ڕەگەکانی “شێتێتی” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
نوسینی مایکڵ ڕوبن، لە ئینگلیزەوە.
کاتێ دێتە سەر هەڵسوکەوتی سەیر و بێ ئەقڵانەی سەرانی دنیا، ئەکرێ کیم جۆن ئون سەرۆکی هەموان بێت بەڵام ئەم بەهرەیە قوڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: موعەمەر قەزافی قیژ و قاوی بەلاوەبوو. وتارەکانی ناو یوئێنی سەبری پێویست بوو هەم بۆ گوێگران هەم بۆ خۆشی. حەرەسی تایبەتی ژنی لە چواردەوری خۆی کۆ ئەکردەوە و گۆڕینی جەستەشی پێشبڕکێی لەگەڵ مایکڵ جاکسن ئەکرد. کوڕەکەی قەزافی، حەنیبال کوڕی باوکی خۆی بوو، دوای ئەوەی خۆی و ژنەکەی لە ئوتێلێکی سویسرا لە دوو خادمەیان دابوو، دەستگیرکرا. ئەنجامی حەیاچوونەکەش ئەوەبوو کە قەزافی داوایکرد جیهاد دژی سویسرا دەستپێبکرێت.
قەزافی، بە دڵنیاییەوە، تەنها نەبوو. سەدام حوسێن ئەکرێ وەحشی بووبێت، بەڵام شێت نەبوو، سارد و لەسەرخۆ بوو، حساباتی ئەکرد، بێ ڕەحم بوو، بەڵام بە بەراورد بە عودەی کوڕی کابرایەکی سالم بوو. ئیستغلالکردنەکانی عودەی چاک زانراون، تەعەداکەر و بکوژ و سایکۆ بوو. کاتێ تیپی تۆپی پێی ئێراق یاریەکیان دۆڕاند، تێهەڵدانی کردن. ئەشکەنجەدان بۆ ئەو شتیکی خۆش بوو.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەوری قەزافی ئەبینێ لە تەخشان و پەخشانکردندا. کابرایەکە بێ شەرمانە گەندەڵە، بێ ڕووە و موئامەرەکەرە. لە کاتێکدا زۆر دەسەڵاتدار ئەکرێ دیکتاتۆر وە/یا دوژمنکار بن، ئەردۆغان تا دێ زیاتر شێتتر ئەبێت.
خانەوادەی پاشایەتی سعودیە بەدناوانە خۆیان جیا کردۆتەوە، بەڵام زۆرێک لە شازادەکانیان کەمترین پەرژینی قیەمن لەپشت پەردەوە. تەنها یەک شازادەی سعودی ٢١٠٠ باڵندەی کوشتوە کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە کاتێ لە گەڕان بوو لە پاکستان. لە ڕاستیا بۆخۆی سەفەر بۆ پاکستان بۆ بەسەربردنی گەشتێک شتێکی ئاقڵانە نیە. کەسانی تری خانەوادەی شا تۆمەتبارن بە شتی زۆر خراپتر.
هەتا لە کوردستانی ئێراقیش، لە کاتێکدا ئەوترێ مێرگێکی ئارامە، شێتێتیەکی یەکجار زۆری تیایە. سەرۆکی پێشوو جەلال تاڵەبانی لە ڕاستیدا پاڤێڵی کوڕە گەورەی نەفی کرد بۆ لەندەن لە ترسی هەڵسوکەوتی وا تێکچوو، وە سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بەرزانی مەسر و مەنسوری کوڕی قومار بە ناوبانگی عودەیەوە ئەکەن. خەڵک ناچێ پەلاماری خێزانێکی کێبڕکێکەر بدا لە عیادەیەکی داندا لە ڤێرجینیا، خەڵکی زۆر کەمتریش بە بزواندنی ئەوان هەڵسوکەوت ئەکەن.
