خوێندنی زانکۆ

نوسینی: بێرتراند رەسڵ، ١٩٥٩

خوێندن بە گشتی بابەتێکی یەکجار گەورە و ئاڵۆزە کە چەندین کێشە لەخۆ ئەگرێت. لەم نوسینەدا، پێشنیار ئەکەم، باسی هەندێکیان بکەم لەوانە گونجاندنی خوێندنی زانکۆ لە هەلومەرجە مۆدێرنەکاندا.

زانکۆ دامەزراوەیەکە بەشێوەیکی بەرچاو کۆنە. زانکۆکان لە سەدەی بیستەم و سیازدەهەمدا گەشەیان کرد لە خوێندنگا مەسیحیەکاندا کە خواناسە کۆنەکان فێری هونەری “جەدەل/دیالەکتیک” کردن بوون. بەڵام، لە ڕاستیدا، ئامانجەکانی پشت زانکۆکان ئەگەڕێتەوە بۆ مێژووی کۆنتر. کەسێک ئەکرێت بڵێت “ئەکادیمیای ئەفلاتوون” یەکەم زانکۆ بوو. ئەکادیمیای ئەفلاتوون ئامانجی جوان-دیاریکراوی هەبوو. ئامانجی بەرهەمهێنانی کەسانێک بوو کەوا گونجاوبن بۆ ئەوەی ببنە سەرپەرشتیئار لە “کۆمارە” خەیاڵیەکەیدا. ئەو خوێندنەی ئەفلاتوون دیزاینی کردبوو بە مانای ئەمڕۆ ناکرێ ناو بنرێت “کەلتووری”١. پەروەردەیەکی “کەلتوووری” لە بنەمادا پێک دێت لە فێربوونی لاتین و یۆنانی. بەڵام یۆنانیەکان پێویستی بەوە نەدەکرد کە فێری لاتینی ببن. ئەفلاتوون لە بنەمادا خوازیار بوو لە ئەکادیمیاکەی بوترێتەوە، یەکەم بیرکاری و ئەستێرەناسی، و ئەنجا فەلسەفە بوو. فەلسەفەکە دەبوایە ئیلهامێکی زانستی بە تامێکی “ئۆرفی”٢ــیانەی هەبوایە. شتێکی لەم بابەتە، لە بەرگی ڕیفۆرمکراوی جیاوازدا، لە ڕۆژاوا بەردەوام بوو تا ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم. دوای چەن سەدەیەک، لەلایەن عەرەبەکانەوە بەردەوام بوو، و لەوانیشەوە زیاتر لەڕێگای جولەکەکانەوە، جارێکی تر گوازرایەوە بۆ ڕۆژاوا. لە ڕۆژاوا تا ئێستاش زۆرێک لە ئامانجە بنچینەییە سیاسیەکانی ئەفلاتوونی تێدا ماوەتەوە، لەبەر ئەوەی ئامانجی نوخبەیەکی پەروەردەکراوە کەوا بتوانن کەم تا زۆر کۆنترۆڵی تەواوی دەسەڵاتی سیاسی بکەن. ئەم ئامانجە مایەوە، نزیک بەنەگۆڕاوی، تا نیوەی دوەمی سەدەی نۆزدەیەم. لەدوای ئەو کاتەوە، ئامانجەکە تا دێت زیاتر دەستکاری ئەکرێت بە دوو مادەی نوێ، زانست و دیموکراسیەت. تێخستنی دیموکراسیەت بۆ ناو ئەنجامدانی ئەکادیمیا و بیردۆز زۆر گەورەترە لە زانستەکە و زۆر سەختتریشە لەوەی یەکبخرێتەوە لەگەڵ هەرشتێک لە ئامانجەکانی ئەکادیمیاکەی ئەفلاتوون.

خوێدننی زانکۆ، کە لەئێستادا لەتەواوی وڵاتە شارستانیەکاندا بە شتێکی سادە تەماشا ئەکرێت، زۆر بە توندی دژیەتی دەکرا، لەسەر چەن بنەمایەک کە بەگشتی ئەریستۆکراتی بوون، تا ئەو کاتەی کە بینرا کەوا دیموکراسیەتی سیاسی ئیتر بوەتە حەتمیەت. هەر لە کاتە کۆنەکانی مێژوەوەوە هێڵێکی تیژ هەبوە لەنێوان کەسانی خوێندەوار و نەخوێندەواردا. خوێندەواران ڕاهێنانی توندیان پێکرابوو و فێری زۆر شت بووبوون، نەخوێندەوارانیش نەیانتوانیوە بخوێننەوە و بنوسن. خوێندەواران، کە قۆرخی دەسەڵاتی سیاسیان کردبوو، هەمیشە تۆقیبوون لەوەی کەوا خوێندن بخرێتە بەردەست “چینی خوارەوە”. سەرۆکی “کۆمەڵگای شاهانە” لە ساڵی ١٨٠٧دا لای وابوو کەوا کارەسات دەبێت ئەگەر پیاوانی چینی کرێکار فێری خوێندن ببن، لەبەر ئەوەی کاتەکانیان بەوەوە بەسەر ئەبەن کە خەریکی خوێندندەوەی کتێبەکانیی “تۆم پەین” بن. کاتێک باپیرم خوێندنگایەکی سەرەتایی دامەزراند لە ناوچەکەی خۆیدا، دراوسێ دەوڵەمەندەکانی هاواریان لێ هەستابوو، وتبوویان کەوا ئەمە دەبێتە هۆی لەناوبردنی کۆمەڵگا ئەریستۆکراتیەکەی ئەوان. دیموکراسیەتی سیاسی بوو، لانی کەم لە ئینگلتەرا، کە وای کرد گۆڕانکاری بەسەر بۆچووندا بێت لەسەر ئەم بابەتە. دیزرەیلی٣، دوای ئەوەی کە دەنگی کۆکردەوە بۆ پیاوانی کرێکارانی ناو شارەکان، لایەنگری خوێندنی ناچاری بوو بۆ هەموان و ئەم دەستەواژەیەی بەکار ئەهێنا “ئێمە پێویستە گەورەکانمان فێر بکەین”. خوێندن وای لێهات کە ببێتە مافی هەموو ئەوانەی کە خوازیاری بن. بەڵام ئاسان نەبوو کەوا چۆن دەکرێت ئەم مافە درێژ بکرێتەوە بۆ خوێندنی زانکۆ، هەروا چۆن دەکرێت زانکۆکان کردارە مێژوویەکانی خۆیان ئەنجام بدەن.

ئەو هۆکارانەی وای کردوە دەوڵەتە شارستانیەکان خوێندنی گەردوونی (بۆ هەموان) لەخۆ بگرن جیاوازن. کەسانی بەحەماس هەبوون بۆ ئامانجی ڕۆشنگەرایی کە لایان وابوو هیچ سنوورێک نیە بۆ ئەو هەموو چاکەیەی خوێندن لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت. لەناو ئەمانەدا کەسانێک هەبوون کە زۆر کاریگەریان هەبوە لەسەر دەمڕاستی کردنی سەرەتای خوێندنی گەردوونی. ئەنجا کەسانی تر هەبوون کەوا زیاتر پراکتیکی تر بوون و زانیویانە کەوا دەوڵەتی مۆدێرن و پرۆسە مۆدێرنەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن ناکرێت بەئاسانی بەڕێوە ببرێت ئەگەر ڕێژەیەکی زۆری خەڵک خوێندەواریان نەبێت. کۆمەڵی سێیەمیش کەسانێک بوون کەوا لایان وابوە خوێندن مافێکی دیموکراسیە. کۆمەڵی چوارەمیش هەبوون، کەسانی بێدەنگتر و کەم کراوەتر، کە دەیانزانی چ هەلێک هەیە لە خوێندندا لە ڕووی پڕوپاگەندەی فەرمیەوە. گرنگی خوێندن لەم ڕووەیانەوە یەکجار گرنگە. لە سەدەی نۆزدەیەمدا، زۆرێک لە شەڕەکان لای زۆرینەوە ناپەسەند بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی پیاوان فێری خوێندنەوەی ڕۆژنامە کرابوون، هەموو جەنگەکان بوونە جەنگی پەسەندکراو لەلایەن زۆرینەوە. ئەمە تەنها نمونەیەکی کۆنترۆڵکردنی ڕای گشتیە کەوا دەسەڵات دەستی کەوتوە لە ڕێگای خوێندنەوە.

هەرچەندە زانکۆکان ڕاستەوخۆ بایەخیان نەداوە بەم پرۆسە پەروەردەییانە، بەشێوەیەکی گەورە کاریان تێکراوە، بە گشتی قسە بکەین، شتێکی حەتمیە بەڵام لانی کەم یەکجار بێتاقەتکەرە بۆ ئەوانەی کە بیانەوە ئامانجە کۆنەکان لە زانکۆکاندا بمێنێتەوە.

سەختە قسە بکرێت لەسەر دەمڕاستی کردن دەربارەی ئامانجە کۆنەکان بەبێ ئەوەی زمانێک بەکار نەهێنرێت کەوا تامێکی کۆنی هەبێت. جیاوازیەک هەیە، کە پێشتر بە گشتی دانی پێدا نرابوو، لەنێوان توانا و حیکمەتدا. گەشەکردنی ئاڵۆزیەکانی تەکنیک وا ئەم جیاوازیەی کاڵ کردۆتەوە، لانی کەم لە هەندێ ناوچەدا. هەندێ توانا هەن کەوا زۆر ڕێزیان لێ ناگیرێت هەرچەندە دەست خستنیان سەختیشە. کەسێک کە جوڵەی سەختی جەستە ئەنجام بدات، پێم وتراوە، دەبێت لە منداڵیەوە دەست پێ بکات، و کاتێک دەبێتە کارامە، توانایەکی دەگمەن و یەکجار سەختیشی هەیە. بەڵام ئەمە وەک توانایەکی کۆمەڵایەتی بە سودمەند دا نانرێت، هەر لەبەر ئەوەشە کەوا، لە قوتابخانە و زانکۆکاندا ناوترێتەوە. هەرچەندە، توانایەکی زۆریش هەن کە ژمارەیان زۆر بەخێرایی زیاد دەکات، مادەی یەکجار گرنگی سەروەت و دەسەڵاتی نەتەوەیەکن. زۆربەی ئەمانە توانایەکی نوێن و ڕێزیان بۆ دانانرێت لەلایەن کەلتوورە کۆنەکانەوە. هەندێکیان دەکرێت ڕێگا خۆشکەر بن بۆ حیکمەت، بەڵام بڕێکی زۆریان نەخێر. بەڵام، تۆ لێم ئەپرسیت، مەبەستت چیە لە “حیکمەت”؟ خۆم ئامادە نەکردوە بۆ پێناسەیەکی پوخت. بەڵام ئەوەی لە توانامدا هەیە ئەیکەم بۆ ئەوەی ڕای خۆم بڵێم لەسەر ئەوەی ئەم وشەیەک توانای چ مانایەکی هەیە. وشەیەکە (حیکمەت) بەشێکی پەیوەستە بە زانین و بەشێکیشی بە هەستکردن. دەبێت مانای یەکێتیەکی نزیکی تایبەت بێت لە زانین و بەهەند زانینی قەدەری ئینسان و ئامانجی ژیان. پێویستی بە فراوانیەکی خەیاڵ هەیە، کە بەڕاستی سەختە بەبێ زانینێکی یەکجار گەورە. بەڵام پێویستیشی بەوەیە، هەستکردنێکی فراوانیشی لەگەڵدا بێت، کە بریتیە لە دڵسووتانێکی گەردوونی. من پێم وایە، خوێندنی باڵا دەبێت ئەوەی پێویست بکات بیکات بۆ بانگەشەکردن بۆ نەک زانین بەڵکوو حیکمەت. پێم وا نیە ئەمە کارێکی ئاسان بێت، و پێشم وانیە کەوا ئامانجەکە پێویست بکات یەکجار وشیار بێت لەم ڕوەوە، بۆ ئەوەی نەبێتە شتێکی لەقاڵبدراو و خۆ-بەڕاست-زان. دەبێت شتێک بێت کەوا نزیک لاشعوری بێت لە مامۆستادا و نزیک بێمەبەست بگەیەنرێت بە قوتابی. هاوڕام لەگەڵ ئەفلاتوون کەوا ئەمە گەورەترین شتێکە کەوا خوێندن ئەنجامی بدات. بەداخەوە، یەکێکە لە هەرە ژێرمەترسی خراوەکان بە تێخزاندنی شیعاری دیموکراسیەتی ڕووت بۆ ناو زانکۆکانمان.

توندڕەویەتی دیموکراسیەت ئەوەیە بوترێت پیاوان هەموو یەکسانن. هەستێک هەیە لەمەدا کە بەڵێ ڕاستە، بەڵام شتێک نیە کە کەسانی پەروەردەکەر خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن. دەکرێت بە دەستەواژەی “پیاوان هەموو یەکسانن” بەڕاستی مەبەست ئەوە بێت لە هەندێ لایەنەوە مافی یەکسانیان هەیە و پێویستە بەشی یەکسانیان هەبێت لە دەسەڵاتی بنچینەیی سیاسیدا. کوشتن کوشتنە کوژراوەکە هەرکەسێک بێت، پێویستە هەموو کەسێک پارێزراو بێت لێی لەلایەن یاسا و پۆلیسەوە. هەر کۆمەڵە پیاوێک یان ژن، کەوا بەشیان نەبێت لە دەسەڵاتی سیاسیدا بەدڵنیاییەوە دووچاری جۆرێک لە نادادپەروەری دەبن کە هیچ پاساوێکی نیە. هەموو پیاوان پێویستە لەبەرامبەر یاسادا یەکسان بن. ئەم جۆرە پرەنسیپەیە کە پێکهێنەری ئەوەی بەکارە لە دیموکراسیەتدا. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە کەوا ئێمە دان بەوەدا نەنێین کەوا پلەی جیاواز هەیە بۆ توانا یان لێهاتوویی لە تاکە جیاوازەکاندا. هەموو مامۆستایەک دەزانێت کەوا هەندێ قوتابی خێرا و هەندێکی تر خاو. هەموو مامۆستایەک دەزانێت هەندێک کوڕ و کچ حەزیان بەهێزترە بۆ بەدەستخستنی زانین، لەکاتێکدا هەندێکی تر دەبێت زۆریان لێ بکرێت تا ئاستی کەمترینی داواکراو لەلایەن دەسەڵاتی پەروەردەییەوە فێر ببن. کاتێک گروپێک خەڵک پێکەوە فێر دەکرێن لە پۆلێکدا، بەبێ گوێدانە کەمی و زۆری تواناکانیان، خێرایی فێرکردنەکە زۆر خێرا دەبێت بۆ بێئەقڵەکان و زۆر خاویش بۆ زیرەکەکان. بڕی فێکردنی پێویست بۆ کەسێکی گەنج پەیوەستە تا ڕادەیەکی یەکجار زۆر بە توانا و زەوقی خۆیەوە. منداڵێکی تەمەڵ تەنها گوێ دەگرێت بۆ ئەوەی کە لەسەریەتی فێری ببێت لە کاتێدا کە مامۆستا لەوێ بێت و جەخت بکاتەوە لەسەر بابەتی وانەکە. کەسێکی یەکجار زیرەک، بەپێچەوانەوە، پێویستی بە هەل و جاروبارەش ڕێنمایی هەیە کاتێک دووچاری سەختیەک دەبێت کە بۆ ماوەیەکی کەم نەتوانێت بەسەریدا زاڵ ببێت. ئەنجامدانی فێکردنی زیرەک و تەمەڵ پێکەوە بەڕاستی جێگای داخە، بەتایبەتی کاتێک دەربارەی ئەوانەیان کە بەتوانان تیایاندا. بێزاری بێپایان دووچاری ئەوانەیان دەبێت کە زۆر بەتوانان و دەبینین بابەتێک کە ئەمان زۆر پێشتر تێی گەشتوون ڕوون ئەکرێتەوە بۆ ئەوانەیان کە لە دواوەن. ئەم خراپیە لەگەڵ گەورەیی تەمەنی قوتابیەکەدا خراپتریشە. ئەو کاتەی کە قوتابیەکی گەنجی بەتوانا دەگاتە خوێندنی زانکۆ، ئەوەی کە پێویستیەتی بریتیە لە جاروبارە ئامۆژگاری (نەک فەرمان) بەنیسبەت ئەوەی کە چی بخوێنێتەوە و مامۆستایەکیش کە هەم کات هەم دڵسۆزی هەبێت بۆ ئەوەی گوێ لە سەختیەکانی بگرێت. ئەو مامۆستایەی کە لە مێشکی مندا هەیە دەبێت کەسێکی یەکجار بەتوانا بێت لەو بابەتەی کە قوتابیەکە تیایدا تەخەسوس دەکات، بەڵام مامۆستاکە دەبێت ئەوەندە گەنجیش بێت کە بیری بێت کە چ جۆرە سەختیەک ئەکرێ بێتە پێش قوتابیەکە، و ئەوەندەش دەقی نەگرتبێت بەوەی کە نەتوانێت موناقەشە بکات بەبێ دەمارگیری. موناقەشەکردن بەشێکی زۆر بنچینەییە لە پەوروەردەی باشترین قوتابیەکاندا و پێویستی بەوەیە دەسەڵات تیایدا وجودی نەبێت ئەگەر بمانەوێت ئازاد و بەرهەمدار بێت. من تەنها بیر لەوە ناکەمەوە موناقەشەکە لەگەڵ مامۆستادا بێت بەڵکوو موناقەشەی نێوان قوتابیەکان خۆشیان. بۆ موناقەشەی لەو جۆرە، پێویستە کاتی خۆش بەسەر بردن هەبێت. بۆیە ئەوە ڕاستیەکە کەوا کاتی خۆش بەسەر بردن لوتکەی گرنگیە لە ساڵانی خوێندندا. کاتێک من خوێندکاری زانکۆ بووم، پەیمانێکم دابوو، کاتێک بوومە مامۆستای زانکۆ وای دابنێم کە موحازەرە بۆخۆی هیچ سوودێکی نیە وەک مێتۆدێکی فێرکردن، بەڵکو تەنها وەک جوڵێنەرێکی جاروبار. بەلای ئەو قوتابیانەوە کە بەتوانان، هێشتا هەر ئەم بۆچوونەم هەیە. موحازەرە وەک مێتۆدی فێرکردن لە زانکۆکاندا شتێکی تەقلیدیە و بێگومان پێش داهێنانی چاپ سوودبەخش بوە، بەڵام لە دوای داهێنانی چاپەوە بەنیسبەت قوتابیە زیرەکەکانەوە ئیتر کۆن بووە.

