پیاو ئەبێ سنوری خۆی بزانێت

ئەو سەردێڕە لە یەکێک لە فلیمەکانی کلینت ئیستودا هاتوە و من لە بواری پرۆگرامنوسیندا بیستومە. باشترین ئامۆژگاریە بۆ کەسێک بیەوێ دەست بداتە پرۆژەیەک و خەوی گەورە ببینێت. ئەبێ ئاگاداری ئەوە بیت کە سنوری تواناکانت لە کوێدان بۆ ئەوەی ئەگەر پێویستت بە هێزی زیاتر هەبوو وا نەزانی لای خۆت دەست ئەکەوێت و بڕۆی بەدوای هێزی زیاتردا بگەڕێیت. ئیتر خوێنەر دڵنیام بە شێوازی تر تێی ئەگات و بەسەر خەڵکی تریشدا ئەی سەپێنێت.

لێرە ئەو سەردێڕە بەکار ئەهێنم بۆ ئەوەی خوێنەواری کورد ئاگادار بن کەوا تواناکانیان لە ئاست ئەو هەموو خۆفوتێکردنەدا نیە و ئەگەر بڕیارە کارێکی گەورە ئەنجام بدەن، پێویست ئەکات سنوری تواناکانی خۆمان بزانین. پێشتریش، کە بڕیار بوو لەسەری بنوسم لێرە، کتێبی ڕۆژهەڵات ناسێکم چاو لێکرد بەناوی ساوسگەیت کە سەردانی ناوچە کوردەکانی نزیک بیتلیس و ئەوەی بە کوردستانی باکور ناسراوە کردوە لە ١٨٤٠دا و نوسیبوم کە ئێمە بەڕاستی ئەوە مێژوەکەمانە نەک سرودی ئەی ڕەقیب و قسەی دڵدار و کەسانی نەتەوەپەرست و بەحەماسی تر.

ئەمڕۆ چاوم کەوت بە فلیمێکی بێدەنگی ساڵی ١٩٢٦ کە ئەرمەنیەکان دەریان کردوە لەسەر “چاند”ی کورد. گەر باوکی هەر کەسێکمان تا ١٩٦٠یش لەدایک بوبێ ئەم فیلمە ژیانی باپیرانی هەموومانە، واتە ئەوەندە کۆن نیە کە لە وێنەکانیدا وا هەست ئەکەین، بەڕاستیش ئەو خانوانە نیشان ئەدات کەوا ساوسگەیت لە کتێبەکەیدا باسی کردوە. هەڵبەت ڕووت و قوتی مناڵەکان نیشان نادات، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ساوسگەتی ٨٠ ساڵ بەر لە فیلمەکە سەردانی ناوچە کوردەکانی کردوە. تەمەنی باشیان هەبێ لەوانەیە باوکی هەندێکیشی تێدا بێت.

ئەوەی لە تەماشاکردنی ئەم فیلمە و لە کتێبەکەی ساوسگەیت تێبین ئەکەم:


١. بە چ ڕوویەک بەناو خوێندەواری ئێمە خۆمان ئەکەین بە خاوەن زانستی یۆنان، بابل، سۆمەر یان هەر شارستانیەتێکی تر کە وەک لە فلیمەکە ئەیبینی لەگەڵ بزندا نەخەوتبن؟ یان وەک نوسەر نوسیبوی چاڵێکیان نەکردبێ بە خانوو و چاڵێکی تریش لەناویدا ئاگریان تیا کردبێتەوە. ماڵی کورد ئێستاش، بەرد و چیمەنتۆ، ١٠٠٪ پێچەوانەی ئاو و هەوا دروست ئەکرێت. بزنی داماو هەناسە نادا ئەخورێت، بەڵام ماڵەکانمان زیاتر لە حەشارگەی سەربازی ئەچێت تا باسی فێنکی یان هەر چۆڕە ئەقڵێکی تر. لە چاو دروستکردنی پارچەی کۆمپیوتەردا ئەم دەقەیە ژیانی نەک کورد دەیان وڵاتی تریش وەک ئەوەیە لەگەڵ بزندا بخەویت.


٢. ئەم خۆفشکردنەوە و تەمبەڵیەی خوێندەواری کورد و زۆر نەتەوەی تر کە هەموو شتێک ئەکەن بە خەتای ئینگلیز یان خەتای کەسێکی تر، بە چ ڕوویەک ئەم دیمەنانە ئەبینن و هەر سورن لەسەر ئەوەی کورد خۆیان دز، پیاوکوژ و ماستاوچی نین؟ هەر بۆیە ئەم دوو خێڵە دز، پیاوکوژ و ماستاوچیە بوونەتە دەمڕاستیان.


٣. ئەم خاڵە مەبەستمە: کورد ئەم دەقەیە ئەبێ چاوەڕێ بێت جارێکی تر مێشک پوچی وەک تالیبان داگیری بکات و لەدوای ٢٠٢٥یشەوە زەحمەتە بتوانێ نەوت بفرۆشێت یان جاشایەتی سودی هەبێت. بۆچی؟ چونکە ئەوە ڕابردووت بێ ئەمەش ئێستات بێت ئەبێت سنوری خۆت بزانیت. گۆڕانکاریەکانی تەکنۆلۆجیاش لە چەن سەد ساڵی ڕابردوودا وای کردوە چۆن لە ڕابردوودا خاوەن زەوی ئەیتوانی جوتیار برسی بکات، ئێستا جوتیاری زیرەک (ڕۆژاواییەکان) لە دورەوە چاوەڕێن پارەیان بدەیتێ بێن زەویەکەت بۆ بکێڵن. بۆیە قەتەر ڕێکەوتنی چەندین ساڵی ئیمزا ئەکات لەگەڵ سوپای بەریتانی کە لە وڵاتەکەیان دەر نەچن.


بۆ زانیاری بێسودیش، ئەمە وای کرد بخوێنمەوە کەوا یەک لە کۆنترین فلیمی جوڵاو لە لیدس لە ١٨٨٨ تۆمارکراوە لەلایەن کابرایەکی فەرەنسییەوە.

بابەتی “زارێ” لە ویکی سۆرانی.

مەرجەکانی دنیا تازەکەی فەتحوڵا گولەن چین؟

ئەم نوسراوە پێنج مانگ دوای نوسینی بڵاوکراوەتەوە (بڵاو نەکرایەوە تا ٢-١٢-٢٠١٩).

