کورد لە کوێوە هاتوون؟

وێنەی پەڕەی 9 کتێبی “کوردەکان: خەڵکێ کە بەدوای وڵاتی خۆیاندا ئەگەڕێن” کێڤین مەککیران ناوێ نوسیوەتی چاپ 2006
وێنەی پەڕەی 9 کتێبی “کوردەکان: خەڵکێ کە بەدوای وڵاتی خۆیاندا ئەگەڕێن” کێڤین مەککیران ناوێ نوسیوەتی چاپ 2006

لە خۆڵەوە وەک ئەو خەڵکە

ئەوە پرسیار نیە. ئەگەر خەڵکی تر وەڵامی ئەو پرسیارەی لابێت، ئەوا تەنها سەرابێکە بۆخۆی دروست کردوە و دوایش بەدیوار شاردویەتیەوە لە خەڵکانی تر تا بۆخۆت دڵت لەخۆت دابمێنێ و دانیشی خۆت بە بچوکی خەڵک بزانیت. چۆن جان جاک ڕۆسۆ لە کتێبی “ئاخاوتن لەسەر نایەکسانی” دا باسی یەکەم بێ ئەقڵی مرۆڤ ئەکات کە پارچە زەویەکی داگیرکرد و وتی ئەمە هی منە، بەڕای بەندە، نەتەوەش هەروایە سەرەتاکەی. چونکە ژیان هیچ نیە شەڕی مانەوە نەبێت، ئەوی بەهێزترە بێهێزەکان بەکار ئەهێنێ بۆ خۆشگوزەرانی و تەمەنێکی درێژتر. ئەوەی بیردۆزە جیۆلۆجیەکان دیراسە بکات، هەتا ئەگەر ئەوانەش باوەڕیان بە چیرۆکە ئاسمانیەکان هەیە، نابێ بتوانن خاڵی سەرەتای نەتەوەیەک دیاری بکەن. قورئان ڕوونە لەم بارەیەوە، کتێبەکانی تر شارەزایان نیم.

لە ویکیپیدیا و جێگای تر، بەزمێکی یەکجار گەورە هەیە لەسەر ئەوەی کە کورد “بناغەیان تێکەڵە” (کتێبەکەی کێڤین مەککیران ٢٠٠٦) و “بنەچەیان نەزانراوە” و وەک بڵێی ئەگەر بپرسین ئەی “فارس” لەکوێوە هاتوون، یەکێ پێت ئەڵێ ساڵی ٢٢٠٠٠ ساڵ پێش زاین یەکێ لە دایناسورێ لەدایک بوو بە ناوی کورش. ئەمە گەمژەییە. دەنا چۆن ئەکرێ مرۆڤ ئەگەر لە ئادەمەوە هاتبێ یان بەپرۆسە خاوەکەی “بازدان”ی لای داروین، پێش ئەوەی زمان بگرێ، پێش ئەوەی ڕۆتینی ڕۆژانەی بۆ دروست بێ و بۆی ببێ بە عادەت، ناوی نەتەوە لە خۆی بنێ؟

ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە کە نەتەوە گرێدراوی زمانە، ناچم سەرچاوەت بۆ کۆ بکەمەوە بەڵام بۆخۆی ئەستەمە بتوانی نەتەوەیەک (جا پێناسەی نەتەوەش بۆخۆی فەرامۆش ئەکەین) بدۆزیەوە کە ناویان یەکجار جیاواز بێ لە ناوی زمانەکەیان. با بەڵگەی “ئاخاوتن”ەکەی بێرتراند ڕەسڵ جارێ هەڵگرین، هەتا ئەگەر بەڵگەی ناوی زمان چی بوو ناوی نەتەوەش ئەوەیە، سادەش بێ هێشتا گریمانەکە دروستە کە زمان گرێدراوی نەتەوەیە. کەوابێ ناکرێ نەتەوەیەک دروست بووبێ پێش ئەوەی زمانەکەی لەدایک بووبێت.

