هۆش چیە؟

فەلاسیفە وای قوڵ ئەکەنەوە زۆرجار سەر بەرز ئەکەیتەوە و هیچ حاڵی نەبویت.

پێناسەکەی سادەیە لە قاموس، ئەوەی بە عەرەبی پێی ئەوتری “وعی” و ئەوەی ئێمەی کوردی ئێراق هەر بەو کەلیمەیە ناسیومانە، تازە هەڵکەوتوە کوردەکان دار و بەردی وشەی کوردیان شێواندوە. لە ئۆکسفۆرد هەر ئەوەیە کە بۆ دژی “بێهۆش”ی جەستەیی بەکاردێ، واتە کەسێک کە بێ ئاگا ئەبێ لە دەوروبەرەکەی، وشە پزیشکیەکە گەر هەبێ نایزانم، بەڵام ئەو دۆخەی ئاگات لە خۆت نیە و دوایی دێیتەوە “هۆش”. بۆ نمونە شتێک کەوتوە بەسەرتا و لەهۆش خۆت چووی تا خەستەخانە.

هەمان دۆخ بۆ ئەقڵی بەشەر “هۆش”ە، واتە کەسێک کە ئاگای لە خۆیەتی و هەڵئەسێ و دا ئەنیشێ و ئەخوات و ئەخەوێ بەڵام ئاگای لە کار و کردارەکانی نیە، کەسێکی بێهۆشە. جا ئەمە یەک ئاست خوارتر/سەرتری هەیە کە مەبەستی ئەم بابەتەی منە، پرۆفیسۆر حەراری لەو کتێبەی پێشتر ناوم هێناوە لەم بابەتە، باسی ئەوە ئەکات کەوا 30 هەزار ساڵێ لەمەوبەر بەشەر “شۆڕشی بەهۆش هاتنەوە”ی بەسەردا هاتوە، من زۆر بەینم لەگەڵ وشەی “شۆڕش”دا نیە، بەڵام قسەی ئەوە، وە ئەڵێ هۆکارەکەشی نەزانراوە. تیایدا گوایە بەشەر بۆ یەکەمجار بۆ نمونە زانیویەتی کەوا خۆی جیاوازە لە دەوروبەرەکەی. زانیویەتی کە دار نەرمترە لە بەرد بۆ نمونە. تەبیعی نە ئەو نە کەسی تر نازانن 30 هەزار ساڵ لەمەوپێش بەشەر چی لە مێشکیدا بوە چونکە ئەوەندە هۆشی نەبوە تا بتوانێ چ دەری ببڕێ چ بۆ نەوەکانی دوای خۆی بەجێ بهێڵێت.

نمونەیەکی زەقتر تەمەنی مناڵیە، هەموو کار و چالاکیەک ئەنجام ئەدەی، بگرە خۆشترین یادگاریت هەیە بەڵام ئاگات لە خۆت نیە و سوکە بێهۆشێکیت، بەڵی ئەزانی دار و بەرد لەیەک جیا بکەیتەوە بەڵام ئاگات لێ نیە کە بۆ نمونە، بەردانەوەی ئاوی زۆر کرێی ئاوەکە زیاتر ئەکات یان بەهەدەردانیەتی. جا ئەکرێ هەمان نمونە بەکار بهێنین بۆ ئەوەی بڵێین ئەکرێ هۆشیش وەک پرۆگرامی کۆمپیوتەر چەن ئاستێکی هەبێت. ئەمەیان کەمێ ئاڵۆزە، نامەوێ وەک لەسەرەوە وتم وەک هەندێ بەناو فەیلەسوف قسە بکەم، ئەمەوێ نمونەی ڕوون بهێنمەوە، بەڵام نمونەی پرۆگرامی کۆمپیوتەر بۆ هەموو کەسێک ڕوون نیە. بەداخەوە لای من باشترین نمونە ئەوەیە چونکە ئیشەکەم ئەوەیە.

بە کورتی، بۆ ئەوەی بەهۆش بیت، پێویست ئەکا زانیاریەکی یەکجار زۆرت هەبێ دەربارەی خۆت، دەوروبەرەکەت، ڕابردوو و هەروەها هەندێ زانیاری نەگۆڕیش دەربارەی داهاتوو. تا جێگای خۆت هەم لە چوارچێوەیەکی بچوکی جوگرافی و مێژووییدا ببینیت هەم لە چوارچێوەیەکی یەکجار گەورەی جوگرافی و مێژوویدا. کە ئەڵێم جوگرافی مەبەستم فیزیاییە واتە شتانێک کە مادەن و ئەکرێ بە هەستەکانمان هەستی پێ بکەین. کە ئەڵێم مێژوویی مەبەستم کاتە کە لێرەدا ڕوونم کردۆتەوە کە ئەکرێ تەواو دروست نەبێ چونکە چەن سەد ساڵێک کۆنە ئەو ڕوونکردنەوەی جۆن لۆک.