ماوەیەکی زۆرە لەسەر تایبەتمەندێتیەکانی بزوتنەوەکەی بەڕێز فەتحوڵا گولەن ئەخوێنمەوە و بیریش ئەکەمەوە. ئەبێ چوار ساڵ ژیان لەگەڵ ئەواندا بەس نەبێ بۆ ئەوەی بزانی چ بزوتنەوەیەکن؟ بڕوام وایە بەس بێت. هەقە لە هەموو بابەتێک لەسەر ئەوان کە ئەنوسم لە ژێریدا بنوسرێت (تکام وایە ئەو کەسە باشانەی لە ناو خزمەتدا هەن جیا بکەینەوە لەوانەی لەسەریان ئەنوسم، چونکە ئاشکرایە لە ناویاندا خەڵکی زۆر دڵ ساف و پاک هەن و کارە قورسەکانیش هەمیشە لەسەرشانی ئەوانە، چونکە ئەوان جەنگاوەرەکانی بەرەی پێشەوەی جەنگەکەن).

یەکێ لەو کەسانەی کە لەسەریان ئەنوسێت، بەڵام نازانم تا چەن ئەبم بابەتەی لەسەر ئەوان نوسیوە. بەڵام بۆ من کۆکراوەی تەواوی ئەو شتانەیە لەسەر بزوتنەوەکەی بەڕێز گولەن نوسیومە. زۆر نوسەر، ڕوناکبیر، فەیلەسوف و خەڵکی ئاساییش دنیایەک هەیە بۆی هەوڵ ئەدەن، ئەنوسن، بیری لێ ئەکەنەوە یان خەریکی بەدی هێنانین. جەنابی گولەنیش بۆ دنیایەک هەوڵ ئەدات کە ئاشکرا شیعری بۆ نوسیوە و منداڵی کورد لە هەولێر و سلێمانی ئاوازەکەیان وتۆتەوە و (کە زۆریان نازانن باسی چی ئەکەن)، مەبەستم ئەو جۆرە دنیایە کە جەنابی ئەیەوێ بیهێنێتە.

بەڕای بەندە مەرجەکانی دنیاکەی بەڕێز گولەن، پێچەوانەی ئەوانەیە کە باوەڕیان وایە بزوتنەوەکەی گویلەن لەگەڵ هەل ومەرج خۆیان ئەگونجێنن، تەنها چوار مەرجە:

١. ئەبێ هەموومان تورک بین. لێرەوە دەستم کرد بە نوسین لەسەر ئەم بابەتە.

٢.ئەبێ هەموومان موسوڵمان بین. پێویست ناکا لەسەر ئەمەیان بڕۆم چونکە ئەو تەقدیرەم بۆ داناوە کە بەڵێ گولەن کابرایەکی موسوڵمانە.

٣.ئەبێ هەموومان پیاو بین (ژن ئەبێ بتوێتەوە لە ناو پیاوەکاندا). جارێ هیچم لەسەر نەنوسیوە.

٤.ئەبێ هەموومان دەوڵەمەندیش بین. لێرە لەسەر ئەمە ڕۆشتووم کەمێک.

خۆ ئەگەر هەریەک لەو مەرجانە لە تۆدا نیە، ئەوا ئەبێ لات ڕوون بێ کەوا ناکۆکیەکی مەنتقی هەیە لەوەی لەگەڵ ئەواندا بمێنیتەوە. مەگەر مانەوەکەی تۆش “وەسیلەکەی وەک ئامانجەکە دادپەروەرانە بێت”، ئەوەیان قایم هەڵگرە با لێت نەکەوێت.

بۆیە باشتر وایە تا بەدەستخستنی زانیاری و بەڵگەی زیاتر لەو چوار گۆشە نیگایەوە لەسەر بزوتنەوەکەی جەنابی گویلەن بنوسم، ئەگە ر نوسیم.

ئەم ناوبانگە زیندوە

دوو بابەتی جیاوازم نووسیوە پێشتر. یەکێکیان لە خەمی فەوتانی ئەو ناوبانگە باشەی لە دوای 2014وە بە تایبەتی و پێشتریش هەر لە 1991ەوە تا ئێستا و دواتریش بەهۆی هەڵای سەر کیمیاباران و ئەنفالی گەرمیان و هەڵەبجە دروست بوو. ئەوی دیکەش بەزمی شەڕی تورک و دراوسێکانی ترمان لەسەر کوردزمان لە تەنها ئینسایکلۆپیدیایەک/مەوسوعەیەک کە خەریکە ئەبێتە جێگای ڕێکەوتن لەسەر زانیاری بەشەر.

ویستم لە کورتە نوسینێکدا و بۆ ئەرشیڤی خۆم سەرسامی دەربڕم کە گەشتۆتە ئاستێک دەستەواژەی “کوردستانی باکوور” یان “کوردستانی تورکیا” سەرباری ئەو هەموو توانایەی تورک و دەوڵەتی تورکیا هەیەتی، بمێنێتەوە و ئەمڕۆ من ئاوا بە ئاسانی بەناویدا بگەڕێم. کە بەڕێکەوت بۆ پەرلەمانتاری دڵسۆز سەزگین تانرکوڵو ئەگەڕام و دەستەواژەکەم دی بەڕاستی وامزانی تەنها پەڕەیە کە بەو شێوەیە بەکاری بهێنێت. بەڵام دیارە کە پەڕەی تایبەتی بەخۆی هەیە و وێنەکەش بەرواری دەستکاریەکی پەڕەکەیە. پێش ئەو بەروارانە ئەگەر تەماشای بابەتەکە بکەی ئاوا ئەیبینی (بەرواری 9ی ئەیلولی 2009) کە لەگەڵ ئێستایدا یەکجار جیاوازن.

هیوادارم خوێنەر و نووسەری کورد بتوانین، پێش هەموو کەسێ خۆم، ئەم فرسەتە بقۆزینەوە و ئەگەر لەسەر نەبوونی کەلتور و دواکەوتوویی خۆشمان بێ، کە هیچ عەیبەیەکی تیا نیە، بنووسین. لە ڕاستیدا بۆ هەندێ لێکۆڵینەوە کۆمەڵگای سەرەتایی یاخوود کەم بەرکەوتووی شارستانیەتی وەک ئێمە تەواو جێگای سەرنجە. ئەمە جیاوازە لەوەی خۆت بە گەورە بزانیت کە کوشندەترین دەدی مرۆڤە بە تایبەتی خەڵکی ئەو ناوچەیەی ئێمە.

لا نەدەم لە بابەت، هیوادارم ئەم باوبانگە بەباشی بەکار بهێنین ئەوانەمان کە توانای خوێندنەوە و نووسینمان هەیە چ بۆ ناوخۆی خۆمان، وەک ئەم کورتە بڵاگپۆستە، و چ بە زمانی نەتەوەکانی تری دنیا.

