خواجە و ئاڵپ ئەرسلان تورکەش چیان یەکە؟

شتێکی سەیرە لام، تا زیاتر بیر لەمە ئەکەمەوە زیاتر ئەگەمە ئەو باوەڕەی خواجە تەواوی ژیانی تورکەشی لە بیر و بۆچوونەکانیدا ڕنگ پێ داوەتەوە.

وێنەیەک لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی گولەن و ئاڵپئەرسلان تورکەش. سەرچاوە https://gvenilirvideohaber.wordpress.com/2011/04/03/bahcelinin-aciklamasi-28-subat-zihniyetini-tasiyor/

خواجە، کەسێک نیە لە قوبرس لە دایک بووبێت و کێشمەکێشمی یۆنانیەکان ئاگری تێبەردابێت. خواجە لە پانتایی ئەنادۆڵدا بۆخۆی ڕێی ئەکەوێت لە کەسێک کە دواتر پێی ئەوتر بەدیعی زەمان.

تورکەش، دروستکەری بیری نوێی تورکایەتی لە تورکیا، ئەوترێ کەوا ئایدۆلۆجیاکانی نیهال ئاتسزی کرد بە پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی، واتە مەهەپە، وە وشەیەک لە نوسینەکانی ئەودا وام لێ ئەکات ڕابکەم لەسەر کورسیەکەم پێش ئەوەی تەواو خۆم تەڵقین بکەم کە خواجە لەوەوە زۆر شت فێر بوە.

نوسینەکەی تورکەش ناسراوە بە بیروباوەڕی نۆ تیشکی، یان بە تورکی دۆکوز ئیشیک دۆکترینی. ناچمە ناو ئەمەوە بەڵام وشەی ئیشیک، هەمان ئەو ناوە گەورەیەیە کە پانتاییەکی تەواوی لای خواجە هەیە. خواجە ئەیتوانی وشەی نور بەکار بهێنێت. لای نورسی وشەی نور بەکاردێ، چونکە نورسی تورانیزم و کوردایەتی وەک یەک تەماشا ئەکات. لای نورسی بەپێچەوانەی ئاتسز تورانیزم ئەو قیمەتەی نیە تا زاراوەیەک لەوێدا زەق بێت لای نورسیش زەق بکرێتەوە. بۆیە ئەم نامەکانی، بە ڕیسالەکانی نور ناسراون. واتە ئەتباتەوە سەر عەرەبی و قورئان نەک تورکایەتی و تورانیزم.

ئەم وشەیە، ئیشیک، ئیشق، ناوی مەکتەبەکەی ئێمەبوو لە هەولێر وە ناوی تەواوی ماڵەکانی خواجەیە لە تورکیا و کوردستان و دنیا کە تیایدا مێشکی گەنجان ئەشۆردرێتەوە بە تێکەڵەیەک کە تەنها خواجە خۆی توانای پێناسەکردنی هەیە.

بۆیە لەم چەن دێڕەدا ویستم بە خۆم و بە ئێوەش بڵێم:

ئەگەر تورکەش نەناسی ناتوانی بڵێی خواجە ئەناسم. ئەگەر کارەکانی تورکەش نەناسی زۆر سەختە بتوانی لە کارەکانی خواجە فەتحوڵا شارەزابین. وە ئەگەر نورسی و ئاتسزیش نەناسین بە جوانی ئەوا ناتوانین هیچ یەک لەو دوانە بە جوانی بناسین.

ئەنجا وەڵامی پرسیارەکە ئەتوانین وەرگرین کەوا: ئەگەر تورکەش وەرگێڕ و هێنەری بیری ئاتسز بێت بۆ ناو مەیدانی سیاسی تورکیا لە بەرگی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی، مەهەپە، دا ئەوا خواجە وەرگێڕ و هێنەری بیری سەعیدی نورسیە لە بەرگی ‘خزمەت’دا.

وە هەردوکیان یەک شتیان یەکە:

تورکەش لە ئاتسز نەرمتر خزمەتی کرد بە تورکایەتی و تورانیزم، خواجەش بە وزەی نوسینەکانی نورسی هەمان خزمەت ئەکات.

دوای ئەم کورتە نوسینە سەرێکی گوگڵم دا، ئەمەم بینی، کە نامەی تورکەشە بۆ خواجە. ئیتر وازم لەم پارچەیە هێنا و بڵاوم کردوە بێ دەستکاری زیاتر.

خواجە خزمەت بە کێ ئەکات و بانگەشەی خزمەتیش بۆ کێ ئەکات؟

Fethullah-Gulen-Amerika-Pennsylvania-Saylorsburg-ev-sato-malikane-1
ماڵەکەی خواجە گولەن لە پێنسیلڤەینیا سەرچاوە: http://tarafsiz.com.tr/reuters-fethullah-gulenin-evini-goruntuledi.html
“هیچ شتێک لەوە گرنگتر نیە وا دەرکەویت دینداریت” نیکۆڵۆ مەکیاڤێلی

لەم کورتە نوسینەدا هەوڵ ئەدەم بۆ خۆم و بۆ ئێوەش ڕوون بکەمەوە جەماعەتەکەی فەتحوڵا گولەن لە ژێر ووردبینی بیردۆزی کۆمەڵایەتی بێشکچیدا، کە بە کورتی لەم بابەتەی پێشتردا هاتبوو چۆن چۆنی هەڵسەنگێنین. بزانین ئایا کە مادام بێشکچی ئەڵێ

پێکهاتەی کۆمەڵگای ئێمە پشت بە هەندێ کێشە ئەبەستێت: پێش هەموو شتێک موڵکایەتی، تا دێت کێشەی دابەشبوونی داهات و هەندێ مەسەلەی تریش

وە دواتریش لە بەشی چوارەمی هەمان کتێبیدا (لاپەڕە ۲۲۱ بە دواوە) باسی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان ئەکات بە درێژی بەڵام لە ناو چوارچێوەی ئەم پەیوەندیانە بە دینەوە، کە لێرەدا ئێمە کارمان نیە بەسەریەوە.

