دنیای ئەمڕۆ، جۆرە ترسناکەکەی فەرمانڕەوایی

دوو ئینگلیز هەبوون کە ڕەشبین بوون، بەراورد بە کەسانی وەک ستیڤن پینکەر یان هەندێک (ئەوانیش ڕەشبینیان زۆرە) کەسی دیندار. ئۆروێڵ، کە وتویەتی داهاتوو بریتیە لە پۆستاڵێک لەسەر سەری کەسێکی تر. یەکێکی تریش بەناوی هەکسلی کە وتویەتی “کەسێک باوەڕی بە شتێک بێت هۆکارەکەی ئەوەیە وای لێ کراوە باوەڕی پێی بێت”.

ئۆروێڵ مەبەستی ئەوەیە ژیان بریتیە لە شەقی زۆرداران و لەژێرپێ خستنی بێهێزەکان، دوەمیش مەبەستی ئەوەیە کە ئەوەندە خۆشگوزرانی و لەزەت بڵاو دەکرێتەوە پێویست نەکات پۆستاڵ بخرێتە سەر سەری خەڵک.

هەکسلی مامۆستای ئۆروێڵ بوە لە قوتابخانە بەناوبانگەکەی نزیک لەندەن بەناوی “ئییتن“، نامەیەکی بۆ دەنوسێت ئەم پەرەگرافەی حەزەکەم بە مورتااااحی، جا بە هەرچی مورتاح دەبیت، لەو کاتەدا بیخوێنیتەوە:

“لە نەوەی داهاتوودا پێموایە فەرمانڕەواکانی جیهان بۆیان دەردەکەوێت کە ڕاهێنانی کۆرپە و هیپنۆزکردن بە ماددە هۆشبەرەکان کاریگەرترن، وەک ئامرازی فەرمانڕەوایی، تا یانە و زیندانەکان، و دەتوانرێت شەهوەتی دەسەڵات بە هەمان شێوە بە تەواوی تێر بکرێت بە هاندانی خەڵک بۆ خۆشەویستیی کۆیلایەتی نەک بە شەق لێدان و لێدانیان بۆ ئەوەی گوێڕایەڵ بن.”

بەخێر بێن بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، دنیاکەی پرۆفیسۆر هەکسلی. هەڵبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا لە دنیاکەی ئۆروێڵدا وەک مزراح دەسوڕێتەوە.

تۆڕ یان وێبی تاریک چیە؟

دەربارەی تۆڕی تاریک، یان لە ویکیپیدیا نوسراوە “وێبی تاریک” بریتیە لە شاردنەوەی ناسنامەی بەکارهێنەر بە تەواوی یان وا هەست بکرێ بە تەواوی. تەواوی پڕۆژەکە بەبێ پرۆگرامێک بەناوی “تۆر” یان پیاز هیچێکی وای نامێنێتەوە. هەر خۆشیان “دۆمەین”ێکیان بەناوی .onion بۆ داناوە کە پێویست بە کڕینی ناکات هەرچەن بەنیاز مەبە ناوێکت دەستکەوێت، سیستم خۆی خشتوپشتێکت بۆ ئەدا بەیەکدا و ئەڵێ بڕۆ لەسەر دیواری یەکێ بینوسە تا خەڵک سەردانی سایتەکەت بکەن.


لەم دنیایەی سفر و یەکەدا، هەموومان بە ژمارەیەک لەگەڵ ژمارەیەکی تر قسە ئەکەین، تۆ بە ژمارەیەک ئەم بابەتەی من ئەبینیت و منیش هەروا، ئەگەر لە فەیسبوک نوسینێکی من بخوێنیتەوە ئەوا کاک زەکەربێرگ لەو نێوانەدا ئاگای لە خشەی مار و مێروە. بەڵام، وەک پرۆفیسۆر ڕەدڵ جاریک وتی، ناسا لەبەر ئەوەی ٤٠ ساڵێک لە پێشمانەوەیە، پرۆگرامی “تۆر”یش سەرچاوەکەی هەر لەلای ئەوانەوە دێ و بۆ مەبەستی پاراستنی دەزگا هەواڵگریەکانی خۆیان دروستکراوە. تۆر، بناغەی تۆڕی تاریکە و مەکینەکانی گەڕانی وەک گوگڵ ئەتوانن تۆڕەکە بخەنە سەر زەمین بەڵام ژێرزەمین بونیان بە ویستە/دیزاینە. کۆمەڵێک ئینسانی ژیر و زانا پشتیوانی ئەکەن کە باوەڕیان وایە زانیاری ئەبێ بێ فلتەر بەردەست بێ و ناسنامەی کەسەکانیش بکرێ بشاردرێنەوە بەتەواوی.


شتێکی ترسناک و عەجایەب نیە، ئەم پارە دیجیتاڵیە کە دانەیەکی بەرامبەر تێسلایەکە زیاتر بۆ ئەمە دروست کراوە و تۆڕەکە خۆشی وەزارەتی دیفاعی ئەمریکی دروستیان کردوە هەر وەک تۆڕی ئینتەرنێت خۆی. ئینتەرنێت بۆ زانیاریمان جیاوازە لە www ئەوەیان داهێنانی زانای بەریتانیە.


بە کورتی، تۆڕێکی تاریک هەیە، شتی سەیر و سەمەرەی تیایە. کۆکاین و مادە هۆشبەرەکان، بازاڕی چەک، زانیاری دزراو، کوشت و کوشتاریش. هەموو ئەتوانین لەو ژێرزەمینانە ئەو شتە سەیر و سەمەرانە ببینین، بەڵام بۆ من کەناڵە تەلەفزیۆنەکان سەرئێشەن جا وەرە بڕۆیتە خزمەت کابرای نەخۆش و ئەقڵ بۆگەن.


بوونەکەی یەکجار گرنگە بۆ کەسێک بیەوێ سڕی ئەردۆغانێک هەڵماڵێت. ئیتر ئەم پێویستیە وای کردوە پڕ بوە لە ئینسانی نەخۆش، تەئکید بن ٩٥٪ ژمارەکەی دکتۆر تەواوە، نەک کورد تەواوی بەشەریەت نەخۆشە. ماڵی ٥٪کە ئاوا بێت کە تا ئێستا ماوین. ئەگەر وانەبوایە زیرەکترینەکانمان نەئەبوون بە دکتۆر خزمەتی نەخۆشترینەکانمان بکەن. ئەوە سوکایەتی نیە بەنەخۆش و بەرزڕاگرتنی دکتۆریش نیە – ڕاستیەکی سارد و سڕە.

فێرکاریی کورتی ویکیپیدیا

زانستنامەی کراوەی ویکیپیدیا بێگومان ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی کراوە و باوەڕپێکراوەی زانیاریە. چەندین ساڵ وا باو بوو گوایە زانیاری ویکیپیدیا جێگای باوەڕ. نیە بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە و ئەکرێ بڵێین زۆر زەحمەتە هیچ دەوڵەتێک، دامەزراوەیەک یان ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیش بتوانێ ئەو توانایەی لە ویکیپیدیا کۆبۆتەوە دووبارە بکاتەوە.

لە هەموو حاڵەتێکدا ئاگادارم کەوا فێرکاریەکی کەم هەیە و ویکیپدیا خۆشی لە گۆڕانکاریدایە. ساڵانی پێشتر زەحمەت بوو بەڕاستی دەستکاری کردنی ویکیپیدیا و فێربوونی تەنها بۆ کەسانێک بوو کە حەزێکی تایبەت و کاتی باشیشیان هەبوایە بۆ دەستکاری کردن. ئەمڕۆ، بە پێچەوانەوە یەکجار ئاسانە دەستکاری کردنی ویکیپیدیا.

