ژیری ئەوان و سادەیی ئێمە

سەردەمی خۆحازرکردن بۆ لێدانی ئێراق لە ٢٠٠٣، ٨٠٪ی کورد بەتایبەتی ئەم دزانەی ئێستا، خۆیان حازر کردبوو بۆ تاڵانچێتی و دزیکردن.
ئەو سەردەمە، مانگی شوباتی ٢٠٠٣، خانمە ٢٩ ساڵێکی ئینگلیز کە شوی کردبوو بە کوردێکی تورکیا ئیش بۆ GCHQ ئەکات وەک وەرگێڕ، بەڵگەیەکی سیخوڕی ئەگەیەنێتە ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەر. ئەو سەردەمە وەک ئێستا پسپۆڕانی کورد تەنها ئەوەی لە فەیسبوک ئەیبیننن، بۆ نمونە بابەتی ترەمپ، هەر ئەوەندە تێگەیشتنمان هەبوو/هەیە بۆ ڕووداوەکان.
جا بە کورتی، من لای خۆمەوە تێر شەرم دایگرتم کە فلیمەکەم بینی، تێریش گریانم هات بۆ ئەو کاتەی وەک مێردەکەی ئەو خواخوامان بوو “جواب”ەکەمان لێ نەسەننەوە و سوار تەیارەیەک نەکرێین بنێردرێینەوە بۆ ژێردەستی ئا ئەم دز و جەردانەی جێگرەوەی سەدام حوسێن. ئەمیش لەسەر ئەوەی حکومەتەکەی درۆی لەگەڵ کردوە ژیانی مێردەکەشی ئەخاتە خەتەرەوە و نهێنی حکومەتە فیلەکەی تۆنی بلێر کەشف ئەکات و بە تەنها تەحەدایان ئەکات. دواتریش لە ٢٠٠٤ کە دەرکەوت چ درۆیەکی گەورەیان کرد لەگەڵ خەڵکی خۆیان، ئەم کە دانیشی ناوە بە دزەپێکردنەکەدا لە دادگا کەیسەکەی لەسەر لا ئەبەن تا زیاتر درۆکانیان کەشف نەبێت.
لە ویکیپدیای بەوبەختی سۆرانی دوو پەرەگرافیم وەرگێڕا. جا ئێوە، خوێنەرە خۆشەویستەکانی من نەکەن بێنە ویکیپیدیا و دوو وشە زیادکەن بۆ مناڵەکانتان یان خوانەخواستە چەن دەفتەر دۆلاریکی بۆ وەرگرن لەو دەوڵەتە چەتەیە. لە جێگایەک نوسیبووم: هەر بۆچونێکتان هەیە مورتاح مورتاح مەیگۆڕن ئیشڵا بۆتان ڕێک کەوێ ئەبن بە ترەمپ
فیلمە دۆکومێنتاریەکە ناوی official secretsو کیرا نایتلی کەشخە دەوری کاسرین ئەبینێ.

کاسرین لای ڕاستە

ئەم ناوبانگە زیندوە

دوو بابەتی جیاوازم نووسیوە پێشتر. یەکێکیان لە خەمی فەوتانی ئەو ناوبانگە باشەی لە دوای 2014وە بە تایبەتی و پێشتریش هەر لە 1991ەوە تا ئێستا و دواتریش بەهۆی هەڵای سەر کیمیاباران و ئەنفالی گەرمیان و هەڵەبجە دروست بوو. ئەوی دیکەش بەزمی شەڕی تورک و دراوسێکانی ترمان لەسەر کوردزمان لە تەنها ئینسایکلۆپیدیایەک/مەوسوعەیەک کە خەریکە ئەبێتە جێگای ڕێکەوتن لەسەر زانیاری بەشەر.

