داهێنان بکە با دڵت خۆش بێ

“ئەکرێ دوو جۆر شتی چاک جیا کەینەوە، لەگەڵ دوو بۆهاتن (غەریزە). شتی چاک هەن کە ئەکرێ کەسانێک ببنە خاوەنیان و بیبەن بۆ خۆیان، شتانی چاکی تریش هەن کە ئەکرێ هەموان وەک یەک خاوەنیان بین. خواردن و جلوبەرگی پیاوێک هی کەسێکی تر نیە، ئەگەر هاتو دابینکردنیان کەموکوڕی تیابوو، ئەوا ئەوەی کەسێک هەیەتی لەسەر حیسابی کەسێکی تر پەیدای کردوە. ئەم یاسایە بەسەر شتە مادیەکاندا ئەچەسپێ بەگشتی، و بەشی هەرە گەورەی ئابووری ئێستای جیهانیشە. بەڵام لەولاوە، شتی چاکی ئەقڵی و ڕۆحی هی یەک کەس نین بێ ئەوەی هی کەسێکی تر بن. ئەگەر کەسێک خاوەن زانستێک بێت، ئەوە ڕێگر نیە لەوەی کەسانی تریش بیزانن، بە پێچەوانەوە، یارمەتیشیان ئەدات ئەوانیش فێری ببن. ئەگەر کەسێک هونەرمەند یان شاعیر بێت، ئەوە ڕێگر نیە لەوەی کەسانی تریش وێنە بکێشن یان شیعر بنوسن، بەڵکو هاوکاری ئەوە ئەکات کە کەشوهەوایەک دروست ببێ کە شتی وا تێدا بکرێت. ئەگەر کەسێک پڕ بێ لە نیەتی-باش بەرامبەر کەسانی تر، ئەوە مانای ئەوە نیە کە ئیتر نیەتی باش کەمبۆتەوە تا بەشی هەموان بکات، تا کەسێک نیەتی-باشەی زۆرتر بێ، ئەگەری بەخشینەوەی بە خەڵکانی تر زیاتر ئەبێت. لەو بابەتانەدا شتێک نیە بەناوی ‘خاوەندارێتی’، لەبەر ئەوەی بڕێکی دیاری کراو نیە کە بەش بکرێت، هەر زیادبوونێک لە هەر جێگایەک ئەبێتە هۆی زیادبونی لە جێگاکانی تر.

دوو بۆهاتنیش هەن لە مرۆڤدا، کە بەرامبەرن بەو دوو جۆرە لە شتی چاک. هەستی ‘بۆهاتنی خاوەندارێتی’ کە ئامانجی ئەوەیە شتی چاک پەیدا بکات یان بهێڵێتەوە لای کەسەکە کە ناکرێ بەش بکرێن، ئەمە بریتیە لە چەقی هەستی ‘خاوەندارێتی’. هەروەها هەستی ‘داهێنان’ یان دروستکردن هەیە کە ئامانجی ئەوەیە جۆرێکی تر لە شتی چاک بهێنێتە دنیاوە یان بەردەستی بکات بۆ بەکارهێنان کە تیایدا نە خاوەندارێتی لەگەڵە نە شاردنەوە.

باشترین ژیان ئەو ژیانەیە کە هەستی داهێنان زۆرترین ڕۆڵی هەبێت و هەستی خاوەندارێتیش کەمترین. ئەمە داهێنانێکی تازە نیە، ئینجیل ئەڵێ “بیر لەوە مەکەرەوە کە چی بخۆین؟ چی بخۆینەوە؟ یان چی لەبەر بکەین؟” ئەو بیرکردنەوەیەش کە ئەیدەین بەم شتانە لابراون لەسەر شتانێک کە بایەخیان زیاترە. لەوەش خراپتر، ئەو خوەی وات لێ بکات بیر لەم شتانە بکەیتەوە خویەکی خراپە، چونکە ئەتبا بەرەوە کێبڕکێ، حەسودی، زاڵبوون، دڕندایەتی و نزیک هەموو ڕەوشتێکی خراپ کە دنیای پیس کردوە. بە تایبەتیش، ئەڕوات بەرەو بەکار هێنانی هێز بۆ ڕاوکردن. شتانی ماددی ئەکرێ ببرێن بەهێز و دزێک لەزەتیان لێ ببینێت. شتانی ڕۆحی بەم شێوەیە نادزرێن. ئەکرێ هونەرمەندێک یان بیرمەندێک بکوژی، بەڵام ناتوانی هونەرەکەی یان بیرکردنەوەکەی ببەی بۆخۆت. ….”