ئەم بابەتە تەنها دەربارەی دەستکاریکردنی خێرای بابەتێکە لە ویکیپیدیا.

وای دا ئەنێین تۆ ئەتەوێ دەستکاری بابەتی هەڵەبجە بکەیت و یەکەمجاریشە بێیتە ویکیپدییا بەنیازی دەستکاری کردن. باشتر وایە لەسەر کۆمپیوتەرێکەوە دەست پێ بکەی دەنا دوایی بە دڵنیاییەوە ئەتوانی لە مۆبایلەکەشتەوە دەستکاری ویکیپیدیا بکەیت. ئەم فێرکاریە کورتە بۆ کوردزمان نوسراوە و مەبەستیش هەر ویکی سۆرانیە وەک لە کرمانجی.

١. تکایە خۆت تۆمار بکە لە https://ckb.wikipedia.org/wiki/ بە کرتە کردن لەسەر “بچۆ ژورەوە” و دواتریش “ببە بە ئەندامی ویکیپیدیا” ئەکرێ خۆت تۆمار نەکەی بەڵام ئەکرێ بەڕێوەبەران دەستکاریەکانت بە گومانەوە تەماشا بکەن. بۆیە تکایە خۆت تۆمار بکە.

٢. بچۆ ژورەوە دوای خۆتۆمار کردن.

٣. بابەتی خوازراو بدۆزەرەوە بە گەڕانە زیرەکەکەی ویکیپیدیا و کرتە بکە لەسەر “دەستکاری”

هەر جێگایەکی بابەتەکەت ویست دەستکاری بکەی، دەستکاری بکە. نوسین لە ویکیپیدیا ئاڵۆز نیە، بەڵام بێسەروبەریش نیە. ڕێکخستنێکی پێویستە. ئەمەش جێگای ئەم فێرکاریە نیە.

٤. کە تەواو بوی لە دەستکاریەکەت ئەگەر یەک وشەش بێت کرتە بکە لەسەر “بڵاوکردنەوەی گۆڕانکاریەکان”

هەڵگرتنی دەستکاریەکانت

٥. کورتەیەک بنوسە کە چیت گۆڕیوە تا کەسێکی تر کە تەماشای دەستکاریەکەتی کرد بەخێرایی بزانێ چیت گۆڕیوە، دەنا ویکی خۆی ئامرازی هەیە کە بە وردی بزانرێ چیت گۆڕیوە، ئیتر کرتە بکە لەسەر “پاشکەوتکردنی گۆڕانکاریەکان”. ئەتوانی نیشانەی ڕاست بدەی لە “ئەمە دەستکاریەکی بچوکە” تا بزانرێ (سەیری ٦ بکە) و هەروە پەڕەکەش بخەیتە ژێر چاودێریەوە تا بە ئاسانی بچیەوە سەری.

٦. کرتە بکە لەسەر مێژووی بابەتەکە تا بزانی چی کراوە، سوپاسی دەستکاریەکانی بەشدار بوانی تر بکەیت و هتد.

٧. دانانی سەرچاوە: گریمان لە (٣)دا پێت خۆشە سەرچاوەیەک دابنێی، سەرچاوەکەش ئەم بەستەرەیە: https://gov.krd/the-governments-mission/good-governance/

٧.١ بڕۆ دوای خاڵی کۆتایی ڕستە، یاخود لەناو ڕستەدا ڕێک دوای وشەکە بێ بۆشایی، ئەنجا کرتە بکە لەسەر “ئاماژە”

٧.٢ بەستەرەکە لەناو بۆشایی “ئۆتۆماتیک” دابنێ

٧.٣ کرتە لە “دروستکردن” بکە و ئەنجامی ئۆتۆماتیک ببینە، ئەگەر بەدڵت نەبوو ئەبێ بە “دەستی” خانەکان پڕکەیەوە کە جێگای ئەم فێرکاریە نیە بەڵام یەکجار ئاسانە بۆیە باسی ناکەم.

٧.٤ ئەگەر وەک ئەم نمونەیە سەرکەوتوو بوو، واتە زانیاری تەواوی دابوو دەربارەی لینکەکەت، ئەوا دوودڵ مەبە و “تێخستن” داگرە.

٧.٥ ئەگەر هیچ کێشەیەک نەبوو ئەوا لێگەڕێ و بڕۆ لەخوارەوە تەماشای سەرچاوە یان پێڕست بکە بزانە ئەو ژمارەیەی دانرا بۆ سەرچاوەکەت لەوێ هەیە؟

چونکە بابەتەکە پێشتر سەرچاوەی هەبوە پێویست ناکا هیچی تر بکەین بڕۆ بۆ ٨ و کۆتایی!

٧.٦ ئەگەر لیستی سەرچاوەکان نەبوو، واتە بەتاڵ بوو لە کۆتایی بابەتەکە ماوسەکەت دانێ یان کرتە بکە، ئەنجا لە ئامرازەکانی سەرەوە “تێخستن” داگرە و “پێڕستی سەرچاوەکان” داگرە تا ئۆتۆماتیک هەموو سەرچاوەکانت لەو جێگایی دیاریت کردوە ڕیز بکات بۆت کە لە ویکیپیدیا هەمووی وایە لە کۆتایی بابەت دا ئەنرێت.

٨. دەست و چاوت خۆش زانیاری خۆت بەخشی بە مرۆڤایەتی.

بۆچی بەزەییمان بەیەکتردا نایەتەوە؟

وەڵام: چونکە هەموومان خۆمان بە جێگای بەزەیی ئەزانین.

ئاشکرایە لەناومان کەلتوری “لێقەوماو”/”چەوساوە” دامەزراوە و زیاد لە نەوەیەکیش پێوەی گۆش کراوە. مەبەست لە کەلتوری لێقەوماو، یان خراپتریش “شێتێتی چەوساندنەوە”، هەر لەم بڵاگە بابەتێکی مورتاحەفەنیم کردۆتە کوردی لەسەری، ئەوەیە کە “ئەها من چەن گوناحم”ە. هەرکەس ئەبینی ئەڵێ “من کەسم نیە” وەک ئەوە وابێ ئەردۆغان باوکی کردبێتی بە سەرۆکی تورکیا.


جا ئەوەیان بابەتێکی ترە، ئەوەی مەبەستم بیڵێم ئەمەیە: کابرا ئەڵێ خۆم ئەکوژم یان خۆشی کوشت، کەس “بەزەیی” پیا نایەتەوە و “لەو خراپتر هەیە” وەڵامەکەیەتی ئەگەر لە مەجلیسێک یان تەلەفۆنێکدا بڵێی وەڵا فڵانکەس گوناحە. ئەنجا من ئەڵێم هۆکاری ئەمە ئەو بەزمەی سەرەوەیە، لەبەر ئەوەی هەمومان خۆمان بە لێقەوماو ئەزانین و کەسمان نیە، ئیتر کابرا خۆی ئەکوژێ یان نە کەی کێشەی ئێمەیە چونکە “خۆمان جارێ قوڕ کراوە بەسەرمانا.”


ئەم کەلتورە سەقەت، وێرانکەر، متمانەبەخۆبوون-شکێنە یەکێک لە ئەنجامەکانی ئەوەیە. ئەگینا وەک کچە گەنجە سویدیەکە ئەبێ تەیارەکە ڕاگیرێت بۆ ئەوەی کابرای پەنابەر نەبرێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی. چۆن ئەبێ ئەو خەڵکە لە برسان بمرێ کەچی تۆ بە خەیاڵتا نەیەت و “لەو خراپتر هەیە” جوابەکەت بێت؟


کەلتوری خێرکردن لای ئێمە بڵاویش بێت تەنها ڕووکەشە. کاتێک بەڕاستی ئێمە خێرخواز ئەبین کە جیاوازی داهات نزیک سفر بێت یان بەتەواوی ئەوە ڕوونکرابێتەوە کە چۆن ئەبێ کابرایەک لەم دۆخەدا بتوانێ فڵان و فیسار پرۆژەی گەورەی “خێرخوازی” جێبەجێ بکات. بۆیە نەک هەر بڵاو نیە، تەنها ڕوکەش و ڕیاییە ئەگەر هەشبێت.


خۆزگە ڕوونکردنەوەی تری هەیە؟

تێبینی: سی و ئەوەندە هەزار “لایک” یان کاردانەوەی ناو فەیسبوک مانای ئەوە نیە “کەس بە خەیاڵیدا نایەت” هەڵە بێ، ئەوە کاتێ هەڵە ئەبێ کە لایەنێک یان لانی کەم دە پیاوی گەڕەک بچنە سەردانی ئەو بەڕێزە و بڵێن نابێ خۆت بکوژیت لەبەر نەداری/ناعەدالەتی نەهێڵن ڕوو بدات، لانی تەواویش ئەوەیە کە دامەزراوە هەبێ نەهێڵێ دزی و پیاوکوژی دەسەڵاتداران بگاتە ئەو ئاستە.

شیوعیەت یان سۆشیالیزم چیە ئەگەر تەکنۆلۆجیا نەبێت؟

نوسەری “مرۆڤەخودا” – هۆمۆ دیوس – ئەڵێ هۆکاری ئەوەی مەهدیەکەی سودان سەرکەوتو نەبوو وەک کارل مارکس، تەبیعی ئەو ناوی نورسی نازانێ، من ئەڵێم کەسێکی وەک سەعیدی نورسیش، ئەوەیە کەوا کارل مارکس و جەماعەت زیاتر دیراسەی تەکنۆلۆجیای سەردەمیان کردبوو.

یەکەم جارە ئەبیستم نوسەرێک بڵێ شیوعیەت یان ئەوەی لە هەڵەبجە کردبویان بە جڕوجانەوەر لێمان “کۆمۆنیزم” هیچ نیە ڕەنگدانەوەی تەکنۆلۆجیای سەردەم نەبێت. کە وردیش ئەبینەوە بێ ئەوەی پێویست بە بەڵگەی زیاتر بکات ئەبینین ڕاستەکات، شیوعیەت چیە ئەگەر تەکنۆلۆجیا نەبێ‌ بۆ دابەشکردنی “ئامرازەکانی بەرهەم هێنان”؟ کە بنەمای سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمی مارکس و ئەنگلسە. یان شیوعیەت چیە “کارەبای ڕەئیسی” نەبێت؟ ئەگەر وەزارەتی تەندروستی بۆ هەموان نەبێت؟ واتە ئەگەر کات بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانیە کۆنەکان کە گوایە بناغەی کۆمەڵگەرایی/کۆلێکتیڤیزم لەوێوە هاتوە، چۆن ئەتوانی دەرەبەگێک ناچار بکەی لە داهاتەکەی بەشی کەسی تر بدات؟ لە ڕاستیدا ئەوە بازدانێکە دەنا دەرەبەگەکەش ئەگەر”تەکنۆلۆجیا”ی کشتوکاڵ نەبێت، کەسێکە ئەبێ‌ بەدوای نێچیرێک یان دار هەنجیرێکدا ڕا بکات تا بتوانێت نان بۆخۆی پەیدا بکات. ئیتر کۆمەڵگەرایی لە کوێیە؟

کام سۆشیالیزم ئەتوانێ باسی ئەوە بکات کە با فڵان شتی هاوبەشمان هەبێ ئەگەر تاکێک داهاتی زیادەی نەبێت؟ ئەبێ تەکنۆلۆجیا/ئامرازی بەرهەم هێنان گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتبێت تا بتوانین باسی خوێندنی گشتی، تەندروستی گشتی، خزمەتگوزاری گشتی و هەروەها دەسەڵاتێکیش چاودێری ئەوە بکات بکەین. بە دەستەواژەی قەبە و ڕیزکردنی چەندین کتێب و ڕۆژنامە کە نوسەرەکەی مەبەستی خۆدەرخستن زیاترە وەک زانیاری دەربڕین بەدڵنیایەوە کەس ناتوانێت هەڵەنجاندنێکی زانستی بکات وەک نوسەری کتێبەکە، نمونەی خراپیش زۆرن لەوانە بابەتی شیوعیەتە لە ویکیپیدیا.

وەک خۆشی ئەڵێت و بە وردبوونەوەی زیاتر لە ڕاکەی نوسەر هەردو کارل مارکس ودواتریش لینین کە خۆی کوڕە ئەریستۆکرات بوە، ئەبوایە چارەکێکی نورسی سەرکەوتوو نەبونایە، کەچی بە پێچەوانەوە لە ناو جەرگەی سەرمایەداریدا بەریتانیا سیستمی تەندروستی خۆڕایی و دواتریش سۆشیال دا ئەمەزرێنێت و گۆڕەکەی مارکسیش لەخۆ ئەگرێت. بۆچی؟ چونکە ئەوان تەرکیزیان لەسەر تەکنۆلۆجیا بوە خەڵکی وەک نورسیش تەرکیزیان لەسەر دەقە هەنوکەیی و کۆنەکان بووە. بناغەی قسەکردن لەسەر شیوعیەت بریتیە لە “ئامرازی بەرهەم هێنان” یان “نرخی بەرهەمهێنان” کە هەردوک ئابورین و ئابوریش تەکنۆلۆجیا هێناویەتیە بوون. ئیتر جیاکردنەوەی مرۆڤ لەسەر ئاستی “بۆرژواز و پرۆلیتار” و قسەی پوچی لەو شێوەیە ئەتوانی لای بێرتراند ڕەسڵ زیاتر لەسەری بخوێنیتەوە (کە خەریکی وەرگێڕانیم) چونکە مرۆڤ هەر مرۆڤە، چ ژن چ پیاو، چ سپی چ ڕەش – یان بگەڕێوە بۆ کتێبی یەکەمی نوسەر “هۆمۆ ساپیەنز” بۆ زیاتر لەسەر ئەمە.

کەوابێت، بە قسەی نوسەر، ئەکرێت چۆن لەناو جەرگەی مەسیحیەتێکی توندڕەودا شۆڕشی ئەقڵاندن و ژیری دروست بوو، ئاواش لەناو کۆمەڵێک موسوڵمانی ڕاستگۆدا جارێکی تر وەک عەباسیەکان خەریکی تەکنۆلۆجیای زانیاری و ژیری دەستکرد بن. هەر نوسەر خۆی لە کتێبەکەیدا ئەڵێت، ئەبوایە ئەستەنبوڵ گالیلۆی دروست کردایە نەک ڕۆما، چونکە ئەستەنبوڵ ئەوکاتە پاریسی ئەوروپا بوو. بۆیە ئازادی مەرج نیە داهێنان لەگەڵ خۆی بهێنێت کە زۆرمان ئەیزانین و هەندێکیش وەک نەعامە سەرمان کردوە بە لمدا. بە کورتی وەک خۆی نوسیویەتی: گرنگ نیە چەن ملیار کەس ئەزانن فڵانە شت بکەن، گرنگ ئەوەیە چەن کەسێک هەبن خەریکی شتانێ بن کەسی تر نەیزانێت.

لە کۆتاییدا، نوسەر لە ڕاستیدا نەک تەنها شیوعیەت، تەواوی فیکری مرۆڤ ئەباتەوە سەر تەکنۆلۆجیا و لە کتێبەکەیدا بە وردی باسی ئەو گۆڕانکاریانە ئەکات کە بەسەر مرۆڤدا هاتوون و وردەکاری ئاینی سەردەم “مرۆڤایەتی” ئەکات کە هیوادارم بابەتێکی تری لەسەر بنوسم، بۆیە شیوعیەت تەنها یەکێکە لە کاریگەریە گەورەکانی تەکنۆلۆجیا لەسەر مرۆڤ. ئەمڕۆش بە ئاشکرا هەموومان ئەبینین کە چۆن تەکنۆلۆجیای زانیاری (نوێترین جۆری تەکنۆلۆجیا) چ گۆڕانکاریەکی بەسەر تەواوی جومگەکانی ژیاندا هێناوە و چیتر دەوڵەتێک دروست نابێ‌ بەبێ ئەوەی “چیرۆکێک”ی تەکنۆلۆجیای لەگەڵدا نەبێت یان بە پشتی تەکنۆلۆجیایەک نەهاتبێتە سەر حوکم.

چەن تێبینیەک دەربارەی سۆشیال میدیا و ژیری باڵا (نەک دەستکرد)

لە بەڵگەنامەییەکدا بەناوی “دوڕیانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان” (وشەی دایلێما بەکار هاتوە کە لە بنەمادا واتە دوڕیانێک، بەڵام مەتەڵ یان کێشەیەکی بێچارەسەریش پڕمانایە لە کوردیدا بۆی، لە ویکیش کراوە بە کێشه) دەربارەی کاریگەری سۆشیال میدیا زۆر لایەنی گرنگی باس کراوە و یەکێکیش لەوانە بابەتی ئالودەبوونی گەنجان و گەورەکانیشە بە شاشەکانەوە. بەردەوام حەزی ئەوەی بزانین چی ڕوی داوە و هەروەها دروستکردنی شورایەک بەدەوری خۆماندا بەو شتانەی بەدڵمانە و دورخستنەوەی هەر شتێک کە لەگەڵ حەز و باوەڕەکانماندا نەگونجێ. هەروا توانای کۆمپانیاکان بۆ بەکارهێنانی تەواوی توانای زانستی و بەتایبەتیش دەرونناسی مرۆڤ بۆ کارتێکردنی بەکارهێنەر و فرۆشتنی کاڵا و “بەکارهێنان”ی بەکارهێنەر تا ئەگاتە ئاستی بەڕۆبۆتکردنی ئینسان.

دەرس وەرگرتن لەم بەڵگەنامەییە، وە کۆمەڵێ کتێب و توێژینەوەی جددی کە لەسەر ئەم بابەتە گرنگە ئەکرێن و ئەنوسرێن لەگەڵ ئەوەی خۆمان بەچاوی خۆمان ئەیبینین زۆرن. لەم کورتە نوسینەدا چەن دانەیەکیان زەق ئەکەمەوە:


١. من گلەیی لە کەس ناکەم نەتوانێ دەست لەم “سۆشیال میدیا”یانە هەڵگرێ. چونکە کەمێکیش بێ وەک کەسەکانی ناو بەڵگەنامەییەکە ئەزانم چ هێزێک لە پشتیانەوەیە کە وا ئەکات نەک کەسێکی ئاسایی، خۆشیان نەتوانن دەرمانەکەی خۆیان نەکێشن.
٢. بۆ خەڵک و دەوڵەتی ئێمە ئەم قسانە وەک هەواڵەکانی تەلەفزیۆنە کوردیەکان وایە. بۆ نمونە لە گەرمەی قات و قڕی لەناکاو هەواڵخوێنەکە ئەیوت: پۆلیسی بەریتانیا پشیلەیەکیان لە مردن نەجات دا. چی سودێکی هەیە تەواوی ئێمەی کورد ببینە پسپۆڕ لە ئالودە بوونی ئینسان بە ئینستاگرم؟ ئەتوانین چی بگۆڕین؟ بەداخەوە هیچ.
٣. تەکنۆلۆجیا وەک خۆیان لە کۆتایی بەڵگەنامەییەکە ئەڵێن، بە یەک دوگمە سەیارەک لەبەردەرگا حازر ئەکات و دەقیق ئەتبا بۆ جێگای مەبەست. کە ئینسان خۆی دانیشتوە بۆ گاڵتەکردن بە گوێچگەی مناڵێکی ١١ ساڵ بەکاری بهێنێ، گوناحی “ڤینت سێرف” (دروستکەری تۆڕی ئینتەرنێت نەک www) یان ئەنیشتاین چیە؟
٤. پێشتر لە بابەتێکدا نوسیبوم کە ناوچەکانی ئێمە ئەبنە ئۆردۆگای داتا. تازە لەوە تێپەڕیوین بزانین خەریکی چین. ئەوان ئەوەتا هەڕەشەی کشاندنەوەی سەرباز ئەکەن نەک ناردنی، ئەو ناوچەیە ئەبێ شەڕی ئەوە بکەن خەڵک داتاکەشیان ببات. ئەوەتا ئیمزا کۆ ئەکەنەوە دەی تخوا با زمانی کوردی بچێتە فڵان سیستم.
٥. بەڕای کەمەشارەزاییەکەی من تا بتوانی باوەش بکە بە تەکنۆلۆجیادا. ئیختیاری ترمان نیە مەگەر حەزت لەوە بێت ماڵی خۆت وێران بکەیت یان خۆت چەواشە بکەیت. کۆمەڵێ ئینسانی باش هەن لە ڕۆژاوا، بەتایبەتی ئەوانەی ناو بەڵگەنامەییەکە پڕهیوان و بە هەموو تواناشیان شەڕی ئەوە ئەکەن ئەم تەکنۆلۆجیا گەورەیە بخرێتە خزمەتی ئینسان نەک دژی.
٦. ئەوەی پێی ئەڵێن “ژیری باڵا” (نەک ژیری دەستکرد) مەترسیدارە و بەڕاستیش توانای لەناوبردنی مرۆڤایەتی هەیە. هەرچەن من گەشتومەتە بڕوایەک کە ئەگەر مرۆڤایەتیش لەناو ببات، هەر سروشت خۆی بڕیاری داوە و دیارە نەمانی ئێمەش هەنگاوێکە لە گەشەسەندن/وێرانبوون کە بە هۆشکردنەوەی مرۆڤدا تێپەڕیوە و وا ڕێکەوتوە/پێویست بوە. بۆ ئەمەیان هیچ‌ بەڵگەیەک شک نابەم و تەنها بیرکردنەوەی خۆمە. یان بە بارێکی تردا، وەک چەکی ئەتۆمی سەیری ئەکەم کە ئەکرێ بەڕاستی مرۆڤایەتی لەناو ببات بەڵام لەوانە نیە کەس بەکاری بهێنێت. یان لانی کەم ئەوە ٥٠ ساڵێکە هەیە و بەکار نەهاتوە.

