شوێنکەوتووانی پێش تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان

لە کتێبەکەیدا نوسەر نوسیویەتی کە تەواوی فیکری مرۆڤ ئەفسانەیە.

گێژکردن یان با ئەرێنیانەتر بنوسین سەرسامکردنی خەلک بە ئەفکار، تا ئەو کاتەش کە بۆی هەیە بەشەریەت بە ژیری دەستکرد لەناو بچێت بەردەوامی ئەبێت، جا نازانم دوای ئێمەش هەر وا ئەبێت یان نە، مەبەستم ئەوەیە کاتێک کۆمپیوتەر فێری بیرکردنەوە بوو، ئەوانیش وەک ئێمە هەوڵی شوێنکەوتوان ئەدەن یان نە، دڵنیا نیم لەمەیان.

هەمیشەش ئەتوانی لەناو تەسکترین فیکردا فیکرێکی تر بخولقێنی چونکە خۆی پێناسەکەی ئەوەیە. مەبەستم ئەوەیە کەوا فیکر بۆخۆی هەڵێنجراوە لە فیکری تر. وەک ژمارەی دوای فاریزە یان هەر ژمارە سروشتیەکان خۆیان دێتە پێش چاوم. کابرایەک ئەڵێ ٠.١١ تۆش ئەڵێی بەڵێ قوربان ٠.١١ بەڵام ٠.١٢١ جوانترە چونکە ئەملاولاکەی ئەکاتە ناوەڕاست. یان کابرایەک وتویەتی ١١ تۆش ئەڵێی ١٢١، کە ئەپرسن بۆ، تۆش ئەڵێی ئاخر ئەو هەر تاقەتی نەبوە لە ١ زیاتر بەکار بهێنێ ئەها من جوانترم داناوە دووم لە نێوان دوو یەکدا داناوە. پڕماناترە ژمارەکەی من.

ئیتر بۆخۆی ئەفلاتون و کاک زەینەفۆن کە کوردی قوڕبەسەر لە ناو کتێبەکانی ئەودا بۆ خۆی ئەگەڕێت، بە دڵی خۆیان قسەی پوچیان کردوە و فەلاسیفەش خەریکی موناقەشەکردنی بوون. بۆ نمونە جەنابی ئەفلاتون باوەڕی وابوە ئینسان نەک هەر ڕۆحی تێدایە، جا هەر بەڵگەیەکیشی هێنابێتەوە بۆی لە فیکرەکە خۆی پوچتر بوە، بەڵکو وتویەتی کەوا ڕۆح نەمرە و زیندوو ئەبێتەوە لە دوای مردن. ئیتر بەم شێوەیە کابرایەکی تر هاتوە وتویەتی “من لای دروستکەری ئەو ڕۆحەوە هاتوم کە ئەفلاتون باسی ئەکات” و “من ناوم عیسی”یە و ڕۆحەکەم لە خۆی وەرگرتوە و دایکم بە کچی منی بوە یان هەر چیرۆکێکی تر. وەک وتمان ٠.١٢١ بۆخۆی دا ئەنێت و ملیارەها بەشەریش بۆی ئەگرین وای تخوا لە خاچ درا.

بۆچی ئەم هەرایە ئەکەین؟ چونکە بێ ڕوونکردنەوەیەکی باش، تەنها ئەزانین لە سەردەمێکدا ئێمەی مرۆڤ فێری بیرکردنەوە بوین. لەمە دڵنیاین چونکە دیکارت وتەنی چونکە هەین. کە مادام ئەتوانین بڵێین هەین، کەواتە ئەشتوانین بڵێین ئێمە فێری بیرکردنەوە بوین. بیرکردنەوەکانیشمان وەک جۆن لۆک ئەڵێ، سەرچاوەی کردارەکانمانە جگە لە کردارە بایۆلۆجیە رووتەکانی وەک چاوتروکاندن و برسی بوون و هتد. شتی وەک ڕۆشتن بۆ سەر بەرزاییەک بۆ تەماشاکردنی جێگایەکی خۆش شتێکی بایۆلۆجی یان بێئاگا نیە نەڵکو شتێکە هاتوە بە مێشکماندا و ئیتر بڕیارمانداوە بیکەین.

جگە لەوەش کە سەرچاوەی کردارەکانمانە، تەواوی ئەفکاریشمان، تەبیعی، وەک کابرای ژیر وتویە ملکەچی حەزەکانمانە. چونکە لە شوێنێک یان لە کەسیکمان بیستوە ئەو جێگا بەرزە خۆشە بۆ بینین ئیتر ئێمەش بڕیارمانداوە بڕۆین بیبینین. ئەمەش وا ئەکات کە بزانین گرنگی فیکر چەندە بە تایبەتی کاتێ ئەبینین بە دوو قسەی وا چەندین کەس شوێنمان ئەکەون. بۆ نمونە ئەگەر بڵێین جەناب تۆ ڕۆژی ئەوەندە جار فڵان و فیسار شت بکە من پێت ئەڵێم دوای مردن لە خۆشترین جێگا ئەژیت کە ناوی بەهەشتە. تەبیعی فیکری بەهەشتیش خۆی دروستکراوی کەسێکی تر بوە یان بۆهاتنی خودی ئەفلاتون بوە و ئیتر بەکار هاتوە بۆ ئەوەی خەڵک شوێنیان بکەون. دەی وەڵامم بدەرەوە بۆ وا ئەکەین؟ بۆ ئەوەی دانیشین بۆ خۆمان و ئەو کەسانەی شوێنمان ئەکەون هەم خزمەتتمان بکەن هەم پارێزگاری. هیچی تر.

ئەمەش ئەمان گەیەنێتە سەر ئامانجی کەسانی تر لە ڕەخنەگرتن لە پێشەوایانی کەسانی تر. بەو هیوایەی کە شوێنکەوتوەکان هەندێکیان واز بهێنن لەو پێشەوایە و شوێن ڕەخنەگرەکە بکەون. دەنا من چیم داوە لە ڕەخنەگرتن لە فەلاسیفەی یۆنان؟ بۆ ئەوەی ژمارەی خوێنەرانی ئەم بڵاگە زیاتر بن و لە داهاتوو منیش وەک ڕۆناڵدۆ بۆ یەک پۆست داوای ١.٢ ملیۆن پاوەن بکەم. حەزەکانی مرۆڤ هەر ئەوانەن کە پیاوە ژیرەکە باسی کردووە.

بۆیە بەڕاستی ڕەخنەگرتن لە پێشەوایانی کەسانی دیکە ئامانجەکەی ئەوەندە شاراوە نیە کە هەندێک وای بۆ دەچن.