فەیسبوکە بەلاشەکەی فەیسبوک

دەمەقاڵێکە گەرم بوە.
لە دنیایەکدا کە مامۆستاکانی زانکۆ، تەنها بەشی کۆمپیوتەر کەڵکی ئەوەیان هەبوایە قسەمان لەسەر بابەتەکان کردایە ئەم بابەتەم ئەگەیاندە جێگای خۆی. بەڵام ئێمە لە کۆمەڵ++گایەکدا ئەژین کە زۆر سەختە بتوانی براکەی خۆت فێر بکەی دوو دێڕ بخوێنێتەوە. لە ڕاستیا ئەگەر شەونخونی نەکەی تاقە مناڵەکەشت هەروا.
هەڵبەت بەشەر هەمووی وایە بەڵام کۆمەڵ++گای ئێمە یەکجار وێرانە.
دەمەقاڵێکە لەسەر ئینتەرنێتی بەلاشە بۆ بەکارهێنانی فەیسبوک و چەن سایتێکی تر لەلایەن فەیسبوکەوە. ئەوەی فەیسبوک ئەیکات ئاشکرا استغلالکردنی فەقیرە. چونکە تەنها ئەهێڵێ فەیسبوک و چەن سایتێکی تر بەکار بهێنرێ کە ئەوان هەڵیان بژاردوە بۆ ئەوەی فەقیر بدۆشێت. هەڵبەت ئەبێ بڵێم قسەکانی زەکەربێرگ دوای ئەوە هات کە مارک ئەندەرسن ناوێک وتبوی سیاسەتە دژە کۆنۆلیالیزمەکانی هیندستان بە قازانجیان نەبوە، دوایی تەواو داوای لێبوردنی کرد.
جا ئەم بابەتە باسکردنی لەلای خەڵکی وەک بەڕێز فاروقی مەلا مستەفا یان نازانم خاوەنی کۆڕەک کێیە چۆڕێ سەختە. بەو تەجرەبەیەی لەگەڵ فەرمانگەی ئایتی هەمە، بەو تەجرەبەیەی لەگەڵ کەس و کار و دۆستانم هەمە، هەروا کە سێ جاری ڕەق (بە ژمارە 3) چوومە لای بەڕێز دکتۆر ڕێکەوتی وەزیری تەندروستی بۆ ئەوەی پارە نەدرێت بە سیستمی تەندروستی. بەداخەوە وەک دۆستان ئەزانن وەڵامەکە ئەوەیە کە لە کۆمپانیایەکەوە بچیتەوە لای حکومەت لانی کەم چەن ملیۆنیکی لێ بدۆشی و فریای ڤێلا کڕین کەویت.
لە دنیایەکدا کە کەسانی نزیکم، خۆیان ئەم دێڕانە ئەبینن. دا ئەنیشم بە سەعات ئامۆژگاری بەلاشیان بۆ ئەنێرم لەسەر ئەوەی چ تەکنۆلۆجیایەک بەکار بهێنن، کەچی کۆمەڵێ دەستخۆشی و عوزرخوایی و دوایش بە نیازن هەر بەو تەکنۆلۆجیا خاوەندارێتیە باسی گەورە گەورەی لیبراڵیزم و فۆرمی جیاوازی ئابووری بکرێ. ئەشی کەن!
شەرم و شتی ناوێ، لە کوردا کوا ڕەخنەگر هەیە؟ ئەوی هەیە بۆڵەبۆڵکەرێکە کە بە دوو “کاکە گیان” یان بە دوو دۆلار نەرمی ئەکەی وەک ئاو. دوو ڕۆژی پێ ناچێ لە فەیسبوک “لایک”ێکیشت بۆ ئەنێرێت و قسە لەسەر قسەکانیشت ئەکات. بەس پێی بڵێ وەرە بۆ ماڵمان، لە ماڵتان ئەکەوێ هەموو ئێوارەیەک. عورفی کوردەواریە، عەیبە!
بۆیە، بۆ ئێوەی نزیکم بزانن کە من بێدەنگم لەو ئینتەرنێتەی فەیبسوک، مەسەلەکە ئەوەیە ئینسانی ئێمە، وەک مرورەکە وتی، لە تەوقی سەریەوە خەڵەتێنراوە ئێستا من چ موخالەفەیەکی لێ‌ بگرم لای قاچیەوە؟ یان ئۆجەلان وتەنی، ئێمەش بەکاریان ئەهێنین 🙂

ئەم ناوبانگەش چی بەسەر دێ؟

کاتێ بە گومان ئەبیت لە ڕاکانت، زۆر ئارام بەخشە ببینی کەسێکی تر، لە سوچێ یان قوشبنێکی ئەم دنیایە لەگەڵ بۆچوونەکانتایە. خوێنەری بەڕێز بەندە لە دنیای تەکنۆلۆجیای زانیاری ئەلف و بایەک ئەزانم، بۆیە ئەم هەستە یەکەمجار لە کتێبەکەی iWozی ستێڤ ۆزنیاکی دروستکەری ئەپڵ، نەک ستیڤ جۆبزی بزنسمان، فێر بووم.

هەربۆیە، دڵنیام تۆی خوێنەری کورد زمانیش هەندێ ئیحساست لا دروست ئەبێ وەک تاکێکی کورد کە لەناو کوێرەوەری و جەهالەتێکدا گەورە بوویت تینووی دوو شەی کە بەدڵ و بێ هیچ مەبەستێک نوسرابێت. باشتر وایە نوسەر بۆ خۆی نوسیبێت تا بزانی ئەو بەڕاستی چۆن لەگەڵ خۆی ئەدوێ و تۆش لە پشتەوە گوێ لە قسەکانیان بگریت.

بەندە، لە دوای هاتنە دەرەوە (دەرچوون لە هەرێمی کوردستانی ئێراق) و یەکەمجار لە ماتۆڕی گەڕانەکەی یاهوو دەستم کرد بە گەڕان بەدوای زانیاری دەربارەی ڕابردووی ئەوەی ناونراوە “کورد”. ئەو زمانەی لە دایکم فێری بووم و دواتر لە زەمەقی، کۆمەڵگا قوڕاویەکەی نەسر/مجمع النصر (ماوەی ساڵێک) و دواتر لە هەڵەبجە و هەولێر تەواو دەقی گرت و ئێستا قسەی پێ ئەکەم. یەک بار قسەش خزێنرابوە مێشکم هەر لە “دڵڕەقی داگیرکەر”ەوە تا “دڕندەیی” گەلانی دەوروبەر (تورک و عەرەب و فارس) کە هیچی ئەسڵ و ئەساسی نیە.

ئاخر کە گەشتمە ئەستەنبوڵ، کۆمەڵێ کوردی قوڕ بەسەر بووین، بەندە لە سایەی مامۆستا جەمال عارفی خۆشەویست کونێکم دەستکەوتبوو تیای بژیم لە باغجلەری ئەستەنبوڵ کە نیوەی ڕاستی هەر کورد بوو. هەموو لای هەندێ بزنسمانی کوردی تر ئیشمان ئەکرد کە خەڵکی ماردین و دەوروبەری بوون. هەموو لە سایەی دەوڵەتی تورکدا سەموونی گەرم و ماست هەبوو بیخۆین و ئیش بکەین.

