەوەش جار و بارە ئەبێ حەقێکیش بدرێت بە ئەردۆغان کەوا خزمەتی تورکیای کردوە. بەڵام لە ستراتیجیەت و خوێندنەوەی ڕووداوەکانی ناوچەکەدا لە دۆڕاو دۆڕاوترە(۲). بەڵام ئەمە بابەتی ئەم نوسینە نیە.

ئەوەی لەم نوسینەدا ئەمەوێت باسی بکەم ئەوە نیە کە ئایا بەدەپە و پەکەکە لە باکوری کوردستان هەقە چی بکەن، چونکە هەم ئەو مافە بەخۆم نادەم بەو شارەزاییە کەمەی هەمە قسە لە توانا و بۆچوونی ئەوان بکەم، هەم بەڕاستی کار و چالاکیەکانی گویلەن لە باکوری کوردستان لام بە تەواوی ڕوون نیە. بەهەمان تەرازوش نابێ لە چاوی بەدەپە و پەکەکەوە دۆخی باشور بخوێنرێتەوە یان قسەی لەسەر بکرێت، بەڵام نابێ تێکەڵ بکرێت لەوەی دۆزی باکور و باشور یەک دۆزە بۆیە نیەتی هێزەکان ئەکرێ بەهەریەک لەو دوو تەرازوە بپێورێت. ئەمە دوو شتی جیاوازە، بونیاد نەنانی ڕوانگەیەک لەسەر ڕوانگەی لایەنەکەی تر، بەڵام مادام دۆزی کورد یەک دۆز بێت ئەکرێ لەسەر ڕای لایەک قازانجی لایەکی تر دیاری بکرێت دەنا دژیەکی تێدا ڕوو ئەدات.

کەواتە با لە چەند پرسیارێکی سادەوە دەست پێ بکەین:

یەکەم: خواجە لە کوردستان خاوەنی چیە؟

فەتحوڵا گولەن خاوەنی دەیان مەکتەب، کۆمپانیا وە زانکۆی ئیشقە کە ساڵانە ئەگەر ژمارەیەکی ١٨ لەسەر هەموو دامەزراوەکانیان دابنێین و بڵێن هەموو ساڵێکیش ٥٠ قوتابی لە هەریەک لەوانەوە دەر ئەچێت ئەوا ساڵانە ٦٠٠ کەسی بەتوانا لە دامەزراوەکانی ئەوانەوە خوێندن تەواو ئەکەن. ئەگەر تەنها ٪۱ی ئەمانە لانی کەم دڵسۆزی جەماعەتەکەی بەڕێز گویلەن بن ئەوا ساڵانە ٦ کەسی بە توانا (چونکە خوێندنگاکانیان تەنها باشترین قوتابی وەر ئەگرن) دێنە ناو کۆمەڵگای کوردیەوە و ئەبن بە پزیشک، ئەندازیار، مافناس و جۆرەها کاری تر.

دوەم: پەیوەندی کۆمپانیای فەزالەر لەگەڵ تاڵەبانی و بارزانی؟

ئەوەی لە دنیای ڕۆژهەڵات شارەزابێت ئەبێ بزانێ کەوا ئەوەی بە گشتی باس ئەکرێت تەنها قەترەیەکە لەوەی کە لەژێرەوە ئەنجام ئەدرێت. سروشتی بزوتنەوەکەی بەڕێز گویلەنیش بۆخۆی بلیمەتی ئەم جۆرە کار کردنەیە. وەک یەکێ لە کەسە یەکەمەکانیان لە ساڵانی کۆتایی سەدەی ڕابردوودا بە دەمی خۆی وتی: ئێمە سیاسەت ناکەین بەڵام سیاسیەکان لەسەر پەنجە ئەخولێنینەوە. ئەوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەردوو تاڵەبانی و بەرزانیەوە هەبێت ئەوەیە کە ڕۆژێک هەمان کەس بە قوتابیەکانی کۆلێژی ئیشق ئەڵێ: ئەمە ڕۆژنامەیەکە تیایدا هاتوە کە جەنابی تاڵەبانی ئەڵێ “من پێم خۆشە ئەوان لە هەموو لادێیەکی ئێمە قوتابخانەیەک بکەنەوە” بە کورتی ئەوەی بۆ ناوەڕۆکی ئەم بابەتە گرنگە وەڵامی پرسیارەکە ئاوا عادلانەیە: پەیوەندی زانکۆی ئیشق (لەلایەن بەڕێز نێچیرڤان بارزانیەوە کرایەوە) و باقی خوێندنگاکانیان پەیوەندیەکی بتەو و تەندروستە.

یەک ڕوونکردنەوەی تریش گرنگە پێش ئەوەی وەڵامی سەردێڕی بابەتەکە و پرسیارە سەرەکیەکە بدەمەوە. ئەویش ئەوەیە کە ئاشکرایە بەڕێز گویلەن خۆی بە میراتگری دەوڵەتی عوسمانی ئەزانێت، هەرچەن ئەمە لای ئەردۆغانیش هەمان شتە (وەک بەختیار عەلی لە بابەتێکیدا ئاماژەی پێ ئەکات) بەڵام بەڕای من ئەردۆغان زیاتر شوێنکەوتوی پارتە ئیسلامیەکانی دوای حسن بنایە و خەو بە گێڕانەوەی سەڵتەنەتەوە نابینێت بۆ شام و قاهیرە. ئەوەی فەتحوڵا لە عوسمانیەتیش جیا ئەکاتەوە ئەوەیە کەوا هەرچەن هەردوکیان چەندین نیشانەی کاریگەری دروستکەرانی بیری ئەتاتورکیزمیان پێوە دیارە (زیا گوێکئاڵپ و بیرمەندانی دوایی) بەڕێز گویلەن زیاتر پابەندی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەکانی ترە و بە ئاشکرا کار بۆ بە عوسمانی کردنی زمانی تورکی ئەکات. بۆیە ڕونکردنەوەکەی کە ئەمەوێت بیڵێم ئەمەیە: هەموو ئەمە وا ئەکات بەڕێز گویلەن پرۆسەی ئاشتی نێوان ئۆجەلان و ئەردۆگان بە پەیماننامەی حودەیبیە بشوبهێنێت.

کەواتە بەبێ درێژەدان بەباسەکە و لادان لەسەر تەوەرە ئەسڵیەکە: ئایا ئەبێ سیاسەت بکرێت یان پشتی حەق بگیرێت؟ پرسیارەکە ئاسانە بەڵام وەڵامەکەی ئەبێ قوڵتربێت لەوەی کە دیارە. ئەویش ئەوەیە کە نابێ پشتی حەق بگیرێت لە کاتێکدا حەق لەسەر ئەوەبێت کە ئەردۆغان ئەیەوێت ببێت بە سەرۆکی کۆمار و چەند ساڵێکی تریش ئابوری تورکیای لەژێردەستدا دەرنەچێت (مەیدانی شەڕی ئەم دوو ڕۆژە بانک و کۆمپانیاکانی سەر بە ئەردۆغانە). بەڵکوو ئەبێ سەنگی مەحەکێک، پێوەرێکی زانستی هەبێت بۆ ئەوەی تەماشاکەر نەبین. ئەوەی من بە ڕاستی ئەزانم دوو پێوەرن: یەکەمیان چەندە ئێمە لەگەڵ بەدەپە و پەکەکە هاوڕابین ئەوەندە یەکگرتووتر ئەبین و ئەوەندەش براوە تر ئەبین. بۆیە لە ئێستادا (بە سەردانەکەی دیاربەکریشەوە) ئاشکرایە کە لەیلا زانا و بایدەمیر پشتی ئەردۆغان ئەگرن. وە پێوەری دوەمیش ئەو ڕاستیەیە کەوا ئەردۆغان لە کوردستانی ئێراق مەکتەبی نەکردۆتەوە و کەس فێری تورکی ناکات. کۆمپانیاکانی ناردوە و خەریکی کەسابەتی عوسمانی ئاسای خۆیانن. بەڵام بەڕێز گویلەن مەکیاڤیلیانە قوچەکی پێی خۆی قایم کردوە و گۆڕانکاریەکیش کە ئەیکات وەک سوڵتان سەلیمی یەک، یەک خستنەوەی تورکە لە هەموو گۆشەیەکی دنیا.

بۆیە ئەبێ کورد پشتی ئەردۆگان بگرێت و ئەگەر دەستەواژەی کێ لەسەر حەقەش کەسانێک بێتاقەت بکات ئەوا ئەکرێ ئاوا تەماشای ساحەکە بکرێت: ئەردۆگان بە دەنگەکانی بەڕێز گویلەن هاتۆتە سەرحوکم، ئەگەر ئێستا ئەو ڕازی نەبێت هەندێ کەس بەزۆر کارێکی پێ بکەن، ئەوا هەر ئەو لەسەر حەقە ئەگەر خەوەکانیشی ئەوەندە گەورەبێت کە جەماعەتەکەی بەڕێز گویلەن بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

چونکە بەبێ ئەردۆغان ئەگەر بەڕێز گویلەن بیتوانیایە ئەمەی ئێستا لە تورکیا هاتۆتە دی بۆی بکرایە، هیچ کات ئەوی نەئەخستە پێش خۆی.