ئایا بێ گوێدانە لایەنی ڕەگەزی (عرقی) و دینی جەماعەتی فەتحوڵا گولەن، ئایا لەسەر بنەمای ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەڕاستی خزمەت بە کێ ئەکەن و بانگەشەی خزمەتیش بۆ کێ ئەکەن؟

بابەتەکە لەوێوە وروژا کە خانمە پرۆفیسۆرێکی تەکساسی وتارێکی گوایە “زانستی” نوسیوە لەسەر کاریگەری قوتابخانەکانی فەتحوڵا گولەن لە کوردستانی ئێراق (باکوری ئێراق، باشوری کوردستان چیت پێ خۆشە) وە هەوڵەکانیان بۆ “تیمارکردنی زامەکانی شەڕ” لەو پارچەیەی سەرزەوی. خانمی پرۆفیسۆر وتارەکەی لە کۆنفرانسێکدا پێشکەش ئەکات لە شاری شیکاگۆی ئەمەریکا لە ساڵی ۲٠۱٠دا بەڵام من بە سوتفە ئەم چەند هەفتەیەی ڕابردوو چاوم بەریکەوت. لە قسەکانیدا خانمی پرۆفیسۆر تەواوی نمونەی فەقیری کوردانی ئێراق بە تایبەتی هەڵەبجە بەکار ئەهێنێت بۆ باسکردنی کارەکانی ئەوان.

کە لێرەدا بانگەشە کردن بۆ خزمەتی هەڵەبجە و “تیمارکردنی زامەکانی شەڕ” لە کاتێکدا بەندە ئاگادارە دوای چەن هاواری هەڵەبجەییەکان مەکتەبێکیان لەوێ کردۆتەوە وە چەند و چۆنیش هەڵس و کەوت لەگەڵ قوتابی نەداردا ئەکەن بۆخۆی درۆیەکی شاخداری ئەم خانمە پرۆفیسۆرەیە.

خانمی پرۆفیسۆر بەبێ هێماکردن بۆ داهاتی ساڵانەی کۆمپانیای فەزالەری سەر بە بەڕێز فەتحوڵا گولەن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە خانم ئەڵێ گروپەکەی بەڕێز فەتحوڵا نەخۆشخانەیەکیان لە هەولێر کردۆتەوە کە چیتر پێویست نەکات خەڵک بچن بۆ ئێران و تورکیا بۆ چارەسەر. ئیدی کەس نەپرسێ لە خانمی پرۆفیسۆر بۆ لە سلێمانی یان عەربەت نەیانکردەوە تا هەڵەبجەییەکان باشتر دەستیان بگات بەو کارە “خێرە”؟ وە یان داخۆ ئەو نەخۆشخانەیەی ئەوان نرخەکانی بە بەراورد بە جێگاکانی تر چەندە هەرزان/گرانترە؟

بۆیە لەسەر دوو بنەما کە بێشکچی ڕاستەوخۆ ناوی نەهێناون چۆڕێک ئەدوێم: بێشکچی باسی کێشەی موڵکایەتی و دابەشبوونی داهات ئەکات، بەڵام من ئەیکەم بە “توانای بەرهەمهێنان = خودی کەسابەتەکە”ی خواجە، وە “پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان = شەریکەکان”ی گروپەکەی خواجە. وە لێرەوە یەکم پرسیار یاخوود گومانیش دروست ئەبێت کە کام لەو دوانە پێش ئەوی تر کەوتوون؟ واتا ئایا شەریکەکان پێش کەسابەتەکە دروست بوون یان وەک باوە لە دنیا بە پێچەوانەوە؟ ئەگەڕێینەوە سەر بابەتەکەمان:

یەکەم: توانای بەرهەمهێنان

پێش هەموو شتێک ئەبێ بزانین کە کارەکانی گولەن تەنها دروستکردنی مەکتەب نیە و جۆرەها کاری جیاواز ئەکەن. لە خوێندن و نەخۆشخانەی تایبەتەوە بۆ ووزە و ئاڵتونفرۆشی، هەروەها جۆرەها کۆمپانیا و هۆڵدینگی تر بە پشتیوانی تۆڕێکی میدیای و چاپەمەنی کە بۆخۆی سەرچاوەی داهاتە.