بەلای منەوە، تا ڕادەیەکی زۆر قەناعەتم هەیە، هەڵەیە کەوا لەسەر بنەمای دیموکراسیەت دژایەتی ئەوە بکرێ کە قوتابی زیرەک و تەمەڵ جیاکرێتەوە لە فێرکردندا. لە بابەتانێکدا کەوا خەڵک بەلایەوە گرنگە کەس خەو بەوەوە نابینێت کە دیموکراسیەت بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت. هەموو کەسێک ئامادەیە دانی پێدا بنێت کە هەندێ وەرزشکار لە هەندێکی تر بەتواناترن، هەروەها ئەستێرەکانی ناو فلیمی سینەمایی پێویستە ڕێزی زیاتریان لێ بگیرێت لە خەڵکی ئاسایی فانی. ئەمەش هۆکارەکەی ئەوەیە کەوا ئەم کەسانەی ئەم جۆرە توانایەیان هەیە هەتا ئەوانەش کە ئەو توانایەیان نیە سەرسامن پێیان. بەڵام توانای زیرەکی، بەنیسبەت سەرسامی لەلایەن قوتابی تەمەڵ بەوانەوە، شتێکە کە بە ئەرێنی و بە جددی نەخوازراوە، هەتا لەلایەن کەسانی باڵغیشەوە، وشەی “کەچەڵی زیرەک” دەربڕینێکە ڕێزی تێدا نیە. یەکێک لەو ناشیرینیانەی دەسەڵاتی سەربازی سەردەم ئەوەیە کەوا ئەو کەسەی کە سەرکەوتن لە جەنگدا مسۆگەر دەکات چیتر کەسێک نیە ڕێزی لێ بگیرێت و لەسەر ئەسپێک بە قنجی دانیشتبێت، بەڵکوو زانایەکی تێکشکاوە کە هەموو مناڵێکی سەرباز-ئەقڵ لە گەنجێتیدا ئامادە بوە گاڵتەی پێ بکات. بەڵام، دەبێت بڵێم لە بواری کوشتندا نیە کە پێم خۆشە کەسانی “کەچەڵی زیرەک” باشترە ڕێزیان لێ بگیرێت.

پێویستیەکانی جیهانی مۆدێرن ناکۆکیەکی هێناوەتە ناو، کە باوەڕم وایە دەکرێت خۆمانی لێ لا بدەین، لەنێوان بابەتە زانستیەکان و ئەوانەی کە ناونراون “کەلتووری”. ئەمەی دوەمیان نوێنەرایەتی کەلەپور دەکات و هێشتاش، لە وڵاتەکەی مندا، جۆرێکە لە خۆبەزلزانینی لوتبەرزانە. نەزانینی کەلتوور، لە دوای ئاستێکەوە، ئیتر نەخوازراوە. نەزانینی زانستی، هەرچەندە تەواویش بێت، وانیە. من پێم وا نیە کەوا جیاکردنەوەی نێوان خوێندنی زانستی و خوێندنی کەلتوری هێندە بەو ڕوونیە جیاوازیەکەیان دەرکەوێت کە وادیارە. من وا دەزانم کەوا هەموو قوتابیەکی زانستی پێویستە هەندێک زانیاری هەبێت لەسەر مێژوو و ئەدەبیات، و هەروەهاش قوتابیە کەلتووریەکان پێویستە هەندێک ئاشناییان هەبێت لەگەڵ هەندێک لە بۆچوونە بنچینەییە زانستیەکاندا. هەندێ کەس دەڵێن کات بەشی ئەوە نیە لە خوێندنی پرۆگرامی زانکۆدا، بەڵام، من باوەڕم وایە کەوا ئەم بۆچوونە دروست بووە لە ئەنجامی ئەوەی کە ویستێک نیە بۆ ئەوەی خوێندن بگونجێنێت لەگەڵ کەسانێک کە نەیانەوێت لە بابەتێکدا زۆر قوڵ ببنەوە. زیاتریش مەبەستم ئەوەیە، ئەو خوێندنە کەلتووریەی ئەخرێتە بەردەم قوتابی زانستی، پێویست ناکات زمانی یۆنانی یان لاتینی تێدا بێت. بەهەمان شێوەش وا ئەزانم ئەو بابەتە زانستیانەی ئەخرێتە بەردەست ئەوانەی کە نایانەوێ لە بابەتی زانستیتا پسپۆڕی پەیدا بکەن دەبێت دەربارەی مێژووی زانست و بەشێکیشی دەربارەی لایەنەکانی مێتۆدی زانستی بێت. وا ئەزانم شتێکی باشە کەوا جاروبارە موحازەرەی پیاوانی دیار بۆ هەموو قوتابیان پێشکەش بکرێت و نەک تەنها بۆ ئەوانەی کە پسپۆڕیەکەیان لە بابەتە پێشکەشکراوەکەدایە.

هەندێ شت هەن پێم وایە دەبێت شایانی کردن بن، هەرچەندە لە ئێستادا وا نیە، بەوەی ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ وتنەوەی وانەی زانکۆدا هەیە سەرپێیی تەماشا بکرێن. تەبیعی ئەم پیاو و ژنانە، پێویستە لە بابەتێکدا پسپۆڕ بن. بەڵام، زیاد لەمە تەماشاکردنێکی گشتی هەیە کە پێویستە ئەوانەی فێریان دەکەن لەپێش خۆیانەوە دایان بنێن. پێویستە بەهای ڕۆشنبیری و گەڕان بەدوای زانیندا لەخۆیاندا بەرجەستە بکەن. پێویستە ئاشکرای بکەن کەوا ئەوەی لە هەر کاتێکدا بە زانین دا ئەنرێت، ئەکرێ لە ڕاستیدا هەڵەی تێدا بێت. پێویستە ئەوە بچەسپێنن لە مێشکیاندا کە دەبێت ڕۆحیان مەزهەبی نەبێت، بەڵکو بەڕۆحێکی گەڕانی بەردەوام و لە دۆخی پاڵدانەوەی دڵنیاییدا نەبن. هەقە هەوڵی ئەوە بدەن کە وشیاریەکی جیهان بەکۆ دروست بکەن، نەک تەنها ئەوەی کە ئێستا لێمان نزیکە لە کات و لە بۆشاییدا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری هەڵەکردن، هەق وایە گرنگی لێبوردەیی ڕوون بکەنەوە. هەقە بیری قوتابیەکان بخەنەوە کەوا ئەوانەی پاش مەرگیان ڕێزێکی زۆریان لێ گیراوە لەسەردەمی خۆیاندا کەسانی بێ جەماوەر بوون، لەسەر ئەم بناغەیەش، ئازایەتی کۆمەڵایەتی بەهایەکە لە لوتکەی گرنگیدا. لەسەرو هەمووشیانەوە، هەموو مامۆستایەک کەوا خەریکی هەوڵێکە بۆ زۆرترین سوودی قوتابی کە قسەیان لەگەڵدا ئەکات پێویستە خۆی وەک خزمەتکاری ڕاستی دابنێت و نەک خزمەتکاری ئەم یان ئەو بەرژەوەندی لایەن یان سیاسەتێک. ڕاستی مێخودایەکی درەوشاوەیە، هەمیشە پەچەدار، هەمیشە دوور، هەرگیز ناتوانی تەواو لێی نزیک بیت، بەڵام شایانی هەموو ئەو خۆتەرخانکردنەیە کە لە توانای ڕۆحی مرۆڤدا هەیە.

پێڕست

١. ڕەسڵ لە نوسینەکەیدا وشەی “وێژەیی” بەکار ناهێنێت بەڵام زانستی و وێژەیی نەک کەلتوری لە کوردیدا باوترە، بەڵام لەبەر ڕێزی نوسینەکە وەک خۆی وشەی culturalم کردوە بە کەلتووری

٢. ئۆرفیەس، شاعیری یۆنانی بوە. زیاتر بخوێنەوە خۆت

٣. دیزرەیلی دووجار سەرۆک وەزیرانی ئینگلتەرا بوو لە سەدەی ١٩دا ژیاوە

خۆشەویستی، زانین و بەزەیی

سێ سۆز، سادە و یەکجار بەهێز حوکمی ژیانمی کردوە: حەسرەتی خۆشەویستی، گەڕان بەدوای زانین، و دەردەسەری تەحەمولنەکراوی مرۆڤایەتی. ئەم سۆزانە، وەک ڕەشەبای بەهێز، هەڵیگرتوم و بردومی، بە ئاراستەی نەگۆڕدا، بەسەر دەریایەک لە چەرمەسەری، تا گەشتوم بە کەناری بێهیوایی.

 وێنەیەکی گوگڵ بۆ گەڕانی “موچەی خانەنشینی” ڕۆژی ٩-١٢-٢٠٢٠ گیراوە

بەدوای خۆشەویستیدا گەڕاوم، چونکە، یەکەم شت مەستی ئەهێنێ – مەستیەک ئەوەنە گەورەیە کە زۆر جار ئەکرا تەواوی ژیانم بکەم بە قوربانی چەن سەعاتێک لەم لەزەتە، عەوداڵی بوم، دوەم شت چونکە تەنهایی ئەڕەوێنێتەوە — ئەو هەستە تەنهاییە پیسەی کە تیایدا کەسێک بەدەم لەرزینی هۆشیاریەوە لەسەر لێواری ژیانەوە تەماشای تاریکییەکی بێژیانی بێمەعنا بکات. ئەنجا سێیەم و کۆتا هۆی ئەوەی عەوداڵی بووم، چونکە ئەو یەکگرتنەی بینیومە لە ئەنجام خۆشەویستیدا دروست بوە، بە شێوەیەکی بچوکی ئەفسوناوی، ئەو خەیاڵە پێشوەختەیە کە سەید و شاعیران خەیاڵیان کردوە. بەدوای ئەمەدا گەراوم، هەرچەندە وا دیارە ئەمە ڕاست نەبێ بۆ ژیانی مرۆڤ چونکە ئەوەندە چاکە، ئەمە بوو –ئۆخەی ئەخیرەن–دۆزیمەوە.

بەهەمان سۆزەوە بەدوای زانیندا گەڕاوم. ویستومە لە دڵی مرۆڤ تێ بگەم. ویستومە بزانم کە ئەستێرەکان بۆچی ئەگەشێنەوە. هەروەها هەوڵم داوە هێزە فیساغۆرسیەکان تێ بگەم کە تەنها بەو ژمارانە ئەتوانی نەگۆڕیەکت دەستکەوێ لەم هەموو شەپۆلەی ژیاندا. کەمێک لەمە، بەڵام نەک زۆر، بەدەستم هێناوە.

خۆشەویستی و زانین، ئەوەندەی کە قابیلی بەدەست هێنان بوون، بەرز بەرەو بەهەشت ئاراستەیان کردم. بەڵام هەمیشە بەزەیی هێناومیەتیەوە سەر زەوی. دەنگدانەوەی هاوارکردن لەتاو ئازار لەدڵمدا ئەزرنگایەوە. منداڵانی ناو قاتوقڕی، لێقەوماوانی ئەشکەنجەدراو لەلایەن چەوسێنەرانەوە، خەڵکانێکی پیری بێدەسەڵات کە بونە بە بار بەسەر کوڕەکانیانەوە، هەروەها تەواوی دنیای تەنهایی، فەقیری، و ئازار ئەوەی بەژیان دا ئەنرێ ئەکاتە گاڵتەبازاڕ.

ئەمە ژیانی من بوو. بە شایەنی ژیانم زانیوە، و پڕبەدڵ جارێکی تریش ئامادەم دوبارە هەمان ژیان بژیمەوە ئەگەر ئەو فرسەتە بخرێتە بەردەستم.

نوسینی بێرتراند رەسڵ

ئایدیاڵ چیە؟

ئایدیاڵ چیە؟

وشەی ئایدیاڵ ئەکاتە نمونەیی، خەیاڵی. لە فیکر و فەلسەفەدا بابەتێکی ئەبوایە سادە بوایە، بەڵام جاروبارە هەست ئەکەی زۆر قوڵە. لێرە ناتبەم بۆ ئەو دۆڵ و نشێوە و هیوادارم سادەی بکەمەوە بۆت. چونکە خۆشم بە ناچاری هەندێ شت دیراسە ئەکەم ئەگینا چاک ئەزانم تەنها کات کوشتنە و خەڵکانێک کە شتێکی باشتر نیە بیکەن خەریکی ئەو هەندێ بابەت ئەبن. ئێ بێرتراند ڕەسڵیش، ئەوەندەی من ئەیپەڕێنم لە کاتی خوێندنەوەدا، کەمتر بەڕاستی خۆی بە شتانێکەوە خەریک ئەکات کە کات کوشتن بێت.

