بەرگی کتێبی سەکەوتنی شادی – سەرچاوە: ئەمازۆن
بەشی یەکەم لێرە بخوێنەوە.
“یەکێک لە شێوازە گەردوونیەکانی نائەقڵانیەت ئەو ئوسلوبەیە ئەگیرێتە بەر لەلایەن هەموانەوە بەرامبەر وتی وتی خراپ. خەڵکانێکی کەم ئەتوانن بەرگەی ئەوە بگرن کە دەربارەی کەسانی ناسراوی خۆیان شتی خراپ نەڵێن، زۆر جاریش دەربارەی هاوڕێکانیشیان، کەچی هێشتا خەڵکی کاتێ گوێیان لێ ئەبێ شتێکی خراپ دەربارەیان وتراوە پڕ ئەبن لە توڕەیی و سەرسوڕمان.
دیارە هیچ کات بەخەیاڵیاندا نەهاتوە کەوا، چۆن ئەمان باسی خەڵکی ئەکەن، بەو شێوەیەش خەڵکی ئەتوانن باسی ئەمان بکەن.
ئەمە ئوسلوبێکە لە جۆرە نەرمەکەی، کاتێ موبالەغەی تیا ئەکرێ ئەبێتە هۆی دروستبونی شێتێتی چەوساندنەوە. ئێمە چاوەڕێین خەڵکانی تر هەستێکی نەرمی خۆشەویستیان بەرامبەرمان هەبێت لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێز کە خۆمان بەرامبەر خۆمان هەمانە. کەچی نایەت بە خەیاڵماندا کەوا خەڵکی هەستیان باشتر نابێ لەو هەستەی ئێمە هەمانە بەرامبەر ئەوان، هۆکاری ئەوەی ئەمە نایەت بە خەیاڵماندا ئەوەیە کە تواناکانی خۆمان گەورە و دیارن، کەچی ئەوانەی خەڵکی، هەتا ئەگەر قایل بین کە هەیانە، تەنها چاوەخێرخوازەکانن توانای بینینیان هەیە.
کاتێ ئەبیستی فڵان یان فیسار شتێکی خراپی دەربارەت وتوە، تۆ لای خۆتەوە ئەو ٩٩ جارەت بیر ئەکەوێتەوە کە خۆت گرتبوەوە لەوەی ڕەخنەیەکی نەرم و عادلانەشت لەو نەگرتبوو، کەچی ئەو سەدەمین جارەت بیر نایە کە تۆش لە نائاگایدا شتێکت وتبێ کە باوەڕت وابووبێ ئەوە ماهیەتی ئەو کەسەیە. بۆیەت تۆش ئەڵێی، ئەمە پاداشتەکەی ئەوە، بۆ ئەو هەموو لێبوردەییەی تۆ بەرامبەر بەو؟ ئا لەم کاتەدا هەڵس و کەوتی ئەو هەمان ئەو هەڵس و کەوتەی تۆیە بەرامبەر بە ئەو، ئەو ئاگای لەو هەموو جارانە نیە کە تۆ قسەت نەکردوە، ئەو تەنها ئەو یەک لە سەد جارەی کە قسەت کردوە بیستویەتیەوە. ئەگەر بێت و هەموان بە سیحرێک بمان توانیبایە گوێمان لە بیری یەکتر بگرتایە، هەست ئەکەم یەکەم کاریگەری ئەمە ئەوە ئەبوو کەوا نزیک هەموو دۆستایەتیەک لەبەریەک هەڵ ئەوەشایەوە، کاریگەری دووەم، هەرچەن ئەکرێ زۆر نایاب بێت، بەڵام دنیایەک بێ دۆستایەتی بەڕاستی جێگای هیچ لێبوردەییەکی تێدا نابێتەوە، بۆیە هەقە پێویستە هەموان فێری ئەوەبین کەوا یەکترمان خۆش بوێ بەبێ پێویستی هیچ ڕووپۆشێکی سەرلێشێوێنەر تا لەخۆمانی بشارینەوە کە بەڕاستی کەسمان بەرامبەر کەسمان هەستی کامڵیەتی تەواومان نیە. هەموو ئەزانین کە هاوڕێکانمان نوقسانیان هەیە، کەچی سەرباری ئەوەش قایلین کەوا کەسانێکن کە بە دڵمانن. کەچی بەلامانەوە جێگای ناقایلیە ئەگەر ئەوانیش بەم جۆرە دەربارەی ئێمە بیر بکەنەوە و هەستیان هەبێت. وا چاوەڕێ ئەکەین لەوان کەوا، جیاواز لە تەواوی بەشەریەت، ئێمە خۆمان خاوەنی هیچ نوقسانیەک نین. کاتێ ناچار ئەکرێین دانی پێدا بنێین و قەبوڵی بکەین هەڵەمان هەیە، ئا ئەم ڕاستیە ئاشکرایە زیاد لە حەد بەجدی وەرئەگرین. هیچ کەسێ هەق نیە وابزانێ کامڵە، یان بێتاقەتیەکی چاوەڕواننەکراوی توش بێ کاتێک بزانێ کە کامڵ و بێ نوقسانی نیە.
