ئەم بابەتە لە کوردئایتیگروپ لە 2012/11/22دا بڵاوکرابوەوە. ئەگەر پاشکۆکانی ترت پێویست بوو ئاگادارم بکە. لەوەی ئەم بەستەرە زیندوو نەبێت. لەژێر ناونیشانی “هەڵسەنگاندنێکی شێوە زانستیانەی تەختەکلیلەکانمان” لەسەر عورفی ئەم بڵاگە کە زۆرێ لە بابەتەکانی بە پرسیار سەردێڕکراون ئەمیش کرا بە پرسیاری “کام داڕشتنی کیبۆرد باشە؟”
بە گشتی لە ناوماندا وە تا ئەو ڕادەیەی زانیاری کەمی بەندە هەیەتی لەسەر نوسینی کوردی و گرفتەکانی، لایەنی کەم کوردستانی باشور، layout = داڕشتنی تەختەکلیلی کوردی، لەسەر دوو شێواز بڵاوبوونەتەوە (بیرت بێ باسی فۆنت و ئینکۆدینگ = encoding ناکەین). کە ئەمانەن:
۱. تەختەکلیلەکەی ئێرە لەسەر بنەمای دەنگەکانی لاتین (بابڵێین ئینگلیزی) وە لەسەر داڕێژراوی = layout ی QWERTY = قوەرتی. ئاگادارم کەوا هەندێ جیاوازی هەنە بۆ نمونە “ح” لە وەشانەکەی ماک لەژێر شیفت نیەو بەپێچەوانەوە لە وەشانێکی ویندۆز. بۆخۆی ئەم داڕشتنەش چەن وەشانێکی تێپەڕاندوە.
۲. تەختەکلیلێکی تر کە هاوڕێیانی چاوگ, خەڵکانی تر، وە هەروەها بەمدواییە زانکۆی کۆیەش خۆیان دابوو لە قەرەی وە لەسەر بنەمای تەختەکلیلی ئەرەبی. من وامداناوە کیبۆردکەی کاک علیش لەسەر هەمان داڕشتنە. نەمدیوە و بۆم نەدۆزرایەوە.
پێشەکی:
ئەزانین کەوا هەریەک لە “QWERTY” وە “ARABIC” لە کاتێکدا و لەلایەن کەسێک یان کەسانێکەوە دروستکراون لەبەر هۆیەک، بەڵام ئەمانەی ئێمە جگە لە “تازە دەستم ڕاهاتوە بە ئینگلیزی/ئەرەبی با دوو هەوا نەکەوم” سەرچاوەیەکی زانستی لە پشتەوە نیە، هەرچەن هۆیەکی یەکجار گرنگە خودی ئەو ڕاهاتنە، بەندە خۆشم و وە ئەوانەش کە باسم کردبێ لەگەڵیان، لەگەڵ کام لەو دوە ڕاهاتبن پێیان خۆش بوە لەسەر ئەوە بەردەوام بن.
هەر بۆیە کاتێک تەختەکلیلەکە بۆ ئایفۆن و ئاندرۆید ئامادە ئەکرا، وە بەڕێز بەردەقانی پرسیاری کرد چۆنی داڕژین. بەندە کە ئەبوایە زۆر وریا بوومایە لەخۆمەوە وتم “وەڵا من شەققەی شیفتەکەم یەت، خۆ وەک لاتینی ئێمە بچوک و گەورەمان نیە هەموو پیتەکان جێگایان ئەبێتەوە”. قسەیەکی نابەجێ نەبوو، بەڵام دوایی هەرخۆم نەمتوانی بە ئاسانی تەختەکلیلەکەی ئاپی “Kurdish Writer” بەکار بهێنم. ئەمسەرچاوەیە باسی دروستکردنی داڕشتنێکی کارا تر ئەکات بۆ مۆبایل/ئامێری دەستی و دڵنیام چەندین بابەتی تری زانستی وا هەن کە ئەکرا سودیان لێ وەربگیرێت ئەگەر کات هەبوایە یان خوانەخواستە مامۆستا یان خوێندکارێکی بەشی کۆمپیوتەری زانکۆکانی ئێمە دوو بابەتی وایان بکردایە بە پرۆژەی کۆتایی خوێندنیان، ئەکرا ئێمەش سودمان لێ ببینیایە.