بەڵام ئەمە گرنگە، وە لە کوێشدا بابەتەکە ئەوروژێنێ، کاتێ یوتۆپیا (مەدینە فازیلە)ی ئەفلاتوون ڕەخنەکاری ئەکات. لێرەوە دەست پێئەکات: “یوتۆپیا – مەدینە فازیلەیەک – ئەگەر بە جددی وەرگیرابێ، ئەبێ شتە نموونەییەکانی دروستکەرەکەی تیا بەدی هاتبێ” واتە ئەگەر تۆش خاوەن کۆمەڵێ ئەفکاری نموونەیی بی و لەناکاو کۆیان بکەیتەوە ئەکاتە مەدینە فازیلەیەک. ئەمە لایەنی ئەوەی کە بۆچی شتێکە لە مەدینە فازیلەوە هاتوە.

کەواتە، ڕەسڵ وتەنی با دەقەیەک بزانین “نموونەیی” یان ئایدیالێک چیە؟ شتێکە گوایە بۆ هەموو کەسێک ڕاستە/باشە. بۆ نمونە هەقە هەموو کەسێک دڵی خۆش بێت. هەمان نمونەی ڕەسڵم هێنایەوە، با لەسەری بەردەوام بین. بۆچی باشە هەموومان دڵمان خۆش بێت؟ چونکە من و تۆی خوێنەریش وا ئەزانین. باشە، چی تریش؟ من و تۆی خوێنەر حەزمان لەو شتەیە، حەزەکەین دڵمان خۆش بێت. کەواتە نموونەیی یان ئایدیال شتێکە جارێ خاوەنەکەی خۆی حەزی لێیەتی. بەڵێ وەک شتە زۆر تایبەتەکانی تر نیە و خۆی ئەزانێ هەموو کەسێکی تر حەزیان بۆ نمونە لە سەروپێ نیە، بەڵام هەست ئەکا هەموو کەسێک پێی خۆشە دڵی خۆش بێت.

ئا لێرەیە بێرتراند ڕەسڵ نموونەیی، ئایدیال هەڵئەوەشێنێ و دەست ئەخاتە سەر ئەوەی کە نموونەییش بۆخۆی هی کەسێکە. حەزی کەسێکی ترە وا ئەزانێ خەڵکانی تریش پێیان خۆشە. ئیتر ئەتوانی بڕۆی تەواوی نموونەکانی ناو ڕیپەبڵیک/مەدینە فازیلەی ئەفلاتوون یان هەرکەسێکی تر، هەر پیاوێکی تری دینی بهێنی و بەهەمان شێوە ئەگەیتە ئەو ئەنجامەی لە بنەمادا کەسێک وتوویەتی. ئیتر ئەوی تری خۆت ئەیزانی، کە شتێک کەسێک وتی ئەکرێ وانەبێ بۆ هەموو کەسێکی تر.

ڕوونتر، بێرتراند ڕەسڵیش ئەڵێ نموونەیی کاتێ ڕوون ئەبێتەوە کە حەزی کەسێکە، بۆ نموونە شەهیدی ڕێگای کوردستان، کە لەگەڵ تورکێک باسی بکەی، ئەو یەکسەر ئەڵێ نەخێر شەهیدی ڕێگای کوردستان تیرۆریزمە، واتە ئیشکال دێتە پێشەوە. کە ئیشکالێک هاتە پێشەوە ئیتر دەرئەکەوێ نموونەییەکە/ئایدیالەکە بۆ هەموو کەسێک نابێت.

لە کۆتاییدا، دوو شت: یەک خۆت ئەتوانی بزانی کاتێ خەڵک وشەی قەبەی وەک “ئایدیالیست” و “ئایدیالیزم” بەکار ئەبا ئەتوانی بیهێنیتەوە سەر هەمان مانا و تێگەشتن. دووەمیش: گشتگیری ئەم بابەتە هەرچەن بیری لێ ئەکەمەوە گەورەترە لە کۆی نموونەکانی. مەسەلەکەش بچووککردنەوەی نموونەکان نیە، نموونەکان یەکجار گەورەن. بەڵام بۆخۆی هەست ئەکەم ئەبەسترێتەوە بە قسەکەی پرۆفیسۆر حەراریەوە کە بەڵێ تەواوی فیکری بەشەر ئەفسانەیە

دوژمنی بیرکردنەوە چیە؟

تێگەشتنێکی سادەی هەڵە

“بیرکردنەوە، هەرچۆنێک شی بکەیتەوە، پیشەیەکی خۆشە بۆخۆی، هیچ دوژمنێکی بیرکردنەوە ئەوەندەی سادەیی هەڵە کوشندە نیە. گەڕان، جا چ لە دنیادا بێ یان مێشکدا، خۆشیە، چاکیشە بزانین کەوا، لانی کەم لە دنیای مێشکدا، وڵاتانێکی فراوان هەن کە هێشتا زۆر بەناتەواوی کەشف کراون”

ڕەسڵ لە کتێبی شیکاری زەین/مێشکدا ئەڵێ. ئاخر لێرەدا چەن بابەتێک ئەوروژێنێ کە بۆ ئەو جێگای شیکردنەوەی زیاتر نیە، ئەو بۆخۆی لە کتێبەکەیدا سەرقاڵی ئەوەیە بزانێ بیرکردنەوە چەندە پەیوەندی بە دەرەوە و بەخۆیەوە هەیە. هەروەها لەوێدا بەشە جیاوازەکانی “ئەقڵ” یان زەینی مرۆڤ شی ئەکاتەوە. لێرەدا ناچارم بڵێم هەندێ زاراوەی زۆر گرنگ هەن کە زمانی کوردی جارێ تاقەتی نەبوە ئاوڕیان لێ بداتەوە. بۆیە بە یارمەتی ئەوانەی لە ویکی خەریکن ئەکرێ لە داهاتوودا یەک یەک زاراوەکان باس بکەین.

یەکێ لەو بابەتانەی ڕەسڵ باسی ئەکات لێرەدا “تێگەشتنێکی سادەی هەڵەیە”. مەبەستی چیە؟ مەبەستی ئەوەیە کاتێ ڕووداوێک ڕوو ئەدات، بۆ نمونە کوشتنی کاریکاتێرچیەکانی فەرەنسا، کیمیابارانی هەڵەبجە، هاتنی داعش، یەکێتی و پارتی و هەر شتیکی تر خێرا وەڵامێکی ئامادەمان پێ بێت و بڵێین ئای وەڵا “خەتای ئەمریکا بوو”. مەبەستی ئەوە نیە کە ناکرێ ڕووداوێک یان پرۆسەیەک وەڵامێکی سادەی نەبێت، ئەکرێ خەتای ئەمریکا بووبێت بەڕاستیش وابێت ئەم مەبەستی تێگەشتنێکی سادەیە کە ڕاست نەبێت. بۆخۆی وەڵامی پرسیاری “دوژمنی بیرکردنەوە چیە” لەجێگای تریشدا باس ئەکات، بەڵام لێرەدا ئەڵێ گەورەترین دوژمنی بیرکردنەوە تێگەشتنێکی سادەی هەڵەیە. بۆخۆی وەڵامەکەی تێگەشتنی سادەیە و لە ڕاستیش ئەچێت‌ (چونکە جارێ بەڵگەم نیە پشتیوانی قسەکانی ئەوی پێ بکەم). بۆیە بە وردی ئەبێ لێی حاڵی بین، کەوا نەک هەموو تێگەشتنێکی سادە، بەڵکوو ئەوەیان کە هەڵەیە.

دوەم شتێ کە باسی ئەکات ئەوەیە کەوا بیرکردنەوە، دیسان لە چەن جێگایەکدا باسی ئەکات، بە پیشەیەکی خۆش ناو ئەبات. ئەبێ بڵێم وشەی ئۆکیوپەیشنی ئیبنگلیزی بەکاردێنێ کە ناکرێ بڵێم “سەرگەرمی” یان “سەرقاڵی”، چونکە دیارە لای ئەو ئەکرێ کەسێک پیشەی بیرکردنەوە بێت. دەنا شتێکی تری بەکار ئەهێنا، چونکە ئەزانین کەوا وشەی ئۆکیوپەیشن بەمانای “کاریەر”/سلک یان “جۆپ”/ئیش’یش دێت. ئەشکرێ خوێندنەوەی زیاد لە پێویستم بۆ کردبێ بەڵام گرنگ ئەوەیە جیاوازیەکە بخەمە ڕوو.

سێیەم شتێ کە باسی ئەکات، گەڕانە لە ناو دنیای مێشکدا. لە شیکاری مێشکدا ئەو، بەدرێژی باسی تێگەشتنی لە “هزر”/بیر ئەکات کە لێرەدا نابێ باسی بکەم چونکە جارێ خەریکی خوێندنەوەیم. ئاخر شوبهاندنی گەڕان لە ناو مێشکدا لای ئەو، ئەبێ وەک گەڕانی سەر زەوی وابێت، بۆیە ئاوا ڕەسمی ئەکێشێت. زۆر قسە هەن لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ گەر بگەڕێ لە دنیادا زۆر شت فێر ئەبێ، دڵنیام خوێنەر خۆی شتێکی بیستوە. بەڵام ئەمە یەکەمجارە ببینم نوسەرێک گەڕانی ناو مێشکیش بەو شێوەیە وێنە بکات.

چوارەم شتێ کە باسی ئەکات، ئەوەیە کەوا گوایە زۆر جێگای تێگەشتنی مرۆڤ هەیە کە بیری لێ نەکراوەتەوە. ئەکرێ تەنها من وامزانیبێت، پێش ئەم دوو دێڕەی ئەو هەستم ئەکرد ئەو جێگایانەی مرۆڤ بە مێشک بیری لێ کردونەتەوە باشتر کەشف کراون تا گەڕانی سەر زەوی چونکە ڕۆشتن لەسەر زەوی سەختتر بوە پێش داهاتنی قیتار، ترومبێل و فڕۆکە. بەڵام دیارە لای ڕەسڵ پێچەوانەیە. ئەکرێ لەسەردەمی گوگڵ ئێرس و وێنەی سەتەلایتدا قسەکەی بە ڕاست بزانرێ بەڵام هەست ئەکەم پێش ئەمانە ئەبێ بیرکردنەوە ئاسانتر بووبێ لە گەڕان بە دنیادا بەپێ و بە سواری وڵاخ یان کەشتی چارۆکەدار.

دوو خاڵی دوەمیان بۆخۆی مەسەلە جەوهەریەکە زەق ئەکاتەوە کە لە کتێبەکەدا خۆی تەرکیزی ئەکاتە سەر ئەویش، پەیوەندی نێوان مێشک و دنیای بەرجەستە و تەواوی “هۆش”/بەئاگایی بەشەر کە ئەوانەمان سەرپێیی سڵاوێکمان لە فەلاسیفە کردبێ، ئەزانین کە دوالیزمێکی قوڵە و پیاوانی وەک ڕێنێ دێکارت پێشەنگین.

تێبینی: Jan 21, 2015 12:19 PM نوسراوە، 5ی ئازاری 2017 بڵاوکراوەتەوە.

کام حەزانە لە ڕووی سیاسیەوە گرنگن؟

800px-bertrand_russell_transparent_bgموحازەرەی نۆبڵی بێرتراند ڕەسڵ. دەستی کاک کەمال چۆمانی خۆش.
بێرتراند ڕەسڵ – موحازەرەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ
وەرگێڕانی: کەمال چۆمانی

پێداچونەوەی: ئیحسان وەڵزی و لائق حەمە

تێبینی: کەوانە چوارگۆشەکان [وەک ئەمە] ڕوونکردنەوەی وەرگێڕانە.

خاوەن شکۆ، خانمان و جوامێران

ئەم بابەتەم بۆ موحازەرەکەی ئەمشەو هەڵبژاردوە چونکە وا بیردەکەمەوە کە گفتوگۆ هەنوکەیییەکانی سیاسەت و تیۆریی سیاسیی بە گوێرەی پێویست رەچاوی سایکۆلۆجیایان نەکردوە. هەقیقەتە ئابورییەکان، ئامارەکانی دانیشتوان، رێکخراوی دەستوریی و تا دوایی، زۆر بەوردیی دەخرێنەڕو. هیچ زەحمەتییەک لەوەدا نییە ئەگەر بمانەوێت بزانین دانیشتوانی کۆریای باکور و کۆریای باشور چەند بون کاتێک شەڕەکە دەستیپێکرد. ئەگەر تەماشای کتێبە دروستەکان بکەیت، تۆ دەتوانیت دڵنیابیت داهاتی هەر تاکێک چەند بو و قەبارەی سوپای هەردولا چی بو. بەڵام ئەگەر بتەوێت بزانیت کەسێکی کۆریی چۆنە، هەروەها بزانیت ئایا هیچ جیاوازییەکی شایانی باس لەنێوان کۆرییەکی باکوریی و باشوریی هەیە، ئەگەر بخوازی بزانیت هەریەکەیان چیان لە ژیان دەوێت، ئەو شتانە چین کە پێی نائاسودەن، ترس و هیواکانیان چین؛ لە وشەیەکدا، ئەوە چییە، وەک دەڵێن “وایان لێدەکات بجوڵێن”، بەنائومێدیی بەناو سەرچاوەکانی کتێبدا دەڕۆیت و هیچ نادۆزیتەوە. کەواتە ناتوانیت ئەوە بزانیت ئایا کۆرییە باشورییەکان بەحەماسن بۆ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، یان ئەوەتا زیاتر یەکێتییان لەگەڵ ئامۆزاکانیان لە باکور لا گرنگە. ناشتوانی ئەوە هەڵبێنی کە ئایا ئەوان دەیانەوێت واز لە چاکسازیی زەویوزار بێنن لە بەرانبەر ئیمتیازی دەنگدان بە هەندێک سیاسەتمەدار کە هەرگیز ناویان نەبیستون. ڕەتکردنەوەی ئەو جۆرە پرسیارانە لەلایەن هەندێک پیاوی بەناوبانگەوە کە لە پایتەختە دورەکان دانیشتون، زۆرجار دەبێتە هۆکاری بێهیوایی. ئەگەر بڕیار بێت سیاسەت ببێتە زانست، ئەگەر روداوەکەش بەردەوام نەبێتە موفاجەئە، ئەوە زۆر پێویستە بیرکردنەوەی سیاسییمان زیاتر بچێتە قوڵایی سەرچاوەی کردارەکانی ئینسان. کاریگەریی برسییەتی لەسەر دروشمەکان چییە؟ دروشمەکان چۆن کاریگەری لەسەر ژمارەی کالۆرییەکانی ناو رێجیمەکەت دادەنێن؟ ئەگەر کەسێک دیموکراسییت پێببەخشیت و کەسێکیش تورەکەیەک دانەوێڵە، لە چ قۆناغێکی لە-برسان-مردندا تۆ پەسەندی دانەوێڵەکە دەکەیت بەسەر دەنگداندا؟ ئەو جۆرە پرسیارانە زۆر کەم لەبەرچاودەگیرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، دەی با ئێمە، لە ئێستادا، کۆرییەکان لەبیربکەین و رەگەزی ئینسان لەبەرچاوبگرین. 

هەمو چالاکییەکانی ئینسان لەلایەن حەزەوە دنەدەدرێت. تیۆرییەکی تەواو هەڵە لەلایەن هەندێک کەسانی ئەخلاقییەوە پێشخراوە بە جۆرێک کە پێیوایە دەگونجێت روبەڕوی حەز ببیتەوە لە بەرژەوەندیی ئەرک و مەبدەئی ئەخلاق. من دەڵێم ئەوە هەڵەیە، نەک لەبەرئەوەی هیچ ئینسانێک بە هەستکردن بە هەستی بەرپرسیارێتیی بە ئەرکی هەڵنەستاوە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەرک ناتوانێت کەسێک بەرپرسیار بکات ئەگەر کەسەکە حەزنەکات بەوەی ئەرکدار بێت. ئەگەر دەخوازی بزانیت ئینسان چی دەکات، ئەوە دەبێت مەبدەئییەن نەک هەر دۆخی مادییان بزانیت، بەڵکو دەبێت تەواوی سیستەمی حەز و بەهێزییەکانی هەریەک لەو حەزانە بزانیت. 