گرنگ ئەوەیە بزانین کە مرۆڤ هەمیشە ئاوا “ئەقڵ”/هۆشی نەبوە بزانێ نوسینی ئەم چەندێڕە ئەکرێ تەنها کات بەسەر بردن بێت. شتەکە لەچاو تەمەنی 200 هەزار ساڵەی بەشەردا تەنها 30 هەزار ساڵە نیشانەکانی ئەوترێ کە پەیا بوە.

ئەمە ئەو هۆشەیە کە ویستم بە دوو پەرەگرافی کورت بیناسێنم بێ ئەوەی هیچی تر باس بکەین.

کات چیە؟

پێچەوانەی ئەو پیرۆزکردنەی لای ئێمە باوە کات شتێکی یەکجار ئاڵۆز نیە کە نەکرێ شتێکی لێ تێ بگەین. هەست ئەکەم نرخ دانان لەسەر کات لە جەهالەتەوە سەرچاوەی گرتبێ. لەم نوسینەدا بەشێک لە کتێبی “وتارێک دەربارەی تێگەشتنی مرۆڤ”ی جۆن لۆک وەر ئەگێڕم. مەبەستم بە کورتی ئەوەیە کە پێش خوێندنەوەی ئەم بابەتە بۆخۆم وام هەست ئەکرد کە کات بریتیبێ لە هێڵێک لە ئەزەلەوە دەستی پێ کردبێ، واتە پێش دروستبوونی گەردونیش، جا نازانم ئەنیشتاین چۆنی باس ئەکات، وە تا ئێستا بەردەوام بێت. بەڵام دوای خوێندنەوەی بابەتەکە حاڵی بووم لەوەی کە شتێکە تەواو پەیوەندی بە مێشک و تێگەشتنی مرۆڤەوە هەیە نەک هێڵێکی پیرۆزی لەو جۆرە.

جا بۆیە پێشەکی ئەبێ ئەوە بیرخۆم بخەمەوە کە لای جۆن لۆک وەک لە بابەتی پێشتردا نوسراوە، تەنها دوو سەرچاوەی بیر/فیکر هەیە. یەکەم لە هەستەکانمانەوە و دوەمیش لێکدانەوەی مێشکمان. لای ئەو بە کورتی، کات بریتیە لە ڕێکخستنی ڕیزی چوونە ژورەوەی بیر/فیکر بۆ ناو مێشکمان، یان ڕیزی ئەو بیرانەی لە لێکدانەوەدا دروست ئەبن. هیچی تر.

واتە، کاتێ ئەبینین ڕیزێک بیر یەک لە دوای یەک ئەچنە مێشکمان یان لە مێشکماندا دروست ئەبن، هەست بە تەرتیبێک ئەکەین، ڕیزێک دروست ئەبێ کە کام پێش کام هات و کام دوای کامیان دێ. ئیتر ئەوەی کە پێی ئەوترێ ڕابردوو هیچ نیە تەنها بیر/یادگاری کۆن نەبێ لە مێشکماندا، ئەوەشی ئێستایە تەنها ئەو بیرانەن ئێستا (بۆ نمونە لە کاتی خوێندنەوەی ئەم دێڕانەدا) ئەچنە مێشکت، وە داهاتووش ئەو وشانەن جارێ نەتخوێندۆتەوە. ئا بەم تەرتیب و ڕیزکردنە لای جۆن لۆک ئەوترێ “کات”.

لە پێشەکی بەشەکەدا خۆی ئەڵێ کە تێگەشتن لە کات ئاسان نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەڵێ ئەگەر کەمێ بیری لێ بکەینەوە ئەکرێ ئەگەر لە خۆشی حاڵی نەبین، شتانێکی تر بەکاربهێنین تا چۆڕێ لە کات تێ بگەین. ئیتر بۆخۆی ئەوەندەی من تێگەشتووم کاریگەریەکی لەسەر دروستکردووم کە لە مناڵیمەوە تا خوێندنەوەی ئەم بەشەی کتێبەکەی لۆک یەکجار حەزم لە کاتژمێر بوە، جار و بارە وتومە گەر سەعاتم پێ نەبێ وەک کوێر وام. ئێستا ئەزانم چەن هەڵە بووم.

