ئیسماعیل بێشکچی، کتێبی: ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ – بنەما کۆمەڵناسی و ئابوریە ڕەگەزیەکانی، چاپی تورکی ساڵی ۱۹٦۹، لاپەڕە ۲۲۱ و

۲۲۲:
هەموو ڕوانینێکی دینی، ئەنجامی ئاستێکی دیاری کراوی ئابوریە
دین دامەزراوەیەکی پێکهاتەی سەرەوەیە. دۆخێکی کاریگەرە لەسەر پێکهاتەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی کە بۆخۆی بەپێی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان ئەم پێکهاتەیە شێواز وەرئەگرێت. لەم ڕوەوە ئەگەر سەیری پەیوەندی کۆمەڵگا و دین بکەین، پێویستە تەماشای پێشهاتە پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگا بکەین. هەموو ڕوانینێکی دینی، ئەنجامی ئاستێکی دیاری کراوی ئابوریە. بۆ نمونە، بیروباوەڕی تۆتەمیزم [پیرۆزی شت یان گیانلەبەر] لە ئەنجامی شێوازە سەرەتاییەکانی بەرهەمهێنانی وەک خڕکردنەوە [سەردەمانی خۆراک خڕکردنەوە]، ماسیگری و ڕاوچێتی هاتۆتە کایەوە، وە ڕۆحگەرایی [بیروباوەڕی شتانی بێگیانیش ڕۆحیان هەیە] ئەنجامی شوانکارەییە و سروشتگەراییش [ڕووت و قوت ژیان و لەگەڵ سروشت تێکەڵ بوون] ئەنجامی کشتوکاڵی سەرەتاییە. دینی وەک ئیسلام و مەسیحیەت کە تاک خوا و ئاڵۆزن، کردارێکن لە ئەنجامی ئاستە ئابوریەکانی دوای ئابوریە سەرەتاییەکان هاتوونەتە کایەوە. (۱).
دین دامەزراوەیەکی پێکهاتەی سەرەوەیە.
لە لایەکی ترەوە، کاتێک دەرەبەگایەتی گۆڕا بە سەرمایەداری، لە جەستەی ئیسلام و مەسیحیەتیشدا هەندێ گۆڕانکاری ڕوویدا کە گونجاون لەگەڵ پەیوەندیە تازەکانی بەرهەمهێناندا. ئەو بزووتنەوە سێکولاریستیەی ئەمڕۆ بە خێراییەکی گەورە لە گەشەسەندندایە، شەپۆلێکی کۆمەڵایەتیە کە کۆمەڵگا پیشەسازیەکانی پشت بەستوو بە بەرهەمهێنانی-بەکۆ هێناویەتیە ئاراوە.
ئەمە، سێکیولاربونە لەڕێگای بەپیشەسازی بوونەوە کۆمەڵگای تەقلیدی کشتوکاڵی ئەگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای مۆدێرنی پیشەسازی، واتە گەشەسەندنێکی گۆڕانکاریی پێکهاتەییە کەوا دا ئەبەزێتە ئاستی بناغەوە. دین دامەزراوەیەکە، کە ئەگەر واش دیار بێت وەزیفەی شێوازێکی تایبەتی موڵکیەت و بەرهەمهێنان بێت، زۆرترین پارێزەری دۆخی هەنووکەیی [الوضع الراهن – status quo] دامەزراوەکانی پێکهاتەی سەرەوەیە وەیان زۆرترین سودی بۆ درێژەپێدانە بە دۆخی هەنووکەیی ئەو دامەزراوانەیە.
زۆرترین پارێزەری دۆخی هەنووکەیی دامەزراوەکانی پێکهاتەی سەرەوەیە وەیان زۆرترین سودی بۆ درێژەپێدانە بە دۆخی هەنووکەیی ئێستای ئەو دامەزراوانەیە.
فاکتەری بنەڕەتی بۆ شێوەپێدانی پێکهاتەی کۆمەڵگا بریتیە لە دامەزراوەکانی پێکهاتەی خوارەوە واتە موڵکایەتی و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان. بەڵام دامەزراوەکانی پێکهاتەی خوارەوە بە تەواوی دانەبڕاوە لە دامەزراوەکانی پێکهاتەی سەرەوە . دامەزراوەکانی پێکهاتەی سەرەوە و خوارەوە هەمیشە لە دۆخی (کار و کاردانەوە)دان. ئیتر ئا لەم پرۆسەیەدا، دین وەک دامەزراوەیەکی پێکهاتەی سەرەوە زۆرترین کاریگەری هەیە لەسەر دۆخی جێگیر واتە پێکهاتەی خوارەوە، موڵکایەتی و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان، وە پێشبینی پارێزگاریکاری (کۆنسێرڤەتیزم) ئەکات و ئەبێتە فاکتەرێک و ڕاست ئەبێتە لەبەردەمماندا بۆ بەرگریکردن لە هەر جۆرە گۆڕانکاریەک. ئەمە، بە درێژایی هەموو چاخەکان هەر وابوە.
لەگەڵ ئەمەشدا، دینەکان بە ڕەتکردنەوەی جیاکاری لەسەر بنەمای نەتەوە هەوڵی دروستکردنی نەتەوەیەکی فراوانی گشتگیریان داوە، بەمەش وانیشان ئەدەن خاسیەتێکی نوێخوازیان هەڵگرتوە لە ناخیاندا. ئەم خاسیەتە نوێخوازیە، لە فەلسەفەی دینی یاخود دامەزراوە دینیەکانەوە نەهاتۆتە پێش، بەڵکوو ڕاستەوخۆ لەو پەیوەندیانەوە دێت کە دین هەیەتی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا. بەڵام ئەم خاسیەتەی دینەکان، لە دوای ماوەیەکی کەم وون بوە وە ئەو پەیوەندیانەشی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک دروستی کردوە بچڕاون و بەم شێوەیە بووە بە دامەزراوەیەک کە ڕەوایەتی داوە بە ئایدۆلۆژیاکانی چینە باڵادەستەکان. (۲)
بەڵام ئەم خاسیەتەی دینەکان، لە دوای ماوەیەکی کەم وون بوە وە ئەو پەیوەندیانەشی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک دروستی کردوە بچڕاون و بەم شێوەیە بووە بە دامەزراوەیەک کە ڕەوایەتی داوە بە ئایدۆلۆژیاکانی چینە باڵادەستەکان.
(۱)Muzaffer Sencer, Dinin Turk Toplumuna Etkiler, Istanbul 1968 S233 vd.
(۲)Demirtas Ceyhun, Hacli Emperyalizm, Anadolu Devletlerinde Torak Duzeni ve Devlet ~ Din Iliskileri uzerine bir inceleme, Habora Yainevei, Istanbul 1967 S110 vd
Fehmi Yavuz, Din Eigitimi ve Toplumumuz, Ankara 1969 (Sevinc Matbaasi) S.145 vd
تێبینی: ئەوەی لەناو کەوانەی چوارگۆشەدایە وەک ئەمە [نمونە] ڕونکردنەوە و زیادکراوی وەرگێڕانە.