(۱) بلومبێرگ. دوا بڕی قەرزەکانی ئای ئێم ئێف درایەوە.http://www.bloomberg.com/news/2013-05-13/erdogan-s-imf-triumph-masks-surge-in-private-debt-turkey-credit.html

(۲) نیۆ-عوسمانیەتی ئەردۆگان http://www.globalresearch.ca/syria-egypt-reveal-erdogans-hidden-neo-ottoman-agenda/5358781

ونکردنی قەبری نورسی بۆچی؟

وێنەی هەواڵی پەلاماری گۆڕەکەی نورسسی
ڕۆژنامەیەکی تورکی بەناوی ئیزمیر دیموکرات. ١٤/٧/٢٩٦٠ هەواڵەکە بڵاو ئەکاتەوە

چونکە لە تورکیا ژمارەیەکی زۆر تورک هەن بە هیچ مەزهەبێک، بە هیچ شێوازێکی کارکردن بوونی کەسێکی کورد یا غەیرە تورکیان قەبوڵ نیە. ڕوونکردنەوەی تری گەر هەبێت خۆلادانە لەو ڕاستیەی خەریکە سەرەتای گۆڕانکاری تێدا ئەبینین.

لە مانگی ئازار (٣)ی ئەمساڵدا ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی سەباحی تورکی کە ئیستا گوێڕایەڵی جەنابی ئەردۆغانن ئامادەکرابوو. تەبیعی ئامادەکردنی بابەتەکە بۆخۆی بۆ لێدانە لە گولەن و جەماعەت کە خۆیان بە قوتابی نورسی ئەزانن. لە بەڵگەنامەکەدا ئەو قسەیە ناکرێت، ئەوانەی قسە ئەکەن تەنها گەورەیی و توانای نورسی باس ئەکەن و گەورەیی غەدرەکە نیشان ئەدان بەبێ باسکردنی ئەو هەقیقەتەی سەرەوە. لە بەڵگەنامەکەدا بە وردی باس ئەکرێ کە چۆن دوای ٤ مانگێک لە وەفاتی نورسی گۆڕەکەی لەلایەن کۆمەڵێ سەربازەوە و بە تۆپ و تەیارە لە ئورفا هەڵکەنرا و ئەوکات ڕۆژنامەکان نوسیبویان کە براوە بۆ ئیسپارتا.

بەبێ ئەوەی باسی فیکری نورسی بکەم، تەنها ئەوە بەسە کە وەک یەکێ لە قسەکەران ئەڵێن مانەوەی دین ئەگەر چەن هۆکاریکی هەبێ لە تورکیادا هۆکارە گەورەکەی بیر و نوسینەکانی سەعیدی کوردیە. جگە لەوە ئەوەی ئەبێ بوترێ لەم چوارچێوەیەدا و بۆ ئەوەی وەڵامەکە پڕ بە پێستی خۆی بێت ئەوەیە کە جەنابی، هەرچەن زۆر سور نەبوە لەسەری وەک گوتار بەڵام بەڕەفتاری سەلماندویەتی کە تەواو دوور بوو لە سیاسەت بە تایبەتی ئەو سیاسەتە ئاڵۆزەی سەردەمی ئەو لە تورکیادا هۆکاری چەندین کودەتابوو، بۆیەش وتەی اعوذ باللە من الشیطان و السیاسە بە گوتەی ئەو دا ئەنرێ.

هەڵبەت ئەم گۆڕ هەڵکەندنەی نورسی، لە مێژووی تورکیادا لەسەردەمی عوسمانیەتیشدا ئەکرا ڕووی بدایە، ئەزانرێ کە لانی کەم زانای ئەستێرەناس تەقیەدین ئەو بایەخەی پێ نەدرا کە شایەنی بوو و بە گشتی عوسمانیەکانی شارستانیەتی و زانستیان بە ئەندازەی گەورەیی ئیمپراتۆریەتەکەیان پێش نەخست. بەڵام ئەوکات ئەو هەقیقەتەی سەرەوە نەبوو. ئەگەر ئەوکاتە فڵانەکەس کورد یان عەرەب یا تورک بوایە هەمان ئەنجام چاوەڕێی ئەکرد. جیاوازیەکە لە دوای دامەزراندنی بیری تورانیزمەوە دروست بوو کە سەیر و سەمەرەکە لەوەدایە کوردێکی دیاربەکر بەناوی گوێکئاڵپ پێشەوایەتی.

هەر بۆیە گەر کەسانێک هەبن وابزانن میراتگرانی ئاڵئەرسلان تورکەشی دامەزرێنەری مەهەپەی ئێستا، کە وەک دۆکومێنتاریەکە باسی ئەکات دەستی هەبوە لە بڕیاری ونکردنی گۆڕەکە، هیچ کاتێ قەبوڵی ناکەن جگە لە گورگی بۆر (تورکی ئەسڵ) ڕێگا نادەن کەسێکی تر دەرکەوێ هەتا ئەگەر بە گۆرانی وتنیش بێت. گلەییەکەش نابێ تەنها لەوان بکرێ، بەشی هەرە گەورەی ئەبێ لە گوێکئاڵپ بکرێ کە ئەقڵ و فەلسەفەی پڕ درۆی خۆی و خەڵکانی بەکارهێنا تا ئەوان باوەڕ بکەن بەڕاستی نەتەوەیەکی بەرز و جیاوازن.

ئیتر کە ئەو چۆڕە هەقیقەتە ڕوون بوەوە ئیتر ئەزانین پارتی دیموکراتی خەڵک (هەدەپە) لەناو چ کۆمەڵگایەکدا خەریکی سیاسەتکردن و داواکردنی نەک مافی کورد بە تەنها بەڵکوو کرانەوەی کۆمەڵگای تورکیە دژی هەموو ئەو ڕەفتارانەی بۆ ئەم سەردەمەی ژیانی بەشەر ناگونجێت. ئیتر لێرەدا ئەکرێ هەدەپە خۆشی ڕەخنەباران بکرێ بەڵام ئەوەی کە هیوادارم تۆی خوێنەریش (چ کورد، تورک یان هەر نەتەوەیەک هەیت) هاوڕابیت لەگەڵمدا کە هەدەپە لانی کەم لە داواکردنی مافی نەتەوەکانی تردا و بە تایبەتی کورد جێگای ڕەخنەکردن نیە.

لێرەشەوە ئەگەڕێینەوە خاڵی سەرەتا و ئەڵێین، گەر لەسەر فیکری گوێکئاڵپ ئەفکار و جەستەی مردوی نورسی ون کرابێ، ئەوا هەقە ئێمەش هەندێ بەرپرسیارێتی هەڵگرین و تەنها ئاڵپئەرسلان تورکەش و عەسکەری تورکیای ١٩٦٠ بە تاوانبار نەزانین. ئێمەش بۆخۆمان هەم دروستکەری گوێکئاڵپین، هەم نەمانتوانیوە لەبەر هەر هۆیەک بێت پشتیوانی پیاوێک بکەین کە بەڕاستی بەدیعی زەمان بوو بۆ خۆی، ناوچەکەی و تەواوی تورکیای دوای کەمالیزم.

تەعزیەنامەی گولەن بۆ بنەماڵەی عەبدولعەزیز بۆچی؟

لەبەر ئەوەی خواجە خۆی خزمەتی تەبەقەی سەرەوە ئەکات

ئاڵۆزی سیاسەت، دینداری و ئابوری شتی نیە بە چەن نوسینێکی ناو بڵاگێ وەڵامی هەموو پرسیارێکت دەستکەوێ. سروشتی کارەکانی بەڕێز گولەن لەم بابەتەی ویکی لیکسەوە بۆت دەر ئەکەوێ، کە باوەڕم وایە کەم کەس ئەتوانن بەو شێوەیە لەسەری بنوسن. لانی کەم من بابەتێکی تر شک نابەم بڵێم بڕۆ ئەوە بخوێنەوە بەستە ئەمە نەبێت.

بۆیە لێرەدا پرسیارەکە زۆر سادەیە و ئەوەی بۆ من زۆر پێویستە بینوسم ئەوەیە کە ئەم جۆرە کردارانەی پیاوێکی وەک ئەو شتێکی سەرپێیی  نین بەسەریاندا تێپەڕیت. چونکە خۆی پیر بوەو ئەمرێت بەڵام ئەم هەموو شاگردەی ئەقڵی شتوونەتەوە هەمان شتانێ دووبارە ئەکەنەوە و ئەوەی ئەو فێری کردوون ئەمانیش تەنها ئەوە ئەزانن، بۆیە تەرکیزیشم  لای شاگردەکانێتی. ڕاستی لە کاتێکی وەهادا، وە لە کاتێکدا ئەوانەی بە وردی چاودێری سیاسەت و کۆمەڵگای سعودی ئەکەن، ئەبێ وەک پێوەر بەکاری بهێنن بەرامبەر ڕووداوەکانی ڕۆژ. ئایا بەڕێز گولەن بۆ هەموو نەتەوەیەک ئامادەیی تیایە ئەو نامەیە بنوسێت؟ نەخێر بێ گومان. ئیتر دوای ئەمە نەتیجەکاریەکەی من، یان وەڵامەکەی سەرەوە ڕاستە یان نا ئەوەیان شتێکی ترە، گرنگ ئەوەیە گریمانەکە خۆی ڕاستە کە نابێ بەسەر تەعزیەنامەکەدا تێپەڕین.

