ئەلفوبێی کۆدکردن بۆ مناڵ

ئەم بابەتە بۆ تەمەن ٦ بۆ سەرەوە نوسراوە، بەڵام هەموو تەمەنێک ئەگرێتەوە تا ئەو کاتەی بە باشی ئەتوانێ بنوسێ وبخوێنێتەوە، ئەکرێ ئەوە تەمەنی ٩ ساڵی بێت یان ١٥، دوای ئەوە مناڵ ئەبێ بتوانێ ڕێگا ئاساییەکانی فێربوونی کۆدکردن بگرێتە بەر.
کۆدکردن/پرۆگرامکردنی کۆمپیوتەر دنیایەکی تا بڵێی سەخت و گرانە بەڵام پڕ چێژ و فێربوونە.
بۆیە باشتر وایە گەر بتەوێ مناڵەکەت لە داهاتوو لە ئیشەکەیدا (هەر چیەک بێ، لە سەماکردنەوە بۆ ئاوازدانان و زانستی کۆمپیوتەر خۆشی) ئەوا باشترە زووتر دەست پێ بکەیت. بەڕای بەندە لە خوار ٥ ساڵەوە تەنها مناڵە نائاساییەکان ئەتوانن دەست پێ بکەن، بەڵام وەک ستیڤ ۆزنیاک ئەکرێ لە ٦ ساڵیدا سوڕی کارەبا فێر ببێت.
لەم دوا سەردانەم بۆ بازاڕەکانی ئەپڵ (سەربارەی ئەو گلەییەی هەمانە دەربارەی نرخ) کۆمەڵێ یاریم بینی کە بەڕاستی پڕاوپڕی فێرکردنی مناڵن. هەندێ پرۆگرامی فێرکردنیشم بینی کە دیسان پڕبەپێستی یاریکردن و فێرکردنی مناڵەکانتانە. هەندێ لە یاریە “ڕەق”ەکان ئەمانە بوون (کرتە لە هەر ڕەسمێکیان بکەی ئەتبا بۆ سایتی کۆمپانیاکە، نازانم لای تۆ لە کوێ دەست ئەکەون):
osmo-codingkit-inline125e0192-01osmocodingbox_d3d56ce4a8a461476426e6fa50336b6e-m
پرۆگرامەکانیش کە پێویستیان بە شتێکی تر نیە جگە لە ئایپاد/ئاندرۆیدێک ئەمانەن
86c96edb160286ce68359669d7bb6c2a swift-playgrounds-ios10-characters-100671813-orig
ئەو خاڵانەی گرنگە لەبیرت بێ بۆ ئەوەی بناغەیەک دانێیت کە مناڵەکەت فێری کۆدکردن ببێ بە ڕای من ئەمانەن:
١. ئەبێ لە دەرەوەی پرۆگرامکردن مناڵەکەت فێر بکەی لەسەر یاریەک بەردەوام بێت. لە زمانە سایکۆلۆجیەکەدا نازانم چ ناوێکی هەیە بەڵام وردە وردە ئەبێ مناڵ فێر بکەی کە شتێکی کرد، بیگەیەنێتە ئەنجامێک. ئەمە دوایی بۆ گەورەبوونی گرنگترین توانای کەسی ئەبێت. بۆ نمونە یاری بە لێگۆ/میکانۆ بکا و وتی ئەمەوێ خانوویەک دروست بکەم، هانی بدە تەواوی بکات. 
٢. بۆ ئەوەی خاڵی ١ ئەنجام بدات، ئەبێ وردی بکاتەوە و هەنگاو هەنگاو ئەنجامی بدات تا بتوانێ بگاتە هەر ئەنجامێک کە دیاری ئەکات. بۆ نمونە بیری بخەرەوە کە یەکەمجار دیوارەکانی خانوەکە دروست بکات.
٣. وەک هەموو شتێکی تر تۆ تەنها ئەتوانی ڕێگاکەی نیشان بدەی، کە ڕۆشتی لەگەڵی ئەوا ١ و ٢شت پێشێل کردوە. دەستی مەگرە، دەستی بگری ئەوە تۆی یاری ئەکەیت ئەو نیە.
٤. با زمانێک بە چاکی بزانێت، بۆ نمونە کوردی. با بتوانی بە کوردی بە دڵی خۆت قسەی لەگەڵ بکەی و وردەکاری و زبرەکاری لەگەڵ باس بکەیت. ئەمەیان ئەبوایە ڕوون بوایە، بەڵام لەسەری ناڕۆم.
بەڕای من هیچی تری پێویست نیە، نە بیرکاری پێویستە نە ئەوەی بزانێ ١ و ١ ئەکاتە چەند. تەبیعی پرۆگرامکردن بیرکاریە، تا مناڵەکە بیرکاری چاکتر بزانێ باشتر ئەتوانێ کۆد بکات. بەڵام بیرم نیە هیچ یەک لە بلیمەتەکانی پرۆگرامکردن بلیمەتی بیرکاری بن. چونکە کۆدکردن هەمووی هەنگاو هەنگاوە، لە هەموو هەنگاوێکدا ئەتوانی بوەستی و چیت پێویست بێ لە بیرکاری، فیزیا، زیندەوەرزانی و ئەندازیاری و هتد بەدەستی بخەیت و هەنگاوەکەی پێ بنێیت.