جوڵێنەری ئەم بابەتەو خەرجکردنی ئەم چەن کاتژمێر لەسەر ئەم بابەتە لەم پرسیارەوە سەری هەڵدا کە زۆر لە مێژە لای بەندە هەیە: ئایا وەکوو لەسەر بنەمای دوو زمانی تر تەختەکلیلەکانمان داڕشتوە، تا چەنێک پەنجەکانمان ئەکرێ توشی ڕوداوی لێک ئاڵان ببن، یان کەمتر ماندوو ئەبوین ئەگەر بە شێوازێکی تر تەختەکلیلەکانمان داڕشتایە، یان لەهەموی گرنگتر چەندە خێراترو ئاسانتر ئەمان توانی بنوسین ئەگەر داڕشتنەکە لەسەر بنەمایەکی زانستی بوایە؟
هەڵسەنگاندنی نەتەوەکانی تر بۆ کیبۆردەکانیان:
تۆزێک/تۆسقاڵێک گەڕام، دیارە لە لای نەتەوەکانی تریش هەمان پرسیار هەیە. لەڕاستیدا پرسیاری گەورە هەیە لەسەر کوێرتی وە دڤۆراک و ئەوان لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیدا دەری ئەخەن کەوا کوێرتی خراپترین داڕشتنی تەختەکلیلە بۆ نوسین بە لەمس (بەرکەوتن)، هەروەها ئەو سەرچاوەیەش کە من پێشنیاری ئەکەم بۆ بەکارهێنان و تاقی کردنەوە هەمان ئەنجام ئەدات بەدەستەوە هەر تێکستێکی تێدا تاقی بکەیتەوە (لاتینی/ئینگلیزی).
هەمان بابەتی زانستی دوای ئەوەی کۆشێک بەڵگەو لێکۆڵینەوەی جیاواز ئەهێنێتەوە، بۆ نمونە بۆچی ئەگەر تەختەکلیلەکەی دڤۆراک یان ئەوانی دوای ئەو،بۆ نمونە Rhythmic و Alphametric و کرۆمەر و هتد باشترن، بۆچی نەیان توانیوە زاڵبن بەسەر کوێرتیدا؟ وە جگە لەوەش باسێکی دورو درێژی چۆنێتی داڕشتن و چی باشە و چۆن باشە. لەوانە دانانی وشە دوبارەکان لە ناوەڕاستی تەختەکلیلەکەو بەپێچوانەوەو هتد.
ئەم بابەت/مەقالە زانستیە لە کۆتاییدا ئەم ئەنجامانەمان ئەداتێ کە بۆچی کوێرتی زاڵەو بەزاڵی ماوەتەوە:
۱. خەرجی، واتە خەرجی گۆڕینی تەختەکلیلی سەرشاشە بێت یان تەختەکلیلی بەرجەستە بێت
۲. ئەڵێ نیشاندراوە کەوا کوێرتی بە نزیک لە خێرایی ئەوپەڕی بەکاردێت، هەرچەن ئەوە مانای ئەوە نیە کەوا کوێرتی بە چاکترین شێوە داڕژروە.
۳. سودی گۆڕینی داڕشتنێک ئەبێ بەرامبەر زیانەکانی هەڵسەنگێنرێت، کە بەبڕوای ئەوان زیانی زیاترە.