بۆیە دوعاکردن و سەرەخۆشی کردن لە گەل و دەوڵەتی “برا” و “دۆست”ی فەتحوڵا گولەن بەڕای بەندە نیشاندەری هەقیقەتی فەتحوڵا گولەنە. هەرچەن بۆ زۆرێک لە ئێوە کە کوڕانی ئال سعود ناناسن لەوەیە گلەییشم لێ بکەن کە ڕەخنە لەو ئەگرم کە تەعزیەنامەی ناردوە. ئاخر ئەو لە پەنسیلڤانیاوە، وەک سەرانی دەوڵەتانی تری دنیا، سەرەخۆشی ئەنێرێ  بۆ کۆمەڵە پیاوێک کە زۆرێک لە سەروەتی دنیایان لەژێر دەستە و لەڕاستیشدا ناهێڵن لە دەروێشایەتی و کۆیلایەتی زیاتر هیچ شتێ لە ناوچەکەدا بڵاوبێتەوە، ئەمەش ئاوێنەی کەسایەتی فەتحوڵا گولەنە. بۆخۆی و بزوتنەوەکەی کاریان گەورەکردنی هەندێ پیاوە (ژنی تیا نابینیت جگە لە مامۆستاو پرۆفیسۆری پشت پیاوان) تا باقی شوێنکەوتوان زیڕە و گریان بکەن بەدوایاندا. بێرتراند ڕەسڵ کەللەپوتێکی وەک نیتچە کە گەنە فەیلەسوفی کوردی خۆیان پێوە سەرقاڵ کردوە، بەوە یەکاڵا ئەکاتەوە کە خەریکی جیاکردنەوەی پیاوی گەورە و پیاوی بچوک بوە، خەیاڵی بەتەڵ و قارەمان دروستکردن ئیشی خزمەتکاری تەبەقەی سەرەوەیە. لە پاڵ ئەمەشدا جەنابی بە هەندێ گریان و پاڕانەوە و نزا بە تەمایە لەگەڵ شا عەبدوڵای کوڕی عەبدولعەزیزی کوڕەزای ئال سعود بچنە بەهەشتی هەتا هەتاییەوە. مەسەلەی بەهەشت بابەتی ئەم نوسینە نیە بەڵام پەیوەندیدارە چونکە هەم تەعزیەنامەکە ئەمەمان بیر ئەخاتەوە و هەم مەسەلەی بەهەشتیش ئەبێ ورد بکرێتەوە لە چوارچێوەی کاریگەری ئابوری لەسەر ئاین وەک لە کتێبەکەی بێشکچیدا هاتبوو.

بەم تەعزیەنامەیە بەڕێز گولەن، نەک ئامادە نیە شتیکی تازەمان نیشاندات تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە عوسمانیەتەوە بگوازرێتەوە بۆ دۆخێکی تر، بەڵکوو نیشانی ئەدات ئەگەر ئەو لە سعودیە مەکتەب بکاتەوە بە هیچ شێوەیەک ناهێڵێ شوێن کەوتوانی بیر لە شتێ بکەنەوە لە دەرەوەی عوسمانیەت. لە حاڵەتێکیشدا (وەک ئێستا) کە ناتوانێ مەکتەب بکاتەوە، کوڕانی ئال سعود دڵنیا ئەکاتەوە کە لە مەسقەت و یەمەن (سەیری دیواری فەیسبوکی شاگردەکانیان بکە کە سەفەر ئەکەن بۆ ئەو ناوچانە)، ئەگەر مەکتەب بکاتەوە زەرەری بۆ پەزەکانی ئەوان نابێت. لە کاتێکدا هەردولایان چاک ئەزانن کە ئەگەر بۆی بکرێ، بەڕێز گولەن تەواوی ناوچەکە بە خاکی عوسمانیەت ئەزانێت و ئەستەنبوڵ، نەک مەدینە یان ڕیاز، بە پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی ئەزانێت. بەڵام هەموو بێ ئاگاین لەو ڕاستیەی کە عوسمانیەکان لەو جێگایەوە ڕووخان کە کەمترین دەسەڵاتیان هەبوو، ئەویش ناوچەی حیجاز و جێگای ئێستای کوڕانی ئال سعودن.

بەڕێز گولەن لە باشترین گوماندا کەسێکی سۆفی ڕاستگۆیە. دەی لەوێدا بە قەپانەکەی بێشکچی خزمەتکاری تەبەقەی سەرەوەیە، بە قەپانەکەی بێرتراند ڕەسڵیش بۆخۆی سۆفیگەرایی و نەرمیەکەی لە کاریگەری بیرکاریەوە دێ نەوەک جەوهەرێکی مرۆڤدۆستانەی تێدابێ و جیاوازبێ لە بیرکاری و فەلسەفەی ئەفلاتونی. بە قەپانەکەی نوسەرەکەی ویکیلیکسیش هەمان نوسینی پێشتری من پشتڕاست ئەکاتەوە کە کابرایەکە خزمەتی تەبەقەی سەرەوە ئەکات بە داماوی و نانەسکی تەبەقەی خوارەوە. ئەمەش ئەوەت بۆ ڕوون ئەکاتەوە کە بۆخۆی گولەن هەقە تەعزیە نامە بۆ ئەو بنوسێ و کابرایەکی دڵسۆزیش هەموو ژیانی بۆ ئەوان تەرخان کردبێ، هەر بەبیریشیا نەیەت.

ئاوا بەم شیکاریە ئەبێ بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ناردنی تەعزیەنامە بۆ کوڕانی ئال سعود بەشێکە لە سیفاتی بزوتنەوەکەی گولەن.

بۆچی گولەن ناتوانێ ئەردۆغان بڕوخێنێت؟

گولەن و ئەردۆگان
ئەردۆغان و گولەن. سەرچاوە گلۆباڵ ڕیسێرچ

١. ئەردۆغان لەو موسوڵمانتر نەبێ کەمتر نیە

٢. ئەردۆغان ڕۆژنامەی زیاترە، ئەمەیان بە ئاشکرا دیار نیە ئەبێ هەڵکۆڵیت

٣. ئەردۆغان مەکتەبی زیاترە، مەبەستم مەکتەبە فەرمیەکانی دەوڵەتە

٤. ئەردۆغان دەنگی زیاترە، چەند جارێک نەک یەکجار

٥. ئەردۆغان بانقی زیاترە، توانای هەبوو بانقی ئەوان ئیفلاس پێ بکات

٦. ئەردۆغان سوپای تەمێکرد بە یارمەتی ئەو نەک پێچەوانە، گولەن ئەبوایە خۆی بچوایەتە ناو سیاسەت نەک ڕاکا بۆ ئەمریکا

٧. ئەردۆغان ئەسڵیە، گولەن کۆپی: مەبەست ئەوەیە ئەردۆغان خۆی ئەڵێ من خاوەن فیکری خۆمم، گولەن شەرمنە یان نیەتی.

٨. ئەمریکا پادارەکە ئەگرێ نەک بێ پا: ئەمەیان زۆر لام ڕوون نیە، بەڵام بێنە پێش چاوت سی ئای ئەی چی پێ ناکرێ بە گولەن؟ ئەتوانن هەناسەی ببڕن شەوی یەکەم. بەڵام بۆ بیکەن؟ 

و اللە اعلم، سیاسەت لە تورکیا لە یاری وەرەق خۆشترە بۆ تەماشاکردن. بزانین ئەگاتە کوێ.

مەکتەبەکانی فەتحوڵا گولەن بۆچی قوتابیان ئەبەنە سەر قەبری ئەتاتورک؟

قەبری ئەتاتورک. ناوەوەی مەزارگەکە

هەڵبەت بەڵگەی تر هەیە، بەڵام فەرموو ببینە کە منداڵ و گەنجانی وڵاتانی جیاواز لەوەی کە ناویان ناوە “ئۆڵۆمپیاتی تورکی” ئەبرێن بۆ سەر قەبری ئەتاتورک. بۆخۆی ئەو ئۆڵۆمپیاتە لە نوسینێکی تردا باسی ئەکەم. بەڵام گرنگ ئەوەیە بتوانم بنوسم ئەو ڤیدیۆیە تەنها ڕوداوێکی یەکجاری نیە و بەڵکو کردارێکی سیستەماتیکی دووبارە بوەوەیە. پێم خۆش نیە تەواو بەڵگەکان بخەمە ڕوو بەڵام لە کوردستانەکەی تۆشەوە ئێمەشیان برد. ئەوەندە بەسە.