داهاتی جەماعەتی گولەن لە کوردستانی ئێراقدا بە سەرو ۳۳ ملیۆن دۆلار ساڵانە ئەخەمڵێنم

خەڵکانی تر لە ٢٠٠٨دا تەواوی سەروەتی ئەوان بە ٣٠ ملیار دۆلار ئەخەمڵێنن

ئەمەوێ بیڵێم بە پێی تەماشاکردنێکی خێرای من لە نێت و لە ڕێگای هاوڕێ و ناسراوانەوە، بەبێ ئەوەی وەک خانمی پرۆفیسۆر میوانداری بکرێم و یەک بەیەکی مەکتەبەکانی ئەوان ببینم، داهاتی گولەن لە کوردستانی ئێراقدا بە سەرو ۳۳.٦ ملیۆن دۆلار ساڵانە ئەخەمڵێنم. خەمڵاندنەکە لەسەر ژمارەی قوتابخانە جارانی ژمارەی قوتابی جارانی ۳٠٠٠ دۆلاری ساڵەنەم کردوە و هیچی تر. واتە بەپێی لۆگۆکانی ئەم بەستەرە ۲۸ خوێندنگام بۆ داناون، جارانی ٤٠٠ خوێندکار، جارانی ۳٠٠٠ دۆلار ساڵانە ئەکاتە ۳۳.٦ ملیۆن دۆلار. بۆیە ئەگەر هەڵە بم لە ژمارە ٢٨ـەکەدا ئەوا کۆی ساڵانەکەش هەڵەیە بەڵام ڕێژەکە ڕاستەوانەیە بۆیە خۆت زانیاری خۆت کۆ بکەرەوە و دوا ئەنجام وەرگرە. دیارە لە دوای هەراکانیان لەگەڵ ئەردۆغان جۆرەها تۆمەت ڕووبەڕوویان ئەکرێتەوە.

لەم ڕوانگەیەوە و لە داهاتێکی ۳۳ ملیۆن دۆلاریەوە، ئایا بەڕاستی کاری خزمەت و خێرخوازی ئەکەن یاخوود بۆ کۆکردنەوەی دەیان ملیۆن دۆلار لەوێن؟ کە جەنابی پرۆفیسۆر زۆر خۆشحاڵانە نابێ باسی بکات. ئەم پرسیارە هێشتا ساغ نەبۆتەوەو هەموان ڕای خۆمان دەرەبڕین، چونکە دامەزراوەکانی خواجە ناچنە ژێر یاسای هیچ وڵاتێکەوە تا داوا بکرێ داهاتیان ئاشکرا بکرێت و هاتوچۆی پارەکانیان دیاری بکرێت و بخرێتە بەر ڕای من و خڵکیش تا بەڵکە ئەوکات ئێمە هەڵە بین. بەڵام ئاشکرایە کە خواجە ئەوەی پەیدای ئەکات بەردەوام جێگای نوێی پێ ئەکاتەوە. بەڵگە بۆ ئەمەش تەنها زیادبوونی خوێندنگاکانیان لە باکوری ئێراق لە یەک دانەوە لە ۱۹۹٤ بۆ نزیک ۳٠ لە ۲٠۱٤ دا بەکار ئەهێنم. کە ئەکاتە نزیکەی ۳ دامەزراوە لە هەموو دوساڵێکی تەمەنیاندا.

ئەوە کورتەیەکی توانای “موڵکایەتی”ی کۆمپانیای فەزالەر و کۆمپانیاکانی تری  گروپەکەی خواجە فەتحوڵایە

دووەم: پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان

مادام جۆرەها کاری جیاواز ئەکەن، پەیوەندیەکانی بەرهێمهێنانی گروپەکەی گولەن لەگەڵ جۆرەها کەسدایە بەڵام لەهەموی گرنگتر، وەک زانیاری کەسی خۆم وە هەروەها وەک زانیاری بەردەست لە نێت و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکاندا، گروپەکەی خواجە تەواو نزیکن لە سیاسەتمەدارانی هەر وڵاتێک کە ئەوان تیایدا هەبن.

لە هەموی گرنگتر لە دوا ڕووداوەکانی تورکیادا دەرکەوت کە پەیوەندیەکانی خواجە لە تورکیای بنکەی سەرەکی ئەواندا، لە بەرزترین ئاستدایە و توانای هەیە لەگەڵ بەرزترین کەسی دەوڵەتدا و سوپاکەشیدا بجەنگێت. یان توانای هەیە دەنگی سەرۆک وەزیرانی تورکیا بخاتە ناو گێژاوی گاڵتەجاڕی خەڵک و یاساشەوە. پێم وایە لێرەدا پێویست بە نموونەی زیاتر ناکات، بەڵکوو میوانانیان بۆ “ئۆڵۆمپیاتی تورکی” ساڵانەی هەر ساڵێکیان چ لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا یاخود کاراچی پایتەختی پاکستان تەماشا بکەیت باشترین نمونە ئەدەن بە دەستەوە.

بۆیە بە کورتی دەر ئەکەوێت کە “توانای بەرهەمهێنان”ی خواجە لە ئاستێکدایە بتوانێت هاوسەنگی وڵاتێک بگۆڕێت وە هەروەها “پەیوەندیەکان”یشیان لەگەڵ جۆرەها دام و دەزگای دەوڵەتاندا هەیە کە ئەکرێ تەخمین کرێت لەگەڵ دامەزراوە سیخوڕیەکانیشدا بەهەمان شێوە خاوەنی پەیوەندی بن. لەو ڕوانگەیەوە گومان یان پرسیارەکەی سەرەوەش کە ئایا کامیان پێش کامیان کەوتوون؟ “توانای بەرهەمهێنان”ی گروپەکە یاخود “پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان”؟ بە زمانێکی سادەتر ئایا ئەمان شەریکی خەڵکن یان خەڵک شەریکی ئەمانن؟ وە ئەو شەریکانەش کێن و بۆچی شەریکی ئەمانن؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ کاتێکی تر و نوسینێکی تر.

