خێر بۆ خۆت ئەکەیت

مزگەوت بەناوی دەوڵەمەندێکەوەیە خوا ئەزانێ چەن درۆی کردوە تا پارەکەی کۆکردۆتەوە. مەکتەب ئەوە هەر مەپرسە، زانکۆ ئەوە ئیتر ناوی داهێنەرەکە دیار نەبێ دنیا وێران ئەبێت. هەڵبەت ئەمە بۆ وڵاتێکی وەک بەریتانیا لە ئاستی مەکتەبدا ڕاست نیە، بەڵکو مەکتەبەکانیان لەبەر ئەوەی سەرەتا کەنیسە و ئێستاش خاوەن زۆرێکیانن ناوەکانیان بەناوی سەید و قەشە گەورەکانەوەیە. قوتابخانەی یەکەمی من ناوی شیرین بوو، دوایی شاهۆ، دواتر ئەحمەد موختار و دواترینیشی خواجە فەتحوڵا خۆی و خوای خۆی ناوی نابوو “ئیشق” واتە تیشک یان ڕووناکی.

ئەوەی باشە درۆیان بۆ ناکەم، سەروەتێک نیە بتوانی خۆت بە تەنها کۆی بکەیتەوە، ئیلا ئارەقی کرێکاری داماوە لای تۆیە. ئەمەش تێزی فەلسەفی و هەروەها بنەمای ئابووری سەردەمە هەم فەیلەسوفەکان باسیان کردوە هەم بنەمای سەرمایەداریە هەتا سەرمایەداریە پاکەکەش.

ئەوەندەی خوێندومەتەوە و خێرخوازیم بیستوە لەم کابرا ئێرلەندیە ڕاستگۆترم نەدیوە کە یەکەمجار بە ویسکی فرۆشتن دەست پێ ئەکات. کە ئەگەر نەتوانی بابەتەکەی ویکیپیدیا بخوێنیتەوە بە کورتی کابرایەکە کە تەواوی سەروەتەکەی کە لە بازاڕی بێ باجی ناو فڕۆکەخانەکان دروست کردوە ئەبەخشێت بە پرۆژەی زانستی و پێگەیاندنی خەڵک زیاد لە ٢٠ ساڵ بە نهێنی بێ ئەوەی بهێڵێ ناوی بزانرێت.

مورتاحەفەنیش لە جێگایەکدا ئەڵێ: تۆ خێر ناکەیت بۆ کەسی خێرپێکراو، خێر بۆ خۆت ئەکەیت. هەربۆیە ٩٩٪ی خێرکەران کە بەرامبەرەکەیان گۆڕانکاری لە ژیانیاندا ناکەن بێتاقەت ئەبن. بۆ نمونە ئەڵێ کە تۆ بە کابرا ئەڵێی جگەرە مەکێشە مەرج نیە خەمی ئەوت بێ، بەڵکو پێت ناخۆشە ئەو ئەو تامە ئەچێژێ و تۆش ناوێری دەمی لێ بدەیت!

جا نەتەوەی نەدیوبدی وەک ئێمە، لەبەر ئەوەی چاومان کردۆتەوە چاوەڕێی خێرێکی شا فیڵان و سەرۆک فیسار بووین، کە کەسێک خێرێک بکات ناوێرین پێی بڵێین کاکە مەیکە و فشە مەکە بەسەر ماڵ و مناڵماندا. بۆ ناوێرین؟ چونکە نەدیوبدین یان خراپتر، هەموو مردوین بۆ دینارێکی دەوڵەمەندێک کە هی کرێکارێکی قوڕبەسەرە خواردویەتی. لەم دوو ڕوونکردنەوەیە زیاتر نابینم. دەنا ناکرێ کەسێک یان کەسانێک، بە تایبەتی حیزب، دەزگا دامەزرێنن و وەک کورد ئەڵێ ڕۆنی خۆت بدەن لە سمێڵی خۆت کەچی خەڵک دەستخۆشیان لێ بکات و وابزانرێ کابرا خێرخوازە.

هەروا بە گشتی کاتی ئەوەیە کە بپرسین لە خێرخوازانی کورد، چ کەسێک کە خۆی کردۆتە قارەمانێکی دیجیتاڵ و گوایە خزمەت ئەکات، چ شارێکی وەک هەڵەبجە کە ناوی چەندین دەوڵەمەند قوت کراونەتەوە لەسەر بینا و باڵەخانەکانی: خێر مەکەن و لە کاتی کاسبیکردندا دەستان کراوە بێ بۆ کڕیار و کرێکارەکانتان خۆی گەورەترین خێرە. لەم نمونەیەش چەندین کەس هەن کە بەڕاستی خەریکی خێرکردنن.