کەوابێ ڕۆژ، مانگ و ساڵ چیە؟ با بچینە لای جۆن لۆک

کتێبی دوو، بەشی ١٤ خاڵی ١٩یەم:

“سوڕانەوەی خۆر و مانگ گونجاوترین پێوەری کاتە بۆ مرۆڤایەتی. سوڕانەوەی ڕۆژانە و ساڵانەی خۆر [ئەکرێ هێشتا دۆزینەوەکەی کۆپەرنیکۆس – کە زەوی ئەسوڕێتەوە بە دەور خۆردا نەک پێچەوانە – نەگەشتبێتە لای لۆک ئەوکات] هەروەک چۆن لە سەرەتای سروشتەوە دامەزراو و نەگۆرە، لە هەمانکاتدایە، وە گەردوونیشە بۆ هەموو مرۆڤایەتی وەک یەکە، وەک تا ڕادەیەکیش هەموو سوڕێکیان یەکسانە بەوی تر، بۆیە بەکارهێنراوە بۆ پێوانەکردنی ماوە. بەڵام جیاوازی ڕۆژ و ساڵ لەبەر ئەوەی پشت ئەبەستێ بە جوڵەی خۆر، هەڵەیەکی لەگەڵ خۆی هێناوە، وا ئەزانرێ کەوا ‘جوڵە’ و ‘ماوە’ پێوەر بن بۆ یەکتر. بۆ مرۆڤ، کاتی پێوانی درێژی کات، لەبەر ئەوەی ڕاهاتوون بە بیرۆکەی خولەک، کاتژمێر، ڕۆژ، مانگ، ساڵ هتد، چونکە هەر لەگەڵ باسی کات بکرێ یەکسەر ئەقڵمان بۆ یەکێ لەوانە ئەچێ، لە کاتێکدا خۆی ئەمانە هەموو بڕێکن لە کات کە پێوراون بە جوڵەی ئەو هەسارە گەردونیانە، بۆیە وای کردوە کە جوڵە و ماوە تێکەڵ بکەن، یان لانی کەم وا بیریان کردۆتەوە کەوا پەیوەندیەکیان بە یەکتریەوە هەبێت. لەکاتێکدا هەر دەرکەوتنێکی خولی نەگۆڕ، یان گۆڕانێک لە بیرۆکەدا، کە وا دەرکەوێ یەکسان بن لە بڕی درێژی ماوەکەیاندا، ئەگەر نەگۆڕ بن و گەردونی بن کە هەموان وەک یەک هەستی پێ بکەن، ئەبوایە جیاوازیەکی پیشان بدایە لە ماوەکانی کاتدا، هەروەک ئەوەشی کە بەکارهێنراوە بۆ ئەوەی پێی بپێورێت. چونکە لە کاتێکدا خۆر کە خۆی بریتیە لە تۆپەڵە گڕێک، لە هەمان ماوەی کاتدا داگیرسێت و ڕۆژانە لە هەمان کاتدا لە جێگایەکدا دەرکەوێت، ئەنجا دیار نەمێنتێت و نزیک ١٢ کاتژمێر دوای ئەوە بگەڕێتەوە، وە لە هەمان کاتیشدا لە ماوەی سوڕانەوەی ساڵێکدا، گەرمیەکەی و ڕووناکیەکەی تیژتربووبێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی هەستی پێ بکەن، وە دیسانەوە کەم بکاتەوە – بۆ خۆی ئا ئەو دەرکەوتنە سوڕیە ناکرێ بەکاربێت بۆ ئەوەی پێوانەی ماوەکەی پێ بکرێ لەلایەن هەموو ئەوانەی کە هەستی پێ ئەکەن هەروەهاش بۆ جوڵەکەشی؟ ئاخر ئەگەر دەرکەوتنەکان نەگۆڕبن، لە هەموو گەردووندا وەک یەک بێ، لە مەسافەی یەکسانیشدا، ئەکرێ لەلایەن مرۆڤەوە بەکار بێت هەم بۆ پێوانەی کات هەم بۆ جوڵەی دوریش.”

ئەنجا لە خاڵی ٢٠ ئەوە ڕوون ئەکاتەوە کەوا بۆخۆی دەرکەوتنەکەی خۆر یا دیاردەکانی تری وەک تاریکی و ڕووناکیە وای کردوە کات بەوانەوە ببەسترێتەوە نەک جوڵەکەیان. واتە ماوەی دەرکەوتنەکەیان جیا ئەکاتەوە لە جوڵەکەیان کە وا ئەکات دەرکەون و دیار نەمێنن. زۆر قوڵکردنەوەی نەگەرەک بۆ مەبەستەکەی من.

دواتر لە خاڵی ٢١دا دێتە سەر بابەتێ کە بەندە لە تەکنۆلۆجیای زانیاریدا شارەزاییەکی کەمم هەیە لەسەری. وە لە ڕاستیدا هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت و هەمان شتیشە لە تەکنۆلۆجیادا. بۆ ئەوەی پرۆگرامێک بتوانێ لەلایەن چەن کەسێکەوە لە کاتی جیاواز و جێگای جیاوازدا بەکار بێ، مەحاڵە بەبێ کاتژمێرێک ئەمە بکرێ. جا بۆ ئەوەی کاتژمێرەکان یەک بن، ئێستا تەکنۆلۆجیای نوێ بەکاردێ تا کاتژمێرەکان پاش و پێش نەکەون. هەربۆیە جۆن لۆک ئەوکاتە باسی ئەوە ئەکات کە ڕۆژ و مانگ و ساڵ یەکسان نین و نابێ پشتیان پێ ببەسترێ و دێتە سەر ئەوەی کە ئەکرێ پەندۆڵێک بەکاربێت بۆ پێوانەی کات.

ئەنجا لە خاڵی ٢٢دا ئەوە ڕوون ئەکاتەوە کە ئەگەر سوڕانەوەکانی خۆر و زەوی یەکسان و نەگۆر نەبوونایە هیچ سودێکیان نە ئەبوو بۆ پێوانەکردنی کات. ئەوەش باشترین ڕوونکردنەوەیە کە کات بریتی نیە لەو ماوەیەی پێویستە بۆ جوڵەیەک، بۆ جوڵە زیاتر مەسافەکە پێویستە نەک کات. وە ئەوەش ئەڵێ کە ئەگەر بێت و کات بە کەشتیەک بپێوین کە جارێ خێرا و جارێ هێواش بێ بەپێی بایەک بیجوڵێنێ، ئەوا هیچ سودێکی نە ئەبوو.

ئەنجا خاڵی ٢٣

“بۆیە خولەک، کاژێر، ڕۆژ و ساڵ، چەنە ئینج، پێ، یارد و میل پێویستن بۆ پیوانەی دووری ئەوەندە پێویستن بۆ پێوانەی کات یا ماوە. چونکە، ئێمە لەم بەشەی گەردوندا بە نەگۆڕیەکەیان سودیان لێ وەرئەگرین، وەک بەکارهێنانی خولی سوڕانەوەکانی خۆر، وەیان بەشە زانراو و نەگۆڕەکانی ئەو خولانە، فیکری نەگۆڕی ئەو ماوانەمان هەیە لە مێشکماندا، وە هەر ئەوە بەکار ئەهێنین بۆ پێوانەکردنی کات لە مێشکماندا کاتێ بمانەوێ درێژیەکەی بپێوین، کەچی ئەکرێ لە جێگایەکی تر لە گەردووندا، کە پێوەرەکانی ئێمە بەکارنەهێنن، هەرچۆن لە یابان ئینج، پێ یا میل’ی ئێمە بەکارناهێنن، بەڵام ئەکرێ شتێ هاوشێوەی ئەوە ئەبێ هەبێت. چونکە بەبێ دەرکەوتنەوەیەکی خولاو، بۆخۆمان ناتوانین کات بپێوین، وەیان نیشانی خەڵکی بدەین، هیچ درێژیەکی کات، هەرچەندە لە هەمان کاتدا ئەگەر گەردوون پڕبێ لەو جوڵانەی کە ئێستا هەیە تیایدا، ئەگەر بهاتایە و هیچ بەشێکی خولاو نەبوایە و خولانەوەکەش نزیکە یەکسان نەبوایە. بەڵام ئەو پێوانە جیاوازەی بە پێوەری جیاواز بکرێ بۆ کات هیچ لە بیرۆکەی “ماوە” یان کات ناگۆڕێت، کە ئەوە شتەکە خۆیەتی بپێورێت، هەرچۆن ئەگەر پێوەری جیاواز بەکار بهێنرێ بۆ دووری/مەسافە  وەک ستانداردی پێ وە یان مەتر هیچ لە بیرۆکەی دووری ناگۆڕێت بە نیسبەت ئەو کەسانەی کەوا پێوەرە جیاوازەکان بەکار ئەهێنن.”