٧. ئامۆژگاری من بۆ دایک و باوکان ئەمەیە: یەکەمجار خۆت دوور بە، واتە خۆت شتێکی باشتر لەوە بدۆزەرەوە کە بتوانی نمونە بیت بۆ مناڵەکانت. دواییش مەترسیەکانی بگەیەنە بە مناڵەکانت. ئەگەر بتوانی هەر بەکاری نەهێنی ئەوە باشتر (دەنا خاڵی ١ بەکارە) و ئەگەر نەشتوانی گرنگ ئەوەیە زیاتر و زیاتر شارەزای ببی، بزانی کە هەواڵێک یان زانیاریەک ئەبینی چۆن بتوانی پشتڕاستی بکەیتەوە. ئەمە لەوەتەی مرۆڤ هەیە هەر هەبوە هەر وایە، مامۆستا فڵان کەس ئەرێ فیسار کەس وتی فڵان شت وایە، ڕاستە؟ ئێستا مامۆستا فڵان بوە بە گوگڵ، فیسار کەسیش‌ پەڕە و کەسانی دۆست و خزمانتن لە فەیسبوک یان سەرۆکی ئەمریکایە خەریک بڵاوکردنەوەی درۆن.

٨. چارەی بنەڕەتی سەرقاڵیە بە شتی ترەوە چونکە هەموو ئەزانین ئەمانە تەنها کات کوشتنن. ئەمە هەم بۆ خۆت ڕاستە هەم بۆ گەنجێک کە تازە تامی کردوە و چاوەچاوی کوڕ یان کچێکیەتی قسەی لەگەڵ بکات و ڕەسمی ببینێت. ئەگەر کەسەکە خۆی سەرقاڵی وەرزش، هونەر، کار، پیشه یان هەر شتێکی تر بێت ئەوا نەک لە تۆڕەکان زەرەر ئەکات، بگرە قازانجی گەورەتریش‌ ئەکات.

لە کۆتاییدا، ئەوە بزانە کە نەک تۆ ناتوانی جەنگی زەبەلاحێکی وەک فەیسبوک بکەیت، بگرە ناشتوانی بە نەبوون و سەردان نەکردنی خۆت بپارێزی مەگەر بچیت لە ئەشکەوتێکدا بژیت دەنا لانی کەم نزیک ٣٠٪ی مرۆڤایەتی لەناو هەمان دووڕیانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندان.

ڕەتکردنەوەی قسەی پوچ لە سەردەمی کۆرۆنادا

کۆمەڵێ قسەی پوچ هەن، بێ ئەوەی سەرچاوەکەی باس کەم چونکە خێری لێ ئەبینێت، ئەبێ بخرێتەوە ناو ئەقڵە پوچەکەیان.


١. مەرج نیە هەموومان ئەم ڤایرۆسە بگرین. خەڵک وا ٢٠ ساڵە لە سجنە و سوکە ئینفیرادیەکیشە، کەس حەددی نیە بە کەسێکی تر بڵێ “زیڕە بکەی” و “هەر ئەیگری” و ئەم قسانە. هەموو دنیا بیگرێ هەوڵ ئەدەن ئۆجەلان نەیگرێت بۆ نمونە. شاژنی بەریتانیاش خۆی شاردۆتەوە و بەنیاز نیە بیگرێت. بۆیە ئەگەر بڕیارە جەنابت بیگری و ئێمەش وەک تۆ بیگرین، ئەوە ڕای تۆیە نەک زانست.


کەللەپوتەکانی ترەمپ و گوایە پلانێک هەیە و هەندێ لە دینداران بردویانەتەوە بۆ قەوانە شکاوەکەی خۆیان کە گوایە هەندێ پلانی شاراوە هەن:
٢. بابەتی ماسک، هیچ پەیوەندی نیە بە زانستی و نازانستی شتەکانەوە، ئەگەر بڕیارە شتێک هەبێ دژی کردارێک یان ڕێکارێک بۆ نمونە بەستنی ماسک یەکەم کەسێک قسەی هەبێ لەمەدا تاقیکردنەوە و بەڵگەی زانستیە، یان لانی ڕای زۆرینەی پزیشکانە نەک دانە و دوان. ئای ماسک هەوای هەڵمژراو پیس ئەکات و ئۆکسجین کەم ئەکاتەوە تەنها قسەی پوچە تا بەڵگەیەک. ئەبێت. وا ئەزانی سەیارە ٨ بستۆنەکەی جەنابت هەوا پاک ئەکاتەوە؟

٣. ئای وەڵا تەکنۆلۆجیا فڵان و فیسار شت ئەکات. بە تایبەتی بابەتی نەوەی پێنجەمی مۆبایل، خۆزگە مامۆستایەکی فیزیای شارەزا قسەی ئەکرد. خۆ مەتەڵ نیە، دیسان بابەتەکە زانستیە. تیشک لەرەی بەرزترە لە ڕادیۆ بۆیە ئەبینرێ. بە گشتیش لەرە ئەوەیە کە لە وێنەکەی خوارەوە نیشاندراوە بە خێراییەکەی. ئەگەر لەرەکە لە ڕێژەی ڕەنگەکان بەرزتر بوو هەر نابینرێت وەک لە ڕەسمەکە هەیە. لەبەر ئەوەی لەرەش وزەیە ئەکرێ ئەو وزەیە کار بکاتە سەر نەک مرۆڤ هەموو شتێک. لە ئاستی سەرو بنەوشەیی و تەبیعی ئەشیعەی پزیشکی ئیتر کار ئەکاتە سەر خانەکان، لە خوار ئەوەوە مەگەر ترەمپ دروستی بکات و کەم ئەقڵ یان خەڵەفاو بڕوای پێ بکات. ئەوەش بزانە پێویست ناکا ئامێرێکت پێ بێ تا بەرت بکەوێ، تاوەر (قولە)کان زۆربەی دنیایان تەنیوە. مەگەر بڕۆی جێگایەک پەیا بکەی کە شەپۆلی تێدا نەبێ وەک ساڵی ١٥٠٠.

بەربڵاوی جەهالەت لەناو ئێمەدا:

٤. ئەمەیان ڕای منە و زانستی نیە: لە دۆڵی بێهیوایی ئەژیت ئەگەر لە ڕۆژاوا بژیت و بابەتی سەرچاوەی کوردی بڵاو بکەیتەوە، هەر هیچ نەبێ فێری زمانی وڵاتەکەت ببە و بە زمانەکەی خۆیان بڵاوی کەرەوە، خۆ کوردیەکە هەر وەرگێڕدراوی ئەوانە. ئەمەش بە تایبەتی کاتێ چەن بنەماڵەیەکی دز و پیاوکوژ تەواوی خەڵکەکەیان برسی کردبێ و ڤایرۆسەکەشیان بەردابێتە گیانیان تۆش بچی ئەوەی ئەوان کردویانە بە ئەمری واقیع بەوەی یاسای دارستان بەکارە تیایدا و نەک هەر بۆ ڤایرۆس، بۆ کڕینی کیلۆیەک تەماتەش کێ بەهێزتر بێ زووتر ئەیکڕێت.


