کەواتە هیچ شتێکی سەرچاوە کراوە بەکار مەهێنە

جێگای داخە لەبەر قازانجی شەخسی خەریکی زڕاندنی ناوی سەرچاوەەکراوە بن. ئەمە گەندەڵیە لە ئاست دزینی داهاتی خەڵک. بەندە بە شانازیەوە پێشنیاری سیستمی سەرچاوە کراوە ئەکەم بۆ هەرکەسێک داوای چارەسەرێک لە ئێمە بکات. ئەوە بێتوانایی نیە، ئەوە مەنتیقی ئیشکردنە. کەسێکیش وابزانێ چ ئەوەی نەتوانین کۆد بنوسین چ ئەوەی کە تەنها باسی سەرچاوە کراوەمان کردبێ و خۆمان شتێکمان نەنوسیبێ، ئەتوانێ ئەو ڕەخنەیە بگرێ سەرباری ئەو چەن پرۆژەیەی لە گیتهەب بڵاومان کردۆتەوە، بەخۆشحاڵیەوە ئەو ڕەخنەیە وەرەگرم.

لۆگۆی سەرچاوەکراوە

زانکۆکان ژێربەژێر چیان بوێ بەکاری ئەهێنن لە سیستمی بەڕێوەبردنی قوتابخانەە کە بۆ زانکۆ دروستنەکراوە تا خودی لینوکس لە ئاندرۆیدەکانی دەستیانەوە تا زۆر سیستمی بنچینەیی. بەڵام نابینین بە زەقی شانازی پێوە بکەن.

هەرچی حکومەتیشە، لە ٢٠٠٦ نوسیمان کە زلهێزەکانی دنیا کردویانە بە سیاسەت. ئەبوایە ئەوان دامودەزگاکانیان ناچار بکەن سەرچاوە کراوە یەکەم هەنگاویان بێت. ئەوەتا تەواوی دامودەزگاکانی وڵاتە پێشکەوتوەکان پێشەنگن لە بڵاوکردنەوەی کۆدەکانیان و لە حاڵەتێکی وەک ئاپی شوێنپێهەڵگرتنی کۆڤید١٩دا تەنها سەرچاوە کراوەیە بتوانێ وا لە خەڵک بکات متمانەی تەواویان بە ئاپەکە هەبێت.

کە دێتە سەر ئەوەی کە کۆدێکی وێران ئەنوسن لەسەر بنکەدراوەیەکی سەرچاوە کراوە، بە خاوەن پرۆژەکە ئەوترێ: سەرچاوە کراوە کێشەی “سێکیوریتی” هەیە. دواییش دائەنیشن گلەیی لەم و لەو ئەکەن کە گوایە گەندەڵن. ئەی ئەمەی ئێوەی ئەندازیار ئەیکەن چیە؟ ئەگەر وایە بۆ بنکە دراوەکە بەکار ئەهێنی؟ چیە وا ئەکات MySQL کێشەی پاراستنی نەبێ بەڵام هەر نەرمەکاڵایەکی تری ناوەند یان پێشەوە کێشەی هەبێ؟ کەواتە دەست مەبە بۆ زۆر شتی تریش و بچۆ لە دام و دەزگایەک شتێک بکڕە کۆدەکەی سەرچاوە داخراو بێت. ئەوەش ناکەی کراکردنی ویندۆز لەپای چی؟ ئەمە چەتەگەری و دزیکردن نیە؟ هەروا فۆنت دزین و هتد.

بەڕاستی گەندەڵیە لەسەر مانووبوونی خەڵک بژیت بەڵام ئامادە نەبی دەستخۆشیان لێ بکەیت. دیارە ئەم جۆرە لە قسەکردن لە قسەکانی وێز مەکینی نوسەری یەکێ لە پرۆژە گرنگەکانی پایسن ئەچێت، بەڵام مەبەستم ئەوە نیە بکڕوزێمەوە بۆ کەسانێ کە خۆیان پێویستیان بە کڕوزانەوە نیە، مەبەستم ڕاستەوخۆ وەڵام دانەوەی ڕاستەوخۆی هەر کەسێکە ڕەخنە لە کۆدێک بگرێت کە بە ملیۆنەها تاقیکردەوەدا تێپەڕێبێ بەرامبەر کۆدێک کە تەنها خۆی لێی تێ ئەگات و تەنها لەسەر سیستمێکیش ئیش ئەکات.

زانستی سەردەم نەک هەر سەرچاوەکەی پێویستە، چیتر ئەوەش قەبوڵ نیە کە تەنها لەسەر کۆمپیوتەرەکەی خۆت ئیش بکات، ئەبێ کۆدەکەت وا نوسیبێ، هەر کەسێک بیەوێ تاقیکردنەوەکەت دووبارە بکاتەوە، ئەگەر بابەتێکی زانستیت نوسیبێ بۆ نمونە، ئەوا ناکرێ نەتوانێ کۆدەکەت بخاتە گەڕ.

چآک ئەزانم کۆمەڵگا و ئەندازیاری ئێمە ساڵەها لە دوای وڵاتانی ترەوەین، ئەوە پاساو نیە بۆ قسە نەکردن. مادام ئەوان غیرەتیان هەیە لەبەر نەزانی خەڵکی ئێمە هەوڵی ئەوە بدەن وێردپرێس ناشیرین بکەن کە زیاد لە ٣٠٪ی سایتەکانی دنیا بەڕێوە ئەبات گوایە کێشەی “سێکوریتی” هەبێت، هەقە لەبەرامبەردا پێیان بڵێین: ئەگەر وایە تکایە هیچ شتێکی سەرچاوە کراوە بەکار مەهێنن بە تایبەتی ئاندرۆید.

