مرۆڤ = غەریزە + ئەقڵ + ڕۆح

لە کتێبی “پیاوان بۆچی شەڕ ئەکەن: ڕێگایەک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی نێونەتەوەیی”دا ڕەسڵ کە خۆی هەردوو جەنگە جیهانیەکەی بینیوە و سەرسەختانە ئاشتیخواز و دژی چەکی ئەتۆمی بوو لەگەڵ ئەنیشتاندا، باسی سێ سەرچاوەی کردارەکانی مرۆڤ ئەکات و ئەڵێ کە کەمێ سەختە لەیەکیان جیا بکەینەوە بەڵام سێ ناویان هەیە. ئەوانیش: غەریزە ئاژەڵیەکانمان، ئەقڵ، و سێیەمیش ڕۆح بەمانای هەستکردن بە دەرەوەی خۆمان. لە چەند وەرگێڕانی تردا وشەی “بۆهاتن“م بەکار هێناوە لەبری غەریزە بەڵام لەم نوسینەدا پێم باشە وەک خۆی لێ بکەمەوە کەمێ ڕەقتر دەرکەوێت.

لەم نوسینەدا کورتەی بڕگەی ناساندنی هەریەکەیان کورت ئەکەمەوە و هەروەها یەک دوو پەرەگرافیش دەربارەی گرنگی هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ئەم سێیە ئەنوسم. هەروەها کەسانێک هەن کە وا ئەزانن ڕەسڵ لەبەر ئەوەی بیرکاریزان بوە، بایەخی بە ڕۆح و شتانی ڕۆحی نەداوە. بۆیە بە گرنگم زانی ئەم کورتە بابەتە بنوسم.

غەریزە:

ئەو نوسیویەتی: “ژیانی غەریزە هەموو ئەوانە ئەگرێتەوە کە مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵانی خوارتردا هاوبەش هەیەتی، هەموو ئەوەی پەیوەستە بە مانەوە و وەچەدروستکردن و هەموو حەز و ویستە دەرهاویشتەکانی ئەمە. حەزی خۆپەرستی و خۆشەویستیی خاوەندارێتی، خۆشویستنی خێزان و تەنانەت زۆربەی ئەوەی بە خۆشەویستی وڵات پێک ئەهێنێت هەر غەریزەیە.”

ئەقڵ:

ئەو نوسیویەتی: “ژیانی ئەقڵ (زەین) ئەو ژیانەیە کە وا ئەکات مرۆڤ دوای زانین بکەوێ، لە حەزی کونجکاوی مناڵیەوە تا گەورەترین هەوڵەکانی بیرکردنەوە…زانین ئەوەندە بەسودە چیتر تەنها لەلایەن حەزی کونجکاویەوە دنە نادرێ و زۆر بزوینەری تر ئێستاکە بەشدارن لە دروستکردنی ژیانی ژیریدا…”

ئەنجا ڕۆحانیەتیش ئەهێنێتە ناو سێ بازنەکەوە:

“ژیانی ڕۆحیش ئەسوڕێتەوە بەدەوری هەستە ناکەسێتیەکاندا، بەو شێوەیەی ژیانی ئەقڵ بەدەوری بیرکردنەوەی ناکەسێتیدا ئەسوڕێتەوە…ئەم هەستانەن کە بناغەی دینن و ئەگەر بێتوو بمرن ئەوا ئەوەی کە باشترین بەشی ژیانە لەگەڵیدا ئەمرێت.”