ڕۆژاواییەکان چۆن پێشکەوتن؟

330px-sapiens_a_brief_history_of_humankindپێشتر نوسیومە لەسەر ئەوەی چ جۆرە پیاوانیک بوون

نوسەری کتێبی “ساپیەنز: کورتەیەک لە مێژووی مرۆڤ”، پرۆفیسۆر یوڤاڵ حەراری ئەخوێنمەوە.

ئەم پیاوە یەکەم کەسە بەو وردیەی من پێم خۆشە بیزانم باسی دابڕانی ئەو ناوچەیەی ئێمە و ڕۆژهەڵات بە گشتی ئەکات لە دوای ١٥٠٠ و بە تایبەتیش دوای ١٧٥٠ەکانەوە. هۆکاری دواکەوتنەکەش ئەگێڕێتەوە بۆ شتێکی زۆر سادە، هەر ئەوەی کە هەموومان گیرمان خواردوە بە دەستیەوە و خوێنەری بەڕێز، خۆشت بە درێژایی تەمەنت لەگەڵی ژیاوی: کەلتور.
ئەو ئەڵێ کە سکەی ئاسن داهات، کە قیتاری هەڵم داهات، ئێرانیەکان زۆر بە ئاسانی ئەیان توانی هەمان شت بکەن، بەڵام نەیان ئەکرد. وە بە تایبەتیش سەرکردەکانیان کاریان لەسەر نە ئەکرد. هەر بەو شێوەیەی خۆت ئەزانی و چەندین جار بیستوتە، ئەوە شێوازی ژیانە وای کردوە ڕۆژاواییەکان کەشتی بخەنە ڕێ بۆ کەناراوەکانی دنیا و زانست و زانین بهێننەوە تا خۆیانی پێ بەهێزتر بکەن.
هەڵبەت ڕوون و ئاشکرا پێم ئەڵێ، کە من تەواوی دکتۆراکەم لەسەر ئەوە بڕاندەوە، کە زانست بۆخۆی سوودی نیە، چونکە زانست خۆی ئیشی ئەوە نیە پێت بڵێ ئەم زانستە بۆچی بەکار بهێنیت. ئەبێ بزای ئەو زانستە ئەخەیتە خزمەت چ دینێک، چ سیاسەتێک یان ئایدۆلۆجیایەک، وە زانستەکە خۆشی ڕۆژانە چ کێشەیەک حەل ئەکات، کە دیسان لە دکتۆراکەم پێش ئەوەی ئەم کتێبە ببینم باسم کردوە و هەر واشم کرد.
ئەو سێ شت باس ئەکات کە جیاوازە لەم پێشکەوتنەی ڕۆژاواییەکاندا:
١. ئیعتراف کردن بە “نەزانین”، ئەمەش ڕوونکردنەوەی پێویستە بەڵام تا ڕادەیەکی باش ئاشکرایە. زۆرێک لە مرۆڤی ئێمە ئێستاشی پێوە بێ، دوای سێ کتێب “پسپۆڕ”ی فڵان بوارن.
٢. سەنتەربوونی “تێبینیکردن”/ملاحضە و بیرکاری (ئەمەیان ڕوونکردنەوەی گەرەک). وەک چەندین جار لە قسەکردنم لەگەڵ خەڵکیدا وتومە، بیرکاری چیتر ئەوە نیە کە لە مەکتەبەکاندا تەواو سەریان لێ شێواندوین، مێژوونووسێک بیرکاری نەزانێت، ناتوانێ مێژوو بنوسێت، بشی نوسێ پڕ ئەبێ لە هەڵە با هێرۆدۆتیش بێت.
٣. بەدەست هێنانی توانای نوێ. ئەمەیان دەقاودەق ئەوەیە کە دوانەکەی تر لە خزمەتیدان، ئەوەی کە بەو زانستە شتێکی نوێ بهێنیتە ئاراوە کە توانات پێ بخەشێ. بە ٨ کاتژمێر ئۆقیانوسی ئەتڵەسی ببڕیت. بگەیتە سەر مانگ، مانگی دەستکرد هەڵبدەی، هتد. کەس پارە سەرف ناکات تیۆرێکی تازە بدۆزیتەوە، ئەبێ لەڕێی دروستکردنی شتێکی نوێ تیۆرەکەشت بدۆزیتەوە، ئەمەیان یەکجار گرنگە بۆ ئەوانەی دوای دکتۆراکانیان بیانەوێ “ئیش” بکەن.
ئیتر بە زەقی دەر ئەکەوێ، کە مرۆڤی ئەو ناوچەیە بە گشتی، هیچ کاتێ مەسەلەکە ئەوە نەبوە ڕۆژاواییەکان نەیان هێشتوە پێ بگەن. هەمیشە خۆمان خۆمان بچوک کردۆتەوە هەر جارەی بە بیانویەک. هەر جارەی بە شێوازێک بە هەڵە لەوان حاڵی بووین و ئەوان پێشکەوتوون و ئێمەش خاوەنی دەوڵەتی ئیسلامین لە عێراق و شام.
پێشتر نوسیومە چۆن بگۆڕێین، بەڵێ خااااو ئەبێ بگۆڕێین بەڵام ئەبێ ڕێگاکانی گۆڕانکاریش بە جوانی شارەزابین تا دیسان بە کۆڵان و ڕێگای هەڵيدا نەچین.

