شیوعیەت یان سۆشیالیزم چیە ئەگەر تەکنۆلۆجیا نەبێت؟

نوسەری “مرۆڤەخودا” – هۆمۆ دیوس – ئەڵێ هۆکاری ئەوەی مەهدیەکەی سودان سەرکەوتو نەبوو وەک کارل مارکس، تەبیعی ئەو ناوی نورسی نازانێ، من ئەڵێم کەسێکی وەک سەعیدی نورسیش، ئەوەیە کەوا کارل مارکس و جەماعەت زیاتر دیراسەی تەکنۆلۆجیای سەردەمیان کردبوو.

یەکەم جارە ئەبیستم نوسەرێک بڵێ شیوعیەت یان ئەوەی لە هەڵەبجە کردبویان بە جڕوجانەوەر لێمان “کۆمۆنیزم” هیچ نیە ڕەنگدانەوەی تەکنۆلۆجیای سەردەم نەبێ. کە وردیش ئەبینەوە بێ ئەوەی پێویست بە بەڵگەی زیاتر بکات ئەبینین ڕاستەکات، شیوعیەت چیە ئەگەر تەکنۆلۆجیا نەبێ‌ بۆ دابەشکردنی “ئامرازەکانی بەرهەم هێنان” کە بنەمای سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمی مارکس و ئەنگلسە. یان شیوعیەت چیە “کارەبای ڕەئیسی” نەبێ؟ ئەگەر وەزارەتی تەندروستی بۆ هەموان نەبێت؟ واتە ئەگەر کات بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانیە کۆنەکان کە گوایە بناغەی کۆمەڵگەرایی/کۆلێکتیڤیزم لەوێوە هاتوە، چۆن ئەتوانی دەرەبەگێ ناچار بکەی لە داهاتەکەی بەشی کەسی تر بدات؟ لە ڕاستیدا ئەوە بازدانێکە دەنا دەرەبەگەکەش ئەگەر”تەکنۆلۆجیا”ی کشتوکاڵ نەبێ، کەسێکە ئەبێ‌ بەدوای نێچیرێک یان دار هەنجیرێکدا ڕا بکات تا بتوانێ نان بۆخۆی پەیدا بکات. ئیتر کۆمەڵگەرایی لە کوێیە؟

کام سۆشیالیزم ئەتوانێ باسی ئەوە بکات کە با فڵان شتی هاوبەشمان هەبێ ئەگەر تاکێک داهاتی زیادەی نەبێت؟ ئەبێ تەکنۆلۆجیا/ئامرازی بەرهەم هێنان گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتبێ تا بتوانین باسی خوێندنی گشتی، تەندروستی گشتی، خزمەتگوزاری گشتی و هەروەها دەسەڵاتێکیش چاودێری ئەوە بکات بکەین. بە دەستەواژەی قەبە و ڕیزکردنی چەندین کتێب و ڕۆژنامە کە نوسەرەکەی مەبەستی خۆدەرخستن زیاترە وەک زانیاری دەربڕین بەدڵنیایەوە کەس ناتوانێ هەڵەنجاندنێکی زانستی بکات وەک نوسەری کتێبەکە، نمونەی خراپیش زۆرن لەوانە بابەتی شیوعیەتە لە ویکیپیدیا.

وەک خۆشی ئەڵێ و بە وردبوونەوەی زیاتر لە ڕاکەی نوسەر هەردو کارل مارکس ودواتریش لینین کە خۆی کوڕە ئەریستۆکرات بوە، ئەبوایە چارەکێکی نورسی سەرکەوتوو نەبونایە، کەچی بە پێچەوانەوە لە ناو جەرگەی سەرمایەداریدا بەریتانیا سیستمی تەندروستی خۆڕایی و دواتریش سۆشیال دا ئەمەزرێنێت و گۆڕەکەی مارکسیش لەخۆ ئەگرێت. بۆچی؟ چونکە ئەوان تەرکیزیان لەسەر تەکنۆلۆجیا بوە خەڵکی وەک نورسی لەسەر دەقە هەنوکەیی و کۆنەکان. بناغەی قسەکردن لەسەر شیوعیەت بریتی لە “ئامرازی بەرهەم هێنان” یان “نرخی بەرهەمهێنان” هەردوک ئابورین و ئابوریش تەکنۆلۆجیا هێناویەتیە بوون. ئیتر جیاکردنەوەی مرۆڤ لەسەر ئاستی “بۆرژواز و پرۆلیتار” و قسەی پوچی لەو شێوەیە ئەتوانی لای ڕەسڵ زیاتر لەسەری بخوێنیتەوە (کە خەریکی وەرگێڕانیم) چونکە مرۆڤ هەر مرۆڤە، چ ژن چ پیاو، چ سپی چ ڕەش – یان بگەڕێوە بۆ کتێبی یەکەمی نوسەر “هۆمۆ ساپیەنز” بۆ زیاتر لەسەر ئەمە.

کەوابێ، بە قسەی نوسەر، ئەکرێ چۆن لەناو جەرگەی مەسیحیەتێکی توندڕەودا شۆڕشی ئەقڵاندن و ژیری دروست بوو، ئاواش لەناو کۆمەڵێ موسوڵمانی ڕاستگۆدا جارێکی تر وەک عەباسیەکان خەریکی تەکنۆلۆجیای زانیاری و ژیری دەستکرد بن. هەر نوسەر خۆی لە کتێبەکەیدا ئەڵێ، ئەبوایە ئەستەنبوڵ گالیلۆی دروست کردایە نەک ڕۆما، چونکە ئەستەنبوڵ ئەوکاتە پاریسی ئەوروپا بوو. بۆیە ئازادی مەرج نیە داهێنان لەگەڵ خۆی بهێنێت کە زۆرمان ئەیزانین و هەندێکیش وەک نەعامە سەرمان کردوە بە لمدا. بە کورتی وەک خۆی ئەڵێ: گرنگ نیە چەن ملیار کەس ئەزانن فڵانە شت بکەن، گرنگ ئەوەیە چەن کەسێک هەبن خەریکی شتانێ بن کەسی تر نەیزانێت.

لە کۆتاییدا، نوسەر لە ڕاستیدا نەک تەنها شیوعیەت، تەواوی فیکری مرۆڤ ئەباتەوە سەر تەکنۆلۆجیا و لە کتێبەکەیدا بە وردی باسی ئەو گۆڕانکاریانە ئەکات کە بەسەر مرۆڤدا هاتون و وردەکاری ئاینی سەردەم “مرۆڤایەتی” ئەکات کە هیودارم بابەتێکی تری لەسەر بنوسم، بۆیە شیوعیەت تەنها یەکێکە لە کاریگەریە گەورەکانی تەکنۆلۆجیا لەسەر مرۆڤ. ئەمڕۆش بە ئاشکرا هەموومان ئەبینین کە چۆن تەکنۆلۆجیای زانیاری (نوێترین جۆری تەکنۆلۆجیا) چ گۆڕانکاریەکی بەسەر تەواوی جومگەکانی ژیاندا هێناوە و چیتر دەوڵەتێک دروست نابێ‌ بەبێ ئەوەی “چیرۆکێک”ی تەکنۆلۆجیای لەگەڵدا نەبێ یان بە پشتی تەکنۆلۆجیایەک نەهاتبێتە سەر حوکم.