٥. دیسان ڕای منە و زانستی نیە: ئینسانی خوێنەواری ئێمە تەنها عەبدوڵا پەشێو بەجوانی ئەتوانێ تەعبیر لە مێشک پوچیان بکات.
ئاگات لە دایک و باوکە پیرەکەت بێ. نە “ولا تقل لهما اف” و نە ڤایرۆسیشیان تێ بەردە. واتە نە ئەمپەڕ بگرە و نە ئەوپەڕیش. هەمیشە خیر الامور بەڕاستی ناوەڕاستەکەیەتی.

سەرچاوەکەی ئەم بابەتە بی بی سیە کە بە زمانی ئاسایی نوسراوە، سەرچاوەی دوەم گرنگ نیە چونکە ئەو گەرمیانە هەمووی پێویستی بە دڵنیابونەوە هەیە.

کەواتە هیچ شتێکی سەرچاوە کراوە بەکار مەهێنە

جێگای داخە لەبەر قازانجی شەخسی خەریکی زڕاندنی ناوی سەرچاوەەکراوە بن. ئەمە گەندەڵیە لە ئاست دزینی داهاتی خەڵک. بەندە بە شانازیەوە پێشنیاری سیستمی سەرچاوە کراوە ئەکەم بۆ هەرکەسێک داوای چارەسەرێک لە ئێمە بکات. ئەوە بێتوانایی نیە، ئەوە مەنتیقی ئیشکردنە. کەسێکیش وابزانێ چ ئەوەی نەتوانین کۆد بنوسین چ ئەوەی کە تەنها باسی سەرچاوە کراوەمان کردبێ و خۆمان شتێکمان نەنوسیبێ، ئەتوانێ ئەو ڕەخنەیە بگرێ سەرباری ئەو چەن پرۆژەیەی لە گیتهەب بڵاومان کردۆتەوە، بەخۆشحاڵیەوە ئەو ڕەخنەیە وەرەگرم.

لۆگۆی سەرچاوەکراوە

زانکۆکان ژێربەژێر چیان بوێ بەکاری ئەهێنن لە سیستمی بەڕێوەبردنی قوتابخانەە کە بۆ زانکۆ دروستنەکراوە تا خودی لینوکس لە ئاندرۆیدەکانی دەستیانەوە تا زۆر سیستمی بنچینەیی. بەڵام نابینین بە زەقی شانازی پێوە بکەن.

هەرچی حکومەتیشە، لە ٢٠٠٦ نوسیمان کە زلهێزەکانی دنیا کردویانە بە سیاسەت. ئەبوایە ئەوان دامودەزگاکانیان ناچار بکەن سەرچاوە کراوە یەکەم هەنگاویان بێت. ئەوەتا تەواوی دامودەزگاکانی وڵاتە پێشکەوتوەکان پێشەنگن لە بڵاوکردنەوەی کۆدەکانیان و لە حاڵەتێکی وەک ئاپی شوێنپێهەڵگرتنی کۆڤید١٩دا تەنها سەرچاوە کراوەیە بتوانێ وا لە خەڵک بکات متمانەی تەواویان بە ئاپەکە هەبێت.

کە دێتە سەر ئەوەی کە کۆدێکی وێران ئەنوسن لەسەر بنکەدراوەیەکی سەرچاوە کراوە، بە خاوەن پرۆژەکە ئەوترێ: سەرچاوە کراوە کێشەی “سێکیوریتی” هەیە. دواییش دائەنیشن گلەیی لەم و لەو ئەکەن کە گوایە گەندەڵن. ئەی ئەمەی ئێوەی ئەندازیار ئەیکەن چیە؟ ئەگەر وایە بۆ بنکە دراوەکە بەکار ئەهێنی؟ چیە وا ئەکات MySQL کێشەی پاراستنی نەبێ بەڵام هەر نەرمەکاڵایەکی تری ناوەند یان پێشەوە کێشەی هەبێ؟ کەواتە دەست مەبە بۆ زۆر شتی تریش و بچۆ لە دام و دەزگایەک شتێک بکڕە کۆدەکەی سەرچاوە داخراو بێت. ئەوەش ناکەی کراکردنی ویندۆز لەپای چی؟ ئەمە چەتەگەری و دزیکردن نیە؟ هەروا فۆنت دزین و هتد.

بەڕاستی گەندەڵیە لەسەر مانووبوونی خەڵک بژیت بەڵام ئامادە نەبی دەستخۆشیان لێ بکەیت. دیارە ئەم جۆرە لە قسەکردن لە قسەکانی وێز مەکینی نوسەری یەکێ لە پرۆژە گرنگەکانی پایسن ئەچێت، بەڵام مەبەستم ئەوە نیە بکڕوزێمەوە بۆ کەسانێ کە خۆیان پێویستیان بە کڕوزانەوە نیە، مەبەستم ڕاستەوخۆ وەڵام دانەوەی ڕاستەوخۆی هەر کەسێکە ڕەخنە لە کۆدێک بگرێت کە بە ملیۆنەها تاقیکردەوەدا تێپەڕێبێ بەرامبەر کۆدێک کە تەنها خۆی لێی تێ ئەگات و تەنها لەسەر سیستمێکیش ئیش ئەکات.

زانستی سەردەم نەک هەر سەرچاوەکەی پێویستە، چیتر ئەوەش قەبوڵ نیە کە تەنها لەسەر کۆمپیوتەرەکەی خۆت ئیش بکات، ئەبێ کۆدەکەت وا نوسیبێ، هەر کەسێک بیەوێ تاقیکردنەوەکەت دووبارە بکاتەوە، ئەگەر بابەتێکی زانستیت نوسیبێ بۆ نمونە، ئەوا ناکرێ نەتوانێ کۆدەکەت بخاتە گەڕ.

چآک ئەزانم کۆمەڵگا و ئەندازیاری ئێمە ساڵەها لە دوای وڵاتانی ترەوەین، ئەوە پاساو نیە بۆ قسە نەکردن. مادام ئەوان غیرەتیان هەیە لەبەر نەزانی خەڵکی ئێمە هەوڵی ئەوە بدەن وێردپرێس ناشیرین بکەن کە زیاد لە ٣٠٪ی سایتەکانی دنیا بەڕێوە ئەبات گوایە کێشەی “سێکوریتی” هەبێت، هەقە لەبەرامبەردا پێیان بڵێین: ئەگەر وایە تکایە هیچ شتێکی سەرچاوە کراوە بەکار مەهێنن بە تایبەتی ئاندرۆید.

ڕۆژێکیش ڕای بەندە وەرگیرێت لەسەر سیاسەتێک بۆ دامودەزگای دەوڵەت، بێگومان هەر ئەوەی ١٤ ساڵ پێش ئێستا نوسیومە بە ١٤ جار تۆختر ئەیڵێم کە چارەسەر تەنها بەخشینەوەی کۆد و داتایە بە هاوڵاتیان چونکە ئەوان خاوەنی ڕاستەقینەی حکومەتن نەک بە پێچەوانەوە.

دادپەروەری و زانین بناغەی پێشکەوتنە

لە کورتەیەک لە مێژووی مرۆڤ، پرۆفیسۆر حەراری پێشکەوتنی ڕۆژاواییەکان بەرامبەر چینیەکان ناگەڕێنێتەوە بۆ قسەی پوچ.


