بۆ ناهێڵن بخوێنینەوە؟

iqraa
اقرا باسم …

چیتانە بەسەرمانەوە؟

“نوێژکەری نورینی، ئیشکەری شیرینی” بێ ئەقڵانەترین قسەی بەشەری کوردە.

با جارێ جەماعەت لێم عاجز نەبن ڕوونی بکەمەوە: گریمان فیعلەن نوێژکەر بی نورینی و ئیشیشت کرد پارەداریت و قسەت ئەڕوا، دەی با شتێکیشی لەسەر ئەقڵ تێدا بهاتایە. نوێژکەری ڕاستەقینە بی نورینی، ئیشکەری ژیر بی شیرینی” ئاوا. نە ئەبوو؟ دیارە کابرای قسەکەی کردوە لە مەلا ترساوە و کرێچیش بوە.

ئەوی تریش “کوڕی کوردم خەریک بوون بێنە فرمان” کەس هەست ناکا دژی ئەو وتەیەی پێشترە، ئەزانی مەبەستم چیە؟ ئەمەیان دەری ئەخات کورد تەمەڵن ئیتر چۆن ئەتوانن وەسفی ئیشکەر بکەن؟ ئینسانی تەمەڵ خەو بە “خەریک بوون بێنە فرمان”ەوە نابینێت. خەوە بە پارەداریەوە ئەبینێت کە تەمەڵی بۆ دروست بکات.

بۆخۆم بەشداربووم لە لۆمەکردنی کەسێک کە زۆربەی کاتەکانی بە ڕۆژنامە بەریتانیەکانەوە بەسەر ئەبرد نەک چوون بۆ سەر ئیش لە گەسفرۆشی (ئیشێکی ئەوپەڕی پیرۆزە) یان هەر کارێکی تر لە کارخانەکانی ئینگلتەرادا. کە ئێستا لێی پەشیمانم، هەڵبەت حاڵەتەکەی ئەو هەر تایبەتە و پەشیمان نیم لەو جۆرە تەمەڵیەی ئەو.

کە تازە گەشتبوومە بەریتانیا لە 2002، بە تەلەفۆن ئەوترا “کوڕم خۆ خەڵک مریشکێکی ناردۆتە خاریج بە فەردە دۆلار ئەنێرێتەوە”. نەوترا “کوڕم ئەرێ ئێستا ئەزانی زانکۆی کامبریج لە کوێیە؟”. ئەمە شتێکی جیاواز نیە، ئەم وەزعە وەزعی خوێندەوارەکانمانە. واتە وەزعەکە زۆر لەمە خراپترە.

ئێستاش سەرزلێک کە خاوەن دوو دوکان بێت قسەکانی زیاتر جێگای قەبوڵکردنن. ئەمەش دیسان لای خەڵکێ کە بە حیساب خوێندەوارن.

ئێستاش کە گەشتوینەتە ئاستی ئەوەی ئیتر باقی ژیانمان بەچیەوە بەسەر بەرین، جارێکی تر، ڕوو بەڕوی ئەوە ئەبینەوە کە ئایا بۆخۆمان بژین یان بۆ خەڵکی؟ کێشەکە لەوەدایە ئەوانەی کە زۆر لێت نزیکن یەکەم کەسن کە قسەکانت کاریان تێ ناکات. هۆکارەکەشی ئاشکرایە، فەلسەفیانە سەیری بکەی لەوەیە شیکارەکەی ڕەسڵ بۆی ڕاست بێ کە مرۆڤ لەگەڵ تەمەندا ئەو شتانەی گوایە شارەزایانە تاقەتی لێیان نامێنێت، واتە کەسە نزیکەکانیش. ئەگەر عەوامانەش تەماشای بکەی، ئەوا لەبەر هەر هۆکارێکی تر بێت کەسە نزیکەکانمان نرخیان نیە. گەورەترین نرخیان لە تەعزیەکانیاندایە. دوای تەعزیە باسکردنیان جۆرەها دڵ کولانەوە و قسەی پوچە. وەک بڵێی هەندێ لەوانەی من ئەیان ناسم دوای ئەوەی بوونە سەبەبی تێکدانی ژیانی نزیکەکانیان تا ئێستا نەچوونەتەوە سەیران.