پرسیاری ئەوەی کە “من بۆچی ڕۆشتم” بە دڵی خۆت وەڵام بدەرەوە. لە ناشیرینترین جنێوەوە تا ئەوپەڕی عوزر هێنانەوە هەمویم قەبوڵە. بۆیە باسی ئاوەیان ناکەین. بگرە سودێکی گەورەی ئەوەیە ئەوەتا یەکێ لە گرنگترین پرسیارەکان سەبارەت بە مەکتەبەکانی فەتحوڵا گولەن بە دوای خۆیا پەلکێش ئەکات.

لەمە گرنگتر کە لەسەری ڕاوەستم ئەوەیە، ئەم جۆرە وردە کارانەی خزمەتەکەی مامۆستا فەتحوڵا لەلایەن هەندێ کەسەوە گرنگی پێ نادرێ، چونکە ئەکرێ خەڵکانی تری دنیا ئەو جۆرە تەماشاکردنەیان نەبێ بۆ ئەتاتورک. بگرەئەکرێ بە کارێکی جوانی بزانن و بەڕێزگرتنی بزانن لە سەرۆکێک کە بۆ سەربەخۆیی جەنگاوە. بۆیە ئەکرێ تەنها ئێمە بین ئەم پرسیارە بکەین، بەڵام دواتر باسی ئەکەم کە لە ڕاستیدا نەخێر شتەکە بۆ هەموان وەک یەکە.

گومانم نیە لەوەی فەتحوڵا گولەن ئەتاتورک بە کابرایەکی بێ دین ئەزانێ و ئەو چاوپێکەوتنەشی لە تەلەفزیۆن لەگەڵ کابرای میدیاکار، نامەوێ ناوی بهێنم، کە لە شەوی خەڵاتەکەی کایا کردی بە هەرا، بە لای منەوە وەک بردنی قوتابی وایە بۆسەر گۆڕەکەی. بە لایەکی تردا تەماشای کاندیدی سەرۆکایەتی جەهەپە و مەهەپە بکە، ئیحسان ئۆغڵوو، ئیتر ئەزانی کە ئەتاتورک و ئیسلام زۆر شتیان یەک ئەگرێتەوە لای تورکەکان. دیسان ئەکرێ هەق بدرێ بەوان کە ئەتاتورک هەرچۆنێک بێت سەرۆکێکی گەورەی ئەوانە.

هەرچەندە ڕەگ داکوتانی زاراوەی “ئیشق” لە ئەدەبیاتی بەڕێز گولەندا پرسیاری گەورەتر لەمە بەدوای خۆیدا ڕا ئە ئەکێشێت.

بەڵام لێرە تەنها باسی ئەو کردارەی ئەوان ئەکەین. وە ئیتر پرسیارەکە ئاسانتر ئەبێت چونکە وا دا ئەنێین کە فەتحوڵا گولەنیش وەک من سەروچاوی ئەتاتورکی ناوێت، کەواتە بۆچی ئەبێت قوتابی ببەن بۆسەر گڵکۆکەی؟ وەڵامەکەش ئاسانتر ئەبێت:

چی لەوە گەورەتر هەیە بکرێ کە نیشانی بدەن ئەوان لە هەموو دنیا خزمەتی تورک و تورکایەتیەکەی ئەتاتورک ئەکەن؟ هیچ.

بەڵام وەڵامەکە شتێکی تەواو نیە. من هێشتا ئەو تۆمەتبار (تاوانبار) ئەکەم بەوەی کە خزمەتی تورک و تورکایەتی ئەکەن. با بڵێین ئەویش وانیە، با بڵێین فەتحوڵا گولەن هەم شوێنکەوتوی ئەتاتورک نیە و هەم لە نیهال ئاتسز و ئەڵپئەرسلان تورکەشەوە هیچ فێرنەبوە. باشە لە ڕوانگەی ئەخلاقیەوە (ئەخلاق بە گشتی نەک زاراوە تەسکە کوردیەکە، “ئەثیکس”ی ئینگلیزی و اخلاق بە عەرەبی) بۆچی بڕۆیتە سەر قەبری کابرایەک کە بکوژی باپیری ئەو منداڵانەیە لەگەڵ خۆت بردوتن ئەگەر بەڕاستی ڕقت لێیەتی؟ هێشتا وەڵامەکە زۆر ئاسانە:

لەبەر ئەوەی مەکتەبێک زیاتر بکاتەوە.

ئا لێرەدایە کە ئەبێ پرەنسیپێک بەسەر بەڕێز گولەندا بسەپێنین، چونکە ئەو لەبەر گریاندنی خەڵک بواری بیرکردنەوە نادات پێمان. ئایا بەڕاست “ئامانجەکە ئەبێ وەک وەسیلەکە عادلانە بێت؟” وەک خۆی بانگەشەی بۆ ئەکات. یان مەکیاڤێلیانەیە و “ئامانج موبەرری وەسیلەیە”؟ بردنی قوتابی بۆسەر قەبری ئەتاتورک وەسیلەیەکە بۆ ئەوەی پشتیوانی زیاتر بکرێن بە تایبەتی مەعنەوی. ئاخر ڕوونکردنەوەی تری نیە، قسەکانی خۆیان کە “ئەوان ناچارن لە تورکیا هەندێ شتی تر هەیە بیکەن” هیچ پاساوێکی ئەخلاقی نیە.

ئەم جۆرە بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوەیە لە شتانی وردی وەک زاراوەی “ئیشق”، بردنی قوتابی بۆ سەر قەبری ئەتاتورک، گرنگنی دان بە میدیا، هەڵبژاردنی جۆری تەلەبە و زۆر خەسڵەتی تری خزمەت کە ئەمانباتە سەر پرسیاری گەورەتر: ئایا فێرکردنی تورکی و ناساندنی تورکیا، وەسیلەیە یان غایە؟ کە دیسان لای من ڕوونە کە فێرکردنی تورکی و خزمەتکردنی زمانی تورکی غایەکەیە. بەڵام ئەمەیان بۆ بابەتێکی ترهەرچەن پەیوەندیدارە بەڵام لادانە.

چونکە بۆ کەسێکی سادەی کورد، چوارچێوە ئەخلاقیەکە (سیاقە ئەخلاقیەکە) ئاوای لێ دێ: ئایا بەڕاستی بۆ ئەوەی مەکتەبێک بکەیتەوە ئەبێ بچینە سەر مەزاری بارزانی و ماستاوێکی خەست بکەیت؟ ئەمە بێ ڕێزی نیە بە بارزانی، تەنها مانای ئەوەیە کە مادام ئەبێ ئەوە بکەم بۆ ئەوەی پێی بگەم، نایکەم. وە بۆ کەسانێک کە وا ئەزانن بەڕێز گولەن شوینکەوتوی نورسیە، ئەبێ لە خۆی بپرسێ: ئەگەر بەڕێز گولەن مامۆستای نورسی بوایە پێی نە ئەوت قسەکانی ئەتاتورک قەبوڵ بکە و ببە وەزیری کاروباری ئاینی؟

هەروەها کەسێکی موسوڵمانی غەیرە کورد و تورک ئەبێ لە خۆی بپرسێ: کام هەنگاوی بڵاوکردنەوەی ئیسلام بەم شێوەیە بوو؟ یان “قل هو اللە احد” باسی شتێکی تر ئەکات کە دیسان بەڕێز گولەن بواری بیرکردنەوەمان ناداتێ. وە بۆ کابرایەکی ئەمەریکیش هەمان پرسیار ڕاستە: ئایا ئەخلاقیەن کابرایەک ئەم ئامادەییەی تیا بێت ئەتوانێ گۆڕانکاری بکات ئەگەر تەواوی دنیا ببێت بە مەکتەبەکانی ئەوان؟

لە پەراوێزی ئەم پرسیارەدا: کوڕ و کچە گەنجەکانی دەرچوی مەکتەب و زانکۆکانی خواجە، کە ئێستا لەبەردەم گەورەترین بڕیاری ژیانتاندان، لانی کەم لە مێشکی خۆتی دانێ لەگەڵ کامە دامەزراوە هەڵس و کەوت ئەکەیت. لایەنی کەمی بزانە کە ئەوان لە کاتێکدا ئەڵێن سیاسەت ناکەین ئێوە نابەن بۆ ناساندنی شاعیر و هونەرمەندانی تورک، بگرە ناهێڵن بزانن نازم حیکمەت کێیە یان ئۆرهان پەموک کێیە. بەڵکو ڕاستەوخۆ بۆسەر شانۆی سیاسی تورکیا ئەبرێن.

لانی کەم بزانن کە ئەوان خۆیان بە دەزگای خێر نەناساندوە هەرچەن خۆیان بە خزمەتکار ناوزەد ئەکەن. هیچ یەک لە دەزگا خێرخوازیەکانی دنیا، وەک دەزگای پەنابەران یان مانگ و خاچی سوری نێوەدەوڵەتی خۆیان ناو نەناوە دەزگای خزمەت. هەر هیچ نەبێ یەکێ لە خانەوادەکەی خۆت هەڵبژێرە بتوانی شتە وردەکانیان لەگەڵ باس بکەیت. بەڵکە یەکێ لە خانەوادەکەی خۆت شتێک ئەزانێ کە منیش نایزانم.