ئێ چۆن ئەکرێ گەلێک تۆ ببات بە قوڕدا و لەهەمان کاتیشدا ڕێگات بدات لە ئەستەنبوڵ خەریکی قاچاخچێتی بیت؟ ئەی چۆن ئەکرێ بگەیتە فەرەنسا و بەریتانیای خاوەن سایکس بیکۆ کەچی نەک تۆ هەزارەها کوردی تری وەک کایا سەری خۆیان بۆ ئەوێ هەڵگرتبێ؟ نابێت، دژیەکە.

بۆیە:

خۆزگە کەسێ ئەیتوانی لە لاپەڕەی مێژووی لایەنێکدا شتێکی بدۆزییایەتەوە کە وەڵا فڵانە ڕێکەوتن، فڵانە پلانی فڵانە داگیرکەر، داگیرنەکەر هەرکەسێک بێ، ڕۆژێ لە ڕۆژان وتبێتیان “وەڵا کورد بۆ ئەوە باشن بچەوسێنرێنەوە، ئادەی با لەناویان ببەین”. تەحەدا ئەکەم بە قڕکردنی دەرسیم، ئەنفال، کیمیاباران، شنگل/شەنگار/هەرچینەکی ناوە. تەبیعی کیمیاباران و ئەنفال پێویست بە نوسینی هیچ ماستاوچیەک ناکات چونکە خۆم و کەس و کارم تیای بووین.
ئاخر شتێ نیە و نەبوە بە ناو کورد، تا کەسێ پلانی لەناوبردنیان دانێ. ئەوەی ڕوویداوە تا ئێستا کۆمەڵێ وەحشی کوردی بوونە و پێش خەڵکی تر کەوتوون بێن و عەقدی نەوت بدزن یان خوێنی کۆمەڵێ ڕەش و ڕووت.
لە سەلاحەدینی ئەیوبیەوە، کە گەمژە نەتەوەپەرستەکان گلەییان لێی هەیە، تا ئەو ناوبانگەی پەکەکە بۆ کوردی دروست کرد لە دنیا.
هەڵبەت ئەمە، بەم زانیاری و خوێندنەوەیەی کە هەمە، پێویستی بەوە نیە دانیشتم سەرچاوەت بۆ ڕیز بکەم. بەڵام هەقە تۆی خوێنەر بزانیت کە نەک هەر ڕێکەوتنەکەی ویڵسن لە دوای جەنگی جیهانی بەڵکوو خوودی پەیماننامەی سیڤەر کۆتایی بەوە هێنابوو کوردیش وەک گەلانی تر خۆی شێت بکات و ببێتە خاوەن پەڕۆ و کۆمەڵێ شتی تر و ناوی بنێ “دەوڵەت”.
تەبیعی لای ئۆرویێڵ و ڕەسڵیش دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی تەنها خۆشەویستی دەسەڵاتە لەلایەن هەندێ کەسەوە و باقی خەڵک وەک مێگەل دوایان ئەکەون.
لە داهاتویەکی نزیکیشدا، ئەبینن چۆن کۆمەڵێ بەناو ڕۆشنبیر و بەناو سیاسەتمەدار چۆن ئەو وزەیەی لەلایەن خەڵکی وەک مەری بووکچین ەوە هاتە ناو فیکری “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک” و ئێستاش خەڵکی وەک جێرەمی کۆربینی سەرۆکی ئێستای بەرهەڵستکارانی بەریتانیا پشتیوانیان ئەکات، جارێکی تر ئەیکەینەوە بە قوڕدا. چوونکە ڕاستیەکە ئەوەیە ئێمە نەتەوەیەکی نەزانین. نەزانیش پێناسەکەی لای منداڵێکی چوار ساڵانیش ئاسانە. هەموو قوڕبەسەریەکیش بەسەر نەزان دێ، بەسەر زانا نایەت.
ئەگەر وا ئەزانی زوڵمم لێ کردوی تکایە بڕۆ هەندێ لەسەر گوێکئاڵپ بخوێنەوە و بیریشت نەچێ ژمارەیەکی زۆر لە خزمەت سەدام حوسێندا بوون و خەریک ئەنفالکردن بوون، ئەوانەش هەموو دەوری گوێکئاڵپ و زیاتریشیان بینیوە. ئەوەشی ئەمڕۆ ئەگوزەرێ لە بێ نان و ئاوی خەڵکی ئەو ناوچەیەی “کورد/نەزان” (ی لە نێوانیان دامەنێ) حوکمی ئەکات ئیتر کۆتایی بە بابەتەکە ئەهێنێت.

کوردایەتی چیە؟

کوردایەتی، بە مانا گشتیەکەی نەتەوایەتی، لە ئەڵمانیا و بەریتانیاوە سەری هەڵدا. ناچمە ناو مێژوەکەی، ئەوەی کە بێرتراند ڕەسڵ بە “شێتخانە”ی ئەوروپا ناوی ئەبات. کارم بەسەریانەوە نیە. هەموومان ئەزانین نەتەوایەتی یانی چی. بە کورتی یانی جیاکردنەوەی نەتەوەیەک لەسەر بنەمای زمانەکەی یاخود جوگرافیایەک کە لەدوای ماوەیەک یان سەردەمێکی دیاری کراوەوە (یان وردە وردە) جیاکرابێتەوە لە دەوروبەری. وە هەروەها فەرهەنگی ئۆکسفۆرد یەکێ لە پێناسەکانی نەتەوایەتی = nationalism ئەڵێ “جۆرێک لە نیشتیمانپەروەریی توند بە هێمایەکی هەستی خۆ بە گەورەتر زانین لە وڵاتانی تر”. گرنگە بزانین هەم فەرهەنگە ئینگلیزیەکان، هەم ئەڵمانیەکان چۆنی پێناسە ئەکەن. هەم لەبەر ئەوەی لەوێوە سەری هەڵدا هەم لەبەر ئەوەی لە مێژوی بەشەریەتدا، گەورەترین قەتڵ گەر بەناوی نەتەوایەتیەوە نەکرابێ، یەکێ لە گەورە قەتڵ و عامەکان بەناوی نەتەوایەتیەوە کراوە.

بەڕای من پێناسەکەی ئۆکسفۆرد پێناسەیەکە گونجاوە بۆ ئەم کورتە باسەی من لەوەی بچم نەرمی بکەمەوە و پاساوی بۆ بهێنمەوە. چونکە لە ڕاستیدا خۆی داگیرکردنی پارچە زەویەک و چەن وشەیەک لە دەمی چەن کەسێک هاتبێتە دەرەوە نە ئەتکا بە گرنگتر لە کەسی تر، نە ئەشتوانی هیچ ئالەتێکت دەستکەوێ خۆت بە باشتر لە کەسی تر دروست بکەیت. جگە لەمەش کابرای بەرامبەریش هەمان هەستی هەیە و بە هەمان چەن وشە و پارچە زەویەکی تر.

بۆیە کوردایەتی پێویستی بەوەیە لەو چوارچێوەیەدا پێناس بکرێت. کاتێک تاکێکی کورد خۆی بە باشتر لە کەسێکی تر ئەزانێ هەقی خۆیەتی، بۆچی؟ چونکە لەو کەسەی ترەوە فێربوە کە ئێستا پێی ناخۆشە ئەم هەستەکەی ئەوی هەبێت، مەبەستم ئەوەیە لە بابایەکی ئەڵمانەوە فێر بوە کە ئێستا لانی کەم وانیشان ئەدەن کە ئەو هەستەیان تێدا نەماوە. کەوابێت ناکرێ بە کابرای کورد بوترێ، نا کاکە تۆ وەک ئەوان مەبە، یاریەکە خۆی ئەوە پێناسەکەیەتی، قەراربێت یاری بکەین ئەبێ بەپێی یاساکانی یاریەکە یاری بکەین. خۆ ناکرێ بڵێین کوردایەتی واتە خۆشەویستی نەتەوەی کورد بە ناسک و نەرمی بەڵام نەتەوایەتی فڵان پێناسەکەی ئۆکسفۆردە.