بە زمانێکی سادەتر ئایا ئەمان شەریکی خەڵکن یان خەڵک شەریکی ئەمانن؟ وە ئەو شەریکانەش کێن و بۆچی شەریکایەتیان ئەکەن؟

بۆ ئەوەی ڕوون بێت لای خوێنەر کێشە و جیاوازی من لەگەڵ بزوتنەوەکەی گولەن نە مەسەلەی کوردایەتیە و نە مەسەلەی پەکەکەیە (وەک لەسەرەوە وتم ئەم تەماشاکردنە دورە لە بۆچوونی ڕەگەزی و دینی) بەڵام قوڵتر و پێشترە لە دین و مەزهەبیش. چونکە ئەو کاتێک قسە بە جەمیل بایک، یان باهۆز ئەرداڵ ئەڵێ هیچ یەک لەو دوانە کوڕی ئەریستۆکرات، دەرەبەگ و ئاغا یا سەرۆک عەشیرەتێک نەبوون و نین وە هەروەها مەسەلەکە ئەوەنیە لە مەزهەبێکی جیاوازیشەوە هاتبن (ئەکرێ ئەو هەقە بدەین بە خواجە و بڵێین لە ڕوی چەپێتیەوە کێشەی گەورەی لەگەڵ بایک و ئەرداڵ هەیە بەڵام لێردا لەسەری ناڕۆین). بۆیە بیردۆزەکەی بێشکچی دیسانەوە بەکارە کەوا ئەم جوڵانەوەیەی خواجە کاری بە فەقیر، چەپ و نەدار نیە و سەودای لەگەڵ منداڵی بەرپرس و دەوڵەمەندەکاندایە.

بۆیە لە ڕوانگەی بیردۆزەکەوە کە ئەبێ ‘هەموو گۆڕانێک یان هەوڵێک بۆ گۆڕان لە ژێر وردبینی موڵکایەتی و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێماندا تەماشا بکەین،’ بە ڕوونی بۆمان دەر ئەکەوێت کە مەکتەبەکەی گولەن لە هەڵەبجەی شەهید، نابێ وە ناکرێ مەبەستی سەرەکی لێی خزمەتی هەڵەبجە بێت. خۆ ئەگەر لە ئێستادا و تا کۆتایی تەمەنیشیان لە هەڵەبجە بەلاش ئیش بکەن، پارەش بۆ هەتیو و نەداران دابین بکەن هەر لەو حەقیقەتە کەم ناکاتەوە کە سەودای ئەوان بەگشتی لەگەڵ تەبەقەی خوارەوە نیەو خودی خواجەش کاری بەسەر تەبەقەی خوارەوە نیە دەنا یەکەم مەکتەبیان لە هەڵەبجە ئەکردەوە نەک لە هەولێر.

دەنا جیاکردنەوەی کوڕە فەقیرێک لەسەر بناغەی نمرەکەی و وەرنەگرتنی بۆخۆی سادەترین بنەمای جیاخوازیە. بۆخۆی مەسەلەی “وەرگرتن بە مەرج” لە تیۆری فێرکردن و میتۆدەکانی فێرکردندا قسە زۆر هەڵ ئەگرێت و ناچینە ناوی بەڵام ئەزانین کەوا مەکتەبەکانی خواجە تەنها “زیرەک”ەکان وەر ئەگرن وە ئەبێ ئەو ڕاستیە بوترێک کە زیرەکی لەم ڕۆژەدا پێویستی بە “ئامێر” و “هەل و مەرج”ی خوێندن و نوسین هەیە، کە ئەوان زۆر چاک لەو پێداویستیانە حاڵی بوون.

بۆیە لە کۆتاییدا: لەژێر ڕۆشنایی موڵکایەتی و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی بێشکچیدا، ئەوەمان بۆ دەر ئەکەوێت کە دابینکردنی خزمەتگوزاری گشتی (پەروەردە یاخود تەندروستی) لە لایەن کۆمپانیایەک، گروپێک یان کۆمەڵە کەسێکی بەدەر لە حکومەتێکەوە،  تەواوی مەکتەب، نەخۆشخانە، دەرسخانە و زانکۆکانی گولەن ئەخاتە خزمەت تەبەقەی سەرەوە. وە پێویست ناکا باسی کۆمپانیاکانیان بکەین چونکە ئەوان لە ڕاستیدا بانگەشەی ئەوە ناکەن کە کۆمپانیاکان جۆرە کارێکی خێرخوازی. هەروەها خواجە هیچ تەکیەیەکی نەکردۆتەوە، وە بانگەشەش بۆ هاوکاری لەگەڵ هیچ دامەزراوەیکی خێرخوازی وەک مانگی سور، خاچی سور و هتد ناکەن تا ڕاستەوخۆ لەم خانەیە بیگوازینەوە خانەیەکی تری خزمەتکردن.

وە بەو شێوەیە ئەکرێ بگەینە ئەو ئەنجامەی کە تەواوی دامەزراوەکانی خواجە فەتحوڵا (بە کۆمپانیاکانیشیانەوە) نە بۆ هەژاران دروست نەکراون وە نە هەژارانیش دروستی کردوون.

هەروەها ئەوەش ڕۆشن ئەکاتەوە کە هەژارانیش بەڕێوەی نابەن لە ئاستی سەرەوەدا بەڵکوو کاری هەژاران هەمیشە لە کارەکانی خوارەوەدا ئەمێنێتەوە، چونکە بۆ ئەوان دروست نەکراوە ( بەلەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە لادانێک لە یاسا گشتیەکە، یاساکە ناشکێنێت).

