شوێنکەوتووانی پێش تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان

لە کتێبەکەیدا نوسەر نوسیویەتی کە تەواوی فیکری مرۆڤ ئەفسانەیە.

گێژکردن یان با ئەرێنیانەتر بنوسین سەرسامکردنی خەلک بە ئەفکار، تا ئەو کاتەش کە بۆی هەیە بەشەریەت بە ژیری دەستکرد لەناو بچێت بەردەوامی ئەبێت، جا نازانم دوای ئێمەش هەر وا ئەبێت یان نە، مەبەستم ئەوەیە کاتێک کۆمپیوتەر فێری بیرکردنەوە بوو، ئەوانیش وەک ئێمە هەوڵی شوێنکەوتوان ئەدەن یان نە، دڵنیا نیم لەمەیان.

هەمیشەش ئەتوانی لەناو تەسکترین فیکردا فیکرێکی تر بخولقێنی چونکە خۆی پێناسەکەی ئەوەیە. مەبەستم ئەوەیە کەوا فیکر بۆخۆی هەڵێنجراوە لە فیکری تر. وەک ژمارەی دوای فاریزە یان هەر ژمارە سروشتیەکان خۆیان دێتە پێش چاوم. کابرایەک ئەڵێ ٠.١١ تۆش ئەڵێی بەڵێ قوربان ٠.١١ بەڵام ٠.١٢١ جوانترە چونکە ئەملاولاکەی ئەکاتە ناوەڕاست. یان کابرایەک وتویەتی ١١ تۆش ئەڵێی ١٢١، کە ئەپرسن بۆ، تۆش ئەڵێی ئاخر ئەو هەر تاقەتی نەبوە لە ١ زیاتر بەکار بهێنێ ئەها من جوانترم داناوە دووم لە نێوان دوو یەکدا داناوە. پڕماناترە ژمارەکەی من.

ئیتر بۆخۆی ئەفلاتون و کاک زەینەفۆن کە کوردی قوڕبەسەر لە ناو کتێبەکانی ئەودا بۆ خۆی ئەگەڕێت، بە دڵی خۆیان قسەی پوچیان کردوە و فەلاسیفەش خەریکی موناقەشەکردنی بوون. بۆ نمونە جەنابی ئەفلاتون باوەڕی وابوە ئینسان نەک هەر ڕۆحی تێدایە، جا هەر بەڵگەیەکیشی هێنابێتەوە بۆی لە فیکرەکە خۆی پوچتر بوە، بەڵکو وتویەتی کەوا ڕۆح نەمرە و زیندوو ئەبێتەوە لە دوای مردن. ئیتر بەم شێوەیە کابرایەکی تر هاتوە وتویەتی “من لای دروستکەری ئەو ڕۆحەوە هاتوم کە ئەفلاتون باسی ئەکات” و “من ناوم عیسی”یە و ڕۆحەکەم لە خۆی وەرگرتوە و دایکم بە کچی منی بوە یان هەر چیرۆکێکی تر. وەک وتمان ٠.١٢١ بۆخۆی دا ئەنێت و ملیارەها بەشەریش بۆی ئەگرین وای تخوا لە خاچ درا.

بۆچی ئەم هەرایە ئەکەین؟ چونکە بێ ڕوونکردنەوەیەکی باش، تەنها ئەزانین لە سەردەمێکدا ئێمەی مرۆڤ فێری بیرکردنەوە بوین. لەمە دڵنیاین چونکە دیکارت وتەنی چونکە هەین. کە مادام ئەتوانین بڵێین هەین، کەواتە ئەشتوانین بڵێین ئێمە فێری بیرکردنەوە بوین. بیرکردنەوەکانیشمان وەک جۆن لۆک ئەڵێ، سەرچاوەی کردارەکانمانە جگە لە کردارە بایۆلۆجیە رووتەکانی وەک چاوتروکاندن و برسی بوون و هتد. شتی وەک ڕۆشتن بۆ سەر بەرزاییەک بۆ تەماشاکردنی جێگایەکی خۆش شتێکی بایۆلۆجی یان بێئاگا نیە نەڵکو شتێکە هاتوە بە مێشکماندا و ئیتر بڕیارمانداوە بیکەین.