هەندێک حەز هەن هەرچەندە زۆر بەهێزن، وەک رێسایەک هیچ گرنگییەکی سیاسی گەورەیان نەبووە. زۆربەی ئینسانەکان لە سەردەمێکی ژیانیاندا حەزیان لێیە هاوسەرگیریی بکەن، بەڵام وەکو رێسایەک دەتوانین ئەو حەزەیان پڕبکەنەوە بێئەوەی هیچ کردەیەکی سیاسیی ئەنجامبدەن. بێگومان ئیستیسنایش هەیە، بۆ نمونە دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی سابینە بۆ خۆی کەیسێکە. هەروەها پێشکەوتنی باکوری ئوسترالیا بەجدیی ڕێی لێ گیراوە بەو ڕاستییەی کە ژمارەیەکی زۆر لە پیاوانی گەنج کە پێویستە کاربکەن حەزیان لەوە نەبو کە بەتەواوی لە جڤاکی مێ داببڕێن. بەڵام ئەو کەیسانە نائاسایین و بە گشتیی ئەو ئارەزوەی کە ژنان و پیاوان بۆ یەکتریان هەیە کاریگەرییەکی کەمی لەسەر سیاسەت هەیە.

ئەو حەزانەی کە لەڕوی سیاسییەوە گرنگن ئەکرێ دابەشبکرێنە سەر گروپی سەرەتایی و گروپی دوەمیی. لە گروپی سەرەتاییدا پێویستییەکانی ژیان دێن: خواردن، شوێنی حەوانەوە و جلوبەرگ. کاتێک ئەو شتانە زۆر کەم دەبن، هیچ سنورێک نییە بۆ هەوڵەکانی ئینسان بۆ ئەوەی ئەو پێویستییانە بەدەست بێنێت، یان بۆ ئەو توندوتیژییەی کە لەپێناویدا نیشانیدەدەن بەو هیوایەی بەدەستیان بێنێت. ئەوە لەلایەن خوێندکارانی هەرە سەرەتایی مێژو گوتراوە کە لە چوار بۆنەی جیاوازدا، وشکەساڵیی لە دونیای عەرەب وای کرد دانیشتوانەکەیان بڵاوببنەوە بە هەرێمەکانی دەوروبەردا کە لەگەڵ خۆیدا کاریگەریی زۆری سیاسیی، کەلتوریی و دینیی دروستکرد. دوایین جاری ئەم چوار بۆنانە سەرهەڵدانی ئیسلام بو. بڵاوبونەوەی وردە-وردەی عەشیرەتە جێرمانەکان [نەک ئەڵمانەکان] لە باشوری روسیاوە بۆ ئینگلاند، ئینجا لەوێشەوە بۆ سان فرانسیسکۆ، پاڵنەری هاوشێوەیان هەبو. بێگومان ویستی خواردن یەکێک بوە، هێشتاش یەکێکە، لەو هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووداوە گەورە سیاسیەکان.  

بەڵام مرۆڤ لە ڕویەکی گرنگەوە لە ئاژەڵی تر جیاوازە، ئەوەش ئەوەیە کەوا مرۆڤ هەندێ حەزی هەن، بە گشتی، بێ کۆتان، هیچ کاتێ ناکرێت تێربکرێن، هەروەها لە بەهەشتیشدا بێ ئارامی لێ ئەبڕێ. ماری “بۆوا کۆنستریکتۆر”، کاتێ خواردنێکی باشی خواردبێ، ئەخەوێ و هەڵناسێ تا دیسان پێویستی بە ژەمێکی تر نەبێ. مرۆڤ، زۆربەی زۆری، وا نین. عەرەبەکان، کە ڕاهاتبوون لەسەر ئەوەی بە چەند دەنکە خورمایەک بژین، کە دەستیان گەیشتە خێروبێری رۆژهەڵاتی ئیمپراتۆریەتی رۆمانیی، کاتێک لە هەندێک جێگای ئەوپەڕی رەفاهیەتدا ژیان، بەو شێوازە خەویان لێ نەکەوت. چیتر برسێتی نەبوە بزوێنەر، ئاخر کۆیلە یۆنانییەکان جۆرەها خواردنی تا بڵێی رازاوەیان بە سەرلەقاندنێک بۆ دابیندەکردن. حەزی تر بە چالاکی هێشتنیەوە: بە تایبەتی چوارکە دەتوانین ناویان بنێین چاوبرسێتیی [تەماحی نەبڕاوە بۆ کۆکردنەوە ماڵ و سامان]، کێبڕکێ، خۆویستن و حەزی دەسەڵات.

چاوبرسێتیی – حەزیخاوەندارێتیی هەرچی زیاتری شت، یان شت بەناوەوە بوون – ئەو بزوێنەرەیە کەوا، وابزانم، ڕیشەی لە ترس و ویستی پێداویستییەکاندایە. جارێک بومە هاوڕێی دو کچی بچوکی خەڵکی ئیستۆنیا، کە بە ئاستەم نەجاتیان بوبو لە مەرگی لەبرسامردن. ئەوان لەگەڵ خێزانەکەم دەژیان، بەدڵنیایییەوە زۆر هەبو لەبەر دەستیان بیخۆن. بەڵام لە کاتی بەتاڵیاندا دەچون بۆ کێڵگەکانی دراوسێ بۆ دزینی پەتاتە، کە بەس خڕیان دەکردەوە. ڕۆکفێلەر [دەوڵەمەندێکی ئەمریکییە]، کە لە منداڵییدا فەقیرییەکی زۆری چەشتبو، تەمەنی باڵغی بە هەمان شێوە بەسەربرد. سەرۆک خێڵە عەڕەبەکانیش لە دیوانە بەیزەنتینییە ئاوریشمییەکانیاندا بیابانیان لەبیرنەدەکرد، و سەروەتیان زۆر زیاتر لە هەر پێویستییەکی دیکەی مادیی خڕدەکردەوە. هەر جۆرە شیکارێکی دەرونیی بکرێت بۆ چاوبرسێتیی، کەس ناتوانێت نکۆڵیی لەوە بکات کە یەکێ لە بزوێنەرە گەورەکانە – بە تایبەتی لەلای بەهێزترەکان، چونکە، وەک پێشتر گوتم، یەکێک لەو حەزانەیە کە تێر ناکرێت. چەندە زیاتر وەدەستبخەی، هەمیشە دەتەوێت زیاترت هەبێت، خەونی تێربون هەمیشە دەتخەڵەتێنێت.

چاوبرسێتیی، هەرچەندە سەرچاوەی سەرەکیی سیستەمی سەرمایەدارییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بەهێزترین پاڵنەر نییە لەو پاڵنەرانەی کە لە داستانی برسێتیی دەمێنێتەوە. کێبڕکێکردن پاڵنەرێکی یەکجار بەهێزترە. دوبارە و بەبەردەوامیی لە مێژوی موحەممەدا [ئیسلام]، شانشینەکان توشی دەردەسەریی بون چونکە کوڕەکانی سوڵتان لە دایکە جیاوازەکان نەیانتوانیوە رێکبکەون و، لە ئەنجامی ئەمەش توشی شەڕی ناوخۆ بون کە بە روخان کۆتاییان هاتوە. هەمان شتیش لە ئەوڕوپای مۆدێرندا رویدا. کاتێک حکومەتی بەڕیتانیی زۆر بەناعەقڵانە رێ بە قەیسەر دەدات لە پێداچونەوەیەکی دەریاوانیی لە سپیتهێد ئامادەبێت، ئەو فیکرەیەی لە مێشکی سەریهەڵدا ئەوە نەبو کە دەویسترا، “دەبوایە سوپایەکی دەریایی باشی وەک هی نەنکم هەبوایە”. لەو فیکرەیەوە تەواوی کێشە بەردەوامەکان سەریانهەڵدا. جیهان شوێنێکی بەختەوەرتر دەبو ئەگەر چاوبرسیبون هەمیشە لە ڕکابەریی بەهێزتر بوایە. بەڵام لە راستییدا، ژمارەیەکی زۆر لە ئینسان بەخرۆشانەوە روبەڕوی هەژاریی دەبونەوە ئەگەر بیانزانیبوایە بەتەواوی ڕکابەرەکانیان لەناودەبەن. هەمان شتیش راستە سەبارەت ئاستی ئەو باجەی دەخرێتە سەریان لە ئێستادا.

خۆویستن پاڵنەرێکی بەهێزیی باڵایە. ئەوەی کە زۆر سەروکاری لەگەڵ منداڵاندا هەیە ئەوە دەزانێت کە چۆن هەندێک منداڵ شتی سەیر دەکەن، وەک ئەوەی دەڵێن “تەماشام بکە”.  “تەماشام بکە” یەکێک لە بنچینەترین حەزەکانی دڵی ئینسانە. ئەوە دەتوانێت بێکۆتا شێوەی جیاوازی هەبێت؛ لە خۆ-گاڵتەجاڕیکردنەوە بگرە بۆ هەوڵدان بۆ ناوبانگی دوای مردن. شازادەیەکی ئیتاڵیی رۆشنگەریی هەبو کە لەلایەن قەشەکەوە پرسیاری لەسەر قەبرەکەی لێ کرا کە ئایا شتێکی هەیە لێی پەشیمانبێتەوە. قەشەکە گوتی “بەڵێ، شتێک هەیە. لە بۆنەیەکدا ئیمپراتۆر و پاپا لە یەک کاتدا سەردانیان کردم. بردنم بۆ لوتکەی تاوەرەکەم تا دیمەنەکە ببینن و دەرفەتەکەم لەدەستدا کە هەردوکیان لەسەر تاوەرەکە فڕێبدەمە خوارەوە، کە ئەوە وای لێ دەکردم ناوبانگم بەنەمریی بمێنێتەوە”. مێژو ئەوە نابەستێتەوە بەوەی کە ئایا قەشەکەی لێخۆشبونی پێبەخشی. یەکێک لە کێشەکانی خۆویستن ئەوەیە لەگەڵ ئەو شتەدا گەشەدەکات کە دنەی دەدات. تا زیاتر باستبکرێت، زیاتر حەزدەکەیت باستبکرێت. بکوژی ئیدانەکراو کە رێیپێدراوە مەلەفی دادگاییکردنەکەی خۆی ببینێت لە میدیادا زۆر توڕەدەبێت ئەگەر ببینێت رۆژنامەیەک بەناتەواویی زانیارییەکانی بڵاوکردبنەوە. هەرچەندە زیاتر دەربارەی خۆی لە رۆژنامەکانی دی بدۆزێتەوە، زیاتر توڕە و بێزار دەبێت لەوەی کە راپۆرتەکانی کەم زانیارییان بەخشیوە. سیاسەتمەداران و ئینسانی ئەدیب لە هەمان دۆخ دان. هەرچەندە بەناووبانگتر ببن، زیاتر حەزیان لە دەرکەوتنە لە میدیاکان و زەحمەتتر قەناعەتیان دێت. ناتوانی زیادەڕۆیی بکەیت لە کاریگەریی خۆویستن لە تەواوی ژیانی ئینساندا، لەبەرئەوەی لە منداڵێکی سادەوە بگرە تا دەگاتە ئەو حوکمڕانەی دونیا لەژێر دەستی دەلەرزێت، ئەو ویستە بێسنورە. ئینسان تەنانەت ئەو بێ تەقواییەشی ئەنجامداوە کە ویستی هاوشێوە بخاتە پاڵ خودا، وا بیردەکەنەوە کە خوداش تێرنابێ لە پیاهەڵدانی بەردەوام.

بەڵام چەندە کاریگەریی ئەو حەزانەی باسمان کردن گەورە بن، یەکێک هەیە قوڕسایی لە هەمو ئەوانی دی زۆرترە. مەبەستم خۆشەویستیی دەستەڵاتە. خۆشویستنی دەسەڵات دۆستێکی زۆر نزیکی خۆویستنە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک هەمان شت نین. خۆویستن بۆ تێربوونی پێویستی بە شکۆیە، ئاسانیشە شکۆت هەبێت بێ هەبونی دەستەڵات. ئەو خەڵکەی لە ئەمریکا گەورەترین شکۆیان هەیە ئەستێرەکانی سینەمان، بەڵام دەتوانرێت لە شوێنی خۆیان رابگیرێن لەلایەن “کۆمیتەی چالاکییە نا-ئەمریکییەکان”ەوە کە هیچ شکۆیەک نایگرێتەوە. لە ئینگلاند، پاشا شکۆی لە سەرۆک وەزیران زیاترە، بەڵام سەرۆک وەزیران دەستەڵاتی زیاترە لە پاشا. زۆر کەس شکۆیان لا گرنگترە لە دەستەڵات، بەڵام بە گشتیی ئەو خەڵکانە کاریگەرییان لەسەر چەرخی روداوەکان کەمترە لە ئەوانەی دەستەڵاتیان لە شکۆ لا گرنگترە. کاتێک بلوچەر[جەنەراڵێکی پڕووشی بوو]، لە ١٨١٤، کۆشکەکانی ناپلیۆنی بینی، گوتی، “ئەرێ ئەو گێل نەبو هەمو ئەوانەی هەبێت و بەدوای مۆسکۆشەوە بێت.” ناپلیۆن، کە بەدڵنیایی خۆنەویست نەبو، بەڵام کاتێک سەرپشک دەکرا هەمیشە دەستەڵاتی هەڵدەبژارد. لای بلوچەر، ئەو بژاردەیە گێلانە بو. دەستەڵات، وەک خۆویستن، تێربوونی نیە. بە کەمتر لە خاوەندارێتی دەسەڵاتی رەها تێر ناکرێت. وەک ئەوەی بەتایبەتی بەڵایەکە بۆ کەسانی بەوزە، بە هیچ شێوەیەک ناکرێ بەراوردی کاریگەری ئاسایی حەزی خۆشویستنی دەسەڵات و بڕی دووبارەبوونەوەکەی بکەین. ئەوە، بە راستی، بە هەمو پێوەرێک بەهێزترین پاڵنەرە لە ژیانی ئینسانی گرنگدا.

خۆشەویستیی دەستەڵات لەگەڵ ئەزمونکردنی دەستەڵاتدا بە شێوەیەکی گەورە زیاددەکات و، ئەمە بۆ دەستەڵاتێکی کەم و دەستەڵاتێکی کاریگەریش راستە. لە رۆژانی خۆشبەختیی پێش ١٩١٤دا، کە خانمانی خانەدان دەیانتوانی خزمەتکاریان هەبێت، لە ماڵەوەش لەگەڵ ئەزمونکردنی دەستەڵاتدارێتیی و بەساڵاچوندا خۆشەویستیی دەستەڵات زیادیدەکرد. بە هەمان شێوە، لە هەر سیستەمێکی تاکڕەودا، ئەوانەی دەستەڵاتیان لە دەستە زیاتر و زیاتر تاکڕەو و دڵڕەق دەبن بە ئەزمونکردنی ئەو خۆشییانەی دەستەڵات پێیان دەبەخشێ. چوونکە دەستەڵات بەسەر ئینساندا بەوەدا دەردەکەوێ کە وایان لێ دەکات ئەوە بکەن کە دەیکەن نەک ئەوەی کە نابێت بیکەن، ئەو ئینسانەی کە بە خۆشەویستیی دەستەڵات قوڕمیشکراوە زیاتر ئامادەیی تێدایە بۆ ئازاردان نەک چێژوەرگرتنی مۆڵەتدان. ئەگەر تۆ داوا لە سەرکارەکەت بکەیت بۆ مۆڵەتێک بۆ بۆنەیەکی یاساییش، خۆشەویستیی ئەو بۆ دەستەڵات وای لێ دەکات کە لەزەت زیاتر دەبینێ لە رەتکردنەوە وەک لە رازیبون بە پێدانی مۆڵەتەکە. ئەگەر پێویستت بە مۆڵەتی دروستکردن بێ لە شارەوانی، بەرپرسیارە بچوکەکە زیاتر چێژ لە “نا” دەبینێت وەک لە “بەڵێ”. ئا ئەم جۆرە شتەیە کە وا لە خۆشەویستیی دەستەڵات دەکات ئەوەندە بزوێنەرێکی مەترسیدار بێت. 

