چەن تێبینیەک دەربارەی سۆشیال میدیا و ژیری باڵا (نەک دەستکرد)

لە بەڵگەنامەییەکدا بەناوی “دوڕیانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان” (وشەی دایلێما بەکار هاتوە کە لە بنەمادا واتە دوڕیانێک، بەڵام مەتەڵ یان کێشەیەکی بێچارەسەریش پڕمانایە لە کوردیدا بۆی، لە ویکیش کراوە بە کێشه) دەربارەی کاریگەری سۆشیال میدیا زۆر لایەنی گرنگی باس کراوە و یەکێکیش لەوانە بابەتی ئالودەبوونی گەنجان و گەورەکانیشە بە شاشەکانەوە. بەردەوام حەزی ئەوەی بزانین چی ڕوی داوە و هەروەها دروستکردنی شورایەک بەدەوری خۆماندا بەو شتانەی بەدڵمانە و دورخستنەوەی هەر شتێک کە لەگەڵ حەز و باوەڕەکانماندا نەگونجێ. هەروا توانای کۆمپانیاکان بۆ بەکارهێنانی تەواوی توانای زانستی و بەتایبەتیش دەرونناسی مرۆڤ بۆ کارتێکردنی بەکارهێنەر و فرۆشتنی کاڵا و “بەکارهێنان”ی بەکارهێنەر تا ئەگاتە ئاستی بەڕۆبۆتکردنی ئینسان.

دەرس وەرگرتن لەم بەڵگەنامەییە، وە کۆمەڵێ کتێب و توێژینەوەی جددی کە لەسەر ئەم بابەتە گرنگە ئەکرێن و ئەنوسرێن لەگەڵ ئەوەی خۆمان بەچاوی خۆمان ئەیبینین زۆرن. لەم کورتە نوسینەدا چەن دانەیەکیان زەق ئەکەمەوە:


١. من گلەیی لە کەس ناکەم نەتوانێ دەست لەم “سۆشیال میدیا”یانە هەڵگرێ. چونکە کەمێکیش بێ وەک کەسەکانی ناو بەڵگەنامەییەکە ئەزانم چ هێزێک لە پشتیانەوەیە کە وا ئەکات نەک کەسێکی ئاسایی، خۆشیان نەتوانن دەرمانەکەی خۆیان نەکێشن.
٢. بۆ خەڵک و دەوڵەتی ئێمە ئەم قسانە وەک هەواڵەکانی تەلەفزیۆنە کوردیەکان وایە. بۆ نمونە لە گەرمەی قات و قڕی لەناکاو هەواڵخوێنەکە ئەیوت: پۆلیسی بەریتانیا پشیلەیەکیان لە مردن نەجات دا. چی سودێکی هەیە تەواوی ئێمەی کورد ببینە پسپۆڕ لە ئالودە بوونی ئینسان بە ئینستاگرم؟ ئەتوانین چی بگۆڕین؟ بەداخەوە هیچ.
٣. تەکنۆلۆجیا وەک خۆیان لە کۆتایی بەڵگەنامەییەکە ئەڵێن، بە یەک دوگمە سەیارەک لەبەردەرگا حازر ئەکات و دەقیق ئەتبا بۆ جێگای مەبەست. کە ئینسان خۆی دانیشتوە بۆ گاڵتەکردن بە گوێچگەی مناڵێکی ١١ ساڵ بەکاری بهێنێ، گوناحی “ڤینت سێرف” (دروستکەری تۆڕی ئینتەرنێت نەک www) یان ئەنیشتاین چیە؟
٤. پێشتر لە بابەتێکدا نوسیبوم کە ناوچەکانی ئێمە ئەبنە ئۆردۆگای داتا. تازە لەوە تێپەڕیوین بزانین خەریکی چین. ئەوان ئەوەتا هەڕەشەی کشاندنەوەی سەرباز ئەکەن نەک ناردنی، ئەو ناوچەیە ئەبێ شەڕی ئەوە بکەن خەڵک داتاکەشیان ببات. ئەوەتا ئیمزا کۆ ئەکەنەوە دەی تخوا با زمانی کوردی بچێتە فڵان سیستم.
٥. بەڕای کەمەشارەزاییەکەی من تا بتوانی باوەش بکە بە تەکنۆلۆجیادا. ئیختیاری ترمان نیە مەگەر حەزت لەوە بێت ماڵی خۆت وێران بکەیت یان خۆت چەواشە بکەیت. کۆمەڵێ ئینسانی باش هەن لە ڕۆژاوا، بەتایبەتی ئەوانەی ناو بەڵگەنامەییەکە پڕهیوان و بە هەموو تواناشیان شەڕی ئەوە ئەکەن ئەم تەکنۆلۆجیا گەورەیە بخرێتە خزمەتی ئینسان نەک دژی.
٦. ژیری دەستکرد یان ئەوەی پێی ئەڵێن “ژیری باڵا” بەڕاستی مەترسیدارە و بەڕاستیش توانای لەناوبردنی مرۆڤایەتی هەیە. هەرچەن من گەشتومەتە بڕوایەک کە ئەگەر مرۆڤایەتیش لەناو ببات، هەر سروشت خۆی بڕیاری داوە و دیارە نەمانی ئێمەش هەنگاوێکە لە گەشەسەندن/وێرانبوون کە بە هۆشکردنەوەی مرۆڤدا تێپەڕیوە و وا ڕێکەوتوە/پێویست بوە. بۆ ئەمەیان هیچ‌ بەڵگەیەک شک نابەم و تەنها بیرکردنەوەی خۆمە. یان بە بارێکی تردا، وەک چەکی ئەتۆمی سەیری ئەکەم کە ئەکرێ بەڕاستی مرۆڤایەتی لەناو ببات بەڵام لەوانە نیە کەس بەکاری بهێنێت. یان لانی کەم ئەوە ٥٠ ساڵێکە هەیە و بەکار نەهاتوە.