سەرمایەداری چیە؟

بۆ من کە کاتێکی وا شک نابەم بۆ زۆرێک لەم بابەتانەی لەسەریان ئەنوسم، ڕای کەسێک یان بیردۆزێک بەسە پەسەند بێ لەلام تا ئەوکاتەی شتێکی باشتر یان ڕاست ئەکرێتەوە بۆم. لەگەڵ وتنی ئەمەشدا ڕاستیەکەی تا ئێستا دانەنیشتووم خوێندنەوەیەکی قوڵ بۆ سەرمایەداری بکەم. بەڵام هەمیشە بناغەی سەرمایەداری یان کەپیتاڵیزمم بە پێناسەکەی خۆی وەرگرتوە کە لە ئۆکسفۆردیش ئەمەیە: خاوەنێتی موڵک و سەرمایە لەلایەن تاکەوە نەک دەوڵەت، بەڵام لە ویکیپیدا ئەم پێناسەیە دانراوە و سەرچاوەکانی لەوێ ڕیزکراون:

خاوەنێتی موڵک و سەرمایە لەلایەن تاکەوە و بەکارهێنانی بۆ قازانجی زیاتر.

پرۆفیسۆر حەراری لە کتێبەکەیدا شتێکی تر ئەڵێ کە من نەمبیستبوو دەربارەی سەرمایەداری. دیسان لە چوارچێوەی شێوازی پێشکەوتنی ڕۆژاواییەکان کە لەبابەتی پێشوو وتمان جیاواز تەماشای زانست و زانینیان کردوە. بەوە دەست پێ ئەکات کە فەیلەسوفی سکۆتلەندی ئادەم سمیث و دامەزرێنەری ئابووری نوێ، پێناسەی کەپیتالیزمی جیاواز کردوە.

گوایە سمیث وتویەتی کە سەرمایەداری بریتیە لە بەکارهێنانەوەی تەواوی سەرمایەکە دوای ئەوەی زیادەیە لە بەخێوکردنی خێزان و پێداویستیەکانی خاوەن سەرمایەکە بۆ دروستکردنی کار و بەرهەمی تر بە خەڵکی دەوروبەر. ئەمەش مەعنای وایە، تا کەسێک دەوڵەمەنتر بێ، کەسەکانی چواردەوری یان کرێکارەکانی زیاتر سودی لێ وەرئەگرن، کە باشترین نمونە لە مێشکی مندا کەسابەتەکەی خاوەن ماستی چۆبانیە کە کوردە و زۆرێکیش لەم کوردانەی لە دەرەوە کار و کەسابەت ئەکەن. وە ئەمەشم لەگەڵ دۆستانی نزیک زۆرجار باسکردوە بەڵام نەمزانیوە کە ئادەم سمیس پێش ٣٠٠ ساڵ باسی کردوە و بەبیردۆز خستویەتیە ڕوو.

پرۆفیسۆر حەراری ئەوەش ڕوون ئەکاتەوە کە لەسەر ئەو بنەمایە، گەر کەسێک یان کۆمپانیایەک، سەرمایە کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی لە خەڵکی دابڕێ ئەوا ئەوە سەرمایەداری پێ ناوترێ. چەندین بەڵگەش ئەهێنێتەوە کە بوونی ئەم جۆرە لە سەرمایەداری ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دادگایەکی سەربەخۆوە. لە کاتی نەبوونی دادگای سەربەخۆدا، ئەو ئەڵێ کەوا هەر جۆرە قەرز و کرێدیت بەخشینێک (کرێدییش خۆی بابەتێکی پێویستە)، سەرناگرێ و سەرەنجام وەک پرۆژەکەی شا لویی‘ی شانزەیەمی فەڕەنسی ئەکرێ ببێتە هۆی ئیفلاسکردنی حکومەتەکە و دواتریش ڕووخانی پاشایەتی لە فەرەنسا و بەرپابوونی شۆڕشی فەڕەنسی.

بە کورتی ئەو ئەڵێ ئەم سەرمایەداریەی ئادەم سمیث ناساندویەتی، لەگەڵ دیکتاتۆر و گەندەڵدا نایکرێ، بەڵکوو لە جێگایەکدا گەشە ئەکات کەوا دادگا تیایدا سەربەخۆبێ و لە کاتێکدا خاوەن مافێک مافەکەی خورا، بکرێ مافی بۆ بگەڕێندرێتەوە.

بە بڕوای پرۆفیسۆر حەراری، ئەم بیرکردنەوەیە، ئەوەی کە تا خاوەن سەرمایەکە بازرگانیەکەی گەورەتر و بەرهەمی زیاتر بێ، کرێکارەکانی خۆشتر ئەژین، وای کردوە کەوا ڕۆژاواییەکان بەم شێوەیە پێشکەون. نمونەی دامەزراندنی بۆرسەری ئەمستردامیش ئەهێنێتەوە وەک یەکەم شوێنی سەرمایەگوزاری بەکۆ، کە ئەو ئەڵێ لە سایەی دادگا سەربەخۆکانی هۆڵەندیەکاندا بوە. هەر لەم ڕوەوە ئەو ئەڵێ ئەم جۆرە لە سەرمایەگوزاری و سەربەخۆیی دادگا وای کرد کە هۆڵەندیەکان نەک ئیسپانیەکان دەربکەن لە وڵاتەکەیان، بەڵکوو ئەو ئەزموونە گەورەیەی دەریاوانی ئیمپراتۆریەتی ئیسپانی لەوان باشتر ئەنجام بدەن و ئەمڕۆ هۆڵەندیەکان بە پێشکەوتووترین ئەندازیاری ئاو و ئاوەڕۆ ناسراون.