ویستم لە کورتە نوسینێکدا و بۆ ئەرشیڤی خۆم سەرسامی دەربڕم کە گەشتۆتە ئاستێک دەستەواژەی “کوردستانی باکوور” یان “کوردستانی تورکیا” سەرباری ئەو هەموو توانایەی تورک و دەوڵەتی تورکیا هەیەتی، بمێنێتەوە و ئەمڕۆ من ئاوا بە ئاسانی بەناویدا بگەڕێم. کە بەڕێکەوت بۆ پەرلەمانتاری دڵسۆز سەزگین تانرکوڵو ئەگەڕام و دەستەواژەکەم دی بەڕاستی وامزانی تەنها پەڕەیە کە بەو شێوەیە بەکاری بهێنێت. بەڵام دیارە کە پەڕەی تایبەتی بەخۆی هەیە و وێنەکەش بەرواری دەستکاریەکی پەڕەکەیە. پێش ئەو بەروارانە ئەگەر تەماشای بابەتەکە بکەی ئاوا ئەیبینی (بەرواری 9ی ئەیلولی 2009) کە لەگەڵ ئێستایدا یەکجار جیاوازن.

هیوادارم خوێنەر و نووسەری کورد بتوانین، پێش هەموو کەسێ خۆم، ئەم فرسەتە بقۆزینەوە و ئەگەر لەسەر نەبوونی کەلتور و دواکەوتوویی خۆشمان بێ، کە هیچ عەیبەیەکی تیا نیە، بنووسین. لە ڕاستیدا بۆ هەندێ لێکۆڵینەوە کۆمەڵگای سەرەتایی یاخوود کەم بەرکەوتووی شارستانیەتی وەک ئێمە تەواو جێگای سەرنجە. ئەمە جیاوازە لەوەی خۆت بە گەورە بزانیت کە کوشندەترین دەدی مرۆڤە بە تایبەتی خەڵکی ئەو ناوچەیەی ئێمە.

لا نەدەم لە بابەت، هیوادارم ئەم باوبانگە بەباشی بەکار بهێنین ئەوانەمان کە توانای خوێندنەوە و نووسینمان هەیە چ بۆ ناوخۆی خۆمان، وەک ئەم کورتە بڵاگپۆستە، و چ بە زمانی نەتەوەکانی تری دنیا.

ڕەگەکانی “شێتێتی” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

نوسینی مایکڵ ڕوبن، لە ئینگلیزەوە.

کاتێ دێتە سەر هەڵسوکەوتی سەیر و بێ ئەقڵانەی سەرانی دنیا، ئەکرێ کیم جۆن ئون سەرۆکی هەموان بێت بەڵام ئەم بەهرەیە قوڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: موعەمەر قەزافی قیژ و قاوی بەلاوەبوو. وتارەکانی ناو یوئێنی سەبری پێویست بوو هەم بۆ گوێگران هەم بۆ خۆشی. حەرەسی تایبەتی ژنی لە چواردەوری خۆی کۆ ئەکردەوە و گۆڕینی جەستەشی پێشبڕکێی لەگەڵ مایکڵ جاکسن ئەکرد. کوڕەکەی قەزافی، حەنیبال کوڕی باوکی خۆی بوو، دوای ئەوەی خۆی و ژنەکەی لە ئوتێلێکی سویسرا لە دوو خادمەیان دابوو، دەستگیرکرا. ئەنجامی حەیاچوونەکەش ئەوەبوو کە قەزافی داوایکرد جیهاد دژی سویسرا دەستپێبکرێت.

قەزافی، بە دڵنیاییەوە، تەنها نەبوو. سەدام حوسێن ئەکرێ وەحشی بووبێت، بەڵام شێت نەبوو، سارد و لەسەرخۆ بوو، حساباتی ئەکرد، بێ ڕەحم بوو، بەڵام بە بەراورد بە عودەی کوڕی کابرایەکی سالم بوو. ئیستغلالکردنەکانی عودەی چاک زانراون، تەعەداکەر و بکوژ و سایکۆ بوو. کاتێ تیپی تۆپی پێی ئێراق یاریەکیان دۆڕاند، تێهەڵدانی کردن. ئەشکەنجەدان بۆ ئەو شتیکی خۆش بوو.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەوری قەزافی ئەبینێ لە تەخشان و پەخشانکردندا. کابرایەکە بێ شەرمانە گەندەڵە، بێ ڕووە و موئامەرەکەرە. لە کاتێکدا زۆر دەسەڵاتدار ئەکرێ دیکتاتۆر وە/یا دوژمنکار بن، ئەردۆغان تا دێ زیاتر شێتتر ئەبێت.