بێرتراند ڕەسڵ، کتێبی ‘ئایدیالە سیاسیەکان’. ١٩١٧

شۆرتە گەورەکە

دکتۆر مایکڵ بەری (بێری) بە پێی پەتی لە ٢٠٠٥ پێشبینی داڕووخانەکەی ٢٠٠٨ ئەکات لە فلیمی “شۆرتە گەورەکە”. شۆرت بەمانا کوردیەکەی شۆرتی کارەبا.

لە فلیمە دۆکومێنتاریەکەدا، سێ کەسی/کۆمپانیای جیاواز ئەیانزانی ئەو هەموو قەرزە بۆ کڕینی خانووبەرە هەرەس ئەهێنێت و لە پشتیەوە کۆمەڵێ دز و جەردەی گەورە هەن. تەبیعی لە کالیفۆرنیاوە تا جەزیرە دەستکردەکانی دوبەی ئەمە هەمان شت بوو. ئەو سەردەمە بیرمە چاک، کاریگەری لەسەر عێراق نەبوو، چونکە ئەوان تازە دەستیان کردبوو بە دزیکردن.

یەکێکیان مارک باوم ناوێکە کە بە مناڵی مامۆستای مەکتەبە جولەکەکەی بە دایکی ئەڵێ: 

+ زۆر زیرەکە تەورات و تەلموود(هەرچی هەن ئیهمالی کە) هەمووی لەبەرە.
– دەی کێشەکە چیە بەڕێز؟
+ ئاخر بەدوای هەڵەدا ئەگەڕێ لە قسەی خوا
– دایکی: دەی هیچی دۆزیوەتەوە؟

ئەوی تریش تەبیعی مایکڵ خۆیەتی کە ئەوترێ لە عەمەلیاتێکدا *بەپێوە* خەوی لێ ئەکەوێ و ئەکەوێ ئەوەنە هیلاک بوە شەوی پێشوو بەدەست دیراسەی ئابووریەوە.

چی فێر بووم؟

١. هیچ بیانوویەک نیە مامۆستایانی بیرکاری پیرەکانیش فێری ژمارە نەکەن.

٢. کەسی ئاسایی وەک من توانای شتی لەم جۆرەی نیە، ئێمە غەرقین لە جوینی شتی خەڵکانی تر، خەڵکی ئاسایی. شتەکانمان ئاسایین، کێشەکانمان ئاساین، قسە و ئەفکارمان هەمووی ئاسایین. کە باسی موشکیلەیەکی خۆتت بۆ یەکێکی تر کرد و ئەویش وتی “دەی فڵان کەسیش…” ئیتر موهیم نیە چۆن تەواوی ئەکات، شتێکم وتوە ئەو مێشکی چوە بۆ کەسێکی تر. کەواتە منیش وەک ئەوانم.

٣. نابێ شتە بچوکەکان سەرقاڵم بکات.

تەنها خاڵی ٣ گرنگە. بیرکاریەکەشمان نەگەرەک گەر وەک مارک بیت.

تێبینی: دوێنێ سەرۆکی کۆمپانیای AT&Tی ئەمریکی کە دۆناڵد ترەمپ وتی خاوەنی CNNن بە مەعاشێکی ٢٧دەفتەر بۆ یەک مانگ، تەقاوت بوو.

جۆرەکانی دەسەڵات چین لای ڕەسڵ؟

power2c_a_new_social_analysisکتێبی “دەسەڵات: شیکارێکیی کۆمەڵایەتیی نوێ“ی ڕەسڵ ئەخوێنمەوە. لەوانەیە چەن بابەتێکی تریشی لەسەر بنوسم.

