پیاو ئەبێ سنوری خۆی بزانێت

ئەو سەردێڕە لە یەکێک لە فلیمەکانی کلینت ئیستودا هاتوە و من لە بواری پرۆگرامنوسیندا بیستومە. باشترین ئامۆژگاریە بۆ کەسێک بیەوێ دەست بداتە پرۆژەیەک و خەوی گەورە ببینێت. ئەبێ ئاگاداری ئەوە بیت کە سنوری تواناکانت لە کوێدان بۆ ئەوەی ئەگەر پێویستت بە هێزی زیاتر هەبوو وا نەزانی لای خۆت دەست ئەکەوێت و بڕۆی بەدوای هێزی زیاتردا بگەڕێیت. ئیتر خوێنەر دڵنیام بە شێوازی تر تێی ئەگات و بەسەر خەڵکی تریشدا ئەی سەپێنێت.

لێرە ئەو سەردێڕە بەکار ئەهێنم بۆ ئەوەی خوێنەواری کورد ئاگادار بن کەوا تواناکانیان لە ئاست ئەو هەموو خۆفوتێکردنەدا نیە و ئەگەر بڕیارە کارێکی گەورە ئەنجام بدەن، پێویست ئەکات سنوری تواناکانی خۆمان بزانین. پێشتریش، کە بڕیار بوو لەسەری بنوسم لێرە، کتێبی ڕۆژهەڵات ناسێکم چاو لێکرد بەناوی ساوسگەیت کە سەردانی ناوچە کوردەکانی نزیک بیتلیس و ئەوەی بە کوردستانی باکور ناسراوە کردوە لە ١٨٤٠دا و نوسیبوم کە ئێمە بەڕاستی ئەوە مێژوەکەمانە نەک سرودی ئەی ڕەقیب و قسەی دڵدار و کەسانی نەتەوەپەرست و بەحەماسی تر.

ئەمڕۆ چاوم کەوت بە فلیمێکی بێدەنگی ساڵی ١٩٢٦ کە ئەرمەنیەکان دەریان کردوە لەسەر “چاند”ی کورد. گەر باوکی هەر کەسێکمان تا ١٩٦٠یش لەدایک بوبێ ئەم فیلمە ژیانی باپیرانی هەموومانە، واتە ئەوەندە کۆن نیە کە لە وێنەکانیدا وا هەست ئەکەین، بەڕاستیش ئەو خانوانە نیشان ئەدات کەوا ساوسگەیت لە کتێبەکەیدا باسی کردوە. هەڵبەت ڕووت و قوتی مناڵەکان نیشان نادات، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ساوسگەتی ٨٠ ساڵ بەر لە فیلمەکە سەردانی ناوچە کوردەکانی کردوە. تەمەنی باشیان هەبێ لەوانەیە باوکی هەندێکیشی تێدا بێت.

ئەوەی لە تەماشاکردنی ئەم فیلمە و لە کتێبەکەی ساوسگەیت تێبین ئەکەم:


١. بە چ ڕوویەک بەناو خوێندەواری ئێمە خۆمان ئەکەین بە خاوەن زانستی یۆنان، بابل، سۆمەر یان هەر شارستانیەتێکی تر کە وەک لە فلیمەکە ئەیبینی لەگەڵ بزندا نەخەوتبن؟ یان وەک نوسەر نوسیبوی چاڵێکیان نەکردبێ بە خانوو و چاڵێکی تریش لەناویدا ئاگریان تیا کردبێتەوە. ماڵی کورد ئێستاش، بەرد و چیمەنتۆ، ١٠٠٪ پێچەوانەی ئاو و هەوا دروست ئەکرێت. بزنی داماو هەناسە نادا ئەخورێت، بەڵام ماڵەکانمان زیاتر لە حەشارگەی سەربازی ئەچێت تا باسی فێنکی یان هەر چۆڕە ئەقڵێکی تر. لە چاو دروستکردنی پارچەی کۆمپیوتەردا ئەم دەقەیە ژیانی نەک کورد دەیان وڵاتی تریش وەک ئەوەیە لەگەڵ بزندا بخەویت.


٢. ئەم خۆفشکردنەوە و تەمبەڵیەی خوێندەواری کورد و زۆر نەتەوەی تر کە هەموو شتێک ئەکەن بە خەتای ئینگلیز یان خەتای کەسێکی تر، بە چ ڕوویەک ئەم دیمەنانە ئەبینن و هەر سورن لەسەر ئەوەی کورد خۆیان دز، پیاوکوژ و ماستاوچی نین؟ هەر بۆیە ئەم دوو خێڵە دز، پیاوکوژ و ماستاوچیە بوونەتە دەمڕاستیان.


٣. ئەم خاڵە مەبەستمە: کورد ئەم دەقەیە ئەبێ چاوەڕێ بێت جارێکی تر مێشک پوچی وەک تالیبان داگیری بکات و لەدوای ٢٠٢٥یشەوە زەحمەتە بتوانێ نەوت بفرۆشێت یان جاشایەتی سودی هەبێت. بۆچی؟ چونکە ئەوە ڕابردووت بێ ئەمەش ئێستات بێت ئەبێت سنوری خۆت بزانیت. گۆڕانکاریەکانی تەکنۆلۆجیاش لە چەن سەد ساڵی ڕابردوودا وای کردوە چۆن لە ڕابردوودا خاوەن زەوی ئەیتوانی جوتیار برسی بکات، ئێستا جوتیاری زیرەک (ڕۆژاواییەکان) لە دورەوە چاوەڕێن پارەیان بدەیتێ بێن زەویەکەت بۆ بکێڵن. بۆیە قەتەر ڕێکەوتنی چەندین ساڵی ئیمزا ئەکات لەگەڵ سوپای بەریتانی کە لە وڵاتەکەیان دەرنەچن.


بۆ زانیاری بێسودیش، ئەمە وای کرد بخوێنمەوە کەوا یەک لە کۆنترین فلیمی جوڵاو لە لیدس لە ١٨٨٨ تۆمارکراوە لەلایەن کابرایەکی فەرەنسییەوە.

بابەتی “زارێ” لە ویکی سۆرانی.