چی بکەین؟

گەر وەڵامەکەیم بزانیایە، زۆر شتم ئەکرد. وەڵامەکەی پێویستی بە دیراسەکردن و لەوانەیە دەیان ساڵ لێکۆڵینەوە هەبێت.

نازانم چی بکەین بەڵام ئەزانم ئەبێ بە بیرکردنەوە دەست پێ بکەین. ئەبێ بیربکەینەوە بزانین لە ٥٠٠ ساڵی ڕابردوودا و زیاتریش لە سەرەتاکانی دروستبوونی نەتەوەپەرستی لە ئەوروپا و دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوە لەسەر بناغەی زمان، کە تەبیعی پێش هەزاران ساڵ لەو ناوچەیەی ئێمە تۆی هەبووە و دین توانیویەتی کاڵی بکاتەوە، بۆچی نەمان توانیوە بوونێک بۆ کوردزمان دروست بکەین.

١. ئەبێ خەڵکانێک کە توانای بیرکردنەوەیان هەیە ئەمە بکەن. مرۆڤی سیاسی و ڕۆژنامەنووس بەردەوام خەریکی کاردانەوەن. توانای دروستکردن لای مرۆڤی سیاسی ئەگەر هەشبێ، هەم حەزە سیاسیەکانی کە لانی کەم ئەم تێزە ئەتوانێ پێناسەی بکا، ناهێڵێ هەم وەک مرۆڤ خۆی حەزی بیرکردنەوەی نیە.

٢. ئاشکرایە پێش هەموو شتێک ئەبێ ڕابردوو دیراسە بکەین. ئەبێ لەوە حاڵی ببین کە کەی توانیومانە بزانین ئێمە جیاوازین. بۆ نمونە و تەنها لایەنی بچووکی ئەم دیراسەیە: ئایا بەڕاستی تورکەکان لەدوای ١١٠٠و هاتنیان بۆ ناوچەکە بە توانای دینی ئەوەی کردیان کردیان یان بە توانا تەتەریەکەیان؟ لەبەر ئەوەی حاڵی حازر بەزمەکە بەزمی ڕۆژاوایە و داگیرکاری دەوڵەتی تورکە لەوێ.

٣. ئەو فرسەتەی لە هەرێمی ئێراق هاتۆتە دی لەسەر دەستی بەریتانیەکان هاتۆتە دی، بۆیە جیاوازە لە شوێنەکانی تر. دووبارەکردنەوەی ئەمە ئەکرێ هەندێ لە هەنگاوەکانی ئەنجام بدرێ، بەڵام بە نەبوونی هەمان مامۆستا، زۆر زەحمەتە هەمان نمرە وەرگیرێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو هەلە زۆر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و بپارێزرێ. ئەوەی لە ڕیفراندۆم کرا ئەبێ گەورەترین وانە بێت کە نابێ چیتر قومار و هەنگاوی خراپ بنرێ کە چارەنووسی ئەوێ بخاتە مەترسیەوە.

٤. ئەم بیرکردنەوە و دیراسەکردنە لە گەرما و هەڵپە و گڕوتیندا ناکرێ. ئەبێ لە دەرەوەی ئەو نەخشە گڕدارە بکرێ، وە باشترە خەڵکانی ژیری وەک نۆام چۆمسکی و زۆر خەڵکی تری ژیر کە ڕووسیشیان تێدایە بەشدار بن. لە ڕاستیا حاڵی حازر ئەوان هەست بە تاوان ئەکەن کە دەوڵەتەکانیان ئا بەو بێ ئابڕوویە مناڵی کورد لە سوریا ئەخەنە ژێرپێی توندڕەوی دینی و ڕەگەزپەرست.

هیوادارم ئەوانەمان کە حەزی چارەسەری هێواش و ژیرانەمان هەیە ئەمە زۆر بەجددی وەرگریرن، بیر لە ئامراز و هەلەکان بکەینەوە. بزانین چۆن ئەتوانین ئەوەی تا ئێستا بە کاردانەوە و بەشەرکردنی گەرم نەهاتە دی، بە خۆ ئامادەکردن بۆ شەڕی تر، بەڵام بە هەبوونی فرسەت کە بکرێ ئەمجارە شەڕەکە ببرێتەوە، بتوانین پلانی تۆکمە و درێژخایەنی بۆ داڕژین.

جارێکی تر نازانم چی بکەین، بەڵام ئەزانم ئەبێ بە بیکردنەوە و دیراسەکردن دەست پێ بکەین.

کورد لە کوێ باس ئەکرێ؟

تەواوی ئەو وڵاتانەی لە گوگڵ ترێندز دەرەکەون لە ٢٠٠٤ تا ئێستا

کورد لە کام وڵاتانە باس ئەکرێت بەپێی گوگڵ ترێندز؟ یان شێوازێکی تری ئەم پرسیارە کە لەوانەیە زۆرێک حەز بکەن بە داتایەک بزانن وەڵامەکەی تا ڕادەیەکی ماقوڵ چیە.

ئەم داتایە قیاسی منە بۆ بوونی مەسەلەی کورد لە تەواوی دنیا. لەم وڵاتانە تۆ باس ئەکرێیت و خەڵک لە گوگڵ بۆت ئەگەڕێ. داتاکە لە گوگڵ ترێندز هاتوە و تەنها وشەیەکی تێدا بەکار هاتوە ئەویش وشەی “کوردان”ە بە ئینگلیزی: Kurds.


ئەو وڵاتانەی تر کە ناویان نەهاتوە، ١. یان کەس ناگەڕێ بۆیە دەرنەکەوتوە، یان ٢. ئەو وڵاتە هەر *گوگڵ ناکەن*، ٣. یان ئەو ڕاستیەیە ژمارەی گەڕانەکان هی ئەوە نیە گوگڵ بیخاتە داتابەیسەکەی واتە مەسەلەی کورد باس ناکرێ لەوێ.
بۆ نمونە صینی تیا نیە، ئێ تەئکیدم خەڵکێ هەیە بزانن کورد پارچەی ئەلیکترۆنی نیە، بەڵام ئەلگۆریتمەکەی گوگڵ ناهێڵێ ئەوە دەرکەوێ.
تۆمارەکە هی ٢٠٠٤ تا ئێستایە کە وابزانم تەواوی گەڕانەکانی گوگڵە و بە ئالگۆریتمی ترێندز کراوە بە ماستاو. ترێندز چیە؟ وەڵا مەگەر موحازرەیەکی لەسەر بنوسم کە کاتی نیە.
بە کورتی، لە کینیا زیاتر بۆ وشەی “کورد” ئەگەڕێن لە گوگڵ تا تورکیا. وڵاتێ هەڵبژێرە لە گرافەکە، ئەوە زیاترە لەوەی پێش خۆی و کەمترە لەوەی دوای خۆی. لە ٢٠٠٤ تا ئێستا. ئەو وڵاتەشی لێرە نەبێ یەکێ لە سێ ئیحتیمالەکەی سەرەوەی هەیە.
ئەگەر حەزەکەی بە ئاڕ دروستی بکەیتەوە ئەم چەن دێڕە کۆدە بکە بە ئاشەکەت/کۆمپیوتەرەکەتدا.
https://gist.github.com/layik/1d9bcd17830ff5cbec1e63ec4db6673a

