تەعزیەنامەی گولەن بۆ بنەماڵەی عەبدولعەزیز بۆچی؟

لەبەر ئەوەی خواجە خۆی خزمەتی تەبەقەی سەرەوە ئەکات

ئاڵۆزی سیاسەت، دینداری و ئابوری شتی نیە بە چەن نوسینێکی ناو بڵاگێ وەڵامی هەموو پرسیارێکت دەستکەوێ. سروشتی کارەکانی بەڕێز گولەن لەم بابەتەی ویکی لیکسەوە بۆت دەر ئەکەوێ، کە باوەڕم وایە کەم کەس ئەتوانن بەو شێوەیە لەسەری بنوسن. لانی کەم من بابەتێکی تر شک نابەم بڵێم بڕۆ ئەوە بخوێنەوە بەستە ئەمە نەبێت.

بۆیە لێرەدا پرسیارەکە زۆر سادەیە و ئەوەی بۆ من زۆر پێویستە بینوسم ئەوەیە کە ئەم جۆرە کردارانەی پیاوێکی وەک ئەو شتێکی سەرپێیی  نین بەسەریاندا تێپەڕیت. چونکە خۆی پیر بوەو ئەمرێت بەڵام ئەم هەموو شاگردەی ئەقڵی شتوونەتەوە هەمان شتانێ دووبارە ئەکەنەوە و ئەوەی ئەو فێری کردوون ئەمانیش تەنها ئەوە ئەزانن، بۆیە تەرکیزیشم  لای شاگردەکانێتی. ڕاستی لە کاتێکی وەهادا، وە لە کاتێکدا ئەوانەی بە وردی چاودێری سیاسەت و کۆمەڵگای سعودی ئەکەن، ئەبێ وەک پێوەر بەکاری بهێنن بەرامبەر ڕووداوەکانی ڕۆژ. ئایا بەڕێز گولەن بۆ هەموو نەتەوەیەک ئامادەیی تیایە ئەو نامەیە بنوسێت؟ نەخێر بێ گومان. ئیتر دوای ئەمە نەتیجەکاریەکەی من، یان وەڵامەکەی سەرەوە ڕاستە یان نا ئەوەیان شتێکی ترە، گرنگ ئەوەیە گریمانەکە خۆی ڕاستە کە نابێ بەسەر تەعزیەنامەکەدا تێپەڕین.

بۆیە دوعاکردن و سەرەخۆشی کردن لە گەل و دەوڵەتی “برا” و “دۆست”ی فەتحوڵا گولەن بەڕای بەندە نیشاندەری هەقیقەتی فەتحوڵا گولەنە. هەرچەن بۆ زۆرێک لە ئێوە کە کوڕانی ئال سعود ناناسن لەوەیە گلەییشم لێ بکەن کە ڕەخنە لەو ئەگرم کە تەعزیەنامەی ناردوە. ئاخر ئەو لە پەنسیلڤانیاوە، وەک سەرانی دەوڵەتانی تری دنیا، سەرەخۆشی ئەنێرێ  بۆ کۆمەڵە پیاوێک کە زۆرێک لە سەروەتی دنیایان لەژێر دەستە و لەڕاستیشدا ناهێڵن لە دەروێشایەتی و کۆیلایەتی زیاتر هیچ شتێ لە ناوچەکەدا بڵاوبێتەوە، ئەمەش ئاوێنەی کەسایەتی فەتحوڵا گولەنە. بۆخۆی و بزوتنەوەکەی کاریان گەورەکردنی هەندێ پیاوە (ژنی تیا نابینیت جگە لە مامۆستاو پرۆفیسۆری پشت پیاوان) تا باقی شوێنکەوتوان زیڕە و گریان بکەن بەدوایاندا. بێرتراند ڕەسڵ کەللەپوتێکی وەک نیتچە کە گەنە فەیلەسوفی کوردی خۆیان پێوە سەرقاڵ کردوە، بەوە یەکاڵا ئەکاتەوە کە خەریکی جیاکردنەوەی پیاوی گەورە و پیاوی بچوک بوە، خەیاڵی بەتەڵ و قارەمان دروستکردن ئیشی خزمەتکاری تەبەقەی سەرەوەیە. لە پاڵ ئەمەشدا جەنابی بە هەندێ گریان و پاڕانەوە و نزا بە تەمایە لەگەڵ شا عەبدوڵای کوڕی عەبدولعەزیزی کوڕەزای ئال سعود بچنە بەهەشتی هەتا هەتاییەوە. مەسەلەی بەهەشت بابەتی ئەم نوسینە نیە بەڵام پەیوەندیدارە چونکە هەم تەعزیەنامەکە ئەمەمان بیر ئەخاتەوە و هەم مەسەلەی بەهەشتیش ئەبێ ورد بکرێتەوە لە چوارچێوەی کاریگەری ئابوری لەسەر ئاین وەک لە کتێبەکەی بێشکچیدا هاتبوو.

بەم تەعزیەنامەیە بەڕێز گولەن، نەک ئامادە نیە شتیکی تازەمان نیشاندات تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە عوسمانیەتەوە بگوازرێتەوە بۆ دۆخێکی تر، بەڵکوو نیشانی ئەدات ئەگەر ئەو لە سعودیە مەکتەب بکاتەوە بە هیچ شێوەیەک ناهێڵێ شوێن کەوتوانی بیر لە شتێ بکەنەوە لە دەرەوەی عوسمانیەت. لە حاڵەتێکیشدا (وەک ئێستا) کە ناتوانێ مەکتەب بکاتەوە، کوڕانی ئال سعود دڵنیا ئەکاتەوە کە لە مەسقەت و یەمەن (سەیری دیواری فەیسبوکی شاگردەکانیان بکە کە سەفەر ئەکەن بۆ ئەو ناوچانە)، ئەگەر مەکتەب بکاتەوە زەرەری بۆ پەزەکانی ئەوان نابێت. لە کاتێکدا هەردولایان چاک ئەزانن کە ئەگەر بۆی بکرێ، بەڕێز گولەن تەواوی ناوچەکە بە خاکی عوسمانیەت ئەزانێت و ئەستەنبوڵ، نەک مەدینە یان ڕیاز، بە پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی ئەزانێت. بەڵام هەموو بێ ئاگاین لەو ڕاستیەی کە عوسمانیەکان لەو جێگایەوە ڕووخان کە کەمترین دەسەڵاتیان هەبوو، ئەویش ناوچەی حیجاز و جێگای ئێستای کوڕانی ئال سعودن.