بۆیە خزمەتەکەی خواجە بە دەست و بازوی تەبەقەی خوارەوە بۆ تەبەقەی سەرەوەیە.

بۆ تەواوکاری ئەمە ڤیدیۆی خانمی پرۆفیسۆرە و بەڕاستی پێویستم بەوە نیە بچم وتارەکەی بخوێنمەوە یان سەرچاوەکەی دانێم بۆتان.

کێ ئەحمەد کایای کوشت؟

دیسانەوە، تورکەکان هەمان درۆ و هەمان نەخشەی دروستکراویان بینی بە گواستنەوەی قسەی درۆ. میدیا بوو، بە تایبەتیش ڕۆژنامەی حوڕیەت، وای کرد تورکیا جێگای کایای تیا نەبێتەوە، دواجار دەرکرا دوای ئەوەی غەرامەی زۆر و فەرمانی دادگای بەسەردا درا لەسەر بەڵگەنامە و هەواڵی دروستکراو. دڵی چی تر بەرگەی ئەو هەموو فشارەی نەگرت، ڕۆژی ١٥-١١-٢٠٠٠ دڵی لەلێدان کەوت

نوسینی: راسم ئۆزان کوتاحیالی

ئەلمۆنیتەر – بەرواری بڵاو بوونەوەی بە تورکی ٤/ی مانگی ۱۱ی ۲٠۱۳، بە ئینگلیزی و فارسیش وەرگێڕدراوە
http://www.al-monitor.com/pulse/originals/2013/11/turkish-media-criticizes-kurdish-singer.html

میدیای تورکی چۆن چۆنی گۆرانی بێژێکی کوردیان “بێ دادگاییکردن دا بەکوشت”؟

ئەحمەد کایا گۆرانیبێژێکی کورد بوو لە ۱۹٥۷ لە مەلەد/مەڵاتیا، باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا لە دایک بوو. یەکجار بەناوبانگ بوو وە ملیۆنەها تۆماری گۆرانی فرۆشت لە هەشتاکان و نەوەدەکاندا. ئەو هەروەها دژە-ئەتاتورک بوو وەک هونەرمەند، بە توندی دژی ئایدۆلۆژیای دەوڵەت بوو. هیچ کات دوودڵ نەبوو لە گۆڕینی دەوڵەت لەژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیا لە لەناوبردنی کورد. کایا پارێزەرێکی سەرسەختی گروپە دینیەکان، عەلەوی، وە ناموسوڵمانەکانیش بوو کە ئەچەوسێنرانەوە لەلایەن ڕژێمی ئەتاتورکیەوە. خەڵک ئەویان بەوە بیردێتەوە کە کاتێک ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک وەزیرانی ئێستا، زیندانی کرا لەسەر خوێندنەوەی هەڵبەستێکی دژی کەمالیزم لە نەوەدەکاندا. لە کۆنسێرتێکدا لە ۲۹/۱٠/۱۹۹۸دا لە گۆڕپانی تەقسیم دژی هەڵس و کەوتەکەی دژی ئەردۆگان بوو.
بەداخەوە بە ژیانی خۆی باجی ئەو بۆچونە لیبراڵیانەی خۆی دا. لە ۱۹۹۹دا ڕۆژنامە سەرەکیەکانی تورکیا ئەویان خستە سەر داری سەربڕینەوە. ڕۆژنامە سەرەکیەکانی تورکیا لەژێر ڕژێمە پێشوەکەدا ڕەگەزپەرست و ئەوپەڕی نیشیتمانپەرست بوون. لەبەر ئەوەیە کە ئەو ڕۆژنامە ڕەگەزپەرستانەی ئەوکاتەی تورکیا ئێستاش هیچ جێگەی متمانە نین ئەمڕۆ. ئەوان تەنها ئەتوانن ڕۆژئاواییەکان بخەڵەتێنن کە ئاگایان لە دۆخی تورکیا نیە.

کایا پارێزەرێکی سەرسەختی گروپە دینیەکان، عەلەوی، وە ناموسوڵمانەکانیش بوو کە ئەچەوسێنرانەوە لەلایەن ڕژێمی ئەتاتورکیەوە