لە ویکیپدیا چ شەڕێکە دژی کوردزمان؟

ئەوەی بە ئەحمەد کایا کرا، کە ٥٠ ساڵ پێش ئێستا نەبوو، ١٨ ساڵ پێش ئێستا بوو. لە چاخانەیەکدا نەبوو، لوتکەی “هونەر”ی تورک کردیان لە ئەستەنبوڵ کە زیاد لە ٦٠٠ ساڵ حوکمی چارەکێکی دنیایان کردوە.
هەمان شت ئا ئێستا بە ئێمەمان ئەکرێ لە پەڕەکانی ویکیپدیا بەناوی “سەرچاوەی زانستی”یەوە. بە تایبەتی لە پەڕە ئینگلیزیەکان، چونکە ئەزانن ویکیپیدیا سەرچاوەی زۆرینەی خەڵکی ئاساییە. وە لەمەش زیاتر، وەک هونەرمەندە تورکەکان هەم کینەی ناخی خۆیانە، هەم بەرهەمی سیستمێکە چەن سەد ساڵە ئیشی لەسەر ئەکرێت.
ئەوە خێڵ و حیزبی کەللەپوتی کوردیە “هونەر”ی ئەوان بە ملیۆنەها دۆلار بڵاو ئەکەنەوە بۆ خەڵکی غەرقی جەهالەت، ئەوانی وا لێکردوە بتوانن پەلامار بدەن. ئەوە ڕۆشنبیری کەللەپوتی کوردە وای کردوە خەڵک بتوانێ وا لە کایا و ئێمەش بکرێ و کەسیش نەزانێ باسی چی ئەکەین.
تۆش وەکو تاک، ئەوەنە ئاسۆت تەسک مەکەرەوە وەک بڵێی زانست و فەرهەنگ سێ دەرگا زیاتری نەبێت (عەرەبی، فارسی و تورکی). تەمەنت بەشی ئەوە ئەکا فێری یۆنانی کۆنیش ببیت و دیراسەی ئەقڵ و فەرهەنگی بەشەریەت بکەیت. دنیایەکی ئەوەندە فراوانە، هیچ زمان و نەتەوەیەک ناتوانن خاوەنێتی هیچ شتێکی ئەم سەر زەویە بگرنە دەست. هەر ئا لەو لۆجیکەشەوەیە کە کەسێکی کوردزمانی وەک من ناچار ئەبێ ئەمە بنوسێت.

خەوەکەی هەدەپە نایەتە دی

ئەو خەوەی سڕی ساقیق، سەلاحەدین دەمیرتاش ئەیبینن، هەمان ئەو خەوەیە ئیسلام ١٤٠٠ ساڵە، شیوعیەتیش چەن دەیەیەک خەوی پێوە بینی، ئەمڕۆش بەناو دیموکراسیەت کە نیۆلیبراڵیزم (کۆمپانیاکان وڵات بەڕێوە ببەن) لە ڕۆژاوا بە حیساب خەوی پێوە ئەبینن. نەتەوایەتی بە هیچ یەکێکیان لەبن نەهات، لەبن نایەت بە داخەوە. لە یەکەم ڕۆژەوە وتومە و ئەیڵێمەوە.

مەبەستم لەمە سێ شتە:

١. هەدەپە دەریش بچن لە پەرلەمان، واتە زیاد لە ٪١٠ی دەنگ بهێنن، تەنها ئەو دەنگانە ئەهێنن ئەگەر وەک پارتێکی چەپ، ئیسلامی یان شتێکی تر کە توانای بڕینی سنورەکانی نەتەوایەتی هەیە ئەیبڕن. نەک ئەوەی هەدەپە بونیادی ناوە، دارێکی مۆر شتێک بێت جیاواز لە مۆدێلی ئیسلامی، شیوعیەت یان نیولیبراڵیزم

٢. هیوادارم سەربکەون، ئەگەر ئەمە نهێنی تێگەشتن بێت لە سیاسەت و واقعی تورکیا ئەوا هەقە پەیکەرێک بۆ هەموو ئەوانە دروست بکرێ ئەم پرۆژەیەیان هێنایە ناوەوە.

٣. ئەگەر سەری نەگرت، هەق وایە چی تر ئەم خۆ کاڵکردنەوەیە نەکرێت و یەکجار پارتێکی کوردی دروست بکرێ و بە دار و بەرد، پەکەکە ئاسا، ئەگەر بە کوژرانی ئۆجەلانیش کۆتایی بێت پرۆژەکە ببرێتە پێشەوە.

ئاخر هەڵێنجاندنی تر هەڵناگرێت. فەرموو بزانین چی ماوە تاقی نەکرێتەوە لە HADEPەوە تا ئێستا؟ هەموو کەسێ ئیسلامی خستۆتە دوای نەتەوەکەی، مەسیحیەت و بودیزم و هەتا جولەکایەتیش.

===== ئەم بەشەی 22/5/2015 نوسراوە و بڵاو نەکرابوەوە

کەواتە نەهاتە دی.

هۆکاری نەهاتنە دی خەوەکەی هەدەپەش نەتەوایەتی ڕووت نەبوو، بەڵکوو دەسەڵاتی ئەردۆغان بوو. بەڵام ئامرازەکە نەتەوایەتی بوو. بە سۆزی نەتەوایەتی شەڕەکە داگیرسێنرایەوە و سەدان کەس بەکوشت دران و تەواوی پرۆسەکەش کە لە 2013ەوە بەردەوامە کرایەوە بە خوری. ئەوەی سەرەوە تەواوی قەناعەتی بەندە بوو پێش هەڵبژاردنەکەی حوزەیرانی 2015 نەک لەبەر ئەوەی منیش وەک ئەو خەڵکە هەستی “کوردایەتی” وام لێ ئەکات، بەڵکوو ئەوە واقیعەکەیە. ئەگەر بە “نەوە” تەماشای بەشەر بکەین، ئەو مناڵانەش ئەمشەو لە دایک ئەبن، هەر یەکە و “جنسیە”یەکیان هەیە و هەر یەکە فێری زمانی “دایک”یان ئەبن کە وایان لێ‌ ئەکا سۆزیان بۆ لای ڕەنگی ئاڵایەک بڕوات.