چی تێ ئەچێ ئەگەر مامۆستا فەتحوڵا گولەن هەموو قسەکانیشی ڕاست بێت، تۆ دوو ڕای پێچەوانە تاقی بکەیتەوە بزانی هەر ئەو ڕاست ئەکات؟ بۆ نمونە چەن ساڵێ شتێکی تر بکەیت و دوایی بگەڕێیتەوە بۆ خزمەتکردن؟

یان نەخێر من بێ ڕێزی ئەکەم بەرامبەر جەنابی، وە وەک ئەم قوتابیە خۆشەویستیەکەت بۆ تورکی و تورکیا کەسانی وەک ئێمەی لێ کردوی بە دوژمن و مامۆستا و موراقیبەکانیشت بە فریادڕەس.

لە کۆتاییدا ئەڵێم: هیچ کەسێ ناتوانێ هیچ کەسێک بگۆڕێت.ڕێچکەی خۆمان، تەنها خۆمان ئەتوانین دیاری بکەین. نە گولەن ئەتوانێ تۆ بکات بە شاگردی خۆی نە ئەگەر هەموو ژیانم وەک شکسپیر بتوانم بنوسم ئەتوانم پەشیمانت بکەمەوە. مرۆڤ ئەبێ ناخی خۆی بگۆڕێت.

ئەکمەلەدین ئیحسان ئۆغڵو کێیە؟

نە ناویم بیستبوو نە ڕەسمیشی پێش ئەوەی ڕۆژنامە

ئەکمەلەدین ئیحسانئۆغڵو
ئەکمەلەدین ئیحسانئۆغڵو

تورکیەکان ناوی ئاشکرا بکەن وەکوو کاندیدی مەهەپە و جەهەپە بۆ سەرۆکایەتی تورکیا.

بەڵام پرۆفیسۆر ئەکمەلەدین بە ناوەکەیدا دیارە دایک و باوکی ویستویانە ئەکمەلی دین بێت و نازناوی خانەوادەکەشی هەم “کوڕ/ئۆغڵو”ی “ئیحسان” ـن.

کاتێ ئەم دێڕانە ئەنوسم چاکم بیرە دۆستە توندڕەوە سپی پێستە تورکەکانم یەک و دوان نین کەوا هەم سەریان بڕوات نوێژیان ناڕوات هەم یەکێکیان شوێنکەوتوی مەهەپە و لەسەر سوتانی ئاڵای تورکیا لە سلێمانی نامەی نارد بۆم (بە پۆست لە تورکیاوە بۆ بەریتانیا) کە شەرم لە خۆم بکەم. هەم ئەوانەشیان کە مامۆستام بوون لە ئیشق بەردەوامن لەوەی لە پشت خواجەوە دار وبەرد بگرنە کەسێک کە بەلای شتێکدا بڕوات غەیری تورک (بۆ نمونە ئەردۆغان) هەتا ئەگەر ئامانجەکەشی نیۆ-عوسمانیەتیش بێت.

وە لە هەمانکاتدا خوێندنەوەی زۆر بچوکی من لەسەر مێژوی جێگیربوونی تورک لە ئەنادۆڵ و ڕۆژهەڵاتی “ترۆی”/چەناق قەلەی ئێستا، پێم ئەڵێ کەوا ئەمەی ئێستا بوە بە نەتەوەی تورک و پێش هەزار ساڵ هەندێ خێڵی کۆچەری ناوەڕاستی ئاسیا بوون، وای لێ کردوون هەمیشە ترسی لە جێ هەڵتەکینیان تیابێت و “باشترین جۆری بەرگریش هێرشە” بۆیە ئەمان هەم خەریکی خاک داگیرکردن بوون هەم لە سەر زەوی مەعریفەش خەریکی فێرکردن و گەشەپێدانی زمانی تورکی و بچوککردنەوەی زمانەکانی دەوروبەریانن.

ئیتر ئەم دوو جۆرە لە ئەزموونی بچووکی من ئەم گەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کەوا جەنابی ئەکمەلەدین، دەرچوی زانکۆی ئەزهەری میسر (ماستەر) و دواتر دکتۆرا لە زانکۆی ئەنقەرە سوتفە لە ساڵی ١٩٧٤ ساڵی رووخانی گەورەترین شۆڕشی سەدەی بیستی کورد لەسەر دەستی شا و ئەمەریکا، هیچ سەرسوڕمانێکی تیا نیە هەردوو پارتی کۆماری (حیزبەکەی ئەتاتورک) و پارتی (بزوتنەوەی میللی) ڕەگەزپەرستی ئەڵپ ئەرسلان تورکەش (بزرکەری گۆڕی نورسی) جەنای پرۆفیسۆریان کاندید کردوە بۆ کێبڕکێ لەگەڵ ئەردۆغان.

دکتۆر ئەکمەلەدین سەرۆکی پێشوی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی بوو کە بەپێی ئەم هەواڵەی ئەلعەرەبیە، جەنابی مورسی کەسێکی تری لەجێگا دانا لە ٢٠١٣دا پێش ئەوەی خۆی لەسەر حوکم لابرێت. نوسینەکانی بە چاوپیاخشاندنێکی خێرا زیاتر لەسەر مێژوی زانست و تەکنۆلۆجیا لە سەردەمی عوسمانیەکان و بەگشتی دنیای ئیسلامیە.

ئەنجا وەڵامی خێرای پرسیارەکە وەر ئەگرین و ئەڵێین، ئەگەر دەرچویەکی زانکۆی ئەزهەر و لە دایک بووی میسر لە خانەوادەیکی تورک، وە سەرۆکی دەزگایەکی وا گەورە (٥٧ وڵات تیایدا ئەندامن) ڕازی بێت ببێ بە کاندیدی جەهەپە و مەهەپە، ئەوا زۆر بە ئاسانی ئەتوانین بڵێین: ئەکمەلەدین تورکێکە کە تورکایەتی و عوسمانیەت پێش دینەکەیەتی و هیچ کاتێ ڕازی نابێت ئەردۆغان ئەوەی گوێکئاڵپ و نیهال ئاتسز بونیادیان ناوە بیگۆڕێت هەتا ئەگەر بە دروشمەکانی ئەوانیش بجوڵێتەوە.

خۆشحاڵم بە ناسینیت جەنابی دکتۆر ئەکمەلەدین.

بۆچی ڕەخنە لە خواجە ناگیرێت لەلایەن کۆنە قوتابیانیانەوە؟

پەلە پەل نوسیبووم:

کەسی لێیە غیرەتی بێت بە ئاشکرا ڕەخنەیەکی ناسک لە خواجە بگرێ یان خوانەخواستە دژی قسە بکات؟ سەیرە، ڕەخنە لە سەید قوتب ئەگیرێت کەچی یەکێ نیە بە ئاشکرا چوار ڕەخنە لە خواجە بگرێ. خۆ نەبوە بە ابن رشد جارێ برام/خوشکم.

ناچارم لەسەری بڕۆم. ئەوەی لە میدیای کوردی بەرچاوم ئەکەوێت کە بۆنی ڕەخنەگرتنی لێ بێت لە خواجە فەتحوڵا و کار و چالاکیەکانی لە کوردستانی ئێراق بە تایبەتی و لە دنیادا، تەنها لە غەیرە قوتابیەکانی ئەوەوە دێت. ئەمەش وا ئەکات پیاو بپرسێت ئایا بۆچی کەسێک نیە بە ئاشکرا چوار ڕەخنەی ناسک دژی جەنابی خواجە فەتحوڵا گولەن بنوسێت؟ یان بڵێت یان بوروژێنێت؟

ئەگەر تەنها ١٠ لە دامەزراوەکانیان بڵێین دەرچوویان هەیە، هەریەکی تەنها ١٠ قوتابیشیان لێ دەرچووبێت، ئەوا لانی کەم ١٠٠ مامۆستا، ئەندازیار و هتد لای ئەوان دەرچوون کەچی نابیستین لە ڕۆژنامەیەک یان تەلەفزیۆنێکی کوردی یەکێکمان بچین و بە ئاشکرا دڵی خۆمان بۆ ئەو خەڵکە بکەینەوە. بۆچی؟

وەڵامەکە کوێرانە نابێت.

هۆکاری یەکەم: کەی کێشەی منە. ئەمەیان لەسەری ناڕۆم و ڕاستەکات.

