شیوعیەت یان سۆشیالیزم چیە ئەگەر تەکنۆلۆجیا نەبێت؟

نوسەری “مرۆڤەخودا” – هۆمۆ دیوس – ئەڵێ هۆکاری ئەوەی مەهدیەکەی سودان سەرکەوتو نەبوو وەک کارل مارکس، تەبیعی ئەو ناوی نورسی نازانێ، من ئەڵێم کەسێکی وەک سەعیدی نورسیش، ئەوەیە کەوا کارل مارکس و جەماعەت زیاتر دیراسەی تەکنۆلۆجیای سەردەمیان کردبوو.

یەکەم جارە ئەبیستم نوسەرێک بڵێ شیوعیەت یان ئەوەی لە هەڵەبجە کردبویان بە جڕوجانەوەر لێمان “کۆمۆنیزم” هیچ نیە ڕەنگدانەوەی تەکنۆلۆجیای سەردەم نەبێ. کە وردیش ئەبینەوە بێ ئەوەی پێویست بە بەڵگەی زیاتر بکات ئەبینین ڕاستەکات، شیوعیەت چیە ئەگەر تەکنۆلۆجیا نەبێ‌ بۆ دابەشکردنی “ئامرازەکانی بەرهەم هێنان” کە بنەمای سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمی مارکس و ئەنگلسە. یان شیوعیەت چیە “کارەبای ڕەئیسی” نەبێ؟ ئەگەر وەزارەتی تەندروستی بۆ هەموان نەبێت؟ واتە ئەگەر کات بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانیە کۆنەکان کە گوایە بناغەی کۆمەڵگەرایی/کۆلێکتیڤیزم لەوێوە هاتوە، چۆن ئەتوانی دەرەبەگێ ناچار بکەی لە داهاتەکەی بەشی کەسی تر بدات؟ لە ڕاستیدا ئەوە بازدانێکە دەنا دەرەبەگەکەش ئەگەر”تەکنۆلۆجیا”ی کشتوکاڵ نەبێ، کەسێکە ئەبێ‌ بەدوای نێچیرێک یان دار هەنجیرێکدا ڕا بکات تا بتوانێ نان بۆخۆی پەیدا بکات. ئیتر کۆمەڵگەرایی لە کوێیە؟

کام سۆشیالیزم ئەتوانێ باسی ئەوە بکات کە با فڵان شتی هاوبەشمان هەبێ ئەگەر تاکێک داهاتی زیادەی نەبێت؟ ئەبێ تەکنۆلۆجیا/ئامرازی بەرهەم هێنان گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتبێ تا بتوانین باسی خوێندنی گشتی، تەندروستی گشتی، خزمەتگوزاری گشتی و هەروەها دەسەڵاتێکیش چاودێری ئەوە بکات بکەین. بە دەستەواژەی قەبە و ڕیزکردنی چەندین کتێب و ڕۆژنامە کە نوسەرەکەی مەبەستی خۆدەرخستن زیاترە وەک زانیاری دەربڕین بەدڵنیایەوە کەس ناتوانێ هەڵەنجاندنێکی زانستی بکات وەک نوسەری کتێبەکە، نمونەی خراپیش زۆرن لەوانە بابەتی شیوعیەتە لە ویکیپیدیا.

وەک خۆشی ئەڵێ و بە وردبوونەوەی زیاتر لە ڕاکەی نوسەر هەردو کارل مارکس ودواتریش لینین کە خۆی کوڕە ئەریستۆکرات بوە، ئەبوایە چارەکێکی نورسی سەرکەوتوو نەبونایە، کەچی بە پێچەوانەوە لە ناو جەرگەی سەرمایەداریدا بەریتانیا سیستمی تەندروستی خۆڕایی و دواتریش سۆشیال دا ئەمەزرێنێت و گۆڕەکەی مارکسیش لەخۆ ئەگرێت. بۆچی؟ چونکە ئەوان تەرکیزیان لەسەر تەکنۆلۆجیا بوە خەڵکی وەک نورسی لەسەر دەقە هەنوکەیی و کۆنەکان. بناغەی قسەکردن لەسەر شیوعیەت بریتی لە “ئامرازی بەرهەم هێنان” یان “نرخی بەرهەمهێنان” هەردوک ئابورین و ئابوریش تەکنۆلۆجیا هێناویەتیە بوون. ئیتر جیاکردنەوەی مرۆڤ لەسەر ئاستی “بۆرژواز و پرۆلیتار” و قسەی پوچی لەو شێوەیە ئەتوانی لای ڕەسڵ زیاتر لەسەری بخوێنیتەوە (کە خەریکی وەرگێڕانیم) چونکە مرۆڤ هەر مرۆڤە، چ ژن چ پیاو، چ سپی چ ڕەش – یان بگەڕێوە بۆ کتێبی یەکەمی نوسەر “هۆمۆ ساپیەنز” بۆ زیاتر لەسەر ئەمە.