جگە لەوەش کە سەرچاوەی کردارەکانمانە، تەواوی ئەفکاریشمان، تەبیعی، وەک کابرای ژیر وتویە ملکەچی حەزەکانمانە. چونکە لە شوێنێک یان لە کەسیکمان بیستوە ئەو جێگا بەرزە خۆشە بۆ بینین ئیتر ئێمەش بڕیارمانداوە بڕۆین بیبینین. ئەمەش وا ئەکات کە بزانین گرنگی فیکر چەندە بە تایبەتی کاتێ ئەبینین بە دوو قسەی وا چەندین کەس شوێنمان ئەکەون. بۆ نمونە ئەگەر بڵێین جەناب تۆ ڕۆژی ئەوەندە جار فڵان و فیسار شت بکە من پێت ئەڵێم دوای مردن لە خۆشترین جێگا ئەژیت کە ناوی بەهەشتە. تەبیعی فیکری بەهەشتیش خۆی دروستکراوی کەسێکی تر بوە یان بۆهاتنی خودی ئەفلاتون بوە و ئیتر بەکار هاتوە بۆ ئەوەی خەڵک شوێنیان بکەون. دەی وەڵامم بدەرەوە بۆ وا ئەکەین؟ بۆ ئەوەی دانیشین بۆ خۆمان و ئەو کەسانەی شوێنمان ئەکەون هەم خزمەتتمان بکەن هەم پارێزگاری. هیچی تر.

ئەمەش ئەمان گەیەنێتە سەر ئامانجی کەسانی تر لە ڕەخنەگرتن لە پێشەوایانی کەسانی تر. بەو هیوایەی کە شوێنکەوتوەکان هەندێکیان واز بهێنن لەو پێشەوایە و شوێن ڕەخنەگرەکە بکەون. دەنا من چیم داوە لە ڕەخنەگرتن لە فەلاسیفەی یۆنان؟ بۆ ئەوەی ژمارەی خوێنەرانی ئەم بڵاگە زیاتر بن و لە داهاتوو منیش وەک ڕۆناڵدۆ بۆ یەک پۆست داوای ١.٢ ملیۆن پاوەن بکەم. حەزەکانی مرۆڤ هەر ئەوانەن کە پیاوە ژیرەکە باسی کردووە.

بۆیە بەڕاستی ڕەخنەگرتن لە پێشەوایانی کەسانی دیکە ئامانجەکەی ئەوەندە شاراوە نیە کە هەندێک وای بۆ دەچن.

چی بکەین؟

گەر وەڵامەکەیم بزانیایە، زۆر شتم ئەکرد. وەڵامەکەی پێویستی بە دیراسەکردن و لەوانەیە دەیان ساڵ لێکۆڵینەوە هەبێت.

نازانم چی بکەین بەڵام ئەزانم ئەبێ بە بیرکردنەوە دەست پێ بکەین. ئەبێ بیربکەینەوە بزانین لە ٥٠٠ ساڵی ڕابردوودا و زیاتریش لە سەرەتاکانی دروستبوونی نەتەوەپەرستی لە ئەوروپا و دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوە لەسەر بناغەی زمان، کە تەبیعی پێش هەزاران ساڵ لەو ناوچەیەی ئێمە تۆی هەبووە و دین توانیویەتی کاڵی بکاتەوە، بۆچی نەمان توانیوە بوونێک بۆ کوردزمان دروست بکەین.

١. ئەبێ خەڵکانێک کە توانای بیرکردنەوەیان هەیە ئەمە بکەن. مرۆڤی سیاسی و ڕۆژنامەنووس بەردەوام خەریکی کاردانەوەن. توانای دروستکردن لای مرۆڤی سیاسی ئەگەر هەشبێ، هەم حەزە سیاسیەکانی کە لانی کەم ئەم تێزە ئەتوانێ پێناسەی بکا، ناهێڵێ هەم وەک مرۆڤ خۆی حەزی بیرکردنەوەی نیە.

