داهێنان بکە با دڵت خۆش بێ

“ئەکرێ دوو جۆر شتی چاک جیا کەینەوە، لەگەڵ دوو بۆهاتن (غەریزە). شتی چاک هەن کە ئەکرێ کەسانێک ببنە خاوەنیان و بیبەن بۆ خۆیان، شتانی چاکی تریش هەن کە ئەکرێ هەموان وەک یەک خاوەنیان بین. خواردن و جلوبەرگی پیاوێک هی کەسێکی تر نیە، ئەگەر هاتو دابینکردنیان کەموکوڕی تیابوو، ئەوا ئەوەی کەسێک هەیەتی لەسەر حیسابی کەسێکی تر پەیدای کردوە. ئەم یاسایە بەسەر شتە مادیەکاندا ئەچەسپێ بەگشتی، و بەشی هەرە گەورەی ئابووری ئێستای جیهانیشە. بەڵام لەولاوە، شتی چاکی ئەقڵی و ڕۆحی هی یەک کەس نین بێ ئەوەی هی کەسێکی تر بن. ئەگەر کەسێک خاوەن زانستێک بێت، ئەوە ڕێگر نیە لەوەی کەسانی تریش بیزانن، بە پێچەوانەوە، یارمەتیشیان ئەدات ئەوانیش فێری ببن. ئەگەر کەسێک هونەرمەند یان شاعیر بێت، ئەوە ڕێگر نیە لەوەی کەسانی تریش وێنە بکێشن یان شیعر بنوسن، بەڵکو هاوکاری ئەوە ئەکات کە کەشوهەوایەک دروست ببێ کە شتی وا تێدا بکرێت. ئەگەر کەسێک پڕ بێ لە نیەتی-باش بەرامبەر کەسانی تر، ئەوە مانای ئەوە نیە کە ئیتر نیەتی باش کەمبۆتەوە تا بەشی هەموان بکات، تا کەسێک نیەتی-باشەی زۆرتر بێ، ئەگەری بەخشینەوەی بە خەڵکانی تر زیاتر ئەبێت. لەو بابەتانەدا شتێک نیە بەناوی ‘خاوەندارێتی’، لەبەر ئەوەی بڕێکی دیاری کراو نیە کە بەش بکرێت، هەر زیادبوونێک لە هەر جێگایەک ئەبێتە هۆی زیادبونی لە جێگاکانی تر.

دوو بۆهاتنیش هەن لە مرۆڤدا، کە بەرامبەرن بەو دوو جۆرە لە شتی چاک. هەستی ‘بۆهاتنی خاوەندارێتی’ کە ئامانجی ئەوەیە شتی چاک پەیدا بکات یان بهێڵێتەوە لای کەسەکە کە ناکرێ بەش بکرێن، ئەمە بریتیە لە چەقی هەستی ‘خاوەندارێتی’. هەروەها هەستی ‘داهێنان’ یان دروستکردن هەیە کە ئامانجی ئەوەیە جۆرێکی تر لە شتی چاک بهێنێتە دنیاوە یان بەردەستی بکات بۆ بەکارهێنان کە تیایدا نە خاوەندارێتی لەگەڵە نە شاردنەوە.

باشترین ژیان ئەو ژیانەیە کە هەستی داهێنان زۆرترین ڕۆڵی هەبێت و هەستی خاوەندارێتیش کەمترین. ئەمە داهێنانێکی تازە نیە، ئینجیل ئەڵێ “بیر لەوە مەکەرەوە کە چی بخۆین؟ چی بخۆینەوە؟ یان چی لەبەر بکەین؟” ئەو بیرکردنەوەیەش کە ئەیدەین بەم شتانە لابراون لەسەر شتانێک کە بایەخیان زیاترە. لەوەش خراپتر، ئەو خوەی وات لێ بکات بیر لەم شتانە بکەیتەوە خویەکی خراپە، چونکە ئەتبا بەرەوە کێبڕکێ، حەسودی، زاڵبوون، دڕندایەتی و نزیک هەموو ڕەوشتێکی خراپ کە دنیای پیس کردوە. بە تایبەتیش، ئەڕوات بەرەو بەکار هێنانی هێز بۆ ڕاوکردن. شتانی ماددی ئەکرێ ببرێن بەهێز و دزێک لەزەتیان لێ ببینێت. شتانی ڕۆحی بەم شێوەیە نادزرێن. ئەکرێ هونەرمەندێک یان بیرمەندێک بکوژی، بەڵام ناتوانی هونەرەکەی یان بیرکردنەوەکەی ببەی بۆخۆت. ….”