هەروەها نوسیویەتی:

“غەریزە، ئەقڵ و ڕۆح هەموو بنچینەیین بۆ ژیان، هەر کامیان کەماڵی خۆیانیان هەیە و وێرانبوونیش. هەریەکە ئەتوانن بگەنە ئاستێکی باڵا لەسەر حیسابی ئەوانی تریان، هەریەکەش مەیلانێکیان تێدایە کە باڵ بکێشێ بەسەر ئەوانی تردا، بەڵام بۆ ژیانێک کە شایانی ئەوە بێ کە هەوڵی بۆ بدەین ئەبێ هەرسێکیان بە هاوئاهەنگی گەشە بکەن، و بە قوڵی تێکەڵی یەکتر بووبن وەک یەکەیەکی تەواو. لەلای مرۆڤی ناشارستانی غەریزە لە لوتکەیە، چ ئەقڵ و چ ڕۆح بوونیان وەک نەبوە. لای پیاوانی خوێندەوار لەم کاتەدا ئەقڵ گەشەی کردوە، وەک یاسایەک لەسەر حیسابی هەردوو غەریزە و ڕۆح، کە وا ئەکات نامرۆڤایەتیەک و مردووییەکی کونجکاو بهێنێتە بوون، کە ئەبێتە هۆی دەگمەن بوونی هەردوو حەزە کەسی و ناکەسیەکانیش، کە ئەمەش بردوونی بەرە و بێمتمانەیی و داڕمانی ڕۆشنبیریی. لەناو ئەوانەشدا کە ڕۆحانیەتیان بەرزە و بە ‘سەید’ ناو ئەبرێن، ژیانی ڕۆح گەشەی کردوە لەسەر حیسابی غەریزە و ئەقڵیان، کە دیاردەیەکی دروستکردوە کە هەرگیز ناگونجێ لەگەڵ کەسێکدا کە ژیانێکی تەندروستی ئاژەڵانەی هەبێت و ئەوانەش کە خۆشەویستیان هەبێ بۆ بیرکردنەوەی زیندوو. بۆیە لە هیچ یەک لە تاک-لایەنە گەشەکردندا ناتوانین حیکمەت بدۆزینەوە یان فەلسەفەیەک کەوا بتوانێ ژیانێکی نوێ بهێنێتە دنیاوە.

لەناو مرۆڤە شارستانیەکانی ئەمڕۆدا چ ژن و چ پیاو دەگمەن ئەتوانی غەریزە، ئەقڵ و ڕۆح بە هاوئاهەنگی ببینیت. چەن کەسێکی کەم هەن فەلسەفەیەکی عەمەلیان هەبێت کە وا بکات هەر یەکە و شوێنی خۆی هەبێت، بەڵکو وەک یاسایەک هەمیشە ئەبینی غەریزە لە جەنگدایە لەگەڵ یەکێ لە ئەقڵ و ڕۆح، یان ئەقڵ و ڕۆح بەرامبەر یەک لە جەنگدان.”

لە کۆتاییدا ئەتوانی گلەیی ئەوەم لێ بکەی کە زۆر ڕەخنە لە خوێندەواران ئەگرم، هیوادارم وابیت چونکە تۆش هەمان ئەو شتە ئەکەی بەرامبەر من کە من ئەیکەم بەرامبەر ئەوان و بەوەش نازناوی “خوێندەوار”م پێ ئەبەخشیت. بۆیە ناچارام دێڕێکی تری تۆخ بکەمەوە:

“نزیکەی هیچ شتێک نەکراوە بۆ گەشەی ناخ لە ڕووی ئەقڵ و ڕۆح، لەڕاستیدا، ئەوانەی کە زۆرتر خوێندنیان کردوە زۆرجار لە ژیانی ئەقڵی و ڕۆحیدا پوکاونەتەوە و خاڵین لە جوڵە، تەنها شتێک هەیانە هەندێ حەزی میکانیکیە کە جێگای ژیانێکی پڕ بیرکردنەوەی گرتۆتەوە بۆیان”

لە ڕۆژاوا چی لە ڕق بکەین؟

کابینە “ڕەگەزپەرست”ەکەی بۆریس و بۆرەکانی بەریتانیا. خستومەتە کەوانەوە وشەکە، لەبەر ئەوە وریای بە.
سەید قوتب سەرۆکی ئەوانەیە کە دێنە ئەوروپا/ئەمریکا و دوای ماوەیەک دەست ئەکەین بە قسە وتن پێیان. ئەگەر گوێت لە من بوو لە سەیرانێک گەرم ببم دژیان، بڵێ دەی تۆش مەبە بە سەید قوتب.


