تۆڕ یان وێبی تاریک چیە؟

دەربارەی تۆڕی تاریک، یان لە ویکیپیدیا نوسراوە “وێبی تاریک” بریتیە لە شاردنەوەی ناسنامەی بەکارهێنەر بە تەواوی یان وا هەست بکرێ بە تەواوی. تەواوی پڕۆژەکە بەبێ پرۆگرامێک بەناوی “تۆر” یان پیاز هیچێکی وای نامێنێتەوە. هەر خۆشیان “دۆمەین”ێکیان بەناوی .onion بۆ داناوە کە پێویست بە کڕینی ناکات هەرچەن بەنیاز مەبە ناوێکت دەستکەوێت، سیستم خۆی خشتوپشتێکت بۆ ئەدا بەیەکدا و ئەڵێ بڕۆ لەسەر دیواری یەکێ بینوسە تا خەڵک سەردانی سایتەکەت بکەن.


لەم دنیایەی سفر و یەکەدا، هەموومان بە ژمارەیەک لەگەڵ ژمارەیەکی تر قسە ئەکەین، تۆ بە ژمارەیەک ئەم بابەتەی من ئەبینیت و منیش هەروا، ئەگەر لە فەیسبوک نوسینێکی من بخوێنیتەوە ئەوا کاک زەکەربێرگ لەو نێوانەدا ئاگای لە خشەی مار و مێروە. بەڵام، وەک پرۆفیسۆر ڕەدڵ جاریک وتی، ناسا لەبەر ئەوەی ٤٠ ساڵێک لە پێشمانەوەیە، پرۆگرامی “تۆر”یش سەرچاوەکەی هەر لەلای ئەوانەوە دێ و بۆ مەبەستی پاراستنی دەزگا هەواڵگریەکانی خۆیان دروستکراوە. تۆر، بناغەی تۆڕی تاریکە و مەکینەکانی گەڕانی وەک گوگڵ ئەتوانن تۆڕەکە بخەنە سەر زەمین بەڵام ژێرزەمین بونیان بە ویستە/دیزاینە. کۆمەڵێک ئینسانی ژیر و زانا پشتیوانی ئەکەن کە باوەڕیان وایە زانیاری ئەبێ بێ فلتەر بەردەست بێ و ناسنامەی کەسەکانیش بکرێ بشاردرێنەوە بەتەواوی.


شتێکی ترسناک و عەجایەب نیە، ئەم پارە دیجیتاڵیە کە دانەیەکی بەرامبەر تێسلایەکە زیاتر بۆ ئەمە دروست کراوە و تۆڕەکە خۆشی وەزارەتی دیفاعی ئەمریکی دروستیان کردوە هەر وەک تۆڕی ئینتەرنێت خۆی. ئینتەرنێت بۆ زانیاریمان جیاوازە لە www ئەوەیان داهێنانی زانای بەریتانیە.


بە کورتی، تۆڕێکی تاریک هەیە، شتی سەیر و سەمەرەی تیایە. کۆکاین و مادە هۆشبەرەکان، بازاڕی چەک، زانیاری دزراو، کوشت و کوشتاریش. هەموو ئەتوانین لەو ژێرزەمینانە ئەو شتە سەیر و سەمەرانە ببینین، بەڵام بۆ من کەناڵە تەلەفزیۆنەکان سەرئێشەن جا وەرە بڕۆیتە خزمەت کابرای نەخۆش و ئەقڵ بۆگەن.


بوونەکەی یەکجار گرنگە بۆ کەسێک بیەوێ سڕی ئەردۆغانێک هەڵماڵێت. ئیتر ئەم پێویستیە وای کردوە پڕ بوە لە ئینسانی نەخۆش، تەئکید بن ٩٥٪ ژمارەکەی دکتۆر تەواوە، نەک کورد تەواوی بەشەریەت نەخۆشە. ماڵی ٥٪کە ئاوا بێت کە تا ئێستا ماوین. ئەگەر وانەبوایە زیرەکترینەکانمان نەئەبوون بە دکتۆر خزمەتی نەخۆشترینەکانمان بکەن. ئەوە سوکایەتی نیە بەنەخۆش و بەرزڕاگرتنی دکتۆریش نیە – ڕاستیەکی سارد و سڕە.