٤. من خاڵێکی بۆ زیاد ئەکەم کە نوسەری بابەتەکە لە ژێر ۱ دای نابوو. “بەکارهێنەر دژی گۆڕانە”. بۆیە پێشنیارکردنی گۆڕینی ئەم تەختەکلیلە بۆخۆی کارێکی سەختە هەرچەن ئەکرێ تەنها چەند سەد هەزار کەسێکیش بەکاری بهێنێت.
تاقیکردنەوە
چیم کرد بۆ ئەوەی بزانم ئایا کام لەم دوو تەختەکلیلە باشترن؟ (بۆخۆی لە زانستدا ئاوەڵناو زۆر کێشەیە بەکاری بهێنیت وە کاتێک بەراورد ئەکەیت ئەبێ بزانی لەسەر چ بنەمایەک بەراورد ئەکەیت بۆیە خودی وشەی “باشترن” یەک دنیا پرسیار هەڵ ئەگرێت)، بەهەرحاڵ:
یەکەمجار وتم ئەبێ شتێک دروست بکەین کەوا بەکارهێنەران بڕیار بدەن، بەڵام دوای خوێندنەوەی چەن بابەتێکی تر و ئەو بابەتەی سەرەوە وتم نەخێر ئەبێ بزانین شتێکمان دەست ناکەوێ هەندێ ئەنجامی سەرەتاییمان بداتێ و ئیتر وازی لێ بهێنین تا کەسانی خۆی و بەکات و توانای خۆیان بەڵکە باشتر و وردتر کاری لەسەر بکەن، یان هەر لەسەر ئەنجامەکانی سەرەوە ئەم دوو تەختەکلیلەی ئێمەش ئەستەمە تازە گۆڕانکاریان بەسەردا بێت. یاخود بەڕێزانی وەک بەردەقانی، سیا و هاوڕێیان لە زکورد و چاوگ بەڵکە هیچ نەبێ ڕایان دیار بێت لەسەر شێوازەکان.
کاتێک زانیم بە تاقیکردنەوەی بەکارهێنەر ئەنجامی باشمان لەوەیە دەست نەکەوێت و ئاڵۆزتریشە، ئەنجا کاری ئەم بەڕێزەم دۆزیەوە(شیکاری داڕشتنی تەختەکلیل = Keyboard Layout Analyzer) کە بەڕاستی تاقیکردنەوەی داڕشتنی تەختەکلیلی ئاسانکردوە، گۆڕینی جێگای پیتەکانی ئاسانکردوە (ڕاکێشەو بەریدا = drag and drop) وە لەهەموی گرنگتر هەندێ ئەنجامیشمان ئەداتێ کە جۆرەها زانیاری تێدایە. بەندە زۆر سەری لە هەندێ لە زانیاریەکان دەرنەئەکر،د بۆیە هەردوو لەیئاوتەکە بۆ ئێوە دا ئەنێم لێرە کە خۆتان “import”ی بکەن و بەراوردیان بکەن بە تێکستی خۆتان.
تاقیکردنەوەکەی من لەسەر ‘Keyboard Layout Analyzer’ ی بەڕێز “گیلەسپی” بریتی بوو دوو بابەتی ڕۆژنامە/هەفتەنامەی ڕوداو ئەمەش لینکەکان (یەکەم، دوەم). ئەو دوو بابەتەم تاقی کردەوە کە ئەنجامەکان تێکەڵ بوون.
ئەنجامەکانی تاقیکردنەوە:
ا) بۆ هەردوو بابەتەکە Ranking = پلەی گشتی شیکارەکەی بەڕێز گیلەسپی، کە پێوەرێکە لەسەر ئەو بنەمایانەی لە بابەتە زانستیەکەی سەرەوەدا هاتوە بۆ تەختەکلیلی Rythmic کە بریتیە لە: ۱) هاوسەنگی بەکارهێنانی هەردوو دەست و ۲) جوڵەی دەستەکان و ۳) دوبارەبونەوەی بەکارهێنانی هەمان پەنجە لەسەر هەمان دوگمە ٤) یان دوگمەی جیاواز، ئەنجامەکە بە قازانجی تەختەکلیلە ئەرەبیەکە بوو کە نمرەکەی زیاترە لە تەختەکلیلەکەی کورد ئایتیگروپ.
