ونکردنی قەبری نورسی بۆچی؟

وێنەی هەواڵی پەلاماری گۆڕەکەی نورسسی
ڕۆژنامەیەکی تورکی بەناوی ئیزمیر دیموکرات. ١٤/٧/٢٩٦٠ هەواڵەکە بڵاو ئەکاتەوە

چونکە لە تورکیا ژمارەیەکی زۆر تورک هەن بە هیچ مەزهەبێک، بە هیچ شێوازێکی کارکردن بوونی کەسێکی کورد یا غەیرە تورکیان قەبوڵ نیە. ڕوونکردنەوەی تری گەر هەبێت خۆلادانە لەو ڕاستیەی خەریکە سەرەتای گۆڕانکاری تێدا ئەبینین.

لە مانگی ئازار (٣)ی ئەمساڵدا ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی سەباحی تورکی کە ئیستا گوێڕایەڵی جەنابی ئەردۆغانن ئامادەکرابوو. تەبیعی ئامادەکردنی بابەتەکە بۆخۆی بۆ لێدانە لە گولەن و جەماعەت کە خۆیان بە قوتابی نورسی ئەزانن. لە بەڵگەنامەکەدا ئەو قسەیە ناکرێت، ئەوانەی قسە ئەکەن تەنها گەورەیی و توانای نورسی باس ئەکەن و گەورەیی غەدرەکە نیشان ئەدان بەبێ باسکردنی ئەو هەقیقەتەی سەرەوە. لە بەڵگەنامەکەدا بە وردی باس ئەکرێ کە چۆن دوای ٤ مانگێک لە وەفاتی نورسی گۆڕەکەی لەلایەن کۆمەڵێ سەربازەوە و بە تۆپ و تەیارە لە ئورفا هەڵکەنرا و ئەوکات ڕۆژنامەکان نوسیبویان کە براوە بۆ ئیسپارتا.

بەبێ ئەوەی باسی فیکری نورسی بکەم، تەنها ئەوە بەسە کە وەک یەکێ لە قسەکەران ئەڵێن مانەوەی دین ئەگەر چەن هۆکاریکی هەبێ لە تورکیادا هۆکارە گەورەکەی بیر و نوسینەکانی سەعیدی کوردیە. جگە لەوە ئەوەی ئەبێ بوترێ لەم چوارچێوەیەدا و بۆ ئەوەی وەڵامەکە پڕ بە پێستی خۆی بێت ئەوەیە کە جەنابی، هەرچەن زۆر سور نەبوە لەسەری وەک گوتار بەڵام بەڕەفتاری سەلماندویەتی کە تەواو دوور بوو لە سیاسەت بە تایبەتی ئەو سیاسەتە ئاڵۆزەی سەردەمی ئەو لە تورکیادا هۆکاری چەندین کودەتابوو، بۆیەش وتەی اعوذ باللە من الشیطان و السیاسە بە گوتەی ئەو دا ئەنرێ.

هەڵبەت ئەم گۆڕ هەڵکەندنەی نورسی، لە مێژووی تورکیادا لەسەردەمی عوسمانیەتیشدا ئەکرا ڕووی بدایە، ئەزانرێ کە لانی کەم زانای ئەستێرەناس تەقیەدین ئەو بایەخەی پێ نەدرا کە شایەنی بوو و بە گشتی عوسمانیەکانی شارستانیەتی و زانستیان بە ئەندازەی گەورەیی ئیمپراتۆریەتەکەیان پێش نەخست. بەڵام ئەوکات ئەو هەقیقەتەی سەرەوە نەبوو. ئەگەر ئەوکاتە فڵانەکەس کورد یان عەرەب یا تورک بوایە هەمان ئەنجام چاوەڕێی ئەکرد. جیاوازیەکە لە دوای دامەزراندنی بیری تورانیزمەوە دروست بوو کە سەیر و سەمەرەکە لەوەدایە کوردێکی دیاربەکر بەناوی گوێکئاڵپ پێشەوایەتی.

هەر بۆیە گەر کەسانێک هەبن وابزانن میراتگرانی ئاڵئەرسلان تورکەشی دامەزرێنەری مەهەپەی ئێستا، کە وەک دۆکومێنتاریەکە باسی ئەکات دەستی هەبوە لە بڕیاری ونکردنی گۆڕەکە، هیچ کاتێ قەبوڵی ناکەن جگە لە گورگی بۆر (تورکی ئەسڵ) ڕێگا نادەن کەسێکی تر دەرکەوێ هەتا ئەگەر بە گۆرانی وتنیش بێت. گلەییەکەش نابێ تەنها لەوان بکرێ، بەشی هەرە گەورەی ئەبێ لە گوێکئاڵپ بکرێ کە ئەقڵ و فەلسەفەی پڕ درۆی خۆی و خەڵکانی بەکارهێنا تا ئەوان باوەڕ بکەن بەڕاستی نەتەوەیەکی بەرز و جیاوازن.

ئیتر کە ئەو چۆڕە هەقیقەتە ڕوون بوەوە ئیتر ئەزانین پارتی دیموکراتی خەڵک (هەدەپە) لەناو چ کۆمەڵگایەکدا خەریکی سیاسەتکردن و داواکردنی نەک مافی کورد بە تەنها بەڵکوو کرانەوەی کۆمەڵگای تورکیە دژی هەموو ئەو ڕەفتارانەی بۆ ئەم سەردەمەی ژیانی بەشەر ناگونجێت. ئیتر لێرەدا ئەکرێ هەدەپە خۆشی ڕەخنەباران بکرێ بەڵام ئەوەی کە هیوادارم تۆی خوێنەریش (چ کورد، تورک یان هەر نەتەوەیەک هەیت) هاوڕابیت لەگەڵمدا کە هەدەپە لانی کەم لە داواکردنی مافی نەتەوەکانی تردا و بە تایبەتی کورد جێگای ڕەخنەکردن نیە.