٢. ئاشکرایە پێش هەموو شتێک ئەبێ ڕابردوو دیراسە بکەین. ئەبێ لەوە حاڵی ببین کە کەی توانیومانە بزانین ئێمە جیاوازین. بۆ نمونە و تەنها لایەنی بچووکی ئەم دیراسەیە: ئایا بەڕاستی تورکەکان لەدوای ١١٠٠و هاتنیان بۆ ناوچەکە بە توانای دینی ئەوەی کردیان کردیان یان بە توانا تەتەریەکەیان؟ لەبەر ئەوەی حاڵی حازر بەزمەکە بەزمی ڕۆژاوایە و داگیرکاری دەوڵەتی تورکە لەوێ.

٣. ئەو فرسەتەی لە هەرێمی ئێراق هاتۆتە دی لەسەر دەستی بەریتانیەکان هاتۆتە دی، بۆیە جیاوازە لە شوێنەکانی تر. دووبارەکردنەوەی ئەمە ئەکرێ هەندێ لە هەنگاوەکانی ئەنجام بدرێ، بەڵام بە نەبوونی هەمان مامۆستا، زۆر زەحمەتە هەمان نمرە وەرگیرێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو هەلە زۆر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و بپارێزرێ. ئەوەی لە ڕیفراندۆم کرا ئەبێ گەورەترین وانە بێت کە نابێ چیتر قومار و هەنگاوی خراپ بنرێ کە چارەنووسی ئەوێ بخاتە مەترسیەوە.

٤. ئەم بیرکردنەوە و دیراسەکردنە لە گەرما و هەڵپە و گڕوتیندا ناکرێ. ئەبێ لە دەرەوەی ئەو نەخشە گڕدارە بکرێ، وە باشترە خەڵکانی ژیری وەک نۆام چۆمسکی و زۆر خەڵکی تری ژیر کە ڕووسیشیان تێدایە بەشدار بن. لە ڕاستیا حاڵی حازر ئەوان هەست بە تاوان ئەکەن کە دەوڵەتەکانیان ئا بەو بێ ئابڕوویە مناڵی کورد لە سوریا ئەخەنە ژێرپێی توندڕەوی دینی و ڕەگەزپەرست.

هیوادارم ئەوانەمان کە حەزی چارەسەری هێواش و ژیرانەمان هەیە ئەمە زۆر بەجددی وەرگریرن، بیر لە ئامراز و هەلەکان بکەینەوە. بزانین چۆن ئەتوانین ئەوەی تا ئێستا بە کاردانەوە و بەشەرکردنی گەرم نەهاتە دی، بە خۆ ئامادەکردن بۆ شەڕی تر، بەڵام بە هەبوونی فرسەت کە بکرێ ئەمجارە شەڕەکە ببرێتەوە، بتوانین پلانی تۆکمە و درێژخایەنی بۆ داڕژین.

جارێکی تر نازانم چی بکەین، بەڵام ئەزانم ئەبێ بە بیکردنەوە و دیراسەکردن دەست پێ بکەین.

فریشتە باشەکانی ناخمان – کتێب

519b0tluful-_sx332_bo1204203200_بیڵ گەیتس ئەڵێ ئەگەر پێی بڵێ لە ژیانما یەک کتێب ئەخوێنمەوە پێت ئەڵێ کتێبێکی کابرایەکی خەبیر لە ‘دەروونناسیی دەرکی’ بخوێنەرەوە بەناوی ستیڤن پینکەر. هەڵبەت پێشتر کتێبێکی تری نوسیوە هەمان نوسەر هەر بیڵ گەیتس خۆی ئەڵێ ساڵانێکی زۆر بوو لەجیاتی ئەم تازەیە ئەموت ئەوی تر بخوێنەرەوە.

ئەمە کتێبی یەکەمە و تازەکەش بەردەوامی ئەوە، ئەکرێ بیخەیتە بەرنامەی موستەقبەلەوە. دۆستێکی بەڕێز ڤیدیۆیەکی ناردبوو لە بەحرەکەی فەیسبوکەوە، کە باسی هەمان بابەت ئەکا (دەستی خۆش).

بە دوو کەلیمە هەردوو کتێبەکە هەوڵێکن بۆ سەلماندنی ئەمە: شەڕ کەمبۆتەوە.