ب) بەڵام کاتێک تەماشای دابەشکردنی دەست ئەکەیت (وەک لە وێنەکانی پاشکۆدا هاتوە) دەر ئەکەوێت کە کوێرتی/داڕشتنەکەی کوردئایتیگروپ بە ڕێژەیەکی زۆر کەم یەکسانتر دابەشی کردوون وەهەروەها کاتێک تەماشای هاتوو چۆی هەردوو دەست (جوڵەی دەستەکان) ئەکەیت دیسان ڕێژەکەی تەختەکلیلی کوردئایتیگروپ یەکسانترە. کاتێکیش تەماشای نەخشەی گەرمی Heat Mapی هەردوکیان ئەکەیت، شەققەی تەختەکلیلەکەی من ئاشکرا دیارە (دیسان شتێکە من عقدەم لەگەڵی هەیە دیارە) بەڵام بە گشتی هەردوو نەخشەکە گەرمیان لەسەر پیتەکانی بزوێن، و، ی و ێ هەیە کە چاوەڕوان کراو بوو.
ج) ئاشکرایە (بەڵگەش هەیە نەخشەی گەرمی تێکستێکی ئینگلیزی تاقی بکەرەوە هەر لەوێ) لە ئینگلیزیدا پیتی E زۆر دوبارە ئەبیتەوە و ئەویش لەژێر پەنجەی ناوەڕاستی دەستی چەپ دانراوە کە لە داڕشتنەکەی کیبۆردی کوردئایتیگروپ/قوەرتی”دا پیتی ەی کوردی جێگای گرتۆتەوە بەڵام لە ئەرەبیەکەدا لەژێر پەنجەی “شایەتومان/دۆشاومژە”ی ڕاست دانراوە. بەرامبەر ئەمەش لە کیبۆردە ئەرەبیەکەدا پیتی ی و ێ دانراون. ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا هیچ یەک لە دوگمەکانی کیبۆردە لاتینیەکان کە ۵ دانەیەک هەن بۆ لاتینی لەو پرۆگرامەی بەڕێز گیلەسپیدا، هیچ یەکیان سوریەکەی وەک سوری دوگمەکانی ئێمە تێر نیە. واتە دوبارە بوونەوەکەی پیتی ە بۆ تەختەکلیلی کوردئایتگروپ، وە دوگمەی “ی” و “ێ” ی ئەرەبیەکە وەک دوبارە بوونەوەی پیتی Eی ئینگلیزی نیە.
د)تەختەکلیلە ئەرەبیەکە، لانی کەم ٤ دوگمەی سەرەکی لە نەخشە گەرمیەکەدا بە سپێتی ماوەتەوە، واتە هیچ یەک لە پیتەکانی تێکستەکەی تاقیمان کردۆتەوە پیتی “ص ،لا، ء” تێدا نیە ئەوە سێ پیت، یان با بڵێین بۆ “لا” جوت پیتێکیش، پیتی چوارەم پیتی “ی” کە وابزانم لە هەندێ لە وەشانەکانی ئەم تەختەکلیلەدا بۆ پیتی ی ئەرەبی تەرخانکراوە بەجوت خاڵی ژێریەوە. دیسان ئەمەش بەهەرلایەکدا بێت زیادەیەو ئەکرێ شەققەی شیفتەکە کەمتر کاتەوە. بەرامبەر بەوە تەختەکلیلەکەی کوردئایتیگروپ تەنها یەک دوگمەی سپیە ئەویش بە هۆی ئەوەی ئ” لە سەرەتادا واتە “ئـ” کە مەبەستی داگیرکردنی دوگمەی “u”ی کوێرتیە، کۆدەکانیان جیاوازن و پرۆگرامەکەی بەڕێز گیلەسپی باز ئەدات بەسەریدا.