لە خاڵی ٢٤ دا ئیتر ئەچێتەوە سەر ئەزەل و ئەبەد (هەتاهەتایی پێش و دوا) کە پێم باشە هەڵی بگرم بۆ کاتێکی تر.

نەفرەت لە شەڕ

لەم نوسینەدا سێ شت ئەڵێم: نەفرەت لە شەڕ، ئەکرێ شەڕ نەکرێت، کە کرا با بە ئەقڵ بکرێت.

هێمای ئاشتی
یەکێ لە هێماکانی ئاشتی لە ویکیمیدیا وەرمگرتوە

نەفرەت لە شەڕ

“ئەگەر پێشنیار بکرێ کەوا نەتەوەیەک پشت بە ژیربێژی ببەستێ ئەکرێ دور بێت لە ئاگری شەڕ، وەڵامەکەی تەنها جنێوە.” بێرتراند ڕەسڵ.

هەموو ژیانمان شەڕ و کوشتار بوە، یەک نەفەر نابینی و نابیستی، چوار وشە لەسەر شەڕ بنوسێت، یەک نەفەر نابینی دوو وشە لەسەر تەکنیکی شەڕ بنوسێت. یەک نەفەریش نابینی نەفرەتی لێ بکات. یەک نەفەر نابینی بە ئاشکرا بڵێ من دژی شەڕم، کاکە شەڕ مەکەن ڕێگای تری هەیە. ئەنوسن، بەڵام دوای شەڕ.

یەک بە یەکمان ئاشتی خوازی دوای شەڕین. ئێمە جووتبیریەکمان تیایە کە بە تەواوی باوەڕمان بە ئاشتی و بەشەڕیش هەیە. ئا ئێستا لەگەڵ ئەم دێڕانە تیاتانایە ئەڵێ “مورتاحی وا ڕۆژێ سیلاحی نەگرتوە بە دەستیەوە چوزانێ داعش چیە”. ئەنجا وا داعشیش هات، وا ئەویش ١٠٠ ساڵێ وەک ئەمەویەکان حوکمی کرد. دوای ئەوە؟ یا ئەگەر لە ناختایە بڵێی “ڕایکرد چوو بۆ ئەوروپا” ئەوا خۆشبەختانە زۆر گەورەتر و بە تواناتر لە من دار و بەردی جێهێشت بۆ ئەوەی گۆڕانکاریەک بکات.

کایا ئاشتیخواز بوو. ئەمە ئەو جێگایەیە تیای بنوسم بەندە کاتێ لەسەر کایا ئەنوسم، گوێ لە گۆرانیەکانی ئەگرم، نە بۆ ئەوەیە هانم بدا خۆم بێ ئەقڵ بکەم بەرامبەر نەتەوەیەک، تاکێ، گروپێ یان ئینسانێکی تر نە بۆ ئەوەشە جیاواز بیر بکەمەوە. تەنها ئەو قسانەی لام گرنگە کە بۆنی ئاشتیخوازی لێ دێت، کە باسی زوڵم ئەکا تا هیچ نەبێ دڵی خەڵک نەرم بێ. تا وەک خۆی بە دایکی ئەڵێ: دایە بیربکەرەوە بەڵکە دڵت “ببێتە مرۆڤ”.

بێرتراند ڕەسڵ ئاشتیخواز بوو. یەکێ لە شاکارەکانی لەسەر کۆتایی هێنانی شەڕە. نەک تەنها بە نەفرەت کردن، بەڵکە تیایدا زانستیانە مێتۆدەکانی کۆتایی هێنان بەشەڕ باس ئەکات. پزیشک و داهێنەری بواری پەروەردە بۆ مناڵ بە تایبەت تا تەمەنی ٦ ساڵ بەناوی ماریا مۆنتەسۆری ئیتالیە. مێتۆدەکەی ئەم خاتوونە یەکێکە لەوانەی لای ڕەسڵ پەسەندە، لە کتێبێکی تردا دەربارەی پەروەردە، باسی ئەوە ئەکات مرۆڤ ئەکرێ لەو ٦ ساڵەدا وا پەروەردە بکرێ کە کۆتایی بەشەڕ بهێنرێت، هەروەک خاتوو مۆنتەسۆری بناغەی بۆ داناوە.

