وەڵام: نازانم، چونکە کەس داهاتوو نازانێ جارێ
ماوەیەکە چاوم لە تێبینیەکانی بیڵ گەیتسە. لە یەکێ تر لە نوسینەکانی ئەم دواییەدا کە بۆ دەرچوانی ئەمساڵ ٢٠١٧ی نوسیوە و دەرچوانی زانکۆ هان ئەدا خەریکی سێ شت بن گەر بە نیاز بین وەک ئەو پێ بگەین: ژیری دەستکرد، وز و زانستی بایۆلۆجی. دواتر ناوی کتێبێک ئەهێنێ “فریشتە باشەکانی سروشتمان“ی سیتڤن پینکەر(ئەمیش ماوەیەکە ناوی ئەبیستم). ئەڵێ ئەبێ باوەڕ بکەین کە مرۆڤ لە ئێستادا لە باشترین کاتی ژیانیدایە سەرباری ئەو هەموو شەڕەی کە هەیە.
من بۆخۆم لەناو خەڵکدا زۆر ئەمەم وتوە، هەمیشە وتومە دایک و باوکمان ئەیانوت ئێوە خۆش ئەژین. ئێمەش بە کچەکەمان هەروا ئەڵێین. دڵنیاشم ئەویش بە کچەکەی وا ئەڵێت. کەوابێ قسەکەی گەیتس و پینکەر ڕاستە. لەولاشەوە دوای ماوەیەکی زۆر لە بیستنی ناوی ئەخیرەن خەریکی خوێندنەوەی کتێبی ساپیەنی پرۆفیسۆرو مێژوونوسی جولەکە حەراریم کە لە سەرەتاکەیەوە ئەڵێ ئەکرێ مرۆڤ خۆی خۆی لەناو ببات. لای ڕەسڵیش هەمان بۆچوون هەیە و کاتێ سەیری بۆمبی ئەتۆمیش ئەکەین، ماوەتەوە سەر ئەوەی شێتۆکەیەک بێت و بڵێ تاقەتم چوو، هەمووی لەناو ئەبەم. لەو دوانە زەقتر ڕای ئۆروێڵە کە لە یەکێ لە وتە بەناوبانگەکانیدا ئەڵێ: “گەر ئەتەوێ داهاتووی مرۆڤایەتی بهێنیتە پێش چاوت، ئەوا پۆستاڵی کەسێک لەسەر دەم و چاوی کەسێکی تر بێنە پێش چاوت بۆ هەتا هەتایە”.
کەوابێ بەرەو باشتر ئەچین؟
ئەبێ بەرەو چاکتر بچین بەپێی زۆربوونی ژمارەمان و کەمبوونەوەی مردن جگە لە “پیربوون”. بە هەرلایەکدا سەیری ئەکەی هێما و بەڵگەکان هی ئەوەن مرۆڤ بە دوای “خۆشی’ و ژیانی “باشتر”دا ئەگەڕێ و خۆی هیلاک ئەکات. هەر بەپێی کتێبەکەی حەراری لەوەی کە خاوەن “ئاگا” نەبووین گەشتووین بەوەی کە ئیلۆن مەسک بڵێ “کێ ئەڵێ لە مەتریکسێکدا ناژین؟“. ئایا ئەمە ئیشی بوونەوەرێکە خۆی لەناو ببات؟ ئایا مرۆڤ بەم هەستە قایم و قۆڵەی “حەزی مانەوە لە ژیان” بە بۆمبی ئەتۆمی خۆی لەناو ئەبات؟ زۆر ئاسانە ڕەش بین بیت و بڵێی قسەکەی ئەنیشتاینە و جەنگی چوارەم بە تەختە و دار ئەکرێت.
بەڵام گەر بتەوێ مانا بدەی بە ژیانت هەتا ئەگەر ئەوە ڕاستیەکەش بێ ئەبێ بەودیوا بیر بکەیتەوە. گریمان ١٠٠٠ ساڵی نامێنین، وابزانم ئیشارەتێکی وا ئەکات پرۆفیسۆر حەراری کە هیچ نەبێ ئەکرێ جۆری تری ئاژەڵیش وەک ئێمە زیرەکی پەیدا بکەن. گریمان وایە، چی لە مەسەلەکە ئەگۆڕێ گەر ئێستا وادانێین کە بۆ هەتا هەتایە مرۆڤ ئەژی؟ ئەنجا خۆ کەس ئینکاری ئەوە ناکات ئەکرێ “پێغەمبەرێک” بێت و نەهێڵێ کەس پەنجە بە دوگمەی بۆمبی ئەتۆمیەکەدا بنێت.
بۆیە ڕەسڵ وتەنی بێ هیوایی سودی نیە، هیواداربوون بریتیە لە لەزەت بینین لە ژیان، بە پێچەوانەوە گەر ئێستا خۆشترین کاتی مۆرڤایەتیش بێ گەر بە سارد و سڕی و بێهیوا تەماشای ژیان بکەین، ناتوانین هیچ لەزەتێکی لێ ببینین. کەواتە بەڵێ نازانین چی ئەبێت بەڵام گەر بشزانین و زانینەکە بە خراپیش بێ، ئەکرێ لە ئێستادا هەر پڕهیوا و ئەرێنیانە تەماشای داهاتوو بکەین بۆ ئەوەی لەزەت لە ئێستا ببینین.