کەواتە کوردایەتی چیە؟ کوردایەتی وەک عەرەبایەتی، تورکایەتی، فارسایەتی، ئینگلیزایەتی هەتا کۆتایی، ئەبێ لە ناو پێناسەکەی سەرەوەدا “کۆپی پەیست بکەی لە جێگای وشەی “خۆ” و بڵێین “جۆرێک لە نیشتیمانپەروەریی توند بە هێمایەکی هەستی ‘کوردستان’ بە گەورەتر زانین لە وڵاتانی تر“. بۆیە ناسک کردنەوەی و سەروچاو گۆڕینی تەنها دڵی خۆت خۆش ئەکات. ئەمە ڕەخنەگرتن نیە، ئەمە وەڵامی پرسیارەکەیە. کوردێک وەک هەموو کەسێکی تر وڵاتەکەی خۆی لە هەموو جێگایەکی تر خۆشتر ئەوێت.

لە ڕاستیدا ئەگەر زیاتر لەسەری بڕۆین ئەبێ ترش و خوێی تریشی پێدا بکەین. بۆ نمونە: لەبەر ئەوەی ئێمە “قڕە”ی باخڵ پڕ لە خەم و خەفەتین (قڕە لەوەی ببینە خاوەن وڵات و سیستمی ئیدارەی کوردی)، وە هەروەها لە ناو ڕۆژهەڵاتیەکانیشدا کە تەواوی ژیانمان “توند” و هیچ هێمایەکی “ناوەڕاست” یان “وەسەت”ی تیا نیە، ئەکرێ تۆزێکیش لە خەڵکی تر زیاتر وڵاتی خۆمان خۆش بوێت و بە دوای ئەسڵ و فەسڵیدا بگەڕێین. “لەبەر”ەکانی تریش ئیتر خۆی بەدوایدا دێت.

جگە لەمانەش ترش و خوێکە دەری ئەخات کەوا ئێمە لە فارس، عەرەب وە تورکیش دواکەوتووترین چونکە ئێمە تەنها مودیری دایرەکە غەدری لێ نەکردوین بەڵکوو کابرای سەرپەرشتیاریش جارێکی تر ئەوەی مودیر سەپاندویەتی ئەم زەڕبی ٢ و زیاتریشی کردوە و سەپاندوویەتیەوە بەسەرماندا. لەم کاتەدا کوردایەتیەکە ئەوەندەی تر “کاڵ/تۆخ” بۆتەوە لەبەر ئەوەی هەندێ بە ناچاری تەواو وازیان لە زمانەکە هێناوەو خۆیان داوەتە دەست تینی قایمی “شێت”ەکانی تر و هەندێکیش بە گڕەکە ئەوەنەی تر داگیرساون. لە هەموو حاڵەتێکیشدا زەڕەیەک لۆجیک نیە بۆ ئەوەی کە بۆچی ئا بەوشێوە “کوژاوینەتەوە” یان “سور داگیرساوین” چونکە خۆی “نەتەوایەتی” بە گشتی هیچ مەنتیقێکی تیا نیە و هەموو “هەستێک” وای لێکردوون خۆیان بە گەورەتر بزانن لە خەڵکی تر.

ئا لەم ڕوانگەیەوە، زۆر شتی تر ڕوون ئەبێتەوە. ئێمە تەنها نەتەوە نین کە پێشمەرگە ئەیکات و سەرۆک ئەیخوات. ئێمە تەنها خەڵک نین کە بە بازوی کۆمەڵێک کەسێک ئەناسرێت و دوایی لەناکاو ئەبێتە ڕاوێژکار/موستەشار. ئێمە تەنها نەتەوە نین کە ناوچەیەکی قات و قڕ ئەکرێت و پایتەختەکەی ڕا ئەبوێرێت. ئێمە تەنها نەتەوە نین کە کوڕی ئەریستۆکرات، جاشێک یان کۆنەدزێک فێری حەوت زمان ئەبێت و خەڵک دوای ئەکەون.

وە ئا لێرەشدایە مەبەستی نوسینی ئەم کورتە بابەتەی من بە جوانی دەر ئەکەوێت. چاندنی تۆوی کوردایەتی لەلایەن سەرۆکە کوردەکان، سەرپەرشتیارە ناوخۆییەکان تا ئەوپەڕی پێناسەکە کاری لەسەر ئەکرێت، چونکە تا خەڵک زیاتر خۆی بە کوشت بدا بۆ کورد و کوردستان ئەوان چاکتر ئەتوانن دەسەڵات لە مودیرەکە وەرگرن و خۆیان ببن بە مودیر.

تەعەداکردن لە کچی سپی پێست لەلایەن کوردانی ئینگلتەراوە

یەک بە یەکی عادەتی کورد، دانە بە دانە، زەڕە بە زەڕە، بە تایبەتی چاکەکانی، بۆ تەنەکەی خۆڵ باشە. جا گلەیی لە کەس مەکە سڵاو وەڵام ناداتەوە، لە قیتار حسابی تورێکت بۆ ناکا، یان دوو پارچە سەمونی کاڵی پێیە و پەنیر لەناوی ئەیخوات تۆش خەریکی کەباب خواردنی. لێ گەڕێ ئەو بەڕێی خۆی تۆش لەبەهەشتەکەی خۆت. زوو زوو یەکێکمان ئەڵێین “کوڕە بەخوا شت هەر لە ئینگلیز بکڕی باشە”، ئەی ئەوە نەبوو لە کرمان خێرا هەموومان جنسیەی “ئێرانی”مان وەرگرت خۆمان ڕامان کرد و چوین بۆ نوگرە سەلمان تا جنسیەی قیامەت وەرگرین؟

کە ئەڵێم باشەکانی مەبەستم ئەو شەرەف و کەرامەتەیە کە ژنی قوڕبەسەری لەسەر ئەکوژرێت. هەروا قسەی هەندێ بەناو مەلا و نوێنەری ئێوە کە حەدیسێک لە سوچی کتێبێکی کابرایەکی بەربەری نەزان ئەدۆزنەوە و بەکاری ئەهێنن گوایە “ڕێزی کچ” هەیە لای ئێمە. لەبەر ئەوەیە ئەمەوێ و لەڕاستیشدا فەرزێکی ئەخلاقیە کە هەمووتان ئەم ڕاستیە بزانن. لە ڕاپۆرتی فەرمی فەرمی پاراستنی مناڵ لە بەریتانیا هاتوە کەوا گەنجانی پاکستانی، ئەفغانی، کورد و زۆرێکی تریش لە ئینگلتەرا بە کۆمەڵ و بە تایبەتی خەریکی تەعەداکردن بوون لە کچی سپی پێستی منداڵ. ئەمە بەشێکە لەو ئابڕوو چوونەی گەنجانی ئەو ناوچەیە کە ناچارم بڵێم موسوڵمان تیایدا زیاد لە ١٠ ساڵە خەریکین.