پێنج شتی خراپ دەستنیشان ئەکات

  1. توندوتیژی کرداری بۆ دەستخستنی ئامانجێک
  2. کۆنترۆڵکردن: دەسەڵات گرتنە دەست.
  3. تۆڵەکردنەوە: چ وەک یاسای سزادان یان جۆرە تەقلیدیەکەی
  4. سادیزم: ئەوەی کە ئازاری خەڵک بدەیت و لەزەتی لێ ببینیت
  5. ئایدۆلۆجیا: ئەوەی کە توندوتیژی پێویستە بۆ ئەوەی بیروبۆچونێک “ئاشتی” بەرقەرار کات.

چوار شتی چاکی بەشەریش ئەخاتە ڕوو کە بە کورتی سۆز، خۆکۆنترۆڵکردن، ڕەوشت و ژیریە. لای بێتراند ڕەسڵ لە کتێب/نامیلکەی کۆتایی هێنان بەشەڕدا ئەو وابزانم تەنها سۆز/ڕۆح بەکار ئەهێنێت، لەگەڵ ئەقڵەکە/ژیریەکە بە بزوێنەری نەهێشتنی شەڕ دا ئەنێت.

جا قورسە باوەڕ بکەی، بەڵام زەوقت زۆر زۆر چوە سەر خوێندنەوە ئیتر بەڵگە ئەخرێتە بەردەستت کە شوکور دڵنیابە مناڵەکەت کەمتر ئەگەری ئەوەی هەیە لە شەڕدا تیاچێت لە خۆت. ئیتر سەرباری چەکی ناوکی و هایدرۆجینی و شتی تریش. هەر لێرە لەسەر زمانی کۆمەڵێ مورتاحی تر (ئۆروێڵ، کاک مەکیاڤێلی و تا ڕادەیەکیش جەنابی ڕەسڵ) وام ئەزانی تەواو پێچەوانەی ئەمە بێت وەزعەکە و بۆیە بابەتەکەم لێرە نوسیوە و باسی بابەتێکم کردوە پێشتر کە نزیکە لەم بابەتەوە.

هەر لەو کورتە نوسینە نوسیبوم کە ناکرێ ئەگەر بەڕاستی ژیان بەرەو خراپتر بچێ، مرۆڤ وا بیری لێ بکاتەوە. چونکە ناکرێ ژیانت بخەیتە ناخۆشیەکەوە لەسەر شتێک کە نە ستیڤن پینکەر نە نوسەر و فەلاسیفە و پیاوانی دینی تر کەسیان ناتوانن 100% دڵنیابن. هەرچەن کتێبەکەم تەواو نەکردوە بەڵام وابزانم پێشبینی داهاتوو ناکات، بۆیە لەگەڵ نوسینەکەی من کەمێک جیاوازن بابەتەکە. ئەوەی من باسی داهاتوو ئەکات و ئەمیش بەڵگەکانی ڕابردوو ئەخاتە ڕوو بە بەراوردکردنیان بە ئێستا یان سەدەی بیست و بیستویەک.

لەوەتەی من خۆم بە وشەی ‘هیوا’ هەڵواسیوە، بیردۆزێک یان کتێبێکم نەخوێندۆتەوە ئەوەندە هیوا بەخش بێت. نازانم بۆ تۆ.

هۆش چیە؟

فەلاسیفە وای قوڵ ئەکەنەوە زۆرجار سەر بەرز ئەکەیتەوە و هیچ حاڵی نەبویت.

پێناسەکەی سادەیە لە قاموس، ئەوەی بە عەرەبی پێی ئەوتری “وعی” و ئەوەی ئێمەی کوردی ئێراق هەر بەو کەلیمەیە ناسیومانە، تازە هەڵکەوتوە کوردەکان دار و بەردی وشەی کوردیان شێواندوە. لە ئۆکسفۆرد هەر ئەوەیە کە بۆ دژی “بێهۆش”ی جەستەیی بەکاردێ، واتە کەسێک کە بێ ئاگا ئەبێ لە دەوروبەرەکەی، وشە پزیشکیەکە گەر هەبێ نایزانم، بەڵام ئەو دۆخەی ئاگات لە خۆت نیە و دوایی دێیتەوە “هۆش”. بۆ نمونە شتێک کەوتوە بەسەرتا و لەهۆش خۆت چووی تا خەستەخانە.

