پێش هەموو شتێ:
١. ئەوە بزانە کە خوێنەری بەڕێز تۆ جۆرێکی لە مرۆڤ بەناوی “هۆمۆ ساپیەن“، جۆرەکانی تری مرۆڤ وەک “نیاندەرتاڵ” کە ئێمە هەموو لە مەکتەبەکانمان خوێندومانە، وابزانم بە هەڵە، لەناوچوون. تەنها ساپیەن ماون چونکە “هۆمۆ” واتە مرۆڤ و ساپیەن واتە “ژیر“/ئاقڵ لەبەر ئەوەی ژیرتر بوون لە جۆرەکانی تری مرۆڤ. مەڕۆ بۆ بەزمی مەیمون و شت، با نەکەوینە چەلەحانێوە. بەڵام گرنگە بزانی کە زۆربەی زانایانی زیندەوەرزانی کۆکن لەسەر ئەوەی هۆش/دەرکی بەشەر تازەیە و هەمیشە وا نەبوە. بۆ کەسێکی باوەڕدار، ئەمە قسەی پوچە. ئەوە بابەتێکی ترە کە دیسان با نەچینە ناوی.
٢. پێشتر نوسیومە کە لانی کەم لای جۆن لۆک سەرچاوەکانی فیکر لە کوێوە دێن.
پێشتر وشەی خورافەم بەکارهێنابوو بەڵام پڕ بە پێستێتی نەبوو نا، وشەی ئەفسانە بەرامبەر بە عەرەبی و فارسی وشەی اسطورە بەرامبەر mythی ئینگلیزیەکەیەتی. نوسەر حەراری لە کتێبەکەی کە پێشتر باسم کرد، تەواوی فیکری بەشەر بە خورافیات، بە داستان ناو ئەبات. لە ئاینە ئاسمانیەکانەوە بۆ مرۆڤدۆستی/مرۆڤایەتی، نەتەوایەتی، سەرمایەداری و هتد.
چۆن؟
ئەو کە مێژوونوسە لە ١٠٠هەزار ساڵ پێش ئێستاوە دەست پێ ئەکات، کە وەک کەسێک بە باوەڕی بە بیردۆزی گەشەسەندنی داروین هەیە، ئەڵێ لە نێوان ٧٠ هەزار ساڵ تا ٣٠ هەزار ساڵ پێش ئێستادا گۆڕانکاریەکی نەزانراو لە مێشکی ئەم جۆرەی ئێمە لە مرۆڤ (هۆمۆ ساپیەن)ەکاندا ڕوویدا کە بوە هۆی ئەوەی ئەو ناوی ئەنێ “شۆڕشی دەرککردن”. لە بەشی “درەختی زانیاریدا” بە درێژی باسی ئەوە ئەکات کە چۆن تەواوی ئاین، فەلسەفە و ئایدۆلۆجیاکانی بەشەر بەرهەمی فیکری بەشەرن و گەورەترین کاریشیان “پێکەوە کارکردنە”. واتە، بۆ نمونە نەتەوایەتی، ئیشی ئەوەیە نەتەوەیەک، بۆ نمونە ئەڵمان، بتوانن هەموویان بێ ئەوەی کەسی بەرامبەر بناسن، ڕێکەوتبن لەسەر ئەوەی چۆن هەڵس و کەوت لەگەڵ یەکتر بکەن، کە بەڕای من، کە ئەو ناوی ناهێنێ سیستمی پەرلەمانی و کتبێەکەی (بەستەری عەرەبی) جان جاک ڕۆسۆش هەمان کار ئەکات.
کەواتە تەواوی فیکری بەشەر لە خزمەت ئەوەدایە کە کۆمەڵگایەک ڕێک بخەن پێکەوە هەڵس و کەوت بکەن. کە دیسان ئەمەش لەگەڵ قسەیەکی ئاینیشتاین یەک ئەگرێتەوە کە مرۆڤ بە جینات پێشنەکەوتوە، بەڵام لە ڕێکخستنی ژیاندا یەکجار پێشکەوتوە. ئەو لەمە زیاتریش ئەچێتە پێشەوە و ئەڵێ تەواوی پێشکەوتنی بەشەر مرۆڤایەتی لە یەکتر نزیکتر کردۆتەوە و کارێکی کردوە کە چیتر کەس ناتوانێ دەوڵەتێ، ئاینێ، سیستمێکی بۆ خۆی هەبێ و دابڕێ لە خەڵکی تر، کە باشترین نمونەش کۆریای باکورە کە حاڵیان چۆنە. کەوابێ دیسان مەنتیقیە قسەکەی چونکە ئەبێ گەر بۆ کۆمەڵێ “هۆمۆ ساپیەن” ڕاستبێ ئەبێ بۆ هەموومان ڕاست بێت.
بەو شێوەیەش ئەڵێ کە بۆ نمونە سەرمایەداری، وا لە مرۆڤەکان ئەکات دوای ئەوەی چەن قسەیەک کرا و ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی مرۆڤی یەک کار بۆ مرۆڤی دوو بکات، ئیتر بەیانیان کاتژمێر ٨ی بەیانی تا ٥ی ئێوارە مرۆڤی یەک ئەزانێ چی ئەکات و چی ناکات. بەرامبەر ئەوەش چاوەڕوانە مرۆڤی دوو سەری هەفتە/مانگ مەعاشەکەی بۆ بنێرێت. هەروا سیستمێکی فەرمانڕەوایی بۆ نمونە پاشایەتی، هەموو زانیویانە تا ڕادەیەکی باش کە کێ ئیشی چیە و چۆن چۆنی هەڵس و کەوت بکات لەگەڵ کەسێکی تر. لە ئاینی ئیسلامیشدا ئاشکرایە کە پێویست ناکا کەسانی تر لە مزگەوت بناسی و تەنها بەوەی هەردوولا لەسەر ئاینی ئیسلام بن، ئەوا خوشک و برای دینین. خوشک و برایەتیش بۆخۆی، کە بە سیستمی خێزانیی “ناوک”/ئەتۆمی ئەزانرێ، لە هەردوو نمونەکە ڕوونتر و جوانتر دەری ئەخات کە لە خێزانێکدا هەڵس و کەوت لەگەڵ یەکتر ئەبێ چۆن چۆنی بێت.
لە کۆتایشدا دوو شتی تر بڵێم: یەک ئەو ئەڵێ کە گرنگترین شتی ئەم “ئەفسانانە” ئەوەیە کە نابێ بوترێ ئەفسانەن، وە دوەم شتیش ئەوەیە کە زۆر لە یەکتر ئەچن. ئیتر سەلماندنی ئەوەی کە بۆ نمونە چۆن ئەکرێ نەتەوایەتی، سەرمایەداری، کۆمۆنیزم، ئیسلام، مەسیحیەت و هتد هەر یەکەیان ئەفسانەیەک/داستانێک بن بۆ بەڕێوەبردنی مرۆڤ، ئەوەیان باوەڕ ناکەم بتوانم لەسەری بنوسم، چونکە باشترین ئیش ئەوەیە کە کتێبەکە وەرگێڕدرێت. بەڵام جێگای ئەوەیە کە لە داهاتوو بەسەریدا بچمەوە و زیاتر بیری لێ بکەمەوە و بزانم چ توێژینەوەی تر لەم بوارەدا لەلایەن خەڵکی ترەوە کراوە.