چۆن بگۆڕێین (2) – سادەتر

ئەگەر وابێ مرۆڤ کردارەکانی لە “ویست” و “پاڵنەر”ەوە سەرچاوە بگرێ، *
1. دیارە ئێمەمان نە خاوەنی ویستین، وە نە پاڵنەرەکانیشمان هی ئەوەیە شتانێک بکەین ویست و پاڵنەرەکانمان پێی مورتاح بن، بە مەعنایەکی تر “سەرکەوتوو” بین.
2. ئەمە چ تاک چ کۆ. دەی باشە، بەچی دروست ئەبێ‌ ئەم ویست و پاڵنەرانە؟ بە تەئکید ئەبێ‌ گۆڕانکاریەک لە ژینگەکە ڕوو بدات، چونکە بەشەر بەرهەمی ژینگەکەیەتی. هەم وەک خانەکانی هەم ئەقڵ و هۆشیشی.
3. دەی بۆ ئەوەی چ ویست چ پاڵنەری کۆی خەڵک بگۆڕێ خۆ ئەبێ‌ تاکێک لە ژینگەیەکی جیاوازەوە گۆمەکە بشێوێنێت.
4 کەواتە گۆڕانکاری لە ناوەوە ناکرێت. نەک هەر لە ناوەوە ناکرێت، نابێ بەهیچ‌ شێوەیەک بەسترابیتەوە بەو ژینگەیەوە تا بتوانی شتێکی جیاواز “پاڵنەر”ت بێ و “ویستت” بۆ دروست بکات.
کەواتە دابڕان نەک پێویستە، تەنها ڕێگای دەربازبوونە لەو پاڵنەر و “نەویستی”یەی قوڕی کردوە بەسەر ئەو ناوچەیە و زۆرینەی زۆری دنیادا.
کەواتە بۆ ئەوەی بگۆڕێم، ئەبێ تەنها بم، تا بتوانم کەمتر کاریگەری ئەملاولام لەسەر بێ و بەڵکە ئەوکاتەش پاڵنەر و ویستەکانیشم بگۆڕێن.
*کتێبی: پیاوان بۆچی شەڕ ئەکەن’ی بێرتراند ڕەسڵ بەشی یەکەم

گاڵتەپێکردن لە کوێوە دێت؟

کە ئەبینی مناڵەکەت گاڵتەی پێ ئەکرێ لە مەکتەب (ئیستیغلال ئەکرێ)، بە بڕوای من، دڵدانەوەی مناڵەکە سودی نیە. مەبەستم ئەوەیە کە گاڵتە بە لوتی کرا (وەک لوتی من زل بێت بۆ نمونە) سودی نیە پێی بڵێی تۆم کروزیش لوتی زلە. هەرواش گەورەیەک کە ئەبینرێ لەلایەن کەسێکی ترەوە گاڵتەی پێ ئەکرێ، یان خەمیەتی گاڵتەی پێ بکرێ، دڵدانەوەی هۆکاری گاڵتەپێکردنەکە سوودی نیە بەبڕوای من.
ئەبێ بڵێی ئەمە کێشەی دەسەڵاتە کوڕم/کچم/بەڕێزم، گاڵتەپێکەر هەست ئەکا لە تۆ بەهێزترە و لوتزلیەکەشت هیچ عەلاقەی بە باتەکەوە نیە، تەنها ڕێگایەکی دەربڕینی ئەوە وا ئەزانێ لە تۆ بەقوەتترە. چ لوتێک جوانە، بەزمێکی ترە، چ باڵایەک جوانە بابەتێکی ترە، چ جنسیە و زمانێک بزانی بابەتێکی ترە.
بۆیە ئەکرێ لەگەڵ گاڵتەپێکراو بزانی کام لەم ئیختیارانە بۆی چاکە:
1. لە ئەوروپا (مەبەستم وڵاتانێک کە یاسا یان بەناو یاسایەکی تیابێت) هەر ناپرسن مەسەلەکە چی بوو، ئەبێ بە مەکتەب بوترێ = شکات = قانون = زۆرجار تعویز وەرەگریت. چونکە پێناسەکەی دیارە و تەعریفی ناوێت.
2. لە کاولەیەکیشدا کە گاڵتە بە خەڵک کردن ئەوەنە باوە ون بوە لەبەرچاو:
2.1 ئەتوانی پێی بڵێی کە ئەکرێ مرق بکەی یان سەرت کز بکەی (فەرق ناکات)، کە وابزانم زیاتر گاڵتەپێکردنەکە زیاتر ئەکات.
2.2 ئەتوانی پێی بڵێی تۆش ئەتوانی جانتاکەی بسوتێنی ڕۆژی دوای ئەوە.
2.3 یان ئەتوانی پێی بڵێی: خۆت لەو بەهێزتر دانێی و بەزەیت بە ئەقڵیدا بێتەوە، بەڵام ئەبێ وەڵامێکی بدەیتەوە کە ئەمە نیشان بدا. بۆ نمونە پێی بڵێ: لوتم لە ئەقڵت گەورەترە.
جا زۆرێک لە هاوکێشەکانی تری ژیان لەو سێ خاڵەی دوەم تێ ناپەڕێت، چونکە ئەوەی 1میش شتێکە لەبەینی 2.1 و 2.2. گاڵتەپێکردن یەکجار گرنگە لام، لوتزلیەکە کاڵی نەکاتەوە. وەڵامی پرسیارەکەش ئەوکاتە ئەبێ ئاوا بدەمەوە:
لەوێوە دێ کە کەسی گاڵتەپێکەر، کەسی گاڵتەپێکراو بە بچوکتر لەخۆی تەماشا ئەکات، وە گاڵتەپێکراو ناچارە یان هۆکارێکی تر وای کردوە ئەو دۆخە قەبوڵ بکات، دەنا ڕوو نادات.
بۆ نمونە با باسی ڕەگەزپەرستی بکەین: کەسێکی سپی پێست (کە لەم سەدانەی دوایدا زاڵتر بوون بەسەر ڕەشپێستدا) ناتوانێ لە شارێکدا کە یەک نەفەری تری سپی تێدا نەبێ و دەستیشی نەگات بە یارمەتی، گاڵتە بە ڕەشپێستێک بکات. بەهەمان هاوکێشە، شارە ڕەشپێستەکە ئەتوانن ئەوپەڕی گاڵتە بە سپی پێستی کەسەکە بکەن.
نمونەی تر زۆرن، بەڵام هەمان هاوکێشەن، فیلە و پێ بە مێرولەدا ئەنێت. جگە لەو خاڵانەی سەرەوە باسمان کردن، چ مناڵ چ گەورە ئەبێ ڕوون و ئاشکرا بزانێت کە کێشەکە پەیوەندی بە بابەتەکەوە نیە. بابەتی گاڵتەپێکردنەکە تەنها دەرچەیەکی نیشاندانی ئەو ناهاوسەنگیەی هێزە لە نێوان دوو لایەنەکەدا. لایەنی گاڵتەپێکراو ئەبێ بزانێ کە لە (1) و (2) دەرناچێت و لە حاڵەتی (2)میشدا لەو سێ بژاردەیە زیاتر نیە.
زیاتریش دیراسەی ئەکەم و شتێکی هەڵەی تیابوو چاکی ئەکەم.

