چۆن بگۆڕێین؟

شاعیرانە بۆم دێ ئەم ئێوارەیە

گریمان توانات هەیە کام لە سەرۆکەکانی ئەو ناوچەیەت بوێ بیگۆڕی بە دوو پەنجە. بۆ نمونە بتوانی لەبری شا سەلمان سەرۆکی کەنەدا دابنێیت. چۆن ئەتوانی وەزیرەکانی بگۆڕی؟ ئەی یارمەتیدەری وەزیر؟ ئەی بەڕێوەبەر؟ ئەی شۆفێر؟ ئەی کابرای لەسەر جادە کلێنس ئەفرۆشێ و گوایە “پشتی شکاوە” و “دڵم هاتە دەرەوە بۆی”؟ ئەوان چی لێ‌ ئەکەیت؟
کاتێ مرۆڤێک ناتوانێ بزانێ چۆن ئەکرێ ئیسحاق نیوتن ڕاکێشانی زەوی 330 ساڵ پێش ئێستا کەشف کردبێ کەچی ئەم هەر نازانێ ڕاکێشانی زەوی بۆچی گرنگە بۆ ئەم. هەروەها لە باشترین کاتدا دوو جۆر “ڕۆشنبیر”مان هەیە: یەکێکیان لە بەینی عەبەسیەت (دنیا هیچ مەعنای نیە و دنیا بۆ مەبەستێکی گەورە دروستکراوە) و بێ هیواییدا فول باوەشی کردوە بە قیامەتدا، نەک لە عەبدایەتیەکی ڕاستەقینەوە بۆ خالقەکەی. دوەمیشیان: کۆمەڵێ فشەکەر و خۆبەزلزانن کە ئەقڵیان لە ئەقڵی نیتشە و کۆمەڵێ سەرسەری تر تێناپەڕێ، چۆن ئەتوانی گۆڕانکاری بکەیت؟
بۆیە ئەو ناوچەیە بە سەرۆک و دوان ناگۆڕێت. ئەو ناوچەیە پێویستی بەوەیە گۆڕانکاریەکی لەسەرخۆ و خاااااااااااااوی تێدا بچێنرێ تا بەڵکوو 330 ساڵی تر تۆ و تەپ و تۆزی ئەم دوو جۆرە بەشەرە نەمێنێت لەوێ. بەڵکوو زانست و زانین جێگەی ئەم دوو بەشەرە بگرنەوە.
فێربوونی بەردەوام و پێشڕەوی کردن لەلایەن کۆمەڵێ کەسی تایبەتەوە، ئەو ڕێگایەیە کە ئەتوانێ شا سەلمان بە خۆڕسکی لە ماوەی چەن سەدەیەکدا بگۆڕێ بۆ ….چوزانم پاشایەکی کەمێ ئاقڵ. ئەردۆغان، بەڕێز گویلەن و زۆرێکی تر لەو ناوچەیە ئەو جەهالەتەن ئەتوانن 330 ساڵی تر ئەقڵ بە بەستویی بهێڵنەوە.
باوەڕم وایە ڕاکردن لەو ناوچەیە قازانجی بۆ دەوروبەرەکەت هەیە، چونکە تۆش بەشداری لە هێشتنەوەی ئەو جەهالەتەی ئەو ناوچەیەی کردوە بەو جەهەننەمەی هەندێ بە حیساب خۆیانی لێ‌ لا ئەدەن. ئەگەر تا ئەم ساتە وەختە لە لایەنە خۆپەرستیەکەمەوە بووبێ (ڕەسڵ جیاواز لە خۆپەرستی ئەڕوانێ، هەقە لەسەری بنوسم)، بەڵام حاڵی حازر کە ئەمە ئەنوسم، باوەڕم وایە گۆڕانکاریەکە تەنها لە دەرەوە ئەکرێ. بەڕاستی کاتی هاتنە دەرەوەشم هەر باوەڕم وابوو کە ئەکرێ لە دەرەوە سودی زیاتر بەو ناوچەیە بگەیەنم.

نوسین چیە؟

نوسین کۆنترین نمونەی تەکنۆلۆجیای زانیاریە.

فەرهەنگی ئۆکسفۆرد لە پێناسەی “نوسین”دا ئەڵێ “ڕیزکردنی پیت، وشە یان هێما لەسەر ڕوویەک”. لە ویکیپیدیاش ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی بڵێن: نوسین شێوازێکی ئاخاوتنە کە بەرهەمەکەی پێی ئەوترێ دەق. بە “مەزەنەی ئەقڵ” و هەروەها فەرهەنگی تریش هەن کە ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی کە بەرهەمی نوسین پێی بوترێ دەق. کەوابێ دەق چیە؟ ئۆکسفۆرد پێناسەی تری کردوە بەڵام من ئەمەیان هەڵ ئەبژێرم “داتای ڕێکخراو لە وشە یان کارەکتەری ئەلفبێ”.

