بۆ ناهێڵن بخوێنینەوە؟

iqraa
اقرا باسم …

چیتانە بەسەرمانەوە؟

“نوێژکەری نورینی، ئیشکەری شیرینی” بێ ئەقڵانەترین قسەی بەشەری کوردە.

با جارێ جەماعەت لێم عاجز نەبن ڕوونی بکەمەوە: گریمان فیعلەن نوێژکەر بی نورینی و ئیشیشت کرد پارەداریت و قسەت ئەڕوا، دەی با شتێکیشی لەسەر ئەقڵ تێدا بهاتایە. نوێژکەری ڕاستەقینە بی نورینی، ئیشکەری ژیر بی شیرینی” ئاوا. نە ئەبوو؟ دیارە کابرای قسەکەی کردوە لە مەلا ترساوە و کرێچیش بوە.

ئەوی تریش “کوڕی کوردم خەریک بوون بێنە فرمان” کەس هەست ناکا دژی ئەو وتەیەی پێشترە، ئەزانی مەبەستم چیە؟ ئەمەیان دەری ئەخات کورد تەمەڵن ئیتر چۆن ئەتوانن وەسفی ئیشکەر بکەن؟ ئینسانی تەمەڵ خەو بە “خەریک بوون بێنە فرمان”ەوە نابینێت. خەوە بە پارەداریەوە ئەبینێت کە تەمەڵی بۆ دروست بکات.

بۆخۆم بەشداربووم لە لۆمەکردنی کەسێک کە زۆربەی کاتەکانی بە ڕۆژنامە بەریتانیەکانەوە بەسەر ئەبرد نەک چوون بۆ سەر ئیش لە گەسفرۆشی (ئیشێکی ئەوپەڕی پیرۆزە) یان هەر کارێکی تر لە کارخانەکانی ئینگلتەرادا. کە ئێستا لێی پەشیمانم، هەڵبەت حاڵەتەکەی ئەو هەر تایبەتە و پەشیمان نیم لەو جۆرە تەمەڵیەی ئەو.

کە تازە گەشتبوومە بەریتانیا لە 2002، بە تەلەفۆن ئەوترا “کوڕم خۆ خەڵک مریشکێکی ناردۆتە خاریج بە فەردە دۆلار ئەنێرێتەوە”. نەوترا “کوڕم ئەرێ ئێستا ئەزانی زانکۆی کامبریج لە کوێیە؟”. ئەمە شتێکی جیاواز نیە، ئەم وەزعە وەزعی خوێندەوارەکانمانە. واتە وەزعەکە زۆر لەمە خراپترە.

ئێستاش سەرزلێک کە خاوەن دوو دوکان بێت قسەکانی زیاتر جێگای قەبوڵکردنن. ئەمەش دیسان لای خەڵکێ کە بە حیساب خوێندەوارن.

ئێستاش کە گەشتوینەتە ئاستی ئەوەی ئیتر باقی ژیانمان بەچیەوە بەسەر بەرین، جارێکی تر، ڕوو بەڕوی ئەوە ئەبینەوە کە ئایا بۆخۆمان بژین یان بۆ خەڵکی؟ کێشەکە لەوەدایە ئەوانەی کە زۆر لێت نزیکن یەکەم کەسن کە قسەکانت کاریان تێ ناکات. هۆکارەکەشی ئاشکرایە، فەلسەفیانە سەیری بکەی لەوەیە شیکارەکەی ڕەسڵ بۆی ڕاست بێ کە مرۆڤ لەگەڵ تەمەندا ئەو شتانەی گوایە شارەزایانە تاقەتی لێیان نامێنێت، واتە کەسە نزیکەکانیش. ئەگەر عەوامانەش تەماشای بکەی، ئەوا لەبەر هەر هۆکارێکی تر بێت کەسە نزیکەکانمان نرخیان نیە. گەورەترین نرخیان لە تەعزیەکانیاندایە. دوای تەعزیە باسکردنیان جۆرەها دڵ کولانەوە و قسەی پوچە. وەک بڵێی هەندێ لەوانەی من ئەیان ناسم دوای ئەوەی بوونە سەبەبی تێکدانی ژیانی نزیکەکانیان تا ئێستا نەچوونەتەوە سەیران.