ڕۆژێکیش ڕای بەندە وەرگیرێت لەسەر سیاسەتێک بۆ دامودەزگای دەوڵەت، بێگومان هەر ئەوەی ١٤ ساڵ پێش ئێستا نوسیومە بە ١٤ جار تۆختر ئەیڵێم کە چارەسەر تەنها بەخشینەوەی کۆد و داتایە بە هاوڵاتیان چونکە ئەوان خاوەنی ڕاستەقینەی حکومەتن نەک بە پێچەوانەوە.

ئەلفوبێی کۆدکردن بۆ مناڵ

ئەم بابەتە بۆ تەمەن ٦ بۆ سەرەوە نوسراوە، بەڵام هەموو تەمەنێک ئەگرێتەوە تا ئەو کاتەی بە باشی ئەتوانێ بنوسێ وبخوێنێتەوە، ئەکرێ ئەوە تەمەنی ٩ ساڵی بێت یان ١٥، دوای ئەوە مناڵ ئەبێ بتوانێ ڕێگا ئاساییەکانی فێربوونی کۆدکردن بگرێتە بەر.
کۆدکردن/پرۆگرامکردنی کۆمپیوتەر دنیایەکی تا بڵێی سەخت و گرانە بەڵام پڕ چێژ و فێربوونە.
بۆیە باشتر وایە گەر بتەوێ مناڵەکەت لە داهاتوو لە ئیشەکەیدا (هەر چیەک بێ، لە سەماکردنەوە بۆ ئاوازدانان و زانستی کۆمپیوتەر خۆشی) ئەوا باشترە زووتر دەست پێ بکەیت. بەڕای بەندە لە خوار ٥ ساڵەوە تەنها مناڵە نائاساییەکان ئەتوانن دەست پێ بکەن، بەڵام وەک ستیڤ ۆزنیاک ئەکرێ لە ٦ ساڵیدا سوڕی کارەبا فێر ببێت.
لەم دوا سەردانەم بۆ بازاڕەکانی ئەپڵ (سەربارەی ئەو گلەییەی هەمانە دەربارەی نرخ) کۆمەڵێ یاریم بینی کە بەڕاستی پڕاوپڕی فێرکردنی مناڵن. هەندێ پرۆگرامی فێرکردنیشم بینی کە دیسان پڕبەپێستی یاریکردن و فێرکردنی مناڵەکانتانە. هەندێ لە یاریە “ڕەق”ەکان ئەمانە بوون (کرتە لە هەر ڕەسمێکیان بکەی ئەتبا بۆ سایتی کۆمپانیاکە، نازانم لای تۆ لە کوێ دەست ئەکەون):
osmo-codingkit-inline125e0192-01osmocodingbox_d3d56ce4a8a461476426e6fa50336b6e-m
پرۆگرامەکانیش کە پێویستیان بە شتێکی تر نیە جگە لە ئایپاد/ئاندرۆیدێک ئەمانەن
86c96edb160286ce68359669d7bb6c2a swift-playgrounds-ios10-characters-100671813-orig
ئەو خاڵانەی گرنگە لەبیرت بێ بۆ ئەوەی بناغەیەک دانێیت کە مناڵەکەت فێری کۆدکردن ببێ بە ڕای من ئەمانەن:
١. ئەبێ لە دەرەوەی پرۆگرامکردن مناڵەکەت فێر بکەی لەسەر یاریەک بەردەوام بێت. لە زمانە سایکۆلۆجیەکەدا نازانم چ ناوێکی هەیە بەڵام وردە وردە ئەبێ مناڵ فێر بکەی کە شتێکی کرد، بیگەیەنێتە ئەنجامێک. ئەمە دوایی بۆ گەورەبوونی گرنگترین توانای کەسی ئەبێت. بۆ نمونە یاری بە لێگۆ/میکانۆ بکا و وتی ئەمەوێ خانوویەک دروست بکەم، هانی بدە تەواوی بکات. 
٢. بۆ ئەوەی خاڵی ١ ئەنجام بدات، ئەبێ وردی بکاتەوە و هەنگاو هەنگاو ئەنجامی بدات تا بتوانێ بگاتە هەر ئەنجامێک کە دیاری ئەکات. بۆ نمونە بیری بخەرەوە کە یەکەمجار دیوارەکانی خانوەکە دروست بکات.
٣. وەک هەموو شتێکی تر تۆ تەنها ئەتوانی ڕێگاکەی نیشان بدەی، کە ڕۆشتی لەگەڵی ئەوا ١ و ٢شت پێشێل کردوە. دەستی مەگرە، دەستی بگری ئەوە تۆی یاری ئەکەیت ئەو نیە.
٤. با زمانێک بە چاکی بزانێت، بۆ نمونە کوردی. با بتوانی بە کوردی بە دڵی خۆت قسەی لەگەڵ بکەی و وردەکاری و زبرەکاری لەگەڵ باس بکەیت. ئەمەیان ئەبوایە ڕوون بوایە، بەڵام لەسەری ناڕۆم.
بەڕای من هیچی تری پێویست نیە، نە بیرکاری پێویستە نە ئەوەی بزانێ ١ و ١ ئەکاتە چەند. تەبیعی پرۆگرامکردن بیرکاریە، تا مناڵەکە بیرکاری چاکتر بزانێ باشتر ئەتوانێ کۆد بکات. بەڵام بیرم نیە هیچ یەک لە بلیمەتەکانی پرۆگرامکردن بلیمەتی بیرکاری بن. چونکە کۆدکردن هەمووی هەنگاو هەنگاوە، لە هەموو هەنگاوێکدا ئەتوانی بوەستی و چیت پێویست بێ لە بیرکاری، فیزیا، زیندەوەرزانی و ئەندازیاری و هتد بەدەستی بخەیت و هەنگاوەکەی پێ بنێیت.