لێرەشەوە ئەگەڕێینەوە خاڵی سەرەتا و ئەڵێین، گەر لەسەر فیکری گوێکئاڵپ ئەفکار و جەستەی مردوی نورسی ون کرابێ، ئەوا هەقە ئێمەش هەندێ بەرپرسیارێتی هەڵگرین و تەنها ئاڵپئەرسلان تورکەش و عەسکەری تورکیای ١٩٦٠ بە تاوانبار نەزانین. ئێمەش بۆخۆمان هەم دروستکەری گوێکئاڵپین، هەم نەمانتوانیوە لەبەر هەر هۆیەک بێت پشتیوانی پیاوێک بکەین کە بەڕاستی بەدیعی زەمان بوو بۆ خۆی، ناوچەکەی و تەواوی تورکیای دوای کەمالیزم.

بزانە ١٩٢٠ەکان چ پلانێک هەبوە بۆ دەوڵەتانی ئیسلامی

کوردستان هیچ دەوڵەتێکی قەبوڵ نیە دەوڵەتی سوڵتان نەبێت
بەشێ لە یەکێ لە وتارەکانی ناو بابەتەکە

تەبیعی کوردستانەکەی جەنابیشمان

جا بزانە چەنیشی ٪١٠٠ هاتۆتە جێبەجێکردن، دیسان “کوردستان”ەکەی تۆ، مولحەقی سوڵتانە، گلەیی لە کەس مەکە، لە ناخی ناخی ناخی ناخی …تا ئەگەیتە ناو مایتۆکۆندریاکانت، خۆت نەبێت. دیارە ئەو ساڵانە گۆڤارێک هەبوە بە ناوی گۆڤاری “جیهانی ئیسلامی” ئەمەش بەشێکە لەو نوسراوانە. یەکەم نوسراو هەندێ شت باس ئەکات بەڕاستی جێگای تێڕامانە. ناتوانم پی دی ئێفەکە دانێم خۆت لە گوگڵ بگەڕێ لەبەر مافی پاراستن.

لە بابەتەکەدا تەنها یەکجار ناوی کوردستانە شەقۆلەکەی ئێمە هاتوە، ئەویش ئێژێ: کوردستان هیچ دەوڵەتێکی قەبوڵ نیە دەوڵەتی سوڵتان نەبێت

تێبینی: گوگڵ سکۆلار بکەرەوە، ساڵەکانی بکە بە ١٩٢٠ بۆ ١٩٣٠ و بنوسە Kurdistan

تەعزیەنامەی گولەن بۆ بنەماڵەی عەبدولعەزیز بۆچی؟

لەبەر ئەوەی خواجە خۆی خزمەتی تەبەقەی سەرەوە ئەکات

ئاڵۆزی سیاسەت، دینداری و ئابوری شتی نیە بە چەن نوسینێکی ناو بڵاگێ وەڵامی هەموو پرسیارێکت دەستکەوێ. سروشتی کارەکانی بەڕێز گولەن لەم بابەتەی ویکی لیکسەوە بۆت دەر ئەکەوێ، کە باوەڕم وایە کەم کەس ئەتوانن بەو شێوەیە لەسەری بنوسن. لانی کەم من بابەتێکی تر شک نابەم بڵێم بڕۆ ئەوە بخوێنەوە بەستە ئەمە نەبێت.

بۆیە لێرەدا پرسیارەکە زۆر سادەیە و ئەوەی بۆ من زۆر پێویستە بینوسم ئەوەیە کە ئەم جۆرە کردارانەی پیاوێکی وەک ئەو شتێکی سەرپێیی  نین بەسەریاندا تێپەڕیت. چونکە خۆی پیر بوەو ئەمرێت بەڵام ئەم هەموو شاگردەی ئەقڵی شتوونەتەوە هەمان شتانێ دووبارە ئەکەنەوە و ئەوەی ئەو فێری کردوون ئەمانیش تەنها ئەوە ئەزانن، بۆیە تەرکیزیشم  لای شاگردەکانێتی. ڕاستی لە کاتێکی وەهادا، وە لە کاتێکدا ئەوانەی بە وردی چاودێری سیاسەت و کۆمەڵگای سعودی ئەکەن، ئەبێ وەک پێوەر بەکاری بهێنن بەرامبەر ڕووداوەکانی ڕۆژ. ئایا بەڕێز گولەن بۆ هەموو نەتەوەیەک ئامادەیی تیایە ئەو نامەیە بنوسێت؟ نەخێر بێ گومان. ئیتر دوای ئەمە نەتیجەکاریەکەی من، یان وەڵامەکەی سەرەوە ڕاستە یان نا ئەوەیان شتێکی ترە، گرنگ ئەوەیە گریمانەکە خۆی ڕاستە کە نابێ بەسەر تەعزیەنامەکەدا تێپەڕین.

بۆیە دوعاکردن و سەرەخۆشی کردن لە گەل و دەوڵەتی “برا” و “دۆست”ی فەتحوڵا گولەن بەڕای بەندە نیشاندەری هەقیقەتی فەتحوڵا گولەنە. هەرچەن بۆ زۆرێک لە ئێوە کە کوڕانی ئال سعود ناناسن لەوەیە گلەییشم لێ بکەن کە ڕەخنە لەو ئەگرم کە تەعزیەنامەی ناردوە. ئاخر ئەو لە پەنسیلڤانیاوە، وەک سەرانی دەوڵەتانی تری دنیا، سەرەخۆشی ئەنێرێ  بۆ کۆمەڵە پیاوێک کە زۆرێک لە سەروەتی دنیایان لەژێر دەستە و لەڕاستیشدا ناهێڵن لە دەروێشایەتی و کۆیلایەتی زیاتر هیچ شتێ لە ناوچەکەدا بڵاوبێتەوە، ئەمەش ئاوێنەی کەسایەتی فەتحوڵا گولەنە. بۆخۆی و بزوتنەوەکەی کاریان گەورەکردنی هەندێ پیاوە (ژنی تیا نابینیت جگە لە مامۆستاو پرۆفیسۆری پشت پیاوان) تا باقی شوێنکەوتوان زیڕە و گریان بکەن بەدوایاندا. بێرتراند ڕەسڵ کەللەپوتێکی وەک نیتچە کە گەنە فەیلەسوفی کوردی خۆیان پێوە سەرقاڵ کردوە، بەوە یەکاڵا ئەکاتەوە کە خەریکی جیاکردنەوەی پیاوی گەورە و پیاوی بچوک بوە، خەیاڵی بەتەڵ و قارەمان دروستکردن ئیشی خزمەتکاری تەبەقەی سەرەوەیە. لە پاڵ ئەمەشدا جەنابی بە هەندێ گریان و پاڕانەوە و نزا بە تەمایە لەگەڵ شا عەبدوڵای کوڕی عەبدولعەزیزی کوڕەزای ئال سعود بچنە بەهەشتی هەتا هەتاییەوە. مەسەلەی بەهەشت بابەتی ئەم نوسینە نیە بەڵام پەیوەندیدارە چونکە هەم تەعزیەنامەکە ئەمەمان بیر ئەخاتەوە و هەم مەسەلەی بەهەشتیش ئەبێ ورد بکرێتەوە لە چوارچێوەی کاریگەری ئابوری لەسەر ئاین وەک لە کتێبەکەی بێشکچیدا هاتبوو.

بەم تەعزیەنامەیە بەڕێز گولەن، نەک ئامادە نیە شتیکی تازەمان نیشاندات تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە عوسمانیەتەوە بگوازرێتەوە بۆ دۆخێکی تر، بەڵکوو نیشانی ئەدات ئەگەر ئەو لە سعودیە مەکتەب بکاتەوە بە هیچ شێوەیەک ناهێڵێ شوێن کەوتوانی بیر لە شتێ بکەنەوە لە دەرەوەی عوسمانیەت. لە حاڵەتێکیشدا (وەک ئێستا) کە ناتوانێ مەکتەب بکاتەوە، کوڕانی ئال سعود دڵنیا ئەکاتەوە کە لە مەسقەت و یەمەن (سەیری دیواری فەیسبوکی شاگردەکانیان بکە کە سەفەر ئەکەن بۆ ئەو ناوچانە)، ئەگەر مەکتەب بکاتەوە زەرەری بۆ پەزەکانی ئەوان نابێت. لە کاتێکدا هەردولایان چاک ئەزانن کە ئەگەر بۆی بکرێ، بەڕێز گولەن تەواوی ناوچەکە بە خاکی عوسمانیەت ئەزانێت و ئەستەنبوڵ، نەک مەدینە یان ڕیاز، بە پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی ئەزانێت. بەڵام هەموو بێ ئاگاین لەو ڕاستیەی کە عوسمانیەکان لەو جێگایەوە ڕووخان کە کەمترین دەسەڵاتیان هەبوو، ئەویش ناوچەی حیجاز و جێگای ئێستای کوڕانی ئال سعودن.

بەڕێز گولەن لە باشترین گوماندا کەسێکی سۆفی ڕاستگۆیە. دەی لەوێدا بە قەپانەکەی بێشکچی خزمەتکاری تەبەقەی سەرەوەیە، بە قەپانەکەی بێرتراند ڕەسڵیش بۆخۆی سۆفیگەرایی و نەرمیەکەی لە کاریگەری بیرکاریەوە دێ نەوەک جەوهەرێکی مرۆڤدۆستانەی تێدابێ و جیاوازبێ لە بیرکاری و فەلسەفەی ئەفلاتونی. بە قەپانەکەی نوسەرەکەی ویکیلیکسیش هەمان نوسینی پێشتری من پشتڕاست ئەکاتەوە کە کابرایەکە خزمەتی تەبەقەی سەرەوە ئەکات بە داماوی و نانەسکی تەبەقەی خوارەوە. ئەمەش ئەوەت بۆ ڕوون ئەکاتەوە کە بۆخۆی گولەن هەقە تەعزیە نامە بۆ ئەو بنوسێ و کابرایەکی دڵسۆزیش هەموو ژیانی بۆ ئەوان تەرخان کردبێ، هەر بەبیریشیا نەیەت.

ئاوا بەم شیکاریە ئەبێ بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ناردنی تەعزیەنامە بۆ کوڕانی ئال سعود بەشێکە لە سیفاتی بزوتنەوەکەی گولەن.

وەهابیەتی تازە سەرۆک و بناغەدانەرەکانی کێن؟

لێرە باسی وەهابیەت ناکەم، تەنها لام گرنگە پێش خوێندنەوەی بابەتەکە بزانی لە وشەی “تازە” مەبەست دوای ١٩٠٢ بە دواوەیە.

نوسەر و سیخوڕی دەزگای زانیاری سەربارزی بەریتانی پێشوو، بەڕێز ئالیستەر کروک لەژێر ئەم ناونیشانەدا لە هەفینگتن پۆست ئەنوسێ :

وێنەی جۆن فیلبی
جۆن فیلبی ناسراو بە شێخ عەبدوڵا ئەندازیاری دەوڵەتی عەرەبستانی سعودی سەرچاوە: ویکیپیدیا

“بۆمبە تەوقیت کراوەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: ئامانجی ڕاستەقینەی داعش جێگرتنەوەی خانەوادەی ئال سعودە وەک حاکمی عەرەبستان”.