بێرتراند ڕەسڵ، کتێبی ‘ئایدیالە سیاسیەکان’. ١٩١٧

شۆرتە گەورەکە

دکتۆر مایکڵ بەری (بێری) بە پێی پەتی لە ٢٠٠٥ پێشبینی داڕووخانەکەی ٢٠٠٨ ئەکات لە فلیمی “شۆرتە گەورەکە”. شۆرت بەمانا کوردیەکەی شۆرتی کارەبا.

لە فلیمە دۆکومێنتاریەکەدا، سێ کەسی/کۆمپانیای جیاواز ئەیانزانی ئەو هەموو قەرزە بۆ کڕینی خانووبەرە هەرەس ئەهێنێت و لە پشتیەوە کۆمەڵێ دز و جەردەی گەورە هەن. تەبیعی لە کالیفۆرنیاوە تا جەزیرە دەستکردەکانی دوبەی ئەمە هەمان شت بوو. ئەو سەردەمە بیرمە چاک، کاریگەری لەسەر عێراق نەبوو، چونکە ئەوان تازە دەستیان کردبوو بە دزیکردن.

یەکێکیان مارک باوم ناوێکە کە بە مناڵی مامۆستای مەکتەبە جولەکەکەی بە دایکی ئەڵێ: 

+ زۆر زیرەکە تەورات و تەلموود(هەرچی هەن ئیهمالی کە) هەمووی لەبەرە.
– دەی کێشەکە چیە بەڕێز؟
+ ئاخر بەدوای هەڵەدا ئەگەڕێ لە قسەی خوا
– دایکی: دەی هیچی دۆزیوەتەوە؟

ئەوی تریش تەبیعی مایکڵ خۆیەتی کە ئەوترێ لە عەمەلیاتێکدا *بەپێوە* خەوی لێ ئەکەوێ و ئەکەوێ ئەوەنە هیلاک بوە شەوی پێشوو بەدەست دیراسەی ئابووریەوە.

چی فێر بووم؟

١. هیچ بیانوویەک نیە مامۆستایانی بیرکاری پیرەکانیش فێری ژمارە نەکەن.

٢. کەسی ئاسایی وەک من توانای شتی لەم جۆرەی نیە، ئێمە غەرقین لە جوینی شتی خەڵکانی تر، خەڵکی ئاسایی. شتەکانمان ئاسایین، کێشەکانمان ئاساین، قسە و ئەفکارمان هەمووی ئاسایین. کە باسی موشکیلەیەکی خۆتت بۆ یەکێکی تر کرد و ئەویش وتی “دەی فڵان کەسیش…” ئیتر موهیم نیە چۆن تەواوی ئەکات، شتێکم وتوە ئەو مێشکی چوە بۆ کەسێکی تر. کەواتە منیش وەک ئەوانم.

٣. نابێ شتە بچوکەکان سەرقاڵم بکات.

تەنها خاڵی ٣ گرنگە. بیرکاریەکەشمان نەگەرەک گەر وەک مارک بیت.

تێبینی: دوێنێ سەرۆکی کۆمپانیای AT&Tی ئەمریکی کە دۆناڵد ترەمپ وتی خاوەنی CNNن بە مەعاشێکی ٢٧دەفتەر بۆ یەک مانگ، تەقاوت بوو.

سەرمایەداری چیە؟

بۆ من کە کاتێکی وا شک نابەم بۆ زۆرێک لەم بابەتانەی لەسەریان ئەنوسم، ڕای کەسێک یان بیردۆزێک بەسە پەسەند بێ لەلام تا ئەوکاتەی شتێکی باشتر یان ڕاست ئەکرێتەوە بۆم. لەگەڵ وتنی ئەمەشدا ڕاستیەکەی تا ئێستا دانەنیشتووم خوێندنەوەیەکی قوڵ بۆ سەرمایەداری بکەم. بەڵام هەمیشە بناغەی سەرمایەداری یان کەپیتاڵیزمم بە پێناسەکەی خۆی وەرگرتوە کە لە ئۆکسفۆردیش ئەمەیە: خاوەنێتی موڵک و سەرمایە لەلایەن تاکەوە نەک دەوڵەت، بەڵام لە ویکیپیدا ئەم پێناسەیە دانراوە و سەرچاوەکانی لەوێ ڕیزکراون:

خاوەنێتی موڵک و سەرمایە لەلایەن تاکەوە و بەکارهێنانی بۆ قازانجی زیاتر.

پرۆفیسۆر حەراری لە کتێبەکەیدا شتێکی تر ئەڵێ کە من نەمبیستبوو دەربارەی سەرمایەداری. دیسان لە چوارچێوەی شێوازی پێشکەوتنی ڕۆژاواییەکان کە لەبابەتی پێشوو وتمان جیاواز تەماشای زانست و زانینیان کردوە. بەوە دەست پێ ئەکات کە فەیلەسوفی سکۆتلەندی ئادەم سمیث و دامەزرێنەری ئابووری نوێ، پێناسەی کەپیتالیزمی جیاواز کردوە.