لە وەرگێڕانەکانی بێرتراند ڕەسڵ: دروستکردنی کەسایەتی

“دروستکردنی کارەکتەر (کەسایەتی)، کە تا ئێستا بابەتی باسەکەی ئێمە بوو، ئەبێ لەسەر ساڵانی سەرەتای ژیان ڕاوەستێت، ئەگەر بەڕێکوپێکی بەسەر ببرێت ئەبێ تا تەمەنی شەش ساڵی تەواو بێت. من ناڵێم کەسایەتی تێک نادرێ لەدوای ئەو تەمەنەوە، تەمەنێک نیە کە تیایدا مرۆڤ بەهۆی هەلومەرج یان ژینگەی نەخوازراوەوە زەرەری لێ نەدرێت. ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە ک، دوای تەمەنی شەش ساڵی، کچ یان کوڕ ئەگەر ڕاهێنانی دروستی بۆ کرابێت ئەبێ عادەت و ویستێکی بۆ دروست بووبێ کە بەرەو ڕێگای ڕاستی ببات ئەگەر هەندێ بایەخ بدرێ بە ژینگەکەی.

قوتابخانەیەکی پێکهاتوو لە کچ و کوڕانێک کە تا تەمەنی شەش ساڵی بەڕێکوپێکی گەورەکرابن ژینگەیەکی چاک پێک ئەهێنێت، تەنها تێگەشتنێکی مامناوەندی گەرەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، پێویست بەوە ناکا زۆر کات یان بیرکردنەوە بە بابەتی ئەخلاقیەوە سەرف کرێت، چونکە بەهای لەو شێوەیە کە پێویستن ئەبێ بە سروشتی لە ئەنجامی تەنها ڕاهێنانی ژیریەوە بێتە دی. من مەبەستم ئەوە نیە ئەمە بکرێ بە یاسایەکی کۆتایی، بەڵکوو بنەمایەک بێت بۆ ڕێنیشاندانی دەسەڵاتدارانی قوتابخانەکان دەربارەی ئەو شتانەی کە هەقە بایەخی تایبەتی پێ بدەن.

من قەناعەتم هەیە کەوا، ئەگەر منداڵ تا تەمەنی شەش ساڵی بەڕێکوپێکی بەخێوکرێت، باشتر وایە قوتابخانە تەرکیز بکەنە سەر گەشەکردنی ژیری مناڵەکە بە تەنها، وە پشت بەوە ببەستن تا گەشەی زیاتری کەسایەتی بەرهەم بهێنن کە هەر خوازراوە.

هەم بۆ ژیری مرۆڤ، وە لە کۆتاییشدا بۆ کەسایەتیش، خراپە کەوا ڕێگا بدرێت بابەتە ئەخلاقیەکان کار بکەنە سەر ڕێنماییەکان.

نابێ وا بیرکەینەوە کە هەندێ زانست زەرەرهێنەرە و هەندێ نەزانی چاکە.

کۆتایی وەرگێڕان. تێبینی:

١. ئەخلاق بە مانا گشتیەکەی نەک مانا تەسکە جنسیەکەی وە وشەی “ڕەوشت”یشم بە ئەنقەست بەکار نەهێناوە.

٢. ئەم قسانەی ڕەسڵ هەروا وەرگێڕانی سەرپێیی نیە، لای بەندە چەن ساڵی یەکەمی مرۆڤ چۆن داهاتووی دیاری ئەکات بابەتێکی یەکجار گرنگە، وە لە هەمان کاتدا ئاگادارم کە بواری “پەروەردە” بۆخۆی چەن ئاڵۆزە و چەندە بە سەختی ئەکرێ قسەی تێدا بکرێت.

٣. نوسینەکە خۆی دوو پەرەگرافە من پارچە پارچەم کردوە و بۆخۆی بەشێکە لە “دەربارەی پەروەردە: بە تایبەتی لە ساڵانی سەرەتاییدا”ی بێرتراند ڕەسڵ ئەتوانی لێرە تەواوی بەشەکە بخوێنیتەوە.