بەمدواییە کایا لەلایەن عەبدوڵا گولی سەرۆکی تورکیاوە  لە یادێکدا مەدالیای سەرۆکایەتی شەرەفی پێ بەخشرا و بەرز نرخێنرا.
کورتەیەک لەوەی کە کایا بەسەری هات لە ژیانیدا چیرۆکی سەرسوڕهێنەری ژیانی ڕوون ئەکاتەوە. لە ساڵی ۱۹۹۹دا کایا خەڵاتێکی بۆ دەرچوو لە لایەن ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسانەوە. لەکاتێکدا کە خەڵاتەکەی وەرگرت کایا وتی “ئەم خەڵاتە لە بری هەموو کەسێک وەرئەگرم کە کۆشش بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەکات. لە ئەلبومی داهاتوومدا، بە کوردی گۆرانی ئەڵێم و کلیپێکی کوردی بۆ ئەکەم. دڵنیام لەوەی کە خەڵکانێکی ئازای تەلەفزیۆن هەن کە بیانەوێ بڵاوی بکەنەوە ”
ئەم ووشانە بوە هۆی ئەوەی کە هۆتێلە ڕاقیەکەی ئەستنەبوڵ هەڵگەڕێتەوە بەسەریەکدا. ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندە تورکەکان، کە نزیک هەموویان ئەتاتورکپەرست بوون وە نیشتیمانپەرست بوون، دژی وەستان، هەتا چەقۆ و چەتاڵیان گرتە مێزەکەی کایا. کایا بە زەحمەت لە دەستیان دەرباز بوو، لەدەست ئەو پەلامارانەی نوسەران و هونەرمەندانی ڕەگەزپەرست، تەنها لەبەر ئەوەی کە وتی پێی خۆشە بە کوردی گۆرانی بڵێت
کایا دەرباز بوو، بەڵام لەسێدارەدانی لەلایەن میدیای تورکیەوە دوای دوو ڕۆژ دەستی پێکرد. لە ۱٤ی شوباتدا، ڕۆژنامەی سەرەکی “حوڕیەت’، کە دروشمەکەیان ‘تورکیا هی تورکەکانە’ سەردێڕێکیان بڵاوکردەوە کە تیایدا نوسیبوویان کایا ‘ڕسواییە’
هێڵی ژێر سەردێڕەکە نوسرابوو بەرلین، ۱۹۹۳، بە ڕەسمێکی کایاوە کە گۆرانی ئەڵێ لەپێش پۆستەرێکی سەرۆکی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلان وە نەخشەیەکی کوردستان. ناونیشانی وێنەکە نوسرابوو ‘لەپێشەوەی وێنەکە، بکوژی منداڵان’ ڕاپۆرتە هەواڵەکە نوسیبوی گوایە کایا وتوویەتی ‘نەمتوانی بە ئۆرکێسترایەکەوە بێمە ئێرە. ئەوە پێویستی بە ۲٠،٠٠٠-۲۵،٠٠٠ مارکی ئەڵمانی تری پێویست بوو. پیاوانی شاخ پێویستیان بە پارەیە”

حوریەت ئەم ڕاپۆرتەی بڵاوکردەوە  “ڕێکخراوەکە پێویستی بە پارەیە”
ڕۆژنامەنووسی تورک ئەرتوغروڵ ئۆزکۆک، کە بەڕێوەبەری حوریەت بوو، ئێستا ئەڵێ پەشیمانە لەسەردێڕەکە، بەڵام دوای چەندین ساڵ بەرگری کردن لەو سەردێڕانە. تەنها ساڵی ڕابردووبوو کە هێشتا بەرگری ئەکرد و ئەیوت ڕاپۆرتەکە ۱٠٠٪ دروست بوو. هەموی پلانێک بوو بۆ دروستکردنی بابەتێک بۆ ئەوەی کایا لە ناوبەرن. لەڕاستیدا کۆنسێرتێک لە ۱۹۹۳دا نەکرابوو لەبەرلین. کایا لەو کۆنسێرتە نەبوەدا گۆرانی نەوتبوو، لەبەردەم پۆستەرێکی نەبووی ئۆجەلان و نەخشەیەکی نەبووی کوردستاندا. هیچ کەسێکیش نەیوتبوو “ڕێخراوەکە پێویستی بە پارەیە’ کایا هیچ کات نەیوتبوو ‘پیاوانی شاخ پێویستیان بە پارەیە”

بەکورتی ڕۆژنامەی حوریەت، لەژێر بەڕێوەبردنی ئۆزکۆکدا، ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێلکرد بۆ لەسێدارەدانی کایا بەبێ دادگا، بە دروستکردنی کۆنسێرتێک بۆی، بە نەخشەیەکی نەبوو، بە وێنەیەکی نەبووی ئۆجەلان وە دروستکردنی هەندێ قسە کە کایا هیچ کات نەیوتبوون. ئۆزکۆک خۆی بەدرێژایی ۱۲ ساڵ دوای مەرگی کایا هەمان ئەو درۆیانەی دوبارە ئەکردەوە.

ئۆزکۆک خۆی بەدرێژایی ۱۲ ساڵ دوای مەرگی کایا هەمان ئەو درۆیانەی دوبارە ئەکردەوە

دوای ئەوەی زانرا درۆکان بەڕاستی شاخدارن، وە بڵاو بوەوە، داواکاری گشتی تورکیا داوای لە حوریەت کرد کە وێنەی جوڵاو یان وەستاوی ئەو چیرۆکە بڵاو بکاتەوە. ئەمە کت و مت ئەوەیە کە حوریەت، ئەسیلهان دوملوو، وەڵامی پۆلیسی ئەستەنبوڵی دابوەوە لە ۲٥/۱۱/۱۹۹۹ دا “هیچ کاسێتێکمان نیە، وێنەی گیراو، یان بەڵگەنامەیەک پەیوەندی هەبێت بە سەردێڕی حوریەت لە ڕۆژی ۱٤/۲/۱۹۹۹”

ئەمە، بە دڵنیایەوە، دانپیانانێکی نکۆڵی نەکراوبوو کە حوریەت ڕاپۆرتە هەواڵەکەی هەڵبەستبوو.