گاڵتەپێکردن لە کوێوە دێت؟

کە ئەبینی مناڵەکەت گاڵتەی پێ ئەکرێ لە مەکتەب (ئیستیغلال ئەکرێ)، بە بڕوای من، دڵدانەوەی مناڵەکە سودی نیە. مەبەستم ئەوەیە کە گاڵتە بە لوتی کرا (وەک لوتی من زل بێت بۆ نمونە) سودی نیە پێی بڵێی تۆم کروزیش لوتی زلە. هەرواش گەورەیەک کە ئەبینرێ لەلایەن کەسێکی ترەوە گاڵتەی پێ ئەکرێ، یان خەمیەتی گاڵتەی پێ بکرێ، دڵدانەوەی هۆکاری گاڵتەپێکردنەکە سوودی نیە بەبڕوای من.
ئەبێ بڵێی ئەمە کێشەی دەسەڵاتە کوڕم/کچم/بەڕێزم، گاڵتەپێکەر هەست ئەکا لە تۆ بەهێزترە و لوتزلیەکەشت هیچ عەلاقەی بە باتەکەوە نیە، تەنها ڕێگایەکی دەربڕینی ئەوە وا ئەزانێ لە تۆ بەقوەتترە. چ لوتێک جوانە، بەزمێکی ترە، چ باڵایەک جوانە بابەتێکی ترە، چ جنسیە و زمانێک بزانی بابەتێکی ترە.
بۆیە ئەکرێ لەگەڵ گاڵتەپێکراو بزانی کام لەم ئیختیارانە بۆی چاکە:
1. لە ئەوروپا (مەبەستم وڵاتانێک کە یاسا یان بەناو یاسایەکی تیابێت) هەر ناپرسن مەسەلەکە چی بوو، ئەبێ بە مەکتەب بوترێ = شکات = قانون = زۆرجار تعویز وەرەگریت. چونکە پێناسەکەی دیارە و تەعریفی ناوێت.
2. لە کاولەیەکیشدا کە گاڵتە بە خەڵک کردن ئەوەنە باوە ون بوە لەبەرچاو:
2.1 ئەتوانی پێی بڵێی کە ئەکرێ مرق بکەی یان سەرت کز بکەی (فەرق ناکات)، کە وابزانم زیاتر گاڵتەپێکردنەکە زیاتر ئەکات.
2.2 ئەتوانی پێی بڵێی تۆش ئەتوانی جانتاکەی بسوتێنی ڕۆژی دوای ئەوە.
2.3 یان ئەتوانی پێی بڵێی: خۆت لەو بەهێزتر دانێی و بەزەیت بە ئەقڵیدا بێتەوە، بەڵام ئەبێ وەڵامێکی بدەیتەوە کە ئەمە نیشان بدا. بۆ نمونە پێی بڵێ: لوتم لە ئەقڵت گەورەترە.
جا زۆرێک لە هاوکێشەکانی تری ژیان لەو سێ خاڵەی دوەم تێ ناپەڕێت، چونکە ئەوەی 1میش شتێکە لەبەینی 2.1 و 2.2. گاڵتەپێکردن یەکجار گرنگە لام، لوتزلیەکە کاڵی نەکاتەوە. وەڵامی پرسیارەکەش ئەوکاتە ئەبێ ئاوا بدەمەوە:
لەوێوە دێ کە کەسی گاڵتەپێکەر، کەسی گاڵتەپێکراو بە بچوکتر لەخۆی تەماشا ئەکات، وە گاڵتەپێکراو ناچارە یان هۆکارێکی تر وای کردوە ئەو دۆخە قەبوڵ بکات، دەنا ڕوو نادات.
بۆ نمونە با باسی ڕەگەزپەرستی بکەین: کەسێکی سپی پێست (کە لەم سەدانەی دوایدا زاڵتر بوون بەسەر ڕەشپێستدا) ناتوانێ لە شارێکدا کە یەک نەفەری تری سپی تێدا نەبێ و دەستیشی نەگات بە یارمەتی، گاڵتە بە ڕەشپێستێک بکات. بەهەمان هاوکێشە، شارە ڕەشپێستەکە ئەتوانن ئەوپەڕی گاڵتە بە سپی پێستی کەسەکە بکەن.
نمونەی تر زۆرن، بەڵام هەمان هاوکێشەن، فیلە و پێ بە مێرولەدا ئەنێت. جگە لەو خاڵانەی سەرەوە باسمان کردن، چ مناڵ چ گەورە ئەبێ ڕوون و ئاشکرا بزانێت کە کێشەکە پەیوەندی بە بابەتەکەوە نیە. بابەتی گاڵتەپێکردنەکە تەنها دەرچەیەکی نیشاندانی ئەو ناهاوسەنگیەی هێزە لە نێوان دوو لایەنەکەدا. لایەنی گاڵتەپێکراو ئەبێ بزانێ کە لە (1) و (2) دەرناچێت و لە حاڵەتی (2)میشدا لەو سێ بژاردەیە زیاتر نیە.
زیاتریش دیراسەی ئەکەم و شتێکی هەڵەی تیابوو چاکی ئەکەم.