پێشتر باسم کرد کە تەنها بازرگانی گەورەی ناوچەکە وەچەکانی ئیبن سعودن. لەوێدا پێچەوانەی زۆرێک من ئێران بەو دەوڵەتە نازانم کە ڕۆژاوا نیشانی دنیای ئەدات، بەڵێ هەیە و خاوەن چەندین هەزار ساڵ شارستانیەتن، بەڵام خۆ شەڕ لەگەڵ هەوا ناکرێت، گەر بتەوێ شەڕ بکەی ئەبێ دوژمنێکت هەبێ بەرگەی چوار ڕۆژ بگرێ تا قسەکەی بارۆن ڕۆتشیڵد بتوانی جێبەجێ بکەیت. بۆیە نوسەر گۆشە شیعیەکە باس ئەکات بەڵام ناچێتە پاڵ هەندی کە پێیان وایە ناوچەکە دووجەمسەری سەرەکی تەنها ئێران و سعودیەن و بڕایەوە. نوسەر مێژوویەکی جوان باس ئەکات، بۆخۆی سوودی تەواو لە نوسینەکەشی تەنها لەوەدایە. دەنا کە بێینە سەر تێگەشتنی تەواو لە باسەکەی خێرا بۆمان دەر ئەکەوێ کە چەن بۆی سەختە ئەو دژیەکیەی لە نوسینەکەیدا هەیە بیشارێتەوە.

دژیەکیەکە لەوەدایە لەلایەکەوە بەوە خۆت دەربازکەی کە کلیلی وەهابیەتی تازە کابرایەکی ڕۆژاوایە بەڵام موسوڵمان بوە، وە لەلایەکی ترەوە بەبەرچاومانەوە پێما بڵێی کە ڕۆژاوا ناتوانێ هیچ بکات و تەنها ئەبێ تەماشاکەر بێت. کاری من نیە بچم نامەی بۆ بنوسم و بڵێم بۆ وا ئەنوسی چونکە دڵنیام خۆی چاک ئەزانێ بۆ وا ئەنوسێت، بەڵام کاری منە کە هەم خۆم چاک لێی تێ بگەم هەم ئەوانەش کە چۆڕە متمانەیەکیان بە خوێندنەوەکانی منە لێرە شتێک فێر بن.

بۆیە ئەبێ لەوێوە دەست پێ بکەم کە نوسینی یەکەمم لەسەر کوڕانی سعود بوو بە کورتی تیایدا نوسیبووم کە بازرگانی/سیاسەت تەنها ئامانج تیایدا قازانجە و لە ناوچەکەی ئێمەشدا تەنها بازرگانێکی گەورە کوڕانی سعودن کە لەوان باشتر شەریک دەست ناکەوێت بۆ دەوڵەتە گەورەکانی دنیا کە داڕێژەری نەخشەی ناوچەکەن. وە لە ڕاستیدا نەوتی ناوچەکەشە ئەوانی بەم شێوەیە گەیاندۆتە لوتکەی وزە و تەکنۆلۆجیا. ئەو کاتەش کە یەکێ لە کوڕانی عەبدولعەزیز بڕیاری دا نەوت لە ئەمریکا ببرێت، بۆخۆی چیرۆکێکی ترە.

بەڵام مێژوو ئاوا باس ناکرێت، بۆیە هەڵی ئەگرم بۆ جێگای تر نەک بڵاگ. بەڵام سەیرترین قسەی لای من ئەوەیە کە ئەڵێ “لە ئێستادا ڕۆژاوا هیچی پێ ناکرێ ئەوەنەبێ دانیشێ و سەیر بکات”. ئەمە قسەی کەسێکە کە دواتر خۆی دێتە سەر ئەوەی باسی سیخوڕی “عەرەبچی” ناسراو بە شێخ عەبدوڵا، جۆن فیلبی کە کاتی خۆی پێرسی کۆکس لە عێراق کردویەتی بەسەرۆکی “مالیە” کە بۆخۆی باسێکی ترە. جەنابی ئالیستەر باسی ئەوە ئەکات کە چۆن جۆن فیلبی لەگەڵ عەبدولعەزیزی کوڕی سعود بە پێچەوانەی ئەقڵی بچوکی ئێمە، مەکیاڤیلیانە سوود لە وەهابیەت وەر ئەگرن و دەوڵەتی ئێستای سعودیەی پێ دروست ئەکەن بەو جۆرەی کە لە بابەتی پێشوودا ئاماژەی پێ کراوە. هەڵبەت جەنابی وا نافەرموێ، ئەو ئەڵێ گوایە شێخ عەبدوڵا فیلبی باوەڕی بە وەهابیەت هێناوە و لەگەڵ ئال سعود خەریکی لەناوبردنی موسوڵمانانی ترن وە ئێستاش داعش گوایە ئاوێنەیەک نیشانی خەڵکی سعودی ئەدات.

جەنابی ئالیستەر چۆن باسی فیلبی ئەکات؟ ئاوا “پارادۆکسانە، ئەفسەرێکی بەریتانی بوو کە یارمەتی ئەوەیدا جینی وڵاتە تازەکە دانێت. ئەو ئەفسەرە بەریتانیەش هاری سەنت جۆن فیلبی بوو…..ئەو بوو بە ئامۆژگاری نزیکی عەبدولعەزیز، دوای ئەوەی دەستی لەکار کێشایەوە وەک ئەفسەری بەریتانی، وە تا مردنی ئەندامێکی بناغەیی ‘مەجلسی حوکم’ بوو. ئەو وەک لۆرانسی عەرەب، ئەویش ‘عەرەبچی’ بوو. وە ئەو چووبوە سەر دینی وەهابی ئیسلامی وە ناسرابوو بە شێخ عەبدوڵا”

ئەمەیە گەمە و گاڵتەجاڕی بە ئەقڵی ئێمەمانان کە لە فەیسبووک بڵاوی بکەینەوە و خۆمان دڵخۆش بکەین کە ئای، وەڵا شێخ عەبدوڵا و لۆرانسی عەرەب بەڕاستی لە بەرەکەتی ئیمپراتۆریەت بێزار بوون و ببون بە وەهابی و بناغەدانەری بەزمەکەن. کێش ئەم قسانەمان بۆ بکات؟ خۆی پێشتر ئەفسەری دەزگای زانیاری سەربارزی بەریتانیا بووە و کورتەی قسەکانیشی ئەویەە کە ڕۆژاوای داماو ناتوانێ هیچ  بکات. وەک بڵێی جەنابی کەناڵی تەلەفزیۆنی نەبێ تەماشای بکات کە ڕۆژانە هەم چەک ئەخەنە خوارەوە بۆ داعش هەم چەک ئەدەن بە پەکەکە لە کاتێکدا هەموی 15 ساڵ لەمەوپێش خۆیان ئاپۆیان تەسلیم بە تورکیا کرد.