شێێتی چەوساندنەوە هەمیشە ڕەگی داکوتاوە لەسەر زۆر فووتێکردنی گەورەبینینی تواناکانی خۆمان. خۆم بەخۆمان ئەڵێین، من کەسێکی سیناریۆنوسم، ئیتر لامان وایە کەوا هەموو کەسێکی بێلایەن هەقە وابزانێ کەوا من باشترین سیناریۆنوسی ئەم چاخەم. لەگەڵ ئەوەشدا، لەبەر هۆیەک لە هۆیەکان، سیناریۆکانم دەگمەن ئەکرێن بە نمایش، کاتێکیش ئەکرێن، سەرکەوتوو نین. ئەی ڕوونکردنەوەی ئەم دۆخە سەیرە چیە؟ ئاشکرایە کەوا بەڕێوەبەران، ئەکتەرەکان و هەروەها ڕەخنەگران هەموو ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی دژی من بن جا ئیتر هۆکارەکەی نازانم. کەچی هۆکارە باوەڕپێکراوەکە ئەوەیە کە خۆمم: ئەوە منم کەوا ڕەتی ئەکەمەوە سەردانەوێنم بۆ سیناریۆنوسە گەورەکان، ڕێز لە ڕەخنەگرەکان بگرم، سیناریۆکانم هەندێ ڕاستیان تێدایە کەوا ئەوانەی بەریان ئەکەوێ ناتوانن بەرگەی بگرن.
ئەنجا باسی ئەو داهێنەرە ئەکەین کە هیچ کاتێ فرسەتی ئەوەی نەبوە کەوا کەسێک بێت و وردبێتەوە لە تواناکانی داهێنانەکەی، یەکسەر ئەڵێ دروستکەرانی شمەک هەموو ڕێی خۆیان گرتوە و نایەنەوێ داهێنانەکەی ئەم وەرگرن، وە ئەوانەش کە پێیان خۆشە داهێنان بکرێ داهێنەری خۆیان هەیە، ئەم داهێنەرانەش بۆخۆیان وایان کردوە کە ڕێگا لە بلیمەتی خەڵکی تر بگرن، کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان، شتێکی سەیرە، نوسراوی داهێنراوەکەیان لا ون ئەبێ یان ئەیگەڕێننەوە بێ ئەوەی بیخوێننەوە، کەسانێکت توش ئەبێ کاتێ داوا ئەکەیت بێ هیچ لێپرسینەوەیەک وەڵامیش نادەنەوە. باشە ئەم دۆخەیان چۆن ڕوون بکەینەوە؟ ئاشکرایە کەوا کۆمپانیایەکی داخراو هەیە لە پیاوانە کە ئەیانەوێ هەڵوژەکان لەنێوان خۆیاندا بەش بکەن و لە ڕێگای داهێنانەکانی خۆیانەوە، هەر پیاوێکیش سەر بەو بازنە داخراوە نەبێت گوێی لێ ناگیرێت. ….”