کەوابێ، بە قسەی نوسەر، ئەکرێ چۆن لەناو جەرگەی مەسیحیەتێکی توندڕەودا شۆڕشی ئەقڵاندن و ژیری دروست بوو، ئاواش لەناو کۆمەڵێ موسوڵمانی ڕاستگۆدا جارێکی تر وەک عەباسیەکان خەریکی تەکنۆلۆجیای زانیاری و ژیری دەستکرد بن. هەر نوسەر خۆی لە کتێبەکەیدا ئەڵێ، ئەبوایە ئەستەنبوڵ گالیلۆی دروست کردایە نەک ڕۆما، چونکە ئەستەنبوڵ ئەوکاتە پاریسی ئەوروپا بوو. بۆیە ئازادی مەرج نیە داهێنان لەگەڵ خۆی بهێنێت کە زۆرمان ئەیزانین و هەندێکیش وەک نەعامە سەرمان کردوە بە لمدا. بە کورتی وەک خۆی ئەڵێ: گرنگ نیە چەن ملیار کەس ئەزانن فڵانە شت بکەن، گرنگ ئەوەیە چەن کەسێک هەبن خەریکی شتانێ بن کەسی تر نەیزانێت.

لە کۆتاییدا، نوسەر لە ڕاستیدا نەک تەنها شیوعیەت، تەواوی فیکری مرۆڤ ئەباتەوە سەر تەکنۆلۆجیا و لە کتێبەکەیدا بە وردی باسی ئەو گۆڕانکاریانە ئەکات کە بەسەر مرۆڤدا هاتون و وردەکاری ئاینی سەردەم “مرۆڤایەتی” ئەکات کە هیودارم بابەتێکی تری لەسەر بنوسم، بۆیە شیوعیەت تەنها یەکێکە لە کاریگەریە گەورەکانی تەکنۆلۆجیا لەسەر مرۆڤ. ئەمڕۆش بە ئاشکرا هەموومان ئەبینین کە چۆن تەکنۆلۆجیای زانیاری (نوێترین جۆری تەکنۆلۆجیا) چ گۆڕانکاریەکی بەسەر تەواوی جومگەکانی ژیاندا هێناوە و چیتر دەوڵەتێک دروست نابێ‌ بەبێ ئەوەی “چیرۆکێک”ی تەکنۆلۆجیای لەگەڵدا نەبێ یان بە پشتی تەکنۆلۆجیایەک نەهاتبێتە سەر حوکم.

فەیسبوک کوردی فێرکردین تۆ هەر فێر نەبوویت.

توێژینەوەیەکی زانکۆی سلێمانی کە بەداخەوە بە پیتی نایونیکۆد ئەبستراکتەکەی نوسراوە.

کوردی زمانێکی داماوە. نەک بە مانا بێتامەکەی خەڵک ئەپاڕێتەوە، بەمانا تەواوەکەی کە خزمەت ناکرێ، مەبەستم ئەوەیە کەسانی خاوەن زمانەکە ئەوەندەی فێر ئەبن لە زمانی دیکەوە نایهێننەوە ناو زمانەکەی دایکیان. بەڵام ئەوە بابەتی ئەمڕۆ نیە، ئەوەی ئەمەوێ بنوسم ئەمەیە: فەیسبوک، تۆڕەکانی تر ئیهمال ئەکەم، لە پێشخستنی زمانی کوردیدا ڕۆڵی گەورەی بینی.

سەردەمانێ کە هەرامان بوو لەسەر ئەوەی کە دەی تخوا لێگەڕێن لە کۆدکردنی پیتە کوردیەکان بە شێوازی تر و تکایە بە “یونیکۆد” بنوسن، کەمێ نا زۆر سەخت بوو کەس گوێ بگرێ. ئەوەبوو گشتاندنێ کرا بۆ فەرمانگەکانی میری لە هەرێم بەڵام ئەوە بایی یەک پۆستی فەیسبوک بایەخی نەبوو لەسەر کۆی پرۆسەکە و تا ڕادەیەکی باش یەکدەستکردنی نووسینی کوردی سۆرانی بە پیتی عەرەبی/ئارامی. گلەییەکانی دۆستانی بەڕێز و هەوڵەکانی بەندەش بۆ لانی کەم ڕێخستنی نوسین لە ویکیپیدیا و دۆستانی جارانی کوردئایتیگروپ، ئەو کێشە گەورەیەی نیە بێتاقەتت کات.

