مەکتەبەکانی فەتحوڵا گولەن بۆچی قوتابیان ئەبەنە سەر قەبری ئەتاتورک؟

قەبری ئەتاتورک. ناوەوەی مەزارگەکە

هەڵبەت بەڵگەی تر هەیە، بەڵام فەرموو ببینە کە منداڵ و گەنجانی وڵاتانی جیاواز لەوەی کە ناویان ناوە “ئۆڵۆمپیاتی تورکی” ئەبرێن بۆ سەر قەبری ئەتاتورک. بۆخۆی ئەو ئۆڵۆمپیاتە لە نوسینێکی تردا باسی ئەکەم. بەڵام گرنگ ئەوەیە بتوانم بنوسم ئەو ڤیدیۆیە تەنها ڕوداوێکی یەکجاری نیە و بەڵکو کردارێکی سیستەماتیکی دووبارە بوەوەیە. پێم خۆش نیە تەواو بەڵگەکان بخەمە ڕوو بەڵام لە کوردستانەکەی تۆشەوە ئێمەشیان برد. ئەوەندە بەسە.

پرسیاری ئەوەی کە “من بۆچی ڕۆشتم” بە دڵی خۆت وەڵام بدەرەوە. لە ناشیرینترین جنێوەوە تا ئەوپەڕی عوزر هێنانەوە هەمویم قەبوڵە. بۆیە باسی ئاوەیان ناکەین. بگرە سودێکی گەورەی ئەوەیە ئەوەتا یەکێ لە گرنگترین پرسیارەکان سەبارەت بە مەکتەبەکانی فەتحوڵا گولەن بە دوای خۆیا پەلکێش ئەکات.

لەمە گرنگتر کە لەسەری ڕاوەستم ئەوەیە، ئەم جۆرە وردە کارانەی خزمەتەکەی مامۆستا فەتحوڵا لەلایەن هەندێ کەسەوە گرنگی پێ نادرێ، چونکە ئەکرێ خەڵکانی تری دنیا ئەو جۆرە تەماشاکردنەیان نەبێ بۆ ئەتاتورک. بگرەئەکرێ بە کارێکی جوانی بزانن و بەڕێزگرتنی بزانن لە سەرۆکێک کە بۆ سەربەخۆیی جەنگاوە. بۆیە ئەکرێ تەنها ئێمە بین ئەم پرسیارە بکەین، بەڵام دواتر باسی ئەکەم کە لە ڕاستیدا نەخێر شتەکە بۆ هەموان وەک یەکە.

گومانم نیە لەوەی فەتحوڵا گولەن ئەتاتورک بە کابرایەکی بێ دین ئەزانێ و ئەو چاوپێکەوتنەشی لە تەلەفزیۆن لەگەڵ کابرای میدیاکار، نامەوێ ناوی بهێنم، کە لە شەوی خەڵاتەکەی کایا کردی بە هەرا، بە لای منەوە وەک بردنی قوتابی وایە بۆسەر گۆڕەکەی. بە لایەکی تردا تەماشای کاندیدی سەرۆکایەتی جەهەپە و مەهەپە بکە، ئیحسان ئۆغڵوو، ئیتر ئەزانی کە ئەتاتورک و ئیسلام زۆر شتیان یەک ئەگرێتەوە لای تورکەکان. دیسان ئەکرێ هەق بدرێ بەوان کە ئەتاتورک هەرچۆنێک بێت سەرۆکێکی گەورەی ئەوانە.

هەرچەندە ڕەگ داکوتانی زاراوەی “ئیشق” لە ئەدەبیاتی بەڕێز گولەندا پرسیاری گەورەتر لەمە بەدوای خۆیدا ڕا ئە ئەکێشێت.

بەڵام لێرە تەنها باسی ئەو کردارەی ئەوان ئەکەین. وە ئیتر پرسیارەکە ئاسانتر ئەبێت چونکە وا دا ئەنێین کە فەتحوڵا گولەنیش وەک من سەروچاوی ئەتاتورکی ناوێت، کەواتە بۆچی ئەبێت قوتابی ببەن بۆسەر گڵکۆکەی؟ وەڵامەکەش ئاسانتر ئەبێت:

چی لەوە گەورەتر هەیە بکرێ کە نیشانی بدەن ئەوان لە هەموو دنیا خزمەتی تورک و تورکایەتیەکەی ئەتاتورک ئەکەن؟ هیچ.