بۆ؟ چونکە بتەوێ ئەو زوڵمەی ئەمان کردویانە، جا هەمانە کێشەی بنەماڵەی سوڵتان سڵێمانیش ئەخاتە سەر ئەبراهام لینکن، ئەبێ بزانی کە کوشتن ڕاست نیە و شەڕیش چارەسەر نیە و نەبوە. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر سەید قوتب بیتوانیایە لەناویان ببات، نەئەبوایە بیکردایە، کەواتە من/تۆ نابێ بیر لەو جۆرە چارەسەرە بکەینەوە.
کەوابێ چی تێ بگەین لەو هەموو فیلمە پڕ ئازارەی باسی کۆیلایەتی ڕەشپێستەکان ئەکات لە ئەمریکا یان چەوساندنەوە و قات و قڕی ئیمپۆراتۆرە جیاوازە ئەوروپیەکان لە ئەفریقای بێدەسەڵات یان نازیەت خۆی؟ ئەبێ تێ بگەین کە ئینسان بەڕاستی لە دارستانەوە هاتوە. ئەبێ تێ بگەین کە ئەگەر بڕیارە تۆ ئەمان بە وەحشی بزانی وەک سەید قوتب، نابێ لانی کەم شەڕی “خۆتڕێن” بکەیت.


ئەبێ ئەگەر بڕیارە ڕقێک، چەوسانەوەیەک یان هەر شتێکی ترت هەیە دژی ئەمان بزانی چی ئەکەیت و لەناو مەجلیس و سەیرانەکانتا چۆن باسی ئەم ئینسانانە ئەکەی کە لانی کەم دوو ساڵ هاتووی خوێندوتە لەناویان. “خوێندن” جیاوازە لەوەی کابرا هاتبێ بۆ ئێرە بۆ هەر شتێکی تر بەتایبەتی پارەپەیداکردن، مادام خوێندوتە، ئەبێ بزانی چی لەو هەستە ناخۆشەی بۆت دروست بوە دژیان چی لێ ئەکەیت.


ئێستا، دوو کەسی گرنگ لە کابینەکەی بۆریس جۆنسن هەن کە بەڕاستی پۆستەکانیان گرنگە، وەزیری ناوخۆ و دارایی، هەردوو ئەسڵ هیندی ئەوەی ناوخۆ سپی پەرستێک بەناوی پریتی و دارایش قەودرێژێکیش بەناو ڕیشی.


پریتی کچی کابرایەکە کە لە کاتێکدا ئەم ئەندام پەرلەمانی پارتەکەی خۆی بوو، باوکی چووبوو خۆی هەڵبژاردبوو وەک ئەندام شارەوانەی پارتی یوکیپی ڕەگەزپەرستر لەمان کە بوە هەرا و ناچار وازی هێنا لەبەر کچەکەی. سوتفە ئەمڕۆ ئەزانم خاتوو پاتێل، دەرچووی زانکۆی کییلە کە خەریک بوو لەوێ بخوێنم کە لە ستۆک ئۆن ترێنت ئەژیام. ڕیشی سوناکیش کوڕی دکتۆر و سەیدەلانیەکە کە تەبیعی دەرچووی ئۆکسفۆرد و ماستەرەکەشی لە ستانفۆرد لە ئیدارەی ئەعمال وەرگرتوە و ئەوەی مەشهورە بە MBA.


ئەمان ئەو ڕقەی سەید قوتبیان نەدیوە؟ بەڵێ، هەستی پێ ناکەن؟ نەخێر. بۆچی؟ چونکە یەکجار وەک فیلمەکەی “من دایکم” تەواو وا بەخێوکراون ئەو دنیایەی سەید قوتب باسی ئەکات زۆر دوورە لەم خۆشیەی لەندەن دابینی کردوە بۆ ئەوان و ئامادەن بە دڵی سیستمەکە بجوڵێنەوە تا نەک ببن بە وەزیر، ئەوەتا جار و بارە ئەڵێن ڕیشی سوناک لە بۆریس باشترە.