“یەکێکی تر لە حاڵەتە باوەکانی لێقەوماوی شێتێتی چەوساندنەوە ئەو جۆرە خێرخوازانەن کە هەمیشە خەریکی چاکەکردنن لەگەڵ خەڵکیدا بەبێ ویستی کەسانی چاکەلەگەڵکراو، کەچی هەمیشە سەری سوڕ ئەمێنێ و ئەتۆقێ لەوەی ئەوان هیچ وەفایەکیان نیە.
نیەتمان لە ئەنجامدانی چاکەدا دەگمەن وەک ئەوەی تەسەوری ئەکەین پاکە.
حەزی دەسەڵات خشکەییە، جۆرەها خۆگۆڕینی هەیە، وە زۆرجار سەرچاوەی ئەو لەزەتەیە دەستمان ئەکەوێت لە ئەنجامدانی ئەوەی باوەڕمان وایە کە چاکەکردن بێ لەگەڵ خەڵکانی تردا. کەم جار نیە کەوا، مادەیەکی تر خۆی ئەکات بەناو نیەتماندا. ‘چاکە کردن’ بە گشتی پێک دێت لە دابڕاندنیان لە هەندێ لەزەت: خواردنەوەیەک، قومارێک، یان بێکاریەک و چی تریش نا. لەم حاڵەتەدا مادەیەک هەیە کە نمونەییە لە ئەخلاقی کۆمەڵایەتیدا، ئەویش بەخیلی بردنە بەوانەی کەوا توانای ئەنجامدانی ئەو تاوانانەیان هەیە و ئێمە خۆمان لێ گرتوونەتەوە لەترسی ئەوەی ڕێزی دۆستانمان لەدەست نەدەین. ئەوانەی کە دەنگ ئەدەن، بۆ نمونە، دژی یاسای قەدەغەکردنی جگەرە (یاسای لەوجۆرە هەیە، یان هەبوە، لە هەندێ لە ویلایەتکانی ئەمریکادا [سەردەمی ڕەسڵ دیارە لە ئینگلتەرا نەبوە]) ئاشکرایە کە بۆخۆی کەسانێکن کە جگەرە ناکێشن و ئەو لەزەتەی کەسانی جگەرەکێش وەرئەگرن لە توتن لای ئەمان جێگای ئازارە. ئەگەر چاوەڕێی ئەوە بکەن کەوا ئەم کەسانەی پێشتر جگەرەکێش بوون بێن و بە نوێنەرایەتیەک سوپاسیان بکەن لەبەر ئەوەی ئەمانیان نەجات داوە لەو شتە بۆگەنە، ئەوا ئەکرێ دووچاری بێتاقەتی ببن [چونکە نایەن ئەوە بکەن]. لەوەیە دواتر دەست بکەن بە لێکدانەوە کەوا ئەمان ژیانی خۆیان خستە چاکەی خەڵکەوە، هەروەها ئەو کەسانەی کەوا هەق بوە سوپاسیان بکەن لەسەر ئەو چالاکیە بەسوودەی ئەمان ئەنجامیان داوە بۆیان وا دەر ئەکەوێ کەمترین ئاگاداریان هەیە لە هەر بۆنەیەکی سوپاسکردن.”
کۆتایی وەرگێڕان. بە کورتی لەم پەرەگرافەی کۆتاییدا ڕەسڵ قسەکەی سەرەوەی دووپات ئەکاتەوە کەوا مەرج نیە ئەو چاکەیەی ئەیکەین بەڕاستی لە ویستی چاکەخوازیمانەوە بێت. بەڵکە ئەکرێ وەک جگەرە نەکێشیک بۆخۆمان ڕقمان لەوەبێ ئەوان ئەیکێشن و ئێمە ناوێرین بیکێشین، ئیتر ناچارین دەنگ بدەین بە یاسای دژی جگەرەکێشان کەچی چاوەڕێی سوپاسیش بکەین لە کۆنە جگەرەکێش.
بەشی سێیەم و کۆتایی