ڕاستەکات لە مەکتەب فێری ئەمانە ناکرێین

١. ڕەخنە بە ڕێزەوە وەرگرین

٢. نرخی خۆمان بە ئیشەکەمانەوە نەبەستینەوە

٣. خۆ خۆشویستن توندڕەوانە شتێکە زۆر بە سەختی فێری ئەبین

٤. ئامۆژگاری کەسێک نەکەین کە کێشەی خۆیمان بۆ باس ئەکات.

٥. زۆر جار مێشکت قسەی قۆڕ ئەکات، نابێ دایم گوێی لێگریت

٦. گەورەکانیش وەک مناڵ نازانن چی ئەکەن، ئاساییە.

٧. جیابوونەوە: قورسی جیابوونەوە باسکردنیشی قورسە. بە کورتی، بە پەلەقاژە لێی دەرچۆ، بەڵام ئەتوانیت تەنها لە مێشکتایە.

٨. کاتی بوونی شتەکان، دڵنیابە لەوەی چیت زۆر لا گرنگە، کاتیە. تا مردن هەزار پێست ئەگۆڕین و ئاساییشە.

سەرەتایەک لە تۆماری پزیشکی ئەلیکترۆنی

لەسەردەمی کاتژمێری زیرەک و جۆرەها سێنسەر “هەستەوەر”ی تەندروستیدا، کەس و کاری ئێمە هێشتا پشت بە قەڵەمەکەی پزیشکێ ئەبەستێ کە فێرکراوە نەیەوێ کەسی تر بیخوێنێتەوە. ئەمە کارەساتێکی سیاسی و نێونەتەوەیی نیە، ئەمە پەیوەندی بە فەلسەفە و دینەوە نیە. ئەمە کارەساتێکی ئەقڵیەتی تەمەڵی و دواکەوتوویی تاک بە تاکی ئێمەیە.

بۆیە:

تەکنۆلۆجیای زانیاری نیشانمانی داوە کە ئەکرێ هەندێ لە کارەکانمان نەک ئاسان بکات، بەڵکو ڕێگای نوێمان نیشان بدات کارەکانمان ئەنجام بدەین. هەندێ جاریش تەنها ڕێگایەکە بۆ ئەنجامدانی کارەکان. لەم دوو ڕوەوەیە کە ئەبێ تەماشای ئەوەی بە ئینگلیزی بە EMR ناسراوە بە کوردی پێی ئەڵێم ‘تۆماری پزیشکی ئەلیکترۆنی’. ناو گرنگ نیە دڵنیام سێ وشەی باشتر هەن. بەڵام بابەتەکە یەکجار لام گرنگە.

مەبەستمان لە وشەی تۆمار چیە؟ مەبەستمان لەو زانیاریانەیە کە لەئەنجامی هەڵس و کەوتمان لەگەڵ تەندروستی خۆمان لە جێگای جیاواز دروست ئەبن و بمانەوێ هەڵیان بگرین. بە شێوەیەکی سنوردارتر مەبەستمان لەو داتایانەیە کە لەئەنجامی سەردانکردنی نەخۆشخانە و “عەیادە” یان کلینیکە پزیشکیەکاندا دروست ئەبن. ئەم داتانە گرنگیان چەندە بۆ نەخۆش هەیە، ئەوەندە و بگرە زیاتریش بۆ دەزگا دەوڵەتیەکان هەیە هەروا بۆ خوودی کارمەندی پزیشی (چ پزیشک و چ کارمەندانی تر بە تایبەت بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانە و کلینیکەکان).

مەبەستم لە پزیشکی چیە؟ کە داتایەک بەسترایەوە بە داتای پزیشکیەوە و گرنگی پزیشکی و تەندروستی مرۆڤ پێویستی بە باسکردن نەبێ، ئیتر تێ ئەگەین کە چەندە بایەخی هەیە. بەڵام ئەوەی کە نایزانین ئەوەیە زیاد لەو پێناسەیەی سەرەوە چی ترە؟ تۆماری پزیشکی ئەلیکترۆنی بریتیە لە تۆمارکردن، هەڵگرتن، هێنانەوە و پرۆسێسکردنی ئەو داتایە بە ئامانجی جیاواز. بۆنمونە بۆ پزیشکێک بریتیە لە ژمارەی ئەو نەخۆشانەی بینیویەتی بۆ نەخۆشیەکی تایبەت، چ چارەسەرێکی نوسیوە بۆیان، جیاوازیان چی بوە؟ کام چارەسەریان لای نەخۆش ئاسانتر، باشتر یان هەرزانتر بوە؟ وە جۆرەها وەڵامی پرسیاری تر. بۆ دەسەڵاتی بەڕێوەبردن بریتیە لە تەنها ڕێگایەک بۆ دانانی چارەسەر لەسەر ئاستی دەوڵەت. تەنها تەکنۆلۆجیای زانیاری ئەتوانێ ئەو ڕێگایە نیشانی دەسەڵاتداران بدات لە بواری تەندروستیدا.