بەڵام وەڵامەکە شتێکی تەواو نیە. من هێشتا ئەو تۆمەتبار (تاوانبار) ئەکەم بەوەی کە خزمەتی تورک و تورکایەتی ئەکەن. با بڵێین ئەویش وانیە، با بڵێین فەتحوڵا گولەن هەم شوێنکەوتوی ئەتاتورک نیە و هەم لە نیهال ئاتسز و ئەڵپئەرسلان تورکەشەوە هیچ فێرنەبوە. باشە لە ڕوانگەی ئەخلاقیەوە (ئەخلاق بە گشتی نەک زاراوە تەسکە کوردیەکە، “ئەثیکس”ی ئینگلیزی و اخلاق بە عەرەبی) بۆچی بڕۆیتە سەر قەبری کابرایەک کە بکوژی باپیری ئەو منداڵانەیە لەگەڵ خۆت بردوتن ئەگەر بەڕاستی ڕقت لێیەتی؟ هێشتا وەڵامەکە زۆر ئاسانە:

لەبەر ئەوەی مەکتەبێک زیاتر بکاتەوە.

ئا لێرەدایە کە ئەبێ پرەنسیپێک بەسەر بەڕێز گولەندا بسەپێنین، چونکە ئەو لەبەر گریاندنی خەڵک بواری بیرکردنەوە نادات پێمان. ئایا بەڕاست “ئامانجەکە ئەبێ وەک وەسیلەکە عادلانە بێت؟” وەک خۆی بانگەشەی بۆ ئەکات. یان مەکیاڤێلیانەیە و “ئامانج موبەرری وەسیلەیە”؟ بردنی قوتابی بۆسەر قەبری ئەتاتورک وەسیلەیەکە بۆ ئەوەی پشتیوانی زیاتر بکرێن بە تایبەتی مەعنەوی. ئاخر ڕوونکردنەوەی تری نیە، قسەکانی خۆیان کە “ئەوان ناچارن لە تورکیا هەندێ شتی تر هەیە بیکەن” هیچ پاساوێکی ئەخلاقی نیە.

ئەم جۆرە بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوەیە لە شتانی وردی وەک زاراوەی “ئیشق”، بردنی قوتابی بۆ سەر قەبری ئەتاتورک، گرنگنی دان بە میدیا، هەڵبژاردنی جۆری تەلەبە و زۆر خەسڵەتی تری خزمەت کە ئەمانباتە سەر پرسیاری گەورەتر: ئایا فێرکردنی تورکی و ناساندنی تورکیا، وەسیلەیە یان غایە؟ کە دیسان لای من ڕوونە کە فێرکردنی تورکی و خزمەتکردنی زمانی تورکی غایەکەیە. بەڵام ئەمەیان بۆ بابەتێکی ترهەرچەن پەیوەندیدارە بەڵام لادانە.

چونکە بۆ کەسێکی سادەی کورد، چوارچێوە ئەخلاقیەکە (سیاقە ئەخلاقیەکە) ئاوای لێ دێ: ئایا بەڕاستی بۆ ئەوەی مەکتەبێک بکەیتەوە ئەبێ بچینە سەر مەزاری بارزانی و ماستاوێکی خەست بکەیت؟ ئەمە بێ ڕێزی نیە بە بارزانی، تەنها مانای ئەوەیە کە مادام ئەبێ ئەوە بکەم بۆ ئەوەی پێی بگەم، نایکەم. وە بۆ کەسانێک کە وا ئەزانن بەڕێز گولەن شوینکەوتوی نورسیە، ئەبێ لە خۆی بپرسێ: ئەگەر بەڕێز گولەن مامۆستای نورسی بوایە پێی نە ئەوت قسەکانی ئەتاتورک قەبوڵ بکە و ببە وەزیری کاروباری ئاینی؟

هەروەها کەسێکی موسوڵمانی غەیرە کورد و تورک ئەبێ لە خۆی بپرسێ: کام هەنگاوی بڵاوکردنەوەی ئیسلام بەم شێوەیە بوو؟ یان “قل هو اللە احد” باسی شتێکی تر ئەکات کە دیسان بەڕێز گولەن بواری بیرکردنەوەمان ناداتێ. وە بۆ کابرایەکی ئەمەریکیش هەمان پرسیار ڕاستە: ئایا ئەخلاقیەن کابرایەک ئەم ئامادەییەی تیا بێت ئەتوانێ گۆڕانکاری بکات ئەگەر تەواوی دنیا ببێت بە مەکتەبەکانی ئەوان؟

لە پەراوێزی ئەم پرسیارەدا: کوڕ و کچە گەنجەکانی دەرچوی مەکتەب و زانکۆکانی خواجە، کە ئێستا لەبەردەم گەورەترین بڕیاری ژیانتاندان، لانی کەم لە مێشکی خۆتی دانێ لەگەڵ کامە دامەزراوە هەڵس و کەوت ئەکەیت. لایەنی کەمی بزانە کە ئەوان لە کاتێکدا ئەڵێن سیاسەت ناکەین ئێوە نابەن بۆ ناساندنی شاعیر و هونەرمەندانی تورک، بگرە ناهێڵن بزانن نازم حیکمەت کێیە یان ئۆرهان پەموک کێیە. بەڵکو ڕاستەوخۆ بۆسەر شانۆی سیاسی تورکیا ئەبرێن.

لانی کەم بزانن کە ئەوان خۆیان بە دەزگای خێر نەناساندوە هەرچەن خۆیان بە خزمەتکار ناوزەد ئەکەن. هیچ یەک لە دەزگا خێرخوازیەکانی دنیا، وەک دەزگای پەنابەران یان مانگ و خاچی سوری نێوەدەوڵەتی خۆیان ناو نەناوە دەزگای خزمەت. هەر هیچ نەبێ یەکێ لە خانەوادەکەی خۆت هەڵبژێرە بتوانی شتە وردەکانیان لەگەڵ باس بکەیت. بەڵکە یەکێ لە خانەوادەکەی خۆت شتێک ئەزانێ کە منیش نایزانم.

چی تێ ئەچێ ئەگەر مامۆستا فەتحوڵا گولەن هەموو قسەکانیشی ڕاست بێت، تۆ دوو ڕای پێچەوانە تاقی بکەیتەوە بزانی هەر ئەو ڕاست ئەکات؟ بۆ نمونە چەن ساڵێ شتێکی تر بکەیت و دوایی بگەڕێیتەوە بۆ خزمەتکردن؟

یان نەخێر من بێ ڕێزی ئەکەم بەرامبەر جەنابی، وە وەک ئەم قوتابیە خۆشەویستیەکەت بۆ تورکی و تورکیا کەسانی وەک ئێمەی لێ کردوی بە دوژمن و مامۆستا و موراقیبەکانیشت بە فریادڕەس.

لە کۆتاییدا ئەڵێم: هیچ کەسێ ناتوانێ هیچ کەسێک بگۆڕێت.ڕێچکەی خۆمان، تەنها خۆمان ئەتوانین دیاری بکەین. نە گولەن ئەتوانێ تۆ بکات بە شاگردی خۆی نە ئەگەر هەموو ژیانم وەک شکسپیر بتوانم بنوسم ئەتوانم پەشیمانت بکەمەوە. مرۆڤ ئەبێ ناخی خۆی بگۆڕێت.

دین و بەرهەمهێنان پەیوەندیان چۆنە؟

ئیسماعیل بێشکچی، کتێبی: ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ – بنەما کۆمەڵناسی و ئابوریە ڕەگەزیەکانی، چاپی تورکی ساڵی ۱۹٦۹، لاپەڕە ۲۲۱ و

بەرگی کتێبی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ – بنەما کۆمەڵناسی و ئابوریە ڕەگەزیەکانی
وێنەی بەرگی چاپی تورکی کتێبی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ – بنەما کۆمەڵناسی و ئابوریە ڕەگەزیەکانی

۲۲۲:

هەموو ڕوانینێکی دینی، ئەنجامی ئاستێکی دیاری کراوی ئابوریە

دین دامەزراوەیەکی پێکهاتەی سەرەوەیە. دۆخێکی کاریگەرە لەسەر پێکهاتەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی کە بۆخۆی بەپێی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان ئەم پێکهاتەیە شێواز وەرئەگرێت. لەم ڕوەوە ئەگەر سەیری پەیوەندی کۆمەڵگا و دین بکەین، پێویستە تەماشای پێشهاتە پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگا بکەین. هەموو ڕوانینێکی دینی، ئەنجامی ئاستێکی دیاری کراوی ئابوریە. بۆ نمونە، بیروباوەڕی تۆتەمیزم [پیرۆزی شت یان گیانلەبەر] لە ئەنجامی شێوازە سەرەتاییەکانی بەرهەمهێنانی وەک خڕکردنەوە [سەردەمانی خۆراک خڕکردنەوە]، ماسیگری و ڕاوچێتی هاتۆتە کایەوە، وە ڕۆحگەرایی [بیروباوەڕی شتانی بێگیانیش ڕۆحیان هەیە] ئەنجامی شوانکارەییە و سروشتگەراییش [ڕووت و قوت ژیان و لەگەڵ سروشت تێکەڵ بوون] ئەنجامی کشتوکاڵی سەرەتاییە. دینی وەک ئیسلام و مەسیحیەت کە تاک خوا و ئاڵۆزن، کردارێکن لە ئەنجامی ئاستە ئابوریەکانی دوای ئابوریە سەرەتاییەکان هاتوونەتە کایەوە. (۱).

دین دامەزراوەیەکی پێکهاتەی سەرەوەیە.

لە لایەکی ترەوە، کاتێک دەرەبەگایەتی گۆڕا بە سەرمایەداری، لە جەستەی ئیسلام و مەسیحیەتیشدا هەندێ گۆڕانکاری ڕوویدا کە گونجاون لەگەڵ پەیوەندیە تازەکانی بەرهەمهێناندا. ئەو بزووتنەوە سێکولاریستیەی ئەمڕۆ بە خێراییەکی گەورە لە گەشەسەندندایە، شەپۆلێکی کۆمەڵایەتیە کە کۆمەڵگا پیشەسازیەکانی پشت بەستوو بە بەرهەمهێنانی-بەکۆ هێناویەتیە ئاراوە.

ئەمە، سێکیولاربونە لەڕێگای بەپیشەسازی بوونەوە کۆمەڵگای تەقلیدی کشتوکاڵی ئەگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای مۆدێرنی پیشەسازی، واتە گەشەسەندنێکی گۆڕانکاریی پێکهاتەییە کەوا دا ئەبەزێتە ئاستی بناغەوە. دین دامەزراوەیەکە، کە ئەگەر واش دیار بێت وەزیفەی شێوازێکی تایبەتی موڵکیەت و بەرهەمهێنان بێت، زۆرترین پارێزەری دۆخی هەنووکەیی [الوضع الراهن – status quo] دامەزراوەکانی پێکهاتەی سەرەوەیە وەیان زۆرترین سودی بۆ درێژەپێدانە بە دۆخی هەنووکەیی ئەو دامەزراوانەیە.

زۆرترین پارێزەری دۆخی هەنووکەیی دامەزراوەکانی پێکهاتەی سەرەوەیە وەیان زۆرترین سودی بۆ درێژەپێدانە بە دۆخی هەنووکەیی ئێستای ئەو دامەزراوانەیە.

فاکتەری بنەڕەتی بۆ شێوەپێدانی پێکهاتەی کۆمەڵگا بریتیە لە دامەزراوەکانی پێکهاتەی خوارەوە واتە موڵکایەتی و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان. بەڵام دامەزراوەکانی پێکهاتەی خوارەوە بە تەواوی دانەبڕاوە لە دامەزراوەکانی پێکهاتەی سەرەوە . دامەزراوەکانی پێکهاتەی سەرەوە و خوارەوە هەمیشە لە دۆخی (کار و کاردانەوە)دان. ئیتر ئا لەم پرۆسەیەدا، دین وەک دامەزراوەیەکی پێکهاتەی سەرەوە زۆرترین کاریگەری هەیە لەسەر دۆخی جێگیر واتە پێکهاتەی خوارەوە، موڵکایەتی و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان، وە پێشبینی پارێزگاریکاری (کۆنسێرڤەتیزم) ئەکات و ئەبێتە فاکتەرێک و ڕاست ئەبێتە لەبەردەمماندا بۆ بەرگریکردن لە هەر جۆرە گۆڕانکاریەک. ئەمە، بە درێژایی هەموو چاخەکان هەر وابوە.
لەگەڵ ئەمەشدا، دینەکان بە ڕەتکردنەوەی جیاکاری لەسەر بنەمای نەتەوە هەوڵی دروستکردنی نەتەوەیەکی فراوانی گشتگیریان داوە، بەمەش وانیشان ئەدەن خاسیەتێکی نوێخوازیان هەڵگرتوە لە ناخیاندا. ئەم خاسیەتە نوێخوازیە، لە فەلسەفەی دینی یاخود دامەزراوە دینیەکانەوە نەهاتۆتە پێش، بەڵکوو ڕاستەوخۆ لەو پەیوەندیانەوە دێت کە دین هەیەتی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا. بەڵام ئەم خاسیەتەی دینەکان، لە دوای ماوەیەکی کەم وون بوە وە ئەو پەیوەندیانەشی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک دروستی کردوە بچڕاون و بەم شێوەیە بووە بە دامەزراوەیەک کە ڕەوایەتی داوە بە ئایدۆلۆژیاکانی چینە باڵادەستەکان. (۲)

بەڵام ئەم خاسیەتەی دینەکان، لە دوای ماوەیەکی کەم وون بوە وە ئەو پەیوەندیانەشی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک دروستی کردوە بچڕاون و بەم شێوەیە بووە بە دامەزراوەیەک کە ڕەوایەتی داوە بە ئایدۆلۆژیاکانی چینە باڵادەستەکان.

(۱)Muzaffer Sencer, Dinin Turk Toplumuna Etkiler, Istanbul 1968 S233 vd.
(۲)Demirtas Ceyhun, Hacli Emperyalizm, Anadolu Devletlerinde Torak Duzeni ve Devlet ~ Din Iliskileri uzerine bir inceleme, Habora Yainevei, Istanbul 1967 S110 vd
Fehmi Yavuz, Din Eigitimi ve Toplumumuz, Ankara 1969 (Sevinc Matbaasi) S.145 vd

تێبینی: ئەوەی لەناو کەوانەی چوارگۆشەدایە وەک ئەمە [نمونە] ڕونکردنەوە و زیادکراوی وەرگێڕانە.

فاشیزم چیە؟

جۆرج ئۆروێڵ
جۆرج ئۆروێڵ – ویکیمیدیا

فاشیزم چیە؟ (جۆرج ئۆروێڵ) ۱۹٤٤

لەوانەیە پرسیارێک گرنگتر لە هەموو پرسیارە وەڵام نەدراوەکانی تر ئەمە بێت: “فاشیزم چیە؟”

یەکێ لە دامەزراوەکانی ڕاپرسی لە ئەمەریکا بەم دواییە (۱۹٤٤) ئەو پرسیارەی لە ۱٠٠ کەس کردبوو، وەڵامەکان پانتاییەکەیان لە “دیموکراسیەتی موتڵەق”ەوە بۆ “وەحشیەتی موتڵەق” بوو. لەم وڵاتەدا ئەگەر لە خەڵکێک پرسیار بکەیت کە ئاستی بیرکردنەوەی ناوەنجی بێت فاشیزم پێناسە بکات. ئەوا ئاسایی هێما ئەکات بۆ ڕژێمی ئەڵمانی و ئیتالی. بەڵام ئەمە زۆر ناقایلکەرانەیە، لەبەر ئەوەی خودی ڕژێمە گەورە فاشیستەکانیش لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر تەواو جیاوازە لە پێکهاتە و ئایدۆلۆجیادا.

ئاسان نیە، بۆ نمونە، فاشیزم بە سروشت شەڕەنگێزە، وە ژینگەی فاشیزم بریتیە لە هەل و مەرجی هیستریای شەڕ وە تەنها کێشە ئابووریەکانی بە ڕێگای خۆ ئامادەکردنی شەڕ یان داگیرکاری وڵاتان چارەسەر بکات. بەڵام ئاشکرایە ئەمە ڕاست نیە بۆ پورتوگال یان دیکتاتۆریەتەکانی ئەمەریکای باشور. یان دژایەتی جوو گوایە یەکێکە لە هێما جیاکەرەوەکانی فاشیزم، بەڵام هەندێ بزاوتی فاشیست دژی جولەکە نین. مشتومڕە زانراوەکان، کە چەندین ساڵە دەنگ ئەدەنەوە لە گۆڤارە ئەمەریکیەکاندا، هێشتا نەیان توانیوە لانی کەم بڵێن ئایا فاشیزم جۆرێکە لە کەپیتاڵیزم یان نا. بەڵام، کاتێک فاشیزم لەسەر ئەڵمانیا، یابان یان ئیتالیای مۆسۆلۆنی تەتبیق ئەکەین ئەزانین بە گشتی یانی چی. سیاسەتی ناوخۆ وای کردوە ئەم وشەیە دوا جێپێی دۆزینەوەی ماناکەی وون کردوە. لەبەر ئەوەی ئەگەر تەماشآی میدیا بکەیت هیچ گروپێکی خەڵک نادۆزیتەوە – بە دڵنیایەوە هیچ پارتێکی سیاسی یان ڕێکخراوێکی هەر جۆرێک نادۆزیتەوە کە ئیدانە نەکرابێت بە فاشیست لە ۱٠ ساڵی ڕابردوودا. لێرەدا باسی بە زاردا هاتنی زاراوەی “فاشیست” ناکەم. باسی ئەوە ئەکەم کە لە میدیای چاپکراودا بینومە. باسی ئەوە ئەکەم کەوا زاراوەی وەک “لایەنگری فاشیست”، “مایل بە فاشیزم” یان بە تەنها “فاشیست” بەکار هاتوە و بە جدی بۆ ئەم گروپە خەڵکانە:

پارێزگاران: هەموو پارێزگاران، ئەوەی دڵی پێی خۆشە و ئەوەی دژی دڵ پێخۆشبوونیەتی، ئەمانە بە لایەنگری-فاشیست ناوهێنراون. بە لایانەوە حوکمی بەریتانی لە هیندستان وە موستەعمەرەکانی تری هیچ جیاوازیەکی نیە لە نازیەت. ڕێکخراوانێک کە ئەکرێ بە نیشتیمانپەروەر  یان تەقلیدی ناویان بهێنین زەمقی “ئەقڵ فاشی”یان لێدراوە. بۆ نمونە جوڵانەوەی “بۆی سکاوت”، پۆلیسی لەندەن، دەزگای سیخوڕی بەریتانی وە سوپای بەریتانی. تەنها دەستەواژەیەک بۆ ئەمە “قوتابخانەکانی دەوڵەت کێڵگەی بەرهەمهێنانی فاشیزمن”

سۆشیالیستەکان: بەرگریکاران لە شێوازی کۆنی سەرمایەداری، (نمونە ئێرنێست بێن) باوەڕی نەگۆڕیوە کە سۆشیالیزم و فاشیزم یەک شتن. هەندێ ڕۆژنامەنوسی کاتۆلیکیش ڕا ناگۆڕین کە سۆشیالیزم بنەمای هاریکاریکردنی وڵاتانی داگیرکراوی نازیەت بوو. هەمان تۆمەت ئەکرێ لە گۆشەیەکی جیاوازە لەلایەن حیزبی کۆمۆنیستەوە لە دۆخی ئەوپەڕی چەپێتیدا. لە نێوان ساڵانی ۱۹۳٠-۱۹۳۵دا ڕۆژنامەی “دەیلی وێرکەر” باسی پارتی کرێکران (حزب العمال) بە “فاشیستی کرێکران” ئەکرد. ئەمە دەنگی ئەدایەوە لەلایەن توندڕەوە چەپەکانەوە وەک ئەنارشیستەکانەوە (فوضوی). هەندێ لە نیشتمانپەروەرە هیندیەکانیش ڕێکخراوە بەریتانیە بازرگانیەکیان بە ڕێکخراوی فاشیستی ناوزەد ئەکرد.

ترۆتسکیەکان: کۆمۆنیستەکان ترۆتسکیەکان (خودی ڕێکخراوەکەی ترۆتسکی) بە پەیوەندی شاراوەیان بە ڕێکخراوی فاشیستی نازیەوە هەبوبێت و مەعاشخۆریان بن. ئەمە زۆر باو قەبوڵکرابوو لە لایەن “پۆپیولار فرۆنت” (بەرەی باو)ەوە. لە دۆخی ئەوپەڕی ڕاست بوونیاندا کۆمۆنیستەکان خۆیان هەمان تۆمەت دژی هەموو دابەش بوونێکی چەپی خۆشیان ئەکەن بۆ نمونە “کۆمۆن وێڵس” یان ئای ئێڵ پێ (وشەی کۆمۆن واتە گشتی)

کاسۆلیکەکان: لە دەرەوەی بازنەکانی خۆیان، کەنیسەی کاسۆلۆیکیش بە کۆدەنگی بە لایەنگری فاشیزم دا ئەنرێن، هەم بابەتیانە و بە ڕای تاکەکەسیش

بەرهەڵستکارانی-جەنگ: ئاشتیخوازان و ئەوانەش دژی جەنگن زۆرجار نەک بە لایەنگری فاشیزم دا ئەنرێن بەڵکوو گوایە ئاسانکاریش ئەکەن بۆ جەمسەرەکان (جەمسەرەکانی ئەوکاتەی دنیا)، بەڵکوو هەتا گوایە حەزیان لە ئیحساسی لایەنگرێتی فاشیزمە.

پشتیوانانی-جەنگ: ئەوانەی دژی جەنگن زۆرجار بانگەشەکەی خۆیان کە ئیستیعماریەتی بەریتانی خراپترە لە نازیەت، وە وادیارە زاراوەی “فاشیزم” ئەسەپێنن بەسەر هەموو ئەوانەی کە خوازیارن سەرکەوتن لە ڕێی سەربازیەوە بە دەست بێت. وە لایەنگرانی ڕێکخراوی “پیپڵز کۆنڤێنشن – کۆبوونەوەی خەڵک (بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی ۱۹٤۱ بوو لەبەریتانیا)” وایان لێ هاتبوو خەریک بوو بڵێن بەرگری کردنیش لە داگیرکاری نازیەت خۆی لایەنگرێتی فاشیزمە. لەگەڵ دەرکەوتنی “هۆم گارد”دا یەکسەر بە فاشیست ناسێنران. جیا لەوەش تەواوی بزوتنەوەی چەپ مایلە بەلای ئەوەی کە عەسکەرتاریەت یەکسان بکات بە فاشیزم. ئەو جندی مکلف”انەی تۆزێک هەستی “ڕاستڕەوی سیاسی”یان تێدایە زۆربەی زۆری کات ئەفسەرەکانی سەرەوەی خۆیان بە “مێشک فاشی” یان “سروشت فاشی” دا ئەنێن. قوتابخانەکانی شەڕ، بە تف بریەقدارکردنی پۆستاڵ، تەحیە کردن بۆ ئەفسەرەکانیان هەموو بە هەڵێنجێنراوی فاشیزم دا ئەنێن. پێش جەنگ، پەیوەندی کردن بە تێریتۆریاڵز (سوپای خۆبەخشی یەدەکی بەریتانی) بە نیشانەی مایل بوون بە لای فاشیزمدا دا ئەنرا. هەردوو جۆری سوپای زۆرەملێ و خۆویست (ئیجباری و ئیختیاری)یان بە ڕوداوی فاشیستی ڕەخنەدار ئەکرد.

نیشتیمانپەروەران: بۆخۆی نیشتیمان پەروەری لە هەموو دنیا بە سروشت بە فاشیست دا ئەنرێت، بەڵام ئەمە تەنها تەتبیق ئەکرێ لەسەر ئەو بزاوتە نیشتیمانیانەی کە قسەکەرەکانیان وا ڕێ ئەکەوێت دژی نیشتیمانپەروەری عەرەبی، نیشتیمانپەروەری پۆڵەندی، نیشتیمانپەروەری فنلەندی، پارتی کۆنگرێسی هیندی، عصبەی موسوڵمانان، زایۆنیزم، وە ئای ئار ئەی بێت، ئەمانە هەموو بە فاشیست ناو ئەنرێن بەڵام نەک لەلایەن هەمان خەڵکەوە.