هەموو ئەو قسانەی کە درابوە پاڵ کایا کە گوایە خەڵاتەکە بۆ کورد وەر ئەگرێت، کە گوایە ڤیدیۆ کلیپی کوردی ئەکات، وە ئەجەنگێ لەگەڵ ئەو کەناڵانەی بڵاوی نەکەنەوە بۆی وە زۆریان لێ ئەکات کە بنەچەی ئەو کە کوردە بیناسن هەمووی دروستکراو بوو بۆ ئەوەی خەڵک بوروژێنرێ دژی کایا

ئەمە ئەوە بوو کە ئەرتوغروڵ ئۆزکۆک لە ڕۆژی ۱٤/۲/۱۹۹۹دا لە ستونەکەدا نوسیبووی “ئەو شەوە هەموو شتێک جوان بوو، تەنها یەک پیاو نەبێت، کایا” تەنها لەبەر ئەوەی کە ووتی حەزەکات بە کوردی گۆرانی بچڕێت

هەروەها ۱٤/۲/۱۹۹۹ نوسەری بەناوبانگ، بەکر جۆشکون، کە لایەنگری پارتی کۆماری خەڵک (جەهەپە)ی بەرهەڵستکارە، نوسیبووی، “من هەر حەزم لە گۆرانی کایا نیە. هیچ بەلامەوە گرنگ نیە کە لە کۆبوونەوەیەکی وادا وەدەرکرابوو. ئەگەر هونەرمەندێک جیاخوازی بکات، پەیامی هەڵە بۆ خەڵ بنێرێت، بە دڵنیایەوە وەدەر ئەکرێت”

دوو ڕۆژ دوای ئەوە، فاتیح ئالتایلی، کە ئەمڕۆ بەڕێوەبەری خەبەرتورکە (haberturk)، نوسیبوی، “ئەحمەد، تۆ کەسێکی بێ کلتوری، نەخوێندەواری وە سادە ئەقڵی، کابرایەکی نازانی باسی چی ئەکەیت. ئەگەر بپرسم، ئەحمەد ‘ئایدۆلۆجیا چیە’ بەمە وەڵام ئەداتەوە ‘ئەخورێت’”

دوابەدوای ئەم ڕاپۆرتە هەواڵانە و ئەو ستونانە و بۆچوونانەی هەڵبەستران بە ئۆپەراسیۆنێکی نیاز گڵاو، داواکارانی گشتی دەستیان کرد بە بەرزکردنەوەی دادگایی کردن دژی کایا. پێی وتن کە ئەو ئەو ڕۆژە لە بەرلین نەبوە، وە هیچ کۆنسێرتێکی وای نەبوە. داواکارەکە وتبووی کە تۆمەتبارکردنەکەی لەسەر ڕاپۆرتی ڕۆژنامە بوو. لەسەر نەخشەیەکی نەبوو وە کۆنسێرتێکی نەکراو، کایا خەریک بوو ۲٠ ساڵ لە زیندان بەسەربەرێت.

دوای پێنج مانگ، هەڵمەتی کوشتنی بێ دادگاییەکە بەڕابەرایەتی حوڕیەت، ئۆپەراسیۆنێکی تریان دەستپێکرد بۆ کۆتایی هێنان بە کایا. ئۆزکۆک لە حوریەتی ڕۆژی ۲٠/۷/۱۹۹۹دا، لەژێر سەردێڕی، “تۆی بێشەرەف” ڕاپۆرتەکەی ژێری نوسرابوو “کایا، کە کۆنسێرتێکی لە میونخ کردبوو، سوکایەتی باراند بەسەر تورکیادا. ئەو تورکیای بە وڵاتی بێشەرەفان ناوهێنابوو. ڕاپۆرتەکە بە وێنەیەکی ئامادەکراوی ئۆجەلانەوە ئامادە کرابوو.

هەمان ڕۆژ فاتیح ئاڵتایلی نیشتیمانپەرست نوسیبووی “ئەگەر پارەت هەیە، ئەتوانی ئەحمەد بکڕی. ئەحمەد درۆزنە، کابرایەکی بێ شەرەفە. هاوار ئەکات بۆ هەرکەسێ پارەی بداتێ”

حوریەت هیچ شەرمی نەبوو لەوەی قسەیەکی کایا دەستکاری بکات دەربارەی سەیارەکەی بۆ”من سەیارەکەم لە وڵاتی بێشەرەفان جێهێشت. لەبەر ئەوە کایا ناچار کرا تورکیا بەجێ بهێڵێت لەبەر ئەو هەڕەشە بەردەوامانەی لەسەری هەبوو.

خێزانی کایا، گولتەن، وە کچەکەی مەلیس پێشتر چووبوون بۆ پاریس. بەڵام ئەوە بەس نەبوو بۆ میدیای ڕەگەزپەرستی تورکیا. ئۆپەراسیۆنێکی تر بەرێوەبوو دوو مانگ دواتر. سەردێڕی حوریەت ڕۆژی ۲/۹/۱۹۹۹ نوسرابوو “ساختەچی بێشەرەف  لە گەرمەی ئیشدا”

دیسانەوە، تورکەکان هەمان درۆ و هەمان نەخشەی دروستکراویان بینی بە گواستنەوەی قسەی درۆ. میدیا بوو، بە تایبەتیش ڕۆژنامەی حوڕیەت، وای کرد تورکیا جێگای کایای تیا نەبێتەوە، دواجار دەرکرا دوای ئەوەی غەرامەی زۆر و فەرمانی دادگای بەسەردا درا لەسەر بەڵگەنامە و هەواڵی دروستکراو. دڵی چی تر بەرگەی ئەو هەموو فشارەی نەگرت، ڕۆژی ١٥/۱۱/۲٠٠دا دڵی لەلێدان کەوت

کایا بە خاوی و بەهێواشی کوژرا. بەڵام ئەمڕۆ، تورکیا بە سۆزەوە ئەویان بیر ئەکەوێتەوە