چۆن بگۆڕێین؟

شاعیرانە بۆم دێ ئەم ئێوارەیە

گریمان توانات هەیە کام لە سەرۆکەکانی ئەو ناوچەیەت بوێ بیگۆڕی بە دوو پەنجە. بۆ نمونە بتوانی لەبری شا سەلمان سەرۆکی کەنەدا دابنێیت. چۆن ئەتوانی وەزیرەکانی بگۆڕی؟ ئەی یارمەتیدەری وەزیر؟ ئەی بەڕێوەبەر؟ ئەی شۆفێر؟ ئەی کابرای لەسەر جادە کلێنس ئەفرۆشێ و گوایە “پشتی شکاوە” و “دڵم هاتە دەرەوە بۆی”؟ ئەوان چی لێ‌ ئەکەیت؟
کاتێ مرۆڤێک ناتوانێ بزانێ چۆن ئەکرێ ئیسحاق نیوتن ڕاکێشانی زەوی 330 ساڵ پێش ئێستا کەشف کردبێ کەچی ئەم هەر نازانێ ڕاکێشانی زەوی بۆچی گرنگە بۆ ئەم. هەروەها لە باشترین کاتدا دوو جۆر “ڕۆشنبیر”مان هەیە: یەکێکیان لە بەینی عەبەسیەت (دنیا هیچ مەعنای نیە و دنیا بۆ مەبەستێکی گەورە دروستکراوە) و بێ هیواییدا فول باوەشی کردوە بە قیامەتدا، نەک لە عەبدایەتیەکی ڕاستەقینەوە بۆ خالقەکەی. دوەمیشیان: کۆمەڵێ فشەکەر و خۆبەزلزانن کە ئەقڵیان لە ئەقڵی نیتشە و کۆمەڵێ سەرسەری تر تێناپەڕێ، چۆن ئەتوانی گۆڕانکاری بکەیت؟
بۆیە ئەو ناوچەیە بە سەرۆک و دوان ناگۆڕێت. ئەو ناوچەیە پێویستی بەوەیە گۆڕانکاریەکی لەسەرخۆ و خاااااااااااااوی تێدا بچێنرێ تا بەڵکوو 330 ساڵی تر تۆ و تەپ و تۆزی ئەم دوو جۆرە بەشەرە نەمێنێت لەوێ. بەڵکوو زانست و زانین جێگەی ئەم دوو بەشەرە بگرنەوە.
فێربوونی بەردەوام و پێشڕەوی کردن لەلایەن کۆمەڵێ کەسی تایبەتەوە، ئەو ڕێگایەیە کە ئەتوانێ شا سەلمان بە خۆڕسکی لە ماوەی چەن سەدەیەکدا بگۆڕێ بۆ ….چوزانم پاشایەکی کەمێ ئاقڵ. ئەردۆغان، بەڕێز گویلەن و زۆرێکی تر لەو ناوچەیە ئەو جەهالەتەن ئەتوانن 330 ساڵی تر ئەقڵ بە بەستویی بهێڵنەوە.
باوەڕم وایە ڕاکردن لەو ناوچەیە قازانجی بۆ دەوروبەرەکەت هەیە، چونکە تۆش بەشداری لە هێشتنەوەی ئەو جەهالەتەی ئەو ناوچەیەی کردوە بەو جەهەننەمەی هەندێ بە حیساب خۆیانی لێ‌ لا ئەدەن. ئەگەر تا ئەم ساتە وەختە لە لایەنە خۆپەرستیەکەمەوە بووبێ (ڕەسڵ جیاواز لە خۆپەرستی ئەڕوانێ، هەقە لەسەری بنوسم)، بەڵام حاڵی حازر کە ئەمە ئەنوسم، باوەڕم وایە گۆڕانکاریەکە تەنها لە دەرەوە ئەکرێ. بەڕاستی کاتی هاتنە دەرەوەشم هەر باوەڕم وابوو کە ئەکرێ لە دەرەوە سودی زیاتر بەو ناوچەیە بگەیەنم.