ئێستا لەوانە هەموو تێپەڕیوین بەڕای بەندە. ئەگەر دانیشی خۆت خەریکی ئەوە بکەی، لەوانەیە یان نەزانی کە هەنگاوی گەورەتر هەیە بنرێ، یان لەوانەیە لە بێتاقەتی خۆتەوە بێت. منیش وام ئەزانی وەرگێڕانی مەکینەیی پێویستی بە دەقی زۆرە بۆ وەرگێڕان، تا زانایانی ناو فەیسبوک ئەم بابەتەیان بڵاوکردەوە کە ئەڵێ نەخێر پێویستمان بە دەقی زۆر نیە. وە ماوەیەکی زۆر نیە کەوا فەیسبوک زمانی کوردی زیادکردوە بۆ وەرگێڕانی مەکینەیی و باوەڕیشم وایە، هیوادارم سەرچاوەم دەستکەوێ، ئەو مۆدێلەیە بەکاری ئەهێنن دەنا کوردی بە مۆدێلە کلاسیکیەکان ئەو توانا خراپەشی نابێت.

تەنها شتێک بنوسم دەربارەی وەرگێڕانەکە، لەم تاقیکردنەوە بچوکەی من کە لەسەر زمانی ئینگیزی و تورکی کردم، وەرگێڕانەکەی فەیسبوک مەگەر 1 لە 10 بهێنێ ئەویش بینیم دێڕێکی وەرگێڕابوو کە بەلای بابەتەکەدا چوو. دەنا ئەویش هەر ناتەواوبوو. دامناوە لەخوارەوە. نمونەی ئەڤۆکادۆکە کە وابزانم گەڕانەکەی ناو ئینگلیزیەکەیە وایکردوە کوردیەکەش کەوتوە بەدەما.

هەنگاوی داهاتوو؟ چەندین توێژینەوە و قۆڵهەڵماڵینی زمانزانان و تەکنۆچیە کوردەکان و غەیرە کوردەکان تا هەنگاوی تر بنرێ بۆ ئەوەی زمانی کوردی بەداماوی نەمێنێتەوە.

لە خوارەوە کۆمەڵێ وەرگێڕانی یەکجار خراپی فەیسبوکم داناوە بۆ ئەرشیڤی خۆم. کە دیارە کارەکە چەن سەرەتاییی و چەندە بێکەڵکە لە ئێستادا.

ئایا مرۆڤ قایل ئەبێ ڕۆژێک مەکینە ببێت بە پاشای؟

مەکینەکەی چارلس بابج
وێنەی مەکینەکەی چارلس بابج، حاسیبەی میکانیکی

زۆرێک نامۆن بە بیردۆزی زانیاری، بۆیە زۆرێک کاتێ دێتە سەر باسی تەکنۆلۆجیای زانیاری بێ گوێدانە لایەنە بیردۆزەییەکانی خڕ ئەچنە ناو نەرمەکاڵا و ڕەقەکاڵا و زۆرجاریش نایەنەوە دەرەوە.

تەکنۆلۆجیای زانیاری نە بۆ ئەوە دروستکرا جێگای پۆستە بگرێتەوە و نە بۆ ئەوەش دروستکرا خەڵک لە تویتەر و فەیسبوک خۆیان و ماڵ و منداڵیان نیشانی خەڵک بدەن. هەرچەن ئەوانەش بەشێکن لە پرۆسەکە.

بیردۆزی زانیاری بریتیە لە پێناسەکردنەوەی ژیان خۆی بە ٠و ١ وەک جەیمس گلەیک ئەڵێ. بۆیە ئەتوانێ چاپی سێ دوری دروست کات، وە وەکو نەزەریە هیچ ڕێگرێک نیە لەوەی بتوانێ خۆی پرۆگرام بۆخۆی بنوسێت. چونکە ئەکرێ ڕۆژێک لە ڕۆژان لە بیرکردنەوەی مرۆڤیش تێ بگات و خۆی بۆخۆی بیر بکاتەوە تا بتوانێ هەم چاپی سێ دوری دروست بکات هەم پرۆگرامیشی بۆ بنوسێت.

بەڵام ئایا مرۆڤ قایل ئەبێت مەکینە ببێت بە پاشای، یان تەنها مرۆڤێکی تری قەبوڵە وەک پاشا؟ ئەمەیان نازانم.

Screen Shot 2014-12-30 at 20.41.07
پەیوەندی بیردۆزی زانیاری و بوارە جیاوازەکانی تر

خۆشم سەرەتامە لە فێربوون لەم بوارە فراوانەی کڵۆد شانۆن بناغەکەی دانا، بەڵام ئەم وێنەیەی ئەم سەرچاوەیە بە شێوەیەکی ئاسان و بەهێماکردن بۆ بیردۆزەکانی بوارە جیاوازەکان پەیوەندی بیردۆزی زانیاری و خودی زانستی کۆمپیوتەریش ڕوون ئەکاتەوە.