هۆکاری دووەم: ئەکرێ وەک بە من وترا یەکێ لە هۆکارەکان ئەوە بێت کە وەک کاری هەمیشەیی ئێمە، ئەمپەڕ و ئەوپەڕ ئەگرین، لەگەڵ دەمکردنەوە دژی جەنابی دۆستێک هەڵبداتێ و بڵێ جەنابتان بێوەفاییتان کردوە چونکە وا و ئاوها. ئەمەیانم وەڵام داوەتوە بەڵام لێرە باسی ئەمپەڕ و ئەوپەڕ (تطرف) بە گشتی ناکەم. بەڵکوو باسی ئەوە ئەکەم بۆچی یەکێ لە دەرچوانی ئیشق، سەلاحەدین، زانکۆکانیان لە جێگایەک نابینم زانستیانە، ئەدەبیانە، بە دەست نوێژەوە یان هەرجۆرێک دوو ڕەخنە لە دوو قسەی ئەم پیاوە بگیرێت؟

ئاخر خۆ ئەگەر ئیبن رشدیش بێت ئەکرێ یەکێکمان هەڵبداتێ و بڵێ فڵان قسەت لە جێگای خۆی نەبوو، خۆ ناکرێ ئاخر بوترێ دەی جەنابی هیچ هەڵەیەکی نیە، یاخود ئەو لە پاکەکانە و ئەبێ بڕۆین سەر زەنشتی پیسەکان بکەین. منیش قایلم بەڵام ئەبێ لە جێگایەک یان دوان کەسێک کە پێشتر لای ئەوان خوێندبێتی بتوانێ دوو قسە بکات. ئاگادارم خوودی نوسینەکانی من بەڵگەن کە لانی کەم من هەم. بەڵام ئەمە بەس نیە، چونکە پرسیارەکە تا ڕادەیەک مەجازیە، کەسێک مەبەستم یەک کەس نیە، ئەبێ زیاتر بین لە یەک کەس، بەڵام لە ئێستادا دوو کەسیش هەر کەمە و پرسیارەکە هەر وەڵامێکی پێویستە.

هۆکاری سێیەم: ترس. ئەمەیانە کە من وا ئەزانم زۆرێک لە ئێمە قسە ناکەین. یەکێ لەوانەش ئەوەیە کە ئەکرێ قسەنەکەر بترسێ لەوەی دوایی وەک مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی ئیشق جێگای ببێتەوە. یاخود کاریگەری لەسەر کار و کەسابەتەکەی بکات. هەمان ئەو ترسەی کە لە تورکیا هەبوو وە هەمان ئەو ترسەی کە ئەردۆغان ئەتوانێ شانازی بکات کە بۆ یەکەمجار بۆ هەموانی شکاند.

هۆکاری چوارەم: لە ژێرەوە لەگەڵ ئەوانن. ئەمەیان زۆر ڕاست نیە، چونکە بە تەبیعەتی حاڵ ئەوان ناتوانن ئەو کادیرەی لە تورکیا دروستی ئەکەن لە کوردستانی ئێراق دروستی بکەن. وە خۆشیان ئەجندایان جیاوازە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر. چونکە کاری ئەوان نیە کارمەندی کوردی ببەن بۆ ئازەربایجان یان بە پێچەوانەوە کاری ئەوان فێرکردنی تورکی و خزمەتکردنە بە تەبەقەی سەرەوە بۆیە کادیری ناوچەکە خۆی باشترین خزمەت ئەتوانێ بکات. بۆیە ئەوەی لەگەڵ ئەوانیش بێت بۆ هۆکاری سێیەم یان پێنجەم لەگەڵ ئەواندایە.

هۆکاری پێنجەم: مەسڵەحەت. ئەیخەمە خاڵی پێنجەم، چونکە مەسڵحەتەکە لەگەڵ ئەوان بەڕاستی کاتیە و لەگەڵ مردنی خواجە وەک هەموو ئیمپراتۆریەتێکی تر، وەک هەموو پاشایەتیەکی تر لە ناو ئەچێت. بەڵام لە ئێستادا ماوە. بگرە ئەمە نابێت هۆکار بێت، هەریەکێ لەوانەی لەگەڵ ئەوان مەسڵەحەتیان هەیە ئەگەر تەکانێک بەخۆی بدا زۆر باشتر لەوان سود و قازانجی دەست ئەکەوێت.

هۆکاری شەشەم: نەبوونی ئەردۆغانێک. ئەمەیانم خستۆتە کۆتایی، بەڵام ئەکرێ یەکەمیش بێت. چونکە بەڕاستی نەبوونی سەرۆکێک بۆ ئەم جۆرە کارانە گرنگە. لێرەدا ناچارم بگەڕێم بەدوای کەسێکدا خۆشم شوێنی بکەوم. ئەگەر نا..

هیچی تر بە ئەقڵمدا نایەت بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە سادەیە.

دەنا خواجە فەتحوڵا گولەنێک کە لەو شارەی ئەوان پارەیان لێ هێنا بۆ کردنەوەی یەکەم مەکتەب لە هەولێری ‘پایتەخت’ی هەرێم، لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیەکانی ٢٠١٤دا مەهەپە سەرکەوتوو بوو. ئاخر کابرایەک ئەگەر وەک پێشتر وتم لە تورکەشەوە فێر نەبووبێت ئەوا ناهێڵێ شوێنکەوتوانی دەنگ بدەنە تورکەش کە قەبرەکەی نورسی هەڵکەند و تا ئێستاش کەس نازانێ ئێسک و پروسکەکەی چی لێ کرد.

خواجە و ئاڵپ ئەرسلان تورکەش چیان یەکە؟

شتێکی سەیرە لام، تا زیاتر بیر لەمە ئەکەمەوە زیاتر ئەگەمە ئەو باوەڕەی خواجە تەواوی ژیانی تورکەشی لە بیر و بۆچوونەکانیدا ڕنگ پێ داوەتەوە.

وێنەیەک لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی گولەن و ئاڵپئەرسلان تورکەش. سەرچاوە https://gvenilirvideohaber.wordpress.com/2011/04/03/bahcelinin-aciklamasi-28-subat-zihniyetini-tasiyor/

خواجە، کەسێک نیە لە قوبرس لە دایک بووبێت و کێشمەکێشمی یۆنانیەکان ئاگری تێبەردابێت. خواجە لە پانتایی ئەنادۆڵدا بۆخۆی ڕێی ئەکەوێت لە کەسێک کە دواتر پێی ئەوتر بەدیعی زەمان.

تورکەش، دروستکەری بیری نوێی تورکایەتی لە تورکیا، ئەوترێ کەوا ئایدۆلۆجیاکانی نیهال ئاتسزی کرد بە پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی، واتە مەهەپە، وە وشەیەک لە نوسینەکانی ئەودا وام لێ ئەکات ڕابکەم لەسەر کورسیەکەم پێش ئەوەی تەواو خۆم تەڵقین بکەم کە خواجە لەوەوە زۆر شت فێر بوە.

نوسینەکەی تورکەش ناسراوە بە بیروباوەڕی نۆ تیشکی، یان بە تورکی دۆکوز ئیشیک دۆکترینی. ناچمە ناو ئەمەوە بەڵام وشەی ئیشیک، هەمان ئەو ناوە گەورەیەیە کە پانتاییەکی تەواوی لای خواجە هەیە. خواجە ئەیتوانی وشەی نور بەکار بهێنێت. لای نورسی وشەی نور بەکاردێ، چونکە نورسی تورانیزم و کوردایەتی وەک یەک تەماشا ئەکات. لای نورسی بەپێچەوانەی ئاتسز تورانیزم ئەو قیمەتەی نیە تا زاراوەیەک لەوێدا زەق بێت لای نورسیش زەق بکرێتەوە. بۆیە ئەم نامەکانی، بە ڕیسالەکانی نور ناسراون. واتە ئەتباتەوە سەر عەرەبی و قورئان نەک تورکایەتی و تورانیزم.

ئەم وشەیە، ئیشیک، ئیشق، ناوی مەکتەبەکەی ئێمەبوو لە هەولێر وە ناوی تەواوی ماڵەکانی خواجەیە لە تورکیا و کوردستان و دنیا کە تیایدا مێشکی گەنجان ئەشۆردرێتەوە بە تێکەڵەیەک کە تەنها خواجە خۆی توانای پێناسەکردنی هەیە.

بۆیە لەم چەن دێڕەدا ویستم بە خۆم و بە ئێوەش بڵێم:

ئەگەر تورکەش نەناسی ناتوانی بڵێی خواجە ئەناسم. ئەگەر کارەکانی تورکەش نەناسی زۆر سەختە بتوانی لە کارەکانی خواجە فەتحوڵا شارەزابین. وە ئەگەر نورسی و ئاتسزیش نەناسین بە جوانی ئەوا ناتوانین هیچ یەک لەو دوانە بە جوانی بناسین.

ئەنجا وەڵامی پرسیارەکە ئەتوانین وەرگرین کەوا: ئەگەر تورکەش وەرگێڕ و هێنەری بیری ئاتسز بێت بۆ ناو مەیدانی سیاسی تورکیا لە بەرگی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی، مەهەپە، دا ئەوا خواجە وەرگێڕ و هێنەری بیری سەعیدی نورسیە لە بەرگی ‘خزمەت’دا.

وە هەردوکیان یەک شتیان یەکە:

تورکەش لە ئاتسز نەرمتر خزمەتی کرد بە تورکایەتی و تورانیزم، خواجەش بە وزەی نوسینەکانی نورسی هەمان خزمەت ئەکات.