کەوابێ کورد لە تورکیا بەرەو کوێ ئەڕوا؟ ئاشکرایە لە قازانجی دەوڵەت و کۆمپانیا ڕۆژاواییەکانە ناوچەکە لەوەزیاتر دابەش و کاول بێت. ئەوەی لە سەرەتای 1900 ڕوویدا لە ناوچەکە لە ئێستادا چەن بەرابەری ئەوکات بۆ ڕۆژاواییەکان و کۆمپانیاکانیان گرنگە. دەوڵەتی ئیسرائیل ئەوە چەن ساڵێکە ئیسراحەت دانیشتوون و خەریکی دروستکردنی جۆرەها چەک و تەکنۆلۆجیان کە ناوچەکە تەنها ئەتوانێ خەوی پێوە ببینێت. دواکەوتنی ئێران و سەرقاڵی بە شەڕی دوور و نزیکەوە و وێران بوونی تورکیا تەنها مانای ئەوە ئەگەیەنێ کە کوردستانێکی سەربەخۆ زۆر دوور نیە چیتر. ئێ شتێکیش‌نەماوە بە ناوی ئێراق یان سوریا. بەندەش جیاواز لە جاران هیچ کات بە دڵخۆشیەوە تەماشای ناکەم. هۆکارەکەش هەردوو حیزبی یەکێتی و پارتین کە کوردن و گوایە کوردپەروەرن. لە یەکەم ئەزموونیاندا مافیا نەبێ‌ هیچ شتێکی تریان لێ دەر نەچوو.

ئەوەشی لەو ناوچەیەی بە ڕۆژاوای کوردستان ناسراوە (لە سوریا) جێگای هیوایە بەڵام لە هاوکێشە قوڵەکانی دەسەڵات بەرامبەر خەڵک ئەگەرە گەورەکە ئەوەیە کە دەرناچن و ئەوانیش‌وەک هەموو فەرمانڕەوایەکی تر ئەکرێ هەمان هەڵەی خەڵکانی تر دووبارە کەنەوە. تەنها جیاوازیەک ئەوەیە ئەو مۆدێلەی ئەوان داوای ئەکەن لە باخچەی ئاژەڵانی ئۆروێڵ ناچێت و گوایە بەراز و گوێدرێژ وەک یەک ئەبێ خۆیان ماندوو بکەن نەک گوێدرێژەکە بیکات و جەنابی بەراز دانیشێت بەروبوومەکەی بخوات. کە ئەگەر بەردەوامبێ ئەوا هیواکە لەجێگای خۆی ئەبێت. هەرچەن ئەبێ‌ بڵێم ئەو فیکرەی ئۆجەلان لەوێ جێبەجێی ئەکا زۆر قوڵتر ئەبێ توێژینەوەی لەسەر بکرێ چونکە ناکرێ بڵێین مەری بووکچینی خاوەن فیکری خۆسەری دیموکراتیکی ئۆجەلان لە بەهەشتەوە هاتبێت.

ئەمەش ئەمان باتەوە و تورکیا و ئەو ڕاستیە ڕوونتر ئەکاتەوە کە نەک ئەردۆغان هیچ‌ هێزێکی تر تازە ناتوانێ نە هەدەپە نە هیچ‌ پارتێکی تری کوردی لە تورکیا سەرکوت بکات. لە ڕاستیا چیتر هەدەپ پێویستیشی بەو گوتارەی سەرەوە نەماوە کە خۆی وا نیشان بدات پارتێکی “تورکیایی” بێ و بۆ هەموو تورکیا تێ بکۆشێت. چونکە ئەوانیش وردە وردە لەوە حاڵی بوون کە هەرچی هاتە سەر حوکم هەر گەلی تورکی بە بەرز گرت و کەچی هەموو لە پێناو دەسەڵآتەکانی خۆیان (وەک ئەردۆغان) لەگەڵ ئەوانەش‌ کە وڵآت دابەش ئەکەن دانوستانیان کرد و تێکیشیان دا.

تورکیاش تورکیاکەی ئەتورک نیە عیسمەت ئینۆنۆیەکی باوک کوردی لەگەڵ بێ، زیا گوێکئاڵپی خەڵکی دیار بەکر دامەزرێنەری بیری ئەتاتورکیزم بێت. لە ئێستادا تورکیای غەیرە کورد بەسەر سێ جەمسەری جیاوازدا دابەش بووە: گورگە بۆزەکان و گولەنیەکان لەلایەک، ئەردۆغان و موسوڵمانە موحافیزەکان لە لایەک و عەلمانیەکان و حیزبەکەی ئەتاتورکیش‌لە لایەک. ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ یەکەمجارە لە تورکیا سوپا توانای ئەوەی نیە سەربەخۆ بێت و بتوانێ‌ یەکێ لەو لایەنانە سەربخات بەسەر لایەکی تردا.

هەرسێ لایەنەکەش تورکایەتی لە هەموو بیر و باوەڕەکانی تیان بە گرنگتر ئەزانن. بۆیە خەڵکلەرن دیموکراتیک پارتیسی (هەدەپە) وشەی خەڵکەکە و دیموکراتیەکەشی تەنها “نیەتباشی” دروستکەرانیەتی نەک واقعی ئەم چەن ساڵەی تورکیا و تەواوی دنیاش.

بۆیە ئەو خەوە نەهاتە دی

لە شەڕی فەتحوڵا گویلەن و تەیب ئەردۆگاندا کوردستانی ئێراق پشتی کامیان بگرێت؟

2014/12/18 نوسراوە  بڵاو نەکرابوەوە تا ۲۹/۷/٠۱٦.

ئەگەر بڕیار بێت لایەنی هەق بگرین ئەوا ئەبێ بڵێین تا ڕادەیەک بەڕێز گویلەن لەسەر حەقە. حەق بەو مانایەی ئەردۆگان خەوەکانی گەورەتر بوون و خۆی بە جێگرەوەی ئەتاتورک نەزانێت، هەروەها خۆی لەوە گەورەتر ئەزانێت کە بە هێز و بازوی گویلەن هاتبێتە جێگاکەی ئێستای. کاتێکیش تەماشای ژمارەکان ئەکەین (بۆ نمونە قەرزی تورکیا لە کاتی هاتنە سەر حوکمی ئەردۆغان تا ئێستا)(۱) — ئەم خوێندنەوە ئابوریە جێگای متمانە نیە، قسەکەی بەرنادشۆ بەکارە کە ئەکرێ ئابوریناسانی تر کەلێنی گەورە لەو ژمارانە بدۆزنەوە– سەرباری ئەوەش جار و بارە ئەبێ حەقێکیش بدرێت بە ئەردۆغان کەوا خزمەتی تورکیای کردوە. بەڵام لە ستراتیجیەت و خوێندنەوەی ڕووداوەکانی ناوچەکەدا لە دۆڕاو دۆڕاوترە(۲). بەڵام ئەمە بابەتی ئەم نوسینە نیە.