وا دەر ئەکەوێت، وەک بەکارهێنرا، وشەی فاشیزم تەقریبەن هیچ مانایەکی نیە. لە ئاخاوتندا، بە دڵنیایەوە، تەواو بێ سەرو بەرتر بەکاردێت لە چاپکراودا. بیستومە کە بەکارهاتوە بۆ جوتیاران، دوکانداران، قەرزپێدەری کۆمەڵایەتی، لەسێدارەدان، ڕاوی ڕێوی، شەڕەگابڵح، لیژنەکەی ۱۹۲۲، لیژنەکەی ۱۹٤٤، کیپلینگ، غاندی، چیان کای شێک، هاوجنسبازی، بڵاوکراوەکانی پریستلی، داخلیەکانی گەنجە بێ خاوەنەکان، ئەستێرەناسی، ژنان، سەگ وە نازانم چی تریش.

کەچی لەژێر ئەم هەموو تێکەڵ وپێکەڵیەدا جۆرێک مانا ئەڵێی شاراوەیە. پێش هەموو شت، جیاوازیەکی یەکجار گەورە هەیە لە بەکارهێنانەکانیدا، هەندێکیان ئاسانن دیاری بکرێن بەڵام ئاسان نین دور بخرێنەوە، لە ڕژێمێک بە فاشیست ناونرابێت تا ئەوانەی بە رژێمی دیموکراتی ناو ئەبرێن. دوەم شت، ئەگەر فاشیزم مانای “لایەنگرێتی لەگەڵ هیتلەر” بێت، ئەوا ئاشکرایە کە هەندێ لەو تۆمەتانەی لەسەرەوە لیستم کردوون بە ئاسانی ساغ ئەکرێنەوە تا ئەوانی تریان. سێیەم شت، هەتا ئەوانەش بێ ئاگا وشەی فاشیست دا ڕا ئەوەشێنن بە هەموو لایەکدا، زۆر تا کەم بڕێک لە گرنگی عاتیفی پێوە ئەبەستن. بە “فاشیزم” مەبەستیانە بڵێن، بە گشتی قسە ئەکەم، شتێکی دڕندە، بێ ویژدان، خۆبەزلزان، کۆنەپەرست، دژە-لیبراڵ وە دژی خەڵکی ئاسایی (چینی کرێکار). جگە لەو ژمارە کەمەی خۆیان لایەنگری فاشیزمن، تەواوی ئینگلیز زمانان قایلن کە وشەی فاشیست بۆ کەسی خۆسەپێنەر (بە ئینگلیزی bully، بلطجە بە عەرەبی بەداخەوە کوردیەکەم تەواو نیە) بەکاربێت. ئەوە نزیکترین پێناسەیە بۆ وشەی یەکجار خراپ-بەکارهاتوی “فاشیست”.

بەڵام، فاشیزم خۆشی سیستمێکی ئابوری سیاسیە. بۆچی، کەواتە، ناتوانین پێناسیەکی گشتی و ڕوونمان هەبێت بۆی؟ حەیف! پێناسەیەکمان نابێت بۆی – جارێ نا، هەرچۆنێک بێت. بۆچی وایە خۆی دیسان زۆر درێژە ئەکێشێت بەڵام بە کورتی لەبەر ئەوەیە کەوا مەحاڵە فاشیزم پێناسەیەکی قایلکەرانەی بۆ بکرێت بەبێ دانپیانانێک کە هیچ یەک لە خودی فاشیستەکان، پارێزگاران، سۆشیالیستەکانی هەر ڕەنگی پێستێک، ئامادە نین بیکەن. ئەوەی ئەتوانرێ بکرێ لەم کاتەدا ئەوەیە کە وشەکە بەکاربهێنیت بە بڕێک لە وریاییەوە نەوەک وای لێ بکەیت بیهێنیتە ئاستی وشەیەک لەبری جنێو.

سەرچاوە: http://orwell.ru/library/articles/As_I_Please/english/efasc

پەراوێزی وەرگێڕان:

* ڕاستڕەوی سیاسی = political correctness