کێ پەروەردە ئەکات و بۆچی؟

لە وەرگێڕانەکانی ڕەسڵ. کتێبی “پیاوان بۆچی شەڕ ئەکەن”، بەشی پەروەردە. لێرە تەواوی تێکستەکە ببینە.

کاتێ پەروەردە لەلایەن دەوڵەت و کەنیسە و ئەو دامەزراوە گەورانەی کە کۆیلەی ئەوانن ئەنجام ئەدرێت، لە ڕۆحێکی بایەخپێدانەوە نیە. لە پەروەردەدا ئەستەمە کوڕێک یان کچێ، هەرزەکارێکی کوڕ یان کچ لەبەرچاوبگیرێت، ئەوەی لایان گرنگە، نزیک هەمیشە، بەشێوەیەک لە  شێوەکان، هێشتنەوەی دۆخەکەیە.

کاتێ بایەخ بە تاک ئەدرێت، تا ڕادەی تەنها و تەنها نیازی سەرکەوتنێکی دنیاییە – واتە پارەپەیدا کردن یاخوود مەنسەبێکی باش. بۆ ئەوەی ئاسایی بیت، وە بۆ ئەوەی هونەری بەردەوام بوون بەدەست بهێنیت، بۆخۆی شتێکە پێش تەمەنی گەنجی ئەبێ دیاری بکرێت، لەلایەن چەن مامۆستایەکی ناوازەوە کە وزەی باوەڕێکیان تیایە کە بتوانن بەناو ئەو سیستەمەدا تێپەڕن کە چاوەڕێ ئەکرێ تیایدا کار بکەن.

نزیکەی هەموو پەروەردەیەک پاڵنەرێکی سیاسی لە پشتە: ئامانجی بەهێزکردنی کۆمەڵێکە، نەتەوەیی یا ئاینی یا کۆمەڵایەتی، بۆ کێبڕکێ کردن بەرامبەر کۆمەڵی تر. ئا ئەم پاڵنەرەیە، بەشێوەیەکی سەرەکی، ئەو بابەتانە دیاری ئەکا کە ئەوترێنەوە، ئەو زانینەی پێشکەش ئەکرێ، هەروەها قوتابیان چ خوویەکی مێشکی ئەبێ فێرببن.  بە ئەستەم شتێک ئەکرێ بۆ ئەوەی گەشەی ناوەکی مێشک و ڕۆح بەخێوکرێت،

لەڕاستیدا، ئەوانەی زۆرترین پەروەردەیان بینیوە زۆربەی کات ژیانی ڕۆحی و ئەقڵیان پوکاوەتەوە، بەتاڵن لە جوڵێنەر، تەنها هەندێ توانای میکانیکیان هەیە کە جێگای بیرێکی زیندووی گرتۆتەوە.

— کۆتایی وەرگێڕان. وشەی پەروەردە مەبەستم “تربیە” یان “ئیجوکەیشن”ی ئینگلیزیە، واتە پەروەردەی فەرمی ناو خوێندنگا و زانکۆکان.

نەفرەت لە شەڕ

لەم نوسینەدا سێ شت ئەڵێم: نەفرەت لە شەڕ، ئەکرێ شەڕ نەکرێت، کە کرا با بە ئەقڵ بکرێت.

هێمای ئاشتی
یەکێ لە هێماکانی ئاشتی لە ویکیمیدیا وەرمگرتوە

نەفرەت لە شەڕ

“ئەگەر پێشنیار بکرێ کەوا نەتەوەیەک پشت بە ژیربێژی ببەستێ ئەکرێ دور بێت لە ئاگری شەڕ، وەڵامەکەی تەنها جنێوە.” بێرتراند ڕەسڵ.

هەموو ژیانمان شەڕ و کوشتار بوە، یەک نەفەر نابینی و نابیستی، چوار وشە لەسەر شەڕ بنوسێت، یەک نەفەر نابینی دوو وشە لەسەر تەکنیکی شەڕ بنوسێت. یەک نەفەریش نابینی نەفرەتی لێ بکات. یەک نەفەر نابینی بە ئاشکرا بڵێ من دژی شەڕم، کاکە شەڕ مەکەن ڕێگای تری هەیە. ئەنوسن، بەڵام دوای شەڕ.

یەک بە یەکمان ئاشتی خوازی دوای شەڕین. ئێمە جووتبیریەکمان تیایە کە بە تەواوی باوەڕمان بە ئاشتی و بەشەڕیش هەیە. ئا ئێستا لەگەڵ ئەم دێڕانە تیاتانایە ئەڵێ “مورتاحی وا ڕۆژێ سیلاحی نەگرتوە بە دەستیەوە چوزانێ داعش چیە”. ئەنجا وا داعشیش هات، وا ئەویش ١٠٠ ساڵێ وەک ئەمەویەکان حوکمی کرد. دوای ئەوە؟ یا ئەگەر لە ناختایە بڵێی “ڕایکرد چوو بۆ ئەوروپا” ئەوا خۆشبەختانە زۆر گەورەتر و بە تواناتر لە من دار و بەردی جێهێشت بۆ ئەوەی گۆڕانکاریەک بکات.

