لە کتێبی “پیاوان بۆچی شەڕ ئەکەن: ڕێگایەک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی نێونەتەوەیی”دا ڕەسڵ کە خۆی هەردوو جەنگە جیهانیەکەی بینیوە و سەرسەختانە ئاشتیخواز و دژی چەکی ئەتۆمی بوو لەگەڵ ئەنیشتاندا، باسی سێ سەرچاوەی کردارەکانی مرۆڤ ئەکات و ئەڵێ کە کەمێ سەختە لەیەکیان جیا بکەینەوە بەڵام سێ ناویان هەیە. ئەوانیش: غەریزە ئاژەڵیەکانمان، ئەقڵ، و سێیەمیش ڕۆح بەمانای هەستکردن بە دەرەوەی خۆمان. لە چەند وەرگێڕانی تردا وشەی “بۆهاتن“م بەکار هێناوە لەبری غەریزە بەڵام لەم نوسینەدا پێم باشە وەک خۆی لێ بکەمەوە کەمێ ڕەقتر دەرکەوێت.
لەم نوسینەدا کورتەی بڕگەی ناساندنی هەریەکەیان کورت ئەکەمەوە و هەروەها یەک دوو پەرەگرافیش دەربارەی گرنگی هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ئەم سێیە ئەنوسم. هەروەها کەسانێک هەن کە وا ئەزانن ڕەسڵ لەبەر ئەوەی بیرکاریزان بوە، بایەخی بە ڕۆح و شتانی ڕۆحی نەداوە. بۆیە بە گرنگم زانی ئەم کورتە بابەتە بنوسم.
غەریزە:
ئەو نوسیویەتی: “ژیانی غەریزە هەموو ئەوانە ئەگرێتەوە کە مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵانی خوارتردا هاوبەش هەیەتی، هەموو ئەوەی پەیوەستە بە مانەوە و وەچەدروستکردن و هەموو حەز و ویستە دەرهاویشتەکانی ئەمە. حەزی خۆپەرستی و خۆشەویستیی خاوەندارێتی، خۆشویستنی خێزان و تەنانەت زۆربەی ئەوەی بە خۆشەویستی وڵات پێک ئەهێنێت هەر غەریزەیە.”
ئەقڵ:
ئەو نوسیویەتی: “ژیانی ئەقڵ (زەین) ئەو ژیانەیە کە وا ئەکات مرۆڤ دوای زانین بکەوێ، لە حەزی کونجکاوی مناڵیەوە تا گەورەترین هەوڵەکانی بیرکردنەوە…زانین ئەوەندە بەسودە چیتر تەنها لەلایەن حەزی کونجکاویەوە دنە نادرێ و زۆر بزوینەری تر ئێستاکە بەشدارن لە دروستکردنی ژیانی ژیریدا…”
ئەنجا ڕۆحانیەتیش ئەهێنێتە ناو سێ بازنەکەوە:
“ژیانی ڕۆحیش ئەسوڕێتەوە بەدەوری هەستە ناکەسێتیەکاندا، بەو شێوەیەی ژیانی ئەقڵ بەدەوری بیرکردنەوەی ناکەسێتیدا ئەسوڕێتەوە…ئەم هەستانەن کە بناغەی دینن و ئەگەر بێتوو بمرن ئەوا ئەوەی کە باشترین بەشی ژیانە لەگەڵیدا ئەمرێت.”
هەروەها نوسیویەتی:
“غەریزە، ئەقڵ و ڕۆح هەموو بنچینەیین بۆ ژیان، هەر کامیان کەماڵی خۆیانیان هەیە و وێرانبوونیش. هەریەکە ئەتوانن بگەنە ئاستێکی باڵا لەسەر حیسابی ئەوانی تریان، هەریەکەش مەیلانێکیان تێدایە کە باڵ بکێشێ بەسەر ئەوانی تردا، بەڵام بۆ ژیانێک کە شایانی ئەوە بێ کە هەوڵی بۆ بدەین ئەبێ هەرسێکیان بە هاوئاهەنگی گەشە بکەن، و بە قوڵی تێکەڵی یەکتر بووبن وەک یەکەیەکی تەواو. لەلای مرۆڤی ناشارستانی غەریزە لە لوتکەیە، چ ئەقڵ و چ ڕۆح بوونیان وەک نەبوە. لای پیاوانی خوێندەوار لەم کاتەدا ئەقڵ گەشەی کردوە، وەک یاسایەک لەسەر حیسابی هەردوو غەریزە و ڕۆح، کە وا ئەکات نامرۆڤایەتیەک و مردووییەکی کونجکاو بهێنێتە بوون، کە ئەبێتە هۆی دەگمەن بوونی هەردوو حەزە کەسی و ناکەسیەکانیش، کە ئەمەش بردوونی بەرە و بێمتمانەیی و داڕمانی ڕۆشنبیریی. لەناو ئەوانەشدا کە ڕۆحانیەتیان بەرزە و بە ‘سەید’ ناو ئەبرێن، ژیانی ڕۆح گەشەی کردوە لەسەر حیسابی غەریزە و ئەقڵیان، کە دیاردەیەکی دروستکردوە کە هەرگیز ناگونجێ لەگەڵ کەسێکدا کە ژیانێکی تەندروستی ئاژەڵانەی هەبێت و ئەوانەش کە خۆشەویستیان هەبێ بۆ بیرکردنەوەی زیندوو. بۆیە لە هیچ یەک لە تاک-لایەنە گەشەکردندا ناتوانین حیکمەت بدۆزینەوە یان فەلسەفەیەک کەوا بتوانێ ژیانێکی نوێ بهێنێتە دنیاوە.
لەناو مرۆڤە شارستانیەکانی ئەمڕۆدا چ ژن و چ پیاو دەگمەن ئەتوانی غەریزە، ئەقڵ و ڕۆح بە هاوئاهەنگی ببینیت. چەن کەسێکی کەم هەن فەلسەفەیەکی عەمەلیان هەبێت کە وا بکات هەر یەکە و شوێنی خۆی هەبێت، بەڵکو وەک یاسایەک هەمیشە ئەبینی غەریزە لە جەنگدایە لەگەڵ یەکێ لە ئەقڵ و ڕۆح، یان ئەقڵ و ڕۆح بەرامبەر یەک لە جەنگدان.”
لە کۆتاییدا ئەتوانی گلەیی ئەوەم لێ بکەی کە زۆر ڕەخنە لە خوێندەواران ئەگرم، هیوادارم وابیت چونکە تۆش هەمان ئەو شتە ئەکەی بەرامبەر من کە من ئەیکەم بەرامبەر ئەوان و بەوەش نازناوی “خوێندەوار”م پێ ئەبەخشیت. بۆیە ناچارام دێڕێکی تری تۆخ بکەمەوە:
“نزیکەی هیچ شتێک نەکراوە بۆ گەشەی ناخ لە ڕووی ئەقڵ و ڕۆح، لەڕاستیدا، ئەوانەی کە زۆرتر خوێندنیان کردوە زۆرجار لە ژیانی ئەقڵی و ڕۆحیدا پوکاونەتەوە و خاڵین لە جوڵە، تەنها شتێک هەیانە هەندێ حەزی میکانیکیە کە جێگای ژیانێکی پڕ بیرکردنەوەی گرتۆتەوە بۆیان”