ئەو خەوەی سڕی ساقیق، سەلاحەدین دەمیرتاش ئەیبینن، هەمان ئەو خەوەیە ئیسلام ١٤٠٠ ساڵە، شیوعیەتیش چەن دەیەیەک خەوی پێوە بینی، ئەمڕۆش بەناو دیموکراسیەت کە نیۆلیبراڵیزم (کۆمپانیاکان وڵات بەڕێوە ببەن) لە ڕۆژاوا بە حیساب خەوی پێوە ئەبینن. نەتەوایەتی بە هیچ یەکێکیان لەبن نەهات، لەبن نایەت بە داخەوە. لە یەکەم ڕۆژەوە وتومە و ئەیڵێمەوە.
مەبەستم لەمە سێ شتە:
١. هەدەپە دەریش بچن لە پەرلەمان، واتە زیاد لە ٪١٠ی دەنگ بهێنن، تەنها ئەو دەنگانە ئەهێنن ئەگەر وەک پارتێکی چەپ، ئیسلامی یان شتێکی تر کە توانای بڕینی سنورەکانی نەتەوایەتی هەیە ئەیبڕن. نەک ئەوەی هەدەپە بونیادی ناوە، دارێکی مۆر شتێک بێت جیاواز لە مۆدێلی ئیسلامی، شیوعیەت یان نیولیبراڵیزم
٢. هیوادارم سەربکەون، ئەگەر ئەمە نهێنی تێگەشتن بێت لە سیاسەت و واقعی تورکیا ئەوا هەقە پەیکەرێک بۆ هەموو ئەوانە دروست بکرێ ئەم پرۆژەیەیان هێنایە ناوەوە.
٣. ئەگەر سەری نەگرت، هەق وایە چی تر ئەم خۆ کاڵکردنەوەیە نەکرێت و یەکجار پارتێکی کوردی دروست بکرێ و بە دار و بەرد، پەکەکە ئاسا، ئەگەر بە کوژرانی ئۆجەلانیش کۆتایی بێت پرۆژەکە ببرێتە پێشەوە.
ئاخر هەڵێنجاندنی تر هەڵناگرێت. فەرموو بزانین چی ماوە تاقی نەکرێتەوە لە HADEPەوە تا ئێستا؟ هەموو کەسێ ئیسلامی خستۆتە دوای نەتەوەکەی، مەسیحیەت و بودیزم و هەتا جولەکایەتیش.
===== ئەم بەشەی 22/5/2015 نوسراوە و بڵاو نەکرابوەوە
کەواتە نەهاتە دی.
هۆکاری نەهاتنە دی خەوەکەی هەدەپەش نەتەوایەتی ڕووت نەبوو، بەڵکوو دەسەڵاتی ئەردۆغان بوو. بەڵام ئامرازەکە نەتەوایەتی بوو. بە سۆزی نەتەوایەتی شەڕەکە داگیرسێنرایەوە و سەدان کەس بەکوشت دران و تەواوی پرۆسەکەش کە لە 2013ەوە بەردەوامە کرایەوە بە خوری. ئەوەی سەرەوە تەواوی قەناعەتی بەندە بوو پێش هەڵبژاردنەکەی حوزەیرانی 2015 نەک لەبەر ئەوەی منیش وەک ئەو خەڵکە هەستی “کوردایەتی” وام لێ ئەکات، بەڵکوو ئەوە واقیعەکەیە. ئەگەر بە “نەوە” تەماشای بەشەر بکەین، ئەو مناڵانەش ئەمشەو لە دایک ئەبن، هەر یەکە و “جنسیە”یەکیان هەیە و هەر یەکە فێری زمانی “دایک”یان ئەبن کە وایان لێ ئەکا سۆزیان بۆ لای ڕەنگی ئاڵایەک بڕوات.
کەوابێ کورد لە تورکیا بەرەو کوێ ئەڕوا؟ ئاشکرایە لە قازانجی دەوڵەت و کۆمپانیا ڕۆژاواییەکانە ناوچەکە لەوەزیاتر دابەش و کاول بێت. ئەوەی لە سەرەتای 1900 ڕوویدا لە ناوچەکە لە ئێستادا چەن بەرابەری ئەوکات بۆ ڕۆژاواییەکان و کۆمپانیاکانیان گرنگە. دەوڵەتی ئیسرائیل ئەوە چەن ساڵێکە ئیسراحەت دانیشتوون و خەریکی دروستکردنی جۆرەها چەک و تەکنۆلۆجیان کە ناوچەکە تەنها ئەتوانێ خەوی پێوە ببینێت. دواکەوتنی ئێران و سەرقاڵی بە شەڕی دوور و نزیکەوە و وێران بوونی تورکیا تەنها مانای ئەوە ئەگەیەنێ کە کوردستانێکی سەربەخۆ زۆر دوور نیە چیتر. ئێ شتێکیشنەماوە بە ناوی ئێراق یان سوریا. بەندەش جیاواز لە جاران هیچ کات بە دڵخۆشیەوە تەماشای ناکەم. هۆکارەکەش هەردوو حیزبی یەکێتی و پارتین کە کوردن و گوایە کوردپەروەرن. لە یەکەم ئەزموونیاندا مافیا نەبێ هیچ شتێکی تریان لێ دەر نەچوو.