دوای ئەم کورتە نوسینە سەرێکی گوگڵم دا، ئەمەم بینی، کە نامەی تورکەشە بۆ خواجە. ئیتر وازم لەم پارچەیە هێنا و بڵاوم کردوە بێ دەستکاری زیاتر.

خواجە خزمەت بە کێ ئەکات و بانگەشەی خزمەتیش بۆ کێ ئەکات؟

Fethullah-Gulen-Amerika-Pennsylvania-Saylorsburg-ev-sato-malikane-1
ماڵەکەی خواجە گولەن لە پێنسیلڤەینیا سەرچاوە: http://tarafsiz.com.tr/reuters-fethullah-gulenin-evini-goruntuledi.html

“هیچ شتێک لەوە گرنگتر نیە وا دەرکەویت دینداریت” نیکۆڵۆ مەکیاڤێلی

لەم کورتە نوسینەدا هەوڵ ئەدەم بۆ خۆم و بۆ ئێوەش ڕوون بکەمەوە جەماعەتەکەی فەتحوڵا گولەن لە ژێر ووردبینی بیردۆزی کۆمەڵایەتی بێشکچیدا، کە بە کورتی لەم بابەتەی پێشتردا هاتبوو چۆن چۆنی هەڵسەنگێنین. بزانین ئایا کە مادام بێشکچی ئەڵێ

پێکهاتەی کۆمەڵگای ئێمە پشت بە هەندێ کێشە ئەبەستێت: پێش هەموو شتێک موڵکایەتی، تا دێت کێشەی دابەشبوونی داهات و هەندێ مەسەلەی تریش

وە دواتریش لە بەشی چوارەمی هەمان کتێبیدا (لاپەڕە ۲۲۱ بە دواوە) باسی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان ئەکات بە درێژی بەڵام لە ناو چوارچێوەی ئەم پەیوەندیانە بە دینەوە، کە لێرەدا ئێمە کارمان نیە بەسەریەوە.

ئایا بێ گوێدانە لایەنی ڕەگەزی (عرقی) و دینی جەماعەتی فەتحوڵا گولەن، ئایا لەسەر بنەمای ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەڕاستی خزمەت بە کێ ئەکەن و بانگەشەی خزمەتیش بۆ کێ ئەکەن؟

بابەتەکە لەوێوە وروژا کە خانمە پرۆفیسۆرێکی تەکساسی وتارێکی گوایە “زانستی” نوسیوە لەسەر کاریگەری قوتابخانەکانی فەتحوڵا گولەن لە کوردستانی ئێراق (باکوری ئێراق، باشوری کوردستان چیت پێ خۆشە) وە هەوڵەکانیان بۆ “تیمارکردنی زامەکانی شەڕ” لەو پارچەیەی سەرزەوی. خانمی پرۆفیسۆر وتارەکەی لە کۆنفرانسێکدا پێشکەش ئەکات لە شاری شیکاگۆی ئەمەریکا لە ساڵی ۲٠۱٠دا بەڵام من بە سوتفە ئەم چەند هەفتەیەی ڕابردوو چاوم بەریکەوت. لە قسەکانیدا خانمی پرۆفیسۆر تەواوی نمونەی فەقیری کوردانی ئێراق بە تایبەتی هەڵەبجە بەکار ئەهێنێت بۆ باسکردنی کارەکانی ئەوان.

کە لێرەدا بانگەشە کردن بۆ خزمەتی هەڵەبجە و “تیمارکردنی زامەکانی شەڕ” لە کاتێکدا بەندە ئاگادارە دوای چەن هاواری هەڵەبجەییەکان مەکتەبێکیان لەوێ کردۆتەوە وە چەند و چۆنیش هەڵس و کەوت لەگەڵ قوتابی نەداردا ئەکەن بۆخۆی درۆیەکی شاخداری ئەم خانمە پرۆفیسۆرەیە.

خانمی پرۆفیسۆر بەبێ هێماکردن بۆ داهاتی ساڵانەی کۆمپانیای فەزالەری سەر بە بەڕێز فەتحوڵا گولەن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە خانم ئەڵێ گروپەکەی بەڕێز فەتحوڵا نەخۆشخانەیەکیان لە هەولێر کردۆتەوە کە چیتر پێویست نەکات خەڵک بچن بۆ ئێران و تورکیا بۆ چارەسەر. ئیدی کەس نەپرسێ لە خانمی پرۆفیسۆر بۆ لە سلێمانی یان عەربەت نەیانکردەوە تا هەڵەبجەییەکان باشتر دەستیان بگات بەو کارە “خێرە”؟ وە یان داخۆ ئەو نەخۆشخانەیەی ئەوان نرخەکانی بە بەراورد بە جێگاکانی تر چەندە هەرزان/گرانترە؟

بۆیە لەسەر دوو بنەما کە بێشکچی ڕاستەوخۆ ناوی نەهێناون چۆڕێک ئەدوێم: بێشکچی باسی کێشەی موڵکایەتی و دابەشبوونی داهات ئەکات، بەڵام من ئەیکەم بە “توانای بەرهەمهێنان = خودی کەسابەتەکە”ی خواجە، وە “پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان = شەریکەکان”ی گروپەکەی خواجە. وە لێرەوە یەکم پرسیار یاخوود گومانیش دروست ئەبێت کە کام لەو دوانە پێش ئەوی تر کەوتوون؟ واتا ئایا شەریکەکان پێش کەسابەتەکە دروست بوون یان وەک باوە لە دنیا بە پێچەوانەوە؟ ئەگەڕێینەوە سەر بابەتەکەمان:

یەکەم: توانای بەرهەمهێنان

پێش هەموو شتێک ئەبێ بزانین کە کارەکانی گولەن تەنها دروستکردنی مەکتەب نیە و جۆرەها کاری جیاواز ئەکەن. لە خوێندن و نەخۆشخانەی تایبەتەوە بۆ ووزە و ئاڵتونفرۆشی، هەروەها جۆرەها کۆمپانیا و هۆڵدینگی تر بە پشتیوانی تۆڕێکی میدیای و چاپەمەنی کە بۆخۆی سەرچاوەی داهاتە.

داهاتی جەماعەتی گولەن لە کوردستانی ئێراقدا بە سەرو ۳۳ ملیۆن دۆلار ساڵانە ئەخەمڵێنم

خەڵکانی تر لە ٢٠٠٨دا تەواوی سەروەتی ئەوان بە ٣٠ ملیار دۆلار ئەخەمڵێنن

ئەمەوێ بیڵێم بە پێی تەماشاکردنێکی خێرای من لە نێت و لە ڕێگای هاوڕێ و ناسراوانەوە، بەبێ ئەوەی وەک خانمی پرۆفیسۆر میوانداری بکرێم و یەک بەیەکی مەکتەبەکانی ئەوان ببینم، داهاتی گولەن لە کوردستانی ئێراقدا بە سەرو ۳۳.٦ ملیۆن دۆلار ساڵانە ئەخەمڵێنم. خەمڵاندنەکە لەسەر ژمارەی قوتابخانە جارانی ژمارەی قوتابی جارانی ۳٠٠٠ دۆلاری ساڵەنەم کردوە و هیچی تر. واتە بەپێی لۆگۆکانی ئەم بەستەرە ۲۸ خوێندنگام بۆ داناون، جارانی ٤٠٠ خوێندکار، جارانی ۳٠٠٠ دۆلار ساڵانە ئەکاتە ۳۳.٦ ملیۆن دۆلار. بۆیە ئەگەر هەڵە بم لە ژمارە ٢٨ـەکەدا ئەوا کۆی ساڵانەکەش هەڵەیە بەڵام ڕێژەکە ڕاستەوانەیە بۆیە خۆت زانیاری خۆت کۆ بکەرەوە و دوا ئەنجام وەرگرە. دیارە لە دوای هەراکانیان لەگەڵ ئەردۆغان جۆرەها تۆمەت ڕووبەڕوویان ئەکرێتەوە.

لەم ڕوانگەیەوە و لە داهاتێکی ۳۳ ملیۆن دۆلاریەوە، ئایا بەڕاستی کاری خزمەت و خێرخوازی ئەکەن یاخوود بۆ کۆکردنەوەی دەیان ملیۆن دۆلار لەوێن؟ کە جەنابی پرۆفیسۆر زۆر خۆشحاڵانە نابێ باسی بکات. ئەم پرسیارە هێشتا ساغ نەبۆتەوەو هەموان ڕای خۆمان دەرەبڕین، چونکە دامەزراوەکانی خواجە ناچنە ژێر یاسای هیچ وڵاتێکەوە تا داوا بکرێ داهاتیان ئاشکرا بکرێت و هاتوچۆی پارەکانیان دیاری بکرێت و بخرێتە بەر ڕای من و خڵکیش تا بەڵکە ئەوکات ئێمە هەڵە بین. بەڵام ئاشکرایە کە خواجە ئەوەی پەیدای ئەکات بەردەوام جێگای نوێی پێ ئەکاتەوە. بەڵگە بۆ ئەمەش تەنها زیادبوونی خوێندنگاکانیان لە باکوری ئێراق لە یەک دانەوە لە ۱۹۹٤ بۆ نزیک ۳٠ لە ۲٠۱٤ دا بەکار ئەهێنم. کە ئەکاتە نزیکەی ۳ دامەزراوە لە هەموو دوساڵێکی تەمەنیاندا.

