سیاسەت قێزەونە.
کورد و کوردستان لە ٢٠٢٢دا زۆر خاتری بگریت پرۆژەیەکی سیاسی ڕووتە. ئەگەر لای من شتێک بخوێنیتەوە کە تیایدا بە توندی دژ بەو پرۆژەیە بوەستم مەگەر “خۆت لە گێلی بدەیت” بیبەیتەوە سەر شتی تر، دەنا دەبێت زۆر بەڕوونی بزانیت مەبەستم کێیە و چیە. ئاشکرایە هەموو پرۆژەیەکی تری نەتەوایەتیش هەروا پرۆژەیەکی سیاسیە بەڵام ئەوەندەی مێژووی گەلان ئەخوێنمەوە ئەوان زیاتر ئایدۆلۆژیا، بە فیکری بەناو فەیلەسوفێک یان تەنها حەزی دەسەڵاتێکی ڕووت وای لێکردوون ئیمپراتۆریەت یان دەوڵەت دروست بکەن، و جیاوازە لە پرۆژەیەکی وەک کورد و کوردستان. باوەڕم وایە لە نەتەوەکانی تریشدا نمونەی تری نزیک لە کورد و کوردستانی ئێستا هەبێت.
کورد و کوردستان پێش هەموو شتێک پەیوەندی نیە بە زمانی کوردیەوە، واتە بۆ خزمەتی زمانەکە دروست نەکراوە یان ئامانجی سەرەکی جوڵانەوەکە نیە. ئەنجا پەیوەندیشی نیە بە تاکی کورد یان بە کەلتور و عادەتی کورد جا هەر چیەک هەیە و هەر چۆنێک هەبێت. کە ئەڵێم خاتری بگریت، مەبەستم ئەوەیە لە قازی محمەدەوە تا سجن کردنی ئۆجەلان و دەمیرتاش پرۆژەیەکی خێڵەکی و حەزی دەسەڵاتی کۆمەڵێک پیاوە (ژنی تێدا نیە). لە حاڵەتی ئۆجەلاندا ئەکرێ بڕوا بکەیت کە بەڕاستی دژی خێڵەکی بوونە یان هیچ نەبێت کەمێ جیاوازە لە کورد و کوردستانەکانی تر. ئەمە هیچ لەوە ناگۆڕێت لای ئەوانیش زمانی کوردی ئامانجی سەرەکی پرۆژەکە نیە.
ئەگەر ئەم نوسینە بکەم بە کتێبێک، هەڵبەت بەشێکی تەرخان ئەکەم بۆ ئەو بەڵگانەی کە ڕوون و ئاشکرا ئەمە دەردەخات. بۆ نمونە، بەشێکی تەرخان ئەکەم بە شیکردنەوەی “سی ساڵ خەبات و وڵاتێکی وێران” و کتێبی تر. یان بۆ نمونە خستنە ڕووی بەڵگە و توێژینەوە کە ئەگەر پرۆژەکە حەزی دەسەڵاتی ئەم کۆمەڵه ئینسانە خۆپەرستانە نەبوایە، *لەوانەبوو* یەکێک لە سەرکردەکانی ئەم چوار وڵاتەی کوردی تێدایە قەناعەتی بکردایە کە خەڵک ئازاد بن لەوەی بە چ زمانێک بیانەوێ قسە بکەن، بخوێنن و بەشداری لە دەوڵەتەکەیاندا بکەن. هەروا ئەگەر پرۆژەکە بەڕاستی مەسەلەکە زمانی کوردی و جیاوازی “نەتەوە”ی کورد بایە لە عەرەب، فارس، تورک و هتد، ئەوا دەبوایە حیزبێکی کوردی هەبوایە کە یەکەم و دوا ئامانجی پێشخستنی زمانەکە بوایە کە ناسنامەی پرۆژە خێڵەکی و حەزی دەسەڵاتی ئەو پیاوانە بوە و هەیە، یان هەر شتێکی تر کە بەڕاستی لە خزمەت خەڵکی کورد وە خاکی کورددا ببوایە. نمونەی تر و توێژینەوەی تر کە بگەم بەو ئەنجامەی کە ئایا ڕاستم یان هەڵە لەم بۆچوونەم.
بۆیە، پرۆژەی کورد و کوردستانی ئەم جۆرە کەسانە قومارخانەیەکە کە کارمەندەکانی زۆربەیان دکتۆرایان هەیە لە زانکۆ ڕۆژاواییەکان. بەرهەمەکەشی کوڕ و کوڕەزاکانیان وەک گورگ خواردوویانە و بەردەوام ئەیخۆن. قوڕبەسەریەکەشی کیمیاباران، ئەنفال و ئێستاش شکاندنی کەرامەتی تاکی کوردە کە خێڵی کوردی هەموو ئان و زەمانێک ئامادەیە بیفرۆشێت بە دوو عانە، وەک کرمانج گوندی و دەیانی تر لەسەریان نوسیوە و فایەق بێکەس کردویەتی بە شیعریش. کە بە گەنجی وام ئەزانی فایەق بێکەس، وەک زۆر لەتە-خوێندەواری تر، دەبێت لە “توڕەییدا” قسەی وای کردبێت.
هەر بەو لۆجیکەش، ئەم نوسینەی پێشترشم پیاچوونەوەی پێویستە. چونکە ڕوون و ئاشکرایە کوردایەتی نە عەرەبایەتیە، نە تورکایەتیە نە هیچ جۆرە نەتەوایەتیەکی ترە، چونکە هەمان کۆمەڵە خەڵک ئەنجامیان نەداوە تا وابێت. تایبەتمەندی خۆی هەیە و تایبەتە بەم کۆمەڵه سیاسیەی کە لە بێڕەوشتترین ئینسانی سەرزەوی و مێژووی بەشەرن. شتێکی تایبەتە بە کۆمەڵێک ئینسانی خۆپەرستی دز و پیاوکوژ. بەڕاستیش تا دەسەڵات بدرێت بە سیاسیە کوردەکان، وەک لە بەشی یەکەمدا هاتوە، ئەو دارەی لەسەری وەستاون ئەیبڕنەوە و یەکەمجار ملی خۆیان و ماڵ و مناڵیان ئەشکێنن ئەگەر ١٠٠ ساڵی تریش نەوت بدزن.
لە کۆتاییدا، جارێکی تر پێم ناخۆشە کە ببینیت من لەسەر کورد و کوردستان بنوسم، وابزانیت توڕە بووم، بێتاقەتم یان هەر شتێک لەو بابەتە. هەروا زەڕەیەک حەماسەت چ بەرامبەر یان لەگەڵ بابەتێک ئەزانم دژی بەڵگە و لۆجیکە؛ ئەرکی سەرشانی ئەوانەیە کە ئەزانن زانیاریەکەیان بە ئەمانەتەوە بێ هیچ عەتف و هەڵچوونێک، بە ڕەق و تەقی بیڵێن یان بینوسن. هەڵبەت ئەزانم سروشتی ئینسانە، چەندە هەوڵ بدەیت و خۆت هیلاک بکەیت بە ڕوونی بنوسیت یان قسە بکەیت، خەڵکانێک (نزیک یان دوور، دۆست یان نەیار) هەر بە شێوازێکی تر لێی حاڵی ئەبن بە تایبەتی بابەتێکی وا هەستیار و پڕ عاتیفە.