هەمان دۆخ بۆ ئەقڵی بەشەر “هۆش”ە، واتە کەسێک کە ئاگای لە خۆیەتی و هەڵئەسێ و دا ئەنیشێ و ئەخوات و ئەخەوێ بەڵام ئاگای لە کار و کردارەکانی نیە، کەسێکی بێهۆشە. جا ئەمە یەک ئاست خوارتر/سەرتری هەیە کە مەبەستی ئەم بابەتەی منە، پرۆفیسۆر حەراری لەو کتێبەی پێشتر ناوم هێناوە لەم بابەتە، باسی ئەوە ئەکات کەوا 30 هەزار ساڵێ لەمەوبەر بەشەر “شۆڕشی بەهۆش هاتنەوە”ی بەسەردا هاتوە، من زۆر بەینم لەگەڵ وشەی “شۆڕش”دا نیە، بەڵام قسەی ئەوە، وە ئەڵێ هۆکارەکەشی نەزانراوە. تیایدا گوایە بەشەر بۆ یەکەمجار بۆ نمونە زانیویەتی کەوا خۆی جیاوازە لە دەوروبەرەکەی. زانیویەتی کە دار نەرمترە لە بەرد بۆ نمونە. تەبیعی نە ئەو نە کەسی تر نازانن 30 هەزار ساڵ لەمەوپێش بەشەر چی لە مێشکیدا بوە چونکە ئەوەندە هۆشی نەبوە تا بتوانێ چ دەری ببڕێ چ بۆ نەوەکانی دوای خۆی بەجێ بهێڵێت.

نمونەیەکی زەقتر تەمەنی مناڵیە، هەموو کار و چالاکیەک ئەنجام ئەدەی، بگرە خۆشترین یادگاریت هەیە بەڵام ئاگات لە خۆت نیە و سوکە بێهۆشێکیت، بەڵی ئەزانی دار و بەرد لەیەک جیا بکەیتەوە بەڵام ئاگات لێ نیە کە بۆ نمونە، بەردانەوەی ئاوی زۆر کرێی ئاوەکە زیاتر ئەکات یان بەهەدەردانیەتی. جا ئەکرێ هەمان نمونە بەکار بهێنین بۆ ئەوەی بڵێین ئەکرێ هۆشیش وەک پرۆگرامی کۆمپیوتەر چەن ئاستێکی هەبێت. ئەمەیان کەمێ ئاڵۆزە، نامەوێ وەک لەسەرەوە وتم وەک هەندێ بەناو فەیلەسوف قسە بکەم، ئەمەوێ نمونەی ڕوون بهێنمەوە، بەڵام نمونەی پرۆگرامی کۆمپیوتەر بۆ هەموو کەسێک ڕوون نیە. بەداخەوە لای من باشترین نمونە ئەوەیە چونکە ئیشەکەم ئەوەیە.

بە کورتی، بۆ ئەوەی بەهۆش بیت، پێویست ئەکا زانیاریەکی یەکجار زۆرت هەبێ دەربارەی خۆت، دەوروبەرەکەت، ڕابردوو و هەروەها هەندێ زانیاری نەگۆڕیش دەربارەی داهاتوو. تا جێگای خۆت هەم لە چوارچێوەیەکی بچوکی جوگرافی و مێژووییدا ببینیت هەم لە چوارچێوەیەکی یەکجار گەورەی جوگرافی و مێژوویدا. کە ئەڵێم جوگرافی مەبەستم فیزیاییە واتە شتانێک کە مادەن و ئەکرێ بە هەستەکانمان هەستی پێ بکەین. کە ئەڵێم مێژوویی مەبەستم کاتە کە لێرەدا ڕوونم کردۆتەوە کە ئەکرێ تەواو دروست نەبێ چونکە چەن سەد ساڵێک کۆنە ئەو ڕوونکردنەوەی جۆن لۆک.

گرنگ ئەوەیە بزانین کە مرۆڤ هەمیشە ئاوا “ئەقڵ”/هۆشی نەبوە بزانێ نوسینی ئەم چەندێڕە ئەکرێ تەنها کات بەسەر بردن بێت. شتەکە لەچاو تەمەنی 200 هەزار ساڵەی بەشەردا تەنها 30 هەزار ساڵە نیشانەکانی ئەوترێ کە پەیا بوە.

ئەمە ئەو هۆشەیە کە ویستم بە دوو پەرەگرافی کورت بیناسێنم بێ ئەوەی هیچی تر باس بکەین.