بۆیە گرنگتر وشەی “نەتەوە” خۆیەتی، ناچم سەیری کوردی بکەم، لام گرنگ نیە لەڕاستیدا، ئەچمە لای ئینگلیزی کە ئەگەر ئەوان پێش فەرەنسیەکان نەکەوتبن لە دروستکردنی “دەوڵەتی نەتەوە”دا ئەوا دوەمن. وشەی “نەیشن” ئەم پیاوە ئەڵێ لە “ناتەس سەم”ی لاتینیەوە هاتوە بەمانای “من لەدایک بووم”. پێشتریش خۆی ئەڵێ کەوا “وشە/کەلیمە” وەک “عانە”/پارەی ئاسن وایە نرخی ئەگۆڕێت. ئەمە هەمان قسەیە کە بێرتراند ڕەسڵ لە کتێبی شیکاری ئەقڵدا لە بەشی زماندا باسی ئەکات. لەوێدا گرنگتر لە وێکچواندنەکەی وشە بە عانە، بێرتراند ڕەسڵ ئەڵێ وشە/زمان کاریگەری لەسەر بیکردنەوەش هەیە (شیکاری ئەقڵ پەڕەی ١٩١ چاپی ١٩٢٢)، ئاشکراشە کە لای پیاوێکی وەک ڕەسڵ، ئەو لایەنەی گرنگترە تا لایەنە زمانەوانی و ڕێزمانیەکانی.

ئەنجا، گەر تەماشای مێژوی نەتەوە و نەتەوایەتی بکەین، هەتا زمانیش زۆر بڕوات چەن هەزار ساڵێک ئەڕوات، (شیکاری ئەقڵ پەڕەی ١٩٠ چاپی ١٩٢٢)، لەوێ ئەو ئەڵێ کە ناکرێ دەوڵەت (لە بابەتەکەی ئێمەشدا نەتەوە، جا هەر مانایەکی هەبێت) دروست بووبێ بێ ئەوەی زمانێ هەبێ کە خەڵک پێکەوە قسەی پێ بکەن، ئەمە ناو ئەنێم بەڵگەی “ئاخاوتن”. دەی مێژووی جیۆلۆجی بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی بۆ نمونە ئەوەی بە نیاندەرتاڵ ناسراوە ئەڕوات تا ٢٠٠ هەزار ساڵ. وە بوونی ژیان ئەڕوات بۆ ملیۆنەها ساڵ لەسەر زەوی. ئیتر چۆن کوڕێک لەدایک بوو نەتەوەی فارسی دروست کرد؟ یەتەوە سەر مریشک و هێلکەکە. کەسێکیش لای وابێ شتێکی وا ڕوویداوە، ئەوا چیرۆکی بەر ئاگردانی خواپێداوەکانە. خەڵەتاندنی ئەقڵ بچووکیش لەوەتەی مرۆڤ هەیە جۆرێکە لە هەڵسوکەوتی ئاژەڵ لەگەڵ ئەویتر کە لە گیاندارانی دەوروبەریشماندا هەر ماوە.

پرسیارە دروستەکان بۆ ڕابردوو ئەمانەن: کورد کەی خۆیان جیاکردەوە؟ یا چۆن جیا بوونەوە؟ ئایا جیاکراینەوە؟ وشەکە لە کوێوە هاتوە؟ شەرەفنامە چی تێدایە؟ لەڕاستیدا هەموو “ئێستا”یەک بۆخۆی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی لە ڕابردوودا خەریکی چی بووین و داهاتووش بەرەو کوێمان ئەبات. بۆیە زۆرێک لە وەڵامەکان لە ئیستادا دەستمان ئەکەوێت. جگە لەوەش ئەبێ پێش هەموو شتێ لەخۆت ببپرسی ئایا سودی ئەم پرسیارە چیە؟ بۆچیمە؟ چیم فێر ئەکات؟ سوکە زانیاریەکی من لەسەر کۆکردنەوەی داتای جیۆلۆجی هەروا داتای تەندروستیش پێم ئەڵێ کەوا هەندێ جار داتا زۆر بەسەختی بەڕێکی بەردەست ئەکەون، زۆربەی کات پڕیەتی لە نەزانراو و خانەی بەتاڵ. بۆیە ئەکرێ ئەم جۆرە پرسیارانەش، نەک پرسیارەکەی سەردێڕی ئەم بابەتە، وەڵامەکانیان لەسەختیدا دەست نەکەون نەک لە ناژیربێژێتیدا.