ئەوە کورتەیەکی توانای “موڵکایەتی”ی کۆمپانیای فەزالەر و کۆمپانیاکانی تری  گروپەکەی خواجە فەتحوڵایە

دووەم: پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان

مادام جۆرەها کاری جیاواز ئەکەن، پەیوەندیەکانی بەرهێمهێنانی گروپەکەی گولەن لەگەڵ جۆرەها کەسدایە بەڵام لەهەموی گرنگتر، وەک زانیاری کەسی خۆم وە هەروەها وەک زانیاری بەردەست لە نێت و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکاندا، گروپەکەی خواجە تەواو نزیکن لە سیاسەتمەدارانی هەر وڵاتێک کە ئەوان تیایدا هەبن.

لە هەموی گرنگتر لە دوا ڕووداوەکانی تورکیادا دەرکەوت کە پەیوەندیەکانی خواجە لە تورکیای بنکەی سەرەکی ئەواندا، لە بەرزترین ئاستدایە و توانای هەیە لەگەڵ بەرزترین کەسی دەوڵەتدا و سوپاکەشیدا بجەنگێت. یان توانای هەیە دەنگی سەرۆک وەزیرانی تورکیا بخاتە ناو گێژاوی گاڵتەجاڕی خەڵک و یاساشەوە. پێم وایە لێرەدا پێویست بە نموونەی زیاتر ناکات، بەڵکوو میوانانیان بۆ “ئۆڵۆمپیاتی تورکی” ساڵانەی هەر ساڵێکیان چ لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا یاخود کاراچی پایتەختی پاکستان تەماشا بکەیت باشترین نمونە ئەدەن بە دەستەوە.

بۆیە بە کورتی دەر ئەکەوێت کە “توانای بەرهەمهێنان”ی خواجە لە ئاستێکدایە بتوانێت هاوسەنگی وڵاتێک بگۆڕێت وە هەروەها “پەیوەندیەکان”یشیان لەگەڵ جۆرەها دام و دەزگای دەوڵەتاندا هەیە کە ئەکرێ تەخمین کرێت لەگەڵ دامەزراوە سیخوڕیەکانیشدا بەهەمان شێوە خاوەنی پەیوەندی بن. لەو ڕوانگەیەوە گومان یان پرسیارەکەی سەرەوەش کە ئایا کامیان پێش کامیان کەوتوون؟ “توانای بەرهەمهێنان”ی گروپەکە یاخود “پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان”؟ بە زمانێکی سادەتر ئایا ئەمان شەریکی خەڵکن یان خەڵک شەریکی ئەمانن؟ وە ئەو شەریکانەش کێن و بۆچی شەریکی ئەمانن؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ کاتێکی تر و نوسینێکی تر.

بە زمانێکی سادەتر ئایا ئەمان شەریکی خەڵکن یان خەڵک شەریکی ئەمانن؟ وە ئەو شەریکانەش کێن و بۆچی شەریکایەتیان ئەکەن؟

بۆ ئەوەی ڕوون بێت لای خوێنەر کێشە و جیاوازی من لەگەڵ بزوتنەوەکەی گولەن نە مەسەلەی کوردایەتیە و نە مەسەلەی پەکەکەیە (وەک لەسەرەوە وتم ئەم تەماشاکردنە دورە لە بۆچوونی ڕەگەزی و دینی) بەڵام قوڵتر و پێشترە لە دین و مەزهەبیش. چونکە ئەو کاتێک قسە بە جەمیل بایک، یان باهۆز ئەرداڵ ئەڵێ هیچ یەک لەو دوانە کوڕی ئەریستۆکرات، دەرەبەگ و ئاغا یا سەرۆک عەشیرەتێک نەبوون و نین وە هەروەها مەسەلەکە ئەوەنیە لە مەزهەبێکی جیاوازیشەوە هاتبن (ئەکرێ ئەو هەقە بدەین بە خواجە و بڵێین لە ڕوی چەپێتیەوە کێشەی گەورەی لەگەڵ بایک و ئەرداڵ هەیە بەڵام لێردا لەسەری ناڕۆین). بۆیە بیردۆزەکەی بێشکچی دیسانەوە بەکارە کەوا ئەم جوڵانەوەیەی خواجە کاری بە فەقیر، چەپ و نەدار نیە و سەودای لەگەڵ منداڵی بەرپرس و دەوڵەمەندەکاندایە.

بۆیە لە ڕوانگەی بیردۆزەکەوە کە ئەبێ ‘هەموو گۆڕانێک یان هەوڵێک بۆ گۆڕان لە ژێر وردبینی موڵکایەتی و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێماندا تەماشا بکەین،’ بە ڕوونی بۆمان دەر ئەکەوێت کە مەکتەبەکەی گولەن لە هەڵەبجەی شەهید، نابێ وە ناکرێ مەبەستی سەرەکی لێی خزمەتی هەڵەبجە بێت. خۆ ئەگەر لە ئێستادا و تا کۆتایی تەمەنیشیان لە هەڵەبجە بەلاش ئیش بکەن، پارەش بۆ هەتیو و نەداران دابین بکەن هەر لەو حەقیقەتە کەم ناکاتەوە کە سەودای ئەوان بەگشتی لەگەڵ تەبەقەی خوارەوە نیەو خودی خواجەش کاری بەسەر تەبەقەی خوارەوە نیە دەنا یەکەم مەکتەبیان لە هەڵەبجە ئەکردەوە نەک لە هەولێر.

دەنا جیاکردنەوەی کوڕە فەقیرێک لەسەر بناغەی نمرەکەی و وەرنەگرتنی بۆخۆی سادەترین بنەمای جیاخوازیە. بۆخۆی مەسەلەی “وەرگرتن بە مەرج” لە تیۆری فێرکردن و میتۆدەکانی فێرکردندا قسە زۆر هەڵ ئەگرێت و ناچینە ناوی بەڵام ئەزانین کەوا مەکتەبەکانی خواجە تەنها “زیرەک”ەکان وەر ئەگرن وە ئەبێ ئەو ڕاستیە بوترێک کە زیرەکی لەم ڕۆژەدا پێویستی بە “ئامێر” و “هەل و مەرج”ی خوێندن و نوسین هەیە، کە ئەوان زۆر چاک لەو پێداویستیانە حاڵی بوون.

بۆیە لە کۆتاییدا: لەژێر ڕۆشنایی موڵکایەتی و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی بێشکچیدا، ئەوەمان بۆ دەر ئەکەوێت کە دابینکردنی خزمەتگوزاری گشتی (پەروەردە یاخود تەندروستی) لە لایەن کۆمپانیایەک، گروپێک یان کۆمەڵە کەسێکی بەدەر لە حکومەتێکەوە،  تەواوی مەکتەب، نەخۆشخانە، دەرسخانە و زانکۆکانی گولەن ئەخاتە خزمەت تەبەقەی سەرەوە. وە پێویست ناکا باسی کۆمپانیاکانیان بکەین چونکە ئەوان لە ڕاستیدا بانگەشەی ئەوە ناکەن کە کۆمپانیاکان جۆرە کارێکی خێرخوازی. هەروەها خواجە هیچ تەکیەیەکی نەکردۆتەوە، وە بانگەشەش بۆ هاوکاری لەگەڵ هیچ دامەزراوەیکی خێرخوازی وەک مانگی سور، خاچی سور و هتد ناکەن تا ڕاستەوخۆ لەم خانەیە بیگوازینەوە خانەیەکی تری خزمەتکردن.

وە بەو شێوەیە ئەکرێ بگەینە ئەو ئەنجامەی کە تەواوی دامەزراوەکانی خواجە فەتحوڵا (بە کۆمپانیاکانیشیانەوە) نە بۆ هەژاران دروست نەکراون وە نە هەژارانیش دروستی کردوون.

هەروەها ئەوەش ڕۆشن ئەکاتەوە کە هەژارانیش بەڕێوەی نابەن لە ئاستی سەرەوەدا بەڵکوو کاری هەژاران هەمیشە لە کارەکانی خوارەوەدا ئەمێنێتەوە، چونکە بۆ ئەوان دروست نەکراوە ( بەلەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە لادانێک لە یاسا گشتیەکە، یاساکە ناشکێنێت).

بۆیە خزمەتەکەی خواجە بە دەست و بازوی تەبەقەی خوارەوە بۆ تەبەقەی سەرەوەیە.

بۆ تەواوکاری ئەمە ڤیدیۆی خانمی پرۆفیسۆرە و بەڕاستی پێویستم بەوە نیە بچم وتارەکەی بخوێنمەوە یان سەرچاوەکەی دانێم بۆتان.