کەوابێ بۆ لێمان ناگەڕێین نە ئیش بکەین، نە نوێژیش؟

جارێ با وەڵامە ئاسانەکەی بدەم بەوانەی جارێکی تر غیرەت ئەکەن دێنە ماڵی من و پێم ئەڵێن “ژیان کورتە کەی بەشی ئەوە ئەکات کتێبی تیا بخوێنیتەوە”. یەکەم: کەی قەرزمان لە کەستان کرد، بە ناشیرین ترین شێوە وەڵاممان بدەنەوە. دووەم: لەسەر پردی سیرات بۆخۆت بڕۆ بۆ بەهەشت و یەک پاڵی توندیش بنێ بە منەوە تا بکەوینە ناو چاڵەکەی جەهەننەمەوە و لە دڵی خۆشتا بە تۆخی بنوسە “نامەوێ لەگەڵ ئەمە حەشر کرێم” لەسەر ئەساسی “یحشر المرآ مع من احب” ئیتر لە ڕوودا چی نیشان ئەدەی خۆت و خوای خۆت.

بۆیە:

1. هانی بیرنەکردنەوە مەدە چوونکە دڵنیابە سەرکەوتوو ئەبیت

2. بڕۆ بزانە چ جۆرە دینێکت هەڵبژاردوە چوونکە ئەویش قات قاتە.

3. بڕۆ بزانە ئیشکردن چیە و چەن جۆری هەیە و تۆ خەریکی کامیانیت.

جارێکی تر، کە بە کەسێکت وت خەریکی خوێندن/خوێندنەوەم و ئەویش وتی: “نەبووی بە بولبول”. پێی بڵێ: تۆ لە ئاژەڵ دەرچێ دیراسەی هیچی ترت نەکردوە.

گاڵتەپێکردن لە کوێوە دێت؟

کە ئەبینی مناڵەکەت گاڵتەی پێ ئەکرێ لە مەکتەب (ئیستیغلال ئەکرێ)، بە بڕوای من، دڵدانەوەی مناڵەکە سودی نیە. مەبەستم ئەوەیە کە گاڵتە بە لوتی کرا (وەک لوتی من زل بێت بۆ نمونە) سودی نیە پێی بڵێی تۆم کروزیش لوتی زلە. هەرواش گەورەیەک کە ئەبینرێ لەلایەن کەسێکی ترەوە گاڵتەی پێ ئەکرێ، یان خەمیەتی گاڵتەی پێ بکرێ، دڵدانەوەی هۆکاری گاڵتەپێکردنەکە سوودی نیە بەبڕوای من.
ئەبێ بڵێی ئەمە کێشەی دەسەڵاتە کوڕم/کچم/بەڕێزم، گاڵتەپێکەر هەست ئەکا لە تۆ بەهێزترە و لوتزلیەکەشت هیچ عەلاقەی بە باتەکەوە نیە، تەنها ڕێگایەکی دەربڕینی ئەوە وا ئەزانێ لە تۆ بەقوەتترە. چ لوتێک جوانە، بەزمێکی ترە، چ باڵایەک جوانە بابەتێکی ترە، چ جنسیە و زمانێک بزانی بابەتێکی ترە.
بۆیە ئەکرێ لەگەڵ گاڵتەپێکراو بزانی کام لەم ئیختیارانە بۆی چاکە:
1. لە ئەوروپا (مەبەستم وڵاتانێک کە یاسا یان بەناو یاسایەکی تیابێت) هەر ناپرسن مەسەلەکە چی بوو، ئەبێ بە مەکتەب بوترێ = شکات = قانون = زۆرجار تعویز وەرەگریت. چونکە پێناسەکەی دیارە و تەعریفی ناوێت.
2. لە کاولەیەکیشدا کە گاڵتە بە خەڵک کردن ئەوەنە باوە ون بوە لەبەرچاو:
2.1 ئەتوانی پێی بڵێی کە ئەکرێ مرق بکەی یان سەرت کز بکەی (فەرق ناکات)، کە وابزانم زیاتر گاڵتەپێکردنەکە زیاتر ئەکات.
2.2 ئەتوانی پێی بڵێی تۆش ئەتوانی جانتاکەی بسوتێنی ڕۆژی دوای ئەوە.
2.3 یان ئەتوانی پێی بڵێی: خۆت لەو بەهێزتر دانێی و بەزەیت بە ئەقڵیدا بێتەوە، بەڵام ئەبێ وەڵامێکی بدەیتەوە کە ئەمە نیشان بدا. بۆ نمونە پێی بڵێ: لوتم لە ئەقڵت گەورەترە.
جا زۆرێک لە هاوکێشەکانی تری ژیان لەو سێ خاڵەی دوەم تێ ناپەڕێت، چونکە ئەوەی 1میش شتێکە لەبەینی 2.1 و 2.2. گاڵتەپێکردن یەکجار گرنگە لام، لوتزلیەکە کاڵی نەکاتەوە. وەڵامی پرسیارەکەش ئەوکاتە ئەبێ ئاوا بدەمەوە:
لەوێوە دێ کە کەسی گاڵتەپێکەر، کەسی گاڵتەپێکراو بە بچوکتر لەخۆی تەماشا ئەکات، وە گاڵتەپێکراو ناچارە یان هۆکارێکی تر وای کردوە ئەو دۆخە قەبوڵ بکات، دەنا ڕوو نادات.
بۆ نمونە با باسی ڕەگەزپەرستی بکەین: کەسێکی سپی پێست (کە لەم سەدانەی دوایدا زاڵتر بوون بەسەر ڕەشپێستدا) ناتوانێ لە شارێکدا کە یەک نەفەری تری سپی تێدا نەبێ و دەستیشی نەگات بە یارمەتی، گاڵتە بە ڕەشپێستێک بکات. بەهەمان هاوکێشە، شارە ڕەشپێستەکە ئەتوانن ئەوپەڕی گاڵتە بە سپی پێستی کەسەکە بکەن.
نمونەی تر زۆرن، بەڵام هەمان هاوکێشەن، فیلە و پێ بە مێرولەدا ئەنێت. جگە لەو خاڵانەی سەرەوە باسمان کردن، چ مناڵ چ گەورە ئەبێ ڕوون و ئاشکرا بزانێت کە کێشەکە پەیوەندی بە بابەتەکەوە نیە. بابەتی گاڵتەپێکردنەکە تەنها دەرچەیەکی نیشاندانی ئەو ناهاوسەنگیەی هێزە لە نێوان دوو لایەنەکەدا. لایەنی گاڵتەپێکراو ئەبێ بزانێ کە لە (1) و (2) دەرناچێت و لە حاڵەتی (2)میشدا لەو سێ بژاردەیە زیاتر نیە.
زیاتریش دیراسەی ئەکەم و شتێکی هەڵەی تیابوو چاکی ئەکەم.