گوایە سمیث وتویەتی کە سەرمایەداری بریتیە لە بەکارهێنانەوەی تەواوی سەرمایەکە دوای ئەوەی زیادەیە لە بەخێوکردنی خێزان و پێداویستیەکانی خاوەن سەرمایەکە بۆ دروستکردنی کار و بەرهەمی تر بە خەڵکی دەوروبەر. ئەمەش مەعنای وایە، تا کەسێک دەوڵەمەنتر بێ، کەسەکانی چواردەوری یان کرێکارەکانی زیاتر سودی لێ وەرئەگرن، کە باشترین نمونە لە مێشکی مندا کەسابەتەکەی خاوەن ماستی چۆبانیە کە کوردە و زۆرێکیش لەم کوردانەی لە دەرەوە کار و کەسابەت ئەکەن. وە ئەمەشم لەگەڵ دۆستانی نزیک زۆرجار باسکردوە بەڵام نەمزانیوە کە ئادەم سمیس پێش ٣٠٠ ساڵ باسی کردوە و بەبیردۆز خستویەتیە ڕوو.

پرۆفیسۆر حەراری ئەوەش ڕوون ئەکاتەوە کە لەسەر ئەو بنەمایە، گەر کەسێک یان کۆمپانیایەک، سەرمایە کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی لە خەڵکی دابڕێ ئەوا ئەوە سەرمایەداری پێ ناوترێ. چەندین بەڵگەش ئەهێنێتەوە کە بوونی ئەم جۆرە لە سەرمایەداری ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دادگایەکی سەربەخۆوە. لە کاتی نەبوونی دادگای سەربەخۆدا، ئەو ئەڵێ کەوا هەر جۆرە قەرز و کرێدیت بەخشینێک (کرێدییش خۆی بابەتێکی پێویستە)، سەرناگرێ و سەرەنجام وەک پرۆژەکەی شا لویی‘ی شانزەیەمی فەڕەنسی ئەکرێ ببێتە هۆی ئیفلاسکردنی حکومەتەکە و دواتریش ڕووخانی پاشایەتی لە فەرەنسا و بەرپابوونی شۆڕشی فەڕەنسی.

بە کورتی ئەو ئەڵێ ئەم سەرمایەداریەی ئادەم سمیث ناساندویەتی، لەگەڵ دیکتاتۆر و گەندەڵدا نایکرێ، بەڵکوو لە جێگایەکدا گەشە ئەکات کەوا دادگا تیایدا سەربەخۆبێ و لە کاتێکدا خاوەن مافێک مافەکەی خورا، بکرێ مافی بۆ بگەڕێندرێتەوە.

بە بڕوای پرۆفیسۆر حەراری، ئەم بیرکردنەوەیە، ئەوەی کە تا خاوەن سەرمایەکە بازرگانیەکەی گەورەتر و بەرهەمی زیاتر بێ، کرێکارەکانی خۆشتر ئەژین، وای کردوە کەوا ڕۆژاواییەکان بەم شێوەیە پێشکەون. نمونەی دامەزراندنی بۆرسەری ئەمستردامیش ئەهێنێتەوە وەک یەکەم شوێنی سەرمایەگوزاری بەکۆ، کە ئەو ئەڵێ لە سایەی دادگا سەربەخۆکانی هۆڵەندیەکاندا بوە. هەر لەم ڕوەوە ئەو ئەڵێ ئەم جۆرە لە سەرمایەگوزاری و سەربەخۆیی دادگا وای کرد کە هۆڵەندیەکان نەک ئیسپانیەکان دەربکەن لە وڵاتەکەیان، بەڵکوو ئەو ئەزموونە گەورەیەی دەریاوانی ئیمپراتۆریەتی ئیسپانی لەوان باشتر ئەنجام بدەن و ئەمڕۆ هۆڵەندیەکان بە پێشکەوتووترین ئەندازیاری ئاو و ئاوەڕۆ ناسراون.

پرسیارە گرنگەکەش کە پرۆفیسۆر حەراری ڕووبەڕوی ئەبێتەوە، ئەوەی کە چۆن ئەکرێ بەردەوام قازانج بکەیت و بەکاری بهێنیتەوە، چی ڕوو ئەدا کاتێ ئیتر کڕیار نامێنێ، بۆ نمونە خواردن ئەوەنە زۆر بوە کە خەڵک ئیتر قەڵەوبوون، دوو وەڵامی بۆ دا ئەنێ کە کاتێکی تر باسی ئەکەم. بەڵام گرنگ ئەوەیە بەشێک لە وەڵامەکە لە پێناسەکە نزیکەو و ڕاستی ئەمڕۆی ڕۆژاواییەکانە، ئەویش ئەم دیاردەیەیە: فەقیرەکان خواردن وا زۆر بوە لایان کە زۆرێکیان قەڵەون، دەوڵەمەندەکانیش وەک فەقیرەکانی جاران، ناتوانن تێر نان بخۆن و هەمیشە خەریکی ئەوەن ئەوەی لێیان زیادە دووبارە سەرمایە گوزاری پێ بکەن کە پێناسەکەی ئادەم سمیث دەقاودەق ئەپێکێت.

چەن ئەم جۆرە سەرمایەداریە ئەگونجێ لەگەڵ دین، وە چەندە شێوازەکانی تری سەرمایەداری یاخوود تیۆرە ئابووریەکانی تر ئەکرێ بەسەر ئەم جۆرە لە سەرمایەداریدا زاڵ ببن، نە پرۆفیسۆر تەواو باسی ئەکات نە منیش زانیاریەکی وام هەیە یارمەتیت بدەم. بەڵام بە کورتی ئەکرێ تۆش و منیش هاوڕابین لەسەر ئەوەی کەوا گەر ئەم جۆرە لە سەرمایەداری بەسترابێتەوە بە دادگای سەربەخۆوە، ئەوا ناکرێ شتیکی خراپ بێت. ئەو ڕاستیەش کەوا سیستمێکی تر لە ٣٠٠ ساڵی ڕابردوودا زاڵ نەبوە بەسەریدا ئەکرێ دیسان بەڵگەبێ بۆ خراپ نەبوونی سیستمەکەی ئادەم سمیث.

 

کورتە وەڵامێک بۆ مایکڵ ڕووبین

1
وەڵامی “ئایا کوردستان ئابووریەکەی شایانی گەشەی دەبێت؟” کە تیایدا وەک ئەوەی جەنابی لەسەر کەلەپوری گەلگامێش دانیشتبێ گاڵتە بە ئەقڵی ناودارترین کوردی ئەم سەردەمە ئەکا و نمونەی ئەلیکزاندەر هامیڵتۆن ئەهێنێتەوە بۆمان. وەک ئەوەی نەزانین سەروەتی ئەمریکا بەچی بونیاد نراوە.

پرۆژەیەک هەیە بەناوی LongNow ، یەک شتت فێر ئەکەن: درێـــــــــژ ببینە و بیرکەرەوە کێشەکان بچوک ئەبنەوە و سادە ئەبنەوە لات.

جا من کاتم نیە خۆ بە فەیلەسوف زانی وەک مایکڵ ڕوبن بە تێر و تەسەلی زانستیانە هەڵتەکێنم بەڵام وام ئەزانی ڕاستگۆیە تا ئەم ڕاپۆرتە سەدو قسور پەڕەییەی. گوایە کەس ئەقڵی بەوە نەشکاوە بیر لە دوای سەربەخۆبوونی کورد بکاتەوە، جەنابی حەزرەت و بلیمەتیان نەبێت.
دوای ئەم پەرەگرافەی لە وێنەکە دامناوە، ئیتر ڕاپۆرتەکەیم تەواو نەکرد، تەواویشی ناکەم لە تویتەریش کە زیاد لە دوو مانگە بێدەنگم، بۆم نوسی حەزەکەم بە کوردی بنوسم “زۆر ناپیاویت” بەس کوردی نازانێ بەڵام بەوەیدا کە وشە تورکیەکان لە جێگای خۆی دا ئەنێتەوە تورکی چاک ئەزانێ وادیارە. ئەوەش بۆ خۆی ڕەخنەم بوو لە خەڵکی تر، لەویشە تەبیعی بەڵام قەیدی نیە جارێ سەرچاوە زانستیەکەی دیار نیە بۆ ئەو ڕەخنەیان.
ئەمە وەڵام نیە بۆ خۆی، وەک وتم کوردی نازانێت. ئەمە تەنها وەستانێکی خێرایە (نزیک سەعاتێک کاتی کوشم) بۆ ئەوانەی وەک من خۆیان بە کورد ئەزانن و ڕاپۆرتەکە ئەخوێننەوە. تەنها چوار قسە:
0. لەبیرت بێ دەوروبەرەکەت زۆر گرنگە و خۆشت و ئەوانیش بە کەم مەزانە.
1. لەسەر داهاتووی برازا و خوشکەزاو ملیۆنەها نورسی، سوبحانی و شارەزووری و نالی و مەحوی و هتد قسە نەکەی باشە.
2. لەسەر “دوژمی دوژمنەکەم” ئیش مەکە، باوەڕ بکە ناپیاوی وات بۆ دەر ئەچێ، هەزار خۆزگە بە دوژمنەکەت ئەخوازیت دوایی.
3. دوووووووور و درێـــــــــژ بیرکەرەوە.