بۆریس خۆی کێیە؟ کوڕەزازای (باپیرە گەورەی بۆریس) وەزیرێک بوە لە دەوڵەتی عوسمانی. ئەتوانی چیرۆکی باپیریی “عوسمان جۆنسن” بخوێنیتەوە کە چۆن بوە بە “ویلفرید جۆنسن”.

کەواتە چۆن هەڵسوکەوت بکەین؟ گوڵەکەی مامۆستا ئەحمەدیان تێ ئەگرین، وابزانم هەر گوڵەکەی ئەحمەد کایای ڕەحمەتیشە، کە لەوانەیە دۆستەکانیشمان بریندار بکات بە مانایەکی تەواو جیاواز لە گۆرانیەکەی ئەو.

ئایا بەشەر بەرەو خراپتر ئەچێ؟

وەڵام: نازانم، چونکە کەس داهاتوو نازانێ جارێ

ماوەیەکە چاوم لە تێبینیەکانی بیڵ گەیتسە. لە یەکێ تر لە نوسینەکانی ئەم دواییەدا کە بۆ دەرچوانی ئەمساڵ ٢٠١٧ی نوسیوە و دەرچوانی زانکۆ هان ئەدا خەریکی سێ شت بن گەر بە نیاز بین وەک ئەو پێ بگەین: ژیری دەستکرد، وز و زانستی بایۆلۆجی. دواتر ناوی کتێبێک ئەهێنێ “فریشتە باشەکانی سروشتمان“ی سیتڤن پینکەر(ئەمیش ماوەیەکە ناوی ئەبیستم). ئەڵێ ئەبێ باوەڕ بکەین کە مرۆڤ لە ئێستادا لە باشترین کاتی ژیانیدایە سەرباری ئەو هەموو شەڕەی کە هەیە.

من بۆخۆم لەناو خەڵکدا زۆر ئەمەم وتوە، هەمیشە وتومە دایک و باوکمان ئەیانوت ئێوە خۆش ئەژین. ئێمەش بە کچەکەمان هەروا ئەڵێین. دڵنیاشم ئەویش بە کچەکەی وا ئەڵێت. کەوابێ قسەکەی گەیتس و پینکەر ڕاستە. لەولاشەوە دوای ماوەیەکی زۆر لە بیستنی ناوی ئەخیرەن خەریکی خوێندنەوەی کتێبی ساپیەنی  پرۆفیسۆرو مێژوونوسی جولەکە حەراریم کە لە سەرەتاکەیەوە ئەڵێ ئەکرێ مرۆڤ خۆی خۆی لەناو ببات. لای ڕەسڵیش هەمان بۆچوون هەیە و کاتێ سەیری بۆمبی ئەتۆمیش ئەکەین، ماوەتەوە سەر ئەوەی شێتۆکەیەک بێت و بڵێ تاقەتم چوو، هەمووی لەناو ئەبەم. لەو دوانە زەقتر ڕای ئۆروێڵە کە لە یەکێ لە وتە بەناوبانگەکانیدا ئەڵێ: “گەر ئەتەوێ داهاتووی مرۆڤایەتی بهێنیتە پێش چاوت، ئەوا پۆستاڵی کەسێک لەسەر دەم و چاوی کەسێکی تر بێنە پێش چاوت بۆ هەتا هەتایە”.

کەوابێ بەرەو باشتر ئەچین؟

ئەبێ بەرەو چاکتر بچین بەپێی زۆربوونی ژمارەمان و کەمبوونەوەی مردن جگە لە “پیربوون”. بە هەرلایەکدا سەیری ئەکەی هێما و بەڵگەکان هی ئەوەن مرۆڤ بە دوای “خۆشی’ و ژیانی “باشتر”دا ئەگەڕێ و خۆی هیلاک ئەکات. هەر بەپێی کتێبەکەی حەراری لەوەی کە خاوەن “ئاگا” نەبووین گەشتووین بەوەی کە ئیلۆن مەسک بڵێ “کێ ئەڵێ لە مەتریکسێکدا ناژین؟“. ئایا ئەمە ئیشی بوونەوەرێکە خۆی لەناو ببات؟ ئایا مرۆڤ بەم هەستە قایم و قۆڵەی “حەزی مانەوە لە ژیان” بە بۆمبی ئەتۆمی خۆی لەناو ئەبات؟ زۆر ئاسانە ڕەش بین بیت و بڵێی قسەکەی ئەنیشتاینە و جەنگی چوارەم بە تەختە و دار ئەکرێت.

بەڵام گەر بتەوێ مانا بدەی بە ژیانت هەتا ئەگەر ئەوە ڕاستیەکەش بێ ئەبێ بەودیوا بیر بکەیتەوە. گریمان ١٠٠٠ ساڵی نامێنین، وابزانم ئیشارەتێکی وا ئەکات پرۆفیسۆر حەراری کە هیچ نەبێ ئەکرێ جۆری تری ئاژەڵیش وەک ئێمە زیرەکی پەیدا بکەن. گریمان وایە، چی لە مەسەلەکە ئەگۆڕێ گەر ئێستا وادانێین کە بۆ هەتا هەتایە مرۆڤ ئەژی؟ ئەنجا خۆ کەس ئینکاری ئەوە ناکات ئەکرێ “پێغەمبەرێک” بێت و نەهێڵێ کەس پەنجە بە دوگمەی بۆمبی ئەتۆمیەکەدا بنێت.

بۆیە ڕەسڵ وتەنی بێ هیوایی سودی نیە، هیواداربوون بریتیە لە لەزەت بینین لە ژیان، بە پێچەوانەوە گەر ئێستا خۆشترین کاتی مۆرڤایەتیش بێ گەر بە سارد و سڕی و بێهیوا تەماشای ژیان بکەین، ناتوانین هیچ لەزەتێکی لێ ببینین. کەواتە بەڵێ نازانین چی ئەبێت بەڵام گەر بشزانین و زانینەکە بە خراپیش بێ، ئەکرێ لە ئێستادا هەر پڕهیوا و ئەرێنیانە تەماشای داهاتوو بکەین بۆ ئەوەی لەزەت لە ئێستا ببینین.

ڕای خەڵک و خۆشگوزەرانی

وەک لە نوسینەکانی پێشتردا وتومە، بەڵێ پێم خۆشە بنوسم و بخوێنمەوە بەڵام لە بێکاریدا نایکەم. مەبەستم هەیە لەوەی فێری ئەبم و خوێنەریش فێر بکەم. یەکێ لە بابەتە گرنگەکانیش خۆشگوزەرانیمانە. بە تایبەت ئێمە کە لە کۆمەڵگایەکداین بۆ وشەیەکی دروست ئەبێ زمانێکی تر فێر بین. یەکێ لەو بابەتانەش کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە خۆشی مرۆڤەوە هەیە ڕای دەوروبەرەکەیەتی، لە نێو ئەوانەشدا ڕای گەورەکان بە تایبەتی دایک و باوک.

ڕەسڵ لە کتێبی “سەرکەوتن بەسەر خۆشیدا”، بەشی “ترس لە ڕای گشتی”دا ئەڵێ:

“لە کاتێکدا جێگای خواستە کەوا ڕێز لە پیرەکان بگیرێ، دەربارەی ویستی گەنجەکان، پێویست ناکات گەنجان ڕێزی خواستەکانی پیرەکان بگرن. هۆکارەکە سادەیە، ژیانی گەنجەکان گرنگترە لە پیرەکان. کاتێ گەنجان بیانەوێ ژیانی پیرەکان ڕێک بخەن، بۆ نمونە کاتی ڕێگری بکەن لەوەی پیرێک ژن بهێنێتەوە، هەمان ئەو هەڵيیە ئەکەن کەوا پیرەکان ئەیکەن کاتێ هەوڵ ئەدەن ژیانی گەنجەکان ڕێک بخەن. گەنج و پیر وەک یەک، کاتێ هەریەکە گەشتنە تەمەنی شایانی ڕێز، ئیتر هەقی هەڵبژاردنی خۆیان هەیە، ئەگەر پێویستیش بکا هەقی هەڵەکردنی خۆشیان هەیە.