کەواتە بۆچی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک تەنها بۆتە ناوچەیەک بۆ دیکتاتۆر، بەڵکە ناوچەیەکی شێت؟ لەژێر سەدام حوسێندا نوکتەیەک هەبوو لەسەر ماستاوچێتی و هەڵەنەکردنی سەرۆکدا: گوایە طارق عەزیز قسەی کردبوو لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە تیایدا ڕۆژنامەنوسێ پرسیار ئەکات و ئەڵێ ئایا فیل ئەفڕێ. وەڵامی ئەداتەوە ئەڵێ “بەدڵنیاییەوە نەخێر”، ئەنجا ڕۆژنامەنوسیکی تر ئاگاداری ئەکاتەوە کەوا سەدام حوسێن وتویەتی فیل ئەفڕێت. بەبێ ئەوەی خۆی تێک بدا، طارق عەزیز ئەڵێ، “بەڵێ ئەفڕێ بەڵام بەخاوی”. لە وەزعێکی ئاوادا، ئەردۆغان بوە بەجێگرەوەی سەدام وەک مامۆستای فڕینی فیل، هیچ ڕۆژنامەنوسێ بە سوڵتان ناڵێ جلی لەبەردا نیە [نمونەی ئیمپراتۆرەکەی مەبەستە نوسەر لێرە بخوێنەوە] نیە چونکە ئەکرێ ڕۆژنامەکەی داخرێ و خێزانەکەی بگیرێت.
هۆکاری دیکەش هەن، بە تایبەتی کاتێ دێینە سەر باسی مناڵەکانیان. ئەو وڵاتانە چەندە سەرۆکەکانیان بانگەشەی کرانەوە و دیموکراتیەتیان بۆ بکرێ، خێزان هێشتا تیایاندا گەورەیە. کاربەدەستان ماستاوچی لەدەوری خۆیان کۆ ئەکەنەوە کە سوێند بۆ هەموو جوڵەیەکیان ئەخۆن.
ئەگەر قەزافی، بەرزانی، سعودی لەسەر خەتەکەت بن پێویست ناکا هەرگیز داوای لێبوردن بکەیت.
دوو جۆر سەرۆک هەبوون، دابڕاو لەیەکتر، یەکێکیان سەرۆکی وڵات و کۆمەڵگا و ئەویتر هی خێزان. وڵات تەنها جێگای یاریکردنە و خراپترین زوڵم ئەکرێ بە پارە داپۆشرێت. پارە، هێز، وە ناوبانگ کاتێ تێکەڵ ئەکرێن ئەبێت ئاوێتەیەکی ناجێگیر.
سەرۆکی وەک قەزافی و بەرزانی ئەکرێ خۆیان بە بیرمەندی گەورە بزانن یا کاربەدەست، بەڵام ئەکرێ باوکێکی بێهێز بن، ڕێگا بدەن مناڵەکانیان گەورەببن لە ناو خزمەتکارانێکدا کە هەموو پێداویستیەکیان بۆ دابین ئەکەن، هەروەها ڕێزگرتن لە سەرۆکەکە تێکەڵ ئەکەن بە گوێڕایەڵی تەواو بۆ مناڵەکەی. سنورەکان لەخۆوە و کورتخایەن و لەڕووی ئەخلاقیەوە ئیختیارین.
هیچ یاسایەکی خێرا و زبر نیە، وە تاکیش بە دڵنیاییەوە گرنگە لایان. قوسەی ئەکرێ خراپ بووبێ، بەڵام وەک عودەی نەبوو، قوباد وەک پاڤێڵ نیە، هەموو شازادەیەکی سعودیش سایکۆ نیە، بە دەرزەن تیایاندا کەوا تەنها و تەنها دراوە بەدەمیانەوە.
لەهەموی خراپ و خراپتر ئەوەیە کەوا موعتادی هۆڵیوود بوون. کیم جۆنگ ئون، بۆ نمونە، بەناوبانگە بە ئالوودەبوون بە هۆڵیودەوە. خانمی یەکەم ئەسما ئەسەد دەمەتەقەیان بوو لەگەڵ برات پیت و ئەنجلینجا جولی. شا عەبدوڵای دوەمی ئەردەن بەڵێ ناچێتە ناو هەمان قاڵبەوە، بەڵام دیکتاتۆرە – وە خراپ حەزی لە ستار ترێکە. بۆی هەیە، کەواتە، لێکچوونێک هەیە لەنێوان ئەو شێتبوونەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە لەگەڵ مناڵانی هۆڵیوود. کە بەناوبانگ بوویت و چواردەورت بە ماستاوچی گیرابێت سەری لە زۆر ئەستێرەی مناڵ شێواندوە بەڵام نەک هەموو. بۆ هەموو لیندزی لۆهانێک [دوای سێ مانگ لە چاک بوونەوە لە ئالوودەبوون دیستان ئەخواتەوە لە هەواڵەکەدا] مایم بیالیکێک [ئەکتەر لە هەمانکاتدا نوسەر و توێژەرەوە لە بواری زانستی دەماردا] هەیە، بۆ هەموو ماکۆڵی کوڵکینێ هەمیشە ڕۆن هاواردێ هەیە. کەلتور، پەروەردە، وە بەها گرنگە.