ئەوەی لەم نوسینەدا ئەمەوێت باسی بکەم ئەوە نیە کە ئایا بەدەپە و پەکەکە لە باکوری کوردستان هەقە چی بکەن، چونکە هەم ئەو مافە بەخۆم نادەم بەو شارەزاییە کەمەی هەمە قسە لە توانا و بۆچوونی ئەوان بکەم، هەم بەڕاستی کار و چالاکیەکانی گویلەن لە باکوری کوردستان لام بە تەواوی ڕوون نیە. بەهەمان تەرازوش نابێ لە چاوی بەدەپە و پەکەکەوە دۆخی باشور بخوێنرێتەوە یان قسەی لەسەر بکرێت، بەڵام نابێ تێکەڵ بکرێت لەوەی دۆزی باکور و باشور یەک دۆزە بۆیە نیەتی هێزەکان ئەکرێ بەهەریەک لەو دوو تەرازوە بپێورێت. ئەمە دوو شتی جیاوازە، بونیاد نەنانی ڕوانگەیەک لەسەر ڕوانگەی لایەنەکەی تر، بەڵام مادام دۆزی کورد یەک دۆز بێت ئەکرێ لەسەر ڕای لایەک قازانجی لایەکی تر دیاری بکرێت دەنا دژیەکی تێدا ڕوو ئەدات.

کەواتە با لە چەند پرسیارێکی سادەوە دەست پێ بکەین:

یەکەم: خواجە لە کوردستان خاوەنی چیە؟

فەتحوڵا گولەن خاوەنی دەیان مەکتەب، کۆمپانیا وە زانکۆی ئیشقە کە ساڵانە ئەگەر ژمارەیەکی ١٨ لەسەر هەموو دامەزراوەکانیان دابنێین و بڵێن هەموو ساڵێکیش ٥٠ قوتابی لە هەریەک لەوانەوە دەر ئەچێت ئەوا ساڵانە ٦٠٠ کەسی بەتوانا لە دامەزراوەکانی ئەوانەوە خوێندن تەواو ئەکەن. ئەگەر تەنها ٪۱ی ئەمانە لانی کەم دڵسۆزی جەماعەتەکەی بەڕێز گویلەن بن ئەوا ساڵانە ٦ کەسی بە توانا (چونکە خوێندنگاکانیان تەنها باشترین قوتابی وەر ئەگرن) دێنە ناو کۆمەڵگای کوردیەوە و ئەبن بە پزیشک، ئەندازیار، مافناس و جۆرەها کاری تر.

دوەم: پەیوەندی کۆمپانیای فەزالەر لەگەڵ تاڵەبانی و بارزانی؟

ئەوەی لە دنیای ڕۆژهەڵات شارەزابێت ئەبێ بزانێ کەوا ئەوەی بە گشتی باس ئەکرێت تەنها قەترەیەکە لەوەی کە لەژێرەوە ئەنجام ئەدرێت. سروشتی بزوتنەوەکەی بەڕێز گویلەنیش بۆخۆی بلیمەتی ئەم جۆرە کار کردنەیە. وەک یەکێ لە کەسە یەکەمەکانیان لە ساڵانی کۆتایی سەدەی ڕابردوودا بە دەمی خۆی وتی: ئێمە سیاسەت ناکەین بەڵام سیاسیەکان لەسەر پەنجە ئەخولێنینەوە. ئەوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەردوو تاڵەبانی و بەرزانیەوە هەبێت ئەوەیە کە ڕۆژێک هەمان کەس بە قوتابیەکانی کۆلێژی ئیشق ئەڵێ: ئەمە ڕۆژنامەیەکە تیایدا هاتوە کە جەنابی تاڵەبانی ئەڵێ “من پێم خۆشە ئەوان لە هەموو لادێیەکی ئێمە قوتابخانەیەک بکەنەوە” بە کورتی ئەوەی بۆ ناوەڕۆکی ئەم بابەتە گرنگە وەڵامی پرسیارەکە ئاوا عادلانەیە: پەیوەندی زانکۆی ئیشق (لەلایەن بەڕێز نێچیرڤان بارزانیەوە کرایەوە) و باقی خوێندنگاکانیان پەیوەندیەکی بتەو و تەندروستە.

یەک ڕوونکردنەوەی تریش گرنگە پێش ئەوەی وەڵامی سەردێڕی بابەتەکە و پرسیارە سەرەکیەکە بدەمەوە. ئەویش ئەوەیە کە ئاشکرایە بەڕێز گویلەن خۆی بە میراتگری دەوڵەتی عوسمانی ئەزانێت، هەرچەن ئەمە لای ئەردۆغانیش هەمان شتە (وەک بەختیار عەلی لە بابەتێکیدا ئاماژەی پێ ئەکات) بەڵام بەڕای من ئەردۆغان زیاتر شوێنکەوتوی پارتە ئیسلامیەکانی دوای حسن بنایە و خەو بە گێڕانەوەی سەڵتەنەتەوە نابینێت بۆ شام و قاهیرە. ئەوەی فەتحوڵا لە عوسمانیەتیش جیا ئەکاتەوە ئەوەیە کەوا هەرچەن هەردوکیان چەندین نیشانەی کاریگەری دروستکەرانی بیری ئەتاتورکیزمیان پێوە دیارە (زیا گوێکئاڵپ و بیرمەندانی دوایی) بەڕێز گویلەن زیاتر پابەندی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەکانی ترە و بە ئاشکرا کار بۆ بە عوسمانی کردنی زمانی تورکی ئەکات. بۆیە ڕونکردنەوەکەی کە ئەمەوێت بیڵێم ئەمەیە: هەموو ئەمە وا ئەکات بەڕێز گویلەن پرۆسەی ئاشتی نێوان ئۆجەلان و ئەردۆگان بە پەیماننامەی حودەیبیە بشوبهێنێت.

