داهێنان بکە با دڵت خۆش بێ

“ئەکرێ دوو جۆر شتی چاک جیا کەینەوە، لەگەڵ دوو بۆهاتن (غەریزە). شتی چاک هەن کە ئەکرێ کەسانێک ببنە خاوەنیان و بیبەن بۆ خۆیان، شتانی چاکی تریش هەن کە ئەکرێ هەموان وەک یەک خاوەنیان بین. خواردن و جلوبەرگی پیاوێک هی کەسێکی تر نیە، ئەگەر هاتو دابینکردنیان کەموکوڕی تیابوو، ئەوا ئەوەی کەسێک هەیەتی لەسەر حیسابی کەسێکی تر پەیدای کردوە. ئەم یاسایە بەسەر شتە مادیەکاندا ئەچەسپێ بەگشتی، و بەشی هەرە گەورەی ئابووری ئێستای جیهانیشە. بەڵام لەولاوە، شتی چاکی ئەقڵی و ڕۆحی هی یەک کەس نین بێ ئەوەی هی کەسێکی تر بن. ئەگەر کەسێک خاوەن زانستێک بێت، ئەوە ڕێگر نیە لەوەی کەسانی تریش بیزانن، بە پێچەوانەوە، یارمەتیشیان ئەدات ئەوانیش فێری ببن. ئەگەر کەسێک هونەرمەند یان شاعیر بێت، ئەوە ڕێگر نیە لەوەی کەسانی تریش وێنە بکێشن یان شیعر بنوسن، بەڵکو هاوکاری ئەوە ئەکات کە کەشوهەوایەک دروست ببێ کە شتی وا تێدا بکرێت. ئەگەر کەسێک پڕ بێ لە نیەتی-باش بەرامبەر کەسانی تر، ئەوە مانای ئەوە نیە کە ئیتر نیەتی باش کەمبۆتەوە تا بەشی هەموان بکات، تا کەسێک نیەتی-باشەی زۆرتر بێ، ئەگەری بەخشینەوەی بە خەڵکانی تر زیاتر ئەبێت. لەو بابەتانەدا شتێک نیە بەناوی ‘خاوەندارێتی’، لەبەر ئەوەی بڕێکی دیاری کراو نیە کە بەش بکرێت، هەر زیادبوونێک لە هەر جێگایەک ئەبێتە هۆی زیادبونی لە جێگاکانی تر.

دوو بۆهاتنیش هەن لە مرۆڤدا، کە بەرامبەرن بەو دوو جۆرە لە شتی چاک. هەستی ‘بۆهاتنی خاوەندارێتی’ کە ئامانجی ئەوەیە شتی چاک پەیدا بکات یان بهێڵێتەوە لای کەسەکە کە ناکرێ بەش بکرێن، ئەمە بریتیە لە چەقی هەستی ‘خاوەندارێتی’. هەروەها هەستی ‘داهێنان’ یان دروستکردن هەیە کە ئامانجی ئەوەیە جۆرێکی تر لە شتی چاک بهێنێتە دنیاوە یان بەردەستی بکات بۆ بەکارهێنان کە تیایدا نە خاوەندارێتی لەگەڵە نە شاردنەوە.

باشترین ژیان ئەو ژیانەیە کە هەستی داهێنان زۆرترین ڕۆڵی هەبێت و هەستی خاوەندارێتیش کەمترین. ئەمە داهێنانێکی تازە نیە، ئینجیل ئەڵێ “بیر لەوە مەکەرەوە کە چی بخۆین؟ چی بخۆینەوە؟ یان چی لەبەر بکەین؟” ئەو بیرکردنەوەیەش کە ئەیدەین بەم شتانە لابراون لەسەر شتانێک کە بایەخیان زیاترە. لەوەش خراپتر، ئەو خوەی وات لێ بکات بیر لەم شتانە بکەیتەوە خویەکی خراپە، چونکە ئەتبا بەرەوە کێبڕکێ، حەسودی، زاڵبوون، دڕندایەتی و نزیک هەموو ڕەوشتێکی خراپ کە دنیای پیس کردوە. بە تایبەتیش، ئەڕوات بەرەو بەکار هێنانی هێز بۆ ڕاوکردن. شتانی ماددی ئەکرێ ببرێن بەهێز و دزێک لەزەتیان لێ ببینێت. شتانی ڕۆحی بەم شێوەیە نادزرێن. ئەکرێ هونەرمەندێک یان بیرمەندێک بکوژی، بەڵام ناتوانی هونەرەکەی یان بیرکردنەوەکەی ببەی بۆخۆت. ….”

بێرتراند ڕەسڵ، کتێبی ‘ئایدیالە سیاسیەکان’. ١٩١٧