ئەوەی ئەم ئازارە قوڵتر ئەکاتەوە لای من ئەوەیە نە بە تاک ئێوە باسی ئەکەن، نە ڕۆژنامە کۆیلەکانیشمان باسی ئەکەن، نە هیچ یەڵماز گونەیەکیش ئەتوانێ تەعبیری لێ بکات. زۆریشتان، خوشکتان، خوشکەزاتان، پورزاتان مارە کردوە لە سەرسەری و بێ شەرەفی کورد کە شێرزاد وتەنی لەوێ دەرچوون وا ئەزانن ئەورپا قەحبەخانەیە.

خاک فرۆشتن، جان جاک ڕۆسۆ

جان جاک ڕۆسۆ
ڕۆسۆ

قسە زۆرە لەسەر ئەقڵ و فەلسەفەی جان جاک ڕۆسۆ، بەڵام کارم بەوانەوە نیە. کتێبەکەی بێشکچی، ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، سەرەتاکەی ئەم پەراگرافەی جان جاک ڕۆسۆیە:

“یەکەم کەس، دوای ئەوەی پارچەیە زەوی پەرژین کرد، خستیە مێشکیەوە بڵێ ئەمە هی منە و توانی خەڵکانێکی ئەوەندە کەم ئەقڵ بدۆزێتەوە کە باوەڕی پێ بکەن وایە، ئەو کەسە دامەزرێنەری کۆمەڵگای شارستانیە. چەن تاوان، شەڕ، قەتڵ، چەنە خەم و خەفەت و تۆقاندن ئەکرا ڕووی نەدایە گەر یەکێ دارەکانی هەڵگەندایە یا چاڵەکانی پڕ کردایەتەوە و بە پیاوانی چواردەوری بوتایە: ‘ گوێ لەم زۆرزانە مەگرن. فەوتاون ئەگەر بیرتان بچێت بەری ئەم سەرزەویە هی هەمووتانە و زەوی هی کەس نیە'”. بەشیک لە کتێبی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی.

مەسەلەی موڵکایەتی، هەر لای بێشکچی بابەتی توێژینەوە نیە. پیاوانی وەک کارل مارکس تا ئەگاتەوە بە ئەفلاتون، وەک لە بابەتەکەی پێشتر بەڵێنم دابوو ئەخوێنمەوە لەسەریان، لای بێرتراند ڕەسڵ کورتەیەکی یۆتۆپیاکەی باسکراوە، لەوێدا ئەو ناهێڵێ کەس خاونی هیچ شتێک بێت. هەڵبەت لای ڕەسڵ خۆی موڵکایەتی کێشە نیە، چۆنێتی موڵکایەتیەکە کێشەکەیە.

ئەم دوو پەرەگرافە دوای بینینی ئەم کلیپەی پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح هات کە تیایدا ئەڵێ کۆمپانیای شەرق و ئەوسەت لەو جێگایەی ناونراوە کوردستان، لە ملیۆنێک مەتر زەوی سێ ملیار دۆلار قازانجی کردوە. هەڵبەت کەسیان وەک شێرکۆ بێکەس ناتوانن وەسفی ئەو خاک فرۆشیە بکەن دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی لەو مەملەکەتە دەستیان داوەتێ.

ڕەگەکانی “شێتێتی” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

نوسینی مایکڵ ڕوبن، لە ئینگلیزەوە.

کاتێ دێتە سەر هەڵسوکەوتی سەیر و بێ ئەقڵانەی سەرانی دنیا، ئەکرێ کیم جۆن ئون سەرۆکی هەموان بێت بەڵام ئەم بەهرەیە قوڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: موعەمەر قەزافی قیژ و قاوی بەلاوەبوو. وتارەکانی ناو یوئێنی سەبری پێویست بوو هەم بۆ گوێگران هەم بۆ خۆشی. حەرەسی تایبەتی ژنی لە چواردەوری خۆی کۆ ئەکردەوە و گۆڕینی جەستەشی پێشبڕکێی لەگەڵ مایکڵ جاکسن ئەکرد. کوڕەکەی قەزافی، حەنیبال کوڕی باوکی خۆی بوو، دوای ئەوەی خۆی و ژنەکەی لە ئوتێلێکی سویسرا لە دوو خادمەیان دابوو، دەستگیرکرا. ئەنجامی حەیاچوونەکەش ئەوەبوو کە قەزافی داوایکرد جیهاد دژی سویسرا دەستپێبکرێت.

قەزافی، بە دڵنیاییەوە، تەنها نەبوو. سەدام حوسێن ئەکرێ وەحشی بووبێت، بەڵام شێت نەبوو، سارد و لەسەرخۆ بوو، حساباتی ئەکرد، بێ ڕەحم بوو، بەڵام بە بەراورد بە عودەی کوڕی کابرایەکی سالم بوو. ئیستغلالکردنەکانی عودەی چاک زانراون، تەعەداکەر و بکوژ و سایکۆ بوو. کاتێ تیپی تۆپی پێی ئێراق یاریەکیان دۆڕاند، تێهەڵدانی کردن. ئەشکەنجەدان بۆ ئەو شتیکی خۆش بوو.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەوری قەزافی ئەبینێ لە تەخشان و پەخشانکردندا. کابرایەکە بێ شەرمانە گەندەڵە، بێ ڕووە و موئامەرەکەرە. لە کاتێکدا زۆر دەسەڵاتدار ئەکرێ دیکتاتۆر وە/یا دوژمنکار بن، ئەردۆغان تا دێ زیاتر شێتتر ئەبێت.

خانەوادەی پاشایەتی سعودیە بەدناوانە خۆیان جیا کردۆتەوە، بەڵام زۆرێک لە شازادەکانیان کەمترین پەرژینی قیەمن لەپشت پەردەوە. تەنها یەک شازادەی سعودی ٢١٠٠ باڵندەی کوشتوە کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە کاتێ لە گەڕان بوو لە پاکستان. لە ڕاستیا بۆخۆی سەفەر بۆ پاکستان بۆ بەسەربردنی گەشتێک شتێکی ئاقڵانە نیە. کەسانی تری خانەوادەی شا تۆمەتبارن بە شتی زۆر خراپتر.

هەتا لە کوردستانی ئێراقیش، لە کاتێکدا ئەوترێ مێرگێکی ئارامە، شێتێتیەکی یەکجار زۆری تیایە. سەرۆکی پێشوو جەلال تاڵەبانی لە ڕاستیدا پاڤێڵی کوڕە گەورەی نەفی کرد بۆ لەندەن لە ترسی هەڵسوکەوتی وا تێکچوو، وە سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بەرزانی مەسر و مەنسوری کوڕی قومار بە ناوبانگی عودەیەوە ئەکەن. خەڵک ناچێ پەلاماری خێزانێکی کێبڕکێکەر بدا لە عیادەیەکی داندا لە ڤێرجینیا، خەڵکی زۆر کەمتریش بە بزواندنی ئەوان هەڵسوکەوت ئەکەن.