کەواتە بەبێ درێژەدان بەباسەکە و لادان لەسەر تەوەرە ئەسڵیەکە: ئایا ئەبێ سیاسەت بکرێت یان پشتی حەق بگیرێت؟ پرسیارەکە ئاسانە بەڵام وەڵامەکەی ئەبێ قوڵتربێت لەوەی کە دیارە. ئەویش ئەوەیە کە نابێ پشتی حەق بگیرێت لە کاتێکدا حەق لەسەر ئەوەبێت کە ئەردۆغان ئەیەوێت ببێت بە سەرۆکی کۆمار و چەند ساڵێکی تریش ئابوری تورکیای لەژێردەستدا دەرنەچێت (مەیدانی شەڕی ئەم دوو ڕۆژە بانک و کۆمپانیاکانی سەر بە ئەردۆغانە). بەڵکوو ئەبێ سەنگی مەحەکێک، پێوەرێکی زانستی هەبێت بۆ ئەوەی تەماشاکەر نەبین. ئەوەی من بە ڕاستی ئەزانم دوو پێوەرن: یەکەمیان چەندە ئێمە لەگەڵ بەدەپە و پەکەکە هاوڕابین ئەوەندە یەکگرتووتر ئەبین و ئەوەندەش براوە تر ئەبین. بۆیە لە ئێستادا (بە سەردانەکەی دیاربەکریشەوە) ئاشکرایە کە لەیلا زانا و بایدەمیر پشتی ئەردۆغان ئەگرن. وە پێوەری دوەمیش ئەو ڕاستیەیە کەوا ئەردۆغان لە کوردستانی ئێراق مەکتەبی نەکردۆتەوە و کەس فێری تورکی ناکات. کۆمپانیاکانی ناردوە و خەریکی کەسابەتی عوسمانی ئاسای خۆیانن. بەڵام بەڕێز گویلەن مەکیاڤیلیانە قوچەکی پێی خۆی قایم کردوە و گۆڕانکاریەکیش کە ئەیکات وەک سوڵتان سەلیمی یەک، یەک خستنەوەی تورکە لە هەموو گۆشەیەکی دنیا.

بۆیە ئەبێ کورد پشتی ئەردۆگان بگرێت و ئەگەر دەستەواژەی کێ لەسەر حەقەش کەسانێک بێتاقەت بکات ئەوا ئەکرێ ئاوا تەماشای ساحەکە بکرێت: ئەردۆگان بە دەنگەکانی بەڕێز گویلەن هاتۆتە سەرحوکم، ئەگەر ئێستا ئەو ڕازی نەبێت هەندێ کەس بەزۆر کارێکی پێ بکەن، ئەوا هەر ئەو لەسەر حەقە ئەگەر خەوەکانیشی ئەوەندە گەورەبێت کە جەماعەتەکەی بەڕێز گویلەن بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

چونکە بەبێ ئەردۆغان ئەگەر بەڕێز گویلەن بیتوانیایە ئەمەی ئێستا لە تورکیا هاتۆتە دی بۆی بکرایە، هیچ کات ئەوی نەئەخستە پێش خۆی.

(۱) بلومبێرگ. دوا بڕی قەرزەکانی ئای ئێم ئێف درایەوە.http://www.bloomberg.com/news/2013-05-13/erdogan-s-imf-triumph-masks-surge-in-private-debt-turkey-credit.html

(۲) نیۆ-عوسمانیەتی ئەردۆگان http://www.globalresearch.ca/syria-egypt-reveal-erdogans-hidden-neo-ottoman-agenda/5358781

کورتە وەڵامێک بۆ مایکڵ ڕووبین

1
وەڵامی “ئایا کوردستان ئابووریەکەی شایانی گەشەی دەبێت؟” کە تیایدا وەک ئەوەی جەنابی لەسەر کەلەپوری گەلگامێش دانیشتبێ گاڵتە بە ئەقڵی ناودارترین کوردی ئەم سەردەمە ئەکا و نمونەی ئەلیکزاندەر هامیڵتۆن ئەهێنێتەوە بۆمان. وەک ئەوەی نەزانین سەروەتی ئەمریکا بەچی بونیاد نراوە.

پرۆژەیەک هەیە بەناوی LongNow ، یەک شتت فێر ئەکەن: درێـــــــــژ ببینە و بیرکەرەوە کێشەکان بچوک ئەبنەوە و سادە ئەبنەوە لات.

جا من کاتم نیە خۆ بە فەیلەسوف زانی وەک مایکڵ ڕوبن بە تێر و تەسەلی زانستیانە هەڵتەکێنم بەڵام وام ئەزانی ڕاستگۆیە تا ئەم ڕاپۆرتە سەدو قسور پەڕەییەی. گوایە کەس ئەقڵی بەوە نەشکاوە بیر لە دوای سەربەخۆبوونی کورد بکاتەوە، جەنابی حەزرەت و بلیمەتیان نەبێت.
دوای ئەم پەرەگرافەی لە وێنەکە دامناوە، ئیتر ڕاپۆرتەکەیم تەواو نەکرد، تەواویشی ناکەم لە تویتەریش کە زیاد لە دوو مانگە بێدەنگم، بۆم نوسی حەزەکەم بە کوردی بنوسم “زۆر ناپیاویت” بەس کوردی نازانێ بەڵام بەوەیدا کە وشە تورکیەکان لە جێگای خۆی دا ئەنێتەوە تورکی چاک ئەزانێ وادیارە. ئەوەش بۆ خۆی ڕەخنەم بوو لە خەڵکی تر، لەویشە تەبیعی بەڵام قەیدی نیە جارێ سەرچاوە زانستیەکەی دیار نیە بۆ ئەو ڕەخنەیان.
ئەمە وەڵام نیە بۆ خۆی، وەک وتم کوردی نازانێت. ئەمە تەنها وەستانێکی خێرایە (نزیک سەعاتێک کاتی کوشم) بۆ ئەوانەی وەک من خۆیان بە کورد ئەزانن و ڕاپۆرتەکە ئەخوێننەوە. تەنها چوار قسە:
0. لەبیرت بێ دەوروبەرەکەت زۆر گرنگە و خۆشت و ئەوانیش بە کەم مەزانە.
1. لەسەر داهاتووی برازا و خوشکەزاو ملیۆنەها نورسی، سوبحانی و شارەزووری و نالی و مەحوی و هتد قسە نەکەی باشە.
2. لەسەر “دوژمی دوژمنەکەم” ئیش مەکە، باوەڕ بکە ناپیاوی وات بۆ دەر ئەچێ، هەزار خۆزگە بە دوژمنەکەت ئەخوازیت دوایی.
3. دوووووووور و درێـــــــــژ بیرکەرەوە.

کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بۆچی تەنها لای کورد هەیە؟

وەڵام: چونکە تەنها کورد ئەوەنە نەزانن شوێن کابرایەک بکەون یەک نەفەری تر شوێنی نەکەوتوە.

بەڕێز ئۆجەلان نیوەی تەمەنی من کۆششی تەنها لە زینداندا کردوە و جێگای ئەوپەڕی ڕێزمە، ئەمەش تەنها قسە نیە بەکردار کردوومە و بەردەوام ئەبم لەسەری. کێشەکەم ئەوەیە خانەوادەی بووکچینیش کە بەڕێز ئۆجەلان فیکری کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی لەوان وەرگرتوە و ئەمیش ئەوانی ناساند بە دنیا، وەک چەپەکانی تری ڕۆژاوا ڕاست ناکەن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە.

کە مادام ئاوا پێشەکیەکەم نوسی، ئیتر ئەگەر خۆی لە زیندانەوە ئەم نوسینەم ببینێ ئەزانێ باسی چی ئەکەم. نەتەوەی کورد وەک لە گۆرانیەکانی کایادا بۆ هەتاهەتایە وێنەکراوە “هەرگیز پێنەکەنیون”. هەڵبەت باسی هەڵپەڕکێ و سەیرانی نەزانەکانی کورد ناکەم، باسی پێکەنینی ڕاستەقینەی چینێکی کورد ئەکەم کە خاوەن فیکر و بیرکردنەوە بن و بەبێ ترس لە کەس و بەبێ دڵەڕاوکێ لە زمان و کلتوریان. زۆرجار ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە لە لایەنێکی وەک پەکەکە خۆیەتی بەداخەوە، یان لە یەکێتی و پارتی کە حاڵی حازر موچەی خانەنشینی قوڕبەسەریش ئەدزن بۆخۆیان.

یەک هەنگاوی تریش ئەچمەوە دواوە و ئەڵێم دڵنیام لەوەی کە ئەگەر ئۆجەلان نامەی نەنوسیایە بۆ بووکچین، کەس نەی ئەزانی کێ بوە و خەریکی چی بوە. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە ئەو ژنەی نامەکانی بە دەست گەیشت، وە ئەوترێ هاوسەری بووکچین بوو بەڵام ئەزانین کە زیاد لە ۲۰ ساڵ پێکەوە کاریان کردوە لەسەر فیکرەکانی بووکچین خۆی هەڵگەڕایەوە لە ‘ژینگەناسی کۆمەڵایەتی’ social ecology وەک خۆیان ناویان لێناوە. لە دوای 2011ەوە ئەڵێ ئیتر من ‘سۆسیال دیموکرات’م. واتە لە چەپەوە ڕۆشت بەرەو ناوەڕاست. دەی کچی بووکچین، خاتوو دێبی کە تا ئەم دەقەیەش وەک جانێت بیڵ پشتیوانی ڕۆژاڤا و بزووتنەوەکەی ئۆجەلان ئەکەن لە تورکیا و سوریا، هیچ کامیان یاساغ نەکراون لە چوونە تورکیا. واتە تەنها بە قسە پشتیوانی ڕۆژاڤان.

لە کوێوە ئەمە جوڵا لای من؟ چوینە خزمەت خاتوو دێبی بۆ گوێگرن لێی لە زانکۆی لیدس. بەڕاستی سەرم سوڕما کە وتی: هەندێ لە چەپەکان گومانیان هەیە لەوەی کە ئایا ئەوەی روو ئەدا لە بابەتی هاوسەرۆکی، کانتۆنەکان و هتد ‘پلانێکی نهێنی’ یان شتێی تر نەبێت. ئەمە بەڕاستی لای من یەک مانای هەبوو. خۆی، جانێت بیڵ  هەروا بووکچین خۆشی کە ئۆجەلان لە 2004 بۆیان ئەنوسێت، کە بەندە ئەوکاتیش بەردەوام خەریکی خوێندنەوەی هەواڵ بووم، ئەلفێکیان بە دەنگی بەرز نەوت تا پەیامەکەی جەنابی بووکچین گوایە لە کۆنگرەی HPG خوێندرابێتەوە لە 2004. ئەلفێک بە دەنگی بەرز بۆ پشتیوانی کردنی ئۆجەلان و دۆزی ئەو ڕەش و ڕووتەی زیاد لە ١٠٠ ساڵە ڕەز و باخیان ئەسوتێنرێت و قەبری ناودارترین کەسایەتی دینیان ون ئەکرێت.

ئیتر چی ئەکەی لە فیکری کەسەکە؟ بۆچی باشە؟ ڕاست و ڕاست دا ئەنیشی و ئەبێ دانی پێدا بنێی کە بەڵێ تەنها کورد ئەوەنە نەزانن شوێن کەسێک ئەکەون کە نە هاوکارەکەی نە کچەکەشی شوێن ئەفکاری نەکەوتوون. ئەمە مەسەلەی پێغەمبەرایەتی و شتی دیکە نیە کە بوترێ، ئای جا ئەکرێ کابرا کەسی نزیکی خۆی باوەڕی پێ نەکەن. ئەمە فیکرێکە بۆ پەیڕەوکردن لە ژیاندا، کە مادام نزیکترین کەسەکانت بەڕاستی نازانن، میللەتێ لەو دوورەوە بۆ شوێنی کەوتوون؟

ئەو پرسیارە وەڵامەکەی ئاسانە، چونکە ئۆجەلان دیاری کردوە بۆیان. لێرەشەوەیە کە بەڕێز ئۆجەلان هەقە ڕەخنەی توندی لێ بگیرێ کە بۆچی فیکری کەسێک بڵاو ئەکاتەوە کە کەسەکە خۆی غیرەتی نەبوو ئەلفێک بە دەنگی بەرز لەسەر ئەم بنوسێت؟ ئەوەیان تەنها خۆی ئەتوانێ لە داهاتوو یان پێش مردنی ئەگەر بە گرنگی بزانێ دوو وشەی لەسەر بنوسێت.

خۆی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بایی چەندە؟ بابەتەکە یەکجار قوڵە. هی ئەوەنیە لێرە باسکرێ. تەنها مەبەستم ئەوەبوو کە بزانم بۆچی ئێمە/پەکەکە تەنها لایەنێکن فیکری کابرایەک جێبەجێ بکەن کە کچەکەی ئامادە نیە بە ڕاستی خۆی بۆ ماندوو بکا و دوو هەنگاو بیباتە پێش جگە لە چاپکردنی کتێب و موحازەرەی ئارام و بێدەنگ لە زانکۆکانی ئەوروپا.