ئەوەشی لەو ناوچەیەی بە ڕۆژاوای کوردستان ناسراوە (لە سوریا) جێگای هیوایە بەڵام لە هاوکێشە قوڵەکانی دەسەڵات بەرامبەر خەڵک ئەگەرە گەورەکە ئەوەیە کە دەرناچن و ئەوانیشوەک هەموو فەرمانڕەوایەکی تر ئەکرێ هەمان هەڵەی خەڵکانی تر دووبارە کەنەوە. تەنها جیاوازیەک ئەوەیە ئەو مۆدێلەی ئەوان داوای ئەکەن لە باخچەی ئاژەڵانی ئۆروێڵ ناچێت و گوایە بەراز و گوێدرێژ وەک یەک ئەبێ خۆیان ماندوو بکەن نەک گوێدرێژەکە بیکات و جەنابی بەراز دانیشێت بەروبوومەکەی بخوات. کە ئەگەر بەردەوامبێ ئەوا هیواکە لەجێگای خۆی ئەبێت. هەرچەن ئەبێ بڵێم ئەو فیکرەی ئۆجەلان لەوێ جێبەجێی ئەکا زۆر قوڵتر ئەبێ توێژینەوەی لەسەر بکرێ چونکە ناکرێ بڵێین مەری بووکچینی خاوەن فیکری خۆسەری دیموکراتیکی ئۆجەلان لە بەهەشتەوە هاتبێت.
ئەمەش ئەمان باتەوە و تورکیا و ئەو ڕاستیە ڕوونتر ئەکاتەوە کە نەک ئەردۆغان هیچ هێزێکی تر تازە ناتوانێ نە هەدەپە نە هیچ پارتێکی تری کوردی لە تورکیا سەرکوت بکات. لە ڕاستیا چیتر هەدەپ پێویستیشی بەو گوتارەی سەرەوە نەماوە کە خۆی وا نیشان بدات پارتێکی “تورکیایی” بێ و بۆ هەموو تورکیا تێ بکۆشێت. چونکە ئەوانیش وردە وردە لەوە حاڵی بوون کە هەرچی هاتە سەر حوکم هەر گەلی تورکی بە بەرز گرت و کەچی هەموو لە پێناو دەسەڵآتەکانی خۆیان (وەک ئەردۆغان) لەگەڵ ئەوانەش کە وڵآت دابەش ئەکەن دانوستانیان کرد و تێکیشیان دا.
تورکیاش تورکیاکەی ئەتورک نیە عیسمەت ئینۆنۆیەکی باوک کوردی لەگەڵ بێ، زیا گوێکئاڵپی خەڵکی دیار بەکر دامەزرێنەری بیری ئەتاتورکیزم بێت. لە ئێستادا تورکیای غەیرە کورد بەسەر سێ جەمسەری جیاوازدا دابەش بووە: گورگە بۆزەکان و گولەنیەکان لەلایەک، ئەردۆغان و موسوڵمانە موحافیزەکان لە لایەک و عەلمانیەکان و حیزبەکەی ئەتاتورکیشلە لایەک. ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ یەکەمجارە لە تورکیا سوپا توانای ئەوەی نیە سەربەخۆ بێت و بتوانێ یەکێ لەو لایەنانە سەربخات بەسەر لایەکی تردا.
هەرسێ لایەنەکەش تورکایەتی لە هەموو بیر و باوەڕەکانی تیان بە گرنگتر ئەزانن. بۆیە خەڵکلەرن دیموکراتیک پارتیسی (هەدەپە) وشەی خەڵکەکە و دیموکراتیەکەشی تەنها “نیەتباشی” دروستکەرانیەتی نەک واقعی ئەم چەن ساڵەی تورکیا و تەواوی دنیاش.
بۆیە ئەو خەوە نەهاتە دی