بۆ ئاسانکاری و وێناکردنی جۆرەکانی دەسەڵات، ڕەسڵ ئەڵێ:

“کاتێ بەرازێک بە گوریسێک لە ناو قەدی هەڵواسرێ بە کەشتیەکدا و بزریکێنێ، ئەوە دیارە دەسەڵاتی فیزیایی ڕاستەوخۆ ئاراستەی جەستەی کراوە. لە کاتێکدا، ئەگەر گوێدرێژێکی ئاسایی بە شوێن گێزەرێکی ئاسایی بکەوێ، وای لێ حاڵی ئەبین کە دەی ئەبێ وابێ چونکە شوێن حەزی خۆی کەوتوە. لە نێوان ئەم دوانەدا ئاژەڵە ڕاهێنراوەکان هەن، کە عادەتانێک دروست بوە تیایاندا کە هۆکارەکەی سزا و پاداشتە، بەهەمان شێوە جیاواز لەوەی مەڕێک سواری کەشتیەک ببێ لەکاتێکدا سەرۆکەکەیان ڕاکێشرێت بەسەر ڕێڕەوێکدا بەزۆر، ئەوکاتە هەموو مەڕەکان بە ویستی خۆیان شوێنی ئەکەون.

هەموو ئەم جۆرانەی دەسەڵات ئەکرێ لەنێوان مرۆڤەکانیشدا وێنا بکرێت.

ئەوەی بەرازەکە نیشاندەری هێزی سوپا و پۆلیسە.

گوێدرێژ و گێزەرەکە نمونەی هێزی پڕوپاگەندەیە (ئیعلام).

ئاژەڵە ڕاهێنراوەکانیش دەسەڵاتی “پەروەردە” نیشان ئەدات.

مەڕەکەی شوێن سەرکردە نابەدڵەکە کەوتوە نیشاندەری سیاسەتی حیزبە، هەرچیەک بێت، وەک عادەتە، بەستراوەتەوە بە گروپێکی نزیک لە خۆی یان سەرکردەکانی حیزبەوە.

کەواتە با بەم زمانە ‘ئیزۆپیە’ ئەم وێناکردنانە بسەپێنین بەسەر دەرکەوتنی هیتلەردا. گێزەرەکە پەیڕەوپرۆگرامی نازیەت بوو (لەناویشیدا بۆ نمونە نەهێشتنی سوو)، گوێدرێژەکە توێژی خوار ناوەڕاستی کۆمەڵگا بوون. مەڕەکە و سەرۆکەکەیان سۆسیال دیموکراتەکانی هیندنبێرگ بوون. بەرازەکە (تەنها بە نیسبەت بەدبەختیەکەیانەوە) ئەو لێقەوماوانە بوون کە لە کەمپەکانی خڕکردنەوەدا، ئاژەڵە ڕاهێنراوەکانیش تەواوی ئەو ملیۆن کەسانە بوون کە تەحیەی نازییان ئەکرد.”

ئەنجا لە دابەشکردنێکی تردا سێ جۆری تر دەستنیشان ئەکات کە دیسان لەو سێ جۆرەی سەرەوەوە ئەکرێ سەرچاوەیان گرتبێ: تەقلیدی، شۆڕشگێرانە و ڕووت.

دەسەڵاتی تەقلیدی مەبەستی لێی، وەک خۆی ئەڵێ، کۆنیەکەیان نیە، مەبەست دەسەڵاتێکی پاشایانە یان تاکڕەویە کە کەسێک بەسەر کەسەکانی ترەوە حاکم بێت. دوەمیان، شۆڕشگێرانە، دیسان مەبەستی لێی گۆڕانکاری نیە، بەڵکوو دەسەڵاتێکە زۆرینە یان کەمینەیەک لەگەڵ کەس/گروپی دەسەڵاتداردا بن کە جۆرێکی لە بەشداریکردن تێدایە لەلایەن حوکم کراوانەوە. جۆری سێیەمیش، ڕووتیش مەبەست لێی دەسەڵاتە بە تۆقاندن، نەک بە بەشداریکردن.

وابزانم خوێنەر ئیتر خۆی ئەتوانێ سەیری چواردەوری بکات و جۆرەکان و پاڵنەرەکان کەمێ جیاکاتەوە لە یەکتر، چ لەم چوارچێوەیەی ساڵی ١٩٣٨یش ڕەسڵ.