خانەوادەی پاشایەتی سعودیە بەدناوانە خۆیان جیا کردۆتەوە، بەڵام زۆرێک لە شازادەکانیان کەمترین پەرژینی قیەمن لەپشت پەردەوە. تەنها یەک شازادەی سعودی ٢١٠٠ باڵندەی کوشتوە کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە کاتێ لە گەڕان بوو لە پاکستان. لە ڕاستیا بۆخۆی سەفەر بۆ پاکستان بۆ بەسەربردنی گەشتێک شتێکی ئاقڵانە نیە. کەسانی تری خانەوادەی شا تۆمەتبارن بە شتی زۆر خراپتر.

هەتا لە کوردستانی ئێراقیش، لە کاتێکدا ئەوترێ مێرگێکی ئارامە، شێتێتیەکی یەکجار زۆری تیایە. سەرۆکی پێشوو جەلال تاڵەبانی لە ڕاستیدا پاڤێڵی کوڕە گەورەی نەفی کرد بۆ لەندەن لە ترسی هەڵسوکەوتی وا تێکچوو، وە سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بەرزانی مەسر و مەنسوری کوڕی قومار بە ناوبانگی عودەیەوە ئەکەن. خەڵک ناچێ پەلاماری خێزانێکی کێبڕکێکەر بدا لە عیادەیەکی داندا لە ڤێرجینیا، خەڵکی زۆر کەمتریش بە بزواندنی ئەوان هەڵسوکەوت ئەکەن.

کەواتە بۆچی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک تەنها بۆتە ناوچەیەک بۆ دیکتاتۆر، بەڵکە ناوچەیەکی شێت؟ لەژێر سەدام حوسێندا نوکتەیەک هەبوو لەسەر ماستاوچێتی و هەڵەنەکردنی سەرۆکدا: گوایە طارق عەزیز قسەی کردبوو لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە تیایدا ڕۆژنامەنوسێ پرسیار ئەکات و ئەڵێ ئایا فیل ئەفڕێ. وەڵامی ئەداتەوە ئەڵێ “بەدڵنیاییەوە نەخێر”، ئەنجا ڕۆژنامەنوسیکی تر ئاگاداری ئەکاتەوە کەوا سەدام حوسێن وتویەتی فیل ئەفڕێت. بەبێ ئەوەی خۆی تێک بدا، طارق عەزیز ئەڵێ، “بەڵێ ئەفڕێ بەڵام بەخاوی”. لە وەزعێکی ئاوادا، ئەردۆغان بوە بەجێگرەوەی سەدام وەک مامۆستای فڕینی فیل، هیچ ڕۆژنامەنوسێ بە سوڵتان ناڵێ جلی لەبەردا نیە [نمونەی ئیمپراتۆرەکەی مەبەستە نوسەر لێرە بخوێنەوە] نیە چونکە ئەکرێ ڕۆژنامەکەی داخرێ و خێزانەکەی بگیرێت.

هۆکاری دیکەش هەن، بە تایبەتی کاتێ دێینە سەر باسی مناڵەکانیان. ئەو وڵاتانە چەندە سەرۆکەکانیان بانگەشەی کرانەوە و دیموکراتیەتیان بۆ بکرێ، خێزان هێشتا تیایاندا گەورەیە. کاربەدەستان ماستاوچی لەدەوری خۆیان کۆ ئەکەنەوە کە سوێند بۆ هەموو جوڵەیەکیان ئەخۆن.

ئەگەر قەزافی، بەرزانی، سعودی لەسەر خەتەکەت بن پێویست ناکا هەرگیز داوای لێبوردن بکەیت.

دوو جۆر سەرۆک هەبوون، دابڕاو لەیەکتر، یەکێکیان سەرۆکی وڵات و کۆمەڵگا و ئەویتر هی خێزان. وڵات تەنها جێگای یاریکردنە و خراپترین زوڵم ئەکرێ بە پارە داپۆشرێت. پارە، هێز، وە ناوبانگ کاتێ تێکەڵ ئەکرێن ئەبێت ئاوێتەیەکی ناجێگیر.