بەڵام بە کورتی، بزانین پێش هەموو شتێ ئایا شەڕ تەنها چارەسەرە؟ نەخێر.

بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئەکرێ ڕێگای تر بگیرێتە بەر. لەوەیە درێژتر و نەفەسی زیاتری بوێ بەڵام گەر ئامانجەکە و ڕێگاکەی وەک یەک بن ئەوکات ناچارا ئەبین ڕێگا سەختەکە هەڵبژێرین. مەبەستم لەوەیە گەر مەکیاڤێلیانە بیرنەکرێتەوە، ئامانج گرنگتر بێ لە ڕێگاکەی، ئەوا ئەبێ ڕێگاکە و ئامانجەکە وەک یەک پیرۆز بن. بۆ نمونە دەوڵەتی کوردی بە خوێن ئەبێ دروستکرێ جێگای پرسیارکردنە. نابێ دەوڵەتەکە لە خوێنەکە گرنگتر بێت. نمونەی سویسرا باشترین نمونەیە، ئەکرێ مرۆڤ خۆی لەشەڕ لادات. زۆر باشیش ئەکرێت. نمونەی گۆرانیەکانی کایاش بۆ ئەوەی نەوترێ سوسرا نمونەیەکی خراپە، زیندووترین نمونەیە بۆمان. داری ئازادی لەوەیە بە خوێنیش نەبێ بەربگرێ. قسەی هیچ مرۆڤێک نەخشی سەر بەرد نیە.

لە ڕۆژهەڵات پیاوێکی تری وەک غاندی ئەستەمە دروست بێتەوە. هەڵبەت ئەبێ بزانین کە ئینگلیزی دوژمنەکەی غاندی و داعش خوایان یەکە بەڵام ئەوە بابەتەکە نیە. مەسەلەکە “نەفرەت کردن”ە لەشەڕ.لە ناو کورداندا، مرۆڤێکی وەک سەعیدی کوردی (نورسی) پێویستی بەوە نەبوو وەک شێخ عوبەیدوڵا یان ئەوانی تر بابەتی نەتەوایەتی کورد بکاتە هەوێنی شەڕ، ئاشتی خوازبوو.

دوو پیاوی تر کە ئێستا لە خەیاڵمن، جۆن لۆک وەک باوکی لێبوردەیی و ئەنیشتاینیش هەم دامەزرێنەری ڕێکخراوێکی خێرخوازی بوو هەروا لەگەڵ ڕەسڵ خەریکی کۆتایی هێنان بوون بە شەڕ تا مردنی. ئەمان ڕیز ئەکەم چونکە لە ئێستادا هەموو وا ئەزانین شەڕ ڕۆژاواییەکان هێناویانە بۆلای ئێمە. لەسەرەوەش یەکەمجار کایا دا ئەنێم چونکە ڕۆژانە گوێی لێ ئەگرم.

ئەکرێ شەڕ نەکرێت (کورت)

شەڕ تەنها و تەنها ماڵکاولیە. وەک ڕەسڵ ئەڵێ لە شەڕدا کێ لەسەر هەقە و کێ لەسەر هەق نیەی تیا نیە، تەنها ئەوانە ئەمێننەوە کە ناکوژرێن. واتە شەڕ، هەر وەک لە ماناکەیدا دیارە شەڕی مانەوەیە. ئێ کە قەبوڵت کرد داعش داگیرت کا ڕێگایەکە لە مانەوە. تۆیەک ئەوەندە ساڵە دوو ڕۆژ نەچویت بۆ ڕیازە و خۆت ئامادە بکەی و دوو فلس لە خۆ بەهێزکردنا سەرف بکەی، بە نیازی لە کابرای ببەیتەوە کە هیچ نەبێ دە ئەوەندەی تۆ پارەی کردۆتە تەکنۆلۆجیای شەڕەوە؟