بەڵام ڕوی تریشی هەن کە زۆرتر حەزلێکراون. بەدواکەوتنی زانست، من وا بیردەکەمەوە، بە شێوەیەکی سەرەکیی ئەویش بە خۆشەویستیی دەستەڵات قوڕمیشکراوە. هەروەها هەمو پێشکەوتنەکان لە زانستی تەکنیکدا. هەروەها لە سیاسەتدا، دەکرێ ریفۆرمخوازێک هێندەی خۆشەویستیی طاغوتێک، خۆشەویستیی بەهێزی بۆ دەستەڵات هەبێت. هەڵەیەکی زۆر گەورە دەبێت ئەگەر خۆشەویستیی دەستەڵات بەیەکجاری سەرکۆنەبکرێ. ئایا بەم بزوێنەرە جوڵابیت بەرەو کردارێک کە سووبەخش بێ، یان کردارێک کە زیانبەخش بێ، دەگەڕێتەوە سەر سیستەمە کۆمەڵایەتییەکە و تواناکانی خۆت. ئەگەر تواناکانت تیۆری یان تەکنیکیی بن، ئەوا بەشدارییەکەت مەعریفیی یان تەکنیکیی دەبێت، وەک یاسایەک، چالاکییەکەت سودبەخش دەبێت. ئەگەر سیاسەتمەدارێک بیت ئەکرێ بە خۆشەویستیی دەستەڵات بجوڵێیت، بەڵام وەک یاسایەک ئەو پاڵنەرە ئەلکێ بەو حەزەوە کەوا بتەوێ دۆخێک ببینی، کە لەبەر هەر هۆیەک بێ، پێت باشترە لە دۆخی ئێستا. ژەنەڕاڵێکی گەورە، وەک ئالسیبادێس [سیاسەتمەدار و ژەنەڕاڵێکی ئەثینای کۆن]، لەوانەیە لای گرنگ نەبێ لە چ لایەکیان بجەنگێ، بەڵام زۆربەی ژەنەڕاڵەکان ئەوەیان لە پەسەند بوە کە شەڕ بۆ وڵاتی خۆیان بکەن و، هەر بۆیە؛ پاڵنەریی دیکەیان هەبوە جگە لە پاڵنەری خۆشەویستیی بۆ دەستەڵات. سیاسەتمەدران لەوانەیە سەنگەری خۆیان زوزو بگۆڕن بۆ ئەوەی هەمیشە لەگەڵ زۆرینە بن، بەڵام زۆربەی سیاسەتمەدارەکان پێشینەیان بۆ حیزبێک هەیە زیاتر لەوانی تر، خۆشەویستییان بۆ دەستەڵات دەخەنە ژێر ڕکێفی ئەو بژاردەیەوە. خۆشەویستیی بۆ دەستەڵات تا ئەو ڕادەیەی بکرێ خاوێن بێ دەکرێ لە هەمو جۆرەکانی ئینساندا ببینرێت. یەکێکیان سەربازی سامانە، کە ناپلیۆن باڵاترین نمونەیە. من وا بیردەکەمەوە ناپلیۆن خاوەنی هیچ تەفزیلاتێکی ئایدیۆلۆژیی نەبو بۆ فەڕەنسا بەسەر کۆریسکادا، بەڵام ئەگەر بوبوایە ئیمپڕاتۆری کۆریسکا، ئەو نەدەبوە ئەو پیاوە گەورەیەی کە بو بەوەی وای نیشاندا کە فەڕەنسیی بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو جۆرە پیاوانە نمونەی خاوێن نین بۆ حەزی دەسەڵات، لەبەرئەوەی لەزەتی یەکجار لە خۆویستییش وەردەگرن. خاوێنترین نمونە، نمونەی ‘دەسەڵاتداری شاراوەیە’، ئەو دەستەڵاتەی لە پشتی عەڕشەوەیە کە هەرگیز لە ژیانی گشتییدا نابینرێت و، هەمیشە خۆی بەنهێنیی دەهێڵێتەوە: “چەند کەم دەزانن ئەو دەسکەلایانە کە کێ ژێکان رادەکێشێت.” 

باڕۆن هۆلشتین، کە سیاسەتی دەرەوەی ئیمپڕاتۆریی ئەڵمانیی کۆنترۆڵکردبو لە ١٨٩٠ تا ١٩٠٦، وێنەی ئەو جۆرە بەتەواوی روندەکاتەوە. ئەو لە تەویلەیەکدا دەژیا؛ هەرگیز لە کۆمەلگەدا دەرنەکەوت؛ خۆی دوردەگرت لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئیمڕاتۆر تەنها لە یەک تاکە بۆنەدا نەبێت ئەویش بە تکاو ڕجایەکی زۆری ئیمپراتۆر؛ ئەو هەمو داوەتنامەکانی کاروباری دادگای رەتکردەوە، گوایە خاوەنی جلوبەرگێکی دادگا نەبو لەبەری بکات. ئەو ئەو نهێنییانەی لابوو کە توانای ترساندنی راوێژکار و زۆر لە خۆشەویستانی قەیسەری هەبوو. ئەو دەستەڵاتی ترساندنی بەکاردەهێنا، نەک بۆ بەدەستهێنانی سامان یا ناوبانگ و هیچ ئیمتیازاتێک، بەڵکو تەنها بۆ تەبەنیکردنی ئەو سیاسەتی دەرەوەیەی ئەو بە لایەوە پەسەند بو. لە رۆژهەڵاتدا، ئەو جۆرە کاراکتەرانە لەناو خەسێنراوەکاندا هەبون [لە چینی کۆندا، ئیمپراتۆرەکان هەندێک پیاویان دەخەساندن بۆ ئەوەی ببنە پاسەوانی خێزانەکانیان]. 

ئێستا دێمە سەر پاڵنەرەکانی دیکە، هەرچەندە لەڕوی هەستەوە کەمتر بنچینەیین لەوانەی کە تا ئیستا باسمان کردون، بەڵام سەرەڕای ئەوە وەک ئەوانی دی جێی گرنگیین. یەکەم شت لەوانە خۆشەویستییە بۆ خرۆشان. ئینسان گەورەیی خۆی بەرانبەر ئاژەڵەکان نیشاندەدات بە توانای بێزاربوون، هەرچەندە هەندێکجار بیرمکردۆتەوە، بە وردبوونەوە لە مەیمونەکانی باخچەی ئاژەڵان کە لەوانەیە پاشماوەی ئەو هەستە ماندووکەرەیان تیابێت. 

ئەوە هەرچۆنێ بێ، ئەزمون نیشانی دەدات کە هەڵاتن لە بێزاریی یەکێکە لە حەزە بەهێزە راستەقینەکانی تەقریبەن هەموو ئینسانێک. کاتێک بۆ یەکەمجار سپی پێستەکان بۆ یەکەمجارلەگەڵ هەندێک رەگەزی کێوییانەی دەستلێنەدراو بەریەککەوتن، هەمو جۆرێک سوودیان پێشکەشکردن، لە روناکیی ئاینەوە بۆ کولیچەی کولەکە. ئەمە، هەرچەندە ئەکرێ پەشیمان بین لێی، زۆربەی وەحشییەکان لایان گرنگ نەبوو. ئەوەی کە ئەوان زۆر بە بەهادار دەزانن لەناو ئەو دیارییانەی ئێمە بۆمان هێنان ئەو شلەمەنیە سەرخۆشکەرانەبوو کە توانایان پێدەبەخشین، بۆ یەکەمجار لە ژیانیان، وابزانن بۆ چەند ساتێکی کورت کە باشترە زیندو بیت لەوەی کە مردو. هیندییە سورەکان، ئەوکاتەی کە لە لایەن سپی پێستەکانەوە هیچ کاریان تێنەکرابو، سەبیلی خۆیان دەکێشا، نەک هێندە هێمن وەک ئێمە، بە جۆرێک کە لە قوڵاییەوە قومیان لێ دەدات و دەیبوراندنەوە، قسەکەرێکی نیشتیمانپەروەر بە رادەیەک وەحەماسی دەخستن کە پەلاماری عەشیرەتیکی دراوسێیان بدەن، ئەوە هەمو ئەو چێژ و خۆشییەی پێدەبەخشین کە ئێمە (بە گوێرەی تێگەیشتنی ئێمە) لە پێشبڕكێی ئەسپسوارییەوە یان هەڵبژاردنە گشتییەکان وەریدەگرین. چێژی قومارکردن بەتەواوی لە خرۆشاندا دروستدەبێت. مۆنسیور هوک [میسیۆنەرێکی فەڕەنسی 1813-1860] باسی بازرگانانی چینیی دەکات کە لای دیواری گەورەی چین لە زستاندا قوماریان دەکرد تا تەواوی پارەکەیان لەدەستدەدا، ئینجا هەمو شتە بازرگانییەکانیان، دواتر قوماریان لەسەر جلەکانیان دەکرد و بەڕوتیی دەهاتنەدەرەوە تا لە سەرمادا بمرن. لای هەردوکیان، مرۆڤی شارستانی و هیندییە سورە ساویلکەکانیش، وا بیردەکەمەوە ئەوە خۆشەویستیی خرۆشانە کە وا لە جەماوەر دەکات چەپڵە لێبدات کاتێک شەڕێک دەستپێدەکات، هەستەکە رێک هەمان هەستە کە بۆ یارییەکی تۆپی پێ هەیە، هەرچەندە لەوانەیە ئەنجامەکان تا رادەیەک جدییتر بن.

ئاسان نییە بە گشتیی بڕیاربدەیت رەگی هۆکاری خۆشەویستیی بۆ خرۆشان چیە. من بەولایەدا دەشکێمەوە کە وایدابنێم مێشکی ئێمە لەگەڵ ئەو قۆناغەدا راهێنراوە کە ئینسان لەڕێی راوکردنەوە دەژیا. کاتێک ئینسان رۆژێکی درێژی بەسەردەبرد بە چەکی زۆر سەرەتایی بۆ راوکردنی مامزێک بە هیوای بەدەستهێنانی نانی ئێوارە  و، کاتێک، لە کۆتایی رۆژدا، سەرکەوتوانە لاشەی گیاندارێکی بۆ ناو ئەشکەوتەکەی رادەکێشا، ئەو بە لەخۆڕازیبونەوە لێی پاڵدەدایەوە، ئەمە لە کاتێکدا خێزانەکەی گۆشتەکەی لێدەنا. خەواڵو بو و، ئێسکەکانی ژانیان دەکرد و، بۆنی چێشتەکە هەست و دڵی داگیردەکرد. لە کۆتاییدا، دوای خواردنەکە، دەکەوتە خەوێکی قوڵ. لە ژیانێکی وادا نە کات هەبو بۆ بێزاربوون و نە وزە. بەڵام کاتێک ئینسان دەستیکرد بە کشتوکاڵ و، وایکرد خێزانەکەی هەمو ئیشە قوڕسەکان لەناو کێڵگەدا بکات، ئەو کاتی هەبو بۆ تێفکرین لەسەر خۆویستیی ژیانی ئینسان، بۆ داهێنانی خوڕافیات و سیستەمەکانی فەلسەفە و، خەونبینی بە ژیانی دواڕۆژ کە تێیدا بەبەردەوامیی راوی ئاژەڵی کێویی ڤاڵهاڵا دەکات. پێکهاتەی مێشکی ئێمە بۆ ژیانێک گونجاوە کە پڕ بێ لە کاری جەستەیی یەکجار قوڕس. کاتێک گەنجتر بوم راهاتبوم پشوەکانی خۆم بە رۆیشتن پڕبکەمەوە. هەر رۆژەی ٢٥ میل دەڕۆیشتم و، کاتێک ئێوارە دەهات هیچ شتێک پێویستیی نەدەکرد من بەبێزاریی بهێڵێتەوە، لەبەرئەوەی چێژی دانیشتن بەس بو. بەڵام ژیانی مۆدێرن ناتوانێت لەسەر ئەو بنەما فیزیکییە سەختانە بەڕێ بکرێ. بەشی زۆری ئیشی مۆدێرن بێ جوڵەیە و، لە زۆربەی ئیشەکان تەنها چەند ماسولکەیەکی تایبەتەمەندی کەم دەجوڵێنرێن بۆ جێبەجێکردنی کارەکان. کاتێک قەرەباڵغییەک لە مەیدانی ترافاڵگار [یەکێ لە شوێنە ناسراوەکانی لەندەنە] کۆدەبنەوە بۆ هاندانی راگەیەنراوێک کە حکومەت بڕیارێکی داوە بەهۆی ئەو بڕیارەوە ئامادەبوان تیایدا ئەکوژرێن، ئەو خەڵکە کۆنەدەبونەوە ئەگەر ئەو ڕۆژە پێش ئەوەی کۆبنەوە لەوێ ٢٥ میل رۆیشتبان. ئەو چارەسەرییەی شەڕخوازییش، عەمەلیی نییە. ئەگەر بڕیاریش بێت رەگەزی ئینسان بمێنێتەوە – شتێکە کە لەوانەیە، نەخوازراو بێ – ڕێگای دیکە پێویستە بدۆزرێنەوە بۆ دابینکردنی دەرچەی بێ زیان بۆ ئەوەی ئەو وزە فیزیکییە بەکارنەهێنراوەی کە خۆشەویستیی بۆ خرۆشان بەرهەمدێنێت لێوەی بچێتە دەرەوە. ئەوە مەسەلەیەکە لای ئەخلاقییەکان و ریفۆرمیستە کۆمەڵایەتییەکان زۆر کەم قسەی لەسەر کراوە. ریفۆرمیستە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەو رایەن کە شتی جدیتریان هەیە بۆ لەبەرچاوگرتن. ئەخلاقییەکان (مۆرالیستەکان)، لە لاکەی ترەوە، لە رادەبەدەر بە جدییەتی هەمو دەرچەکانی خۆشەویستیی بۆ خرۆشان کاری تێکردون، هەرچەندە ئەو جدییەتەش لە مێشکی خۆیاندا هی ئەنجامدانی گوناهە. هۆڵەکانی سەما، سینەما، ئەم سەردەمەی جاز [جۆرێکە لە مۆسیقا]، هەمویان، ئەگەر بڕوا بە گوێکانمان بکەین، دەرچەن بۆ دۆزەخ و، ئێمە پێویستە باشتر دە کاربخرێین بە دانیشتن لە ماڵێ تا لە گوناهەکانی خۆمان وردبینەوە. من وا خۆم دەبینم کە ناتوانم بەتەواوی کۆکبم لەگەڵ ئەو ئینسانە خەمبارانەی کە ئەو جۆرە ئاگادارکردنەوە رەهاگەرانە دەدەن. ئەهریمەن زۆر شێوەی هەن، هەندێکیان وا نەخشێنراون تا گەنجان هەڵبخەڵەتێنن، هەندێکیان وا هەڵخەڵەتێنراون تا پیر و جدییەکان هەڵبخەڵەتێنن. ئەگەر ئەوە ئەهریمەن بێت کە پاڵ بە گەنجانەوە دەنێت تا خۆش بەسەرببەن، ئەرێ هەمان کەسایەتیی نییە کە وا لە پیر دەکات نکۆڵیی لە چێژوەرگرتن بکات؟ ئەرێ دیسان  لەوانە نییە کە نکۆڵیکردن لە چێژیوەرگرتن شێوەیەک بێت لە خرۆشان کە گونجاو بێت بۆ تەمەنی پیر؟ ئەرێ دیسان ئەو نکۆڵیکردن لە خۆشیوەرگرتنە بۆخۆی مادەی هۆشبەری وەکو ئۆپیوم نییە کە پێویستە بە دۆزی تا بێ بەهێزتر بخورێن بۆ ئەوەی ئەو کاریگەرییە دروستبکات کە دەویسترێت؟ ئەرێ نابێت بترسێین لەوەی کە بە دەستپێکردنی نەفرەت کردن لە سینەما، هەنگاو بە هەنگاو ئاراستەبکرێین بۆ ئیدانەکردنی حیزبە سیاسییە نەیارەکانمان، بۆ نمونە ئیسپانی و پورتوغالی، ئیتالی و ئاسیاو و خەڵکانی تریش، بە کورتی هەمو شتێک یان کەسانێک جگە لە کەسانی نزیک و دەوروبەری خۆمان کە سەر بە هەمان یانە بین؟ ئا ئەو جۆرە ئیدانەکردنانە کاتێک کە بەربڵاوبن، دەبنە هۆکاری دەستپێکردنی شەڕەکان. هەرگیز نەمبیستوە شەڕێک لە هۆڵەکانی سەماکردنەوە دەستیپێکردبێت. 