کەوابێ بۆ لێمان ناگەڕێین نە ئیش بکەین، نە نوێژیش؟

جارێ با وەڵامە ئاسانەکەی بدەم بەوانەی جارێکی تر غیرەت ئەکەن دێنە ماڵی من و پێم ئەڵێن “ژیان کورتە کەی بەشی ئەوە ئەکات کتێبی تیا بخوێنیتەوە”. یەکەم: کەی قەرزمان لە کەستان کرد، بە ناشیرین ترین شێوە وەڵاممان بدەنەوە. دووەم: لەسەر پردی سیرات بۆخۆت بڕۆ بۆ بەهەشت و یەک پاڵی توندیش بنێ بە منەوە تا بکەوینە ناو چاڵەکەی جەهەننەمەوە و لە دڵی خۆشتا بە تۆخی بنوسە “نامەوێ لەگەڵ ئەمە حەشر کرێم” لەسەر ئەساسی “یحشر المرآ مع من احب” ئیتر لە ڕوودا چی نیشان ئەدەی خۆت و خوای خۆت.

بۆیە:

1. هانی بیرنەکردنەوە مەدە چوونکە دڵنیابە سەرکەوتوو ئەبیت

2. بڕۆ بزانە چ جۆرە دینێکت هەڵبژاردوە چوونکە ئەویش قات قاتە.

3. بڕۆ بزانە ئیشکردن چیە و چەن جۆری هەیە و تۆ خەریکی کامیانیت.

جارێکی تر، کە بە کەسێکت وت خەریکی خوێندن/خوێندنەوەم و ئەویش وتی: “نەبووی بە بولبول”. پێی بڵێ: تۆ لە ئاژەڵ دەرچێ دیراسەی هیچی ترت نەکردوە.

ڕاستەکات لە مەکتەب فێری ئەمانە ناکرێین

١. ڕەخنە بە ڕێزەوە وەرگرین

٢. نرخی خۆمان بە ئیشەکەمانەوە نەبەستینەوە

٣. خۆ خۆشویستن توندڕەوانە شتێکە زۆر بە سەختی فێری ئەبین

٤. ئامۆژگاری کەسێک نەکەین کە کێشەی خۆیمان بۆ باس ئەکات.

٥. زۆر جار مێشکت قسەی قۆڕ ئەکات، نابێ دایم گوێی لێگریت

٦. گەورەکانیش وەک مناڵ نازانن چی ئەکەن، ئاساییە.

٧. جیابوونەوە: قورسی جیابوونەوە باسکردنیشی قورسە. بە کورتی، بە پەلەقاژە لێی دەرچۆ، بەڵام ئەتوانیت تەنها لە مێشکتایە.

٨. کاتی بوونی شتەکان، دڵنیابە لەوەی چیت زۆر لا گرنگە، کاتیە. تا مردن هەزار پێست ئەگۆڕین و ئاساییشە.

دکتۆرا چیە؟

لەوەیە لە ئێستا باشتر نەبێ شتیکی لەسەر بنوسم.

جارێ با پێناسەی وشەکە بکەین. وشەی دکتۆر بۆخۆی ئەسڵ لاتینیە و واتە مامۆستا، ئەو پزیشکەی ئیمە بە دکتۆر ناوی ئەبەین بۆخۆی ئەبێ مامۆستای نەخۆشەکانی بێت. دکتۆرا لای ئێمە کورتکراوەی “دۆکتۆر ئۆف فیلۆزۆفی”یە. دکتۆر واتە مامۆستا و فەلسەفەکەش دیارە ئەیزانیت، بەڵام وشەکە خۆی دیسان لاتینی کۆنە و بەواتەی “حەزی حیکمەت” دێ کە ئەکرێ بڵێین ویستی زانین. کەوابێ دکتۆری فەلسەفە واتە مامۆستای فەلسەفە. بۆیە لە کۆندا دکتۆرای فەلسەفە بە کەسانێ دراوە کە دوا پلەی خوێندن بێ بۆ ئەوەی مامۆستایەتی ئەوانەی خوارەوە بکەن و تا ڕادەیەکیش تا ئێستاش هەروا ماوەتەوە. هەڵبەت پەیوەندیەکیشی بەوەوە هەیە کە فەلسەفە پێش زانستەکانی تر لەدایک بوە. کەوابێ ئەکرێ دکتۆرایەک تەواو بکەی بەبێ ئەوەی سەرێک لە فەلسەفە بدەی؟ نازانم. بەڵام ئەگەر قسەکەی ئەفلاتونیش وەرگرین، ئەوا ئەبێ لە بیرکاریەوە دەست پێ  بکەین. دەی پەیوەندی نێوان بیرکاری و فەلسەفە چیە؟ ئەوە با بمێنێ بۆ ڕۆژێکی تر.

ئەنجا…پێش هەموو شتێ:

0. لە هیچ جێگایەک وەک جێگایەکی تر نیە، چونکە پرۆسەیەکی فێربوونی تاکە کەسی/گروپە کە جیاوازی گەورەی تیایە لە جێگایەک بۆ جێگایەکی تر.