نەخێر نابێت

لە گەرمەی کوشتاری کۆمەڵێ گەنج و خەڵکی قوڕبەسەردا، جاشقەڵەمێ یا گۆرانی بێژێ وەک داریوش هەڵ ئەسێ، لەبری گڕدانی ئاگری سۆز و عاتیفەی مرۆڤ، کەللەپوتی و بێ ڕەحمی مرۆڤ ئەوروژێنن و ئەڵێن: نەورۆزەکەتان بکەن با دوژمن دڵی خۆش نەبێت، یا ئێمە لە مەحفلا ئەڕەسقین. ئەمانە بێ ئەقڵین، ئەمانە و زۆرێ لە دێڕەکانی ناو گۆرانی و ئەدەبیاتی چواردەورت، بە ئەدەبیاتی دینیشەوە خۆشکەری ئاگری شەڕن. ئەم جۆرە مرۆڤانە ناکرێ ببنە پێشەنگی شەڕ، ئەبێ ئەوانە پێشەنگی شەڕ کە خۆیان لە شەڕدان، وەک فەرماندە و پاشا بەڕەحمەکانی ناو مێژوو. نەک سیاسەتمەدارێ لەژێر سپلیت و لە کۆشکی سپیەوە پەنجە بە دوگمەی ساروخدا بنێت.

کە کرا با بە ئەقڵ بکرێت(کورت)

بەڵام، تەنها شتێ لێرەدا پێویستە بیڵێم ئەوەیە کە ئەگەر قەرار بوو لەگەڵ دڕندەیەکی وەک داعش شەڕ بکرێ ئەبێ پێش وەخت ئامادە بیت، کە ئامادە بویت زۆر شت ئەگۆڕێت. ئەکرێ مرۆڤ ئاشتیخوازانە شەڕیش بکات. ئەمە گاڵتە جاڕی و پارادۆکس نیە، ئەمە ئەقڵە وا ئەڵێت. کاتێ ڕێگایەک نەما بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێ لە شەڕ، تەنها چارە ئەوەبوو شەڕ بکەیت، وەک هاتنی داعش، با بڵێین بەڕاستی وابوو کەس حەزی لە ختوکەدانیان نەبوو، ئەوکات ئەکرێ شەڕ بکرێ بەڵام ئاشتیخوازانە. چونکە لە کاتێکدا بەرامبەر زانی ئیتر بواری بردنەوەی نیە، ئەکرێ هەم شەڕەکە ڕاگرێ هەم لەوەیە خۆی بدا بە دەستەوە.

ئەی بیرۆکە لە چیەوە دێ؟

فەیلەسوفی ئینگلیز جۆن لۆک – بەستەری ویکی کوردیش لەوێ هەیە بەڵام بەشی بیرۆکەکەی هەر بەندە زیادی کردوە بۆیە داینانێم – کە گوایە کاریگەری فرانسیس بەیکن، باوکی زانستی نوێ، لەسەری هەبوە. یەکێ لەو کارانەی ئەو کە لای من جێگای بایەخە گرنگی دانیێتی بە “لێبوردەیی” دینی یان جیاوازی بیروڕا و هەروەها وردبوونەوەی لەسەر تێگەشتنی مرۆڤ و بیرکردنەوەی مرۆڤ. کتێبێکی هەیە بە ناوی “وتارێک سەبارەت تێگەشتنی مرۆڤ” (بەداخەوە بە زمانەکانی ناوچەکەی ئێمە کەس لەسەری نەنوسیوە تا لینک دانێم لە ویکی). لەوێدا ئەو ئەڵێ تەنها دوو سەرچاوەی هەیە:

1. هەستەکانمان (بینین، بیستن، تامکردن، بۆن کردن، بەرکەوتن)، 2. لێکدانەوەکانی مێشکمان.

تەنها قسەیەک لەسەر ئەوەی یەکەم بیکەم ئەوەیە کە ڕەسڵ لە کتێبی شیکاری ئەقڵدا ئەچێتە ناو دوالیزم و بابەتە فەلسفیەکەوە کە ئایا مێزەکەی بەردەممان هەیە یان نیە و ڕوونی ئەکاتەوە کە فەلاسیفە ناڵێن نیە، بەڵام هەریەک تێگەشتنێکیان هەیە بۆ ئەوەی کە بینینەکە چۆنە. وە دواتر ئەو شتە ئاشکرایە باس ئەکات کە هەموو لە جێگای خۆمانەوە مێزەکە بەشێوازێکی جیاواز ئەبینین، کە تەنها قسەیەکی گرنگ تیایدا ئەوەیە کە لەبەر ئەوەی هەریەکەو شێوە بیرکردنەوەیەک و ئەوەی لە مێسکماندایە لە ساتی بینینی مێزەکەدا جیاوازە، وا ئەکات کە هەریەکەمان مێزەکە بەشێوازێک ببینین.