کەوابێ چەندە تراژیدیە کە لەودیو شەڕ، تیرۆریزم و ئەگەری داڕووخانی ئابوریەوە، ئەو هەموو ماستاوچێتیە، گەندەڵی، وە حەسانەی یاسایی وایکردوە زۆرێک لە سەرۆکەکانی ئێستا و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون بە ئەکتەرەکانی فیلمی دیفرێنت سترۆکس [هێڵی جیاواز کە سێ ئەکتەری منداڵی هۆڵیود ڕۆڵیان تێدا بینی، گەورەبوون هەرسێکیان تاوانکار دەرچوون].
تێبینی: ناو کەوانە چوارگۆشەکان [] زیادکراوی وەرگێڕانە
ئال سعود دۆستی کێن؟
نەخشەی سایکس بیکۆ – سەرچاوە ویکیپیدیا ئەڵێن بارۆن ڕۆن ڕۆتشیڵد (ناوەکە ئەڵمانیە ڕۆت + شیڵد = سور + قەڵغان) یەکەم کەس بوە کە وتویەتی: “کە بینیت خوێن لەسەر جادەیە، بکڕە” یان ئەڵێن لەوە خراپتریشی وتوە: “کە بینیت خوێن لەسەرجادەیە، بکڕە، هەتا ئەگەر خوێنەکە هی خۆشت بێت”.
وەک لە نوسینەکانی پێشتردا باسم کردوە، لەژێر بیردۆزە ئابوریەکانی بێشکچی، لەسەر بنەمای هاوکێشە ئابوریەکان ئەبێ گۆڕانکاریەکان ببینین. تا ئەو ڕادەیەی بێشکچی مەزهەبەکانی دینی ئیسلامیش لەسەر هەمان گۆڕانکاری شیکار ئەکات. فەیلەسوفێکی وەک بێرتراند ڕەسڵیش گواستنەوەی شارستانیەتی پێش یۆنان بۆ یۆنان، ئەگەڕێنێتەوە بۆ ئاڵ و گۆڕی ئابوری [1]. بۆیە کاتێ ئەبینین گروپێکی “سەربڕ” و “بکوژ و ببڕ” لە ناکاو شارێکی وەک موسڵ یان پارچەیەک لە سوریا کە سەردەمانێک شارستانیەتی گواستەوە بۆ یۆنانیەکان [1] دەسەڵات ئەگرنە دەست لە کەسانێک بە “هەڵبژاردن” هاتبوون، ئەبێ لە خۆمان بپرسین: کێ دۆستی ئەمانەیە؟
ئەم بیرکردنەوانە شتێک نین خۆمانی لێ لا بدەین و بڵێین خۆ چەن ساڵە پیاز پاک ناکەین، لە ڕاستیا ژیانی زۆربەی زۆری تاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لە پیازپاکردن ئەچێت لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عوسمانیەوە. هەڵبەتە بە جیاوازی کۆمەڵێکی زۆرکەم. ئەمەیان بۆ ڕۆژێکی تر، ئەگەر پێت وایە هەڵەم. بەڵام لە لایەکی تریشەوە بۆ وردتر پرسیارکردن لە خۆمان ئەگەر وا دانانێین بازرگانی و دۆستایەتی، یاخود سیاسەت و دۆستایەتی، زۆر یەک ناگرنەوە ئەوا پرسیارەکە ئەتوانین بگۆڕین بۆ: “ئال سعود شەریکی کێن؟”
ئیتر کە وامان لێ کرد ناچارین سەردانێکی مێژوویی دەرکەوتنی ئال سعود (ماڵی سعود) بکەین. ئەبینین لە نیوەدورگەی عەرەبیدا، دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی لەسەر دەستی شەریفانی مەکە کە بە گژ عوسمانیەکاندا چوونەوە، بە پاڵپشتی “لۆرانسی عەرەب” (شۆڕشگێڕەکەی ئینگلیز کە خۆی کردبوو بە عەرەب)، عەرەبستانی سعودی (ناوەکەش لە ئال سعودەوە هاتوە) سەرەتا بە هێزی دین و دواتریش بە ئاگری نەوت گەورەترین هێزی نیوە دورگەی عەرەبن. شەرافەتی مەککە (یان حیجاز) لە سەردەمی عەباسیەکانەوە “خزمەتکار” یان حاکمی کەعبەی پیرۆز بون تا شۆڕشی ئال سعود و قاچگیرکردنیان لە ڕیاز لە ١٩٠٢، کە گوایە نەوەی ئیمامی حەسەن کوڕی ئەبی تالبی ئامۆزا و زاوای پێغەمبەری ئیسلام بوون.