1. سەرپەرشتیارەکەت گەورەترین دەور ئەبینێت بەڵام هیچیشت فێر ناکات.

2. سەرپەرشتیارەکەت ئەنیشتاینیش بێت ناتوانێ دکتۆراکەی تۆ بکات بە شتی کە خۆی کردبێتی، خاڵی 1.

3. سەرپەرشتیارەکەت ئەکرێ کارەکەت وەک کارەکەی خۆی لێ بکات ئەگەر تۆ لێوەی فێر بیت، دیسان خاڵی 1 و هەروا 2.

4. ئیتر سەردەمی ئەوە بەسەر چوە لە موحازەرە دانیشیت.

5. کە تەواو بویت ناتوانی وەڵامی هەموو شتێ بزانیت، بەڵکوو وەڵامی چەن شتێ لە شتیکدا ئەزانیت و تەواو. ئەو شتانەش زۆر وردن، بەڵام زانیاریەکانت دروستن، یەکێ بیەوێ قسەی لەسەر بکات ئەبێ وەک تۆ چوار ساڵێ بڕوات تاقیکردنەوە بکا و بخوێنێتەوە.

ئەی چیە؟

جوانترین وێنەی پێناسە بۆ دکتۆرایەک لای من ئەوەیە کە دوای تەواوکردنی خوێندنەکەت، بەپێی چالاکی و توانای خۆت خاڵێک زیاد ئەکەی بۆ بازنەی زانستی پەیوەندیدار بە توێژینەوەکەتەوە. بە داخەوە نازانم سەرچاوەی بیرۆکەکەم لە کێ وەرگرت تا خاوەندارێتی  بۆ بگەڕێنمەوە.

وێنەی بازنەیەک و خاڵیک لەدەرەوەی بازنەکە بەڵام لکاو بە بازنەکەوە
وێنەی بازنەیەک و خاڵیک لەدەرەوەی بازنەکە بەڵام لکاو بە بازنەکەوە

جا خاڵەکەت چەنە گەورەیە ئەوە شتێ نیە قسەی لەسەر بکرێت. هەموو کەس توانای جیاوازی هەیە. بۆ من خاڵەکە ئەوەندە بچوکە زۆر جار شەرم ئەکەم کە باسی بکەم. بۆ کەسێکی وەک ستیفن هۆکینگ خاڵەکە ئەوەندە گەورەیە ئەو حیساب بۆ بازنەکە ناکات زۆر جار.وێنەکەی لای چەپ ئەمە نیشان ئەدات، خاڵەکە زانیاری تازەیە کە کەسێک لە ڕێگای توێژینەوەوە زیادی ئەکات بۆ بازنەی زانینی مرۆڤایەتی، بازنەکەش تەواوی ئەو زانیاریانەیە کە لە چوارچێوەی توێژینەوەکەی تۆدا هەن، دەنا بازنەکە پێناسەی سەختە گەر بڵێین تەواوی زانیاری مرۆڤە.

لەوەیە ئەمە تۆزێک فەلسەفیانە بێت، بەڵام مەبەستەکەم ئەمەیە: ئەگەر بڕیاربێ هەموو توێژینەوەیەک زیادکردن بێ بۆ تەواوی زانیاری مرۆڤ، ئەبێ توێژینەوەکە تەواوی زانیاری مرۆڤی خوێندبێتەوە، کە ناکرێت. بۆیە ئەکرێ ئەوەی دۆزیومانەتەوە لە جێگایەکی تریشدا دۆزرابێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی مرۆڤ پێویستی بەوەیە پۆلێن بکات تا زانیاری فێربێت (سەرچاوەی ئەم قسەیە پیاوێکە بەناو جین پیاژە)، ناکرێ ڕاستەوخۆ بڵێین خاڵێکمان زیادکرد بۆ تەواوی زانیاری مرۆڤ.

کەواتە ئامۆژگاریەکانت چین؟

1. حەزت لە کارەکەت بێت.

2. ئەگەر حەزت لە پارەی زۆرە، ڕێگایەکە پارەی زۆری پێ پەیدا بکەی

3. ئەگەر حەزیشت لە پارە نیە ئەوا ئەکرێ حەزەکەتی پێ تێر ئاو بکەیت

هیچی تر. تەکنیکی ئەنجامدانی توێژینەوە کەمێ سەختە باسکردنی ئاوا بەم پەلە پەلە. بۆیە ئەوەیان هەڵ ئەگرم بۆ پرسیارێکی تر. هەروا ئەچێتە خانەی “ڕێبەری دکتۆرا” کە ئەگەر کات ڕێگا بدا یەکێکە لەو شتانەی ئەبێ لەسەری بنوسین.