بۆیە وەڵامی پرسیارەکە ئەبێ ئاوابێت، هەرچەن بە نوسین و دوان وەڵامی تەواو وەرناگیرێت:

بناغەدانەرەکانی پیاوانی ڕۆژاوایی وەک شێخ عەبدوڵان. ئەی سەرکردەکانیان کێن؟ ئەمەیان ئەبێ بڵێین خەڵکانێکی خۆبەشارەزا و زیرەکزانی وەک مەلا کرێکار و زەرقاوی و هەروەها بنەماڵەی لێزانی وەک ئالی سعودن. چونکە وا بۆ 100 ساڵ ئەچێ ڕۆژاواییەکان نەچوونەتە یەکێ لەم وڵاتانەی نەخشەیان بۆ کێشاوە بەزۆر کەسێکی لێ دابنێن. وەک لە ڕیفراندۆمەکەی پێرسی کۆکسدا دەر ئەکەوێ، ئەوان هەمیشە ڕای خەڵکەکەیان وەرگرتوە و بە خەڵکی وەک سیسی مورسیان لەناو بردوە.

باشترە لێرە کۆتایی پێ بهێنم. تەنها ماوە بڵێم، دانیشین و لەعنەت ببەخشینەوە بە خەڵکانی وەک ئالیستەر یان شێخ عەبدوڵا، بەڕاستی بێ مانایە. چونکە سەرکردەکان هەمیشە لەخۆمان بوون و کورد وتەنی “دار کرمی لەخۆی نەبێ نارزێ” جا بۆخۆی وشەی “خۆی” لەوێدا فەلسەفیە و نابێ بچمە ناوی، بەڵام نامەوێ مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی لە مرۆڤی ڕۆژئاوایی جیا بکەمەوە تەنها ئەوەنەبێ هەموو مرۆڤێک دڵسۆزی بۆ دەوروبەرەکەی خۆی زیاترە تا دوورتر.

بەڵام ئەگەر ئەتەوێ بزانی شێخ عەبدوڵا چۆن وەک جەنابی ئالیستەر مێژوو ئەشێوێنێ، سەردانی ئەم جۆرە پیاوانە بکە کە هیچ نەبێ لە چاوپێکەوتنێکدا دان بەوەدا ئەنێ کە بۆ ئەو نیە بڵێ “بەهاری عەرەبی” چاک بوو یان خراپ.

زانین لای ئاین، فەلسەفە و زانست

russellبێرتراند ڕەسڵ ئەڵێ: “هەموو زانینێکی دڵنیا، ناچارم بڵێم، هی زانستە؛ ئەوەی لە مەزهەبدا لە زانینی دڵنیا تێپەڕ ئەکات هی دینداریە [لە ئیسلامدا یەقین بەکاردێ]. لە نێوان دینداری و ئایندا جێگایەک هەیە بێخاوەنە، بۆ هەردولا دیارە و کەوتۆتە ژێر پەلاماریانەوە، ئەم جێگا بێخاوەنە ناوی فەلسەفەیە”

وشەی زانین مەبەست معرفەی عەرەبیە بە مانا گشتیەکەی نەک تێگەشتنی مرۆڤ، کە عەرەبیە سنوردارەکەی من ئەڵێ جیاوازن. واتە وشەی knowledgeی ئینگلیزی

وێنەکە: هێڵەکەی ناوەڕاست دڵنیایی زانین نیشان ئەدات. لە سەرەتادا زانست دێ کە دڵنیا ئەبێ لە شتێک بە تاقیکردنەوە، دواتر ئەیپەڕێنین و ئەچین جێگای ئاین دیاری ئەکەین کە ئەڵێ خوایەک پێی وتووم بۆیە من دڵنیاترم لە زانست. جا بێرتراند ڕەسڵیش‌ئەڵێ لە نێوانیاندا جێگا بێخاوەنەکە هی فەلسەفەیە و زۆر بە ئاسانی ئەکرێ تێهەڵدان بکرێ چونکە بێ خاوەنە.

ئەکمەلەدین ئیحسان ئۆغڵو کێیە؟

نە ناویم بیستبوو نە ڕەسمیشی پێش ئەوەی ڕۆژنامە

ئەکمەلەدین ئیحسانئۆغڵو
ئەکمەلەدین ئیحسانئۆغڵو

تورکیەکان ناوی ئاشکرا بکەن وەکوو کاندیدی مەهەپە و جەهەپە بۆ سەرۆکایەتی تورکیا.

بەڵام پرۆفیسۆر ئەکمەلەدین بە ناوەکەیدا دیارە دایک و باوکی ویستویانە ئەکمەلی دین بێت و نازناوی خانەوادەکەشی هەم “کوڕ/ئۆغڵو”ی “ئیحسان” ـن.

کاتێ ئەم دێڕانە ئەنوسم چاکم بیرە دۆستە توندڕەوە سپی پێستە تورکەکانم یەک و دوان نین کەوا هەم سەریان بڕوات نوێژیان ناڕوات هەم یەکێکیان شوێنکەوتوی مەهەپە و لەسەر سوتانی ئاڵای تورکیا لە سلێمانی نامەی نارد بۆم (بە پۆست لە تورکیاوە بۆ بەریتانیا) کە شەرم لە خۆم بکەم. هەم ئەوانەشیان کە مامۆستام بوون لە ئیشق بەردەوامن لەوەی لە پشت خواجەوە دار وبەرد بگرنە کەسێک کە بەلای شتێکدا بڕوات غەیری تورک (بۆ نمونە ئەردۆغان) هەتا ئەگەر ئامانجەکەشی نیۆ-عوسمانیەتیش بێت.