ئەگەر بەباشی بیرم مابێ بۆ دوو شتی ئەگەڕێنێتەوە (ڕاستم بکەنەوە گەر وانیە). یەکەمیان ئەوەی کە دایم وتویانە “نازانین و ئەمانەوێ بزانین” لەگەڵ “دادپەروەری”. کاتێک وەستایەک پارەی کرێکارێکی نەدا، بتوانرێ وەستاکە ناچار بکرێ. کە پرۆفیسۆر ئەمە ئەباتەوە بۆ یەکەم قۆنتەرات و کەسابەتی هۆڵەندیەکان کە توانیویانە ئەوسەری زەوی (ئەندۆنوسیا) و ڕۆژهەڵاتی دور بخەنە ژێر ڕکێفی کۆمپانیای ڕۆژهەڵاتی هیند (هۆڵەندی).
ئەم دوو تایبەتمەندیە بەردەوامە لە ئەوروپا، بەتایبەتی لە کاتی وا خراپ و هەستیاردا، وابزانم جیاواز لە زۆرێک لە شوێنە پێشکەوتوەکانی تری دنیا. بە تایبەتیش لە بەریتانیا کە وابزانم تاکە وڵاتە پۆلیس بێچەکن و بەقسەی خۆش پیاوکوژ ئەبەنە بەردەم حاکم.
لە لایەکی ترەوە لە هەموو کارەساتێکدا دەوڵەت دەست ئەکات بە وەرگرتنی دەسەڵاتی زیاتر. بە تایبەتی لە کاتێکی وا بارخراپدا، ئەبینی چەنەها پرۆفیسۆری خۆپەرست لە زانکۆی بەناوبانگی وەک ئۆکسفۆرد، هەڵئەسن بەوەی ئامۆژگاری دەوڵەت بکەن چۆن خەڵک کۆنترۆڵ بکات. ئەمە ئیشی پیاوی گەورە نیە، پیاوە بچوکەکان ئەمە ئەکەن بۆ ئەوەی حەزی دەسەڵەتی خۆیان تێر بکەن. پیاوە گەورەکان ئەزانن کاتێک باوکێک دەسەڵاتی خێزانێکی لەدەستە ئەبێ دایم ئەو دەسەڵاتە کۆنترۆڵ کرێ دەنا فەلاکەت دروست ئەکات. خودی ئەم ڤایرۆسەش پرسیاری گەورە ڕووبەڕووی حیزبێکی فاشیستی وەک کۆمۆنیستی چینی ئەکاتەوە.

ئەمەوێ بنوسم:
١. زانا گەورە بەریتانیەکان خاوەن داهێنانی گەورەن بەتایبەتی لە پزیشکیدا و بەتایبەتی تریش لە مەسەلەی بەکارهێنانی داتا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پەتا/تاعوندا کە یەکەم کەس بوونە (بەردەوامن لەوەی کە بڵێن نازانین بەڵام ئەمانەوێ بزانین). کۆمپانیا گەورەکانی وەک گوگڵ چەن بەرابەری دەوڵەتی بەریتانی سەرمایەگوزاری ئەکەن لە توێژینەوە و پەرەپێداندا R&D.
٢. ئەمڕۆش وەک دەوڵەتێکی شیوعی لەوپەڕی سەرمایەداریەوە حکومەت بڕیاری دا کەس بێ ئیش نەبێ و هەموو مەعاشی خۆیان وەرگرن و هیچ خاوەن کارێک کرێکارەکانی دەر نەکات – مەسەلەی دادپەروەریەکە.


کەواتە تۆش وەک کەسێکی خوێندەوار و چاوکراوە، پشتیوانی کردنت لە چەن بنەماڵەیەک هیچ سوودێکی نابێ بۆ کۆمەڵگاکەت. ئەگەر باڵەخانەکانیان سەریان بدا لە هەور وەک دووبەی، ئەو دوو تایبەتمەندیە لەناویان نەبێ، هەر ئەبێ چاوەڕێی خەڵکی تر بن ڕێگایان نیشان بدەن و کۆمەڵگاکانیشیان لە کاتی وا ناسکدا ئەبێ پەنا بۆ حەزی زانینی ئەمان بهێنن.

ئازادی، ئەتوانی وەک پرۆفیسۆرەکەی زانکۆی ئۆکسفۆرد، چەپڵە لێ بدەی بۆ چەن کەسێکی خێڵەکی و نەزان، بەڵام ئەبێ بەم نوسینەدا ڕوون بێ کە کەسانێک لەناو کوردا دروست بوونە، چیتر تاقەتی ئەو جەهالەت و ناعەدەلەتیەی خێڵ و شاخی کوردیمان نیە و حەزمان لێیە وەک مرۆڤی پێشکەوتوو بژین و تامی ژیان بکەین.

تەکنۆلۆجیای زانیاریم خوێند، چی بکەم؟

ئەم بابەتە لەسەر پرسیاری چەندین گەنجی خوێنگەرم نوسراوە کە چ ڕاستەوخۆ چە پەیوەندی دوور، پرسیارم لێ ئەکەن. بۆ کەسێک نوسراوە بیەوێ پیشەکەی لەناو تەکنۆلۆجیای زانیاریدا ببینێتەوە.

پرۆفیسۆر ئێدگار دایکسترا
پرۆفیسۆر ئێدگار دایکسترا. ناسراوە بە زۆر شت بەڵام لای من: نازناوی یەکەم پرۆگرمنوس وەک پیشە هەروا باشترین مامۆستای فێرکردنی نوسینی پرۆگرام.

کە زانکۆی لیدسم تەواو کرد لە ٢٠٠٦، چاخی ئاڵتوونی پی ئەیچ پی بوو (پهپ). لە لیدس فێری پایسن، جاڤا و کەمێکیش سی++ کراین کە لەگەڵ پهپ نەیان ئەکرا. خەریک بوونی “دیزاینی وێبسایت” کارێکی وا نەبوو زانکۆیەک پێوەی خەریک بێت. وابزانم تا ئێستاش زانکۆی لیدس کاریان ئەوەنیە قوتابی فێری نووسینی پرۆگرام بکەن، هەرچەن تەواوی جاڤا خۆت ئەبوایا فێری بوایت و وتنەوەی تێدا نەبوو. دەی کە تەواو بووم، نەم ئەزانی چی ئەزانم؟

لە زانکۆ، چ بەکالۆریۆس و بە تایبەتی ماستەر و دکتۆرا، بۆ ئەوە نیە فێر ببیت کە تەواو بووی لە خوێندن بۆشایی کۆمپانیایەک پڕ بکەیتەوە. کەسانی بەتوانا خۆیان ئەمە ئەکەن بێ زانکۆ (مەبەستم بیڵ گەیتس و ئەوانی ترە) بەڵام بە گشتی زانکۆ ئیشی ئەمە نیە. زانست بریتی نیە لە دووبارەکردنەوەی ئەوەی ئەیزانین، بریتیە لە فێربوونی نەزانراو، واتە داهێنان.

بۆیە ئاساییە ئەگەر زانکۆ تەواو بکەیت و نەزانی کۆمپیوتەرەکەی باوکت/دایکت فۆرمات بکەیت. چونکە ئەوە نابێ کاری هیچ زانکۆیەک بێت. بەڵام ئیشی زانکۆیە کە فێرت بکەن سیستمی کارگێڕی چۆن کار ئەکات، یەکە جیاوازەکانی سەر دایکەتەختە (یان هەر وشەیەکی تری کوردی بۆ مەزەربۆرد) چی و چی لەسەرە. چونکە بێ ئەمە ناتوانین باسی داهێنان بکەین لە، بۆ نمونە، بواری پارەی ئەلیکتررۆنی یان کریپتۆکەرەنسیدا.