کایا ئاشتیخواز بوو. ئەمە ئەو جێگایەیە تیای بنوسم بەندە کاتێ لەسەر کایا ئەنوسم، گوێ لە گۆرانیەکانی ئەگرم، نە بۆ ئەوەیە هانم بدا خۆم بێ ئەقڵ بکەم بەرامبەر نەتەوەیەک، تاکێ، گروپێ یان ئینسانێکی تر نە بۆ ئەوەشە جیاواز بیر بکەمەوە. تەنها ئەو قسانەی لام گرنگە کە بۆنی ئاشتیخوازی لێ دێت، کە باسی زوڵم ئەکا تا هیچ نەبێ دڵی خەڵک نەرم بێ. تا وەک خۆی بە دایکی ئەڵێ: دایە بیربکەرەوە بەڵکە دڵت “ببێتە مرۆڤ”.

بێرتراند ڕەسڵ ئاشتیخواز بوو. یەکێ لە شاکارەکانی لەسەر کۆتایی هێنانی شەڕە. نەک تەنها بە نەفرەت کردن، بەڵکە تیایدا زانستیانە مێتۆدەکانی کۆتایی هێنان بەشەڕ باس ئەکات. پزیشک و داهێنەری بواری پەروەردە بۆ مناڵ بە تایبەت تا تەمەنی ٦ ساڵ بەناوی ماریا مۆنتەسۆری ئیتالیە. مێتۆدەکەی ئەم خاتوونە یەکێکە لەوانەی لای ڕەسڵ پەسەندە، لە کتێبێکی تردا دەربارەی پەروەردە، باسی ئەوە ئەکات مرۆڤ ئەکرێ لەو ٦ ساڵەدا وا پەروەردە بکرێ کە کۆتایی بەشەڕ بهێنرێت، هەروەک خاتوو مۆنتەسۆری بناغەی بۆ داناوە.

بەڵام بە کورتی، بزانین پێش هەموو شتێ ئایا شەڕ تەنها چارەسەرە؟ نەخێر.

بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئەکرێ ڕێگای تر بگیرێتە بەر. لەوەیە درێژتر و نەفەسی زیاتری بوێ بەڵام گەر ئامانجەکە و ڕێگاکەی وەک یەک بن ئەوکات ناچارا ئەبین ڕێگا سەختەکە هەڵبژێرین. مەبەستم لەوەیە گەر مەکیاڤێلیانە بیرنەکرێتەوە، ئامانج گرنگتر بێ لە ڕێگاکەی، ئەوا ئەبێ ڕێگاکە و ئامانجەکە وەک یەک پیرۆز بن. بۆ نمونە دەوڵەتی کوردی بە خوێن ئەبێ دروستکرێ جێگای پرسیارکردنە. نابێ دەوڵەتەکە لە خوێنەکە گرنگتر بێت. نمونەی سویسرا باشترین نمونەیە، ئەکرێ مرۆڤ خۆی لەشەڕ لادات. زۆر باشیش ئەکرێت. نمونەی گۆرانیەکانی کایاش بۆ ئەوەی نەوترێ سوسرا نمونەیەکی خراپە، زیندووترین نمونەیە بۆمان. داری ئازادی لەوەیە بە خوێنیش نەبێ بەربگرێ. قسەی هیچ مرۆڤێک نەخشی سەر بەرد نیە.

لە ڕۆژهەڵات پیاوێکی تری وەک غاندی ئەستەمە دروست بێتەوە. هەڵبەت ئەبێ بزانین کە ئینگلیزی دوژمنەکەی غاندی و داعش خوایان یەکە بەڵام ئەوە بابەتەکە نیە. مەسەلەکە “نەفرەت کردن”ە لەشەڕ.لە ناو کورداندا، مرۆڤێکی وەک سەعیدی کوردی (نورسی) پێویستی بەوە نەبوو وەک شێخ عوبەیدوڵا یان ئەوانی تر بابەتی نەتەوایەتی کورد بکاتە هەوێنی شەڕ، ئاشتی خوازبوو.

دوو پیاوی تر کە ئێستا لە خەیاڵمن، جۆن لۆک وەک باوکی لێبوردەیی و ئەنیشتاینیش هەم دامەزرێنەری ڕێکخراوێکی خێرخوازی بوو هەروا لەگەڵ ڕەسڵ خەریکی کۆتایی هێنان بوون بە شەڕ تا مردنی. ئەمان ڕیز ئەکەم چونکە لە ئێستادا هەموو وا ئەزانین شەڕ ڕۆژاواییەکان هێناویانە بۆلای ئێمە. لەسەرەوەش یەکەمجار کایا دا ئەنێم چونکە ڕۆژانە گوێی لێ ئەگرم.