ئینۆنۆ لە لۆزان چی وت؟

بێشکچی هەمان کتێبی پێشوو لاپەڕە ۲۸٤

نەخشەی ڕێکەوتننامەی لۆزان
نەخشەی ڕێکەوتننامەی لۆزان – سەرچاوە ویکیمیدیا

عیسمەت ئینۆنۆ سەرۆکی لیژنەی تایبەتی لە کۆنفرانسی ئاشتی لۆزان بە ئاشکرا و ڕوون ئەوەی وتبوو کەوا کوردەکان نەتەوەیەکی جیاوازن، بەڵام بە درێژایی مێژوو لەگەڵ تورکەکاندا ژیاون. عیسمەت ئینۆنۆ، لەو قسانەی کە لە کۆنفرانسەکەدا کردبوی، هەندێ وردەکاری تریشی وتبوو کەوا دانیشتوانی پارێزگای موسڵ پێنج سەد و سێ هەزارە، وە ۱۷٠ هەزاریش کۆچەری تێدایە، کۆچەریەکان بەپێی وەرز لە نێوان بەغدا و دیاربەکر و ئێراندا لە کێڵگەکاندا ژیان بەسەر ئەبەن بۆیە نابێ بە خەڵکی موسڵ دانرێن، وە لەو پێنج سەدو سێ هەزارەش ۲٦۳.۸۳٠ کەسی کورد، ۱٤۹.۹٦٠ کەسیش تورک، وە هەروەها ٤۲،۲۱٠ کەسیش عەرەبی تێدا نیشتەجێە، وە سانجاقەکانی سلێمانی و کەرکوکیش عەرەبێکی زۆر کەمی تێدایە، وە سەنجاقی مەرکەزیش ۱۳۷ هەزار کورد و تورک بەرامبەر ۲۸ هەزار عەرەب بوون.
ئەو بیرو بۆچوونانەی ئینۆنۆ لە لۆزاندا دیفاعی لێ کردبوون ئەکرێ بەم شێوەیە کورتکرێتەوە:
کوردەکان لە کۆنەوە بە ویستی خۆیان چوونەتە ژێر حوکمی تورکەوە، وە چارەنوسی خۆیان بەستۆتەوە بە تورکەکانەوە. چەندین سەدەیە کەوا نەسل، عادەت، دین وە ئەخلاقی کورد و تورک بەسترانەتەوە بە هی یەکتریەوە
ئەو بانگەشانەی گوایە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا کوردەکان بە خراپی شەڕیان کردبێت ڕاست نیە. بۆ گەشتن بە هەمان ئامانج وە هەمان داواکاری کوردەکان چ لە جەنگی جیهانی یەکەمدا چ لە جەنگی سەربەخۆیی نەتەوەیدا بە دڵسۆزیەوە جەنگاون. بۆ خودموختاریش، هەر ناوێکی بۆ بەکاربێت باببێت، زۆر سەختە بتوانین کوردانێک بدۆزینەوە کەوا ئەم دۆخەی ئێستا بگۆڕنەوە بە هاوڵاتی بوون لەگەڵ دەوڵەتێکی بیانی کە بیانکاتە دەوڵەتێکی داگیرکراو (کۆڵۆنی). کوردەکان لە ناو دەوڵەتێکی سەربەخۆدا کە لەلایەن هێزێکی بیانیەوە دروست بکرێت، بە هیچ شێوەیەک لە داهاتوی وڵاتەکەیاندا ناتوانن هیچ قسەیەکیان هەبێت وە هەموو کارو بارەکانیان لەلایەن حکومەت و مەجلیسێکەوە بەڕێوە ئەبرێت کە نوێنەرایەتیان ناکات. لە کاتێکدا، ئەمڕۆ لە تورکیادا کوردەکان خاوەنی قسەی خۆیانن لە بەڕێوەبردنی تورکیادا.
ئەوەی کەوا کوردەکان نایانەوێت لەگەڵ تورکەکاندا پێکەوە بژین بیرۆکەیەکە لەلایەن کوردەکانەوە نا بەڵکوو لە ئینگلتەراوە دروستکراوە. بەڵام، شتێکی زۆر ئاساییە ئەگەر کوردانێک هەبن کەوا بەهۆی قازانجی مادیەوە یاخود هەستی زیادەڕەوی نەتەوەیەوە بێت پشتیوانی لەو بیروبۆچونەی ئینلگتەرا بکەن. بەڵام ئەوەندە هەیە کەوا منداڵانی ئەسڵزادەی کورد لە نێوان ژیانێکی داردەستەیی ژێر هەستی دەوڵەتێکی بێگانە بەرامبەر ژیانێک لە وڵاتەکەی خۆیاندا پێکەوە لەگەڵ تورک وەک برا و وەک حاکم کامیان هەڵ ئەبژێرن ئەمە هیچ تەرەدودێکی ناوێت.

بەڵام، شتێکی زۆر ئاساییە ئەگەر کوردانێک هەبن کەوا بەهۆی قازانجی مادیەوە یاخود هەستی زیادەڕەوی نەتەوەیەوە بێت پشتیوانی لەو بیروبۆچونەی ئینلگتەرا بکەن.

تێبینی: سەنجاق یەکەی ئیداری دەوڵەتی عوسمانیە وەک خۆی هێشتومەتەوە، هەندێ زاراوەی سۆرانی “مۆدێرن”م بەکارهێناوە لەبەر ڕەوانی وام پێ باشتر بوو لە بری زمانە شیرینەکەی شاعیرانی کلاسیکی کوردی