سەرۆکی وەک قەزافی و بەرزانی ئەکرێ خۆیان بە بیرمەندی گەورە بزانن یا کاربەدەست، بەڵام ئەکرێ باوکێکی بێهێز بن، ڕێگا بدەن مناڵەکانیان گەورەببن لە ناو خزمەتکارانێکدا کە هەموو پێداویستیەکیان بۆ دابین ئەکەن، هەروەها ڕێزگرتن لە سەرۆکەکە تێکەڵ ئەکەن بە گوێڕایەڵی تەواو بۆ مناڵەکەی. سنورەکان لەخۆوە و کورتخایەن و لەڕووی ئەخلاقیەوە ئیختیارین.

هیچ یاسایەکی خێرا و زبر نیە، وە تاکیش بە دڵنیاییەوە گرنگە لایان. قوسەی ئەکرێ خراپ بووبێ، بەڵام وەک عودەی نەبوو، قوباد وەک پاڤێڵ نیە، هەموو شازادەیەکی سعودیش سایکۆ نیە، بە دەرزەن تیایاندا کەوا تەنها و تەنها دراوە بەدەمیانەوە.

لەهەموی خراپ و خراپتر ئەوەیە کەوا موعتادی هۆڵیوود بوون. کیم جۆنگ ئون، بۆ نمونە، بەناوبانگە بە ئالوودەبوون بە هۆڵیودەوە. خانمی یەکەم ئەسما ئەسەد دەمەتەقەیان بوو لەگەڵ برات پیت و ئەنجلینجا جولی. شا عەبدوڵای دوەمی ئەردەن بەڵێ ناچێتە ناو هەمان قاڵبەوە، بەڵام دیکتاتۆرە – وە خراپ حەزی لە ستار ترێکە. بۆی هەیە، کەواتە، لێکچوونێک هەیە لەنێوان ئەو شێتبوونەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە لەگەڵ مناڵانی هۆڵیوود. کە بەناوبانگ بوویت و چواردەورت بە ماستاوچی گیرابێت سەری لە زۆر ئەستێرەی مناڵ شێواندوە بەڵام نەک هەموو. بۆ هەموو لیندزی لۆهانێک [دوای سێ مانگ لە چاک بوونەوە لە ئالوودەبوون دیستان ئەخواتەوە لە هەواڵەکەدا] مایم بیالیکێک [ئەکتەر لە هەمانکاتدا نوسەر و توێژەرەوە لە بواری زانستی دەماردا] هەیە، بۆ هەموو ماکۆڵی کوڵکینێ هەمیشە ڕۆن هاواردێ هەیە. کەلتور، پەروەردە، وە بەها گرنگە.

کەوابێ چەندە تراژیدیە کە لەودیو شەڕ، تیرۆریزم و ئەگەری داڕووخانی ئابوریەوە، ئەو هەموو ماستاوچێتیە، گەندەڵی، وە حەسانەی یاسایی وایکردوە زۆرێک لە سەرۆکەکانی ئێستا و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون بە ئەکتەرەکانی فیلمی دیفرێنت سترۆکس [هێڵی جیاواز کە سێ ئەکتەری منداڵی هۆڵیود ڕۆڵیان تێدا بینی، گەورەبوون هەرسێکیان تاوانکار دەرچوون].

تێبینی: ناو کەوانە چوارگۆشەکان [] زیادکراوی وەرگێڕانە

ویکیپیدیا چیە؟

fibreOptic
بابەتی فایبەر ئۆپتیک لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی گەیاندن، بەرامبەر بابەتەکەی ویکیپیدیا

ویکیپیدیا، ئەو پرۆژەیەی کە زۆرێک ڕای خۆیان هەیە لەسەری. بەڵام ویکی سۆرانی ڕێک کەوتوون لەسەر ئەم پێناسەیە:

زانستنامەیەکی سەر تۆڕی ئینتەرنێتە و بە شێوازی ئازاد بڵاو دەبێتەوە. وتارەکان لە لایەن بەکارھێنەرانی خۆبەخشەوە پێکدێن، ھەربۆیە ھەموو کەس لە سەر تۆڕی جیھانی بۆی ھەیە دەستکاری بکات.