ئەکرێ شەڕ نەکرێت (کورت)

شەڕ تەنها و تەنها ماڵکاولیە. وەک ڕەسڵ ئەڵێ لە شەڕدا کێ لەسەر هەقە و کێ لەسەر هەق نیەی تیا نیە، تەنها ئەوانە ئەمێننەوە کە ناکوژرێن. واتە شەڕ، هەر وەک لە ماناکەیدا دیارە شەڕی مانەوەیە. ئێ کە قەبوڵت کرد داعش داگیرت کا ڕێگایەکە لە مانەوە. تۆیەک ئەوەندە ساڵە دوو ڕۆژ نەچویت بۆ ڕیازە و خۆت ئامادە بکەی و دوو فلس لە خۆ بەهێزکردنا سەرف بکەی، بە نیازی لە کابرای ببەیتەوە کە هیچ نەبێ دە ئەوەندەی تۆ پارەی کردۆتە تەکنۆلۆجیای شەڕەوە؟

نەخێر نابێت

لە گەرمەی کوشتاری کۆمەڵێ گەنج و خەڵکی قوڕبەسەردا، جاشقەڵەمێ یا گۆرانی بێژێ وەک داریوش هەڵ ئەسێ، لەبری گڕدانی ئاگری سۆز و عاتیفەی مرۆڤ، کەللەپوتی و بێ ڕەحمی مرۆڤ ئەوروژێنن و ئەڵێن: نەورۆزەکەتان بکەن با دوژمن دڵی خۆش نەبێت، یا ئێمە لە مەحفلا ئەڕەسقین. ئەمانە بێ ئەقڵین، ئەمانە و زۆرێ لە دێڕەکانی ناو گۆرانی و ئەدەبیاتی چواردەورت، بە ئەدەبیاتی دینیشەوە خۆشکەری ئاگری شەڕن. ئەم جۆرە مرۆڤانە ناکرێ ببنە پێشەنگی شەڕ، ئەبێ ئەوانە پێشەنگی شەڕ کە خۆیان لە شەڕدان، وەک فەرماندە و پاشا بەڕەحمەکانی ناو مێژوو. نەک سیاسەتمەدارێ لەژێر سپلیت و لە کۆشکی سپیەوە پەنجە بە دوگمەی ساروخدا بنێت.

کە کرا با بە ئەقڵ بکرێت(کورت)

بەڵام، تەنها شتێ لێرەدا پێویستە بیڵێم ئەوەیە کە ئەگەر قەرار بوو لەگەڵ دڕندەیەکی وەک داعش شەڕ بکرێ ئەبێ پێش وەخت ئامادە بیت، کە ئامادە بویت زۆر شت ئەگۆڕێت. ئەکرێ مرۆڤ ئاشتیخوازانە شەڕیش بکات. ئەمە گاڵتە جاڕی و پارادۆکس نیە، ئەمە ئەقڵە وا ئەڵێت. کاتێ ڕێگایەک نەما بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێ لە شەڕ، تەنها چارە ئەوەبوو شەڕ بکەیت، وەک هاتنی داعش، با بڵێین بەڕاستی وابوو کەس حەزی لە ختوکەدانیان نەبوو، ئەوکات ئەکرێ شەڕ بکرێ بەڵام ئاشتیخوازانە. چونکە لە کاتێکدا بەرامبەر زانی ئیتر بواری بردنەوەی نیە، ئەکرێ هەم شەڕەکە ڕاگرێ هەم لەوەیە خۆی بدا بە دەستەوە.

مناڵەکەت چ ژینگەیەکی پێویستە؟

پێویست لای من ئەوەیە کە داهێنەر بێت، ئەمە خۆی بابەتێکی دورودرێژە و پەیوەندی بەخۆشبەختی مرۆڤەوە هەیە نەک “سەرکەوتوویی” بەڵام لێرەدا باسی ئەوە ناکەم

بە کورتی، بەڕێز ئەلبێرت ناوێک لە ١٩٧١ بڵاوکراوەیەکی زانستی نوسیوە کە تیایدا باسی ئەو مناڵە زۆر بەتوانانە ئەکات کە دواتر بوون بە زانا یان داهێنەرێکی ناوازە، بۆ نمونە بێرتراند ڕەسڵ یان ئەلبەرت ئەنیشتاین. لەو بڵاوکراوەیەدا، یەک کۆڵ بەڵگە (توێژینەوە، سەیری سەرچاوەکە بکە لەخوارەوە) ئەخاتە بەردەستت کەوا:

“دامەزراوی، ڕێزگرتن، وە هەلی ڕێک نەکەوتن”، ئەوانەن کە ئەکرێ مناڵەکەت هەڵس و کەوتی داهێنەرانەی تێدا دروست بێت بێ گوێدانە توانای خۆی.

دامەزراوی: کە وتت بەیانیان ئایپاد نیە، ئیتر نیە تەواو

ڕێزگرتن: وەک گەورەیەک، کە هەڵەت کرد بەرامبەری داوای لێبوردن کردن

هەلی ڕێک نەکەوتن: کارێک مەکە وابزانێ تۆ چی بڵێی ئەوە کۆتایی ڕاستی بێت.

