کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بۆچی تەنها لای کورد هەیە؟

وەڵام: چونکە تەنها کورد ئەوەنە نەزانن شوێن کابرایەک بکەون یەک نەفەری تر شوێنی نەکەوتوە.

بەڕێز ئۆجەلان نیوەی تەمەنی من کۆششی تەنها لە زینداندا کردوە و جێگای ئەوپەڕی ڕێزمە، ئەمەش تەنها قسە نیە بەکردار کردوومە و بەردەوام ئەبم لەسەری. کێشەکەم ئەوەیە خانەوادەی بووکچینیش کە بەڕێز ئۆجەلان فیکری کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی لەوان وەرگرتوە و ئەمیش ئەوانی ناساند بە دنیا، وەک چەپەکانی تری ڕۆژاوا ڕاست ناکەن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە.

کە مادام ئاوا پێشەکیەکەم نوسی، ئیتر ئەگەر خۆی لە زیندانەوە ئەم نوسینەم ببینێ ئەزانێ باسی چی ئەکەم. نەتەوەی کورد وەک لە گۆرانیەکانی کایادا بۆ هەتاهەتایە وێنەکراوە “هەرگیز پێنەکەنیون”. هەڵبەت باسی هەڵپەڕکێ و سەیرانی نەزانەکانی کورد ناکەم، باسی پێکەنینی ڕاستەقینەی چینێکی کورد ئەکەم کە خاوەن فیکر و بیرکردنەوە بن و بەبێ ترس لە کەس و بەبێ دڵەڕاوکێ لە زمان و کلتوریان. زۆرجار ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە لە لایەنێکی وەک پەکەکە خۆیەتی بەداخەوە، یان لە یەکێتی و پارتی کە حاڵی حازر موچەی خانەنشینی قوڕبەسەریش ئەدزن بۆخۆیان.

یەک هەنگاوی تریش ئەچمەوە دواوە و ئەڵێم دڵنیام لەوەی کە ئەگەر ئۆجەلان نامەی نەنوسیایە بۆ بووکچین، کەس نەی ئەزانی کێ بوە و خەریکی چی بوە. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە ئەو ژنەی نامەکانی بە دەست گەیشت، وە ئەوترێ هاوسەری بووکچین بوو بەڵام ئەزانین کە زیاد لە ۲۰ ساڵ پێکەوە کاریان کردوە لەسەر فیکرەکانی بووکچین خۆی هەڵگەڕایەوە لە ‘ژینگەناسی کۆمەڵایەتی’ social ecology وەک خۆیان ناویان لێناوە. لە دوای 2011ەوە ئەڵێ ئیتر من ‘سۆسیال دیموکرات’م. واتە لە چەپەوە ڕۆشت بەرەو ناوەڕاست. دەی کچی بووکچین، خاتوو دێبی کە تا ئەم دەقەیەش وەک جانێت بیڵ پشتیوانی ڕۆژاڤا و بزووتنەوەکەی ئۆجەلان ئەکەن لە تورکیا و سوریا، هیچ کامیان یاساغ نەکراون لە چوونە تورکیا. واتە تەنها بە قسە پشتیوانی ڕۆژاڤان.

لە کوێوە ئەمە جوڵا لای من؟ چوینە خزمەت خاتوو دێبی بۆ گوێگرن لێی لە زانکۆی لیدس. بەڕاستی سەرم سوڕما کە وتی: هەندێ لە چەپەکان گومانیان هەیە لەوەی کە ئایا ئەوەی روو ئەدا لە بابەتی هاوسەرۆکی، کانتۆنەکان و هتد ‘پلانێکی نهێنی’ یان شتێی تر نەبێت. ئەمە بەڕاستی لای من یەک مانای هەبوو. خۆی، جانێت بیڵ  هەروا بووکچین خۆشی کە ئۆجەلان لە 2004 بۆیان ئەنوسێت، کە بەندە ئەوکاتیش بەردەوام خەریکی خوێندنەوەی هەواڵ بووم، ئەلفێکیان بە دەنگی بەرز نەوت تا پەیامەکەی جەنابی بووکچین گوایە لە کۆنگرەی HPG خوێندرابێتەوە لە 2004. ئەلفێک بە دەنگی بەرز بۆ پشتیوانی کردنی ئۆجەلان و دۆزی ئەو ڕەش و ڕووتەی زیاد لە ١٠٠ ساڵە ڕەز و باخیان ئەسوتێنرێت و قەبری ناودارترین کەسایەتی دینیان ون ئەکرێت.

ئیتر چی ئەکەی لە فیکری کەسەکە؟ بۆچی باشە؟ ڕاست و ڕاست دا ئەنیشی و ئەبێ دانی پێدا بنێی کە بەڵێ تەنها کورد ئەوەنە نەزانن شوێن کەسێک ئەکەون کە نە هاوکارەکەی نە کچەکەشی شوێن ئەفکاری نەکەوتوون. ئەمە مەسەلەی پێغەمبەرایەتی و شتی دیکە نیە کە بوترێ، ئای جا ئەکرێ کابرا کەسی نزیکی خۆی باوەڕی پێ نەکەن. ئەمە فیکرێکە بۆ پەیڕەوکردن لە ژیاندا، کە مادام نزیکترین کەسەکانت بەڕاستی نازانن، میللەتێ لەو دوورەوە بۆ شوێنی کەوتوون؟

ئەو پرسیارە وەڵامەکەی ئاسانە، چونکە ئۆجەلان دیاری کردوە بۆیان. لێرەشەوەیە کە بەڕێز ئۆجەلان هەقە ڕەخنەی توندی لێ بگیرێ کە بۆچی فیکری کەسێک بڵاو ئەکاتەوە کە کەسەکە خۆی غیرەتی نەبوو ئەلفێک بە دەنگی بەرز لەسەر ئەم بنوسێت؟ ئەوەیان تەنها خۆی ئەتوانێ لە داهاتوو یان پێش مردنی ئەگەر بە گرنگی بزانێ دوو وشەی لەسەر بنوسێت.

خۆی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بایی چەندە؟ بابەتەکە یەکجار قوڵە. هی ئەوەنیە لێرە باسکرێ. تەنها مەبەستم ئەوەبوو کە بزانم بۆچی ئێمە/پەکەکە تەنها لایەنێکن فیکری کابرایەک جێبەجێ بکەن کە کچەکەی ئامادە نیە بە ڕاستی خۆی بۆ ماندوو بکا و دوو هەنگاو بیباتە پێش جگە لە چاپکردنی کتێب و موحازەرەی ئارام و بێدەنگ لە زانکۆکانی ئەوروپا.

 

یەکتربڕی چەک دا(نە)نانەکەی پەکەکە و ئاشتی خوازیەکەی بێرتراند ڕەسڵ

هەڵبەت مەسەلەی چەک دانان یان دانەنانی پەکەکە شتێ نیە کەس خۆی لێ گێل بکات. ئاشکرایە کە پەکەکە پێویستی بە قەندیل نەماوە، هەرکاتێکیش بەشار ئەسەد و ئەردۆغان لەسایەی ئەمریکای خاوەن گوتاردا یەک خرانەوە ئەوکات قەندیل ئاگرەکەی خۆش ئەکرێتەوە. بەڵام با بۆ یەک چرکە وا دانانێین مرۆڤی کورد چی تر خۆی بە “شەڕکەری بەغیرەت” نازانێ و بڕێ لە زاناییش ئەکاتە ناو ژیانیەوە.

دە لێرەدا وەک لە بابەتی پێشتردا هاتوە بێرتراند ڕەسڵ ئەڵێ:

“ئەگەر پێشنیار بکرێ کەوا نەتەوەیەک کە پشت بە ژیربێژی ببەستێ ئەکرێ دور بێت لە ئاگری شەڕ، وەڵامەکەی تەنها جنێوە.”

ئەو وەڵامە هی پیاوی بچوکە، پێشتر باسی کردوە.

با چیتر کەس شەڕ پیرۆز نەکات لاتان، چونکە تەنها مرۆڤ پیرۆزە. دوژمن هەرکەس بێت مرۆڤ ئەگەر ژیرانە هەڵس و کەوت بکا، پێویستی بە چەک نیە هەتا ئەگەر یەک کوردیش  نەمێنێ بتوانێ بە زمانی کوردی قسە بکات. جارێ داعش نەبوونە بە هیتلەر تا بترسین لە سڕینەوەی مرۆڤایەتی. لە ڕاستیدا هیتلەریش نەی ئەتوانی مرۆڤایەتی بسڕێتەوە، تەنها چەن سەدەیەکی تر دوای ئەخستین (ئەوپەڕی).

ئەی لە ئێستادا کە باس باسی چەک دانانی پەکەکەیە، کورد و ڕۆشتنبیرەکانی لە واقعەکە چۆن باسی ئەکەن؟ لە باکورەکەی پەکەکە بابەتەکە گەرم و گوڕە بەڵام لە هەولێر، لە کەناڵە ڕووزەردەکەی ڕووداو چوار پیاوی زل و زەبەلاح دانیشتوون باسی پەکەکە ئەکەن، بێ ئەوەی یەکێکیان بزانێ مەری بووکچین کێیە؟ ئەمانە وەڵامەکەی سەرەوەش نەدەنەوە لەوە باشتریان پێ نیە.