پرسیارە گرنگەکەش کە پرۆفیسۆر حەراری ڕووبەڕوی ئەبێتەوە، ئەوەی کە چۆن ئەکرێ بەردەوام قازانج بکەیت و بەکاری بهێنیتەوە، چی ڕوو ئەدا کاتێ ئیتر کڕیار نامێنێ، بۆ نمونە خواردن ئەوەنە زۆر بوە کە خەڵک ئیتر قەڵەوبوون، دوو وەڵامی بۆ دا ئەنێ کە کاتێکی تر باسی ئەکەم. بەڵام گرنگ ئەوەیە بەشێک لە وەڵامەکە لە پێناسەکە نزیکەو و ڕاستی ئەمڕۆی ڕۆژاواییەکانە، ئەویش ئەم دیاردەیەیە: فەقیرەکان خواردن وا زۆر بوە لایان کە زۆرێکیان قەڵەون، دەوڵەمەندەکانیش وەک فەقیرەکانی جاران، ناتوانن تێر نان بخۆن و هەمیشە خەریکی ئەوەن ئەوەی لێیان زیادە دووبارە سەرمایە گوزاری پێ بکەن کە پێناسەکەی ئادەم سمیث دەقاودەق ئەپێکێت.

چەن ئەم جۆرە سەرمایەداریە ئەگونجێ لەگەڵ دین، وە چەندە شێوازەکانی تری سەرمایەداری یاخوود تیۆرە ئابووریەکانی تر ئەکرێ بەسەر ئەم جۆرە لە سەرمایەداریدا زاڵ ببن، نە پرۆفیسۆر تەواو باسی ئەکات نە منیش زانیاریەکی وام هەیە یارمەتیت بدەم. بەڵام بە کورتی ئەکرێ تۆش و منیش هاوڕابین لەسەر ئەوەی کەوا گەر ئەم جۆرە لە سەرمایەداری بەسترابێتەوە بە دادگای سەربەخۆوە، ئەوا ناکرێ شتیکی خراپ بێت. ئەو ڕاستیەش کەوا سیستمێکی تر لە ٣٠٠ ساڵی ڕابردوودا زاڵ نەبوە بەسەریدا ئەکرێ دیسان بەڵگەبێ بۆ خراپ نەبوونی سیستمەکەی ئادەم سمیث.

 

خاک فرۆشتن، جان جاک ڕۆسۆ

جان جاک ڕۆسۆ
ڕۆسۆ

قسە زۆرە لەسەر ئەقڵ و فەلسەفەی جان جاک ڕۆسۆ، بەڵام کارم بەوانەوە نیە. کتێبەکەی بێشکچی، ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، سەرەتاکەی ئەم پەراگرافەی جان جاک ڕۆسۆیە:

“یەکەم کەس، دوای ئەوەی پارچەیە زەوی پەرژین کرد، خستیە مێشکیەوە بڵێ ئەمە هی منە و توانی خەڵکانێکی ئەوەندە کەم ئەقڵ بدۆزێتەوە کە باوەڕی پێ بکەن وایە، ئەو کەسە دامەزرێنەری کۆمەڵگای شارستانیە. چەن تاوان، شەڕ، قەتڵ، چەنە خەم و خەفەت و تۆقاندن ئەکرا ڕووی نەدایە گەر یەکێ دارەکانی هەڵگەندایە یا چاڵەکانی پڕ کردایەتەوە و بە پیاوانی چواردەوری بوتایە: ‘ گوێ لەم زۆرزانە مەگرن. فەوتاون ئەگەر بیرتان بچێت بەری ئەم سەرزەویە هی هەمووتانە و زەوی هی کەس نیە'”. بەشیک لە کتێبی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی.

مەسەلەی موڵکایەتی، هەر لای بێشکچی بابەتی توێژینەوە نیە. پیاوانی وەک کارل مارکس تا ئەگاتەوە بە ئەفلاتون، وەک لە بابەتەکەی پێشتر بەڵێنم دابوو ئەخوێنمەوە لەسەریان، لای بێرتراند ڕەسڵ کورتەیەکی یۆتۆپیاکەی باسکراوە، لەوێدا ئەو ناهێڵێ کەس خاونی هیچ شتێک بێت. هەڵبەت لای ڕەسڵ خۆی موڵکایەتی کێشە نیە، چۆنێتی موڵکایەتیەکە کێشەکەیە.

ئەم دوو پەرەگرافە دوای بینینی ئەم کلیپەی پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح هات کە تیایدا ئەڵێ کۆمپانیای شەرق و ئەوسەت لەو جێگایەی ناونراوە کوردستان، لە ملیۆنێک مەتر زەوی سێ ملیار دۆلار قازانجی کردوە. هەڵبەت کەسیان وەک شێرکۆ بێکەس ناتوانن وەسفی ئەو خاک فرۆشیە بکەن دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی لەو مەملەکەتە دەستیان داوەتێ.