ئەو شتە جدییەی لە خرۆشاندا هەیە ئەوەیە کە زۆر لە شێوەکانی روخێنەرن. خرۆشان روخێنەرە لەو کەسانەدا کە ناتوانن بەر بە کحولی زۆر و قومارکردن بگرن. روخێنەرە کاتێک شێوەی توندوتیژیی مۆب [گەلەکۆمە] وەردەگرێت. لە سەروی هەمو شتێکیشەوە روخێنەرە کاتێک بەرەو شەڕمان دەبات. ئەوەندە پێویستییەکی قوڵە کە دەرچەی زیانبەخشی لەم جۆرە دەدۆزێتەوە ئەگەر بێتوو دەرچەی بێزیان لە بەردەست نەبن بۆ هاتنە دەرەوە لێی. ئەو دەرچە بێزیانانە لە وەزشدا ئامادەیییان هەیە و، لە سیاسەتیشدا هەن ئەوەندەی کە لە چوارچێوەی بەندە دەستورییەکاندا بپارێزرێت. بەڵام ئەمانە بەس نین، بەتایبەت ئەو جۆرە سیاسەتەی کە پڕ جۆشترینە لە هەمان کاتدا زۆرترین زیان دەبەخشێت. ژیانی مەدەنیی هەمو پێکەوە یەکجار بەرەو نەرمی گەشەیکردوە و، ئەگەر بڕیاربێت جێگیر بێت، دەبێت دەرچەی بێزیان ئامادە بکرێ بۆ ئەو جوڵانەی ناخمان کە باووباپیرانی دوورمان لەڕێی راوەوە پێی تێر بوون. لە ئوسترالیا، ئەو شوێنەی کە خەڵک کەمە و کەروێشک زۆرن، تەماشای ئەو خەڵکە ئاسایییەم کرد کە ویستە سەرەتایییەکانی خۆیان بە ڕێگا سەرەتاییەکانی بە کارامەیی کوشتنی هەزاران کەروێشک هەیانبو تێردەکرد . بەڵام لە لەندەن یان نیو یۆڕک دەبێت هۆکاری دیکە بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی ئەو حەزە سەرەتایییانە تێربکەیت. وا بیردەکەمەوە کە هەمو شارێک دەبێت تاڤگەی دەستکردی تێدا بن تا خەڵک تێیاندا بە بەلەمی بچکۆلە کە ئاسان بشکێ خۆیان بخەنە خوارەوە تیایدا، هەروەها هەق وایە مەلەوانگەیان تێدا بێت و پڕ بن لە قڕشی میکانیکیی. هەرکەسێک بینرا کە پشتیوانیی لە شەڕێک دەکات کە شەڕەکە پێویست نەکا ئەنجام بدرێ، پێویستە دو سەعاتان لە رۆژێکدا بخرێتە ناو ئەو ئاژەڵە دڕندانە. بە جدیتر، هەقە خۆمان ماندوو بکەین بۆ ئەوەی کە دەرچەی بونیادگەرانە بدۆزرێنەوە بۆ دەربڕینی خۆشەویستیی خرۆشان. هیچ شتێک لە دونیادا لەو ساتە خۆشتر نییە کە دۆزینەوەیەک یان داهێنانێکی لەناکاو دەکەیت و، زۆر زیاتر خەڵک توانای ئەزمونکردنی ئەو ساتانەیان هەیە لەوەی کە زۆرجار بیریلێدەکرێتەوە. 

دو سۆزی زۆر نزیکی یەکتر کە لەگەڵ زۆر لە پاڵنەرە سیاسییەکانی دی تێکهەڵکێشکراون هەن کە ئینسان بەداخەوە تووشیان دەبێ؛ مەبەستم ترس و رقە. زۆر ئاسایییە رقمان لەوە بێت کە لێی دەترسین، هەروەها زۆرجاریش ڕوو دەدا، بەڵام نەک هەمیشە، دەترسین لەوەی کە رقمان لێیەتی. وا بیردەکەمەوە ئەوە لەوانەیە بکرێ وەکو قانونێک لەناو ئینسانی سەرەتایی وەربگیرێت، کەوا ئەو مرۆڤانە لە هەمان کاتدا بترسن و رقیان لەو شتانەبێ کە ئاشنای نەبون. ئەوان مێگەلی خۆیان هەیە، لە بنەڕەتدا یەکێکی زۆر بچوک. لەناو یەک مێگەلیشدا هەمویان هاوڕێن، مەگەر لەناویاندا هەندێک بواری دوژمنایەتیی تایبەت هەبووێت. مێگەلەکانی دی دوژمنی راستەقینەن بۆیان یاخوود شایانی بوونە دووژمنیانن؛ کە تاکێکی یەکێک لەو مێگەلانە بەسودفە دادەبڕێت لە مێگەلەکە دەکوژرێت. مێگەلێکی بێگانە بەکۆ دەبێ خۆتی لێ لا بدەیت  یان شەڕی لەگەڵ بکەیت بەپێی بارودۆخەکە. ئەوە ئەو جۆرە میکانیزمە سەرەتایییەیە کە هێشتا کاردانەوەکانی ناخمان لە بەرانبەر نەتەوە بێگانەکانکۆنترۆڵ دەکات. کەسێک کە هەرگیز گەشتی نەکردبێت هەمو بێگانەیەک بەو شێوازە دەبینێ کە وەحشییەک ئەندامێکی مێگەلێکی تر دەبینێت. بەڵام ئینسانێک کە گەشتی کردبێت، یان کە پەیوەندیی نێدەوڵەتیی خوێندبێت، ئەوەی بۆ دەرکەوتوە کەوا، ئەگەر بڕیاربێت مێگەلەکەی وی سەرکەوتو بێت، پێویستە تا چەند پلەیەک لەگەڵ مێگەلەکانی دی تێکەڵ ببێت. ئەگەر تۆ ئینگلیز بیت و کەسێک پێت بڵێت “فەڕەنسییەکان برای تۆن”، یەکەم هەستی ناوەکیی تۆ ئەوە دەبێت “قسەی پووچ. ئەوان شانی خۆیان هەڵداوێن و بە فەڕەنسیی قسەدەکەن. تەنانەت وام پێ گوتراوە کە ئەوان بۆقان دەخۆن.” ئەگەر ئەو بۆت رونبکاتەوە کە ئێمە پێویستە شەڕی روسەکان بکەین، وە ئەگەر بڕیاریش بێ ئەوە بکەین، ئەوا شتێکی ویستراوە و دەبێت بۆ بەرگریکردن لە هێلی راین [ڕووبارێکی دریژە لە ئەوروپا]، وە ئەگەر هێڵی راین پێویست بێت بەرگریی لێ بکرێت، ئەوا هاوکاریی فەڕەنسییەکان پێویستییەکە، ئەوکات دەستدەکەیت بەوەی تێبگەی کە ئەو پێتدەڵێت فەڕەنسییەکان برای تۆن مانای چییە. بەڵام ئەگەر هاوسەفەرێک بەردەوام بێت و پێت بڵێت کە روسەکانیش برای تۆن، ئەوکات ناتوانیت دنەت بدات، مەگەر بتوانێت ئەوەت بۆ رونبکاتەوە کە ئێمە لەژێر هەڕەشەی هێرشی خەڵکی سەر مەریخداین. ئێمە ئەوانەمان خۆشدەوێن کە رقیان لە دوژمنەکانمانە و، ئەگەر دوژمنمان نەبن زۆر کەم خەڵک دەمێنێتەوە کە ئێمە خۆشماندەوێن. 

هەمو ئەوانە، لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئەو کاتە راستن کە ئێمە بەتەواوی خۆمان خەریک بکەین بە هەڵسوکەوتمان بەرانبەر مرۆڤەکانی دی. تۆ لەوانەیە خاک وەک دوژمنی خۆت تەماشابکەیت لەبەرئەوەی زۆر کەم هۆکاری مانەوەی ژیان بەرهەمدێنێت. تۆ لەوانەیە دایکە سروشت بە گشتیی وەک دوژمنی خۆت دابنێیت و، وا خەیاڵ بکەیت کە ژیانی ئینسان تێکۆشانێکە بۆ زاڵبوون بەسەر سروشتی دایکدا. ئەگەر ئینسان بەو جۆرە ژیانی بینیبوایە، هاوکاریی تەواوی بەشەرییەت ئاسان دەبو. هەوەها ئاسان دەتوانرێت ئەو بینینە بۆ ژیان لای ئینسان دروستبکرێت ئەگەر قوتابخانەکان، رۆژنامەکان و سیاسەتمەداران بۆ ئەو ئامانجە خۆیان تەرخانبکردبوایە. بەڵام قوتابخانەکان بۆ فێرکردنی نیشتیمانپەروەرێتیین؛ رۆژنامەکان بۆ دنەدانی خرۆشان و؛ و سیاسەتمەداران ئامانجیان دوبارە هەڵبژاردنەوەیە. هیچ لەم سێیانە، کەواتە، ناتوانن هیچ بکەن بۆ رزگارکردنی بەشەرییەت لە خۆکوشتنی جووتلایەنە. 

دو رێگا هەن بۆ زاڵبون بەسەر ترسدا: یەکێکیان ئەوەیە کە هەڕەشە دەرەکییەکان لەناوببەیت و، ئەوەی تر ئەوەیە کە خۆت لەسەر فەلسەفەی ڕەواقیەت [ستۆیسیزم] ڕا بهێنیت. ئەوەی دوەمیان دەتوانرێت بەهێزتر بکرێت، بێجگە لەو کاتەی کە کاردانەوەی راستەوخۆ پێویستییەکە، ئەویش بە دورخستنەوەی فیکرەکانمان لە هۆکارەکانی ترس. سەرکەوتن بەسەر ترسدا گرنگییەکی لە رادە بەدەری هەیە. ترس لە خۆیدا بێنرخکەرە، بە ئاسانی دەتوانێت ببێتە هۆی ئالوودەبوون پێیوەی، وا ئەکا رق لەوەی کە لێی دەترسێیت بەرهەم بێت و، ڕاست و ڕێک دەبێتە هۆکاری بێڕەحمی لەڕادەبەدەر. هیچ شتێک هێندەی ئارامیی (سەلامەتی) سوودبەخش نیە بۆ ئینسان. ئەگەر سیستەمێکی جیهانیی دروستبکرێت کە ترس لە شەڕ نەهێڵێت، گەشەکردن لە عەقڵی رۆژانەی خەڵک زۆر زەبەلاح و خێرا دەبێت. لە ئێستادا ترس جیهانی داپۆشیوە. بۆمبی ئەتۆمیی و بۆمبی بەکتریایی، لەلایەن کۆمیونیستی ترسنۆک یان سەرمایەداری بەدکار جا هەرکامێکیان بن، لە ئێستادا بوونەتە هۆی ئەوەی واشنتن و کرێملن بلەرزێنن و ئینسان زیاتر بەرەو کونێکی تاریک ببەن. ئەگەر بڕیار بێت شتەکان باشتر ببن، یەکەم و گرنگترین هەنگاوێک دۆزینەوەی رێگایەکە بۆ لەناوبردنی ترس. ئەمڕۆ جیهان مودمین بوە بە ململانێی ئایدیۆلۆجییە نەیارەکان و، یەکێک لە هۆکارە دیارەکانی ململانێکان حەزە بۆ بردنەوەی ئایدیۆلۆجیی ئێمە و تێكشکاندنی ئەویدی. وا بیر ناکەمەوە کە پاڵنەری بنەڕەتیی لێرە هیچ پەیوەستییەکی لەگەڵ ئایدیۆلۆجییەکاندا هەبێت. وا بیردەکەمەوە ئایدیۆلۆجییەکان تەنها رێگایەکن بۆ گروپبەندکردنی خەڵک و، ئەوهەست و سۆزانەی بەرپرسیارن لەمە تەنها ئەوانەن کە هەمیشە لەنێوان گروپە نەیارەکانەوە دروست دەبن. بێگومان زۆر هۆکار هەن بۆ ڕقلێبونەوە لە کۆمیونیستەکان. یەکەم و پێشی هەمویان، ئێمە بڕوامان وایە کە ئەوان خۆزگە دەخوازن بۆ ئەوەی سامانمان لێبستێنن. خۆ سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ دزەکانیش ناڕێکین بەڵام لە راستییدا هەڵسوکەوتمان بەرانبەریان زۆر جیاوازە لە هەڵسوکەوتمان بەرانبەر کۆمیونیستەکان-بە شێوەیەکی سەرەکیی لەبەرئەوەی بە هەمان پلە ترسمان لەسەر دروستناکەن. دوەم، رقمان لە کۆمیونیستەکانە لەبەرئەوەی ئەوان بێدینن. بەڵام چینییەکان لە سەدەی یازدەهەمەوە بێدینن و تەنها ئەوکاتە رقمان لێیان هەڵسا کاتێک چیانگ کای-شێک [سەرۆکی کۆماری لە 1928-1975] تیایاندا دەرکەوت. سێیەم، ئێمە رقمان لە کۆمیونیستەکانە چونکە بڕوایان بە دیموکراسیی نییە، بەڵام ئەوە هەرگیز هۆکارێک نەبوە بۆ رقلێبون لە فڕانکۆ. چوارەم، رقمان لێیانە لەبەرئەوەی ئەوان رێ بە ئازادیی نادەن؛ بۆ ئەمەیان ئەوەندە بە توندی گرتوومانە، کەوا بڕیارمانداوە لاسایییان بکەینەوە. ئەوە رونە کە ئەوانە بناغە راستەقینەکەی رقی ئێمە نین. ئێمە رقمان لێیانە چونکە لێیان دەترسێین و ئەوان ئەمان ترسێنن. ئەگەر بهاتبوایە و روسەکان هەر پابەندبوان بە دینی ئۆڕثۆدۆکسی گریکیی، ئەگەر حوکمڕانیی پارلەمانییان دامەزراندبوایە و، میدیایەکی بەتەواوی ئازادیان هەبوایە رۆژانە سوکایەتییان بە ئێمە بکردبوایە، ئەنجا – هێشتا سوپایەکیان هەبوایە ئەوەندەی ئەوەی ئێستایان بەهێزبایە- هێستا هەر پێویست بو رقمان لێیان بێت لەبەرئەوەی نیشانیانداوین کە لە ئەرزی واقیعدا دەتوانن دووژمنمان بن. 

بێگومان رقی دینیی هەیە و دەتوانرێت هۆکارێک بێت بۆ دوژمنایەتیی. بەڵام وای بۆ دەچم ئەوە سێبەری هەستی مێگەل بێت: ئەو ئینسانەی تێروانینی دینیی جیاوازی هەیە هەست بە نامۆیی دەکات و، هەرچییەکیش نامۆ بێت دەبێت مەترسیدار بێت. لە راستییدا، ئایدیۆلۆجییەکان رێگایەکن کە لەڕێیانەوە مێگەل دروستدەکرێت و، سایکۆلۆجیاکەش هەمان شتە بەهەر شێوازێک مێگەلەکە دروستکرابێت. 