شا عەبدولعەزیزی ئال سعودیش ئەوەی زۆر سەرکردەی کورد و غەیری کوردی ناوچەکە پێیان نەکرا ئەم کردی، ئەویش دروستکردنی دەوڵەتێک بوو لە چەن خێڵ و دەسەڵاتدارێک وە لە دەست سەندنەوەی حوکومڕانی ناوچەکە بوو لە دەستی “بنەماڵەی شەریف” و ڕەشید و هتد. هەر بۆ بیرخستنەوە شای ئێستای سعودیە (ناوەکانیان ئەوەندە وەک یەکە ئەبێ زوو زوو سەیری ویکیپیدیا بکەیت) دەیەمین کوڕی شا ئەولعەزیزی دامەزرێنەری سعودیەی ئێستایە کە لە زۆربەی دوژمنەکانی ژن و ژن خوازی کردوە. واتە لە ١٩٠٠کانەوە تەنها دوو نەوە سعودیە بەڕێوە ئەبات.
ئەو بازرگانە گەورەیەی ڕێگای هیندستانی لە ئینگلیز سەخت کردبوو دەوڵەتی پەککەوتوو و پیری عوسمانی بوو. بۆیە لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی تورک لەسەردەستی گەنجە تورکەکان و کەمال ئەتاتورک، لە هەمانکاتدا ڕوو وەرچەرخانی کۆمەڵگای تورکی بەرەو ڕۆژاوا (درێژکراوەی هەوڵەکانی سوڵتان عەبدولحەمید) لە هەمانکاتدا ئال سعود زیاتر لەسەر عادەتی باو و باپیری خۆیان بەردەوام بوون و سەرکردەکانیشیان ١٨٠ پلە بە پێچەوانەی ئەتاتورک ڕوویان لە خۆیانکرد. ئەم جیاوازیەی نێوان ئەم دوو بازرگانەی ناوچەکە تەواو زەق بوەوە لەوەی کە ئال سعود هیچ پێویستیان بەوە نەما ڕوو لە ڕۆژاوا بکەن و زانیاریەکانی لۆرانسی عەرەب، بە پیشە “شوێنەروارناس”، وە زانیاریی جیلۆجی ئینگلیز لەسەر ناوچەکە و ڕێکەوتنیان لەگەڵ ئال سعود، مانای وابوو چۆن ئێستا باشترین جۆری سەیارە و تەیارە (مەدەنی و جەنگی) بۆیان ئەنێرن ئەوکاتیش بەهەمان شێوە بونە تەنها شەریکی ئینگلیز. بەرامبەر بەمە ئینگلیز یەکەم جێگە پێی خۆی (باسی نێوان ١٩٠٥ بۆ ١٩١٧ ئەکەم) لە ناوچەکە قایم کرد کە ستراتیجیترین جێگابوو بۆ بە ئاسانی دەستگەیشتنیان بە لوتکەی ئیمپراتۆریەتەکەیان کە هیندیستان بوو.
ئەنجا بازێک ئەدەین و دێینە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کاتێک وەهابیەکان کە لە سەرەتای دەرکەوتنی ئال سعودا ئەمانیش یەکێ بوون لەوانەی ئال سعود قتی کردن چونکە لەگەڵ شەرافەتی مەکە دژی ئال سعود ئەجەنگان. لەگەڵ بەردەوامی فیکرە توندڕەویە بەدەویەکەیان وتەواو دەرکەوتنیان، لە بری جەنگی ئیسرائیل ئال سعود ڕێگریان لێ ناکەن هیچ نەبێ وەیان پارەیان ئەدەنێ کە بڕۆن جەنگ دژی ڕوسیا بکەن لە ئەفغانستان (ئەفغان چ گرنگیەکی هەیە؟ نازانم زانیاریدانە تۆسقاڵیەکەی من جارێ هیچی لانیە) بۆیە جەنابی براوەی جەنگی دوەم و پشتیوانی قایمی ئیسرائیل و کۆرپەکەی ئینگلیز (ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا)ش هاوڕایانە و بەردەوامی ئەم ستراتیجیەتە بەڕێوە ئەبەن. وە کاتێک نەوت ئەدۆزرێتەوە ئال سعود بەریتانیا هەڵنابژێرن بەڵکو کالیفۆرنیا هەڵ ئەبژێرن و کۆمپانیای “ئارامکۆ”ی سعودی بەرهەمی ڕێکەوتنی ١٩٣٣ی ئال سعودە. ئاڵۆزکاری ئارسەر بەلفۆر و دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل بابەتی ئەم نوسینەم نیە هەرچەن ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە “شەریکایەتی ئینگلیز و شەریف لە لایەک و ئال سعود لە لایەکەوە هەیە.
لەم هاوکێشە ئاڵۆزانەدا ئەبێ باسی بکەم کە شێتۆکەیەک بە ناوی سەدام حوسێن، خوا غەزەبی لێ ئەگرێت و ئەچێ بە گژ قولەی قافا، بۆیە یەکەم پۆستاڵی جەنگاوەرە “مارێنز”ەکانی ویلایەتە ژیرە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە ماڵی ئال سعود (لە سعودیەوە) دا ئەبەزن و لوتی ئەشکێنن. چونکە کەس ناتوانێ لە ئال سعود باشتر خزمەتی ئەوان بکات. ئاخر کە تۆ باشترین شەریکت هەبێ، کێ ئەتوانی شەریکایەتی لەو باشتر بکات؟ ئەوان بوون توانیان کۆتایی بە حوکمی شەریفی مەکە بهێنن بۆیە تا ئەوان شەریکی ئەمەریکا بن، کەسێکی تریان ناوێت بێتە سەرحوکوم تا لەوە باشتریان بداتێ. وە باشترین شەریکیشیان پیرۆزترین جێگای دینی ئیسلامی لە ژێردەستدایە، بۆیە ئەتوانن ئیسراحەت بنون کە کەس لە مەککەوە هێرش ناکاتە سەر “قەناتی سوێس” یاخود کۆرپەکەی ئارسەر بەلفۆر (ئیسرائیل). قەناتی سوێس ڕێگای چەندین هەفتەی کەشتیەکانی ئینگلیزی کورتکردەوە. ئەمەش بۆخۆی بابەت یان چەندین کتێب هەڵ ئەگرێت.
ئیتر، دوای سەدام حوسێن و ترۆپکی ناسیۆنالیستی عەرەبی دوای ناسر، وە لەم ڕوو لە ڕۆژاوا کردنەی تورک و پێویستی ڕوو لە ڕۆژاوا نەکردنی سعودیەوەیە ئەبێ تەماشای پەیوەندی سعودیە بەم گۆڕانکاریانەوە بکەین. بۆیە تەنها دوو بازرگانی گرنگ ئەمێننەوە لە ناوچەکەدا، سعودیە و ئێران. ئێرانیش لەبەر ئەوەی هەر لەسەردەمی ئیسلامەوە نەک نەیانتوانیوە چیتر بێنەوە بەغا و کاسبی بکەن، خوا خوایانە کەس نەدا بەسەریاندا. یان با وای دابنێین. بەڵام ئەبێ بزانین ئەمڕۆ بەسرە شارێکی شیعەیە و نەوتێکی زۆری تیایە بۆیە جگە لەو نەوت و غازەی ئێران خۆی هەیەتی بەسرەش هی ئەوانە، یان هی پیاوی ئەوانە کە هیچ جیاوازی نیە. بۆیە هەردوولا خاوەن نەوتێکی زۆر و دوو ئایدۆلۆجیا و هەزاران ساڵی دوژمنایەتین. بۆ ئەوەی تەواو زانیاری کەمی خۆم بخەمە ڕوو ئەبێ بڵێم باوەڕم بەو قسەیەیە کە ئەڵێن وردە دەوڵەتۆکەکانی سەر خەلیج تەنها لەسەر ترسی ئینگلیز لە ئال سعود ماونەتەوە و هیچ کات بەحرەین و قەتەر و الخ ناتوانن تەکان بە ئال سعود بدەن.
بۆیە: بەریتانیا شەریکی سەرەکی لە دورگەی عەرەبی ئیسرائیل نیە و سعودیەیە. ئیسرائیل (جا ئەگەر حەماسەتی دینیت زۆر هانت ئەدا ئەوا ناوی بنێ سەهیۆنیەت و زایۆنی و شتی تریش) کۆرپەیەکی گوێڕایەڵی ئارسەر بەلفۆرە بێ ئەوەی زۆتر لەسەری بڕۆین مەبەستم ئەوەیە جولەکەی نیشتەجێی ئیسرائیل بەکارهێنراون نەک بەکارهێنەر. وە ئەو دەنگە دەنگەش جار و بارە لە سعودیەوە دێ هەر ئەکرێ گوێ ڕاکێشانی ئال سعود بێت لە لایەن بەریتانیەکانەوە. جەنابی بن لادنیش تریلیۆنلەرەکانی سعودیەن بۆیە ئەوەی بە کەس نەکرا بەوان ئەکرێ (جارێکی تر کەڵە پیاو خۆی قسەیەکی گوماناویە)، وە ئەم سەربڕ و ئاڵا ڕەشانەش هەمان وەهابی و تریلیۆنلەرەکانی کە دروستکەری یان پشتیوان قاعیدە بوون، پشتوانی لەمانیشی ئەکەن.
بۆیە داعش ئەگەر نەک خاڵێکی سنوری سعودیە بەڵکوو تەواوی سنوری سعودیە کۆنترۆڵ بکەن، تەنها بۆ ئەوەیە هەیمەنەتی مەکە و مەدینە بەسەر نەجەف و کەربەلا وەک ١٠٠ ساڵی ڕابردوو بمێنێت و عێراق لە سەدام حوسێنەوە بگۆڕێت بۆ کەللە پوتێکی وەک مالیکیی شیعە نەک بازرگانێک کە زەرەری بۆ پەزەکانی ئینلگیز هەبێت. وە چیتر پاشای سعودیە هەر ڕۆژەی بەیعەت بە دەوڵەتێکی ئیسلامی نەدات لە ئەستەنبوڵ، قاهیرە یان بەغا بۆیە داعش ستراتیجیەتێکی گەورەی ئالی سعودە کە بەیەک بەرد دیمەشق،، تاران، بەغا و کۆلکە دەوڵەتەکانی دەوروبەریشیان بتەزێنن کە خوێنڕشتنی سەر جادەکەش قسەکەی جەنابی ڕۆتشیڵد بۆ ئینگلیزەکان (هەروەها بۆ ئەمەریکای هاوپەیمانیان) ساغ ئەکاتەوە کە تیایدا “بکڕن”.
لە کۆتاییدا: هەموولایەکمان (بە ئیسرائیلیەکانیشەوە) دۆستی بەریتانیاین بەمەرجێک دوژمنی ئەویترمان بین. کاممان زیاتر ئەویترمان بکوژێت و خوێنی زیاتر بڕژێت، بستێک زەوی کەسی داگیر نەکردوە.
تەنها بە دژایەتی یەکتر ئەتوانین ئەو هاوسەنگیە ڕابگرین کە هەموو لایەکمان پێویستمان بە جەنابی حەکەم (بەریتانیا +- ئەمەریکا) هەبێت. بۆیە وەڵامی پرسیارەکە ئەمەیە: ئال سعود “شەریکـ”ـی کەس نین شەریکی مانەوەی خۆیان نەبێت.
تا خوێن بڕژێت ڕۆتشیلد زیاتر ئەکڕێت. بۆیە داعشیش وەک سەدام حوسێن داشێکی سەلەفی ڕەگەزی ڕەش پۆشی شەترەنجەکەن.
[1] کتێبی “مێژوی فەلسەفەی ڕۆژاوا”، بەشی فەلسەفەی پێش یۆنان.