سەرەنجام:
هیچ ئەنجامێکی بڕیاردەرم بۆ دەرنەکەوت، ئەگەر نەبێت بە ئەنجامەکانی بابەتە زانستیەکەی سەرەوە، وا دیارە داڕشتنەکە “هەرچۆنێک” بێت لەوەیە جیاوازیەکی وای نەبێت، وە ئەو ڕاستیە ناگۆڕێت کەوا پیتە زۆر دوبارەکان ڕاستیەکن و هەن، بۆیە ئەکرێ بڕیار لەسەر ئەوە بدرێ کە ئایا کام پەنجەمان بکەینە کۆیلەی ئەو پیتانە (ە، و، ی، ێ) جێگای سەرنجە کەوا هەردوو کیبۆردەکە پیتەکانی ی و ێ یان لەسەر هەمان دوگمە داناوەو بە شیفت شەققەیان لێ هەڵە ئەستێنین. وەیان چۆن هاتوە با وابڕوات.
ئێستا بە کامیان بنوسین؟
وەک لەسەرەوە وتم، ئەوەی ئەمەوێت بەم بابەتە بیوروژێنم ئەوەیە کە لایەنی کەم، لە سەرچاوەیەکی نیمچە، یان چارەکە زانستیەوە بێت کە پشتیوانی یەکێ لەم دوو شێوازە بڵاوەی تەختەکلیلی کوردی بکەین نەوەک لەسەر هەر بنەمایەکی تر.
تێبینی:
٠. ئەکرێ هاوڕێیان لە ساڵانی ۲٠٠۱ یان ۲٠٠۲ دا ئەم بابەتەیان وروژاندبێ، یاخود لەو ساڵانەی کە من لێرە دابڕاوم ۲٠٠۸ و ۲٠٠۹. بەڵام چم نەدۆزیەوە لێرە ئاماژەی پێ بکەم. ئەگەر هەشبوبێت با ئەمە زیندوو کردنەوەیەکی بابەتەکە بێت.
۱. ئەکرێ هەڵە لە کۆپی کردنەوەی داڕشتنەکانمدا هەبێت هەم ئەوەی کوردئایتیگروپ، وە ئەرەبیەکەش. بۆیە داوای لێبوردن لەسەرەتاوە/لەکۆتایی بابەتەکەوە ئەکەم. ئەگەر ڕاستکردنەوەی تێدا بوو، وە ڕاستتان کردەوە، خۆشحاڵ ئەبم کە layoutەکان لێرە شەیەر (دابەش) بکرێنەوە تا دوبارە سەیری بکەینەوە
۲. ئەم بابەتە تەنها بۆ گفتوگۆکردنە/ڕاڤەکردن و ڕاگۆڕینەوەیە.
۳. دروستکەری پرۆگرامەکە، دوای چەن کاتژمێکرێک وەڵامی ئیمەیڵی دایەوەو ئەبێ سوپاسی “پاتریک گیلەسپی” بکەم پێش هەموو شتێک وە جگە لەوە ئامادەیی خۆی دەربڕی کەوا هەر پرسیارێکمان هەبێت یارمەتیمان بدات.
٤. دڵنیام بابەتەکە گشتگیر نیە، چونکە ئامانجەکە ئەوەبوو ئەو دوو شێوە داڕشتنە هەڵسەنگێنم بەشێوازێکی قیچێک زانستی. بۆ نمونە کار و ماندووبونی کەسانی تر کە ناویان نەهاتبێت.یان پێم خۆش بوو داڕشتنەکەی کاک علیش لەسەرچاوەیەکی ڕاستەوخۆوە بدۆزمەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووم. ناچار بوومە ناو و ناوی هەندێ لاو لایەن بهێنم دەنا پێم خۆش ئەبوو بەبێ هیچ ناوێک بابەتەکم بنوسیایە.