تەعەداکردن لە کچی سپی پێست لەلایەن کوردانی ئینگلتەراوە

یەک بە یەکی عادەتی کورد، دانە بە دانە، زەڕە بە زەڕە، بە تایبەتی چاکەکانی، بۆ تەنەکەی خۆڵ باشە. جا گلەیی لە کەس مەکە سڵاو وەڵام ناداتەوە، لە قیتار حسابی تورێکت بۆ ناکا، یان دوو پارچە سەمونی کاڵی پێیە و پەنیر لەناوی ئەیخوات تۆش خەریکی کەباب خواردنی. لێ گەڕێ ئەو بەڕێی خۆی تۆش لەبەهەشتەکەی خۆت. زوو زوو یەکێکمان ئەڵێین “کوڕە بەخوا شت هەر لە ئینگلیز بکڕی باشە”، ئەی ئەوە نەبوو لە کرمان خێرا هەموومان جنسیەی “ئێرانی”مان وەرگرت خۆمان ڕامان کرد و چوین بۆ نوگرە سەلمان تا جنسیەی قیامەت وەرگرین؟

کە ئەڵێم باشەکانی مەبەستم ئەو شەرەف و کەرامەتەیە کە ژنی قوڕبەسەری لەسەر ئەکوژرێت. هەروا قسەی هەندێ بەناو مەلا و نوێنەری ئێوە کە حەدیسێک لە سوچی کتێبێکی کابرایەکی بەربەری نەزان ئەدۆزنەوە و بەکاری ئەهێنن گوایە “ڕێزی کچ” هەیە لای ئێمە. لەبەر ئەوەیە ئەمەوێ و لەڕاستیشدا فەرزێکی ئەخلاقیە کە هەمووتان ئەم ڕاستیە بزانن. لە ڕاپۆرتی فەرمی فەرمی پاراستنی مناڵ لە بەریتانیا هاتوە کەوا گەنجانی پاکستانی، ئەفغانی، کورد و زۆرێکی تریش لە ئینگلتەرا بە کۆمەڵ و بە تایبەتی خەریکی تەعەداکردن بوون لە کچی سپی پێستی منداڵ. ئەمە بەشێکە لەو ئابڕوو چوونەی گەنجانی ئەو ناوچەیە کە ناچارم بڵێم موسوڵمان تیایدا زیاد لە ١٠ ساڵە خەریکین.

ئەوەی ئەم ئازارە قوڵتر ئەکاتەوە لای من ئەوەیە نە بە تاک ئێوە باسی ئەکەن، نە ڕۆژنامە کۆیلەکانیشمان باسی ئەکەن، نە هیچ یەڵماز گونەیەکیش ئەتوانێ تەعبیری لێ بکات. زۆریشتان، خوشکتان، خوشکەزاتان، پورزاتان مارە کردوە لە سەرسەری و بێ شەرەفی کورد کە شێرزاد وتەنی لەوێ دەرچوون وا ئەزانن ئەورپا قەحبەخانەیە.