بەڕێز گولەن لە باشترین گوماندا کەسێکی سۆفی ڕاستگۆیە. دەی لەوێدا بە قەپانەکەی بێشکچی خزمەتکاری تەبەقەی سەرەوەیە، بە قەپانەکەی بێرتراند ڕەسڵیش بۆخۆی سۆفیگەرایی و نەرمیەکەی لە کاریگەری بیرکاریەوە دێ نەوەک جەوهەرێکی مرۆڤدۆستانەی تێدابێ و جیاوازبێ لە بیرکاری و فەلسەفەی ئەفلاتونی. بە قەپانەکەی نوسەرەکەی ویکیلیکسیش هەمان نوسینی پێشتری من پشتڕاست ئەکاتەوە کە کابرایەکە خزمەتی تەبەقەی سەرەوە ئەکات بە داماوی و نانەسکی تەبەقەی خوارەوە. ئەمەش ئەوەت بۆ ڕوون ئەکاتەوە کە بۆخۆی گولەن هەقە تەعزیە نامە بۆ ئەو بنوسێ و کابرایەکی دڵسۆزیش هەموو ژیانی بۆ ئەوان تەرخان کردبێ، هەر بەبیریشیا نەیەت.

ئاوا بەم شیکاریە ئەبێ بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ناردنی تەعزیەنامە بۆ کوڕانی ئال سعود بەشێکە لە سیفاتی بزوتنەوەکەی گولەن.

جیاوازی سۆفیگەرایی و قیامەتگەرایی لە کوێوە دێ؟

لە بیرکاریەوە دێ

لە وەرگێڕانەکانی بێرتراند ڕەسڵ

وێنەیەکی ئەفلاتوون
وێنەیەکی ئەفلاتوون

” بیرکاری، من باوەڕم وایە، پێشڕەوی سەرچاوەی باوەڕە بە هەمیشەیی و ڕاستیی کتومت، هەروەها وشەیەکی یەکجار پڕمانا و شایانی لێ تێگەشتنە. ئەندازە کاری لەگەڵ بازنەی تەواوە، بەڵام هیچ شتێکی هەستپێکراو بازنەی تەواو نیە، هەرچەنە پڕگالەکامان بە وردی بەکار بهێنین، هێشتا ناتەواویەک و ناڕێکیەکی تێدا ئەبێت. ئەمە پێشنیاری ئەو دیدە ئەکات کەوا هەموو ئەقڵاندنێکی دروست بەسەر شتە ئادیالی (خەیاڵی)یەکاندا ئەچەسپێ نەک هەستپێکراو؛ ئاساییە زیاتر لەسەری بڕۆین، وە بڵێین بیر مەزنترە تا هەست، وە شتەکانی ناو بیر ڕاستەقینەترن تا شتەکانی بەرهەستمان. مەزهەبە سۆفیگەراییەکان بە نیسبەت پەیوەندی کات بە هەتاهەتاییەوە ئەوانیش پشتیوانیکراون لە لایەن بیرکاری ڕووتەوە، چونکە شتە بیرکاریەکان، بۆ نمونە ژمارە، ئەگەر هات و ڕاستەقینەش بن، هەتاهەتایین لەدەرەوەی کات. ئەم شتە هەتاهەتاییانە ئەکرێ وەک بیری خودا تێگەشتنیان بۆ بکرێت. ئەوەش مەزهەبەکەی ئەفلاتونە کەوا خودا ئەندازەکارە و ئالودەیە بە چوارکردارەکە (ئاریسمەتیک). ئاینە ئەقڵانیەکان جیاواز لە ئاینە قیامەتیەکان زۆر لە مێژە، لە کاتی فیساغۆرسەوە، وە دیارتریش لە کاتی ئەفلاتونەوە، بیرکاری و مێتۆدی بیرکاریانە بەسەریاندا بەتەواوی زاڵبوە.”

کۆتایی وەرگێڕان. تێبینی:

١. پەرەگرافەکە بەشێکە لە کتێبی “مێژوی فەلسەفەی ڕۆژاوا، نوسینی ڕەسڵ” کە شاکارێکە ڕۆژانە لەسەر مێزەکەی بەردەمتدا هەبێت.ئەنجا ئەبێ بڵێم، حەقیقەت ئەوەیە نەک حەقیقەت “خواست” و “نیاز” و “مەبەست”ی وەک دۆ و دۆشاو پێوە تێکەڵ بکەی.

٢. قیامەتگەرایی مەبەستم لە وشەی apocalypticی ئینگلیزی/لاتینیە کە نازانم چ وشەیەکی تر پڕ بە پێستێتی.

٣. بەڕای من زۆرێک لە وەهابیەت و توندڕەوی سەردەم ئەچنە خانەی قیامەتگەراییەکەوە، ئاشکرایە کە ناچنە خانەی سۆفیگەراییەوە.

٤. “ڕاستی” مەبەست واتە truthی ئینگلیزی وحەقیقەتی عەرەبی، نەک واقع یان شتێکی تر