٧. ئامۆژگاری من بۆ دایک و باوکان ئەمەیە: یەکەمجار خۆت دوور بە، واتە خۆت شتێکی باشتر لەوە بدۆزەرەوە کە بتوانی نمونە بیت بۆ مناڵەکانت. دواییش مەترسیەکانی بگەیەنە بە مناڵەکانت. ئەگەر بتوانی هەر بەکاری نەهێنی ئەوە باشتر (دەنا خاڵی ١ بەکارە) و ئەگەر نەشتوانی گرنگ ئەوەیە زیاتر و زیاتر شارەزای ببی، بزانی کە هەواڵێک یان زانیاریەک ئەبینی چۆن بتوانی پشتڕاستی بکەیتەوە. ئەمە لەوەتەی مرۆڤ هەیە هەر هەبوە هەر وایە، مامۆستا فڵان کەس ئەرێ فیسار کەس وتی فڵان شت وایە، ڕاستە؟ ئێستا مامۆستا فڵان بوە بە گوگڵ، فیسار کەسیش‌ پەڕە و کەسانی دۆست و خزمانتن لە فەیسبوک یان سەرۆکی ئەمریکایە خەریک بڵاوکردنەوەی درۆن.

٨. چارەی بنەڕەتی سەرقاڵیە بە شتی ترەوە چونکە هەموو ئەزانین ئەمانە تەنها کات کوشتنن. ئەمە هەم بۆ خۆت ڕاستە هەم بۆ گەنجێک کە تازە تامی کردوە و چاوەچاوی کوڕ یان کچێکیەتی قسەی لەگەڵ بکات و ڕەسمی ببینێت. ئەگەر کەسەکە خۆی سەرقاڵی وەرزش، هونەر، کار، پیشه یان هەر شتێکی تر بێت ئەوا نەک لە تۆڕەکان زەرەر ئەکات، بگرە قازانجی گەورەتریش‌ ئەکات.

لە کۆتاییدا، ئەوە بزانە کە نەک تۆ ناتوانی جەنگی زەبەلاحێکی وەک فەیسبوک بکەیت، بگرە ناشتوانی بە نەبوون و سەردان نەکردنی خۆت بپارێزی مەگەر بچیت لە ئەشکەوتێکدا بژیت دەنا لانی کەم نزیک ٣٠٪ی مرۆڤایەتی لەناو هەمان دووڕیانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندان.