ڕۆژاواییەکان چۆن پێشکەوتن؟

330px-sapiens_a_brief_history_of_humankindپێشتر نوسیومە لەسەر ئەوەی چ جۆرە پیاوانیک بوون

نوسەری کتێبی “ساپیەنز: کورتەیەک لە مێژووی مرۆڤ”، پرۆفیسۆر یوڤاڵ حەراری ئەخوێنمەوە.

ئەم پیاوە یەکەم کەسە بەو وردیەی من پێم خۆشە بیزانم باسی دابڕانی ئەو ناوچەیەی ئێمە و ڕۆژهەڵات بە گشتی ئەکات لە دوای ١٥٠٠ و بە تایبەتیش دوای ١٧٥٠ەکانەوە. هۆکاری دواکەوتنەکەش ئەگێڕێتەوە بۆ شتێکی زۆر سادە، هەر ئەوەی کە هەموومان گیرمان خواردوە بە دەستیەوە و خوێنەری بەڕێز، خۆشت بە درێژایی تەمەنت لەگەڵی ژیاوی: کەلتور.
ئەو ئەڵێ کە سکەی ئاسن داهات، کە قیتاری هەڵم داهات، ئێرانیەکان زۆر بە ئاسانی ئەیان توانی هەمان شت بکەن، بەڵام نەیان ئەکرد. وە بە تایبەتیش سەرکردەکانیان کاریان لەسەر نە ئەکرد. هەر بەو شێوەیەی خۆت ئەزانی و چەندین جار بیستوتە، ئەوە شێوازی ژیانە وای کردوە ڕۆژاواییەکان کەشتی بخەنە ڕێ بۆ کەناراوەکانی دنیا و زانست و زانین بهێننەوە تا خۆیانی پێ بەهێزتر بکەن.
هەڵبەت ڕوون و ئاشکرا پێم ئەڵێ، کە من تەواوی دکتۆراکەم لەسەر ئەوە بڕاندەوە، کە زانست بۆخۆی سوودی نیە، چونکە زانست خۆی ئیشی ئەوە نیە پێت بڵێ ئەم زانستە بۆچی بەکار بهێنیت. ئەبێ بزای ئەو زانستە ئەخەیتە خزمەت چ دینێک، چ سیاسەتێک یان ئایدۆلۆجیایەک، وە زانستەکە خۆشی ڕۆژانە چ کێشەیەک حەل ئەکات، کە دیسان لە دکتۆراکەم پێش ئەوەی ئەم کتێبە ببینم باسم کردوە و هەر واشم کرد.
ئەو سێ شت باس ئەکات کە جیاوازە لەم پێشکەوتنەی ڕۆژاواییەکاندا:
١. ئیعتراف کردن بە “نەزانین”، ئەمەش ڕوونکردنەوەی پێویستە بەڵام تا ڕادەیەکی باش ئاشکرایە. زۆرێک لە مرۆڤی ئێمە ئێستاشی پێوە بێ، دوای سێ کتێب “پسپۆڕ”ی فڵان بوارن.
٢. سەنتەربوونی “تێبینیکردن”/ملاحضە و بیرکاری (ئەمەیان ڕوونکردنەوەی گەرەک). وەک چەندین جار لە قسەکردنم لەگەڵ خەڵکیدا وتومە، بیرکاری چیتر ئەوە نیە کە لە مەکتەبەکاندا تەواو سەریان لێ شێواندوین، مێژوونووسێک بیرکاری نەزانێت، ناتوانێ مێژوو بنوسێت، بشی نوسێ پڕ ئەبێ لە هەڵە با هێرۆدۆتیش بێت.
٣. بەدەست هێنانی توانای نوێ. ئەمەیان دەقاودەق ئەوەیە کە دوانەکەی تر لە خزمەتیدان، ئەوەی کە بەو زانستە شتێکی نوێ بهێنیتە ئاراوە کە توانات پێ بخەشێ. بە ٨ کاتژمێر ئۆقیانوسی ئەتڵەسی ببڕیت. بگەیتە سەر مانگ، مانگی دەستکرد هەڵبدەی، هتد. کەس پارە سەرف ناکات تیۆرێکی تازە بدۆزیتەوە، ئەبێ لەڕێی دروستکردنی شتێکی نوێ تیۆرەکەشت بدۆزیتەوە، ئەمەیان یەکجار گرنگە بۆ ئەوانەی دوای دکتۆراکانیان بیانەوێ “ئیش” بکەن.
ئیتر بە زەقی دەر ئەکەوێ، کە مرۆڤی ئەو ناوچەیە بە گشتی، هیچ کاتێ مەسەلەکە ئەوە نەبوە ڕۆژاواییەکان نەیان هێشتوە پێ بگەن. هەمیشە خۆمان خۆمان بچوک کردۆتەوە هەر جارەی بە بیانویەک. هەر جارەی بە شێوازێک بە هەڵە لەوان حاڵی بووین و ئەوان پێشکەوتوون و ئێمەش خاوەنی دەوڵەتی ئیسلامین لە عێراق و شام.
پێشتر نوسیومە چۆن بگۆڕێین، بەڵێ خااااو ئەبێ بگۆڕێین بەڵام ئەبێ ڕێگاکانی گۆڕانکاریش بە جوانی شارەزابین تا دیسان بە کۆڵان و ڕێگای هەڵيدا نەچین.