کەوامان پێناسە کرد، ئیتر ئاسان ئەبێ قسەی لەسەر بکەین. نوسین شێوازێکی تایبەتی دەربڕینی مرۆڤە کە هەندێ یاسا و ڕێسای هەیە. لای بێرتراند ڕەسڵ سەرچاوەی نوسین لە قسەکردنەوە نەهاتوە. بەڵگەی ئەوەش لای ئەو ئەوەیە کەوا هەندێ زمان تا ئێستاش پیت و کارەکتەری نوسینیان هەر بە وێنەیی ماوەتەوە. چونکە بیرگە (حافزە)ی مرۆڤ لای ئەو یان وێنەییە یان ئەبستراکت (مەعنەوی)یە و ناچمە ناو ئەوەیان. بەڵام گرنگ ئەوەیە سەرچاوەی نوسین ئەگەڕێنێتەوە بۆ سەرچاوەی جیاواز لە وشە کە ئەکرێ بە دەم بوترێ و ئەکرێ بنوسرێت. ئەوترێ نوسین لە شارستانیەتەی سۆمەریەکان لە ئێراق دۆزرایەوە.

ئەکرێ چەن شتێکی خێرا بنوسین لەسەر ئەم یاسا و ڕێسانە. بۆ نمونە واباوە کەوا نوسینێک پێک بێت لە چەن پەرەگرافێک. وە هەر پەرەگرافێک پێک بێت لە چەن ڕستەیەک. هەموو ڕستەیەکیش پێناسەی خۆی لە ڕێزماندا کراوە و تا ڕادەیەک جیهانیە و ئەبێ مانایەکی تەواوی هەبێت ڕستەکە. هەروەها نوسین ئەبێ لە سەرەتاوە تا کۆتایی ڕێڕەوێکی هەبێ و بازدانی تێدا نەبێ تا مرۆڤ بتوانێ حاڵی ببێت لە نوسینەکە. هەروەک چۆن لە قسەکردندا نابێ لە بابەتێکەوە بازبدەین بۆ بابەتێکی تر. هەروا چۆن ئەبێ هەناسە هەڵمژین و ڕستەی دوای ئەوە بڵێین.

وەک هێمام بۆ کرد، قسەکردنیش یاسای هەیە بەڵام نوسین یاساکانی دیاریکراون، ئەکرێ ئاماژەیان پێ بکرێ. وەک قسەکردن نیە کە قسەکەر ڕاگریت و بڵێی فڵانە یاسات پەڕاند. قسەکەر بۆخۆی دواترئەتوانێ تەماشای شێوازی قسەکانی خۆی بکاتەوە. سەردەمانێ کە تۆماری دەنگ و وێنە نەبوو، ئەکرا لە یەکێ تری بپرسیبایە کە قسەکانی چەندە پەیڕەوی فڵانە یاسای کردبوو. لە نوسیندا ئەمە بە ڕێزمان و خاڵبەندی دەست پێ ئەکات. ئەمەش بۆخۆی وا ئەکات کە لەسەرەوە بڵێین “کۆنترین نمونەی تەکنۆلۆجیای زانیاریە”. لە بابەتی تردا پێناسەی تەکنۆلۆجیای زانیاریمان کرد بەوەی کە داتای پێویستە، وە شێوازێکی هونەری و سیستەماتیکی پێویستە. ئەگەر بڕیار بێ دەق بریتی بێ لە “داتای ڕێکخراو لە وشە یان کارەکتەری ئەلفبێ”، هەروەها لە پێناسەی نوسینیشدا ڕیزکردنی تێدابێ، ئیتر ئاسانە بڵێن ڕستەکە ڕاستە و نوسین جۆرێکە لە تەکنۆلۆجیای زانیاری.

کەوابێ یاساکانی نوسین بۆخۆی وا ئەکات نوسینەکە چەندە پڕ بایەخ بێ نەک وەک کاکە بەختیار عەلی ئەڵێ “مانا”. مانا شتێکی ترە و ئەکرێ لە قسەکردن، لە وێنە یاخوود وێنەی جوڵاودا بگەیەنرێت. کە مادام دەستت دایە نوسین ئەبێ یاساکان ڕەچاو بکرێن. دڵنیام ئەگەر جەنابی کتێبەکانی وەرگێڕدرێنە سەر ئینگلیزی/ئەڵمانی، وە لەخۆڕا “!”نیشانەیەکی سەرسوڕمان دانرابێ، چاپخانەیەکی خاوەن ناوبانگ ئامادە نابن چاپی بکەن. ئەو چەندین کاتژمێر وەرگێڕانەی ئەنجامم داوە پێم ئەڵێت کە یەکێ لە کارەکانی وەرگێڕ ئەوە نیە یاساکانی نوسین وەرگێڕێت وەک خۆی بەڵکە نوسینەکە بەو شێوازەی زمانی ئامانج هەیەتی بنوسێیتەوە. واتە ئەگەر نوسینێکی کوردی خراپ هەبوو، لە کاتێکدا ئەکرێ بە ئینگلیزی ناچار نین خاڵبەندی وەک خۆی دانێینەوە بەڵکوو ئەبێ ماناکە بگەیەنرێت. بۆیە بێ سەروبەری لە نوسینی زمانێکدا لە کاتی وەرگێڕاندا ئەکرێ ڕاست بکرێتەوە و هەڵەی وەرگێڕانیش ڕوو نادات مەگەر داواکرابێت کەوا ئەو کارە بکرێت.