وە لە هەمانکاتدا خوێندنەوەی زۆر بچوکی من لەسەر مێژوی جێگیربوونی تورک لە ئەنادۆڵ و ڕۆژهەڵاتی “ترۆی”/چەناق قەلەی ئێستا، پێم ئەڵێ کەوا ئەمەی ئێستا بوە بە نەتەوەی تورک و پێش هەزار ساڵ هەندێ خێڵی کۆچەری ناوەڕاستی ئاسیا بوون، وای لێ کردوون هەمیشە ترسی لە جێ هەڵتەکینیان تیابێت و “باشترین جۆری بەرگریش هێرشە” بۆیە ئەمان هەم خەریکی خاک داگیرکردن بوون هەم لە سەر زەوی مەعریفەش خەریکی فێرکردن و گەشەپێدانی زمانی تورکی و بچوککردنەوەی زمانەکانی دەوروبەریانن.

ئیتر ئەم دوو جۆرە لە ئەزموونی بچووکی من ئەم گەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کەوا جەنابی ئەکمەلەدین، دەرچوی زانکۆی ئەزهەری میسر (ماستەر) و دواتر دکتۆرا لە زانکۆی ئەنقەرە سوتفە لە ساڵی ١٩٧٤ ساڵی رووخانی گەورەترین شۆڕشی سەدەی بیستی کورد لەسەر دەستی شا و ئەمەریکا، هیچ سەرسوڕمانێکی تیا نیە هەردوو پارتی کۆماری (حیزبەکەی ئەتاتورک) و پارتی (بزوتنەوەی میللی) ڕەگەزپەرستی ئەڵپ ئەرسلان تورکەش (بزرکەری گۆڕی نورسی) جەنای پرۆفیسۆریان کاندید کردوە بۆ کێبڕکێ لەگەڵ ئەردۆغان.

دکتۆر ئەکمەلەدین سەرۆکی پێشوی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی بوو کە بەپێی ئەم هەواڵەی ئەلعەرەبیە، جەنابی مورسی کەسێکی تری لەجێگا دانا لە ٢٠١٣دا پێش ئەوەی خۆی لەسەر حوکم لابرێت. نوسینەکانی بە چاوپیاخشاندنێکی خێرا زیاتر لەسەر مێژوی زانست و تەکنۆلۆجیا لە سەردەمی عوسمانیەکان و بەگشتی دنیای ئیسلامیە.

ئەنجا وەڵامی خێرای پرسیارەکە وەر ئەگرین و ئەڵێین، ئەگەر دەرچویەکی زانکۆی ئەزهەر و لە دایک بووی میسر لە خانەوادەیکی تورک، وە سەرۆکی دەزگایەکی وا گەورە (٥٧ وڵات تیایدا ئەندامن) ڕازی بێت ببێ بە کاندیدی جەهەپە و مەهەپە، ئەوا زۆر بە ئاسانی ئەتوانین بڵێین: ئەکمەلەدین تورکێکە کە تورکایەتی و عوسمانیەت پێش دینەکەیەتی و هیچ کاتێ ڕازی نابێت ئەردۆغان ئەوەی گوێکئاڵپ و نیهال ئاتسز بونیادیان ناوە بیگۆڕێت هەتا ئەگەر بە دروشمەکانی ئەوانیش بجوڵێتەوە.

خۆشحاڵم بە ناسینیت جەنابی دکتۆر ئەکمەلەدین.

فیکری ئیسلامی سیاسی بۆچی سەرناکەوێت؟

بەگری کتێبی سەرنەکەوتنی ئیسلامی سیاسی
بەگری کتێبی سەرنەکەوتنی ئیسلامی سیاسی – وێنەکە لە http://www.goodreads.com/ ـەوە ڕاستەوخۆ خراوەتە ناو بابەتەکە

سەرنەکەوتنی ئیسلامی سیاسی – “ئۆلیڤیەر ڕۆی“، وەرگێڕانی بۆ ئینگلیزی لە فەرەنسیەوە کارۆڵ ڤۆلک. پێشەکیەکەی، پەڕەی ۹ و ۱٠ی ژمارەی ڕۆمانی، چاپی ۱۹۹٤ی هارڤارد

چی سەرنج ڕاکێشە لەم بزوتنەوەیە بۆ ئێمە؟[پێشتر بزونتەوەی پێناسە کردوە: بزوتنەوەیەک لە دوای حسن بەنا و مەودودی کە پێناسەی ئیسلام ئەکات بە سیستمێکی سیاسی]
تازەیەتیەکەی، کاریگەری لەسەر ڕۆژاوا – کە توشی شەلەل بوە بەهۆی “مەترسی ئیسلامیەوە” – وە لەهەموی گرنگتر، شکست خواردنەکەی: جگە لە شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، ئیسلامیزم هیچ نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نەگۆڕیوە کە دیار بێت. ئیسلامی سیاسی لە تاقیکردنەوەی دەسەڵات دەرناچێت. لە سەرەتاکانی ۱۹۹٠دا هێشتا ڕژێمەکانی ۸٠کان هەر لەسەر حوکمن، وە شەڕی کەنداویش هەیمەنەتێکی ئەمەریکی دروست کردوە. بەڕاستی مەترسیەکی ئیسلامی غەریبە، کە شەڕ تەنها لەگەڵ موسوڵمانانی تردا ئەکات (نمونە عێراق/ئێران) یان دژی سۆڤیەت (ئەفغانستان) وە زەرەری تیرۆریستی کەمتری گەیاندوە بە بەراورد بە گروپی سوپای سور [ئەڵمانیای غەربی ۷٠کان]، لیوای سور [ئیتالیا ۷٠کان]، سوپای کۆماری ئێرلەندا IRA، گروپی جیاخوازی باسک ETA, کە چالاکیە بچوکە گروپەکانیان شێوازی زەمینەی سیاسی ئەوروپای گۆڕیوە بۆ ماوەی درێژتر تا ئەوەی حیزبوڵا یان بزوتنەوە جیهادیەکانی تر کردویانە.