ئەوەی دوەم شایانی باسکردنە، خۆشی زۆر لەسەری ئەڕوات، لە کتێبی دوو هەمان سەرچاوە خاڵی دوو بە دواوە. تیایدا تەواو وردی ئەکاتەوە کە گوایە مرۆڤ دوای ئەوەی شتێکی بەر هەست ئەکەوێ، مێشکی ئەتوانێ هەندێ “کردار”ی بۆ بکات کە ئەو وشەی “مەفروشکردن” یان با بڵێم ڕاخستن و ئەوانە بەکاردێنێ. وە لێرەشدا زیاتر لەسەری ئەڕوات کە ئەو کردارانە شتانێ نین کە تەنها کردار بن و نەمێنن بەڵکوو ئەبنە هۆی تێگەشتنی قوڵتر بۆ شتەکان و ئەیبەستێتەوە بەوەی کە لە زمانی کوردیدا جارێ ڕێک نەکەوتون چ ناوێکی بنێین جگە لە “معرفە” یان با بڵێم “پێزانین“ی مرۆڤ. بە کورتی مەبەستی ئەوەیە کە دوای ئەوەی کە بینیت ئەمە چ شاخێکە یان دەریایەکە ئیدی شتی تری لێ دروست ئەکەی وەک خۆزگە خانوویەکم لێرە هەبوایە.

ئیتر پیایدا ئەڕواتە خوارەوە، لێرە نامەوێ وەرگێڕان بکەم و پێم خۆشە ئەوەنەدەی خۆم “لێکدانەوە”م بۆ کردوە بینوسم. هەڵبەت جۆن لۆک کابرایەکە باوەڕی تەواوی بە بوونی خوا هەیە بۆیە هەندێ شتی تریش باس ئەکات وەک بوونی ڕۆح کە لای من زۆر ڕوون نیە، هەرچەن بێرتراند ڕەسڵیش لە کتێبی شیکاری مێشکدا وەک ئەو باسی ڕۆح ئەکات و ئەڵێ یەکێ لە سێ پایە سەرەکیەکەی “زەین”/mind یان ئەقڵی مرۆڤە. وە لۆک لەوێدا ئەوە ڕەت ئەکاتەوە کە ڕۆح سەرچاوەی بیرکردنەوە بێت و ناکرێ کە ڕۆح هەمیشە بیربکاتەوە بەبێ ئەوەی خاوەنەکەی ئاگای لێ بێت. ئەمە زۆر لام پڕ بایەخ نیە، چونکە من جیاواز لە هەردوکیان کێشەم لەگەڵ وشەی ڕۆح هەیە.

ئەوەی لام کرگنە بەشی سێیەمی کتێبی دووی هەمان سەرچاوەیە کە تیادا دێتە سەر “بیرۆکە”ی سادە و جیای ئەکاتەوە لە بیرۆکەی ئاڵۆز. لە دوای ئاخاوتنێکی ورد لەسەر ئەوەی کە مێشکی مرۆڤ توانای جیاکردنەوەی خاسیەت (دیسان وشەی تایبەتمەندێتی داماو)ی شتەکانی بەرهەستمان هەرچەن زۆر ئاڵۆز و تێکەڵن بەڵام زۆر بە ئاسانی جیا ئەکرێنە و مێشک لەیەکیان جیا ئەکاتەوە بۆ نمونە سپێتی و ساردێتی پارچە سەهۆڵێک کە سپێتیەکەی بەچاو و ساردێتیەکەشی دوای دەستلێدان یان بەرکەوتن فێری ئەبین. ئا لێرەوەیە کە دێتەوە سەر ئەوەی لە یاسای فیزیادا بە یاسای وزە ناسراوە و من هیچێکی وای لێ نازانم لەم کاتەدا ئەوەندە نەبێ کە وزە ون نابێت، تەنها لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی تر ئەگۆڕێت (لام گرنگ نیە هەڵەبم لەمەیاندا). ئەگەڕێمەوە لای لۆک کە ئەڵێ مرۆڤ لەبەر ئەوەی لە شتە بەرجەستە (هەستە)کان بیرۆکە وەر ئەگرێ:

هەرگیز ناتوانێ نە بیرۆکەیەک دروست بکا لە دەرەوەی هەستەکان نە لەناویشی ببات چونکە ئەوە لە دنیای فیزیاییدا مەحاڵە.