گەنجان هەڵە ئامۆژگاری کراون ئەگەر بچنەژێر فشاری پیرەکان لە هەر بابەتێکی گرنگدا.

با وادانێین، تۆ کەسێکی گەنجیت و ئارەزوت هەیە بچیتە سەر شانۆ، وە دایک و باوکت دژت ئەوەستنەوە، لەسەر بنەمای ئەوەی کە سەرشانۆ بێ ڕەوشتانەیە یان لەسەر بنەمای ئەوەی کە بۆ جێگای کۆمەڵایەتیت نزمە و باش نیە. ئەکرێ فشارێکی وا دروست بکەن کە ئەستەم بێ خۆڕاگرتن، ئەکرێ بڵێن حاشات لێ ئەکەین ئەگەر بەگوێمان نەکەی، ئەکرێ بڵێن کەوا تۆ بە دڵنیاییەوە پەشیمان ئەبیتەوە لەمە لە داهاتوودا، ئەکرێ نمونەی وا ترسناکت بۆ بهێننەوە کە گەنجان لە پەلەپەلدا کردویانە وەک ئەوەی تۆ ئەتەوێ بیکەیت و لە کۆتایشدا ئەنجامێکی خراپی هەبوبێت. ئەکرێ لە ڕآستیدا لەسەر هەقیش بن کەوا چوونە سەرشانۆ بۆ تۆ نەبێت؛ ئەکرێ لەڕاستیدا توانای نواندنت نەبێت، وە یان دەنگێکی ناخۆشت هەبێت. ئەگەر ئەمە وابێت، خۆی دەر ئەکەوێت بۆت لەلایەن ئەو کەسانەی شانۆکارن، وە ئەو کاتە خۆت ناچآر ئەبیت و ئاسان ئەبێ کە ڕێگایەکی تری پیشە هەڵبژێریت. ڕاو بۆچوونەکانی دایک و باوکت نابێ هۆکاری تەواوبن بۆ ئەوەی تۆ واز لە هەوڵەکەت بهێنیت. ئەگەر، سەرباری ئەوەی ئەوان ئەیڵێن تۆ بەردەوام بویت لە نیەتەکەت، ئەوان زۆر زووتر لەوەی تۆش و خۆشیان بۆی ئەچن دێنەوە لات. بەڵام ئەگەر لە لایەکی ترەوە بینیت کەسانی پسپۆڕیش ڕایان ساردکەرەوەیە لەکارەکەتدا، ئەوە بابەتێکی ترە، چوونکە ڕای پسپۆڕان بۆ کەسانی دەستپێکەر هەمیشە ئەبێ بەڕێزەوە سەیر بکرێت.

بۆیە هەست ئەکەم بە گشتی، جگە لە ڕای پسپۆڕان، ڕێزێکی زیاد لە پێویست ئەگیرێ لە ڕای خەڵکانی تر، لە شتانی گرنگ و بچوکیشدا. مرۆڤ ئەبێ بیکا بە یاسا، ڕێز لە ڕای خەڵکی تەنها لە کاتێکدا بگرێت کە مەسەلەکە برسێتی یان بۆ خۆلادان بێ لە چوونە زیندان، هەر شتێ لەوانە بەدەر بێت تەسلیم بوونێکی خۆویستانەیە بە ستەمێکی ناپێویست، بۆی هەیە کاریگەری هەبێت لەسەر خۆشگوزەرانی بەجۆرەها شێوە.”

کۆتایی وەرگێڕان.