کەواتە بۆچی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک تەنها بۆتە ناوچەیەک بۆ دیکتاتۆر، بەڵکە ناوچەیەکی شێت؟ لەژێر سەدام حوسێندا نوکتەیەک هەبوو لەسەر ماستاوچێتی و هەڵەنەکردنی سەرۆکدا: گوایە طارق عەزیز قسەی کردبوو لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە تیایدا ڕۆژنامەنوسێ پرسیار ئەکات و ئەڵێ ئایا فیل ئەفڕێ. وەڵامی ئەداتەوە ئەڵێ “بەدڵنیاییەوە نەخێر”، ئەنجا ڕۆژنامەنوسیکی تر ئاگاداری ئەکاتەوە کەوا سەدام حوسێن وتویەتی فیل ئەفڕێت. بەبێ ئەوەی خۆی تێک بدا، طارق عەزیز ئەڵێ، “بەڵێ ئەفڕێ بەڵام بەخاوی”. لە وەزعێکی ئاوادا، ئەردۆغان بوە بەجێگرەوەی سەدام وەک مامۆستای فڕینی فیل، هیچ ڕۆژنامەنوسێ بە سوڵتان ناڵێ جلی لەبەردا نیە [نمونەی ئیمپراتۆرەکەی مەبەستە نوسەر لێرە بخوێنەوە] نیە چونکە ئەکرێ ڕۆژنامەکەی داخرێ و خێزانەکەی بگیرێت.

هۆکاری دیکەش هەن، بە تایبەتی کاتێ دێینە سەر باسی مناڵەکانیان. ئەو وڵاتانە چەندە سەرۆکەکانیان بانگەشەی کرانەوە و دیموکراتیەتیان بۆ بکرێ، خێزان هێشتا تیایاندا گەورەیە. کاربەدەستان ماستاوچی لەدەوری خۆیان کۆ ئەکەنەوە کە سوێند بۆ هەموو جوڵەیەکیان ئەخۆن.

ئەگەر قەزافی، بەرزانی، سعودی لەسەر خەتەکەت بن پێویست ناکا هەرگیز داوای لێبوردن بکەیت.

دوو جۆر سەرۆک هەبوون، دابڕاو لەیەکتر، یەکێکیان سەرۆکی وڵات و کۆمەڵگا و ئەویتر هی خێزان. وڵات تەنها جێگای یاریکردنە و خراپترین زوڵم ئەکرێ بە پارە داپۆشرێت. پارە، هێز، وە ناوبانگ کاتێ تێکەڵ ئەکرێن ئەبێت ئاوێتەیەکی ناجێگیر.

سەرۆکی وەک قەزافی و بەرزانی ئەکرێ خۆیان بە بیرمەندی گەورە بزانن یا کاربەدەست، بەڵام ئەکرێ باوکێکی بێهێز بن، ڕێگا بدەن مناڵەکانیان گەورەببن لە ناو خزمەتکارانێکدا کە هەموو پێداویستیەکیان بۆ دابین ئەکەن، هەروەها ڕێزگرتن لە سەرۆکەکە تێکەڵ ئەکەن بە گوێڕایەڵی تەواو بۆ مناڵەکەی. سنورەکان لەخۆوە و کورتخایەن و لەڕووی ئەخلاقیەوە ئیختیارین.

هیچ یاسایەکی خێرا و زبر نیە، وە تاکیش بە دڵنیاییەوە گرنگە لایان. قوسەی ئەکرێ خراپ بووبێ، بەڵام وەک عودەی نەبوو، قوباد وەک پاڤێڵ نیە، هەموو شازادەیەکی سعودیش سایکۆ نیە، بە دەرزەن تیایاندا کەوا تەنها و تەنها دراوە بەدەمیانەوە.

لەهەموی خراپ و خراپتر ئەوەیە کەوا موعتادی هۆڵیوود بوون. کیم جۆنگ ئون، بۆ نمونە، بەناوبانگە بە ئالوودەبوون بە هۆڵیودەوە. خانمی یەکەم ئەسما ئەسەد دەمەتەقەیان بوو لەگەڵ برات پیت و ئەنجلینجا جولی. شا عەبدوڵای دوەمی ئەردەن بەڵێ ناچێتە ناو هەمان قاڵبەوە، بەڵام دیکتاتۆرە – وە خراپ حەزی لە ستار ترێکە. بۆی هەیە، کەواتە، لێکچوونێک هەیە لەنێوان ئەو شێتبوونەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە لەگەڵ مناڵانی هۆڵیوود. کە بەناوبانگ بوویت و چواردەورت بە ماستاوچی گیرابێت سەری لە زۆر ئەستێرەی مناڵ شێواندوە بەڵام نەک هەموو. بۆ هەموو لیندزی لۆهانێک [دوای سێ مانگ لە چاک بوونەوە لە ئالوودەبوون دیستان ئەخواتەوە لە هەواڵەکەدا] مایم بیالیکێک [ئەکتەر لە هەمانکاتدا نوسەر و توێژەرەوە لە بواری زانستی دەماردا] هەیە، بۆ هەموو ماکۆڵی کوڵکینێ هەمیشە ڕۆن هاواردێ هەیە. کەلتور، پەروەردە، وە بەها گرنگە.

کەوابێ چەندە تراژیدیە کە لەودیو شەڕ، تیرۆریزم و ئەگەری داڕووخانی ئابوریەوە، ئەو هەموو ماستاوچێتیە، گەندەڵی، وە حەسانەی یاسایی وایکردوە زۆرێک لە سەرۆکەکانی ئێستا و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون بە ئەکتەرەکانی فیلمی دیفرێنت سترۆکس [هێڵی جیاواز کە سێ ئەکتەری منداڵی هۆڵیود ڕۆڵیان تێدا بینی، گەورەبوون هەرسێکیان تاوانکار دەرچوون].

تێبینی: ناو کەوانە چوارگۆشەکان [] زیادکراوی وەرگێڕانە

کورد لە کوێوە هاتوون؟

وێنەی پەڕەی 9 کتێبی “کوردەکان: خەڵکێ کە بەدوای وڵاتی خۆیاندا ئەگەڕێن” کێڤین مەککیران ناوێ نوسیوەتی چاپ 2006
وێنەی پەڕەی 9 کتێبی “کوردەکان: خەڵکێ کە بەدوای وڵاتی خۆیاندا ئەگەڕێن” کێڤین مەککیران ناوێ نوسیوەتی چاپ 2006

لە خۆڵەوە وەک ئەو خەڵکە

ئەوە پرسیار نیە. ئەگەر خەڵکی تر وەڵامی ئەو پرسیارەی لابێت، ئەوا تەنها سەرابێکە بۆخۆی دروست کردوە و دوایش بەدیوار شاردویەتیەوە لە خەڵکانی تر تا بۆخۆت دڵت لەخۆت دابمێنێ و دانیشی خۆت بە بچوکی خەڵک بزانیت. چۆن جان جاک ڕۆسۆ لە کتێبی “ئاخاوتن لەسەر نایەکسانی” دا باسی یەکەم بێ ئەقڵی مرۆڤ ئەکات کە پارچە زەویەکی داگیرکرد و وتی ئەمە هی منە، بەڕای بەندە، نەتەوەش هەروایە سەرەتاکەی. چونکە ژیان هیچ نیە شەڕی مانەوە نەبێت، ئەوی بەهێزترە بێهێزەکان بەکار ئەهێنێ بۆ خۆشگوزەرانی و تەمەنێکی درێژتر. ئەوەی بیردۆزە جیۆلۆجیەکان دیراسە بکات، هەتا ئەگەر ئەوانەش باوەڕیان بە چیرۆکە ئاسمانیەکان هەیە، نابێ بتوانن خاڵی سەرەتای نەتەوەیەک دیاری بکەن. قورئان ڕوونە لەم بارەیەوە، کتێبەکانی تر شارەزایان نیم.