لەوانەیە وا هەستبکەیت کە من تەنها باسم لە پاڵنەرە خراپەکان کردوە، یان، لە باشترین دۆخدا، ئەوانەی کە لەڕوی ئەخلاقییەوە بێلایەنن. بەداخەوەم، ئەو پاڵنەرانە وەک قانونێک بەهێزترن لە پاڵنەرە خۆنەویستەکان، بەڵام ئەوە رەتناکەمەوە کە پاڵنەرە خۆنەویستەکانیش هەن، لەوانەشە لە هەندێک بۆنەدا کاریگەر بن. بێگومان توڕەیی دژ بە کۆیلایەتیی لە ئینگلاند لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم زۆر خۆنەویستانە بو و، زۆریش کاریگەر بو. یارمەتیدەربوونی خۆنەویستی لە ساڵی ١٨٣٣ سەلمێندرا کاتێک باجدەرە بەڕیتانییەکان ملیۆنانیان بەخشییە خاوەن زەوییە جامایکییەکان وەک قەرەبوکردنەوە لە بەرانبەر ئازادکردنی کۆیلەکانیان و، هەروەها بەو راستییەی کە لە کۆنگرێسی ڤیەننا حکومەتی بەریتانیا خۆی ئامادەکردبو بۆ تەنازولی زۆر تا نەتەوەکانی دیش بازرگانیی کۆیلە قەدەغەبکەن. ئەوە نمونەیەکە لە رابردودا، بەڵام لە ئەمڕۆدا ئەمریکا نمونەی وای بەخشیون کە وەک نمونەکەی پێشو دیارن. ناچمە ناو باسکردنی ئەوانە، چونکە نامەوێت لەناو مشتومڕەکانی ئەمڕۆدا چەق بخۆم. 

وا بیردەکەمەوە ناتوانرێت پرسیار لەوە بکرێت ئایا هاوسۆزیی پاڵنەرێکی ڕاستەقینەیە، یان ئەوەی کا ئایا هەندێک کەس لە هەندێک ساتدا تا رادەیەک بە ئازاری ئەوانی دی ناڕەحەت دەبن. ئەوە هاوسۆزییە کە زۆر لە پێشکەوتنە ئینسانییەکانی لە سەد ساڵی رابردودا بەگەڕخستون. ئێمە توشی شۆکدەبین کاتێک چیرۆکی مامەڵکردنی خراپ لەگەڵ ئەوانە دەبیستین کە نەخۆشیی دەرونییان هەیە و، ئێستا ژمارەیەکی زۆر شوێنی مانەوە هەیە کە بەخراپیی مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت. زیندانییەکان لە زیندانەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی نابێت ئازاربدرێن و، کاتێک ئازاردەدرێن، هەرایەکی گەورە دروستدەبێت ئەگەر راستییەکان ئاشکرابکرێن. ئێمە قبوڵی مامەڵەکردنی بێ دایکوباوکان ناکەین وەک ئەو جۆرەی کە لە چیرۆکی ئۆلڤیەر تویستدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. وڵاتانی پڕۆتێستانت دژ بە دڵڕەقیین بەرانبەر گیانلەبەران. لە هەمو ئەمانەدا هاوسۆزی لەڕوی سیاسییەوە کاریگەر بوە. ئەگەر ترسی شەڕ نەبوایە، کاریگەرییەکەی زۆر گەورەتر دەبو. لەوانەبو باشترین هیوا بۆ داهاتوی بەشەرییەت ئەوە بێت کە چەند رێگایەک بدۆزرێنەوە بۆ زیادکردنی چڕیی هاوسۆزیی. 

ئیتر کاتی ئەوەیە گفتوگۆکەمان کورت بکەینەوە. سیاسەت زیاتر گرنگیی دەدات بە مێگەل نەک تاکەکان، کەواتە ئەو سۆزانەی لە سیاسەتدا گرنگن ئەو سۆز و هەستانەن کە زۆربەی ئەندامانی مێگەلێکی دیاریکراو بە هەمان شێوە هەستیپێدەکەن. ئەو میکانیزمی ناوەکیی گشتییانەی کە کارتێکەرە سیاسییەکانی لەسەر دامەزراوە ئەوەیە کە دەبێت هاوکاریی لەناوخۆی مێگەلدا هەبێت و دڵڕەقییش بەرانبەر مێگەلەکانی دیکە هەبێت. هاوکاریی لەناو مێگەلدا هەرگیز تەواو ڕێک و پێک نییە. ئەندام هەن لەناو مێگەلدا کە لەڕوی مانای وشەناسی (ئێتیمیلۆجییە)وە ئەوترێ دژەباون، ئەوە مانەی ئەوەیە کە هەمیشە لە دەرەوەی مێگەلن. ئەو ئەندامانە ئەوانەن کە کەوتونەتە خوارەوە، یان سەرەوەی خەڵکی ئاسایی. ئەمانە ئەگرێتەوە: گەمژەکان، تاوانبارەکان، پێغەمبەرەکان و داهێنەرەکان. مێگەلی ژیر لەو جۆرە کەسانە دەبەخشێت کە کەوتونەتە سەرەوەی تێكڕاکە و بە کەمترین رەقییش مامەڵە لەگەڵ ئەوانە دەکات کە کەوتونەتە خوارەوە. 

دەربارەی پەیوەندیی لەگەڵ مێگەلەکانی دی، تەکنیکی مۆدێرن ململانێیەکی بەرهەمهێناوە لەنێوان بەرژەوەندیی-خۆییی و غەریزەدا. لە کۆندا، کاتێک دو عەشیرەت دژی یەک شەڕیان دەکرد، یەکێکیان کۆتایی بەوی دیکە دەهێنا و خاکەکەی دەخستە سەر خاکەکەی خۆی. لە ڕوانگەی لایەنی سەرکەوتوەوە، تەواوی ئۆپەراسیۆنەکە زۆر رازیکەر بو. کوشتن هەرگیز گرانبەها نەبو و، خرۆشانەکە جێی لێ رازیبون بو. ئەوە جێی سەرسوڕمان نییە، لەو دۆخانەدا، شەڕ بەردەوام دەبو. بەداخەوە، ئێمە هێشتا خاوەنی جۆرە سۆزێکین کە لەگەڵ ئەو جۆرە شەڕە سەرەتاییانەدا دەگونجێت، لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنە حەقیقیەکانی شەڕ بەتەواوی گۆڕاون. کوشتنی دوژمن لە شەڕی مۆدێرندا زۆر ئۆپەراسیۆنێکی گرانبەهایە. ئەکەر بینیە پێش چاوی خۆت کە چەند ئەڵمانیی کوژران لە دوا شەڕدا و، سەرکەوتوەکان چەندە باجیان داوە لە داهاتی ئەو سەرکەوتنەیان [لە بەریتانیا هەموو قازانجێک باجی ئەبێ لێ بدرێت]، تۆ دەتوانی، بە کۆی داهاتەکە و دابەشکردانی بەسەر ژمارەی کوژراوەکاندا، دەتوانی بزانی کوشتنی ئەڵمانێک چەندی تێچوە، دەتوانی ئەوەش بزانی کە تێچونی ئەڵمانییەکی مردو زۆر گران بوە. لە رۆژهەڵاتدا، راستە، دوژمنەکانی ئەڵمانەکان قازانجە دێرینەکانی خۆیان مسۆگەرکردوە بە بەکارهێنانی دانیشتوانە تێكشکاوەکان و داگیرکردنی خاکیان. لەگەڵ ئەوەشدا، براوە رۆژئاوایییەکان لەو جۆرە قازانجانەیان بەدەستنەهێناون. ئەوە ڕونە کە شەڕی مۆدێرن بزنسێکی باش نییە لە روانگەی دارایییەوە. هەرچەندە هەردو شەڕی جیهانییمان بردنەوە، ئێستا ئێمە دەوڵەمەندتر دەبوین ئەگەر هیچ کام لە شەڕەکان ڕویان نەدایە. ئەگەر ئینسان بە ڕاستی پەیوەست بوایە بە بەرژەوەندیی خۆیەوە، کە لە ڕاستیدا وانین – تەنها لە حاڵەتی چەند زاهیدێکی کەمدا نەبێت – ئەوا تەواوی بەشەرییەت دەبوایە هاوکاریی یەکتریان بکردایە. چیتر شەڕ نەدەبو، چیتر سوپا نەدەبو، سوپای دەریایی نەدەبو و چیتر بۆمبی ئەتۆمیی نەدەبو. هیچ سوپای پڕۆپاگەندەکاران نەدەبو کە بۆ ژەهراویکردنی مێشکی نەتەوەی A دژی نەتەوەی B دامەزرێنراون و، بەپێچەوانەوەشەوە. هیچ سوپایەکی بەرپرسیاران نەدەبو کە لەسەر سنورەکانەوە کتێبی بیانیی و بیری بیانیی قەدەغەبکەن و رێبگرن لە هاتنەوەوەی وڵات، هەرچەندە نایابیش بن. هیچ جۆرە گومرگ و قەدەغەیەکیش لەسەر کەلوپەلەکان نەدەبو بۆ دڵنیای دان بە بزنس و دەستپێشخەریی بچوک لە کاتێکدا ئەگەر یەک دانەی گەورە هەبوایە لە ڕووی ئابوریەوە باشتر ئەبو. هەمو ئەم شتانە زۆر بەخێرایی دەهاتنە دی ئەگەر مرۆڤ حەزی لە خۆشبەختیی خۆی بوایە هێندەی حەزی لە بەدبەختکردنی دراوسێکانیەتی. بەڵام تۆ پێمدەڵێی، ئەو خەونە یۆتپیایییانە بە کەڵکی چی دێن؟ [نامەفهوم]ئەخلاقییەکان ئەوە دەزانن کە ئێمە بەتەواوی خۆپەرست نابین و، تا دەگەینە چەرخی نوێ ئەوە مەحاڵ دەبێت.

١١ی کانونی یەکەم ١٩٥٠

=====
فەرموون پدف و docx.
تێبینی: ڕستەیەکی تیایە بە 3 ئینگلیز و 3 کورد بۆمان وەرنەگێڕدرا.

ئەقڵ چیە؟

800px-bertrand_russell_transparent_bgبۆ وەڵامی تەواوی پرسیارەکە ئەبێ کتێبی شیکاری ئەقڵ”ی ڕەسڵ بخوێنیتەوە. بەڵام لەوێدا مێشک/ئەقڵ لای بێرتراند ڕەسڵ بە کورتی چوار شتە:

١) تێگەشتن (بە یارمەتی هەستەکان، بۆ نمونە بە چاو کورسیەک ئەبینی و ئەزانی کورسیە)،

٢) بیرکەوتنەوە (کورسیەکت بینیوە و ئێستا کە دیار نیە بیرتە)،

٣) بیرکردنەوە (ئەتوانی بیر لە کورسیەک بکەیتەوە ١٤ قاچی هەبێت) وە

٤) بیروباوەڕ (ئەتوانی خاوەن باوەڕێک بیت کە شتێک چوار قاچی هەبێت کورسی نیە).

ئیتر بە یارمەتی ئەم چوار تایبەتمەندیەی مرۆڤ ئەتوانی “کەمئەقڵی” و “ئاقڵی”ەیەکانی مرۆڤ لەسەر ئەو بناغەیە دیاری بکەیت. بۆ نمونە گەر بتەوێ بڵێ فڵانکەس بێ ئەقڵە لەبەر ئەوەی لێم تێ ناگات، ئیتر ئەتوانی بڵێی لەبەر ئەوەی هەستەکانی زەعیفە یان تەرکیزی خستۆتە سەر شتانێکی تر کە ئەوەی من بۆی باس ئەکەم یەکێ نیە لەو شتانە. یان بیرهاتنەوەی لاوازە کە دیسان هێما ئەکەین بۆ (٢). تەبیعی گرنگە بوترێ کەوا خاڵی (٤) ئەبێ مەبەست لێی “ئیمانداری”ش بێت. بەڵام وەکو تریش شتانی ئاسایی کە باوەڕت پێیانە، وەک ئەوەی سەرباری پێشبینیەکانی هەوا تۆ پێچەوانە سوور بیت لەسەر ئەوەی شتێکی تر بێ کەسێکی بێئەقڵ نیت لەبەر ئەوەی “پێشبینی”ن نەک “ڕاستی”. گرنگە کەوا “بیروباوەڕ” یان هەر یەک لە سێ وشە/چەمکەکەی تریش پێناسەیان ڕوون و دیار بێت.

 

بە لەبەرچاو گرتنی ئەمە، دێڕێکی هەیە ئەڵێ: “کەسێکی بێ ئەقڵ ناتوانێ بە دروستی قسەی کەسێکی زیرەک بگوازێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەوەی گوێی لێ ئەبێ لاشعوری وەرئەگێڕێ بۆ شتێ کە خۆی لێی تێ بگات”. سەرچاوەی دەق لە کتێبی “مێژووی فەلسەفەی ڕۆژاوا”ی شاکاری ڕەسڵ دەرهێنراوە. لێرە لەم پەڕەی فەیسبوک وەرم گرتوە. کەوابێ ئەکرێ بڵێین کەسێکی بێ ئەقڵ یان کەم ئەقڵ، جا هەر یەک لەو چوارەی سەرەوەی تیا مەوجود نەبێ یان کەم بێت، ناتوانێ بابەتێکی زانستی، بابەتێکی قوڵی فەلسەفی بگوازێتەوە.

هەڵبەت ئەمە زۆر قسە هەڵ ئەگرێت. نمونەی سادە بۆ تێگەشتن لەمە کۆدکردنی کۆمپیوتەرە. ئەوانەی کە توانای باڵایان هەیە هەم لە بیرکاری هەم لە بەکارهێنانی زمانێکی کۆمپیوتەر جۆری نوسینی کۆدەکانیان جیاوازە لە کەسانی نەشارەزا. کەسانێک کە ئەتوانن ئەوەی کەسانی نەشارەزا بە چەن دێڕێک بینوسن ئەمان بە دێڕێک یەن چەن دێڕ کەمتر ئەینوسن، کەسانی نەزان ئەکرێ هەر نەشتوانن بیخوێننەوە. هەر چۆن ئەگەر “وتارێک دەربارەی تێگەشتنی مرۆڤ”ی جۆن لۆک بگری بە دەستەوە بەدەر لەوەی زمانێکی باشی گەرەکە، خودی بابەتەکانیش کە باسی ئەکات هەمووکەس ناتوانن حاڵی بن لێی.

ئەمە سەرەتایەکە بۆ زیاتر خوێندنەوە لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە چەن لایەکەوە تەماشا بکەین کە ئەوەی پێی ئەڵێین ئەقڵ، ئەوەی کە شانازی پێوە ئەکەین جیامان ئەکاتەوە لە ئاژەڵ و خەڵکانی تریش بەڕاستی چیە؟ لە چی پێک هاتوە؟ چەن بەشە؟ چونکە ئەوەی لە کایە ئەکادیمیەکان و زانستیەکاندا زیاتر بایەخی پێ ئەدرێ ئەوەیە کە بە زیرەکی (ذکاء) ناسراوە کە ئەگەر هەڵە نەبم ئاستێکی باڵای بەکارهێنانی سێ بەشەکەی یەکەمی ئەوەی سەرەوەیە نەک بیروباوەڕ. ئەوەشی لە تاقیکردنەوە ژیریەکاندا هەیە (IQ) زیاتر بایەخ ئەدا بە هەر یەکێ لەو سێیە. لای بێرتراند ڕەسڵ باوەڕ’یش بەشێکە لە ئەقڵ، بەڵام ئەقڵ یەکسان نیە بە باوەڕ.