نوسەر لە ١٩٧١ ناوی بێرتراند ڕەسڵ و کەسانی تر ئەهێنێت کە دایک یان باوک یان هەردوکیان مردون لە تەمەنی منداڵیاندا، بەڵام ناوی ستیڤ جۆبزی ئەپڵ ناتوانێ بهێنێت چونکە ئەوکات ئەم بلیمەتەی لێ دەرنەچووبوو، ستیڤ جۆبزیش، تازە ئەزانم، دایک و باوکە بەخێوکەرەکەی بە دایک و باوکی خۆی ئەزانێ نەک “تۆو”ە سوریەکە و “هێلکە” سویسری-ئەمریکیەکەی.

http://www.amsciepub.com/doi/pdf/10.2466/pr0.1971.29.1.19

لە وەرگێڕانەکانی بێرتراند ڕەسڵ: دروستکردنی کەسایەتی

“دروستکردنی کارەکتەر (کەسایەتی)، کە تا ئێستا بابەتی باسەکەی ئێمە بوو، ئەبێ لەسەر ساڵانی سەرەتای ژیان ڕاوەستێت، ئەگەر بەڕێکوپێکی بەسەر ببرێت ئەبێ تا تەمەنی شەش ساڵی تەواو بێت. من ناڵێم کەسایەتی تێک نادرێ لەدوای ئەو تەمەنەوە، تەمەنێک نیە کە تیایدا مرۆڤ بەهۆی هەلومەرج یان ژینگەی نەخوازراوەوە زەرەری لێ نەدرێت. ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە ک، دوای تەمەنی شەش ساڵی، کچ یان کوڕ ئەگەر ڕاهێنانی دروستی بۆ کرابێت ئەبێ عادەت و ویستێکی بۆ دروست بووبێ کە بەرەو ڕێگای ڕاستی ببات ئەگەر هەندێ بایەخ بدرێ بە ژینگەکەی.

قوتابخانەیەکی پێکهاتوو لە کچ و کوڕانێک کە تا تەمەنی شەش ساڵی بەڕێکوپێکی گەورەکرابن ژینگەیەکی چاک پێک ئەهێنێت، تەنها تێگەشتنێکی مامناوەندی گەرەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، پێویست بەوە ناکا زۆر کات یان بیرکردنەوە بە بابەتی ئەخلاقیەوە سەرف کرێت، چونکە بەهای لەو شێوەیە کە پێویستن ئەبێ بە سروشتی لە ئەنجامی تەنها ڕاهێنانی ژیریەوە بێتە دی. من مەبەستم ئەوە نیە ئەمە بکرێ بە یاسایەکی کۆتایی، بەڵکوو بنەمایەک بێت بۆ ڕێنیشاندانی دەسەڵاتدارانی قوتابخانەکان دەربارەی ئەو شتانەی کە هەقە بایەخی تایبەتی پێ بدەن.

من قەناعەتم هەیە کەوا، ئەگەر منداڵ تا تەمەنی شەش ساڵی بەڕێکوپێکی بەخێوکرێت، باشتر وایە قوتابخانە تەرکیز بکەنە سەر گەشەکردنی ژیری مناڵەکە بە تەنها، وە پشت بەوە ببەستن تا گەشەی زیاتری کەسایەتی بەرهەم بهێنن کە هەر خوازراوە.

هەم بۆ ژیری مرۆڤ، وە لە کۆتاییشدا بۆ کەسایەتیش، خراپە کەوا ڕێگا بدرێت بابەتە ئەخلاقیەکان کار بکەنە سەر ڕێنماییەکان.

نابێ وا بیرکەینەوە کە هەندێ زانست زەرەرهێنەرە و هەندێ نەزانی چاکە.

کۆتایی وەرگێڕان. تێبینی:

١. ئەخلاق بە مانا گشتیەکەی نەک مانا تەسکە جنسیەکەی وە وشەی “ڕەوشت”یشم بە ئەنقەست بەکار نەهێناوە.

٢. ئەم قسانەی ڕەسڵ هەروا وەرگێڕانی سەرپێیی نیە، لای بەندە چەن ساڵی یەکەمی مرۆڤ چۆن داهاتووی دیاری ئەکات بابەتێکی یەکجار گرنگە، وە لە هەمان کاتدا ئاگادارم کە بواری “پەروەردە” بۆخۆی چەن ئاڵۆزە و چەندە بە سەختی ئەکرێ قسەی تێدا بکرێت.

٣. نوسینەکە خۆی دوو پەرەگرافە من پارچە پارچەم کردوە و بۆخۆی بەشێکە لە “دەربارەی پەروەردە: بە تایبەتی لە ساڵانی سەرەتاییدا”ی بێرتراند ڕەسڵ ئەتوانی لێرە تەواوی بەشەکە بخوێنیتەوە.