لە ویکیپیدیا و جێگای تر، بەزمێکی یەکجار گەورە هەیە لەسەر ئەوەی کە کورد “بناغەیان تێکەڵە” (کتێبەکەی کێڤین مەککیران ٢٠٠٦) و “بنەچەیان نەزانراوە” و وەک بڵێی ئەگەر بپرسین ئەی “فارس” لەکوێوە هاتوون، یەکێ پێت ئەڵێ ساڵی ٢٢٠٠٠ ساڵ پێش زاین یەکێ لە دایناسورێ لەدایک بوو بە ناوی کورش. ئەمە گەمژەییە. دەنا چۆن ئەکرێ مرۆڤ ئەگەر لە ئادەمەوە هاتبێ یان بەپرۆسە خاوەکەی “بازدان”ی لای داروین، پێش ئەوەی زمان بگرێ، پێش ئەوەی ڕۆتینی ڕۆژانەی بۆ دروست بێ و بۆی ببێ بە عادەت، ناوی نەتەوە لە خۆی بنێ؟

ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە کە نەتەوە گرێدراوی زمانە، ناچم سەرچاوەت بۆ کۆ بکەمەوە بەڵام بۆخۆی ئەستەمە بتوانی نەتەوەیەک (جا پێناسەی نەتەوەش بۆخۆی فەرامۆش ئەکەین) بدۆزیەوە کە ناویان یەکجار جیاواز بێ لە ناوی زمانەکەیان. با بەڵگەی “ئاخاوتن”ەکەی بێرتراند ڕەسڵ جارێ هەڵگرین، هەتا ئەگەر بەڵگەی ناوی زمان چی بوو ناوی نەتەوەش ئەوەیە، سادەش بێ هێشتا گریمانەکە دروستە کە زمان گرێدراوی نەتەوەیە. کەوابێ ناکرێ نەتەوەیەک دروست بووبێ پێش ئەوەی زمانەکەی لەدایک بووبێت.

بۆیە گرنگتر وشەی “نەتەوە” خۆیەتی، ناچم سەیری کوردی بکەم، لام گرنگ نیە لەڕاستیدا، ئەچمە لای ئینگلیزی کە ئەگەر ئەوان پێش فەرەنسیەکان نەکەوتبن لە دروستکردنی “دەوڵەتی نەتەوە”دا ئەوا دوەمن. وشەی “نەیشن” ئەم پیاوە ئەڵێ لە “ناتەس سەم”ی لاتینیەوە هاتوە بەمانای “من لەدایک بووم”. پێشتریش خۆی ئەڵێ کەوا “وشە/کەلیمە” وەک “عانە”/پارەی ئاسن وایە نرخی ئەگۆڕێت. ئەمە هەمان قسەیە کە بێرتراند ڕەسڵ لە کتێبی شیکاری ئەقڵدا لە بەشی زماندا باسی ئەکات. لەوێدا گرنگتر لە وێکچواندنەکەی وشە بە عانە، بێرتراند ڕەسڵ ئەڵێ وشە/زمان کاریگەری لەسەر بیکردنەوەش هەیە (شیکاری ئەقڵ پەڕەی ١٩١ چاپی ١٩٢٢)، ئاشکراشە کە لای پیاوێکی وەک ڕەسڵ، ئەو لایەنەی گرنگترە تا لایەنە زمانەوانی و ڕێزمانیەکانی.

ئەنجا، گەر تەماشای مێژوی نەتەوە و نەتەوایەتی بکەین، هەتا زمانیش زۆر بڕوات چەن هەزار ساڵێک ئەڕوات، (شیکاری ئەقڵ پەڕەی ١٩٠ چاپی ١٩٢٢)، لەوێ ئەو ئەڵێ کە ناکرێ دەوڵەت (لە بابەتەکەی ئێمەشدا نەتەوە، جا هەر مانایەکی هەبێت) دروست بووبێ بێ ئەوەی زمانێ هەبێ کە خەڵک پێکەوە قسەی پێ بکەن، ئەمە ناو ئەنێم بەڵگەی “ئاخاوتن”. دەی مێژووی جیۆلۆجی بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی بۆ نمونە ئەوەی بە نیاندەرتاڵ ناسراوە ئەڕوات تا ٢٠٠ هەزار ساڵ. وە بوونی ژیان ئەڕوات بۆ ملیۆنەها ساڵ لەسەر زەوی. ئیتر چۆن کوڕێک لەدایک بوو نەتەوەی فارسی دروست کرد؟ یەتەوە سەر مریشک و هێلکەکە. کەسێکیش لای وابێ شتێکی وا ڕوویداوە، ئەوا چیرۆکی بەر ئاگردانی خواپێداوەکانە. خەڵەتاندنی ئەقڵ بچووکیش لەوەتەی مرۆڤ هەیە جۆرێکە لە هەڵسوکەوتی ئاژەڵ لەگەڵ ئەویتر کە لە گیاندارانی دەوروبەریشماندا هەر ماوە.

پرسیارە دروستەکان بۆ ڕابردوو ئەمانەن: کورد کەی خۆیان جیاکردەوە؟ یا چۆن جیا بوونەوە؟ ئایا جیاکراینەوە؟ وشەکە لە کوێوە هاتوە؟ شەرەفنامە چی تێدایە؟ لەڕاستیدا هەموو “ئێستا”یەک بۆخۆی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی لە ڕابردوودا خەریکی چی بووین و داهاتووش بەرەو کوێمان ئەبات. بۆیە زۆرێک لە وەڵامەکان لە ئیستادا دەستمان ئەکەوێت. جگە لەوەش ئەبێ پێش هەموو شتێ لەخۆت ببپرسی ئایا سودی ئەم پرسیارە چیە؟ بۆچیمە؟ چیم فێر ئەکات؟ سوکە زانیاریەکی من لەسەر کۆکردنەوەی داتای جیۆلۆجی هەروا داتای تەندروستیش پێم ئەڵێ کەوا هەندێ جار داتا زۆر بەسەختی بەڕێکی بەردەست ئەکەون، زۆربەی کات پڕیەتی لە نەزانراو و خانەی بەتاڵ. بۆیە ئەکرێ ئەم جۆرە پرسیارانەش، نەک پرسیارەکەی سەردێڕی ئەم بابەتە، وەڵامەکانیان لەسەختیدا دەست نەکەون نەک لە ناژیربێژێتیدا.

لەمێژە مێشکی من و هەزارەهای وەک من بە پرسیاری “ئێمە لە کویوە هاتوین” سەغڵەت کراوە، ئاخر خۆی پرسیارەکەش بەڵگەی ژێردەستەیی/ژێردەستەکراوی ئێمەی کوردە بۆیە گرنگە باسی بکەم. ئەوەندەی لەسەر زمانمان ئاسانە بڵێین “کورد قوڕبەسەرە” ئەوەندە لامان ئاسان نیە بڵێین دەی خۆ من و بابای ئەڵمان چیمان فەرقە؟ ئیتر کاتی ئەوە بەسەر چوە دانیشی بزانی ١٠ باپیرە گەورەت خادمی کام مزگەوت بووە یان سەردار و سوپاسالاری کامە سوپا بوە. پرسیارەکە ئەبێ لە چوارچێوەیەکی ژیرانەتردا بکرێ، بۆ نمونە بۆچیتە بزانی لە کوێوە هاتوی، هەتا ئەگەر بناغەش هەبێت، سودی چیە؟ یان تا کەی ئەم پرسیارە ئەکەی لە خۆت و لە ئێمەش؟ بۆیە ئەبێ پرسیارێ بکەین زانیاریەکمان بداتێ بەکاری بهێنین. بۆ نمونە: چ تایبەتمەندێتیەکی خانەقین لەگەڵ ماردین یەک ئەگرێتەوە؟ ئەی سنە و قامیشلی/قامیشلۆ چیان وەک یەکە؟ بۆ ئەمەش زانستی مرۆڤناسی (ئەنسرۆپۆلۆجیا) کە پیاوی وەک بێشکچی کاریان تێدا کردوە ئەبێ بەکاربێت. ئیتر ئەگەر ئۆجەلان بەڵگەی لابێ کە حەزرەتی ئیبراهیم لە ئورفا/ڕەحا لەدایک بووبێ چی لێ بکەم کاتێ ئەبینم هیچ نەبێ ٨٠٠ ساڵە یەک شاکارمان نیە لە بنێشت کردنەوە تا تەکنۆلۆجیای زانیاری.