لەمێژە مێشکی من و هەزارەهای وەک من بە پرسیاری “ئێمە لە کویوە هاتوین” سەغڵەت کراوە، ئاخر خۆی پرسیارەکەش بەڵگەی ژێردەستەیی/ژێردەستەکراوی ئێمەی کوردە بۆیە گرنگە باسی بکەم. ئەوەندەی لەسەر زمانمان ئاسانە بڵێین “کورد قوڕبەسەرە” ئەوەندە لامان ئاسان نیە بڵێین دەی خۆ من و بابای ئەڵمان چیمان فەرقە؟ ئیتر کاتی ئەوە بەسەر چوە دانیشی بزانی ١٠ باپیرە گەورەت خادمی کام مزگەوت بووە یان سەردار و سوپاسالاری کامە سوپا بوە. پرسیارەکە ئەبێ لە چوارچێوەیەکی ژیرانەتردا بکرێ، بۆ نمونە بۆچیتە بزانی لە کوێوە هاتوی، هەتا ئەگەر بناغەش هەبێت، سودی چیە؟ یان تا کەی ئەم پرسیارە ئەکەی لە خۆت و لە ئێمەش؟ بۆیە ئەبێ پرسیارێ بکەین زانیاریەکمان بداتێ بەکاری بهێنین. بۆ نمونە: چ تایبەتمەندێتیەکی خانەقین لەگەڵ ماردین یەک ئەگرێتەوە؟ ئەی سنە و قامیشلی/قامیشلۆ چیان وەک یەکە؟ بۆ ئەمەش زانستی مرۆڤناسی (ئەنسرۆپۆلۆجیا) کە پیاوی وەک بێشکچی کاریان تێدا کردوە ئەبێ بەکاربێت. ئیتر ئەگەر ئۆجەلان بەڵگەی لابێ کە حەزرەتی ئیبراهیم لە ئورفا/ڕەحا لەدایک بووبێ چی لێ بکەم کاتێ ئەبینم هیچ نەبێ ٨٠٠ ساڵە یەک شاکارمان نیە لە بنێشت کردنەوە تا تەکنۆلۆجیای زانیاری.

ئەگەر هەر قایلیش نەبووی بەوانە، بەخۆت بڵێ باشە من کوڕی کابرایەکی فەقیرم و هیچ ئەسڵ و فەسڵێکم نیە یان ئەسڵم جنۆکەیە. دەی ئیتر ئەبێ تەواو بڕۆم کەناسی بکەم و بڕایەوە؟ یان ئەوەی ئەسڵزادەیە یەکسەر خۆبەخۆ بۆ کاری باش و جێگای باش؟ نەخێر بێ گومان. کەوابێ وەک نەتەوەش هەتا ئەگەر کوڕ/کچی جنۆکەش بین ئێ خۆ ئەبێ لە جێگایەکەوە دەست پێ بکەین. چونکە لە ئێستادا ئێمە کۆمەڵە مرۆڤێکین و ناسراوین بە وشەی “ک و ر د” کە شایانی دیراسەکردنە. ئاوا ئەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هەمان پرسیار بۆ هەموو نەتەوەیەکی تریش هەمان وەڵامی هەیە و ئەبێ پرسیاری تر بکەین نەک ئەوەی سەرەوە. بۆ نمونە:

ئێمە بۆچی وا دواکەوتوین؟

(شتێکم لەسەر نوسیوە جارێ بڵاوی ناکەمەوە)

بۆچی ئەنوسم؟

یەکەم: چونکە خۆشە و کاتی پێوە بەسەر ئەبەم و دواتریش خۆم نوسینەکانی خۆم ئەخوێنمەوە زۆر باشترە لەوەی نوسینی کەسێک بخوێنمەوە و شانازی پێوە بکەم کە زۆرجار ئەکرێ جاهیلێک بووبێ عەیارە بیست و چوار

دوەم: باوەڕم بەوەیە یەکەم کاری دوای فێربوون فێرکردنە. بۆیە نوسینێک نانوسم کە شتێکی تیا نەبێت خۆم فێری نەبووم و مەبەستم فێرکردن نەبێت

نەخێر وێنەی لەگەڵ دانانێم…