بەڵام پاڵنەرە بنەڕەتیەکەی لەدەست داوە. خۆی سۆشیال-دیموکراتاندوە. چی تر پێشنیاری مۆدێلێکی جیاوازی کۆمەڵگا یان داهاتوویەکی پرشنگدارتر ناکات.

مەسەلەکە ئەوەنیە کە ئیسلامیزم لەسەر شانۆی سیاسی دیار نامێنێت. بەپێچەوانەوە، لە پاکستانەوە بۆ جەزائیر لە بڵاو بوونەوەدایە، وە جێدەستی لەسەر عادات و پێکدادانەکانی کۆمەڵگا بەجێ ئەهێڵیت. ئەکرێ لە جەزائیر بێتە سەر حوکم. بەڵام پاڵنەرە بنەڕەتیەکەی لەدەست داوە. خۆی سۆشیال-دیموکراتاندوە. چی تر پێشنیاری مۆدێلێکی جیاوازی کۆمەڵگا یان داهاتوویەکی پرشنگدارتر ناکات. ئەمڕۆ هەر سەرکەوتنێکی حیزبێکی ئیسلامی لە وڵاتێکی ئیسلامیدا تەنها گۆڕانکاری ڕوکەش بەرهەم ئەهێنێت لە عادات و یاسادا. ئیسلام گۆڕدراوە بە جۆرێک لە نیۆ-توندڕەوی کە سەرقاڵە تەنها بە هێنانەوەی حوکمی موسوڵمان، شەریعەت، بەبێ داهێنانی شێوازی نوێی سیاسی، کە مانای ئەوەیە مەحکومە بەوەی تەنهاوتەنها ببێت بە پۆشاکێک بۆ مەنتیقێکی سیاسی کە خۆی لێ لائەدات – مەنتقێک کە تیایدا لە کۆتایدا ئەو جیاوازیە تەقلیدیە ڕەگەزی، عەشیرەتی وەیان کۆمەڵگاییانە ئەدۆزینەوە کە هەمیشە ئامادەن بۆ ئەوەی ڕێڕەوی مەشرویعیەتەکەی بگۆڕن، کە شاراوەن لە ژێر پۆلە کۆمەڵایەتی و ڕژێمە تازەکاندا [واتە ئیسلامی سیاسی ئەیەوێ حوکمی موسوڵمان بگەڕێنێتەوە بەبێ گۆڕانکاری لە جیاوازیە تەقلیدیەکاندا کە ئەمان ئیسلامی سیاسیان ناوێت]. وە بە نیسبەت “ئابوری ئیسلامی”شەوە تەنها گوتارێکی بێ مانایە کە دەمامکی کردۆتە سەر شێوازێکی دەوڵەتێکی سۆشیالیستی جیهانی سێهەم (ئێران بۆ نمونە لەسەردەمی خومەینی) وە یان ئابوریەکی لیبراڵی کە زیاتر ئامادەکراوە بەرەو تەخمین کردن تا بەرهەمهێنان.

بۆچی سەرنەکەوت؟ دۆڕانەکە بۆخۆی بە گشتی فیکریە.

بۆچی سەرنەکەوت؟ دۆڕانەکە بۆخۆی بە گشتی فیکریە. بیری ئیسلامی خۆی لەسەر گریمانەیەکی بنچینەیی دامەزراوە کە هەر خۆی مادە داهێنەرەکانی تێک ئەشکێنێت: لە لایەکەوە، وەک مەنتیقەکە ئەڵێ، هەبوونی کۆمەڵگایەکی سیاسی ئیسلامی مەرجێکی پێویستە بۆ ئەوەی بڕوادار بگات بە بەها تەواویەکەی، بەڵام لەلایەکی ترەوە، کۆمەڵگایەکی لەو شێوەیە خۆی تەنها  بەبەهاکانی تاکەکانی کار ئەکات، کە بە سەرکردەکانیان دەست پێ ئەکات.

نوسەر بەردەوامە و منیش ناتوانم لەمە زیاتری وەرگێڕم لە ئێستادا. بەڵام ناچارم چەن خاڵێکی تر بنوسم. کاتێک تەماشای حاڵی حیزبی ئیسلامی ئەکەین لەوەی پێمان خۆشە ناوی بنێین باشوری کوردستان، ئەتوانین بڵێین تا ئەمڕۆش (۲٠۱٤) حیزبی ئیسلامی سیاسی کوردی حاڵی زۆر خراپترە لەم چەن پەراگرافەی کتێبەکەی نوسەر. نەک نەیانتوانیوە ئەندازەی حیزبێکی تری کوردی دامەزراو لەسەر بیرێکی جیاواز کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگای کوردی هەبێت، بەڵکوو لە دوا هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا نزیک لە سەدا  هەشتای خەڵک دەنگیان دا بە پارتی+یەکێتی+گۆڕان.

وە کاتێکیش لەم گۆشەوە سەیری حاڵیان ئەکەین دوو خاڵی تریش تەواو زەق ئەبنەوە: مادام دۆڕانەکە فیکریە کەواتە ئەو بانگەشەیەی یەکگرتوو، بزوتنەوە و نەهزەی ۹٠کان لە هەڵەبجە ئەیانکرد گوایە “موسوڵمان ئەبێ لەگەڵ گروپێک بێت و مەڕی تەنها گورگ ئەیخوات”، لەوە ئەچێت ئێستاش بەردەوام بن لەسەری، یەکسانە بەوەی موسوڵمان هەر لە سەرەتاوە ئەبێ لەگەڵ دۆڕاوێک بێت.