لێرەوە ئەگەمە سەر مەبەستە سەرەکیەکەم ئەویش ئەمەیە. لە دنیای بڵاوکردنەوەی بابەتی زانستیدا کە بەندە نزیک چوار ساڵە خەریکی فێربوونم تیایدا، نوسین پێوەری زانستەکەیە نەک “پرێزێنتەیشن/پیشاندان” یاخوود “وتار”ی ناو کۆنفرانسێکی زانستی. هۆکارەکەشی ئەو دوو پێناسەیەیە کە لەسەرەوە باسمان کردن.لەوەیە هۆکاری گرنگی نوسین “ئاماژە”/ڕێفرێنس کردنی بێت کە ئاسانترە وەک لەوەی ئاماژە بە ڤیدیۆیەک یان کاسێتێکی دەنگی بکرێت.

ئەمەش خۆی وای کردوە کە لە ئینگلتەرا، کە ئەوترێ زۆرێک لە داهێنانەکانی نوسینی تێدا کراوە لەوانە “وشەی یەکتر بڕ”، توانای نوسین پێوەری توانای کەسێک بێت. ئەمەش هەر لە منداڵیەوە و لە قوتابخانەوە گرنگی پێ ئەدرێت، وە بەشێکیشە لە کەلتورەکەیان. وشەی “خوێندەواری” لای ئێمە بەرامەبەر بە “نەخوێندەواری” بەکاردێ، لە ئینلگتەرا (لە ویکیپیدیاش) literacy بەمانای توانای نوسین و خوێندنەوە کەسێک دێ. بۆیە ئەتوانم بڵێم کەسێک نە خوێنێتەوە یان نەتوانێ نامەیەک بنوسێ، بەخوێندەوار دانانرێ ئەگەر دکتۆراشی هەبێت.

هەر بۆیە گرنگی توانای نوسین لە دنیای سیاسەتدا ئەکرێ وەک چەکی ڕەخنەگرتن بەکار بهێنرێت. بۆ نمونە کاتێ ببینرێ سەرۆک وەزیران کێشەی لە سپێڵ/ئیملای وشەیەکدا هەیە ئیتر گومان لە توانای ئەنجامدانی کارەکەی ئەکرێ. وە لەم ڕۆژانەدا لە ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵ، کە بۆخۆی ڕۆژنامەیەکی تابلۆیدی تا حەزکەی ناقۆڵایە، ڕەخنەی نوسین لەلایەن مامۆستایەکە لەسەر لیفلێت/بڵاوکراوەی پارتێکی بەریتانی کەخۆیان بە نیشتیمان پەروەر ئەزانن بڵاوکردەوە و سەرنجی زۆرێک لە خەڵکی ڕاکێشا. نمونەی تری لەم جۆرە هەن، وە چەن جارێک لەملاولا باسم کردوە کەوا جار و بارە ئەوەی وەک “جمێن/جنێو” بەکاردێ لە ئینگلتەرا ئەوەیە بەکەسێک بڵێی “موفرەداتی کەمە”، واتە هێشتا فێری زمان نەبوە. ئەمەش بۆخۆی ئەمان باتەوە سەر تێزی کاریگەری زمان لەسەر مێشک کە ناچارابووم لێرە ناوی بهێنم چوونکە بابەتێکی یەکجار گرنگە بەڵام ئەم نوسینە تەنها پێناسەکردنی “نوسین”ە.

ئەمەش لە کاتێکدایە لەلای گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەی “نوسەر”ان جیای ناکەنەوە ئەم تێگەشتن و بایەخەی “دەق”ە. حاڵی زمانی کوردی چۆنە زۆر بەکورتی؟ حاڵی زمانی کوردی ئەم نوسینەی منە. شارەزایەکی زمانی کوردی تەماشای بکات جۆرەها هەڵەی زمانەوانی، ڕێزمانی و هەتا ئیملاییشی تێدایە. بۆچی؟ چونکە سەرچاوەیەکی یەکگرتوی ستاندارد شک نابەم تا یەک بەیەکی یاسا و ڕێساکانی پیادە بکەم. بۆخۆی لە ئینگلیزیشدا هەموو ڕێک نەکەوتوون لەسەر ئەوەی کەی “فاریزە” بەکاربێت، بەڵام گەشتوونەتە ئەو ئاستەی یاساکانی ئەوەندە ڕوون بێ کە لە پرۆگرامێکی وەک “وێرد” بە ئاسانی کۆدبکرێت.