فەیسبوک کوردی فێرکردین تۆ هەر فێر نەبوویت.

توێژینەوەیەکی زانکۆی سلێمانی کە بەداخەوە بە پیتی نایونیکۆد ئەبستراکتەکەی نوسراوە.

کوردی زمانێکی داماوە. نەک بە مانا بێتامەکەی خەڵک ئەپاڕێتەوە، بەمانا تەواوەکەی کە خزمەت ناکرێ، مەبەستم ئەوەیە کەسانی خاوەن زمانەکە ئەوەندەی فێر ئەبن لە زمانی دیکەوە نایهێننەوە ناو زمانەکەی دایکیان. بەڵام ئەوە بابەتی ئەمڕۆ نیە، ئەوەی ئەمەوێ بنوسم ئەمەیە: فەیسبوک، تۆڕەکانی تر ئیهمال ئەکەم، لە پێشخستنی زمانی کوردیدا ڕۆڵی گەورەی بینی.

سەردەمانێ کە هەرامان بوو لەسەر ئەوەی کە دەی تخوا لێگەڕێن لە کۆدکردنی پیتە کوردیەکان بە شێوازی تر و تکایە بە “یونیکۆد” بنوسن، کەمێ نا زۆر سەخت بوو کەس گوێ بگرێ. ئەوەبوو گشتاندنێ کرا بۆ فەرمانگەکانی میری لە هەرێم بەڵام ئەوە بایی یەک پۆستی فەیسبوک بایەخی نەبوو لەسەر کۆی پرۆسەکە و تا ڕادەیەکی باش یەکدەستکردنی نووسینی کوردی سۆرانی بە پیتی عەرەبی/ئارامی. گلەییەکانی دۆستانی بەڕێز و هەوڵەکانی بەندەش بۆ لانی کەم ڕێخستنی نوسین لە ویکیپیدیا و دۆستانی جارانی کوردئایتیگروپ، ئەو کێشە گەورەیەی نیە بێتاقەتت کات.

ئێستا لەوانە هەموو تێپەڕیوین بەڕای بەندە. ئەگەر دانیشی خۆت خەریکی ئەوە بکەی، لەوانەیە یان نەزانی کە هەنگاوی گەورەتر هەیە بنرێ، یان لەوانەیە لە بێتاقەتی خۆتەوە بێت. منیش وام ئەزانی وەرگێڕانی مەکینەیی پێویستی بە دەقی زۆرە بۆ وەرگێڕان، تا زانایانی ناو فەیسبوک ئەم بابەتەیان بڵاوکردەوە کە ئەڵێ نەخێر پێویستمان بە دەقی زۆر نیە. وە ماوەیەکی زۆر نیە کەوا فەیسبوک زمانی کوردی زیادکردوە بۆ وەرگێڕانی مەکینەیی و باوەڕیشم وایە، هیوادارم سەرچاوەم دەستکەوێ، ئەو مۆدێلەیە بەکاری ئەهێنن دەنا کوردی بە مۆدێلە کلاسیکیەکان ئەو توانا خراپەشی نابێت.

تەنها شتێک بنوسم دەربارەی وەرگێڕانەکە، لەم تاقیکردنەوە بچوکەی من کە لەسەر زمانی ئینگیزی و تورکی کردم، وەرگێڕانەکەی فەیسبوک مەگەر 1 لە 10 بهێنێ ئەویش بینیم دێڕێکی وەرگێڕابوو کە بەلای بابەتەکەدا چوو. دەنا ئەویش هەر ناتەواوبوو. دامناوە لەخوارەوە. نمونەی ئەڤۆکادۆکە کە وابزانم گەڕانەکەی ناو ئینگلیزیەکەیە وایکردوە کوردیەکەش کەوتوە بەدەما.

هەنگاوی داهاتوو؟ چەندین توێژینەوە و قۆڵهەڵماڵینی زمانزانان و تەکنۆچیە کوردەکان و غەیرە کوردەکان تا هەنگاوی تر بنرێ بۆ ئەوەی زمانی کوردی بەداماوی نەمێنێتەوە.

لە خوارەوە کۆمەڵێ وەرگێڕانی یەکجار خراپی فەیسبوکم داناوە بۆ ئەرشیڤی خۆم. کە دیارە کارەکە چەن سەرەتاییی و چەندە بێکەڵکە لە ئێستادا.