خۆ ئەگەر بمانەوێ زیاتر فێر بین ئەکرێ کۆرسێکیشی لەسەر بخوێنین. تا ئێرە بەسە.

ئەی بیرۆکە لە چیەوە دێ؟

فەیلەسوفی ئینگلیز جۆن لۆک – بەستەری ویکی کوردیش لەوێ هەیە بەڵام بەشی بیرۆکەکەی هەر بەندە زیادی کردوە بۆیە داینانێم – کە گوایە کاریگەری فرانسیس بەیکن، باوکی زانستی نوێ، لەسەری هەبوە. یەکێ لەو کارانەی ئەو کە لای من جێگای بایەخە گرنگی دانیێتی بە “لێبوردەیی” دینی یان جیاوازی بیروڕا و هەروەها وردبوونەوەی لەسەر تێگەشتنی مرۆڤ و بیرکردنەوەی مرۆڤ. کتێبێکی هەیە بە ناوی “وتارێک سەبارەت تێگەشتنی مرۆڤ” (بەداخەوە بە زمانەکانی ناوچەکەی ئێمە کەس لەسەری نەنوسیوە تا لینک دانێم لە ویکی). لەوێدا ئەو ئەڵێ تەنها دوو سەرچاوەی هەیە:

1. هەستەکانمان (بینین، بیستن، تامکردن، بۆن کردن، بەرکەوتن)، 2. لێکدانەوەکانی مێشکمان.

تەنها قسەیەک لەسەر ئەوەی یەکەم بیکەم ئەوەیە کە ڕەسڵ لە کتێبی شیکاری ئەقڵدا ئەچێتە ناو دوالیزم و بابەتە فەلسفیەکەوە کە ئایا مێزەکەی بەردەممان هەیە یان نیە و ڕوونی ئەکاتەوە کە فەلاسیفە ناڵێن نیە، بەڵام هەریەک تێگەشتنێکیان هەیە بۆ ئەوەی کە بینینەکە چۆنە. وە دواتر ئەو شتە ئاشکرایە باس ئەکات کە هەموو لە جێگای خۆمانەوە مێزەکە بەشێوازێکی جیاواز ئەبینین، کە تەنها قسەیەکی گرنگ تیایدا ئەوەیە کە لەبەر ئەوەی هەریەکەو شێوە بیرکردنەوەیەک و ئەوەی لە مێسکماندایە لە ساتی بینینی مێزەکەدا جیاوازە، وا ئەکات کە هەریەکەمان مێزەکە بەشێوازێک ببینین.

ئەوەی دوەم شایانی باسکردنە، خۆشی زۆر لەسەری ئەڕوات، لە کتێبی دوو هەمان سەرچاوە خاڵی دوو بە دواوە. تیایدا تەواو وردی ئەکاتەوە کە گوایە مرۆڤ دوای ئەوەی شتێکی بەر هەست ئەکەوێ، مێشکی ئەتوانێ هەندێ “کردار”ی بۆ بکات کە ئەو وشەی “مەفروشکردن” یان با بڵێم ڕاخستن و ئەوانە بەکاردێنێ. وە لێرەشدا زیاتر لەسەری ئەڕوات کە ئەو کردارانە شتانێ نین کە تەنها کردار بن و نەمێنن بەڵکوو ئەبنە هۆی تێگەشتنی قوڵتر بۆ شتەکان و ئەیبەستێتەوە بەوەی کە لە زمانی کوردیدا جارێ ڕێک نەکەوتون چ ناوێکی بنێین جگە لە “معرفە” یان با بڵێم “پێزانین“ی مرۆڤ. بە کورتی مەبەستی ئەوەیە کە دوای ئەوەی کە بینیت ئەمە چ شاخێکە یان دەریایەکە ئیدی شتی تری لێ دروست ئەکەی وەک خۆزگە خانوویەکم لێرە هەبوایە.

ئیتر پیایدا ئەڕواتە خوارەوە، لێرە نامەوێ وەرگێڕان بکەم و پێم خۆشە ئەوەنەدەی خۆم “لێکدانەوە”م بۆ کردوە بینوسم. هەڵبەت جۆن لۆک کابرایەکە باوەڕی تەواوی بە بوونی خوا هەیە بۆیە هەندێ شتی تریش باس ئەکات وەک بوونی ڕۆح کە لای من زۆر ڕوون نیە، هەرچەن بێرتراند ڕەسڵیش لە کتێبی شیکاری مێشکدا وەک ئەو باسی ڕۆح ئەکات و ئەڵێ یەکێ لە سێ پایە سەرەکیەکەی “زەین”/mind یان ئەقڵی مرۆڤە. وە لۆک لەوێدا ئەوە ڕەت ئەکاتەوە کە ڕۆح سەرچاوەی بیرکردنەوە بێت و ناکرێ کە ڕۆح هەمیشە بیربکاتەوە بەبێ ئەوەی خاوەنەکەی ئاگای لێ بێت. ئەمە زۆر لام پڕ بایەخ نیە، چونکە من جیاواز لە هەردوکیان کێشەم لەگەڵ وشەی ڕۆح هەیە.

ئەوەی لام کرگنە بەشی سێیەمی کتێبی دووی هەمان سەرچاوەیە کە تیادا دێتە سەر “بیرۆکە”ی سادە و جیای ئەکاتەوە لە بیرۆکەی ئاڵۆز. لە دوای ئاخاوتنێکی ورد لەسەر ئەوەی کە مێشکی مرۆڤ توانای جیاکردنەوەی خاسیەت (دیسان وشەی تایبەتمەندێتی داماو)ی شتەکانی بەرهەستمان هەرچەن زۆر ئاڵۆز و تێکەڵن بەڵام زۆر بە ئاسانی جیا ئەکرێنە و مێشک لەیەکیان جیا ئەکاتەوە بۆ نمونە سپێتی و ساردێتی پارچە سەهۆڵێک کە سپێتیەکەی بەچاو و ساردێتیەکەشی دوای دەستلێدان یان بەرکەوتن فێری ئەبین. ئا لێرەوەیە کە دێتەوە سەر ئەوەی لە یاسای فیزیادا بە یاسای وزە ناسراوە و من هیچێکی وای لێ نازانم لەم کاتەدا ئەوەندە نەبێ کە وزە ون نابێت، تەنها لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی تر ئەگۆڕێت (لام گرنگ نیە هەڵەبم لەمەیاندا). ئەگەڕێمەوە لای لۆک کە ئەڵێ مرۆڤ لەبەر ئەوەی لە شتە بەرجەستە (هەستە)کان بیرۆکە وەر ئەگرێ:

هەرگیز ناتوانێ نە بیرۆکەیەک دروست بکا لە دەرەوەی هەستەکان نە لەناویشی ببات چونکە ئەوە لە دنیای فیزیاییدا مەحاڵە.

ترسی مرۆڤ لە بیر چۆنە؟

مرۆڤێک و بڵقی مێشکی
:کلیپئارتێکی بیرکردنەوە. سەرچاوە http://www.clker.com/clipart-thinking-empty-thought.html

“پیاوان ئەوەنەی لە بیر ئەترسن لە هیچ شتیکی تر لەسەر زەوی ناترسن، لە وێرانکردن زیاتر هەتا لە مردنیش زیاتر. بیر تێکدەرە و شۆڕشگێڕانەیە، وێرانکەر و ترسناکە، بیر بێ ڕەحمە بەرامبەر ئیمتیاز، بەرامبەر دامەزراوە جێگیرەکان و خووە ئیسراحەتەکان. بیر تەماشای چاڵی جەهەننەم ئەکات و ناترسێت. بیر مەزن و خێرا و ئازادە، ڕووناکی جیهان و شکۆی سەرەکی مرۆڤە”

بێرتراند ڕەسڵ، کتێبی پرەنسیپەکانی دروستکردنەوەی کۆمەڵگا. خۆم نەمخوێندۆتەوە تا دوا دەستکاری ئەم بابەتە.

تێبینی: هزر ئەکرێ لەجێگای “بیر” دانێین بەڵام پێناسەکەی لای زۆر کەس ڕوون نیە، لە هەنبانە بۆرینەش هزر = بیر. بیر = فکر بە عەرەبی، thought بە ئینگلیزی. نامەوێ “بیرکردنەوە” بەکار بهێنم چونکە ئەوە “تفکیر”ە نەک فکر. داخەکە دیسان سەختە، وشەی بیرکردنەوە باوە، بەڵام کە ئەڵێین بیر خەڵک “بیر”ی بۆ “بیرگە”/حافزە ئەچێ کە تەواو جیاوازن.

حەقیقەت لای بەختیار عەلی چیە؟

وەڵام: پێمان ناڵێت

کاکە بەختیار عەلی ئەکرێ تەنها کوردێک بێت کە زۆرێک هەم ئیلهامی پێداوم، هەم زۆرێک هەڵەی ئیحساسی بۆ ڕاست کردومەتەوە. تا ئێستاش سەرچاوەیەکی ئیلهام بەخش و پڕ فێربوونە بۆم. دوا بابەتی کە بەداخەوە لە باس نیوز بڵاوی ئەکاتەوە لە زنجیرەی تێبینیەکان، لەسەر حەقیقەتە لای نیتشە. بەندە یەک وشە لای نیتشە فێر نەبووم جارێ. ئەمەم بۆ هات دوای خوێندنەوەی وتارەکە و بەشی دوای ئەوەش کە لە خۆم بپرسم ئەرێ حاڵی بویت؟ وەڵامەکەشی ئەوەیە کە نەخێر حاڵی نەبووم. بۆیە وردم کردەوە، خەریک بوو ئەم چەن خاڵە بینێرم بۆ باس نیوز باش بوو نەمنارد. بۆیە لێرە دای ئەنێم تا بە دڵی خۆت کاتی پێوە بکوژیت.

١. زمان: کاکە بەختیار ئاگاداری وەڵامەکانتم لەسەر ڕەخنە لە بەکارهێنانی زمان. بەڵام خێرە دیسان وشەی حەقیقەت هەڵ ئەبژێری نەک “ڕاستی” یان جیاوازن؟ یان ئەمجارە پەنا نابەیتە بەر لاتینی بە لەفزی ئەڵمانی و ئەچیتە لای عەرەبی؟ باشە ناکرێ پێناسەیەکی فەرهەنگیانەمان بدەیە پێش ئەوەی بچیتە ناو بابەتە فەلسەفیەکەوە؟ زۆر سەختە بزانین مەبەستت لە “حەقیقەت” چیە؟ یان هەر ئەمان بەی بۆ پیاسەی ئێواران؟ یان بەڕاستی مەبەستتە کەلیمەکە بقەڵەوێنی؟

٢. بابەتەکەت، حەقیقەت: چ ڕاستی یان حەقیقەت، چیە وا “تا لە کۆیلەگەرایی بۆ مەبەست و ئامانج بیانپارێزم” کەچی خەریکە ئەمان کەی بە “کۆیلە”ی شتێک کە “لێرەوەیە کە حەقیقەت لە خواست و قازانج و نیازی ئێمە جیانابێتەوە، توند بە غەریزەکانمانەوە بەستراوە، نەوەک بە عەقڵمانەوە”. جەنابت باش ئەزانی کە غەریزەکانمان تەنها بەشێکی مرۆڤن کە ئەمان کاتەوە بە ئاژەڵ کە زۆربەمان خۆمانی لێ بەدوور ئەگرین، یان وامان پێ چاکە. ئیتر بۆچی حەقیقەت ئەبێ لە “خواست” و “قازانج” و “نیاز”ی ئێمە جیا نەبێتەوە کە هیچیان بە غەریزەوە نەبەستراون مەگەر تۆ چەسپی فەوری بۆ پەیا بکەی. یان هەرسێ وشەکە + غەریزە بە دڵی خۆت پێناسە ئەکەیت؟

٣. وتارەکەت، زانست: لە نیتشەوە بۆ لای زەردەشت، وام لێ ئەکا لە کاکە بەختیار بپرسم جار و بارە بۆ زانست یەکسان ئەکا بە زانستی تاقیکراوە و هەرچی پەیوەندی بە نا مەتریالەوە هەبێ ئەیکا بە “موڵک”ی فەلسەفە. ئایا بیرکاری زانست نیە؟ ئەگەر زانستیشە ئایا ماتریالیە؟ چونکە چاک ئاگادارم لە بابەتێکی تریش سەر و گوێلاکی زانستت خوێناوی کرد بەبێ پێناسەکردنی وشەکە. ئەگەر زانستیش ئەنوسی ئەو تێکەڵکردنە (٣) لە پای چی؟

٤. ماڵئاوایی بە نوسین: زۆر بەداخەوەی کە لە کۆتاییدا کاتی ماڵ ئاواییە لە جەنابت. هۆکارەکەشی خاڵەکانی سەرەوە نیە، بەڵکو بڵاوکردنەوەی نوسینەکانتە لە باس نیوز. تۆ بەردەوامبە لەوەی لە باس نیوز بنوسی منیش تا ئەوکاتە یەک وشەی تر لەو دۆمەینە ناخوێنمەوە کە خزمەت بە پارتی دیموکراتی کوردستان بکات. نەبا پارتی حەقیقەتی لە تۆش شاردبێتەوە ئەو حیزبەیە کە خزمەت بە یەک بنەماڵە ئەکات کە بنەماڵەی بارزانیەکانە. ئەوەش هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ حیزبی بەعس کە خزمەتی بەعسیەکانی ئەکرد، ئەکرێ بازنەکەی بەعس فراوانتریش بووبێت، چەوساندنەوەش بەهەموو کەسێک ناکرێت. ئیتر حەقیقەتی چیمان پێ ئەفرۆشیت؟ ئەتەوێ لەبەرگێکی زەردا بەدوای حەقیقەتی سەوز یان مۆر بگەڕێین؟ هەموو شتێکیان فرۆشت تۆش “پسپۆڕ”ی فرۆشتنی حەقیقەتی بۆیان؟ ئەگەر بەخۆڕایش لەوێ بڵاوی ئەکەیتەوە سایت و دیزاین و هەموو شتیکی لەسەر من تا 10 ساڵی داهاتوو لای ئەوان مەنوسە.

دوا قسەش بۆ خوێنەر، کام ڕاستی باس ئەکەین قوربان؟ ڕاستی قازانج یان ڕاستی دەرەوەی قازانج؟

زانین لای ئاین، فەلسەفە و زانست

russellبێرتراند ڕەسڵ ئەڵێ: “هەموو زانینێکی دڵنیا، ناچارم بڵێم، هی زانستە؛ ئەوەی لە مەزهەبدا لە زانینی دڵنیا تێپەڕ ئەکات هی دینداریە [لە ئیسلامدا یەقین بەکاردێ]. لە نێوان دینداری و ئایندا جێگایەک هەیە بێخاوەنە، بۆ هەردولا دیارە و کەوتۆتە ژێر پەلاماریانەوە، ئەم جێگا بێخاوەنە ناوی فەلسەفەیە”

وشەی زانین مەبەست معرفەی عەرەبیە بە مانا گشتیەکەی نەک تێگەشتنی مرۆڤ، کە عەرەبیە سنوردارەکەی من ئەڵێ جیاوازن. واتە وشەی knowledgeی ئینگلیزی

وێنەکە: هێڵەکەی ناوەڕاست دڵنیایی زانین نیشان ئەدات. لە سەرەتادا زانست دێ کە دڵنیا ئەبێ لە شتێک بە تاقیکردنەوە، دواتر ئەیپەڕێنین و ئەچین جێگای ئاین دیاری ئەکەین کە ئەڵێ خوایەک پێی وتووم بۆیە من دڵنیاترم لە زانست. جا بێرتراند ڕەسڵیش‌ئەڵێ لە نێوانیاندا جێگا بێخاوەنەکە هی فەلسەفەیە و زۆر بە ئاسانی ئەکرێ تێهەڵدان بکرێ چونکە بێ خاوەنە.