بەڵام ئامانجەکانی تر ئاوا سادە نین. ئامانجەکان یەکجار گەورەن، لە جێگایەکی وەک بەریتانیا یەکێ لەو پرۆژانەی کە دەوڵەت پشتیوانی ئەکات بریتیە لە “ڕیزکردن”ی سەد هەزار جینۆم (تەواوی دی ئێن ئەی زیندەوەرێک) کە نزیکەی ٤٠ هەزار نەخۆشی ناو دەزگای نیشتیمانی تەندروستی بەشداری تێدا ئەکەن. ئامانج لە پرۆژەکە دۆزینەوەی جیاوازیە لە نێوان جینەکاندا و بەوەش دیاری کردنی نەخۆشیە پێش وەخت، دانانی دەرمانی تایبەتە بە جینی نەخۆشەکە. لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای جیاواز لەم بوارە، بۆ نمونە چاپکردنی ٣ دووری، ئیتر ئەکرێ نەخۆش جۆرەها چارەسەری بۆ بکرێ کە تایبەت بێ بە کەسەکە خۆی وە تەنها بۆ ئەو دروست کرابێت.

مەسەلەی تۆمارکردن سەرەتایە، هەرچەندە ئاسانترین هەنگاوی پرۆسەکەیە بەڵام گرنگترینیەتی. بەداخەوە لە دنیای ئێمە نەک تۆماری پزیشکی هەموو تۆمارێک لامان سەرەتایی و کرچە بۆیە بڕوام وایە تەنها تەکنۆلۆجیای زانیاری ئەتوانێ ئەو تەمەڵی و نەبوونی سیستەمەی ئێمە تا ڕادەیەک بهێنێتە ژێر کۆنترۆڵ. لە کاتێکدا بەبێ داتا ناتوانین یەک هەنگاوی تر بچینە پێشەوە. لەگەڵ گرنگیەکەیدا جۆرەها مەترسیش لەگەڵ خۆی ئەهێنێت کە بابەتی ئەم نوسینە نیە.

کاتێ نەخۆشخانەکانمان ببنە خاوەن بنکە دراوە (داتابەیس)ێکی سادە، کە قەبوڵی ناکەم بوترێ ناکرێت. تەنها شتێ پێویستە بکرێ گۆڕینی ئەو ئەقڵیەتەیە کە ناهێڵێ تۆمار دروست ببێت. ئەمەش لەڕاستیدا ئاسانترە لەوەی وادیارە نەکرێت. چونکە بۆخۆی ئەنجام نەدانی ئەمە مەترسیە هەم بۆ سەر کارمەند، هەم بۆ سەر نەخۆش. وە لە ڕاستیدا دامەزراوەکانی دەوڵەت، چ لە هەرێمی کوردستان، چ لە فەقیرترین جێگاکانی دنیا، ئێستا خاوەنی کۆمپیوتەرن و بۆ کاری جیاواز بەکاری ئەهێنن. کەوابێ تەنها شتێ پێویستە بکرێ دروستکردنی ڕایەیەڵەیەک و دانانی ڕاژەکار (سێرڤەر)ێکە کە گرنگ نیە ئایا چەن جار کارەبا ئەبڕێت.

بۆ ناساندنی جۆرەکانی سیستمی تۆماری پزیشکی ئەلیکترۆنی و نزیک بوونەوە لە دەزگاکانی دەوڵەت لە داهاتوودا زیاتر لەسەری ئەڕۆم. تەنها شتێ پێم خۆشە بیڵێم ئەوەیە لە ئینگلتەرا سیستمی بەڕێوەبردنی جی پی (کلینیکە خێزانیەکان) لەسەدا پەنجا هی کۆمپانیایەکە خۆشبەختانە لە لیدس لە ئینگلتەران کە جێگای ژیانی بەندە بوە لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا. وە سیستەمەکە لە ١٩٨٨ لەلایەن دوو پزیشکەوە دروست کراوە.

ئەمەش ئەمانبات بەرەو ئەوەی باس لە خەوی سیستمێکی نیشتیمانی بکەین کە دڵنیام لەوەی ئەکرێ جێبەجێ بکرێ ئەگەر ڕێگا بدرێ کەسانی بەتوانا (دڵسۆزیمان نەگەرەک) وە دز و گەندەڵ ڕێگر نەبن، تەواوی تۆماری ٦ ملیۆن یان ١٠ ملیۆنی ئەو وڵاتە هیچ نەبێ لە سیستمێکی دابەشکراودا هەڵبگیرێت.

تەبیعی ئەم نوسینە پێت ئەڵێ کە بەندە ئامادەم و خاوەنی شارەزایم لەو بوارەدا چارەسەرت نیشان بدەم (تەبیعی بە گونجاوترین نرخ) جا تۆ ئەگەر پزیشکی، بەڕێوەبەری بنکە یان نەخۆشخانەیەکی، یان وەزیری تەندروستی هەرێمی، دکتۆر ڕێکەوت، کە ئاگادارم پرۆژەیەکیان بەدەستەوەیە لەم بوارەدا. هەڵبەت چاودێری ئەو پرۆژەیەش ئەکەم چونکە بەهەدەردانی پارە لە پرۆژەی ئایتیدا خەریکە فێری ئەبن لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵآتی ناوەڕاست. بینیمان چۆن ملیۆنها دۆلار لە پرۆژەی چاپکردنی ناسنامەدا بەهەدەردرا لەلایەن فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای هەرێمی کوردستانەوە.