ئەگەر هەر قایلیش نەبووی بەوانە، بەخۆت بڵێ باشە من کوڕی کابرایەکی فەقیرم و هیچ ئەسڵ و فەسڵێکم نیە یان ئەسڵم جنۆکەیە. دەی ئیتر ئەبێ تەواو بڕۆم کەناسی بکەم و بڕایەوە؟ یان ئەوەی ئەسڵزادەیە یەکسەر خۆبەخۆ بۆ کاری باش و جێگای باش؟ نەخێر بێ گومان. کەوابێ وەک نەتەوەش هەتا ئەگەر کوڕ/کچی جنۆکەش بین ئێ خۆ ئەبێ لە جێگایەکەوە دەست پێ بکەین. چونکە لە ئێستادا ئێمە کۆمەڵە مرۆڤێکین و ناسراوین بە وشەی “ک و ر د” کە شایانی دیراسەکردنە. ئاوا ئەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هەمان پرسیار بۆ هەموو نەتەوەیەکی تریش هەمان وەڵامی هەیە و ئەبێ پرسیاری تر بکەین نەک ئەوەی سەرەوە. بۆ نمونە:

ئێمە بۆچی وا دواکەوتوین؟

(شتێکم لەسەر نوسیوە جارێ بڵاوی ناکەمەوە)

بزانە ١٩٢٠ەکان چ پلانێک هەبوە بۆ دەوڵەتانی ئیسلامی

کوردستان هیچ دەوڵەتێکی قەبوڵ نیە دەوڵەتی سوڵتان نەبێت
بەشێ لە یەکێ لە وتارەکانی ناو بابەتەکە

تەبیعی کوردستانەکەی جەنابیشمان

جا بزانە چەنیشی ٪١٠٠ هاتۆتە جێبەجێکردن، دیسان “کوردستان”ەکەی تۆ، مولحەقی سوڵتانە، گلەیی لە کەس مەکە، لە ناخی ناخی ناخی ناخی …تا ئەگەیتە ناو مایتۆکۆندریاکانت، خۆت نەبێت. دیارە ئەو ساڵانە گۆڤارێک هەبوە بە ناوی گۆڤاری “جیهانی ئیسلامی” ئەمەش بەشێکە لەو نوسراوانە. یەکەم نوسراو هەندێ شت باس ئەکات بەڕاستی جێگای تێڕامانە. ناتوانم پی دی ئێفەکە دانێم خۆت لە گوگڵ بگەڕێ لەبەر مافی پاراستن.

لە بابەتەکەدا تەنها یەکجار ناوی کوردستانە شەقۆلەکەی ئێمە هاتوە، ئەویش ئێژێ: کوردستان هیچ دەوڵەتێکی قەبوڵ نیە دەوڵەتی سوڵتان نەبێت

تێبینی: گوگڵ سکۆلار بکەرەوە، ساڵەکانی بکە بە ١٩٢٠ بۆ ١٩٣٠ و بنوسە Kurdistan

حەقیقەت لای بەختیار عەلی چیە؟

وەڵام: پێمان ناڵێت

کاکە بەختیار عەلی ئەکرێ تەنها کوردێک بێت کە زۆرێک هەم ئیلهامی پێداوم، هەم زۆرێک هەڵەی ئیحساسی بۆ ڕاست کردومەتەوە. تا ئێستاش سەرچاوەیەکی ئیلهام بەخش و پڕ فێربوونە بۆم. دوا بابەتی کە بەداخەوە لە باس نیوز بڵاوی ئەکاتەوە لە زنجیرەی تێبینیەکان، لەسەر حەقیقەتە لای نیتشە. بەندە یەک وشە لای نیتشە فێر نەبووم جارێ. ئەمەم بۆ هات دوای خوێندنەوەی وتارەکە و بەشی دوای ئەوەش کە لە خۆم بپرسم ئەرێ حاڵی بویت؟ وەڵامەکەشی ئەوەیە کە نەخێر حاڵی نەبووم. بۆیە وردم کردەوە، خەریک بوو ئەم چەن خاڵە بینێرم بۆ باس نیوز باش بوو نەمنارد. بۆیە لێرە دای ئەنێم تا بە دڵی خۆت کاتی پێوە بکوژیت.

١. زمان: کاکە بەختیار ئاگاداری وەڵامەکانتم لەسەر ڕەخنە لە بەکارهێنانی زمان. بەڵام خێرە دیسان وشەی حەقیقەت هەڵ ئەبژێری نەک “ڕاستی” یان جیاوازن؟ یان ئەمجارە پەنا نابەیتە بەر لاتینی بە لەفزی ئەڵمانی و ئەچیتە لای عەرەبی؟ باشە ناکرێ پێناسەیەکی فەرهەنگیانەمان بدەیە پێش ئەوەی بچیتە ناو بابەتە فەلسەفیەکەوە؟ زۆر سەختە بزانین مەبەستت لە “حەقیقەت” چیە؟ یان هەر ئەمان بەی بۆ پیاسەی ئێواران؟ یان بەڕاستی مەبەستتە کەلیمەکە بقەڵەوێنی؟

٢. بابەتەکەت، حەقیقەت: چ ڕاستی یان حەقیقەت، چیە وا “تا لە کۆیلەگەرایی بۆ مەبەست و ئامانج بیانپارێزم” کەچی خەریکە ئەمان کەی بە “کۆیلە”ی شتێک کە “لێرەوەیە کە حەقیقەت لە خواست و قازانج و نیازی ئێمە جیانابێتەوە، توند بە غەریزەکانمانەوە بەستراوە، نەوەک بە عەقڵمانەوە”. جەنابت باش ئەزانی کە غەریزەکانمان تەنها بەشێکی مرۆڤن کە ئەمان کاتەوە بە ئاژەڵ کە زۆربەمان خۆمانی لێ بەدوور ئەگرین، یان وامان پێ چاکە. ئیتر بۆچی حەقیقەت ئەبێ لە “خواست” و “قازانج” و “نیاز”ی ئێمە جیا نەبێتەوە کە هیچیان بە غەریزەوە نەبەستراون مەگەر تۆ چەسپی فەوری بۆ پەیا بکەی. یان هەرسێ وشەکە + غەریزە بە دڵی خۆت پێناسە ئەکەیت؟

