سەرمایەداری چیە؟

بۆ من کە کاتێکی وا شک نابەم بۆ زۆرێک لەم بابەتانەی لەسەریان ئەنوسم، ڕای کەسێک یان بیردۆزێک بەسە پەسەند بێ لەلام تا ئەوکاتەی شتێکی باشتر یان ڕاست ئەکرێتەوە بۆم. لەگەڵ وتنی ئەمەشدا ڕاستیەکەی تا ئێستا دانەنیشتووم خوێندنەوەیەکی قوڵ بۆ سەرمایەداری بکەم. بەڵام هەمیشە بناغەی سەرمایەداری یان کەپیتاڵیزمم بە پێناسەکەی خۆی وەرگرتوە کە لە ئۆکسفۆردیش ئەمەیە: خاوەنێتی موڵک و سەرمایە لەلایەن تاکەوە نەک دەوڵەت، بەڵام لە ویکیپیدا ئەم پێناسەیە دانراوە و سەرچاوەکانی لەوێ ڕیزکراون:

خاوەنێتی موڵک و سەرمایە لەلایەن تاکەوە و بەکارهێنانی بۆ قازانجی زیاتر.

پرۆفیسۆر حەراری لە کتێبەکەیدا شتێکی تر ئەڵێ کە من نەمبیستبوو دەربارەی سەرمایەداری. دیسان لە چوارچێوەی شێوازی پێشکەوتنی ڕۆژاواییەکان کە لەبابەتی پێشوو وتمان جیاواز تەماشای زانست و زانینیان کردوە. بەوە دەست پێ ئەکات کە فەیلەسوفی سکۆتلەندی ئادەم سمیث و دامەزرێنەری ئابووری نوێ، پێناسەی کەپیتالیزمی جیاواز کردوە.

گوایە سمیث وتویەتی کە سەرمایەداری بریتیە لە بەکارهێنانەوەی تەواوی سەرمایەکە دوای ئەوەی زیادەیە لە بەخێوکردنی خێزان و پێداویستیەکانی خاوەن سەرمایەکە بۆ دروستکردنی کار و بەرهەمی تر بە خەڵکی دەوروبەر. ئەمەش مەعنای وایە، تا کەسێک دەوڵەمەنتر بێ، کەسەکانی چواردەوری یان کرێکارەکانی زیاتر سودی لێ وەرئەگرن، کە باشترین نمونە لە مێشکی مندا کەسابەتەکەی خاوەن ماستی چۆبانیە کە کوردە و زۆرێکیش لەم کوردانەی لە دەرەوە کار و کەسابەت ئەکەن. وە ئەمەشم لەگەڵ دۆستانی نزیک زۆرجار باسکردوە بەڵام نەمزانیوە کە ئادەم سمیس پێش ٣٠٠ ساڵ باسی کردوە و بەبیردۆز خستویەتیە ڕوو.

پرۆفیسۆر حەراری ئەوەش ڕوون ئەکاتەوە کە لەسەر ئەو بنەمایە، گەر کەسێک یان کۆمپانیایەک، سەرمایە کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی لە خەڵکی دابڕێ ئەوا ئەوە سەرمایەداری پێ ناوترێ. چەندین بەڵگەش ئەهێنێتەوە کە بوونی ئەم جۆرە لە سەرمایەداری ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دادگایەکی سەربەخۆوە. لە کاتی نەبوونی دادگای سەربەخۆدا، ئەو ئەڵێ کەوا هەر جۆرە قەرز و کرێدیت بەخشینێک (کرێدییش خۆی بابەتێکی پێویستە)، سەرناگرێ و سەرەنجام وەک پرۆژەکەی شا لویی‘ی شانزەیەمی فەڕەنسی ئەکرێ ببێتە هۆی ئیفلاسکردنی حکومەتەکە و دواتریش ڕووخانی پاشایەتی لە فەرەنسا و بەرپابوونی شۆڕشی فەڕەنسی.

بە کورتی ئەو ئەڵێ ئەم سەرمایەداریەی ئادەم سمیث ناساندویەتی، لەگەڵ دیکتاتۆر و گەندەڵدا نایکرێ، بەڵکوو لە جێگایەکدا گەشە ئەکات کەوا دادگا تیایدا سەربەخۆبێ و لە کاتێکدا خاوەن مافێک مافەکەی خورا، بکرێ مافی بۆ بگەڕێندرێتەوە.

بە بڕوای پرۆفیسۆر حەراری، ئەم بیرکردنەوەیە، ئەوەی کە تا خاوەن سەرمایەکە بازرگانیەکەی گەورەتر و بەرهەمی زیاتر بێ، کرێکارەکانی خۆشتر ئەژین، وای کردوە کەوا ڕۆژاواییەکان بەم شێوەیە پێشکەون. نمونەی دامەزراندنی بۆرسەری ئەمستردامیش ئەهێنێتەوە وەک یەکەم شوێنی سەرمایەگوزاری بەکۆ، کە ئەو ئەڵێ لە سایەی دادگا سەربەخۆکانی هۆڵەندیەکاندا بوە. هەر لەم ڕوەوە ئەو ئەڵێ ئەم جۆرە لە سەرمایەگوزاری و سەربەخۆیی دادگا وای کرد کە هۆڵەندیەکان نەک ئیسپانیەکان دەربکەن لە وڵاتەکەیان، بەڵکوو ئەو ئەزموونە گەورەیەی دەریاوانی ئیمپراتۆریەتی ئیسپانی لەوان باشتر ئەنجام بدەن و ئەمڕۆ هۆڵەندیەکان بە پێشکەوتووترین ئەندازیاری ئاو و ئاوەڕۆ ناسراون.

پرسیارە گرنگەکەش کە پرۆفیسۆر حەراری ڕووبەڕوی ئەبێتەوە، ئەوەی کە چۆن ئەکرێ بەردەوام قازانج بکەیت و بەکاری بهێنیتەوە، چی ڕوو ئەدا کاتێ ئیتر کڕیار نامێنێ، بۆ نمونە خواردن ئەوەنە زۆر بوە کە خەڵک ئیتر قەڵەوبوون، دوو وەڵامی بۆ دا ئەنێ کە کاتێکی تر باسی ئەکەم. بەڵام گرنگ ئەوەیە بەشێک لە وەڵامەکە لە پێناسەکە نزیکەو و ڕاستی ئەمڕۆی ڕۆژاواییەکانە، ئەویش ئەم دیاردەیەیە: فەقیرەکان خواردن وا زۆر بوە لایان کە زۆرێکیان قەڵەون، دەوڵەمەندەکانیش وەک فەقیرەکانی جاران، ناتوانن تێر نان بخۆن و هەمیشە خەریکی ئەوەن ئەوەی لێیان زیادە دووبارە سەرمایە گوزاری پێ بکەن کە پێناسەکەی ئادەم سمیث دەقاودەق ئەپێکێت.

چەن ئەم جۆرە سەرمایەداریە ئەگونجێ لەگەڵ دین، وە چەندە شێوازەکانی تری سەرمایەداری یاخوود تیۆرە ئابووریەکانی تر ئەکرێ بەسەر ئەم جۆرە لە سەرمایەداریدا زاڵ ببن، نە پرۆفیسۆر تەواو باسی ئەکات نە منیش زانیاریەکی وام هەیە یارمەتیت بدەم. بەڵام بە کورتی ئەکرێ تۆش و منیش هاوڕابین لەسەر ئەوەی کەوا گەر ئەم جۆرە لە سەرمایەداری بەسترابێتەوە بە دادگای سەربەخۆوە، ئەوا ناکرێ شتیکی خراپ بێت. ئەو ڕاستیەش کەوا سیستمێکی تر لە ٣٠٠ ساڵی ڕابردوودا زاڵ نەبوە بەسەریدا ئەکرێ دیسان بەڵگەبێ بۆ خراپ نەبوونی سیستمەکەی ئادەم سمیث.