دەی بەڵکوو بچینە سەر بابەتەکە:

کەواتە چ بەشێک هەڵبژێرم؟ “من لە نێتوێرکینگ و پرۆگرامینیش باشم”. بۆخۆی ئەو قسەیە واتە لە هیچ کامیان باش نیت. ئەگەر لە یەکێکیان باش بیت، ئیتر ناپرسی، چونکە کەسانی پسپۆڕ مێشکیان بەوە مورتاحە کە شتێک ئەزانن “ئەیان وروژێنێ” و چێژی لێ ئەبینن. دەنا لەم دنیا تازەدا کەسی پسپۆڕ لە شتێکی وا بچوکدا پسپۆڕە ناچێتە ئەقڵت چۆن ئەتوانێ بژی. بۆ نمونە: تیمی جاڤاسکریپتی فەیسبوک، مەعاشیان لە ١٠٠هەزار پاوەندایە لە لەندەن و سان فرانسیسکۆ، خەڵک عەمەلیاتی دڵ ئەکات ناتوانێ ئەوەندە پەیدا بکات هەر لە لەندەن. کە پێشی بڵێی کۆمپیوتەرەکەت فۆرمات کە، ئەڵێ ئەوە کەی ئیشی منە.

بۆیە: دوای ئامۆژگاری من مەکەوە، خۆت چێژ و تام بدۆزەروە لە پێداویستیەکانی خۆت و چواردەورت. بزانە ئا ئێستا چی باشە تیای شۆڕ بیتەوە. ئەمە مانای ئەوە نیە من هەندێ شتی تازە ڕیز نەکەم بۆت، بەڵام جارێکی تر ناڵێم کامەیان هەڵبژێریت:

  • بەڕێوەردنی سیستم یان سیستم ئەدمینیسترەیشن. بە بڕوای من کەمترین کەس هەن لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شارەزایی تەواویان هەبێت لە بەڕێوەبردنی سیستمدا. بە هاتنی لێشاوی دۆکەر، کوبەرنیتس و ئێستاش سینگولاریتی، ئیتر کاتی ئەوەیە کە سیستم وەک بەرنامەیەکی فۆتۆشۆپ داگری و تێکوپێکی بدەیت. ئەمە هیوادارم ڤیدیۆ و نوسینی زیاتری لەسەر بنوسم.
  • سایبەر سێکیوریتی: بواری پاراستن و پەلاماری دیجیتاڵی شادەماری ژیانی هەموو دەوڵەت و دامەزراوەیەکە. کە لە زانکۆی لیدس بووم باس ئەکرا تۆڕەکانی زانکۆ چ پەلامارێک ئەدرێن، ئێستا ڕۆژانە سەیری ژمارەکان ئەکەم بۆ چەن پۆرتاڵێک کە سۆفتکۆد (ئێمە) بەڕێوەیان ئەبەین. هیوادارم فرسەتێک دروست ببێ پرۆژەیەکی تێدا ڕاست بکەمەوە، ژیان ئەمەیە.
  • پرۆگرامکردن: سەرەوە و خوارەوە هەمووی دێنەوە لای پرۆگرامکردن. ئەگەر نەزانی کۆد بنوسی ناتوانی سیستم ئەدمین بیت ناشتوانی پارێزگاری بکەیت. سێ دێڕ bash سکریپت نەجاتت ئەدات لە فەلاکەتی گەورە و هەزاران کلیک و کۆماندی تر.
    • بوارە جیاوازەکانی پرۆگرامکردن هەر لە پرۆگرام کردنی سیستمەوە، جا ئێستا Rust هەیە تا نوسینی جاڤاسکریپت کە ئەنوسم بۆ وا گرنگە.
    • وێب ئەپڵیکەیشن ئەمڕۆ چی تر تەنها وێب نیە، ئەمڕۆ ئامرازە گەورەکانی کۆدنوسینی وەک vscodeی مایکرۆسۆفت، slack و چەندین پرۆگرامی تر زەبەلاح هەموو بە جاڤاسکریپت و تەکنۆلۆجیا سوکەڵە و ستانداردەکانی وێب نوسراون.
    • مۆبایل ئەپ: کە سەرەتای کارکردنی من بوو ئێستاش کە دوو دێڕ بنوسم و کار نەکات، تەواوی دەمارەکانی مێشکم ئەخاتە سەماکردن. دنیای داهاتووە و بەردەوامین لە داهێنانکردن تیایدا.
    • وە چەندین بواری تری پرۆگرامکردن
  • داتابەیس بەڵام نەک ئەوەی بە کوردی فێرکراوین یان زۆرێک لە وڵاتانی تریش. بنکەدراو بریتی نیە لە خزمەتگوزاریەک بەسترابێتەوە بە کۆمپیوتەرێکەوە و داتایەکت خستە ناوی بە پیاوی ژیر نەبێ نەیەتەوە دەرەوە. بەڵکوو بواری فراوانی SQL کە ئەکرێ ئەوە بێ زانکۆ کوردیەکان فێری قوتابی ئەکەن یاخود ئەوەی کە بڕبڕەی پشتی زانستی داتایە (خوارەوە ببینە). چ داتابەیس وەک خزمەتگوزاری database as service یان عەنبارە زلەکانی هەڵگرتنی داتا وەک HBase تا ئەگەیتەوە Web SQLیش.
  • زانستی داتا: ئەمە زانستی کۆمپیوتەر نیە لە ڕاستیدا. بەشێکی زۆری بریتیە لە ئامار و زانستی بیریکاری ڕووت. نمونە ناهێنینەوە، بەڵام زمانی R بۆخۆی بریتیە لە زمانی ئامار. کە بتەوێ تێکڕایەک وەرگری زمانەکە meanی هەیە کە فەنکشنی بنچینەیی – نەیتیڤ – تیایدایە. کەوابێ بەڵێ زمانی ئاڕ زمانێکی کۆمپیوتەرە، بەڵام لە ڕاستیدا زمانی ئاماری کۆمپیوتەریە و ئێستا لەبەر ئەوەی ژیری دەستکرد و زانستی داتا بەگشتی بەتەواوی پشت بە تیۆری ئاماریی وەک باییزیی Bayesian ئەبەستن، ئەبێ بزانی کە ئەم بەشە هەڵبژێری ئەبێ حەزت لە ئامار بێت.

ئا بەم شێوەیە ئەکرێ خۆم بپارێزم لەوەی بەشێکی بچوکت بۆ دیاری بکەم بەڵام هیوادارم ڕوون بێ کە هەر یەک لەو بەشانە چەندەها بەشی بچوک ئەگرنەوە و ئەگەر تۆ حەزت لەوەبێ ئاپ دروست بکەی بۆ ئایفۆن، ئەوا هەقە بیگریت و بەری نەدەیت. تەنها پرسیارێکیش بیکەی ئەوەبێ کە چۆن زیاتر لەو بوارە قوڵ ببیتەوە. ئیتر بۆخۆی دنیایەکی گەورەیە و هەر خۆشی ئەتهێنێتەوە دەرەوە و سەرت پێ ئەکات بە بەشەکانی تردا.

هیوادارم لەداهاتووی نزیک بتوانم زۆر زیاتر لەمە بنوسم و ڤیدیۆی زیاتری فێرکاریش بڵاو بکەمەوە. بەداخەوە هەنگاوەکانی ژیان وا ئەکەن مرۆڤ زیاتر خۆی پەروەردە بکات تا خەمی پەروەردەی خەڵکانی تری بێت. دڵنیام خوێنەری بەڕێز لەو ڕوەوە ئەمبەخشیت.