٣. وتارەکەت، زانست: لە نیتشەوە بۆ لای زەردەشت، وام لێ ئەکا لە کاکە بەختیار بپرسم جار و بارە بۆ زانست یەکسان ئەکا بە زانستی تاقیکراوە و هەرچی پەیوەندی بە نا مەتریالەوە هەبێ ئەیکا بە “موڵک”ی فەلسەفە. ئایا بیرکاری زانست نیە؟ ئەگەر زانستیشە ئایا ماتریالیە؟ چونکە چاک ئاگادارم لە بابەتێکی تریش سەر و گوێلاکی زانستت خوێناوی کرد بەبێ پێناسەکردنی وشەکە. ئەگەر زانستیش ئەنوسی ئەو تێکەڵکردنە (٣) لە پای چی؟

٤. ماڵئاوایی بە نوسین: زۆر بەداخەوەی کە لە کۆتاییدا کاتی ماڵ ئاواییە لە جەنابت. هۆکارەکەشی خاڵەکانی سەرەوە نیە، بەڵکو بڵاوکردنەوەی نوسینەکانتە لە باس نیوز. تۆ بەردەوامبە لەوەی لە باس نیوز بنوسی منیش تا ئەوکاتە یەک وشەی تر لەو دۆمەینە ناخوێنمەوە کە خزمەت بە پارتی دیموکراتی کوردستان بکات. نەبا پارتی حەقیقەتی لە تۆش شاردبێتەوە ئەو حیزبەیە کە خزمەت بە یەک بنەماڵە ئەکات کە بنەماڵەی بارزانیەکانە. ئەوەش هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ حیزبی بەعس کە خزمەتی بەعسیەکانی ئەکرد، ئەکرێ بازنەکەی بەعس فراوانتریش بووبێت، چەوساندنەوەش بەهەموو کەسێک ناکرێت. ئیتر حەقیقەتی چیمان پێ ئەفرۆشیت؟ ئەتەوێ لەبەرگێکی زەردا بەدوای حەقیقەتی سەوز یان مۆر بگەڕێین؟ هەموو شتێکیان فرۆشت تۆش “پسپۆڕ”ی فرۆشتنی حەقیقەتی بۆیان؟ ئەگەر بەخۆڕایش لەوێ بڵاوی ئەکەیتەوە سایت و دیزاین و هەموو شتیکی لەسەر من تا 10 ساڵی داهاتوو لای ئەوان مەنوسە.

دوا قسەش بۆ خوێنەر، کام ڕاستی باس ئەکەین قوربان؟ ڕاستی قازانج یان ڕاستی دەرەوەی قازانج؟

ویکیپیدیا چیە؟

fibreOptic
بابەتی فایبەر ئۆپتیک لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی گەیاندن، بەرامبەر بابەتەکەی ویکیپیدیا

ویکیپیدیا، ئەو پرۆژەیەی کە زۆرێک ڕای خۆیان هەیە لەسەری. بەڵام ویکی سۆرانی ڕێک کەوتوون لەسەر ئەم پێناسەیە:

زانستنامەیەکی سەر تۆڕی ئینتەرنێتە و بە شێوازی ئازاد بڵاو دەبێتەوە. وتارەکان لە لایەن بەکارھێنەرانی خۆبەخشەوە پێکدێن، ھەربۆیە ھەموو کەس لە سەر تۆڕی جیھانی بۆی ھەیە دەستکاری بکات.

بە نوسینەکەدا دیارە مامۆستایەکی زانکۆ نەینوسیوە، بەڵام ئایا زانست لای کێیە؟ لای کەسێکە بۆ مەعاش بچێ بۆ دەوام یان بۆ زانست بچێ بۆ دەوام؟ ئەوەیان کاری ئەم بابەتە نیە. ئەوەی لەوێ نەنوسراوە و ئەمڕۆ لە ویکی ئینگلیزی نوسراوە ئەوەیە کەوا ویکیپیدیای ئینگلیزی حەوتەم بەناوبانگرتین ماڵپەڕی دنیایە.

لێرە پێم خۆشە چەن خاڵێک بنوسم تا ویکیپیدیا بناسێنم بەڵام بەجێی دێڵم بۆ ویکیپیدیا خۆی خۆی بناسێنێت:

یەکەم: ویکیپیدیا یاسای توند و تۆڵی هەیە بۆ ڕەتکردنەوەی ڕای نوسەر و داوا ئەکات بە سەرچاوە زانیاریەکان بنوسرێت

دوەم: لەبەر ئەوەی ملیۆنان کەس، خوێندەوار تا نەخوێندەوار، تیایدا ئەنوسن، ئەستەمە دامەزراوەیەکی وەک دروستکەرانی پێشووی موسوعە، زانستنامەی وەک “بریتانیکا” بتوانن پێشی بدەنەوە. وە لەڕاستیدا بابەتەکانی ویکیپیدا بوونەتە سەرچاوەی زۆرێک توێژینەوەی زانستی.

سێیەم: هەموو ئەزانین هەڵەی تێدایە، کەس لاری لەوە نیە، بەڵام هەموو ئەزانین کە کەسانێکی خۆبەخش ئەینوسن، بۆیە کەمتر بواری ئەوە هەیە کە زانیاری هەڵە بڵاوکرێتەوە.

چوارەم: بەڕای بەندە زانستنامە بۆ دەوڵەتانی پێشکەوتوو کەمتر سودی هەیە تا دواکەوتووەکان، چونکە پێشکەوتووەکان خۆیان سەرچاوە زانستیەکانیان هەیە بەڵام دواکەوتووەکانی وەک ئێمە ئەکرێ سودێکی یەکجار زۆری لێ ببینین چونکە هەم بەردەستە و هەم خۆڕاییە.

پێنجەم: ئەوەی زۆرێک بە بێهێزی ئەبینن، ئەگەر بە هۆشیاری بەکاربێت، بەهێزی ویکیپیدیایە. بۆ نمونە ئەگەر بتەوێ بزانی ئەتاتورک چ پیاوێک بوە ناچی بە تورکی بیخوێنیتەوە، بەڵکوو ئەچی سەردانی یۆنانیەکان یان کوردەکان ئەکەیت تا بزانی چ ڕەخنەیەکیان کۆکردۆتەوە لەسەری.

شەشەم: خودی نوسەرانی ویکیپیدیا لەیەکتر فێر ئەبن. کاتێ دا ئەنیشیت لەسەر بابەتێک بنوسیت، ناچی خێرا ئەوەی لە مێشکتە هەڵی بڕژی، چونکە ئەزانی کەسانی تر دێن و داوای سەرچاوەت لێ ئەکەن. یاساکانیش ئاشکران کە سەرچاوە نابێ هەندێ جێگای سەرپێیی بێت و پێویستت بەوە ئەبێت بڕۆی سەردانی بڵاوکراوە زانستیەکان بکەیت تا ڕاکەی خۆت پشتڕاست بکەیتەوە.

وە زۆر خاڵی تر. بەڵام ئەوەی لێرەدا سەرنجی ڕاکێشم ئەم بڵاگە بابەتەی لەسەر بنوسم ئەوەبوو کەوا ویکیپیدیا پرۆژەیەکە یەکەم لایەن دەوڵەتە سودی لێ ببینێت. نەک وەک وەزارەتێکی هەرێم بابەتەکەش ببات و دەستکاریەکیشی نەکات نەک هەر سەرچاوەکەشی دانەنێت. وە ئەو بناغەیەی بۆ ویکی سۆرانی دانراوە، بەڕاستی ئەکرێ سودی لێ ببینرێت.

ڕۆژێک لە ڕۆژانیش ئەبێ دەستخۆشی و خەڵات بدرێ بەوانەی شەونخونی ئەکەن تا وەزارەتەکانی حکومەتیش سودی لێ ببینن.