دوەمیشیان، کاتێک ئاوا سیستەماتیکی و فیکری دۆڕانەکە دەست نیشان ئەکرێت،  بیانوی وەک “ئەمریکا هەموو شتێکی بەدەستە” و “ئیسرائیل ناهێڵێت” یان “پارتی و یەکێتی واو وامان لێ ئەکەن” پاساو بۆ شکستەکانیان تەنها کۆلکە خوێندەوار بۆ خوارەوە قایل ئەکات. هەرچەند دوای دوا هەڵبژاردن و دۆڕان لە دوای دۆڕان هێشتا نابینین و نابیستین یەکێکیان بە ڕاشکاوانە بە چاوی ڕەخنە لە خۆگرتنی ڕاستەقینە نەک “تەوازوع”ی ڕووکەش یاخود هەوڵێکی کاڵفامانە تەماشای وەزعی خۆیان بکەن.

لە کۆتاییدا، ئەم جۆرە ڕەخنانە گرنگترین ڕەخنەن بۆ حیزبی ئیسلامی کە بیخوێننەوە بەڵام ئەوەش ناکەن، بەڵکوو ئەکەونە دوعای خێر بۆ نوسەر و وەرگێڕ و پەیامنێر تا خوا هیدایەتمان بدات.

تێبینی: دیسان کەوانە چوارگۆشەکان ڕونکردنەوە یان زیادەی وەرگێڕانەکەن. کتێبەکە لێرە ئەتوانی کەمێکی بخوێنیەوە یان لێرەوە بیکڕیت

کۆنەپەرست کێیە؟

ئیسماعیل بێشکچی لە کتێبی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ – بنەما کۆمەڵناسی و ئابوریە ڕەگەزیەکانی، ۱۹٦۹ چاپی ۲، لاپەڕە ۱٤٥ و ۱٤٦:

پێکهاتەی کۆمەڵگای ئێمە پشت بە هەندێ کێشە ئەبەستێت: پێش هەموو شتێک موڵکایەتی، تا دێت کێشەی دابەشبوونی داهات و هەندێ مەسەلەی تریش. ئەم کێشە بنچینەییانەی پێکهاتەی کۆمەڵگا، بەردەوامە لەسەر ئەوەی تا ئاستی گەمەی شۆڕش بۆ سودی گروپێکی بڵاو بەکاربهێنرێن. بەڵام تەبەقەی باڵادەست، بۆ شاردنەوەی ئەم کێشە بنچینەییانە دین و کۆنەپەرستی ئەخزێننە ناو پێکدادانە کۆمەڵایەتیەکانەوە، تەرکیزی ڕای گشتی ئەسوڕێنن بۆ ئەم لایەو ئەیانەوێت بەو جۆرە باڵادەستی خۆیان بەردەوام بێت. ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگاش سەختیەکی زۆریان توش ئەبێت بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاوا ببینن. کەوابێت لە کاتێکدا ناچاربین باوەش بۆ کردارێکی شۆڕشگێری بکەینەوە بۆ گروپێکی بڵاو ئەبێت هەمیشە کێشە بنچینەییەکان ئاشکرا بکەین، هەمیشە هەریەک لە پێشهاتەکان ببەستینەوە بە کێشە بنچینەیەکانەوە، وە بەتایبەتی خۆمان دور بگرین لەو پێکدادانانەی کەوا ڕای گشتی ڕا ئەکێشێت بەرەو لایەنی دیکە جگە لە کێشە بنچینەییەکان. ئەم پێکدانانە تەنها بە سودی ئیمپریالیستەکان (داگیرکەران) تەواو ئەبێت. بۆخۆی چێنراوی دەستی داگیراکەرانە.

جارێ ئەوەی لە کۆمەڵگای ئێستاماندا پێی ئەوترێت کۆنەپەرستی زۆر هەڵەیە. کۆنەپەرستی چونکە هەمیشە لەناو دین و کارو باری دینیدا گەڕاون ئەو ئامانجانەش خراونەتە ڕوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەکان ئەوانیش هەڵەن. کۆنەپەرستی و نوێخوازی، چۆن تا ئێستا وابوە، پەیوەندی بە دینی و کاروباری دینیەوە نیە، بەڵکوو پەیوەستە بە موڵکیەت و هەڵس و کەوتی پەیوەندیدار بە بەرهەمهێنانەوە. کەوابێت کەسێک کە ڕازی بێت داهات بگەڕێتەوە بۆ خەڵک بە گشتی و بۆ ئەم مەبەستە خەبات بکات، ئەو کەسە نوێخوازە، ئەوەشی نەیکات کۆنەپەرستە. ئەگینا کەسێک کە واجبە دینیەکانی خۆی جێ بەجێ بکات، وە هەتاکوو ئەگەر دروشمی دینیش بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی خۆشی استغلال بکات تا دەوڵەتێكی شەریعەتی دینی دروست بکات هەر کۆنەپەرست نیە. لەبەر ئەوەی ئەم دروشمە دینیانەش هیچ کاتێک دابڕاو نین لە مەسڵەحەتی سیاسی و ئابووری، وە بۆ بەدەستهێنانی ئەوان ئەم دروشمانە خراونه‌ته‌ ڕوو. وە دیسان ئەمەش سەرچاوەی جووڵەکەی چینە دەسەڵاتدارەکانە.

کەوابێت کەسێک کە ڕازی بێت داهات بگەڕێتەوە بۆ خەڵک بە گشتی و بۆ ئەم مەبەستە خەبات بکات، ئەو کەسە نوێخوازە، ئەوەشی نەیکات کۆنەپەرستە.