بە نوسینەکەدا دیارە مامۆستایەکی زانکۆ نەینوسیوە، بەڵام ئایا زانست لای کێیە؟ لای کەسێکە بۆ مەعاش بچێ بۆ دەوام یان بۆ زانست بچێ بۆ دەوام؟ ئەوەیان کاری ئەم بابەتە نیە. ئەوەی لەوێ نەنوسراوە و ئەمڕۆ لە ویکی ئینگلیزی نوسراوە ئەوەیە کەوا ویکیپیدیای ئینگلیزی حەوتەم بەناوبانگرتین ماڵپەڕی دنیایە.

لێرە پێم خۆشە چەن خاڵێک بنوسم تا ویکیپیدیا بناسێنم بەڵام بەجێی دێڵم بۆ ویکیپیدیا خۆی خۆی بناسێنێت:

یەکەم: ویکیپیدیا یاسای توند و تۆڵی هەیە بۆ ڕەتکردنەوەی ڕای نوسەر و داوا ئەکات بە سەرچاوە زانیاریەکان بنوسرێت

دوەم: لەبەر ئەوەی ملیۆنان کەس، خوێندەوار تا نەخوێندەوار، تیایدا ئەنوسن، ئەستەمە دامەزراوەیەکی وەک دروستکەرانی پێشووی موسوعە، زانستنامەی وەک “بریتانیکا” بتوانن پێشی بدەنەوە. وە لەڕاستیدا بابەتەکانی ویکیپیدا بوونەتە سەرچاوەی زۆرێک توێژینەوەی زانستی.

سێیەم: هەموو ئەزانین هەڵەی تێدایە، کەس لاری لەوە نیە، بەڵام هەموو ئەزانین کە کەسانێکی خۆبەخش ئەینوسن، بۆیە کەمتر بواری ئەوە هەیە کە زانیاری هەڵە بڵاوکرێتەوە.

چوارەم: بەڕای بەندە زانستنامە بۆ دەوڵەتانی پێشکەوتوو کەمتر سودی هەیە تا دواکەوتووەکان، چونکە پێشکەوتووەکان خۆیان سەرچاوە زانستیەکانیان هەیە بەڵام دواکەوتووەکانی وەک ئێمە ئەکرێ سودێکی یەکجار زۆری لێ ببینین چونکە هەم بەردەستە و هەم خۆڕاییە.

پێنجەم: ئەوەی زۆرێک بە بێهێزی ئەبینن، ئەگەر بە هۆشیاری بەکاربێت، بەهێزی ویکیپیدیایە. بۆ نمونە ئەگەر بتەوێ بزانی ئەتاتورک چ پیاوێک بوە ناچی بە تورکی بیخوێنیتەوە، بەڵکوو ئەچی سەردانی یۆنانیەکان یان کوردەکان ئەکەیت تا بزانی چ ڕەخنەیەکیان کۆکردۆتەوە لەسەری.

شەشەم: خودی نوسەرانی ویکیپیدیا لەیەکتر فێر ئەبن. کاتێ دا ئەنیشیت لەسەر بابەتێک بنوسیت، ناچی خێرا ئەوەی لە مێشکتە هەڵی بڕژی، چونکە ئەزانی کەسانی تر دێن و داوای سەرچاوەت لێ ئەکەن. یاساکانیش ئاشکران کە سەرچاوە نابێ هەندێ جێگای سەرپێیی بێت و پێویستت بەوە ئەبێت بڕۆی سەردانی بڵاوکراوە زانستیەکان بکەیت تا ڕاکەی خۆت پشتڕاست بکەیتەوە.

وە زۆر خاڵی تر. بەڵام ئەوەی لێرەدا سەرنجی ڕاکێشام ئەم بڵاگە بابەتەی لەسەر بنوسم ئەوەبوو کەوا ویکیپیدیا پرۆژەیەکە یەکەم لایەن دەوڵەتە سودی لێ ببینێت. نەک وەک وەزارەتێکی هەرێم بابەتەکەش ببات و دەستکاریەکیشی نەکات نەک هەر سەرچاوەکەشی دانەنێت. وە ئەو بناغەیەی بۆ ویکی سۆرانی دانراوە، بەڕاستی ئەکرێ سودی لێ ببینرێت.

ڕۆژێک لە ڕۆژانیش هیوادارم دەستخۆشی بکرێت  لەو کەسانەی شەونخونی دەکەن تا وەزارەتەکانی حکومەتیش سودی لێ ببینن.